Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خوسرەوجاف لە کەلاوە وێرانەکانی جەنگەوە ،تەلارێکی جوانی ئەدەبی دروستدەکات

خوسرەوجاف لە کەلاوە وێرانەکانی جەنگەوە ،تەلارێکی جوانی ئەدەبی دروستدەکات

Closed

 

 

 

 

 

لەم وڵاتەدا چەند بە شەڕی براکوژی گرفتارن ، ئەوەندەش بە وتی وتی و بەزم و بالۆرەوە خەریکن،،،

ئەمڕۆ لە دوێنێ دەچێ، هۆلاکۆ خۆماڵییەکان هەرگیز لە بیانییەکان کەمتر نەبوون،،،

 لە وڵاتی ئێمەدا پەیوەندی نێوان نێر و مێ بونیادی لەسەر درۆیە،،

 

جەنگ یەکێكە لە سیما قێزەون و نەگریسەکانی مرۆڤ، ئەوە جەنگە کە زۆربەی بەها پیرۆزەکان دەخاتە ژێر پۆستاڵی عەسکەرییەوە. لێ ئەوە ئەدەبە کە سیما جوان و پیرۆزە مرۆیەکان ، جارێکی تر دەگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی خۆیان. کە جەنگ ڕوویکردە هەر شوێنێك، تەنها  تەلار و خانوو، شارو شارۆچکەکان وێران ناکات، بەڵكە بەشێکی زۆری بنەما فەرهەنگی و عاداتە جوانەکانی ئەو کۆمەڵگایانەش تێک دەدات، کە دەبنە گۆڕەپانی جەنگەکە. 

لەوانەبێت جوانترین و بەهێزترن رۆمان لەبارەی جەنگەوە نووسرابێت، رۆمانە مەزنەکە ” جەنگ و ئاشتی” ، نووسەر مەزنی رووسی و جیهان”لیۆ تۆڵستۆیە”. ئەو لەم رۆمانەیدا، باس لەو وێرانکارییە دەکات، کە رووسیا و تەواوی ئوروپا ، بەدەست هەڵمەتە سەربازییەکانی ناپۆلیۆن بۆناپارتەوە تووشی هاتن. لێ ئەو هێندە ئوستازانە ڕۆمانەکەی نووسیوە، کەهەتاوەکو ئەمڕۆ خەڵکانێکی زۆر حەزیان بە خوێندنەوەیەتی. ئاخر ئەوە کاری نووسەرە ، کە بتوانێت لە ڕێگای ئەدەبەوە، کارەسات و حکایەتە ناخۆشەکانی جەنگ، بەرگێکی جوانی ئەدەبیان پێ ببەخشێت. 

خۆشبەختانە لەم ماوەیەدا ڕۆمانێکی نوێی نووسەر و ڕۆماننووسی ناسراو” خوسرەو جاف” بینی. رۆمانەکە ناوی ” دەغدو” یه‌. ماوەیەکی زۆربوو ڕۆمانی کوردیم نەخوێندبوویەوە، لێ ئەم ڕۆمانە جارێکی تر گەڕاندمیەوە بۆ جیهانی رۆمانی کوردی. 

 

ئەم رۆمانە باسی چی دەکات

ڕۆمانی ” دەغدو”  یەکێکە لەو ڕۆمانانەی کە بە فرۆکەی ئەدەبی ، دەمانگەڕنێتەوە بۆ ساڵانی پێشووتر، بۆ قۆناغە ترسناکەکەی حوکمڕانی سەدام حسین. نووسەر لە ڕێگای ” سەنگەر” پاڵەوانی ڕۆمانەکەوە، باس لە تراژیدیا گەورەکانی کورد دەکات لە عێراقدا. باوکی سەنگەر ، مامۆستایەکی ئاسایی دەبێت لە شار موسڵ بەهۆی ئەوەی کوردە، نەفی دەکرێت بۆ شارۆچکەی ” زوبێر” لە باشووری عێراق. ئەم شارۆچکەیە دەکەوێتە سەر سنووری عەرەبستانی سعودیەوە. لێرە ئەم مامۆستایە دەگیرسێتەوەو دیسانەوە ژیانێكی مەمرە و مەژی ده‌باته‌سه‌ر. پاشان دەبێتە مامۆستای تایبەتی کوڕە بەرپرسێکی بەعسی، کە ئه‌مه‌ش  دەبێتە شانسێکی گه‌وره‌ بۆیی و  لەم شارە ڕزگاریان دەبێت و دەگەڕێنەوە بۆ شاری موسڵ. 

