Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پارتەکەی بارزانی  نەپارتە، نەدیموکرات، و نەکوردساتانی…!

پارتەکەی بارزانی نەپارتە، نەدیموکرات، و نەکوردساتانی…!

Closed
by November 19, 2013 گشتی

 

 

 

 

پارتی دیموکراتی کوردستان، کە نەیتوانی لە ڕێگای نامەشروع، واتا زۆرو هەڕەشەو تۆمەتبارکردن و ئابڵوقەدان و کۆسپ لەڕێدانان و هاوکاریی پرۆژەو پلانی دەوڵەتی تورک… شۆڕشی رۆژئاوا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، لەزاری مەسعود بارزانییەوە نائومێدانە ڕادەگەیەنێت: کە ئەوەی لەڕۆژئاوا ڕوودەدات شۆڕ نییەو جۆرێکە لە هاوکاریی ڕژێمی بەعس.

کاک مەسعود خۆی دەکاتە پێوەرو لەخۆیەوە شۆڕش هەڵدەسەنگێنێت. ئەو بۆخۆی لەسەرەتای نەوەدەکان، لەکاتێکدا خەڵکی ڕاپەڕیو باشووری کوردستانیان لەبەعس پاک کردبۆوە، دەچووە بەغدا، باوەشی بەسەدام حوسێندا دەکرد. و نەک هەرئەوەندە، بەڵکو چونکە هیچکات باوەڕی بەخۆی و هێزوتوانای خەڵکی خۆی نەبووە داواشی لێدەکرد هێزەسەربازییەکانی بگێڕێتەوە کوردستان. چ سەدام حوسێنێکیش ..؟ ئاخر لەدڕەندەیی و خوێنڕێژیشدا پلەبەندیی هەیە.! بەشار ئەسەد مرۆڤێکی دیکتاتۆر، فاشست، نەژادپەرست، و خوێنڕێژە… بەڵام هێشتا  شان لەشانی سەدام حوسێن نادات. کە کاک مەسعود بۆیەکلاییکردنەوەی شەڕی ناوخۆیی بەنامەی ڕەسمی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا بەعسی هێنایەوە هەولێر.

 شۆڕشی پارتی، چونکە بەدرێژایی تەمەنی تەنانەت یەک ڕۆژیش بەبێ خۆهەڵپەساردن بەهێزێکی دەرەکی داگیرکەری کوردستان، نەیتوانیوە ژیان بکات، ناتوانێت تێبگات کە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بەپشتبەستن بەهێزو ئیرادەی خودی، هەر ڕۆژ شکۆمەندییەک دەخوڵقێنێت.

ئەگەر بە پێوانەی ڕێبەرایەتی بێت، هیچکات شۆڕشی باشوور نەیتوانیوە، بگاتە ئەژنۆی ئەم شۆڕشەی لەڕۆژئاوادا بەرپابووە. ئەمجاریش هیچکەس ئەم بوێرییە بەخۆی نادات بڵێت ئەوەی باشوور شۆڕش نەبووە. چونکە لایەنە جەماوەرییەکەی شکۆمەندەو ڕێزو ئەمەکدارییەکیشە بۆ ئەو خوێنەی لەپێناویدا ڕژاوە. 

قوربانیدان و لەخۆبردوویی خەڵکی باشووری کوردستان لەتەواوی، خەبات و شۆڕشەکانی چەندان ساڵەی ڕابردوودا شیاوی نکوڵیکردن نییە، و هەمیشە مایەی شانازی هەمووانە. بەڵام هەمیشە شکۆمەندیی خەڵک، و گەورەیی پێشمەرگە بەتەپیویی پارتی لەباربردراوە.

پارتی لە ١٩٧٥ بە١٧٠هەزار چەکدارو خاکێکی فراوانی ڕزگارکراو و لایەنگیرییەکی بێوێنەی خەڵکەوە تەنیا بە خۆکێشانەوەی شای ئێران لە پشتیوانیکردنی ئەو شۆڕشە، ئاشبەتاڵ ڕاگەیەنرا. پێیوایە شۆڕش تەنیا هەربەوجۆرە دەبێت و. چونکە شکۆمندییەکی نییە، ئەگەر سەرۆکەکەی بەڕێکەوت لەبەرەکانی پشتەوەی شەڕ فیلمێکی ڤیدیۆیی لێگیرا ئەوە هەتاهەتایە دەبێ ساڵانە بۆ یادێکی ساختە بەناوی داستانی خواکورک کەهەرگیز ڕووی نەداوە بەم چەندگرتە ڤیدیۆییە بکرێتە شایلۆغان و لەپاڵ ئەم هەموو داستانی قارەمانێتییەی کوردانی دڵپاک و دڵسۆزی ئەم خاک و نەتەوەیە، تەنێ ئەو ببێتە داستانی کەسێک کەهیچ کات شەڕی نەکردووەو کەسێکیش لەماڵباتەکەی مەگەر بەگوللـەی وێڵ دەنا نەشەهیدبووەو نەبریندار.

