Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
ئاسۆی رەخنەگرتن لەپاش بوونی ئۆپزسێۆن بەبەشێک لە حکومەت

ئاسۆی رەخنەگرتن لەپاش بوونی ئۆپزسێۆن بەبەشێک لە حکومەت

Closed
by November 23, 2013 گشتی

 

 

 

 

سەرەتا دەمەوێ بڵێم، لێرەدا قسەم لەسەر ئەوەنییە ئاخۆ تاچەندە شیاوە: ئۆپزسێۆن بەشێک بێ لەحکومەت یا نا. چونکی ئەوەی تائێستا باسدەکرێ لەو رووەوە لە پشکداری دەچێ، نەک بەشداری لە کابینەی حکومەتدا. بێگومان، پشک وەرگرتن لە کابینەدا لەرێگەی نوێنەرانی لایەنەکانەوە تەواو جیایە لەبەشداریکردن بە رۆل و بەرپرسیاریەتی و بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێن و بەرنامەیەی کەپێشتر ئۆپزسێۆن وەک رێگەچارە پێشنیاری کردووە. سەرباری ئەوەی باوەرم وایە کە چوونی ئۆپزسیۆن بۆناو حکومەت لەو باوەڕە زاتیەوە نییە کە دەتوانن حوکمڕانی بکەن، چونکی خۆشیان باش دەزانن ئەو دروشم و بانگەشانەی کە کردوویانە تەنها لە ئاستی میدیاییدا راستە، دەنا سەختە وەربگێڕدرێت بۆ کاری سیاسی! 

جگەلەوەی ئەو هەوڵەیان زیاتر لە بەرئەنجامی ئەو سایکۆلجیایەی هێزی سیاسیەوە سەردەردەکات کە پێی وایە شتێک نییە ناوی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بێ. بۆیە بێهوابوون لەو فاکتە وایکردووە هەندێ لەناو ئۆپزسیۆندا ئەو دەرفەتە لەدەستچووەی کە لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی هەڤدەی شوباتدا، دووبارەنەبێتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەچوونی ئۆپزسیۆن، کەلێنێک دەکەوێتە ناو فەزای گشتیەوەو رەخنەش مایەپووچ دەبێ؟ ئایا بۆشایی لە رەخنەگرتنی جیدیدا روودەدات؟

هەڵبەت بەستنەوەی رەخنە بەهەبوونی ئۆپزسێۆنەوە، نەک هەر ناراستە بەڵکو دواجار کوشتنی رەخنەو هاوکات بێکارکردنی ئۆپزسێۆنە. چونکی رەخنە جۆرێکە لە ‘ئۆپزسیۆن’، نەک ئۆپزسێۆن بریتی بێ لە رەخنە. پاشان کردەو کارەکانی ئۆپزسێۆنیش بۆخۆی جێگەی رەخنەیە وەک هەر کردەیەکی سیاسی هەرلایەنێکی تر. بۆیە ناکرێ رەخنە لە ئاست ئۆپزسێۆندا بووەستێ و هەر لەبەرئەوەی ئۆپزسێۆن بەرەیەکی دژ بەدەسەڵاتە. ئەم بۆچوونە هیچ لۆجیکێکی رەخنەیی تێدانیییە کە زۆرجار لەناو ئێمەدا خەریک بوو جۆرێک لە رەوایەتی ساختەی وەردەگرت گوایا لەبەرامبەر دەسەڵاتدایە.