نووسەر لەم رۆمانەدا یاریەکی گەورە بە زەمەن دەکات. ئەو سەرەتای ڕۆمانەکەی بۆ ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، باس لە کارەساتە گەورەکانی جەنگی عێراق و ئێران دەکات، باس لە چەند ڕووداوێکی گرینگی ئەم ساڵانە دەکات لەوانە : داگیرکردن و ڕزگارکردنی شاری فاو، پاشان داگیرکردنی کوەیت و پاشان ڕزگارکردنی لەلایەن ئەمریکا ورۆژئاواوە، دوایی دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و سەردەمی ڕاپەڕین و دواییش دەگاتە ساڵانی یەکەمی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، واتە سالی ٢٠٠٣.  له‌هه‌مانکاتیشدا له‌ڕێگای ” ده‌غدو” ه‌وه‌ ، خوێنه‌ر بۆ هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌و، باس له‌ ڕۆژانی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئیمپراتۆریه‌تی ئاشوری و ماده‌کان ده‌کات. 

 

فەنتازیا/

رۆمانی فەنتازی یەكێکە لە ژانرە گرینگەکان رۆمان، بۆ ئەوەی نووسەر بتوانێت رۆمانێکی فەنتازی بنووسێت، پێویستی بە پاشخانێکی مێژووی گەوەرە هەیە. خوسرەوجاف لەم رۆمانەیدا ، بەشێوەیەکی باش توانیویەتی فەنتازیا بۆ جوانکردنی رۆمانەکەی بەکاربهێنێت. لەهەمانکاتیشدا ، گەمەیەکی جوان بە زەمەنی ناو رۆمانەکە بکات.

” دەغدو” ەوە کە کچی ” پادشا دیاکۆ” یەکەم شای مادەکانە. پاشتر پادشای ئاشوریەکان ” سارگۆن” بەزۆر ئەم کچەی  دەبات بۆ خۆی. ئەم کچەش لەناو کۆشكی سارگۆندا، دەبێتە دوژمنی ژنە زۆرەکانی سارگۆن پلانی کوشتن و لەناوبردنی بۆ دادەرێژن. پاش چەندین ساڵ لە پەنچەرەکەی ماڵی سەنگەرەوە، لە شاری موسڵ، سەنگەر دەتوانێت ڕۆحی ” دەغدو” ڕزگاربات و ببێتە هاوکار و هاورێیەکی نزیکی.ل.٦٨

نووسەر لە ڕێگای ” دەغدو”ەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوپێش و باسی سەردەمی فەرمانڕەوایەتی ئاشوری و مادەکان دەکات. لەهەمانکاتیشدا چەند پرسگەلێکی مێژوویی دەوروژێنێت بۆ نموونە ” مەسەلەی کاوەی ئاسنگەر و نەورۆز، فەرمانرەوایەتی مادەکان”.  

لەلایەکی ترەوە نووسەر  گه‌مه‌یه‌کی جوان به‌ ” شوێن ” ده‌کات،  ئه‌و مەلئاسا، خوێنەر بەهەموو شوێنەکانی جیهاندا دەفڕێنێت، لە باشوری عێراقەوە بۆ باکوری، پاشان بۆ ئەستنەبوڵ و دوایی بۆ پاریس و ئەمریکا. 

 

خۆشەویستی لە سەردەمی جەنگ و فاشیزم دا/

تارمایی جەنگ زۆر شوێن دەگرێتەوە، بەڵام لەهەمووکاتێکیشدا ، خۆشەویستی دەتوانێت لە ناو پیسترین و خراپترین کاتی جەنگیشدا، جێگایەکی تایبەت بۆ خۆی دابنێت. لەلایەکی ترەوە زۆرجار فاشیستەکان ویستوویانە گەلان بکەن بە گژ یەدا، بەڵام هەمووکاتیکیش گەلان توانیویانە لەم تاقیکردنەوە سەختە دەربچن و باوەش بۆ یەکتری بکەنەوە.

