
دیدار لەگەڵ فەرهاد چۆمانی
فه‌رهاد چۆمانی: ئه‌گه‌ر مێژوو نه‌بووایه ده‌بوو دوو جار ژیاباین، جارێك بۆ ئه‌زموونیكردنی ژیان و جاری دووه‌میش بۆ گێڕانه‌وه
په‌نجه‌كان شتێك ده‌ڵێن ناونیشانی یه‌كه‌م به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی فه‌رهاد چۆمانییه كه كۆمه‌ڵێك چیرۆكی له‌خۆگرتووه، من ده‌بێت ئه‌وه بڵێم به‌ر له‌چاپ بوونی ئه‌م كتێبه به‌شێك له‌م چیرۆكانه‌م خوێندۆته‌وه، به‌م هۆیه‌وه له‌كاتی چاپ بوونی ئه‌م كتێبه به‌پێویستمزانی كه دیدارێكی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامبده‌م، چونكه زمان‌و خه‌یاڵی فه‌رهاد له‌م چیرۆكانه‌دا پێویستی به‌قسه له‌سه‌ر كردنه.
* كاریگه‌ری زمان له‌كوێی نووسیندا ده‌بینیته‌وه، ئایا زمان ده‌توانێت وێنه‌ی جوان بسازێنێت، یان ئه‌وه وێنه‌ی خه‌یاڵی و جوانه ده‌توانێت ده‌ربڕی زمانێكی پاراو و جوان بێت؟
– له‌خوێندنه‌وه‌دا، به‌ر له‌هه‌ر شتێك، ئێمه به‌ر زمان و سیمبوله‌كانی ده‌كه‌وین، له‌گوزارشت و ده‌لاله‌ته‌كانی مانا هه‌ڵده‌هێنجین. به‌جۆرێك هه‌ر وشه‌یه‌كی نێو ده‌ق، رۆڵی كلیلێك ده‌بینێ بۆ كردنه‌وه‌ی وشه‌دان و خه‌یاڵدانمان به‌ڕووی وێناسازیدا، ئینجا ئه‌م وێناسازییه‌ی له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه له‌زهنی خوێنه‌ردا درووست ده‌بێ بۆ هه‌مووان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و هاوشێوه نییه، به‌ڵكو جیاوازی تێگه‌یشتنه‌كان فره‌واتایی و مانای جیاواز درووست ده‌كات. له‌مه‌وه‌یه جوانییه‌كانی زمان له‌نێو ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا هه‌ست پێده‌كه‌ین، كه هه‌ر ده‌قێك ده‌توانێ هه‌ڵگری ده‌لاله‌ت و گوزارشتی جیاواز بێت، پشكی سه‌ره‌كیی ئه‌م فره ده‌نگی و فره‌واتاییه‌ش به‌ر زمان ده‌كه‌وێت، زمان له‌ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا زۆر گرنگه، به‌ڵام له‌كاتی پڕۆسه‌ی نووسیندا زمان هێنده له‌به‌ر زه‌ین نابێ، به‌ڵكو ده‌چێته حاڵه‌تێكی ئامراز بوون و داینامیكی، داینامیكیه‌تی زمان خزمه‌ت به‌كاراكته‌رسازی و به‌ره‌وپێشچوونی رووداوه‌كان و حاڵه‌ته وه‌سفییه‌كان ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه داینامیكیه‌تی زمان هیچ له‌به‌هاو گرنگیی زمان كه‌مبكاته‌وه.
