لە رەخنەگرتن لە ئاسمان بۆ رەخنەگرتن لە زەوی
لە رەخنەگرتن لە ئاسمان بۆ رەخنەگرتن لە زەوی
کارل مارکس
دوای سڕینەوەی جیهانی ئەودیوی ڕاستییەکان، هەڵسەنگاندنی راستینەی ئێستایی جیهان ئەرکی مێژووە. ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەرکی فەلسەفەیە، کە ڕاژەی مێژوو دەکات.
خودی مرۆڤ خۆی دینی درووستکردوە ، نەک دین مرۆڤ درووستکردبێت. لە واقیعدا دین هوشیارییو هەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان خۆیانە، کاتێک نەیانتوانیوە چییەتیو ماناو بەهای خۆیان بدۆزنەوە، مرۆڤەکان کە کەمدەستبوون لە دۆزینەوەی خۆیاندا لە ڕێگەی دینەوە جارێکتر خودی خۆیان ونکردوەتەوە.
مرۆڤ بوونەوەرێکی ڕووت نییە، کە کەوتبێتە دەرەوەی جیهانێکی دروستکراوو هیچ کاریگەرییو توانایەکی نەبێت لەو جیهانە درووستکراوەدا. مرۆڤەکان خۆیان جیهانی مرۆڤن ، واتا جیهان بە بێ مرۆڤەکان مانایەکی نابێت، مرۆڤەکان خۆیان بە کارو چالاکیە پەرەسەندوەکانیان توانیویانە خۆیان رێکبخەن، دەوڵەتو کۆمەڵگاو مەدەنیەت درووستبکەن، بەڵام ئەم کۆمەڵگاو رێکخستنانە بێ کەوموکوڕی نیین، چوونکە مرۆڤ بە کامڵی درووستنەبووە، تا کارو چالاکیەکانیانو بەرهەمەکانیان کامڵ بێت، یەکێک لە ئەنجامی ئەم ناکامڵیەش درووستکردنی دینە؛ واتا دین ئەو هوشیارییو ئاگاییەکی ناتەواوی مرۆڤەکان خۆیانە. چوونکە مرۆڤەکان خۆیان لە خۆیاندا بە ناچارییو بۆ دۆزینەوەی ڕاستینەی خۆیانو دەوروبەریانو بارودۆخیان زۆر جار پەنایان بردوەتە بەر کۆمەڵە شتگەلێکی خەیاڵاویی بێ مانا.
دین تیۆرییایەکی گشتی جیهانی مرۆڤەکانە، کورتەیەکە لە فەرهەنگییان، داڕشتنی لۆژیکیی میللیانەیانە، ئەو لۆژیکەی کە بووە بە شەرەفێکی رۆحیان، بووە بە دڵنەواییان لە کاتی ئاستەنگو گێژەنگو ترسەکانیاندا، لە کاتی بێدەستییو کەماسییاندا بەسەر دەورپشتیاندا، بەسەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە بۆیان هاتوەتە گۆڕێ. دین لێکۆڵینەوەیەکی خەیاڵیی مرۆڤەکانە لە بەدوداگەڕانو بیرکردنەوە لە سەرچاوەی بوونیانو دۆزینەوەی مانای بوونیاندا.
کەواتە خەباتکردنو تێکۆشان دژی دین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، خەباتو تێکۆشانە دژی ئەو جیهانەی کە دین بۆنو بەرامێکی رۆحیی پێدەبەخشێت.
کوێرەورییو ستەمدیدەیی ژیانی مرۆڤەکان لە دیندا ڕەنگدەداتەوە، واتا ستەمدیدەیی دین گوزارشتە لە ستەمدیدەیی واقیع. دین ئارامیو پشووی خەڵکی ستەمدیدەو چەوساوەیە، دڵی ئەو جیهانەیە کە دڵی نییە، رۆحی ئەو کۆمەڵگایەیە کە رۆحی نییە؛ بۆیە دین بووە بە ئەفوینی خەڵک.
سڕینەوەی دین، بەو مانایەی کە سەرچاوەی بەختایریی خەیاڵیی خەڵکە، بە مانای داواکردنی بەختیاریەکی کردەییو واقیعیانەی ئەمڕۆیی دێت، بە مانای بەختیاریی دنیایی دێت.
سڕینەوەی دین، داواکردنە بۆ وازهێنان لە خەیاڵو دۆزینەوەی ڕەوشە واقیعێکەی، واتا چیتر دوای خەیاڵ نەکەوێت، چیی لە واقیعی ژیانیدا دەگوزەرێت کار لەسەر ئەوە بکات. رەخنەگرتن لە دین، ڕەخنەگرتنە لە بنچینە ئاشکراکەی ستەمدیدەیی مرۆڤەکان کە دین دەیشارێتەوەو مرۆڤ لە چاوەڕوانیەکی بێ هودەدا ڕادەگرێت.
ڕەخنەگرتن لە دین، واتا ڕەخنەگرتن لەو کەلپچەیەیی کە بە چەپکە گوڵی خەیاڵی داپۆشراوە، لە پێناوی ئەوەی کە مرۆڤەکان بتوانن واز لە کەلپچەکان بهێننو گوڵە زیندوەکان بچنن.
ڕەخنەگرتن لە دین خەیاڵپڵاویی مرۆڤەکان تێکدەشکێنێت، تا بیربکاتەوە، چالاک بێت، واقیعێکی ڕاستینەو دوور لە خەیاڵ درووستبکاتو خۆی بگەیەنیتێە ئاستی پیگەیشتنو کامڵی، واتا خۆی بگەیەنێتە ڕووناکی خۆرە ڕاستینەکە. دین هیچیتر نییە جگە لەو خۆرە خەیاڵیە نەبێت کە بەدەوری مرۆڤدا دەسوڕێتەوە، مادام مرۆڤ نەتوانێت بە دەوری خۆیدا بسوڕێتەوە، ئەوە ناچار خۆرێکی خەیاڵی دینی بە دەوری خۆیدا دەسوڕێنێتەوە.
کەواتە کاتێک دنیایی پشتەوەی ڕاستینە دەروخێنرێت، ئەرکی مێژووە ڕاستینەی ئەم جیهانە هەڵبسەنگێنێت. ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەرکی فەلسەفەیە، کە ڕاژەی مێژوو دەکات، دوای ئەوەی کە توانیی داگیرکردنی میشکی مرۆڤەکان لە لای خەیاڵپڵاویی ئەفسانەو دینەوە تێکبشکێنێتو دەمامکە پیرۆزەکە وەلابنێتو بیسڕێتەوە، بەم جۆرە ڕەخنە لە ئاسمانەوە گۆڕدرا بۆ ڕەخنە لە زەوی، ڕەخنە لە دین گۆردرا بۆ ڕەخنە لە مافەکان، ڕەخنە لە خواناسی گۆردرا بۆ ڕەخنە لە سیاسەت.
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=220739
لە عەرەبیەوە: جیهاد موحەمەد
سەرچاوە: حوار متەمەدن