Skip to Content

Friday, June 21st, 2024
حەوت چیڕچیرۆک …  محەمەد فەریق حەسەن

حەوت چیڕچیرۆک … محەمەد فەریق حەسەن

Closed

 

 

 

 

تووتییەکەی نەزهەت 

بەپێی بڕگەی ژمارە ئەوەندە، لە مادەی ژمارە ئەوەندەی، یاسای تاوانەکانی کۆماری تورکیا، بۆ ساڵی هەزار نۆسەدو ئەوەندە، دادگەی باڵای تاوانەکان، بڕیاری بەندکردنی بەسەر (نەزهەت قزڵقایە) دا دا، بۆ ماوەی ئەوەندە ساڵ، لە ڕۆژی بەندکردنییەوە. چونکە ئەو زمانێکی یاساغی فێری تووتییەکەی خۆی کردووە. بۆیە تووتییەکەی نەزهەت، بە زمانێک، کە بەپێی دەستوری هەمیشەیی کۆماری تورکیا یاساغە، بەدەنگی بەرز وتوویەتی: ((گوینایدن!)) وەختێ دەستەیەک پۆلیس بەنیازی پشکنین، سەریان بە ماڵەکەی نەزهەتدا کردووە. ئەم سزایە، تووتییەکەی ناوبراویش دەگرێتەوە، کە سێ ڕەنگی گوماناویی زەردو سەوزو سووری هەیە. بڕیاری دادگە، لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێ و قابیلی تێهەڵچوونەوە نییە. قەزاوەت تەواو…

دەستەیەک پۆلیس کە دوانیان باڵی نەزهەتیان گرتبوو، سێیەمیشیان توتییە سێ ڕەنگییەکەی ئەوی لە قەفەزێکدا هەڵگرتبوو، بەرلەوەی هۆڵی دادگە جێبێڵن، توتییەکە ئاوڕی لە هەیئەتی دادگە دایەوە، سێ جاران لەسەریەک، بە زمانە یاساغەکە قیڕاندی: ((ڕۆژ باش، ڕۆژ باش، ڕۆژ باش!))

کۆبنهاون

٨|١٠|٢٠١٣

 

فۆنەتیک

بەرلەوەی خۆی پێ بنێتە خوێندنگەکەوە، حیمایەکانی سیلەی شەقام و کۆڵانەکانیان گرتبوو. ئەو بە شکۆو سامەوە لەلایەن بەڕێوەبەرو مامۆستایانەوە، بەخێرهێنرا. زەنگ لێدرا، مەسوولەکە وانەی زمانی ئینگلیزیی ست شازان ی هەڵبژارد. مەسوول بە نەزاکەتەوە، داوای دانیشتنی لە کیژۆڵە خوێندکارەکان کردو لەڕیزی دواوە لەپاڵ کیژۆڵەیەکدا پاڵیدایەوە. ست شازان، کراسێکی هەناریی لەسەر تەنورەیەکی ڕەشی پلیسەکراوی نەختێک کورتی پۆشیبوو. ئەو دوای بەخێرهێننانی مەسوول، هاتەسەر وانەی (فۆنێتیکس)* ئەو لەسەر یەکێک لە دەنگەکان چەندان نموونەی هێنایەوە. داوایشی لە خوێندکاران کرد، خۆیان سەرو نموونە بهێننەوە، کە ئەو دەنگەی تێدابێ، پاشان بێنە سەر تەختە، وشەکەو دەنگی وشەکە بنووسن. خۆیشی نەرمونیان هەڵەکانی بۆ ڕاستدەکردنەوە. پرچی زەردی مێشکراوی شازان، ڕژابووە سەر کراسە هەنارییەکەی. ئەو بەکەپووی قنجەوە، وەک خوارئاواییەک دەردەکەوت. تیلەی چاوە شینەکانیشی لە مەسوول بوو. مەبەستی بوو خۆشنوودی لە ڕوخساری ئەودا بخوێنێتەوە، کە یەک لەباری خوێندکاران وانەیەکی ئاسان نەبوو. بەرلەوەی زەنگی پشوو لێبدا، مەسوول هاتە پێشی پۆل، گەرچی دوو پەنجەیش باڵای کورتربوو، لەپاڵ ست شازاندا وەستاو، کەوانەیی خەندەیەکی خستە سەر لێوانی، لەسەرخۆ دەستی بە قژە بە (بلاک) بۆیەکراوەکەیدا هێنا، وتی: ((ماشەڵڵای لێبێ، مامۆستاکەتان لە فۆنەتیکدا بلیمەتە! کچینە ئێوە بەختەوەرن کە مامۆستایەکی وەها شارەزاتان هەیە!))

