Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
شوناسی قانع له‌ شیعره‌كانیدا

شوناسی قانع له‌ شیعره‌كانیدا

Closed
by November 27, 2013 ئەدەب

 

 

ئه‌گه‌رچی شوناسی قانع وه‌ك شاعیرێك، له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردییدا،به‌ شاعیری هه‌ژاره‌كان‌و چه‌وساوه‌كان،ده‌ناسرێت.به‌و پێیه‌ی شیعره‌كانی گوزارشت له‌و چینه‌ی كۆمه‌لگا ده‌كه‌ن.وه‌لێ به‌ بۆچوونی من بۆ ئه‌وه‌ی شوناسی قانع وه‌ك شاعیرێك بناسین،ده‌بێ كه‌ سیه‌تی ئه‌و شاعیره‌ له‌ ڕێگه‌ی شیعره‌كانیه‌وه‌ بناسینه‌وه‌وه‌ شوناسی ئه‌و وه‌ك شاعیرێك دیاریبكه‌ین.به‌و مانایه‌ی خودی شیعره‌كانی قانعی شاعیر، گوزارشت له‌ سایكۆلۆژیاو تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و په‌روه‌رده‌یانه‌ی ئه‌و ده‌كه‌ن، له‌ ژیاندا.له‌ په‌راوێزی شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره‌وه‌، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ شوناسی شاعیر، وه‌ك مرۆڤێك، له‌ ئاسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یدا،چۆن بوه‌.ڕوانگه‌و دنیابینی ئه‌و شاعیره‌، بۆ مرۆڤ ‌و بۆ ژیان چۆن بوه‌.چونكه‌ ڕووبه‌رێكی به‌رفراوانی شیعری قانع ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هزرو تێگه‌یشتنی ئه‌ون. به‌و پێیه‌ی شاعیریش، له‌ ژیانیدا نه‌هامه‌تی‌و كۆله‌مه‌رگی زۆری بینیوه‌،واته‌ له‌ چینه‌ چه‌وساوه‌كان بوه‌،ئیدی پرسی چینایه‌تی‌وململانێی چینه‌كان‌وژیانی هه‌ژاران كاریگه‌ریان به‌سه‌ر ژیانی ئه‌و هه‌بوه‌و سه‌ره‌نجامیش له‌ شیعره‌كانیدا، ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌.بۆیه‌ شیعره‌كانی هه‌میش گوزارشت له‌ خه‌می مرۆڤی هه‌ژار ده‌كه‌ن.وێرای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌وردی شیعره‌كانی بخوێنینه‌وه‌،ده‌زانین كه‌ قانع له‌ ژیانیدا،چ جۆره‌ مرۆڤێك بووه‌. خه‌سڵه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی چین؟وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی دیكه‌.سرووشتی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی چۆن بوه‌ وه‌ك مرۆڤێك‌ودواتریش وه‌ك شاعیرێك .هه‌موو ئه‌مانه‌ ش، ده‌شێ له‌ په‌راوێزی خوێنه‌وه‌ی شیعره‌كانیه‌وه‌،بناسینه‌وه‌.به‌و مانایه‌ی شوناسی قانع له‌ ئاسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و چینایه‌تیه‌كه‌ی،له‌ دوو توێی شیعره‌كانیدا به‌ر جه‌سته‌یه‌.