كه‌ركوكی بێ نه‌وت
روانین بۆ كه‌ركوك وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سروشتی و داهات جیایه له روانین بۆ كه‌ركوكێك كۆكه‌ره‌وه‌ی ویژدانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و كوتله‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی داگیركراو و پارچه‌كراو. له پشت روانین و بیركردنه‌وه‌وه له كه‌ركوك دیدگا و تیۆریایه‌ك ئاماده‌گی هه‌یه و گوتارێكی سیاسی قوڵا پاڵنه‌ریه‌تی بۆ فه‌رامۆشكردن یان به‌ده‌مه‌وه‌چوونی كه‌ركوك.
به دیققه‌تدان له ئه‌ده‌بیات و گوتاری سیاسی جوڵانه‌وه‌ی “رزگاریخواز”ی كورد له شاخدا (ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت) له جۆری روانین بۆ كه‌ركوك، ده‌كرێت دوو دیدگای سیاسی به‌دی بكه‌ین، یه‌كه‌میان وتارێكی “ئه‌خلاقی-سیاسیه” پێیوایه كه‌ركوك شوناس و سیمبوله و ته‌نها كێشه‌ی ونكردن و له‌ده‌ستدانی بیرێكی نه‌وت و پارچه‌یه‌ك زه‌وی نیه به‌ڵكو چڕیه‌تی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی كه‌ركوك كامڵ ده‌بێت و شعوری مرۆڤه كورده داگیركراوه‌كان دوباره له‌گه‌ڵ ژیانی هاوڵاتیبوون-دا ده‌سازێته‌وه. ئه‌م گوتاره نه‌مر ده‌بێت تا مانه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره‌ی كه وه‌ك مرۆڤ و نه‌ته‌وه سه‌یری دۆسێی پێكه‌وه‌بوونی كورد و عه‌ره‌ب ده‌كات له‌گه‌ڵ عێراقدا نه‌ك وه‌ك دۆسێی “شه‌راكه‌ت له‌داهات و پۆسته‌كانی عێراق”.
دووه‌میان وتارێكی ئابوری-سیاسیه، پێیوایه كه‌ركوك سه‌رچاوه‌یه‌كی ئابوری گرنگه بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی یان هه‌رێمێكی فیدراڵ له عێراقدا چونكه پینه‌ی ئه‌و كه‌موكورتیه جیۆپۆله‌تیكیه‌ی كوردستان ده‌كاته‌وه كه لایه‌كی له‌سه‌ر ئاو نیه و ده‌روازه‌ی ده‌ره‌كی نیه و ره‌نگ بێ له ئه‌گه‌ری هه‌رێمبووندا نه‌یاره‌كانی بیخنكێنن، بۆیه ده‌كرێت كه‌ركوك وه‌ك كارتێكی نه‌وتی، به‌شێك له نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانی رزگاركه‌ری سیاسه‌تی كوردی بێت له سڵه‌مینه‌وه و ترسی سه‌ربه‌خۆ یان نیمچه سه‌ربه‌خۆبوون. به‌ڵام ئه‌م گوتاره تا ئه‌وكاته نه‌مر ده‌بێت كه كورد ده‌رگاكانی په‌یوه‌ندیه‌كانی ته‌نها له عێراقه‌وه بێت، (تا ئه‌وكاته‌ش مایه‌وه كه نه‌وت ته‌نها له‌كه‌ركوك هه‌بوو). هه‌ر كاریگه‌ری ئه‌م گوتاره‌ش بوو له‌بری ناوبردنی سه‌رجه‌م ناوچه دابڕێنراوه‌كان ته‌نها كه‌ركوك زه‌ق ده‌كرایه‌وه و ئه‌وان فه‌رامۆشكرابوون، ته‌نانه‌ت له ئه‌ده‌بیاتی میدیای حه‌ماسی و به‌رگریشدا، نه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێر هات و رۆشت و له‌دوای 2003وه بیری كه‌وته‌وه ده‌كرێت شه‌ڕ له‌سه‌ر شه‌نگال و داقوقیش بكرێت! ده‌مان بیست كه‌ركوك ده‌بوویه “دڵ” و “قودس”ی كوردستان، به‌ڵام نه‌مانزانی ناوچه‌كانیتر ده‌بوونه كوێی كوردستان؟ دیاربوو په‌رۆشی بۆ كه‌ركوك هه‌ر ئه‌وه‌نده بڕی كرد كه قودس و دڵی “ئابوری” كوردستان بوو به‌ڵام ئێستا كه قیبله و شاده‌ماری خوێنینی ئابوری گۆڕاوه قیبله‌ی سیاسیه‌كانیشمان گۆڕاوه “یا كه‌ركوك یا نه‌مان” مانیفێستی ئه‌و قیبله‌یه‌ی جاران بوو. كه‌ركوكیش بوه‌ته شاری ته‌سفیه حیسابات و مه‌ڵبه‌ندی ته‌قینه‌وه‌كانی عێراق.