 جگەلەوەی هەرگیز ئەو جۆرە ئۆپزسێۆنەی کە لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا ئەزموونکردوە، بەرەخنەگرم نەزانیوە. راستە کە رەخنەیان لەدەم هاتۆتەدەر، بەڵام ئەوان پرۆژەیەکی رەخنەییان نەبووە لە بنەرەتدا، بەڵکو هەنگاوی دەسەڵاتگرتنەدەستیان لا ئامانج بووە. بۆیە ئەوان تەنها نوێنەرایەتی رەخنەیان کردووە، نەک پرۆژەیەکی رەخنەکاریی. دواجار نوێنەرایەتی رەخنەو رەخنەگرتن وەک پیشەو کارێکی رۆشنبیری جیدی دووکاری جیان. لەم سۆنگەشەوە، مەیدانی رەخنە چۆڵنابێ بەڕۆیشتنیان بۆ ناو کەژاوەی دەسەڵاتدارێتی. بەڵام گرفتی سایکۆلۆجی دەسەڵاتدارانی خۆرهەڵات ئەوەیە کە ‘رەخنە’ بە ئۆپزسێۆنێکی هەرەشەکەرو مەترسیدار دەزانن. واتە رەخنەگر وەک هێزێکی رەتکەرەوەی بوونی خۆیان دادەنێن.

 لەکاتێکدا ئەمە تێنەگەیشتنە لە سروشتی رەخنەو هاوکات لەچییەتی ئۆپزسیۆنیش. بۆیە لێدانی رەخنە وەک ئامرازێکە بۆ لێدانی ئۆپزسێۆن. هەڵبەت لەو روانگەوە مامەڵەیکی نەیارانەو ناحەزانە لەگەڵ رەخنەگردا دەکرێ تائێستەش لەسەر هەموو ئاستێکی جیاواز. دڵنیاشم زۆرێک لە بەرەی ئۆپزسێۆنیش (نەک هەمووی) بەهەمان میکانیزم مامەڵە لەگەڵ رەخنەدا دەکەن. هەر کاتێ رەخنەیان بەدڵنەبوو، بەئاسانی دەیخەنە خانەی دەسەڵاتەوە!

کەواتە هەڵە تێگەینشتنێ هەیە لەوەدا کە هەمیشە ئۆپزسیۆن وەک رەخنەگرو دەسەڵاتیش وەک رەخنەلێگیراو دەبینێ. بێگومان ئەم هاوکێشە هەڵەیە، چونکی جۆرێک لە شەرعیەتی سیاسی بۆخۆی پچڕیوە بەوەی کە پێناسەی رەخنەگرتنی خزاندۆتە جوغزی ئۆپزسیۆنەوە. لە کاتێکدا دەکرێ بووترێ کە بەهۆی ئۆپزسیۆنەوە، رەخنەگرتن کارێکی دژوارو سەختبووە بۆ نوسەرانی بێلایەن، لەبەرئەوەی رەخنە وەک گوتارێکی سیاسی لێهاتبوو کە ئۆپزسێۆن نوێنەرایەتی پێدەکرد. بۆیە بەو هۆیەوە رەخنەگرتن لە دەسەڵات نەک هەر بۆیاخی لایەنگیری ئۆپزسێۆنی لێدەکەوتەوە، بەڵکو رەخنەگرتن لە رەفتاری-ئەتیتیودی- سیاسی ئۆپزسێۆنیش بۆ روناکبیرو نوسەری جیدی نالەبارکرد. لەبەرهۆکارێکی سادەو دیاریکراو: نەبادا دەسەڵات بیقۆزێتەوە لە پێناو لاوازکردنی ئۆپزسێۆن و بچووکردنەوەی وەک قەوارەیەکی سیاسی ناسک. ئیدی رەخنەگرتن وەک کارێکی رۆشنبیری درێژەی دەبێ، وەلێ ئەوەش پرسیارە کە تاچەند وەک هێزو فشارێکی سیاسی کاریگەردەبێ؟ بێگومان هەموو دەسەڵاتێک بەجۆرێک سیاسەت دەکات وەک ‘پۆل ڤالێری’ بیرمەندو شاعیری فەرەنسی دەڵێ” کەهونەری رێگرتنە لەخەڵکی لەوەی کە پەیوەستە پێیانەوە”! 

 

نەوزاد جەمال

 

Previous
Next