بێگومان چونكه‌ قانع وه‌ك مرۆڤێك،كۆله‌ مه‌رگی‌و نه‌هامه‌تی‌و سه‌ختی زۆری له‌ ژیان  بینیوه‌وهه‌ر له‌ته‌مه‌نێكی بچووكی منداڵیه‌وه‌ دایك‌و باوكی ده‌مرن،ئیدی به‌بێ نازی‌و به‌ بێ كه‌سی ده‌مینێته‌وه‌،ژیانی پڕ ده‌بێت،له‌ ناخۆشی‌و چه‌رمه‌سه‌ری. سه‌رده‌مێك ئاشه‌وان بوه‌، ئیدی شێوازی ژیانی قانع‌و ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی تیایدا ژیاوه‌، وایان لێكردوه‌،كه‌ سۆزو میهره‌باینه‌كی زۆری بۆ چینی هه‌ژارو چه‌وساوه‌ هه‌بێت،هه‌ر بۆیه‌شه‌ به‌ شاعیری چه‌وساوه‌كان،له‌ ئه‌ده‌بی كوردیداده‌ناسرێت.له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ بابه‌ته‌كانی هه‌ژاری‌وده‌وڵه‌مه‌ندی‌وململانێی چینایه‌تی‌ومرۆڤدۆستی،ڕووبه‌رێكی به‌رفراوان له‌ شیعره‌كانی پێكده‌هێنن.كه‌ ئامانج تیایدا، ئاراسته‌ كردنی گوتارێكه‌، له‌ شێوه‌ی په‌ یامێكی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌، بۆمرۆڤه‌كان.په‌یامێك كه‌ بنه‌ماكانی یه‌كسانی‌ومرۆڤدۆستی‌وهاوكاری‌و به‌ ته‌نگه‌وه‌ هاتنی یه‌كتری‌ودادپه‌روه‌ری له‌ خۆده‌گرێت. په‌یامێك كه‌ تیایدا،مرۆڤ وه‌ك سه‌رمایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌،ڕێز لێگیراو بێت‌وشكۆمه‌ندی خۆی هه‌بێت.له‌ شیعره‌كانی قانعدا،دیدگایه‌كی مرۆڤدۆستانه‌ هه‌یه‌،بۆ مرۆڤ به‌ جیاوازی شوناسیانه‌وه‌.كه‌ مرۆڤه‌كان فێری شكۆمه‌ندی‌و سه‌ربه‌ستی ده‌كات. قانع سه‌ختیه‌كانی ژیانی خۆی ده‌كاته‌ مانفێستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ مرۆڤه‌كان،به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی له‌ ژیان كۆڵنه‌ ده‌ن‌و تێبكۆشن.ئه‌و ئه‌گه‌رچی،سه‌ختی زۆری له‌ ژیان هاتۆته‌ ڕێ، وه‌لێ هیچ كاتێك نائومێد نه‌بوه‌.بگره‌ له‌ ژیانیدا كه‌سێكی گه‌شبین‌وگاڵته‌ چیش بوه‌.ئه‌و تێڕوانینه‌ی قانع به‌ شێوه‌ ساده‌كه‌ی بۆ ژیان،په‌یوه‌سته‌ به‌و دیده‌ ئایینیه‌ی قانع له‌ ژیانیدا،هه‌یبووه‌.چونكه‌ خۆی كه‌ سێكی برواداربووه‌.ته‌نانه‌ت چه‌ند شیعرێكیشی له‌ ستاییشی(په‌ یامبه‌ری ئیسلام/دخ)نووسیوه‌. بۆیه‌ به‌لای ئه‌و، ژیانی دنیائه‌وه‌ ناهێنێت،مرۆڤ پێیه‌وه‌ گیرۆده‌و خه‌فه‌تباربێت.به‌لكو مرۆڤ سه‌ره‌نجام هه‌ر ده‌مرێت‌و ئه‌گه‌رێته‌وه‌ دنیای ئاخیره‌ت.هه‌روه‌ك خۆشی له‌ دێره‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_