ڕژێمی بەعس، سەنگەرو خانەوادەکەی لە باکوری وڵاتەوە دەریاندەکەن بۆ باشوری وڵات، لەبەرئەوەی کوردبوون، بەڵام کاتێک دەگاتە شاری زوبێر، ڕاستە بە ترسەوە بۆ خەڵكی دەڕوانن، هەروەها خەڵکیش بەهەمان شێوە، بەڵام لەم شارەدا هێشتا فاشیزم بەتەواوەتی نەیتوانییوە، رۆحی جوانی مرۆڤەکان تێکبدات و ناشرینیان بکات. 

سەنگەر لە قووتابخانە، هاورێی خۆی دەدۆزێتەوەو دەبێتە هاورێی ” خمیس” ، کەهەتا کۆتایی ژیانیان یەکتریان خۆش دەوێت. وە مەسەلەی نەتەوە، لێرەدا بوونی نامێنێت.


خۆشەویستی و سێکس/

هەموو ڕۆمانێک بۆ ئەوەی لەناو دڵی خوێنەران جێگەی خۆی بکاتەوە، پێویستە پرسگەلی مرۆیی بوروژێنێت، بەتایبەت مەسەلەی خۆشەویستی. لەم رۆمانەدا ، ئەم مەسەلەیە جێگایەکی باشی داگیرکردووە. 

سەنگەر ” خەیمە” دەناسێت، کە کچە عەرەبێكی جوانە، بەڕاستی نووسەر زۆر شارەزایانە توانیویەتی، ئەو حاڵەتە تایبەتیەوە بۆ خوێنەر بگوێزێتەوە. خەیمە عاشقی سەنگەر دەبێت و ، یەکەمین ژوانی خۆشەویستی و سێکسی خۆیان لەکاتێکدا دەکەن ، کەهەموو شارەکە لە ترس جەنگی عێراق و ئێران ناوێرن بێنە دەرەوە. 

 چەند کیلۆمەترێک لە دوور ئەمانەوە، گۆرەپانێکی گەورەی کوشتن و یەکتر سەربڕین دورست بووە، بەڵام ئەم دوو عاشقە خەریکی دونیای جوانی خۆیانن و ئاگایان لە حکایەتە ناخۆشەکانی مەرگ و جەنگ نیە. 

بە بڕوای من دیمەنەکانی خۆشەویستی نێوان ” سەنگەر و خەیمە” یەکێكە لە خاڵە جوان و سەرکەوتووەکانی ئەم ڕۆمانە، لێرەدا من بلیمەتی ئەم نووسەرەم بۆ دەرکەوت، چونکە توانیویەتی بە خوێنەر بڵێت، کە جەنگ ناتوانێت هەموو جوانییەکانی ژیانمان لەبیربەرێتەوە. لەهەمانکاتیشدا توانیویەتی باسی قۆناغێکی شاراوەو نادیار بۆ نەوەی نوێ بکات، چونکە زۆرێک لە نەوەی نوێ ، ئاگاداری سەردەمە تۆقێنەرەکەی سەدام و جەنگە یەک لەدوایەکەکانی نین.

 

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ نووسه‌ر زۆر شاره‌زایانه‌ توانیویه‌تی حاڵه‌ته‌ سێکسییه‌کان وه‌سفبکات. ئه‌و له‌ڕێگای ” لوسی” یه‌وه‌، توانیویه‌تی حاڵه‌تێکی تایبه‌تی سێکسی ده‌ستنیشان بکات ، لوسی دژی پیاوانه‌ و ناتوانێت له‌گه‌ڵیان بخه‌وێت، که‌ئه‌مه‌ زیاتر به‌ ” لێسبیش” ده‌ناسرێت ، واته‌  ، ژن له‌گه‌ڵ ژن ده‌خه‌وێت و ناتوانێت له‌گه‌ڵ پیاوان سێکس بکات.

ئه‌مه‌ جۆره‌ نوێکارییه‌که‌ که‌ هاتۆته‌ ناو ئه‌ده‌بی کوردی، چونکه‌ پێشتر نووسه‌رانی کورد ، نه‌یانده‌وێرا باسی ئه‌و حاڵه‌ته‌ سێکسییه ‌تایبه‌تییانه‌ بکه‌ن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، نووسه‌رانی کورد، توانیویانه‌ پرسی ” سێکس” ئازایانه‌ باسبکه‌ن . 