له‌مه‌وه ده‌بێ بڵێم، ئه‌وه زمانه وێنه درووست ده‌كات و گوزارشت ده‌كات، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه وێنه‌یه‌كی ساز‌و ئاماده هه‌بێت و رۆڵی زمان له به‌وشه‌كردن و شێوه‌پێدانی له‌چوارچێوه‌ی نووسیندا كورت ببێته‌وه، زمان كورت نابێته‌وه بۆ ئامرازێك بۆ گوزارشتكردن، به‌ڵكو زۆر جار شته‌كان له‌نێو زمان درووست ده‌بن، تا شته ماددییه‌كانیش سه‌ره‌تا له‌نێو زماندا درووست ده‌بن، ئینجا دێنه ئاراوه‌و به‌رجه‌سته ده‌بن. ئه‌م راستییه به‌ته‌واوی له‌په‌یوه‌ندی زمان به‌ئه‌ده‌به‌وه ده‌رده‌كه‌وێ. ئه‌گه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی پشتئه‌ستووریش بێ به‌راستینه‌یه‌كی مێژووكردو واقیعێكی ئاماده‌شه‌وه، هێشتا ناتوانێ قه‌رزارباری خه‌یاڵ و وێناسازی نه‌بێت و بۆ ئه‌مه‌ش كۆمه‌ك له‌زمان نه‌خوازێ. لێره‌وه‌یه جیاوازیی نێوان ده‌قه‌كان له‌رووی توانای گوزارشتكردنه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ، كاتێك نووسه‌رێك ده‌گه‌ڕێته‌وه لای هه‌گبه‌ی زمان و توانا زمانییه‌كانی خۆی، ئه‌و كاته ده‌رده‌كه‌وێ ده‌ستباڵایی به‌سه‌ر زماندا چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی وێناكان و ئافراندنیان له‌نێو هه‌ر ده‌قێكدا هه‌یه. له‌مه‌وه بۆچوونی خۆم له‌وه‌دا كورت ده‌كه‌مه‌وه؛ كه ئه‌وه زمانه رۆڵی وێناسازی و دروستكردنی دنیای نێو هه‌ر ده‌قێك ده‌بینێت، به‌جۆرێك زمان ده‌توانێ بمانباته دۆخێكه‌وه هه‌ست بكه‌ین به‌راستی ده‌توانین بچینه نێو ده‌قێك و تیایدا بژین.
* په‌نجه‌كان شتێك ده‌ڵێن، یه‌كه‌مین به‌رهه‌می چیرۆكی تۆیه، ده‌كرێت بپرسین ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه گوزارشت له‌كام قۆناغ و زه‌مه‌نی كۆمه‌ڵگای ئێمه ده‌كات، به‌دیوێكیتردا ده‌توانین بڵێین په‌یوه‌ندی چیرۆك و مێژوو چییه، یان حه‌قیقه‌ت و ئه‌و واقیعه‌ی ئێمه له‌ناویدا ده‌ژین تاچه‌ند ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ناو چیرۆكه‌كانتا ئاماده‌گی هه‌یه؟
– ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه گوزارشت له‌هیچ قۆناغێكی دیاریكراوی مێژوویی ناكه‌ن، به‌و مانایه‌ی كه بكرێ له‌میانه‌یه‌وه ئه‌دگاره‌كانی بناسنه‌وه. من كار له‌سه‌ر مێژوو ناكه‌م، به‌و جۆره‌ی كه مێژووم كردبێته فاكتێك و خۆم پابه‌ندی گێڕانه‌وه‌یه‌كی راستگۆیانه‌ی مێژووه‌كه كردبێت، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستم بووبێ چیرۆكه‌كان په‌یوه‌ستی قۆناغێكی مێژوویی بكه‌م، به‌روونی هه‌ست به‌سیماو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی قۆناغێكی دیاریكراو ده‌كرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كام له‌م چیرۆكانه له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژوو رووناده‌ن. هه‌موویان بارگاوین به‌ئه‌زموون و ژیانێك كه هه‌موومان تیایدا ژیاوین، له‌یاده‌وه‌ری هه‌مووماندا سه‌رگوزه‌شته‌ی یه‌كێك له‌كاراكته‌ره‌كانمان هه‌یه، هاوبه‌شیمان له‌گه‌ڵ هه‌ستێكیان، به‌سه‌رهات و پێشهاتێكی به‌رده‌م ژیانی ئه‌وان هه‌یه‌و ده‌كرێ له‌هه‌ندێك شوێن كتێبه‌كه دابنێین و خۆمان درێژه به‌و به‌سه‌رهاته بده‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی هێنده له‌ریتمی رووداوه‌كان دوور بكه‌وینه‌وه، ئه‌مه بۆ؟ چونكه وه‌ك گوتم هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ ژیانی هه‌مووماندا هه‌یه‌و ناكه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من له‌م چیرۆكانه‌دا هێنده‌ی مه‌به‌ستم ئه‌و شته‌یه كه نووسیومه هێنده‌ش مه‌به‌ستم ئه‌و مانایانه‌ن كه نه‌نووسراون، به‌ڵكو به‌شێوه‌ی خوازه گوزارشتیان لێكراوه، له‌به‌ر ئه‌وه گیرسانه‌وه به‌مانای رووكه‌شی چیرۆكه‌كان ره‌نگه خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ بكرێ.