پارتی واڕاهاتووە لەشێوای پارتێکی مافیایی، چۆن لەباشووری کوردستان هەر کۆمپانیایەک بخوازێت دەست بەکاربێت، دەبێ بنەماڵەی بارزانی بێ ئەوەی هیچ سەرمایەیەکی لەو کۆمپانیایەدا هەبێت، لەقازانجدا (نەک زیان) ببێتە شەریک، وهەرکەس لەژێر قەڵەمڕەوی پارتیدا ئەم مەرجەی قبوڵ نەبێت هەرگیز ناتوانێت، کۆمپانیایەک ئاوا بکات. ئەمە ڕاستییەکە لەباشوری کوردستان هەمووان دەیزانن. و هەر بەم زهنیەتە دەخوازێت لەشۆڕشی ڕۆژئاواشدا شەریک بێت و بێئەوەی نەخۆی ونە هیچکام لە پارتە تەپیوەکانی ژێر سایەی ڕۆڵێکیان لەم شۆڕشەدا هەبێت، بەئاشکرا لەتەلەفزیۆنەوە بە پێی بنەمای پەنجا بە پەنجا داوای نیوەی شۆڕش دەکەن. ئەوان چونکە تەنیا بە زهنیەتی مافیایی بیردەکەنەوە نازانن کە نەهیچکەس سەلاحیەتی بەشکردنی شۆڕشی هەیەو نە هەر لەبناغەشەوە شۆڕش بەشدەکرێت.

مەسعود بارزانی لەکاتێکدا، چەمکی شۆڕش لە ڕاپەڕین و دیفاعی پیرۆزی ڕۆژئاوای کوردستان دادەماڵێت، و بە دەستێکەڵکردن لەگەڵ ئەسەد تۆمەتباریدەکات، بۆخۆی بەداوەتی ئەردۆغان دەچێتە ئامەد. لەڕێوڕەسمێکدا کە ئاڵای کوردستان لەهیچ شوێنێکدا نەدەبینراو کوردانی ئاماد بایکۆتیان کردبوو،  ڕایدەگەیەنێت کە بۆ چەسپاندنی ئاشتی چووە. کەچی ڕۆژی دوایی ڕۆژنامەکانی تورکیا ئاشکرای دەکەن کە ئەردۆغان و بارزانی لەسەر گرێبەستی کڕینی نەوت بەرابەر دژایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕێککەوتوون. 

شۆڕش چەمکێکی زانستیی، ئۆبژێکتیڤییە. دەبینرێت و شیاوی پێوان و هەڵسەنگاندە، و شتێک نییە بەهەوای شان بەبزووتنەوەیەکەوە بلکێنرێت، یان لێی دابماڵرێت. و یەکەمین و گرنگترین واتاو خەسڵەتێک بۆهەر بزووتنەوەیەک تاببێتە شۆڕش ئەمەیە کەگۆڕانکاریی و وەرچەرخان بهێنێتە کایەوە. 

شۆڕش لەواتا مۆدێرنەکەیدا بریتییە لە لابردنی سیستەمێک و شوێنگرتنەوەی بە سیستەمێکی تر. و دەتوانێت تایبەتمەندیی سیاسیی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی هەبێت. 

شۆڕشی سیاسیی بەڕاپەڕینێکی بەربڵاوی خەڵک دەگوترێت، کەلەڕێگای توندوتیژی، یانیش بێ توندوتیژی ئەنجام بدرێت. و شۆڕشی فەرهەنگییش بریتییە لەڕیشەدەرکێشانی بایەخ و بیروباوەڕە کۆنەکانی سیستەمی پێشدان… وبزووتنەوەی ڕۆژئاوا گشت ئەم چەمک و واتایانە وەک شۆڕشێکی تەواو عەیار لەخۆی دەگرێت. 