 

ڕۆمانێكی ڤرە دەنگی/

یەکێک لە خاڵە سەرکەوتووەکانی ڕۆمان ئەوەیە، کە رۆمانەکە ڕۆمانێکی ڤرە دەنگی بێت، واتە نابێت تەنها یەک دەنگ، یەک ئایدۆلۆژیا، یەک ڕەنگ، یەک بۆچوون بەسەر ڕۆمانەکەدا زاڵبێت، بەڵكە ڕۆمانی سەرکەوتوو ئەو ڕۆمانەیە، کە ڕێگا بۆ هەموو دەنگە جیاوازەکان دەکاتەوە، تا قسەی خۆیان بکەن. ڕۆمان دەبێت وەکو دەشتێکی کاکی بەکاکی  وا بێت، بۆ ئەوەی هەموو ڕەنگەکان خۆیان تێدا دروستبکەن.

لەکاتی باسکردنی جەنگی کوەیتدا، باوکی سەنگەر زۆر هۆگری ئەمریکییەکان دەبێت، وەکو سەنگەر دەڵێت : ” باوکم لە شوارتس کۆپف مەشخوڵتربوو بەوە شەڕەوە”. بەڵام دایکی بە پێچەوانەی باوکییەوە، هیچ هیوای بە ڕۆژئاواو ئەمریکا نییە.

 ( لە سیاسەتی ڕۆژئاوایەکاندا ، خەڵكی ئەم وڵاتانە بە مشك و مۆریانە دەزانن، بەرژەوەندی خۆیان ناگۆڕنەوە بە خوێنی هەزاران منداڵی بێ تاوان .ل٧١)

یان لە دیالۆگی نێوان سەنگەر و شوکرە کوێردا ، دیالۆگێکی ڤرە دەنگی هەیە. 

( -چاوت لێیە عارەب چی پێکردووین؟

-بۆ دەڵێی عارەب،،بڵێ سەدام و حیزبەکەی ،، عارەب پیاوی باش و دڵسۆزی کوردی زۆری تیادایە،، بۆچی ئێمەی کورد هەموومان باشین؟! ،ل١٣٢)

 

چەند سەرنجێکی کورت/

دیارە ڕاستە ئەم رۆمانە لە زۆر خاڵدا سەرکەوتووبوە، بەڵام وەکو هەموو کارێکی ئه‌ده‌بی تر، بە دڵنییایەوە چەند کەموکورتی یان دەتوانین بڵێین چەند خەوشێکی هەیە. لێرەدا هەوڵ دەدەم بە کورتی چەند سەرنجێکی خۆم بنووسم. 

ئاخۆ رۆمانووس دەتوانێت شرۆڤەی  ئەفسانەی گەلان بکات؟/

دیارە هەموو گەلێک خاوەنی ئەفسانەی تایبه‌تی خۆیەتی، هیچ گەلێک بەبێ ئەفسانە ناژی. لەوانەبێت زۆرجار ئەفسانەکان بەدڵی زۆرێک لە مێژوونوسان یان نەوەی نوێ نەبێت، لێ ئەمە مانای ئەوە نییە نەوەیەکی نوێی لە مێژوونوسان ، بێن شرۆڤەی تایبەتی خۆیان لەبارەی ئەفسانەیەکی کۆنەوە بکەن و حوکمی خۆیان بەسەر ئەو ئەفسانەیەدا بددەن.

“کاوەی ئاسنگەر و زوحاک” ، ئەفسانەیەکی کۆنی ئێرانییە، گوزارشت لە رۆحی ” ئازادبوونی مرۆڤ دەکات”، واتە مەسەلەکە پەیوەندی بە ئازادییەوە هەیە نەک مەسەلەی نەتەوەییەوە. تا چەندە ئەم ئەفسانەیە ڕاستە یان درۆ، ئەوە مەسەلەیەکی ترە. بە بڕوای من ئەفسانە و مێژوو دوو شتی جیاوازن، ئەوە کاری مێژووونوس نییە بێت بە پشت بەستن بە میتۆدی مێژوو، شرۆڤەی ئەفسانەیەک بکات. جا گەر رۆمانوووسێک بێت ، لە رۆمانێکدا هەوڵی شرۆڤەکردنی ئەفسانەیەک بکات، بە بڕوای من کارێکی باش نییە.

من بەهیچ شێوەیەک  حەزم بەوە نەدەکرد ، کە خوسرەوجاف ، خۆی بخاتە ناو نیقاشێکی قووڵی مێژوویی و پرسێک کە پەیوەندی بە ئەفسانەیەکەوە هەیە، لەم رۆمانەدا جێگای بکاتەوەو قسەی خۆی لەسەر بکات، خۆزیا ئەو مەسەلەیەی لەم رۆمانەدا باس نەکردبایە، چونکە بە بڕوای من رۆمانەکەی لاواز کردووە نەک بەهێزی بکات.

 

تێکەڵکردنی ڕووداوە مێژوویەکان /

خاڵێکی تر کە جێگای سەرنجم بوو، زۆرجار نووسەر لەکاتی گێڕانەوەی ڕووداوە مێژوویەکاندا کێشەی هەبووە، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییان بە ساڵانی نەوەتەکانەوە هەیە. 

لەکاتی باسکردنی ڕاپەڕینی گەلانی عێراقدا نووسەر کەوتۆتە هەڵەیەکی مێژوویەوە، ڕاپەڕین کاتێک دەستیپێکرد کە عێراق ڕێکەوتننامەی تەسلیمبوونی لەگەڵ لەشكری ئەمریکا ئیمزاکرد و پاش گەڕانەوەی لەشکری تێکشکاوی عێراق، ئینجا خەڵكی ڕاپەڕین. لە کوردستان لە مانگی مارسدا ڕاپەڕین دەستیپێکرد، بەڵام نووسەر لە لاپەرە ٦٣ دا دەڵێت : ( هێرشی سەر زەوی دەستیپێکرد و لە چەند کاتژمێرێکدا لەشكری سەدام تەفرو تونا بوو،،، خەڵکی عێراق دژ بە دەسەڵاتی سەدام و بەعس ڕاپەڕنێکی تێکڕایان دەستپێکرد …. )

 پاشان دەڵێت : ( لە کوردستان لە سەرەتای پەلاماری ئاسمایییەوە لێرە و لەوێ ڕاپەڕنیان دەست پێکردبوو..ل.٦٣) . ڕاپەڕینی کوردستان لە دوای تەواوبوونی جەنگ و ڕاپەڕینی باشووری عێراق دەستیپێکرد ، نەک لەکاتی پەلاماری ئاسمانیدا.

 

لەبەرئەوە ئەگەر نووسەر کێشەی لە گێڕانەوەی ڕووداوی چەند ساڵێکی نزیکدا هەبێت  ، چۆن دەتوانێت شرۆڤەی ئەفسانەیەکی هەزاران ساڵە بکات و حوکمی خۆی لەسەر بدات ؟.

 

لەڕووی تەکنیکی رۆمانییشەوە، نووسەر چەند کێشەیەکی هەیە، بەتایبەت لەکاتی گێڕانەوە حکایەتەکان. تۆ کە لە ڕووداوێک یان حکایەتەکەوە دەچیتە سەر باسێکی تر، پێویستە بە ” پەرەگراف ، یان ژمارە، یان خاڵ ” لە یەکتریان جیابکەیتەوە، چونکە خوێنەر سەری لێ تێکدەچێت. ئەمە لە زۆر شوێندا بەدەیمکرد.

بۆ نموونە  لە لاپەرە ٢٤٩ باسی کوشتنی هەڵۆ دەکات ، یەکسەر دێری دوای ئەوە دیالۆگی نێوان سەنگەر و تەحسینە دەستپێدەکات، کە دیالۆگی ئەمانیش تەواو دەبێت، یەکسەر دێری دوای ئەمان دەبێتە دیالۆگی نێوان سەنگەر و لوسی.

لەکاتی نوسینی ڕۆماندا پێویستە، هەموو دیالۆگ و حکایەتەکان تێکەڵوپێکەڵ نەکەیت، مەجالێک لە نێوانیاندا بێت، بۆ ئەوەی خوێنەر ئاگاداربێت و بچێتە سەر بابەتێکی تر. 

لەکۆتاییدا ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم، ڕۆمانی ” دەغدو” یەکێکە لەو ڕۆمانە جوانانەی ، کە بەباشی توانیویەتی وەسفی قۆناغی حوکمڕانی ڕژێمی سەدام و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بکات. نووسەر توانیویەتی پرسگەلی وەکو ” جەنگ و ئاشتی، خۆشەویستی و ڕق، کوشتن و بونیادنان” هەموویان پێکەوە کۆبکاتەوەو کۆشكی ڕۆمانێکی جوانی لێ دروست بکات.

 

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ئه‌م رۆمانه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای به‌درخان چاپکراوه‌.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.