 

براكه‌م باووباپیرت هه‌موو مردن ئه‌تۆش ئه‌مری..

كه‌ تۆش مردی به‌ تۆ چی زێر‌وزیوودوڕو مه‌رجانت..

بێگومان یه‌ كێك له‌ شوناسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی قانع وه‌ك مرۆڤێك‌و دواتریش وه‌ك شاعیرێك. ئه‌و شكۆمه‌ندی ‌وشانازیكردنه‌یه‌،به‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌وچینایه‌تی خۆی.ئه‌و گه‌رچی هه‌ژار‌ونه‌داربوه‌،هیچ خۆشیه‌كی له‌ ژیان نه‌بینیوه‌،به‌ڵام ڕازیش بووه‌ به‌و ژیانه‌ی تیایدا ژیاوه‌.له‌ كاتێكدا،زۆر جار مرۆڤ به‌ هۆی  هه‌ژاری‌ونه‌داری له‌ ژیانیدا، نائومێد ده‌بێت‌وده‌ڕووخێت.كه‌چی قانع وێرای هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی له‌ ژیاندا بینیویه‌تی،كه‌ته‌نانه‌ت له‌ ته‌مه‌نێكی زووی منداڵیدا،دایك‌وباوكیشی ده‌مرن،كه‌چی هه‌میشه‌ به‌ ئومێدوخۆڕاگریه‌وه‌ ژیاوه‌،بگره‌ له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌،مرۆڤێكی گاڵته‌چیش بوه‌وچه‌ندین سه‌ربورده‌و چیرۆكی خۆش،له‌پێشه‌كی دیوانه‌كه‌یدا له‌باره‌ی قانیعه‌وه‌ باسكراون.ئه‌و خۆڕاگری‌وژیاندۆستیه‌ی قانع له‌ ژیانیدا،به‌رجه‌سته‌بوه‌ودواجاریش له‌گوتاری شیعره‌كانیدا،ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌،ده‌كرێ بڵێین به‌شێكی زۆری په‌یوه‌سته‌ به‌و تێڕوانین‌وبڕوا ئایینیه‌ی، قانع له‌ ژیانیدا هه‌یبوه‌.به‌ومانایه‌ی ژیانی دونیا به‌لای ئه‌و،له‌به‌رامبه‌ر ژیانێكی تردا،كه‌ ژیانی دواییه‌،هیچ نییه‌.ئه‌م تێڕوانینه‌ قانعی شاعیر،له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوه‌،كه‌مرۆڤێكی هه‌ژاربوه‌،یاخودهیچ شتێكی نه‌بوه‌ له‌ژیان.به‌پێچه‌وانه‌وه‌،به‌ڵكو ئه‌م تێڕوانینه‌ی بۆ دنیا،سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌وبڕوا ئایینیه‌وه‌ بوه‌،كه‌ شاعیر، هه‌یبوه‌.به‌ومانایه‌ی مادامه‌كێ مرۆڤ هه‌ر ده‌مرێت‌وئه‌و ژیانه‌ جێدێڵێت،ئیدی بۆچی ژیانی دنیای به‌لاوه‌ گرنگ بێت.هه‌روه‌ك خۆشی له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێـت:_

 

چ فه‌رقی نییه‌ لای من گه‌دایی یاخود پاشایی..