ئیتر ئه‌مڕۆ پێدراوه‌كان گۆڕاون، نه‌وتی تر له سلێمانی، هه‌ولێر ودهۆك دۆزراوه‌ته‌وه، په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد و جوڵانه‌وه‌كه‌ی له په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ ده‌زگا سیخوڕیه‌كان و به‌كرێگیراوه‌كانی ده‌وڵه‌تانی جیهاندا گواستراوه‌ته‌وه بۆ په‌یوه‌ندیكردن به وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه و سه‌فاره‌ت و قونسوڵخان و دیپلۆماتكاره فه‌رمیه‌كانی وڵاتان. عێراقێكی نوێی لاوازیش دروستبووه كه به‌خۆی راناگا چ جای په‌لاماری “شیمال” بداته‌وه.
پرسیاره جه‌وهه‌ریه‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه: گه‌ر به‌غدا لاوازه و ئیتر “سته‌مكاره مه‌ركه‌زیه‌كه” نه‌ماوه ئه‌ی بۆ له‌پای ئه‌و لاوازبوونه‌ی عێراق هه‌ولێر به‌هێز نه‌بووه و له هه‌لی لاوازی ئه‌ودا كه‌چی كه‌ركوك نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه؟!
لێره‌دا گرنگی و كاریگه‌ری ئه‌و دوو تێڕوانینه‌ی سه‌ره‌وه كۆمه‌كمان ده‌كه‌ن بۆ تێگه‌یشتن له‌راستی یاریه سیاسیه‌كه. وه‌ڵامه‌كه‌ی بێگومان ئه‌وه‌یه (به‌داخه‌وه) تێروانینی دووه‌م سه‌ركه‌وت كه وه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات و شارێكی نه‌وتی سه‌یری كه‌ركوكی كرد و ئه‌مڕۆش به پشتیوانی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له هه‌رێمی سێ پارێزگایی و ده‌ستكه‌وتی داهاتێكی مۆڵی نزیكه‌ی 17%ی داهاتی عێراق كه‌ركوك له جوڵانه‌وه‌ی سیاسی كورددا كاریگه‌ریه ئابوریه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه. دیدگا ئه‌خلاقیه‌كه‌ش زۆرینه و كاریگه‌ر نیه تا بتوانێت گوتاری سه‌ندنه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌سه‌ر بنه‌مای شوناس و مرۆڤ و خاك بینابكاته‌وه و وه‌ك “پاره و ژماره‌ی دانیشتوان و نه‌وت” سه‌یری كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان نه‌كات. كه‌واته ئاوابوونی سه‌یركردنی كه‌ركوك وه‌ك نه‌وت و داهات سه‌ركه‌وتنی دیدگای دووه‌می ئابوری-سیاسی ناو گوتاری كوردیه و بۆیه فه‌رامۆشكردنی به‌لایانه‌وه ئاسایی ده‌بێت، چونكه وه‌ك پاره سه‌یركراوه ئه‌مرۆ هه‌م پاره هه‌یه هه‌م مه‌خزونێكی فراوانی دیكه‌ی نه‌وتیش له “هه‌رێمی بێ كه‌ركوك”. بۆیه راشكاوانه سیاسیه‌كان ئه‌وه ناشارنه‌وه به زمان و زمانی حاڵ ده‌ڵێن:”هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌كرێ بۆ كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان و هه‌رچیمان له‌ده‌ست بێت كردومانه”. زۆر راسته، له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌یركردنی كه‌ركوك وه‌ك سه‌رچاوه‌ی نه‌وت و پاره هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان پێده‌كرێت، چونكه ئه‌وان بۆ كێڵگه‌ی نه‌وت وكارتی په‌یوه‌ندی و مه‌ترسی جیۆپۆله‌تیك له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌جه‌نگان و شه‌ڕی كه‌ركوكیان ده‌كرد ئه‌مرۆ كه هه‌موو ئیمتیازه‌كانی ناو كه‌ركوكی جاران له هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك ده‌ستده‌كه‌ون ئیتر بۆچی شه‌ڕی كه‌ركوك بكرێت، ئێستا كه‌ركوك وه‌ك ئه‌و ژنه پیره‌ی لێهاتووه كه مێرده‌كه پاره‌داره‌كه‌ی له مووچه و زێڕ و جوانیه‌كه‌ی بێمنه‌ته. ئه‌مه‌یه دیدگای كوشنده و سه‌رچاوه‌ی فه‌رامۆشكردنی كه‌ركوك. ناشیرینكردنی كه‌ركوك و بێڕێزكردنی به مرۆڤ كه‌ركوك. ئه‌ی ئه‌وه نیه هێشتا شه‌ڕی كۆمیته و لقه‌كان له شه‌ڕی سنوری كه‌ركوك گه‌رمتره، شه‌ڕی پۆسته‌كان له 140 سه‌دای زیاتره. گه‌ر له گوتاری جارانی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازدا ته‌نها مه‌به‌ست له‌هه‌رێم ئه‌م سێ پارێزگایه بووایه ئه‌وا به‌دڵیناییه‌وه له رێكه‌وتنی 11ی ئازاری حه‌فتاوه له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم بێت به‌رێز مسته‌فا بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بوو، نه روبه‌ڕوی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه ده‌بووینه‌وه و نه شه‌ڕی براكوژیش تازه ده‌بویه‌وه، چونكه زۆرینه‌ی زۆر بووبوونه‌وه به پارتی و كوڕی شۆڕش بوون. ئه‌ی بۆچی ئێستا بێ كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان هه‌ر رازین و خۆشمان به‌براوه ده‌زانین، كه‌واته له‌به‌ر ئه‌وه‌یه گرنگه بزانین چۆن سه‌یری كه‌ركوك ده‌كه‌ین؟ وه‌ك نه‌وت یان وه‌ك شوناس؟ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ش ئه‌و فه‌رامۆشیه‌ی ئه‌مڕۆیه كه به هه‌مان سنوری حه‌فتا رازین كه بارزانی باوك پێی رازی نه‌بوو. ئایا هی ئه‌وه بوو كه نه‌وت له ناوچه‌كانی تری هه‌رێم نه‌دۆزرابوویه‌وه یان نه‌خێر وه‌ك شوناس و ئه‌خلاق و ویژدانی جوڵانه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی قبوڵی نه‌كرد؟ ئه‌مه‌یان ئیتر له نه‌وه‌كان و سیاسه‌تی حزبه‌كه‌ی بارزانی باوك و لێ جیابووه‌كانیه‌وه وه‌ڵاممان ده‌ستده‌كه‌وێت.