كوڕە بێزراوه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن
:….ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
كوڕ و كچه بێزراوه‌كانی نێو خێزانه‌كان، كورد گووته‌نی وه‌كو گوونی قۆڕ وه‌هان، ده‌یبڕی هه‌ی وه‌ی ونایبڕی هه‌ی وه‌ی..كورِه بێزراوه‌كانی نێو خێزانه ته‌قلیدیه‌كان، هه‌ر به‌ناو كوڕن،باوك وبرا وخوشكه‌كانی دیكه جارجاره باسیان ده‌كه‌ن، ئه‌ویش كاتێك له‌به‌رده‌می غهریبهبهیهكدان وغهریبهكه هه‌واڵیان ده‌پرسێت. ده‌نا كه‌س حه‌ز بهباسكردنیان ناكات. كوڕه بێزراوه‌كان ئه‌وانه‌ن له‌ماڵدا دێن وده‌چن ودهخهون، به‌ڵام كه‌س لایان لێناكاته‌وه، خه‌رجی خۆیان وه‌رده‌گرن و له‌ژێر سایه‌ی باوك و براو خوشكدا ده‌ژین، به‌ڵام هه‌میشه سوچێكی بێزراویان هه‌یه، به‌رده‌وام بارێكی قورسن به‌سه‌ر خێزانهكانهوهو، هه‌موو كاتێكیش له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی فڕێدانه سه‌رجاده‌ن. دیاره من باس له‌و كوڕ‌و كچه بێزراوانه ناكه‌م كهڕیزپهڕی زۆر نه‌ریت و به‌های ته‌قلیدی خێزانه‌كانن وبێزراویان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌سه‌ڵاتی باوك وبراو خوشكه ته‌قلیدیه‌كان به‌و شێوازه قبوڵ نیه. به‌ڵكو باس له‌و كوڕ‌و كچه بێزاراوانه ده‌كه‌م له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت بێزراون وته‌ریك كراون له‌تۆڕی په‌یوه‌ندیه‌كان. ئیدی چیرۆكی كوڕ و كچی بێزراوه‌كان، چیرۆكی ئه‌و گوونه قۆڕهیه كه‌ده‌بێت پیاو له‌گه‌ڵیدا بژی.
كوڕی بێزراو دووجۆره یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه،كه‌باوك وبراتهقلیدیهكان به‌بێزراوی ته‌ماشات ده‌كه‌ن. كه‌ئه‌مه‌ش ئاساییه مادامه‌كی من و تۆ بڕیارمان داوه له‌نه‌ریته باوه‌كان هه‌ڵگه‌ڕێینه‌وه وخهونێكی دیكه‌مان هه‌یه بۆ دنیای خۆمان و چوارده‌وروبه‌ر. له‌به‌ر ئه‌وه بێزراویمان شتێكی نامۆ وچاوه‌ڕوان نه‌كراو نیه. دووهه‌میان ئه‌وه‌یه كه‌له‌به‌ر لاوازی و شوێن نه‌بوونه‌وه، خۆت له‌به‌رگی (كوڕی بێزراودا) بدۆزیته‌وه‌و هاوئاوێزانی ئه‌و ڕۆڵهبیت وبه‌رگه‌ی ئه‌وه نه‌گریت به‌بێزراوی بمێنیته‌وه!. هه‌موو ههڵگهڕانهوهیهكت بۆ ئه‌وه بێت بگه‌ڕێیته‌وه بۆ دیوه‌خان وله‌لای ده‌رگای دیوه‌خانه‌وه دانیشیت. نمونه‌ی یه‌كه‌میان ئۆپۆزیسیۆنه، ده‌رۆزه ناكات بەڵكو خه‌ونی بینیاتنانه‌وه‌ی ماڵێكی نوێی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه، دووهه‌میان دهرۆزهكهرێكی به‌رده‌وامی به‌رده‌می دیوهخانهكانه، كه‌زۆر جار له به‌رگی ئۆپۆزیسێۆندا خۆی نمایشده‌كات.