كه‌هه‌ردوو هه‌ر ئه‌مانه‌ت بن خه‌یاڵی ته‌ختی شا ناكه‌م…

لێره‌دا،بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ قانعی شاعیر،وێرای هه‌موونه‌هامه‌تی‌وسه‌ختیه‌كانی ژیانی،به‌هۆی بێكه‌سی‌و هه‌ژاریی‌و چه‌وساوه‌یی،كه‌چی ڕازیش بوه‌،به‌و ژیانه‌ی تیایدا،ژیاوه‌.كاتێ‌ كه‌خه‌یاڵی ته‌ختی شاناكات،له‌كاتێكدا كه‌م مرۆڤ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خه‌یاڵه‌ نه‌كات،به‌تایبه‌تیش كه‌هه‌ژاربێت، مانای وایه‌ قانع،مرۆڤێكی دنیایی نه‌بوه‌.به‌ده‌ڕبرینێكی تر،ئێمه‌ هه‌موومان ده‌زانین،كه‌مرۆڤه‌كان به‌جیاوازی شێوازی ژیان‌وپێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌وده‌سه‌ڵاته‌وه‌،دواجاریه‌ك چاره‌نووسیان هه‌یه‌، كه‌ئه‌ویش مردنه‌.واته‌ خودی مردن ئه‌و دیارده‌یه‌،كه‌ مرۆڤه‌كان به‌بێ جیاوازی ده‌گرێته‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ریدا یه‌كسانن.بێگومان كه‌مرۆڤیش مرد،ئیدی هه‌موو سه‌رمایه‌وبووه‌كانی له‌ ژیاندا جێده‌مێنن.كه‌واته‌ بۆچی مرۆڤ خۆی هه‌ڵوه‌دای ژیانێك بكات‌وخه‌فه‌تی بۆبخوات،له‌كاتێكدا دڵنیایه‌ له‌وه‌ی جێیده‌هێلێت؟ئه‌مه‌شه‌ تێگه‌یشتنی قانع وه‌ك مرۆڤێك بۆ ژیانی دنیا.به‌ومانایه‌ی مرۆڤ پاشا بێ یاگه‌دا،بچووك بێت یا گه‌وره‌، بێ ده‌سه‌ڵات بێت یاخود خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات،دواجار مردن چاره‌نووسیه‌تی.لێره‌وه‌ش ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و بروایه‌ی،كه‌ یه‌كێك له‌ شوناسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ژیانی قانع وه‌ك شاعیرێك ئه‌وه‌یه‌،كه‌مرۆڤێكی دنیایی نه‌بووه‌.بێگومان ئه‌و بڕوابوونه‌شی،سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌و دنیابینیه‌ ئایینیه‌یه‌، كه‌ شاعیر هه‌یبوه‌ له‌ ژیانیدا.ئه‌گینا ئه‌گه‌ر له‌ڕوانگه‌ چینایه‌تی‌وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌وه‌،بڕوانینه‌ ژیانی قانع،ده‌بوو هه‌موو هه‌وڵێكی بۆژیانێكی خۆش‌وده‌وڵه‌مه‌ندبوون بوایه‌.چونكه‌ كه‌سێكی هه‌ژاروڕه‌نجده‌ربووه‌.نه‌هامه‌تی زۆری بینیوه‌ له‌ ژیان.كه‌چی وێرای ئه‌و هه‌موو سه‌ختیه‌ش له‌ ژیاندا،قانع شكۆیه‌ كی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی هێنده‌ به‌رزی هه‌بوه‌،كه‌ هیچ كات شه‌رم له‌ ژیانی خۆی نه‌كات،وه‌ك ڕه‌نجده‌رێك.به‌و مانایه‌ی هه‌میشه‌ شانازی به‌ شوناس‌وژیانی خۆیه‌وه‌ كردوه‌، وه‌ك مرۆڤێك.هه‌روه‌ك خۆشی له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_

 

له‌ تۆزی ئاشه‌دا غه‌رقم..

له‌ ته‌وقی سه‌ر هه‌تا ئه‌ژنۆم..

به‌ڵام چه‌ند خۆشه‌ ئه‌و تۆزه‌..

كه‌ هه‌ر خۆم ئامێرم بۆ خۆم..

 

