![دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر …13 دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر …13](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/polaSaid5_942896068.jpg)
دێر فلیگنده هۆلێنده‌ر …13
به‌شی یانزده‌هه‌م:
پاراستنی شار یان پاراستنی پارت؟
شار موڵکی دانیشتیوانه نه‌ک پارت و ده‌سته‌ڵات، ده‌شێت ده‌سته‌ڵاتێک ئیمڕۆ له شارێکدا فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی بکات، لێبه‌ڵێ له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستنه‌هێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگی هاووڵاتییانی شار، له سیستێمێکی دیموکراتییدا پارتی ناوبراو ده‌سته‌ڵاتی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه. سلێمانیی له سه‌رده‌مێکدا شاری هه‌وادارانی شێخ مه‌حمود بووه، شاری حیزبی شیوعیی بووه، شاری پارتی دیموکراتی کوردستان بووه، شاری یه‌کێتیی نیشتیمانیی بووه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ئامارێکی وه‌ها ڕاست له‌به‌ر ده‌ستدایه، که بیسه‌لمێنێت، شاری سلێمانیی هێشتا شاری یه‌کێتییه یان بووه‌ته شاری گۆڕان؟ به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاره ده‌رده‌که‌وێت، که سلێمانیی به‌شێوه‌یه‌کی زۆرینه لایه‌نگری گۆڕانن نه‌ک یه‌کێتیی. هه‌ڵه‌ی یه‌کێتیی له‌وه‌دایه، که له ژماره‌ی ئه‌ندامه‌کانیه‌وه ته‌ماشای نه‌ک شاری سلێمانیی، به‌ڵکوو به گشتیی باشووری کوردستان ده‌کات.
هاویینی ئیمساڵ له ئاهه‌نگی یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتییدا، به‌شێک له ئه‌ندامانی یه‌کێتیی و ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتیی له ڕێگای هه‌واڵی ناڕاست و هه‌ڵه‌وه له خۆیان و له خه‌ڵکییان گه‌یاند، که یه‌کێتیی خاوه‌نی جه‌ماوه‌رێکی گه‌وره و ئه‌ندامانی زۆره. ئه‌م بۆچوونه هه‌ڵه‌یه، به‌ته‌نها هه‌ڵه‌یه‌ک نه‌بوو، به‌ڵکوو که‌ڕاکته‌ری باڵنده‌ی شتراوس بوو، که بۆ ئارامکردنه‌وه‌ی خۆی و نه‌دیتنی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی، که له‌سه‌ریه‌تی، سه‌ری خۆی ده‌کات به ژێر خاک‌دا.
گرنگ نییه، که پارت چه‌ند ئه‌ندامی هه‌یه، به‌ڵکوو گرنگ ئه‌وه‌یه، که چه‌ندی هاووڵاتیان سیاسه‌تی ئه‌و په‌سه‌ند ده‌که‌ن و ده‌نگده‌ری ئه‌ون. یه‌کێتیی پارتی هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له ئه‌ندامه‌کانیه‌تی، نه‌ک کۆمه‌ڵگا. هه‌میشه له خزمه‌تی خۆیدا بووه، نه‌ک هاووڵاتییان. ده‌نگد‌ه‌رانی یه‌کێتیی له ئێستادا ئه‌ندامه‌کانیه‌تی نه‌ک ئه‌وانه‌ی سیاسه‌تی یه‌کێتییان لا په‌سه‌نده. که‌واته یه‌کێتیی ته‌نها خاوه‌نی ئه‌ندامه نه‌ک جه‌ماوه‌ر، ئه‌وه‌ی به جه‌ماوه‌ر ناوده‌برێت، بریتییه له ئه‌ندامانی یه‌کێتیی و که‌سوکاره‌کانیان، که له‌به‌ر خۆشه‌ویستیی کچ و کوڕه‌کانیان ئه‌وانیش یه‌کێتییان ده‌وێت. شه‌ڕکردنی یه‌کێتیی له‌سه‌ر سلێمانیی، بریتییه له هه‌وڵی ڕازییکردنی خۆی به ژێرنه‌که‌وتنی له هه‌ڵبژاردندا. سووربوونیه‌تی له‌سه‌ر بوونی ئه‌و وه‌ک پارتی یه‌که‌م له‌و شاره‌دا.