چیرۆکی كورد له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تی و سیاسی، چیرۆکی ئه‌و كوڕه بێزراوه‌یه، كه‌هه‌موو جارێك به‌پاڵ له‌ماڵی باوكی ده‌ریده‌كه‌ن، شه‌و نیوه‌شه‌و به‌كزی و ترسه‌وه له‌ده‌رگای پشته‌وه خۆی ده‌كاته‌وه به‌ماڵدا، ئه‌وه ده‌خوات كهلهموبهق ماوه‌ته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمای نه‌بێت به‌تانیه‌كی (حوكمی زاتی ولامهركهزی ومفاوهزات و گله‌یی لهئهمریكایهكان) بۆ خۆی په‌یدا ده‌كات. به‌درێژایی شه‌ویش له‌و ترسه‌دا ده‌ژی نه‌بادا به‌یانی جارێكی دیكه توڕیـبدهنه ده‌ره‌وه وفه‌رامۆشی بكه‌نه‌وه، كزومات چاوه‌ڕوانی ڕه‌حمه‌تی یه‌كێكی دیكه‌یه لهسوچێكیشدا ئاوڕی لێبدنه‌وه. نابێت ئه‌وه‌شمان لهبیربـچێت هه‌رچیه‌كیش له‌و ماڵه‌دا ڕووبدات به‌سه‌ر ئه‌ودا ده‌شكێته‌وه وگه‌ر تۆزێكیش هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه وده‌نگ به‌رز بكاته‌وه، ئه‌وا لای ئه‌وانی دیكه هیچ گرنگیه‌كی نیه، چونكه ده‌زانن توانای هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی تاوه‌كو ده‌رگای حه‌وشه بڕناكات، چـجای بچێته ئه‌و دیوو ده‌رگاو شه‌وانه له‌سه‌ر شه‌قام و بانه‌كان بخه‌وێت وحه‌یای خێزانه‌كه‌ی به‌رێت و ببێت به ههڵگهڕاوهیهكی ڕاسته‌قینه وشوێنایهكی هه‌بێت له‌هاوكێشه‌ی زۆرانبازیهكاندا. كوڕی بێزراو له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌یه، چه‌نده بقیژێنێت وله‌ماڵ بچێته ده‌ره‌وه، هه‌موو كه‌س ده‌زانێت ماڵیه وله‌گه‌ڵ یه‌كه‌م قۆڕه‌ی سكبرسێتی ملدهداو شۆرباكه‌ی هه‌ڵده‌قوڕێنێ.كاره‌سات له‌وه‌دایه كاتێك ئه‌م (كوڕه بێزراوه) بیه‌وێت ڕۆڵی خۆی بگۆڕێت، بیه‌وێت وێنه‌ی خۆی بگۆڕێت، بچێته به‌رگێكه‌وه كه‌به‌رگی ئه‌و نیه‌و له‌توانای ئه‌ودا نیه.ئه‌وسا له‌كوڕی بێزاره‌وه، ده‌بێته قۆشمه‌چی هه‌موو دنیا.
ئه‌م وێنه‌ی له‌سه‌ره‌وه بۆ (كوڕ و كچی بێزراو) سكێـچـكاریم كرد، پشتهوێنهیهكی سایكۆلۆژیه، له‌پشت ته‌واوی په‌یوه‌ندیه كۆمهڵایتهكانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌وه ڕاوه‌ستاوه‌و قسه و لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت. هه‌ر له‌په‌یوه‌ندیه خێزانیه‌كانه‌وه بیگره تاده‌گاته نێوه‌ندی ڕۆشنبیریمان وتاوه‌كو پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات خۆی درێژده‌كاته‌وه. پشته‌وێنه‌ی بزواتهكوردیهكانه لهههڵگهڕانهوهیاندا له‌به‌ها كۆنینه وده‌سه‌ڵاته دیسپۆتهكان، وێنه‌ی سه‌ركرده‌كانه كه‌هه‌ڵگری ئاڵای ئازادین، وێنه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ن به‌رگری له‌دیموكراسی ده‌كه‌ن، وێنه‌ی ئه‌و لاوانه‌ن ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی نه‌وه‌كان بكه‌ن. له‌هه‌موویاندا وێنه‌ی ئه‌و كوڕه زه‌ق ده‌بێته‌وه كهبێزاره له‌ماڵ، به‌ڵام به‌بێ ماڵی كۆنینهش توانای پێكهێنانی ماڵی خۆی نیه، گه‌ر ماڵه كۆنینهش ڕووخا، فرسهتیشی بۆ هه‌ڵكه‌وێت بۆ ژیانی نوێ، ئه‌وا وه‌ك ماڵه كۆنینهكهی باوانی بنیادی ده‌نێته‌وه.