سەرنج: بەرپرسەکە بڕوانامەی شەشی سەرەتایی هەبوو!

، زانستیی دەنگ (علم الصوت)Phonetic*

کۆبنهاون

١٤|١٠|٢٠١٣ 

 

دوو تاوان

من لەپێش ماممەوە ڕێمدەکرد. بەپێی ڕێنمایییەکانی ئەو، گا بۆ دۆڵێکی هێمن شۆڕدەبووینەوە گا بە یاڵێکی سووری، بە تاشەبەردو دەوەن و دارگۆیژدا سەردەکەوتین. من بنهەنگڵم لە ئارەقەدا زڵچەی دەهات. لە تینواندا لێوم وشک، تفەنگە ڕاوییەکەیش بە شانی منەوە بوو. پێم شەرم بوو بە مامم بڵێم، من ماندووم با پشوویەک بدەین. ئەوی لە حەفتا بەرەوژوورو منی قوتابیی پەیمانگە، کە بەبۆنەی پشووی سەری ساڵەوە بەسەردان هاتبووم. لەگەڵ ئەوەشدا، بەئاگایییەوە چاوم ورددەکردەوە. لەپڕ تفەنگەکەم لە شانم داگرت، لوولەکەیم کردە ئەو جێیەی سەری سوێسکەیەکی هەڵنیشتووم تێدا بینی. مامم پێمگەیشتەوەو چپاندی: ((نەکەی شلەشاری، نەخۆشی دەخەی!)) ((ئەوە سوێسکەیەکە لەناو ئەو کەڵەکە بەردەدا!)) منیش وەک هەنگم لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە، هەر بەچپە وەڵامم دایەوە. کەچی ئەو ئاسایی چپاندی: ((ئاگادارم، لەجێی خۆت بوەستە و هەقت نەبێ!)) من وەستام و مامم چۆغەکەی داکەن. بەپێچەوانەوە، دەستەکانی لە قۆڵەکانی هەڵکێشا، بێئەوەی دەنگی پێی بێت جووڵا. چۆغەکەی بەکونی کەڵەکە بەردەکەوە ناو، من گوێم لە زڕەی باڵی سوێسکە نەبوو. چۆغەکەی بە گرمۆڵەکراوی هێنایەوە، وتی: ((ئەوەتا لێرەدا. ئەمجا نۆرەی تۆیە!)) ((من چی بکەم مامە؟)) ((دەستەسڕەکەم لێرەدایە، بڕۆ چی هێلکە لە هێلانەکەدایە تێیکەو بیهێنە!)) لە گیرفانی ڕانکەکەیدا دەستەسڕێکم دەرهێا، نزیکەی یەک مەتر دووجا بوو. هێلکەکان نۆزدە دانە بوون، هەموویانم تێکردو گەڕامەوە. چ تاوانێک بوو، ئێوارە سوێسکەکەیان بە کوڵاوی بۆ من و مامم دانا؟ تاوانی گەورەتر ئەوەیان بوو، کە ئامۆژنم درکاندنی: ((جاخۆ هەموو هێڵکەکان پیس بوون!))

کۆبنهاون

١٥|١٠|٢٠١٣ 

 

دەرمان

هێشتا لەو هەندەرانە خوێندکاری زانکۆ بوو، کە گەورەتریین کارگەی دەرمانی ئەوێ بەڵێنی پێدا، پرۆژەیەک بخاتە بەردەستی، بەو مەرجەی ئەویش داهێنانەکانی خۆی بخاتە بەردەستی کارگەکە، بەڵام ئەو وتی: ((من بەنیازم بگەڕێمەوە بۆ وڵاتی خۆم، ئەوەی لێرە فێری بووم لەوێ بیخەمەکار. پێموایە ئێوە شارەزاتان زۆرەو پێویستیتان بە من نییە.)) ئەو ڕۆژەی بەپلەی نایاب بڕوانامەکەی پەسەند کرا، لە خۆشیاندا قەند لە دڵیدا دەتوایەوە. پاش هەفتەیەک گەڕایەوە بۆ نیشتمان. ((بەری هەر شتێک، تۆ دەبێ بڕوانامەکەت لەگەڵ زانکۆی ئێمەدا هاوتاکەی!)) ئاوایان وت، کاتێک ئەو داوای پێشکەش کردن، تاکو وەک مامۆستای زانکۆ کاربکات. ((هاوتا؟ ئەو زانکۆیەی کە من لێم خوێندووە لە ڕیزی باشترین سەد زانکۆی جیهاندایەو ئەم زانکۆیە لە ڕیزی پێنهەزارەمیشدا نییە!)) سەبارەت بە چێکردنی کارگەی دەرمانیش، بەرپرسەکە بەدەم نێرگەلە کێشانەوە وتی: ((من کاتم بەدەستەوە نییە، بێ پێچ و پەنا، بەمەرجێک ڕێت پێدەدەم، کارگەی دەرمان دابمەزرێنی، نیوە بە نیوە هاوبەش بین!)) کاتێک حاڵومەسەلەی بۆ باوکی گێڕایەوە، بەدەست و سەری لەرزیوەوە وتی: (( خۆ ئێمە هەزاران ساڵە خزمەتی بیانی دەکەین. پێوەندی بە کارگەکەی هەندەرانەوە بکەو نیشتمان لەبیر خۆت بەرەوە!)) بەڵام ئەو…