پێکهێنان و دامەزراندنی دامودەزگای دیموکراسیی دەوڵەتی، دامەزراندنی ئەنجوومەنەکانی خەڵک لەتەواوی شاروگوندەکاندا، ڕێزگرتن و بەشداری پێکردنی گشت پێکهاتە نەتەوەییەکانی تر، بەشداری پێکردنی ڕەگەزی ژن وەک بڕبڕەی هەرەسەرەکی شۆڕش، پێکهێنانی هێزی چەکدارو ئاسایشی خودی، سڕینەوەی گشت پاشماوەکانی سیستەمی نەژادپەرستانەی بەعس، خوێندن بەزمانی کوردیی، و ئامادەکاریی بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی و نووسینی دەستوور… هەندێک لەسیماکانی ئەم گٶڕانکارایانەن.

کاتێک لەناوهێناندا دەڵێین: پارتی  دیموکراتی کوردستان،  تەنیا لەڕووی ناچاریی و بەمەبەستی ناسینەوەیە دەنا نەپارتە، نەدیموکرات، نەکوردستانیشە. 

پارت نییە، چونکە ساخت و شێوازی درووستبوون و فۆرمی سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی.. پێناسەی پارتێکی سیاسیی بەوجۆرەی لەزانستیی سیاسەتدا پێناسەی بۆکراوە بەسەردا تەتبیق نابێت. و کێشەی هەرەسەرەکی ناو بزووتنەوەی سیاسیی کوردو هەرچی شەڕی ناوخۆیە لە باشووری کوردستان هەر لەم هۆکارەوە سەرچاوە دەگرێت. پارتی لەسەرەتای درووستبوونییەوە نەیخواستووە ببێتە پارتێکی مۆدێرن لەشێوازی هەرپارتێکی تری سیاسی لەجیهاندا. و هەرکەس خواستبێتی بەرەو بەپارتیبوونی بەرێت لەناو ئەواندا جێگای نەبۆتەوە. ئاشکرایە کە مەلامستەفای ڕەحمەتیش باوەڕی بەهەبوونی هیچ پارتێک نەبوو، و کاتێکیش کە هەلومەرج بەسەریاندا سەپاند، لەشێوازی پادشا کۆنەکان، خۆی لەسەرووی هەر حزب و ڕێکخراوێکەوە دەدیت. 

دیموکرات نییە، چونکە پارتێک لە ناوخۆیدا، لەپرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکردایەتی و بەتایبەتیش پۆستی سەرۆک، شێوازی دیموکراسیانە پەیڕەونەکات و هەمیشە وەک پێشمەرجێک سەرۆکی حزب سەربەبنەماڵەی بارزانی بێت و کوڕو براو برازاو ئامۆزاکانی… سەرۆک، بەشێوازێکی ئۆتۆماتیکیانە ببنە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و، تەواوی ئەو حزبە بەمەکتەبە سیاسییەکەشیەوە جگە لەقاوغێکی بەتاڵ لەبەرانبەر هێزی بڕیاردەرو بێ ڕەقیبی ماڵباتدا شتێک نەبێت، چۆن دەتوانێت دیموکراسی لەدەرەوەی خۆیدا پەیڕەو بکات..؟

کوردستانی نییە، چونکە لەڕیشەوە پارێزەری بەرژەوەندیی گروپێکی بچوکی، خێڵ و ماڵباتێکەو ئەمەی کردۆتە نێوەندێک کە هەموو بەرژەوەندیی، چارەنووس، مەشروعیەتێک بەئاستی سوودو قازانجی ئەم نێوەندە دەپێوێت و خۆی وەک نێوەندی نەتەوەی گەورەی کورد دەبینێت و تەواوی هێزو پارت و تاک و گروپی کوردیش پەراوێز…. بەدرێژایی دیرۆکی خۆشی جگە لە ماوەیەکی کەمی کۆماری کوردستان لەمهاباد نەبێت ، هەمیشە دژو ڕێبەستی هەربزووتنەوەیەکی تری بەشەکانی تری کوردستان بووە. هەرچییەکیش لە بواری بانگاشەو ڕاگەیاندندا دەگوترێت، چاوبەستەکێ و هەڵفریواندن و پەیڕەوکردنی پرەنسیپی، پارە یان شەلاق سیمای هەرەدیاری ئەم پارتەیە.