له‌سه‌ر ئاستی مێژوویی له‌وه‌ته‌ی كورد هه‌بووه دژی یه‌كدی شه‌ڕی كردووه و ملی یه‌كدی شكاندووه، به‌ڵام له‌دواجاردا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ باوه‌شی باوك وئه‌و ماڵ وتهكیهی، كاتی خۆی به‌ده‌ركراوی و تێهه‌ڵدراوی لێوه‌ی هاتۆته ده‌ره‌وه. ئه‌وه‌ی (شه‌رفنامه) بخوێنێته‌وه ئه‌و ڕاستیه تاڵه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، چیرۆكی سه‌ربڕینی براوخوشكهكان له‌پێناو ده‌سه‌ڵات وله‌دواجاریشدا گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌شی سوڵتانه سلجوقی وتورك وئهمیره عه‌ره‌بیه‌كان، چیرۆكی زاڵی ئه‌و مێژووه بووه. ئه‌م وێنه‌یه تاوه‌كو ئێستا دووباره‌بونه‌وه‌ی هه‌یه وله‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا له‌فۆرمی جیاوازدا خۆی به‌رهه‌مدێنێته‌وه، وێنه‌ی ئه‌و (كوڕه بێزراوه‌ی) سه‌ره‌ڕای چیرۆكی دوورودرێژی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی لهسوڵتانهكان هه‌وڵده‌دات له‌لایه‌ن باوك وبراكانیهوه ئیعترافی پـێـبكرێت، ڕازیە به‌شوێنای كوڕی بێزراو، ڕازیە بەبهتانیه شڕو شۆربای خزمهتچیهكان. له‌به‌ر ئه‌وه سه‌یر نیه (سه‌دام حوسێن) به‌ئاشكرا و به‌قه‌ناعه‌ته‌وه، شۆڕشی كوردی، به(هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی كوڕه عاجزهكان) ده‌شوبهاند!.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش سه‌یری هاوكێشه‌ی سیاسی ئێراقی بكات، ئه‌و ڕاستیه ساده‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت،كورد جگهلهپێگهی (كوڕی بێزراو) نه‌بێت له‌حكومه‌تی ئێراقیدا هیچی دیكه‌ی وه‌رنه‌گرتووه. گه‌ر ئێمه‌ی كورد فێڵی سه‌رۆك كۆماری كورد‌و وه‌زیری كوردیمان له‌حكومه‌تی ئێراقیدا پێـقووت بچێت، ئه‌وا نهبهغهیره كورده‌كانی نێو حكومه‌تی ئێراقی ونهبهدراوسێ ونهبهئهمریكیهكانیش قووتدهچێت!. سه‌رۆك كۆماری ئێراق ئه‌وه‌نده‌ی له‌چاوی ئه‌وانه‌وه شوێنایهكی ڕووكه‌شیه، ئه‌وه‌نده له‌هاوكێشه سیاسیه‌كاندا به‌هێند وه‌رناگرێت. هه‌مووان چیرۆكی به‌ڕێز تاڵه‌بانی وجهعفهریمان له‌بیره، ئه‌م چیرۆكه له‌ڕووی ڕووكهشیهوه گۆڕاوه به‌ڵام له‌جه‌وهه‌ردا هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی. سه‌رۆك وه‌زیران (مالیكی) ده‌چێت بۆ ده‌ره‌وه وهه‌ر قسه‌ی ئه‌وه به‌سه‌ر هه‌موو ئێراقدا بڕیاره وهه‌ر ئه‌ویش له كۆشكی سپی پێشوازی لێده‌كرێت وهه‌ر ئه‌ویشه له‌گه‌ڵ بۆش و سه‌فیری ئه‌مریكیدا ده‌كه‌وێته زۆرانبازی سیاسیه‌وه.
سه‌رۆكی ئێراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌یویست ڕیزپه‌ڕی ئه‌و ڕۆڵه ته‌ریكه بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، هۆكاره‌شی سایكۆلۆژی بوو، نه‌ك ئایدۆلۆژی و هاوكێشه‌ی ته‌رازووی هێزه سیاسیه‌كان. بیرتان نه‌چێت، نه‌رمكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆحه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یی سه‌رۆك بهپڕۆسهیهكی زۆر لهوهكورتخایهنی ڕاهێناندا تێپه‌ڕی، كهعهرهبه تائیفیه‌كان وقهومهچیهكانیش ئاوه‌ها كورتخایه‌ن مه‌زنده‌یان نه‌ده‌كرد!. ئێستا ئه‌و تۆزه ڕۆحی ههڵگهڕانهوهیهشی به‌خشیه‌وه بهبرائهسڵیهكانی نێو ماڵی حكومه‌تی ئێراقی قه‌دیم. ئیدی بینیمان تاوێك پشتگیری خه‌ونه‌كانی كۆنهبهعسیهكی وه‌ك (ئه‌یاد عه‌لاوی) كرا كهلهژێر ناونیشانی (ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی) خۆی نمایشده‌كرد، له‌ژێر ئه‌و ناونیشانه‌دا لابردنی یاسای بنه‌بڕكردنی به‌عس وڕێكهوتن له‌گه‌ڵ به‌عسیه‌كانیان بووه پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی!. بینیمان به‌پارێزه‌ری تاوانبارێكی وه‌ك عه‌لی كیمیاوی (به‌دیع عارف) ده‌گوترێت: ئێمه هه‌ڵه‌بجه‌مان بیرچۆته‌وه و تاوێكیش ئیعلانی ئه‌وه ده‌كرێت، كهئێراق ناسنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی هه‌یه و ئه‌مه جگهلهتهرهكردنی ئه‌ندامی پارته‌كه‌ی خۆی كه‌له‌سه‌ر یاسای نه‌وت، دژی بۆچوونی حكومه‌تی ئێراقی قسه‌یان كردووه!.