قانع له‌ ژیانیدا، سه‌رده‌مانێك ئاشه‌وان بوه‌.له‌و شیعره‌یدا ئاماژه‌ بۆ واقیعی ئه‌و كاتی ژیانی ده‌كات‌وكه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ ته‌وقی سه‌ر هه‌تا ئه‌ژنۆی،نوقمی تۆزی ئاشه‌وانیه‌.به‌ڵام شانازی به‌ كار‌وپیشه‌و ژیانی خۆیه‌وه‌ ده‌كات.چونكه‌به‌ هێزی بازوو ماندووبوون‌و ئاره‌قه‌ی نێو چه‌وانی خۆی ده‌ژیت. قانع تۆزی ئاشه‌وانیه‌تیه‌كه‌ی زۆر به‌لاوه‌ پیرۆزتره‌،له‌وه‌ی ده‌ست له‌به‌ر كه‌سانی تر پان بكاته‌وه‌.چونكه‌ مرۆڤ كه‌ كاری هه‌بوو سه‌رمایه‌ی ده‌بێت.كه‌ سه‌رمایه‌شی بوو، واته‌ داهات‌وخه‌رجی‌و سه‌ربه‌ستی خۆشی ده‌بێت.به‌مه‌ش وه‌ك مرۆڤێك ئازاد ده‌ژی له‌ ژیانیدا. بۆیه‌ كاتێ‌ قانع ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات،كه‌ هه‌ر خۆی ئامێره‌ بۆ خۆی، مانای وایه‌ سه‌ربه‌ستیه‌كانی خۆی وه‌ك مرۆڤ،له‌ده‌ست خۆیدایه‌.به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئێمه‌ ده‌زانین،ئازادی‌و سه‌ربه‌ستی سیاسی، به‌ بێ سه‌رمایه‌كی سه‌ربه‌خۆ،بێ خه‌رجی‌وداهات‌وئابوریه‌كی كه‌سی،نایه‌ته‌دی.به‌ومانایه‌ی مرۆڤ به‌ری ڕه‌نج‌وتێكۆشان‌وهێزی ده‌ستی كاری خۆی ده‌خوات‌وملكه‌چی كه‌سانی تر نابێت. . بۆیه‌ قانعی شاعیر ئاشه‌وانیه‌تیه‌كه‌ی خۆی،به‌لاوه‌ پیرۆزتر‌وگه‌وره‌تره‌،له‌وه‌ی ببێته‌ سه‌پان‌و ملكه‌چی كه‌سانی تر.ئه‌مه‌ش شوناسێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ژیانی ئه‌و شاعیره‌یه‌،كه‌ ئه‌ویش شكۆمه‌ندی ژیان‌وشه‌رم نه‌كردن‌و سڵنه‌كردنه‌وه‌ یه‌ له‌ كار كردن،ته‌نانه‌ت ئاشه‌وانیش. شانازیكردن به‌ كاركردن‌وشه‌رمنه‌كردن له‌ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و جه‌ماوه‌ریانه‌ی مرۆڤ له‌ نێو خه‌ڵكدا،خه‌سڵه‌تێكی جوانی مرۆڤه‌كانه‌،كه‌ ده‌شێ له‌ هه‌موویاندا به‌رجه‌سته‌ نه‌بێت.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر جار به‌شێك له‌ مرۆڤه‌كان،شه‌رم ده‌كه‌ن له‌وه‌ی شوناسی كاركردنی خۆیان ده‌ربخه‌ن،نه‌بادا خه‌ڵك به‌ چاوێكی نزمه‌وه‌ سه‌یریان بكات.كه‌چی قانع، وێرای ئه‌وه‌ی ئاشه‌وان بوه‌،هاوكات شانازیشی به‌ كارو پیشه‌ی خۆی كردوه‌.شوناسێكی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی دیكه‌ی قانعی شاعیر،به‌ خشنده‌یی بوه‌,قانع له‌ چه‌ندان شیعریدان، په‌رۆشی‌وخه‌مخۆری خۆی،بۆ كه‌سانی دیكه‌ ده‌رده‌بڕێت. ئه‌و وێرای نه‌هامه‌تیه‌كانی ژیانی خۆی،كه‌ چی له‌ خه‌می ژیانی هاوشوناسه‌كانی دایه‌.ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و شاعیره‌،نه‌رجسی‌وخۆپه‌رست نه‌بوه‌. به‌ڵكو كه‌سێكی میهره‌بان بوه‌و حه‌زی كردوه‌،دادپه‌روه‌ری‌و یه‌كسانی هه‌بێت‌و مرۆڤه‌كان،به‌ته‌نگ یه‌ كتریه‌وه‌ بێن.هه‌روه‌ك خۆشی له‌ دێره‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت:_

باسێ قات نه‌بێت خانوو سه‌راكه‌ت..

پاره‌ی قاتێكیان بده‌ براكه‌ت…

ئه‌مه‌ش په‌یامێكه‌ بۆ مرۆڤه‌كان،تاكو له‌ خه‌می یه‌كتری دابن.هاوكات هه‌وڵدانه‌ بۆ هێنانه‌ ئارای دنیایێكی یه‌كسان‌و دادپه‌روه‌ر.دنیایه‌ك كه‌ مرۆڤه‌كان هه‌موویان وه‌ك یه‌ك بژین.

sadiqrwandze@yahoo.com

 

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌(538)ڕۆژنامه‌ی هه‌واڵ ڕۆژی 21/9/2013بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…         

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.