له‌مه‌وه پێموایه چیرۆك (ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه) ناتوانێ خۆی له مێژوو ره‌ها بكات و پێیه‌وه وه‌فادار نه‌بێ، زۆر جاران وا بیر ده‌كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر مێژوو نه‌بووایه ده‌بوو دوو جار ژیاباین، جارێك بۆ ئه‌زموونیكردنی ژیان و جاری دووه‌میش بۆ گێڕانه‌وه‌ی، به‌ڵام ئه‌وه‌تا مێژوو هه‌ر له‌پاڵ خۆمانه، هه‌ر ته‌نیا كردنه‌وه‌ی ده‌لاقه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌روویدا به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌زموونی لێوه ببینین، یارمه‌تیم بده بڵێم نه‌ك هه‌ر ئه‌زموون، به‌ڵكو بتوانین تیایدا بژین. هاوتایی سێ ره‌هه‌ندی كات (رابردوو- ئێستا- داهاتوو) تا ئاستی سه‌رسامبوون كۆمه‌كی به‌ئه‌ده‌ب كردووه، به‌جۆرێك نووسه‌ر ده‌توانێ به‌رده‌وام له‌بازبازێن دابێت له‌نێوان هه‌رسێ ره‌هه‌ندی كاتدا. جارێك بگه‌ڕێینه‌وه مێژوو و له‌وێیوه شتێك بگێڕینه‌وه، بێینه‌وه ئێستا‌و گوزارشتی لێ بكه‌ین، بچینه داهاتوو و وێنای بكه‌ین. به‌ڵام هونه‌ری گێرانه‌وه له‌تاودانی خه‌یاڵدایه، له‌درووستكردن و شێوه‌دانی دنیایه‌ك دایه كه بتوانێ هاوبه‌شی هه‌بێت له‌گه‌ڵ دنیای ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یخوێننه‌وه. من تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بووم؟ ئه‌وه‌یان وڵامه‌كه‌ی له‌لای خوێنه‌رانمه.
* چیرۆك یه‌كێكه له‌و ژانره ئه‌ده‌بیانه‌ی كه ده‌شێت زۆر له‌سه‌ری بووه‌ستین بۆ گفتوگۆكردن و هه‌روه‌ها ستراكتۆرو مێژووی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، ده‌مه‌وێت بپرسم هه‌ست ناكه‌یت خوێنه‌ری ئێمه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كه‌متر خوێنه‌ری چیرۆكه، یان به‌رهه‌می چیرۆكمان كه‌مه‌و به‌و راده‌ی رۆمان و شیعر نییه؟ تۆ چیرۆك له‌چاو شیعر له‌كوێی ئه‌ده‌بیاتی ئێمه ده‌بینییه‌وه؟
– چیرۆك و رۆمان ژانرێكی تازه‌ن سه‌باره‌ت به‌ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه، ئه‌مه هه‌م له‌ڕووی مێژوو، هه‌م له‌رووی ژماره‌ی ئه‌و رۆمان و چیرۆكانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه. راسته له‌بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه تاوه‌كو ئێستا ده‌كرا به‌رهه‌می زێترو ئه‌زمووونی زیاترمان هه‌بوایه، به‌ڵام كاتێك ئه‌مه ده‌ڵێین ناكرێ چاوپۆشی له‌و مێژووه تاریك و ته‌نگانه بكه‌ین كه ئه‌ده‌بی كوردی پێدا تێپه‌ڕیوه، هاوكات ئه‌گه‌ر سروشتی چیرۆك له‌به‌رچاو بگرین دیسانه‌وه ده‌كرێ ره‌وایه‌تی به‌كه‌می چیرۆكی كوردی بده‌ین، ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه له‌گه‌ڵ شار‌و شارسازی و په‌ره‌سه‌ندنی خوێنده‌واری و هه‌مه‌چه‌شنه‌ی كار‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی فره ده‌نگ و ره‌نگ و خودان تاك درووست ده‌بێ، به‌ڵام له‌و ساڵانه‌وه تا كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌موو نه‌توانراوه زه‌مینه‌ی پێدانانی چیرۆك له‌م مه‌مله‌كه‌ته فه‌راهه‌م ببـێ، له‌هه‌ندێ نموونه‌ی وه‌ك چیرۆكه‌كانی محه‌ممه‌د مه‌ولوود مه‌م و چه‌ند چیرۆكنووسێكی دیكه به‌ولاوه كه‌متر ئه‌دگاری شار ده‌ركه‌وتووه. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگای ئێمه كۆمه‌ڵگایه‌كی سرووشتی، دێهاتی دواكه‌وتوو بووه. من پێموایه ئێستاش زه‌مینه‌ی شار‌و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه باندۆرو كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر شێوه‌گرتنی هه‌ر ده‌قێك، من ره‌نگه ده‌قاوده‌ق وڵامی ئه‌وه نه‌زانم بۆچی خوێنه‌ری چیرۆك كه‌مه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من هه‌ستی پێده‌كه‌م له‌سه‌رێكه‌وه چیه‌تی چیرۆك و پێناسه‌كه‌ی له‌نێو ئێمه‌دا كاریگه‌ری هه‌یه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كولتووری خوێندنه‌وه. چیه‌تی چیرۆك مه‌به‌ستم ئه‌و شێوه‌گرتنه دووپاته‌بووه‌وه‌ی چیرۆكه كه به‌كه‌می توانیویه‌تی ئاستی رۆشنبیری و تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر تێپه‌ڕێنێت و بیخاته به‌رده‌م تێڕامان، زۆر چیرۆكمان هه‌ن نه‌یانتوانیوه حیكایه‌تی داپیره‌كانمان تێپه‌ڕێنن، هه‌ر كاتێك شێواز‌و ته‌زرێكی دیكه‌ی نووسینیش دێته ئاراوه، به‌توندی رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه ده‌ڵێن چیڕۆ نییه، به‌ڵام به‌كام پێودانگ چیرۆك نییه، بێگومان مه‌به‌ستیان ئه‌و كڵێشه‌سازییه‌یه كه ده‌قیان پێوه گرتووه.
* كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كانت زۆربه‌یان ته‌نیان، ئه‌وه‌ش وای كردووه له‌چیرۆكه‌كاندا كاره‌كته‌ری زۆر بوونیان نه‌بێت. زۆرجار كاره‌كته‌رێكی ته‌نیا به‌خه‌یاڵ یه‌كێكی تر درووست ده‌كاته‌وه. نه‌بوونی كاره‌كته‌ری زۆر به‌هۆی ژینگه‌و شوێنی كاره‌كته‌رانه (ژینگه‌ی داخراو) یان هه‌ڵبژارده‌ی خوودی كاره‌كته‌ره ته‌نیاكانه، یان راكردنی خۆته؟
– ئه‌وه‌یان سه‌رنجێكی جوان و ورده، درووسته كاراكته‌ره‌كان ته‌نیان، كه‌مدوو و په‌راوێزنشینن، به‌ڵام ئه‌مه سیفه‌تێكی ناوازه نییه سه‌یرمان لێبـێ، ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی تاكی ئێمه‌یه، تاك له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، خودی خۆی له‌ژێر گریمانه‌ی هه‌بوون دایه، بوونه‌وه‌رێكی ته‌نیاو بێده‌نگه، له‌زۆر باردا كه‌م دێته دووان و زیاتر له‌حاڵه‌تێكی مه‌نه‌لۆگ و خۆدواندن دایه. به‌كۆ ده‌ژین، له‌نێو پێكهاته‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معیدا، زۆر جار به‌كاتژمێریش گفتوگۆی درێژ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌م پێكه‌وه‌بوونه هیچ شوێنه‌گه‌یه‌كی نه‌داوه به‌تاك، كۆمه‌ڵگای ئێمه كۆمه‌ڵگایه‌كی بێده‌نگه، كۆمه‌ڵگایه‌كه سه‌رباری په‌یوه‌ستی توند له‌رووی خێزانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر خێزانێك وه‌ك ده‌سته‌یه‌ك مرۆڤی بێده‌نگ ده‌رده‌كه‌وین، پێم مه‌ڵێ سڵاو ده‌كه‌ین و قسه له‌هه‌ندێك پرسیار و پێویستی رۆژانه سه‌رف ده‌كه‌ین، ئه‌مه له‌چوارچێوه‌ی پێویستییه ژیانییه‌كاندایه، ئه‌گه‌ر نا هێنده‌ش نه‌ده‌هاتنه گۆ، كاراكته‌ره‌كان ته‌نیان، زۆرجار بۆسازاندنی كه‌شی گفتوگۆ خۆیان ده‌بنه وڵامگۆی پرسیاره ناخه‌كی و بێ وڵامه‌كانی خۆیان.