چیرۆكه‌كه درێژه و دوا وێستگه‌شی تاوانی جینۆساید و به‌كۆمه‌ڵ كوشتنی كورده كه‌له‌به‌ر خاتری عه‌ره‌به قهومهچیهكان نه‌ك ئیدانه نه‌كرا، به‌ڵكو فه‌رمانده‌ی ئه‌و به‌كۆمه‌ڵ كوشتنه‌ی به(به‌جێهێنانی ئه‌ركی نیشتمانی ) له‌قه‌ڵمدراوه، وه‌ك له‌حاڵه‌تی تاوانبار (سوڵتان هاشمدا) تاوه‌كو ئێستا كاری بۆ ده‌كرێت. دیاره من لێره‌دا باس له‌وه ناكه‌م كه‌سنوری ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك كۆمار فراونتر بێت، چونكه له‌وبڕوایه‌دام گه‌ر له‌وه‌زیاتریش فراونتریش بێت، ئه‌وا هه‌ر به‌ڕێزی به‌ده‌ستی خۆی، ده‌یكاته‌وه به‌ماڵه كۆنینهكهی عه‌ره‌بی قه‌ومه‌چی و تائیفیدا، خۆزگه پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ڕایه‌م له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌بینی.
ئه‌وه‌ی له‌خزمه‌تی ئه‌م گوتاره‌دایه، وێنه‌ی (كوڕی بێزراوه) كهپشته وێنه‌ی سایكۆلۆژی و جوڵێنه‌ری بزواته سیاسی و ڕۆشنبیره‌كانی مرۆیی كورده، باڵاترین نمونه‌ش ئه‌و نمونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه بوو. بەم شێوەیە (كوڕی بێزراو) ده‌سه‌ڵاتی باوك تائه‌وكاته ڕه‌تده‌كاته‌وه كهجێگهیهك وه‌رده‌گرێت له‌ماڵدا، به‌ڕای خۆی به‌غه‌در و ناهه‌قی لێیان سه‌ندۆته‌وه. ده‌نا ئه‌و كه‌سه نیه خه‌ونی بیناكردنی ماڵێكی تازه‌ی هه‌بێت، خه‌ونی ماڵی نوێ خه‌ونێكه دووره له‌م فیگوره‌ی كه‌ناوی كوڕی بێزراوه. لێره‌وه ده‌توانم بڵێم كوڕی بێزراو هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌خه‌ونی بچوك وگه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات، به‌مانای چركه‌ساتی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی،چركه ساتی ختوره‌ی گهڕانهویهتی بۆ نێو ماڵ. ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها له‌سه‌رئاستی په‌یوه‌ندی كورد وهێزه بێگانه‌كاندا به‌ڕوونی ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی ماڵی كوردیش، هه‌موو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و ئۆپۆزیسیۆنێك ئه‌و فیگوره بوون كه‌له به‌رگی (كوڕی بێزراودا) خۆیان نمایشكردووه. ئه‌م هێزه سیاسیانه ته‌نانه‌ت له‌داواكردنی ڕیفۆرمیشدا نه‌یانتوایووه فیگوری (كوڕی بێزراو) تێپه‌ڕێنن، بۆنمونە به‌ره‌ی (ڕیفۆرم) هه‌ر سه‌ره‌تا باسیان له‌پیربوونی باوك كرد، ئینجا وه‌ك هه‌موو كوڕێكی نێو ماڵ كه‌زۆر پێـڕابكێشێت، باوكی گه‌وره هه‌موویانی كرده ده‌ره‌وه. هه‌ندێكیان نه‌یتوانی زۆر له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ هه‌ڵبكه‌ن وگه‌ڕانه‌وه. هه‌ندێكیش به‌پڕۆسه‌ی (ده‌مكوتكردن) ڕازین، به‌مه‌رجێك ده‌ستی ڕه‌حمه‌تیان بۆ درێژ بكرێت. هه‌ندێكیشیان بهپهڕوازهیی هێشتا بهشهرمنیهوه تاوێك ده‌چێته‌وه ماڵه‌وه بۆلای باوك وتاوێك گله‌یی ده‌كه‌ن وتاوێكیش بێده‌نگ ده‌بن، به‌م شێوه‌یه چیرۆكه‌كه له‌هه‌موو كون وكه‌له‌به‌رێكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌دا خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه.