شه‌ڕی له مێژوودا مانه‌وه و گه‌یشتن به ئاینده، یان ڕاگرتنی کات؟
لێره‌دا من ده‌مه‌وێت دوو تێزه له‌م پرسیاره‌دا قووتبکه‌مه‌وه، که ئاخۆ یه‌کێتیی شه‌ڕی له مێژوودا مانه‌وه و گه‌یشتن به ئاینده ده‌کات یان شه‌ڕی ڕاگرتنی کات ده‌کات؟
تێزه‌ی یه‌که‌م، تێزه‌یه‌کی فه‌لسه‌فییه. کاتێک قسه له‌سه‌ر نه‌مریی ده‌کرێت، هه‌میشه ته‌ماشای کات ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی مرۆڤه له هه‌وڵدانی بۆ گه‌یشتن به هه‌تاهه‌تایی. لودڤیگ ڤیتگنشتاین له تراکتاتووسدا ده‌نووسێت، ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌بوونی کات وه‌ک بێ کۆتا و هه‌تاهه‌تایی تێبگات، ئه‌وا نه‌مر له ئێستادا ده‌ژیی. واته مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مر بێت پێویسته ته‌واوی کۆنتسێنتراتسیۆنی خۆی له ئێستا و ئالێره‌دا خه‌رجبکات نه‌ک له مێژوو و له ئاینده‌دا. مرۆڤ ئه‌گه‌ر سه‌رنج نه‌داته کات، به‌ڵکوو سه‌رنج بداته ئه‌وه‌ی ئێستا چییه و چییده‌کات، ئه‌وا ئه‌و له ئێستادا نه‌مر هه‌تاهه‌تایه ده‌ژیی.
یه‌کێتیی هه‌م خۆی له مێژوو تووند کردووه و هه‌میش ده‌یه‌وێت بگاته ئاینده، به‌بێئه‌وه‌ی گوێ به‌وه بدات، که ئێستا و ئالێره‌دا چلۆن ده‌ژیی. یه‌کێتیی ئێستا و ئالێره‌دا ده‌یه‌وێت له ئاینده‌دا بژیی، ئه‌و ئاینده‌یه‌ی، که له ئێستا و ئالێره‌دای یه‌کێتییدا جێگای نابێته‌وه. یه‌کێک له شاعیره‌کانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌ی ئه‌ڵمانیا به ناوی “ئه‌ندریاس گریفیوس، Andreas Gryphius”، له هۆنراوه‌ی “سه‌رنج له کات”دا ده‌ڵێ،
ساڵه‌کان هی من نین، که کاتیان لێبردووم
ساڵه‌کان هی من نین، که پێده‌چێت بێن
ئه‌م چاوترووکانه هی منه و ئاگام لێیده‌بێت
ئا به‌وشێوه‌یه‌یه هی من، که کات و هه‌تاهه‌تاییان دروستکردووه.
به‌مشێوه‌یه ئه‌م چاوترووکانه هی یه‌کێتیی نیشتیمانییه، نه‌ک ئه‌و ساڵانه‌ی کاتیان لێبردووه، نه‌ک ئه‌و ساڵانه‌ی که دێن. ئێستا و ئالێره‌شدا یه‌کێتیی ئه‌وه‌یه که هه‌یه. به‌وشێوه‌یه‌شی که هه‌یه جێگای سه‌رنج و تێڕوانینه، جێگای قووتکردنه‌وه‌ی پرسیاره، پرسیار له‌سه‌رئه‌وه‌ی ژیانی تاک چه‌ند له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی یه‌کێتییدا دڵنیا و پارێزراوه؟ له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابوورددا، ئه‌وه‌نده مرۆڤ کووژرا، که بیرماده‌چێته‌وه له هه‌فته‌ی ڕابوورددا کێی تر کووژرابوو. لێره‌دا ده‌ڵێم فاشیست له‌ناو به‌شێک له ئه‌ندامانی یه‌کێتییدایه. ستراکتووری که‌سایه‌تیی به‌شێک له ئه‌ندامانی یه‌کێتیی خاوه‌نی سه‌رومنێکی سادیسته.