به‌دیوێكی دیكه‌شدا من كورته چیرۆكم نووسیوه، له‌كورته چیرۆكدا هه‌موو شتێك له‌بارێكی چڕبوونه‌وه دایه، زمان، شوێن و رووداوه‌كان چڕ بوونه‌ته‌وه، ناكرێ وه‌ك رۆمان بۆ نموونه فره ده‌نگیی زیاتر پێ بده‌ی و رووداو و لق و پۆپی زێتری لێوه‌بن، ئه‌مه‌ش بێكاریگه‌ری نه‌بووه.
* له‌كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌كه‌دا ڕووبه‌رووین له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كاره‌كته‌ری نامۆ و دووله‌تبوو. ئه‌م نامۆ و دووله‌تبوونه گوزارشته له‌گه‌ڕانی كاره‌كته‌ران به‌دوای خوودی خۆیاندا له‌ناو قه‌ره‌باڵغیی و ناهه‌مواری ژیاندا، یاخوود به‌هۆی فشار و بارستایی سیسستم تایبه‌ت ژینگه‌ی شارنشینییه؟
– زۆربه‌ی جار ته‌نیایی كاراكته‌ره‌كان بژارده‌ی خۆیان نییه، به‌ڵكو سه‌پێنراوی سیستمه، ئه‌مین له‌چیرۆكی «مرۆڤێكیتر» شه‌وێك گولله‌یه‌ك به‌سه‌ری خۆیه‌وه ده‌نێت و ته‌رمه‌كه‌ی خۆی له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا جێده‌هێڵێت و ده‌ڕوات، بۆ به‌یانی ته‌رمه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ستێته‌وه و بووه‌ته مرۆڤێكیتر كه ئاسان به‌هه‌موو شتێك رادێ، ده‌مه‌وێ..
* ده‌ته‌وێ به‌م وێناكردنه چی بڵێی؟
– من نه‌هاتووم بوونه‌وه‌ری كه‌نتاوری و شاباڵ درووست بكه‌م، كه مردوو زیندوو بكاته‌وه‌و گوڵی ژیانی هه‌رمانی به‌ده‌ست هێنابێت، من باس له‌مرۆڤێك ده‌كه‌م ئێستا ده‌ژی، ئه‌وه‌تا خۆم، تۆ ئه‌ویدی، مرۆڤ له‌سه‌رده‌می مۆدێرنه كاتێك ده‌توانێ بژی كه مرد، ژیان ئه‌و كاته ده‌ستپێده‌كات كه خۆمان ده‌كوژین و به‌یانی هه‌ڵده‌ستین هاسان به‌هه‌موو شتێك رادێین و هه‌موو شتێك مه‌یسه‌ر ده‌بێت. ئێمه له‌په‌رتبوونێكی به‌رده‌وامداین، ئه‌گه‌ر ژیانێك هه‌بێت و ئاسان پێی راهاتبین، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ژیاندۆسته‌كانمان ئه‌و گولله‌یه‌یان به‌سه‌ری خۆیانه‌وه ناوه، كه‌سێك گوێی له‌م تێڕوانینه‌ی من بێت به‌قۆشمه‌ییه‌وه ده‌ڵێ (په‌كوو چه‌ند ره‌شبینه!)، به‌ڵام راستییه‌كه ئه‌وه‌یه: ئێمه له‌حاڵه‌تی ئاماده‌ی نائاماده‌دا ده‌ژین، لێره‌ین و تارمایین، تارمایین و ناتوانین له‌جوڵه بكه‌وین و دان به‌وه‌دا بنێین مردووین. ئه‌وه من به‌كام مردن ده‌ڵێم؟ بێگومان مه‌به‌ستم مردنێكی بایۆلۆجی و فیزیكی نییه، خودی ئه‌و چیرۆكه روونی ده‌كاته‌وه مه‌به‌ستم له‌مردنێكی دیكه‌یه.