لێرەدا ئەم دەربڕینە سەبارەت پارتی، تەنێ تۆمەتبارکردنێکیی بێ بنەما ، بۆ پروپاگەندە و لەکەدارکردن نییە. بەڵکو بەئاسانی شیاوی سەلماندنە. و گەرچی پارتی لەباشووری کوردستاندا بە ٣٨ کورسی پەرلەمانەوە هێشتا گەورەترینە، بەڵام پارتێکە بەدەسەڵاتیی مافیایی، قۆرغکردنی دەسەڵات، چەک و پارە، دەمچەورکردن، فێڵ و تەزویر، هاشوهوش و هەڵفریواندن، و چوونەژێر چەتری کێهە ڕژێمی داگیرکەرە… خۆی بەسەرپێوە ڕاگرتووە. 

مافیا بۆخۆی بریتییە لەگروپێکی چەکداری ژێر فەرمانڕەوایی خانەوادەیەک. کەلەسەر بنەمای وەفاداریی و گیانبەختکردن بۆ ئەو خانەوادەو سەرۆکەکەی بەڕێوەدەچێت. و تەواوی کارو مەبەستی ئەم گروپانە بەدەستهێنانی هەرچی زۆرتری پارەوسامان بەڕێگای نامەشروع  وەک: دزیی، باج وماڵیاتی نایاسایی، دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەی کۆمپانیا جۆربەجۆرەکان، و بەدەستهێنانی پشتیوانی نهێنی تەواوی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات بەمەبەستی خۆقورتارکردن لە لێپرسینەوەی یاسایی و یاساییکردنی پۆخڵییەکان… و پارتی گشت ئەم خەسڵەتانەی بەسەردا تەتبیق دەبێت.

لەباشووی کوردسان، لەژێر دەسەڵات و حکومەتی پارتیدا ، کەلوپەل وخۆراک و دەرمان… زۆروبۆر، بەڵام بێ کوالیتەو لەکارکەوتوو، و ئێکسپایەر. پارتی بۆخۆشی بەهەمان شێواز، کۆن، لەکارکەوتوو، ئێکسپایەر.. و سەرچاوەی دەردو ئازار.  

دژایەتیکردنی هەر بزووتنەوەو شۆڕشێک سەر بەهەر نەتەوەیەک بێت، کارێکە لەدەرەوەی ئەخلاقی مرۆڤایەتیی و پێچەوانەی جوامێریی کوردەواریشە.

لە ناپلیۆن بوناپارت دەگێڕنەوە، کاتێک ساڵی ١٧٩٦ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی نەمسای ئەو کاتە کە ئیتالیایان لەژێردەستابوو، پەلاماری ئەو وڵاتەی دا. و هەرچەند هێزەکانی نەمسا لەڕووی چەکوچۆڵ و تفاقەوە گەلێک توانامەندتربوون، بەڵام ناپلیۆن بەلێهاتوویی و عەقڵی نیزامی خۆیەوە، پێ بەپێ لەپێشڕەویدا بوو، و هەر بستەخاکێک و هەر گوندوشارێک بۆ ئەو بایەخێکی جەنگی و مەعنەوی گەورەی هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژێک بەمەبەستی پەلاماردان نزیک بەیەکێک لەشارەکانی سەر ڕێگای خۆی دەبێتەوە، هەواڵی بۆدەهێنن کە لەو شارەدا ڕاپەڕینی خەڵک دژی دەسەڵاتی خۆجێی بەرپابووە. ناپلیۆن یەکسەر فەرمان دەردەکات کە واز لەپەلاماردانی ئەو شارە بهێنن و بەجێیان بهێڵن. کاتێک لێێ دەپرسن چما..؟ وەڵام دەداتەوە کە، ناکرێت لەحاڵێکا گەلێک لەشۆڕش و ڕاپەڕیندایە تۆ پەلاماری بدەی و تەنانەت، لێی بشێوێنی..! 

ئەوە ئەخلاقی دیکتاتۆرێک و سەرکردەیەکی نیزامییە لەگۆڕەپانی شەڕدا. ئەمەش ئەخلاقی پارتێکی دەسەڵاتدارە خۆی بەکوردی و کوردستانی پێناسەدەکات..!

     دارا مەحمود

        darachimen@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.