تێزه‌ی دووهه‌م، تێزه‌یه‌کی ده‌روونناسسییه. یه‌کێتیی له پاتێنتێکی بۆرده‌رڵاین ده‌چێت، که ئارام له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌ی پسیشۆئه‌نالیتیکه‌رێک ڕاکشاوه. ئه‌و هه‌وڵده‌دات کات ڕابگرێت هه‌تاوه‌کوو به‌سه‌ر ئازاره‌کانی خۆیدا زاڵ بێت، چیدی هه‌ست به خه‌تا نه‌کات، چیدی خه‌م له به‌جێهێشتن نه‌خوات. یه‌کێتیی له‌وێ نه‌مانی مام جه‌لالیش به به‌جێهێشتن ده‌زانێت، چه‌ند خه‌مباریی به‌رانبه‌ر له‌وێ نه‌مانی مام جه‌لال نیشیان بدات، ئه‌وه‌نده تووڕه‌بوونی خۆی له مام جه‌لال پیشان ده‌دات. یه‌کێتیی ده‌یه‌وێت بێته ناو بێ کاتییه‌که‌وه، واته کات بوونی نه‌مێنێت. هه‌موو ئه‌م تووڕه‌بوونه‌ی خۆی، هه‌موو ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ی خۆی …هتد. به پسیشۆئه‌نالیزه‌یه‌ک ده‌زانێت و ده‌یه‌وێت ئه‌م ئه‌نالیزه‌یه بێ کۆتا بێت، چونکه لێره‌دا ئاسووده و به‌خته‌وه‌ره.
ژیانی کات نووساوه به شوێنی ده‌روونه‌وه، نووساوه به شوێنی قووتبوونه‌وه‌ی ئۆبیه‌کت و په‌یوه‌ندییه‌کانیه‌وه، که لێره‌دا “مام جه‌لال”، ئۆبیه‌کی په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتییه. له مرۆڤێکی ته‌ندروستدا کات و شوێن له‌یه‌کتریی جیاکراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له یه‌کێتییدا سنوری نێوانیان هه‌ڵگیراوه. بۆ فرۆید جه‌سته و ڕووکه‌شی ده‌ره‌وه یه‌ک شتن، شوێنێکه که له‌یه‌ککاتدا ڕاستییه وه‌رگیراوه‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی تێدا ڕوو ده‌ده‌ن. بۆ نموونه مرۆڤ حه‌زی له له‌به‌رکردنی جۆره جلێکه، ئه‌م هه‌سته سه‌ره‌تا له ناوه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات و پاشان ده‌گاته ڕووکه‌شی ده‌ره‌وه، واته جه‌سته‌ی مرڤه‌که ئه‌م جلکه ده‌پۆشێت.
ترسی من له‌م پرۆسه‌یه‌دا بریتییه له بێ کۆتابوونی ئه‌م پرۆسه‌یه. هه‌روه‌کوو چلۆن پاتێنتێکی بۆرده‌رڵاین له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که ڕاده‌کشێت و نایه‌وێت بڕواته‌وه ماڵه‌وه، یان ناتوانێت چاوه‌ڕێ بکات، هه‌تاوه‌کوو ته‌رمینێکی تری، یان پاش دوو ساڵ تێراپیی هێشتا نایه‌وێت کۆتایی به ئه‌نالیزه‌که‌ی بهێنێت، به‌مشێوه‌یه هه‌وڵی ڕاگرتنی کات ده‌دات. ئه‌م ڕاگرتنی کاته بۆ یه‌کێتیی به واتای ژیانه له‌ناو ئه‌و تووندوتیژییه‌دا.
یه‌کێک پرسیاره گرنگه‌کانی ئێستای ژیانی تاک و کۆ له باشووری کوردستاندا بریتییه له دڵنیایی ژیان و پاراستنی ئاسایشی ژیانی تاک و کۆ. ئه‌م پرسیاره ئێستا زیاتر ئاڕاسته‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی شاری سلێمانیی ده‌که‌م، ئایا تاک و کۆ ده‌توانن له ژیانی خۆیان دڵنیا بن؟ ئایا هیچ که‌سێک ماوه له‌و شاره‌دا مه‌ترسیی له‌سه‌ر ژیانی نه‌بێت؟ ئایا ئه‌ندامانی یه‌کێتیی خۆیان ژیانیان دڵنیایه؟ هه‌تا گه‌یشتن به کۆنگره له کاتێکی وه‌ستاودا، له کاتێکی ڕاگیراودا یه‌کێتیی ئه‌وه‌یه، که هه‌یه.
21.11.2013