لەسەر ئاستی بیروڕاکانیش ئەم چیرۆکە مێژووی خۆی هەیە: هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه بانگه‌شه‌ی ئازادی مرۆڤ وئازادی ژنان ویه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و دژه فاشیه‌تیان دكرد، زۆری نه‌خایاند كه‌وتنه تهحالوفاتهوه له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌هاو نه‌ریت وهێزانهی كه‌خۆیان له‌ماڵی ئه‌واندا ده‌ركرابوون. ئیدی چیرۆكی ئه‌و كوڕه بێزراوانهمان بینی چۆن بۆ به‌رده‌می باوك وبرا دێرینه‌كانیان ڕاده‌كه‌ن، بۆ به‌رده‌می ته‌كیه‌كانیان ههناسكهبڕكێیانه. هه‌موو ئه‌و گۆڕانه ڕادیكاڵانه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆده‌كرد لهئاشتبوونهوهیهكی به‌رده‌وامدا بوو له‌گه‌ڵ ماڵه كۆنینهكهیاندا. هه‌رچه‌نده شه‌ڕوپێكدادانیش ڕوویدابێت، به‌ڵام هه‌میشه پێكدادانی نێوان كوڕهبێزراو وبراكان بووه، پێكدادانی كوڕهعاجزهكان بوون كه‌بۆ ئاشتبوونه‌وه هاربوون، وله‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌ست درێژ كردن هه‌موو ئه‌و زۆرانبازیه كۆتایی پێهاتووە. ئیدی له‌ماركسیه‌ت و كۆمۆنیستی وسۆسیال دیموكراتیه‌وه هاتینه‌وه نێو دیوه‌خانه كۆنینه‌كان. ئێستاش وای لێهاتووه لیژنه‌ی عه‌شایر له‌جیاتی دادگا بڕیارده‌دات و عه‌شیره‌ته‌كانیش بنكه‌ی ڕۆشنبیریان هه‌یه وڕۆژنامه ئازاد وڕۆشنبیره جیدیهكانیش به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی نابڕین وسانسۆر و توندكردنن له‌زیندانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا.
نه‌وه‌ی نوێش هه‌ر هه‌مان ده‌رده‌سه‌ری توشبووه، هه‌موو خۆپیشاندانێك و هه‌راو هوریاو كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌دژی باوك وده‌سه‌ڵات تائه‌و سنوره بڕده‌كات كه‌باوك ده‌ستی میهره‌بانیان بۆ درێژ ده‌كات، ئیدی بۆ خۆیان له‌ده‌رگای پشته‌وه دێنه نێو موبهقهكانهوه وبه‌دووی پاشماوه‌ی باوك وبراوخوشكه بهدهسهڵاتهكاندا ده‌گه‌ڕێن وله‌بن سوچ و په‌نا وقهڕهوێڵه شكاوه‌كانی ماڵدا شه‌و وڕۆژ ده‌كه‌نه‌وه. ده‌سه‌ڵاتیش شاره‌زای هه‌موو ئه‌م یاریه خۆشه‌یه،ده‌زانێت كه‌ی وازیان لێده‌هێنێت ئاواره‌و برسی بن وههركاتێكیش زانی خه‌ریكه له‌گه‌ڵ ئاواره‌یی خۆیاندا ڕادێن و دانی ئۆپۆزیسێۆن ده‌رده‌كه‌ن و ده‌بنه كوڕی ئۆپۆزیسێۆن، دهیانگهڕێنێته ماڵه‌وه و ده‌رگای پشته‌وه‌ی ماڵه‌وه‌یان بۆ ده‌كاته‌وه…
*لەژمارە 361 ی ڕۆ"نامەی هاوڵاتی ڕێکەوتی 07.10.2007 بڵاوبۆتەوە.