* له‌چیرۆكی داهۆڵی سیاكێودا ده‌مانبه‌یته‌وه به‌رده‌م به‌داهۆڵبوونی پیرۆزییه‌كان، كه ده‌شێت زۆر له‌سه‌ری بوه‌ستین و قسه‌ی زۆر هه‌لده‌گرێت، تاچه‌ند پێتوایه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا مرۆڤ خه‌ریكه ره‌نگ و شێوه‌ی داهۆڵ هه‌ڵده‌گرێت، چه‌قبه‌ستووی مانه‌وه‌ی ئیسنانی ئێمه به‌تایبه‌ت ره‌گه‌زی ژن له‌ناو ئه‌م ژینگه‌یه بۆچی ده‌گێریته‌وه‌و كێن درووستكه‌ری ئه‌م دیوارانه‌و داهۆڵ هه‌ڵگرانه؟
– له‌كۆمه‌ڵگای پیاو سالاری ئێمه‌دا وایكردووه زۆربه‌ی ره‌مزو پیرۆزییه‌كانیش پیاوان بن، كه دوای مردن و شه‌هیدكه‌وتن و نه‌مانیشیان وه‌ك ته‌وته‌مێك بۆ ژنان ده‌مێننه‌وه. له‌ژنانی ئه‌نفاله‌وه بگره بۆ دایكانی شه‌هید، بۆ ماڵباتی كوژراوی شه‌ڕه‌كان، هه‌موو كوژاروه‌كان وه‌ك داهۆڵێك بۆ ژن ماونه‌ته‌وه‌و ناچارن وه‌ك ته‌وته‌مێك بیانپه‌رستن، ژن له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له‌نێو هه‌زاران پێچه‌ڕێ و ده‌ربازدا رابكات دواجار هه‌ر ده‌گاته‌وه سه‌ر به‌ربه‌ستی پیرۆزییه‌كی پیاو كه ناچاری ده‌كات به‌ئازاره‌وه پێوه‌ی پابه‌ند بێت، دنیای ده‌ره‌وه دنیای ژنان نییه، دنیای ئه‌وانیتره‌و ژنان تێیدا هه‌ڵه‌ته بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆكه‌دا جیاوازه، یان بڵێم سه‌ركه‌شییه‌و (شنێ) ده‌یكات ئه‌وه‌یه ئه‌و پیرۆزییه تێكده‌شكێنێ و ئیتر بڕیار ده‌دات لێیده‌رچێت، ده‌یكاته داهۆڵ و ده‌یداته ده‌ستی منداڵان بۆ ئه‌وه‌ی ماڵه‌و ماڵ بیگێڕن و لێره‌وه باران ببارێت، خودی بارانیش ئامه‌ژه‌یه بۆ نوێبوونه‌وه‌ی ئه‌و دنیایه‌ی شێوه‌ی گرتووه‌و شۆردنه‌وه‌یه‌تی.
ئه‌م كاراكته‌رانه، به‌جیاوازییه‌كانیانه‌وه هه‌موویان مرۆڤی نێو هه‌لومه‌رجێكی سه‌ختی ژیانن، كه هیچ كامیان له‌ئێمه‌مانان ئاسوده‌تر نین، ده‌شێ له‌هه‌ر كات و شوێنێ رێكه‌وتیان بكه‌ین، به‌ڵام ده‌شێ به‌م له‌تبوون و دوو پارچه‌ییانه‌وه، به‌م ئێسكه په‌یكه‌ربوون و تارمایی بوونه‌یانه‌وه رێكه‌وتیان بكه‌ین؟ من پێموایه بڵێم له‌م باره‌دا كه ئاوان زۆر ئاسانتره له‌ئێستای كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بیاندۆزینه‌وه‌و رێكه‌وتیان بكه‌ین، ده‌كرێ له‌نێو خودی خۆماندا ره‌هه‌ندێكی تێكشكاو و بووه داهۆڵ و له‌ژیان داماڵراوی خۆمان وه‌دۆزین. له‌چیرۆكی «مرۆڤێكیتر» ئه‌مین تا گولله‌یه‌ك نانێ به‌سه‌ری خۆیه‌وه ناتوانێ به‌م شاره‌و به‌ژیان و دونیا رابێ و بچێته ناوی و خۆشگوزه‌رانییه ماددییه‌كانی خۆی بدۆزێته‌وه، من ده‌مه‌وێ وێنای مرۆڤێكی مۆدێرن بكه‌م، كه ده‌روازی هاتنه نێو ئه‌م دنیایه خۆكوشتنیه‌تی، له‌م چیرۆكه خۆكوشتن كۆتایی ژیان نییه، به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌تی. به‌ڵام له‌داهۆڵی سیاكێودا زیاتر كارم له‌سه‌ر سیمبوله گشتییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كردووه، ئه‌و سیمبولانه‌ی به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ، له‌كه‌مترین لێماوه‌كانیان هه‌ڵده‌ده‌ین شێوه‌یان بده‌ینه‌وه پیرۆزییه‌كانیان به‌رز رابگرین، مێژووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لوپوور و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئێمه مێژوویه‌كی فه‌وتاوه، ده‌لیل و رێنمامان كه‌من بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر راستینه‌ی شێوه‌ی خۆیان، بۆیه شنێ له‌داهۆڵی سیاكێو دێ له‌رێیی به‌داهۆڵكردنی جله‌كانی سیاكێوه‌وه شێوه‌ی ئه‌و پیاوه ئه‌فسانه‌ییه خه‌باتگێره ده‌داته‌وه كه به‌بێ هۆیه‌كی دیاریكراو ونده‌بێت و كه‌س سۆراخێكی لێ هه‌ڵناكا، من ده‌مه‌وێ بڵێم «پاشا رووته» ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌م پیرۆزیانه نێو به‌تاڵن» ده‌كرێ سیحره‌كان به‌تاڵ ببنه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی شتێكی ئه‌وتۆ رووبدات كه ترسمان له‌روودانی هه‌یه.
* كاراكته‌ری ناو چیرۆكه‌كانت كاره‌كته‌ری نامۆ نین، هه‌ر یه‌كه‌مان كه چیرۆكێك ده‌خوێنینه‌وه هه‌ست ده‌كه‌ین یه‌كێك له‌كاره‌كته‌ره‌كان ئێمه‌ین، تۆ تاچه‌ند له‌گه‌ڵ درووستكردنی كاره‌كته‌ری یۆتۆپیایی، یان كاراكته‌رێك كه نامۆ بێت به‌دونیای ئێمه، ده‌مه‌وێت زیاتر خۆت له‌سه‌ر كاراكته‌ره‌كانت قسه بكه‌ی؟
– راسته من ستراكچه‌ری چیرۆكه‌كه‌و كاراكته‌رسازیم كردووه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ هه‌موو كاراكته‌ره‌كان راست نییه، هه‌ندێكیان له‌كاتی نووسینی چیرۆكه‌كاندا خۆیان ده‌ركه‌وتوون، بۆ منیش رێكه‌وتی سه‌یر بوونه، نایشارمه‌وه له‌كاتی نووسیندا ویستوومه كاریگه‌ریم له‌سه‌ر ته‌واوی چیرۆكه‌كه هه‌بێت، به‌ڵام خۆ ئیتر له‌ده‌ستی من نه‌ماوه، به‌ڵام له‌هاتیی به‌ختم هیچ كام له كاراكته‌ره هاتووه‌كان ئه‌و كاراكته‌رانه نه‌بوون كه زۆر نامه‌عقول ده‌ربكه‌ون، هه‌ندێك چیرۆك و رۆمانی كوردی ده‌خوێنینه‌وه كاراكته‌ره‌كان تا رادده‌ی پێكه‌نین نامه‌عقول و فیلم كارتۆنین، هه‌رچه‌ند ده‌كه‌ی ناتوانی هۆشت له‌سه‌ر ئه‌وه لابده‌ی چه‌ند نابه‌جێیه كه‌سێكی وا هه‌بێت، خۆ له‌مێژووی ئه‌ده‌بی گه‌لانی دیكه نموونی نامه‌عقول هه‌ن، ڤیسكۆنتی دووله‌ت بوو یه‌كێك له‌وانه، به‌ڵام دواجار تێده‌گه‌ین ئیتالۆ كالڤینۆ رێكه‌وتی چ لۆژیكێكمان پێ ده‌كات كه هه‌ندێكمان له‌خودی خۆماندا زۆرجار فه‌رامۆشی ده‌كه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی به‌ڵێ ئه‌وه ئێمه‌ین. به‌هه‌مان شێوه كاراكته‌ره‌كانی منیش وه‌ك پێشتر باسم كرد كاراكته‌ری شاباڵ و بوونه‌وه‌ری كه‌نتاوری نین، كه‌سانێكن ده‌كرێ هه‌ر یه‌كه‌مان كه چیرۆكه‌كان ده‌خوێنینه‌وه یه‌كێك له‌وانه بناسینه‌وه، تا ئه‌وه‌ی هه‌ندێكجار خۆمان بین.
• ئەم دیدارە لە ١٤.١١.٢٠١٣ لە ژمارە (٨٤٧) ی ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ بڵاوبووەتەوە