کۆبنهاون

٢١|١٠|٢٠١٣

 

دۆینە

بەدوای باپیرمدا، بەلارەلار، پیرێکی چڵکنی ڕیشهاتووی شڕپۆشی لەرزۆکی دەست بە گۆچانیش ئەمدیو بوو. ئەوان هێشتا لە سنووی حەوشە فراوانەکەدا بوون، کە باپیرم هاواری لێ هەڵسا ((شەمە، نانی بۆ تیکە نان!)) شەمسەی نەنکم لە موبەقەکەوە، حاڵی بوو، دەمودەست بە دەنگە تیژەکەی خۆی وەڵامی دایەوە ((دۆینەم لێناوە، ئەمڕۆ هەر ئەوە شک دەبەم!)) پیاوە شڕپۆشەکە بە بیستنی وشەی دۆینە، زڵچە زڵچ زاری پڕ بوو لەئاو. باپیریشم وتی: ((خوا نەیبڕێ، لێی مەوەستە شەمە، دۆینەی بۆ تێکە! بۆ منیش!)) ئەوان ڕوویان کردە بەرمیلە ئاوی دەم گونجەکە، دەستوپلی خۆیان بشۆرن. منیش کتێبەکەم داناو بەخاولییەکەوە بەرەو لایان چووم.

کۆبنهاون

٢١|١٠|٢٠١٣

 

من تاوانم چییە؟

جەنابی جێگری، جەنابی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگە، یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە سەرەتاییەکاندا گرێدا. ئەو بە پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن دەستی بە وتەکانی کرد. لەیادی بوو، مزگێنیشیان بداتێ کە بەم زوانە بەسەرکەوتوویی لە جەنگی قادسیە دێینەدەرێ و داوای تەمەنی درێژیشی بۆ سەرکردەی تەواوی نەتەوەی عەرەب سەددام حسێن کرد، خوا پیپارێزێ. بەڕێوەبەرەکانیش بە ئەدایەکی موزیکیی بەرز، پێکەوە وتیان (ئامیییین!) پاشان هەر یەکە باسی کەموکووڕییەکانی قوتابخانەکەی خۆی بۆ کرد. جەنابی جێگریش بەگوێی مووچەوە، سەرەقەڵەمی یاداشت دەکرد. داواکاریەکانی بەڕێوەبەرەیل کۆتایییان نەدەهات. لەپڕ جێگر هاڕاندی ((بەس بەس، ئەرێ ئێوە بۆ دانوستان هاتوون، یان بۆ کۆبوونەوە؟)) ماوەیەک بێدەنگ بوو، ئەوجا ئەویش بە زمانێکی نەرم، شەکوای حاڵی خۆی بۆ کردن: ((ئازیزانم، ئەدی ئێوە پێمناڵێن من تاوانم چییە، کە حەوت دانە ساڵی ڕەبەقە حەوزە وشکەکەم نەدیوە؟))*

(*)حەوزە وشکەکە، بازاڕێکی قەرەباڵغە لە شاری سلێمانی، بەعسییەکان نەیاندەوێرا ڕووی تێبکەن نەبادا لەوێدا زەفەریان پێ بهێنرێ.

کۆبنهاون

٢١|١٠|٢٠١٣

 

قارەمانی گەل

بە بیرەوەریی خۆم، شارەکەم وەها بە خورۆشاوی نەدیبوو. منیش تامەزرۆی بینینی ئەو بووم کە چەندان ساڵ بەچیا بەرزەکانەوە بەرەنگاربوو. خۆشنوودبووم کە بەکامێرای خۆم وێنەیەکی ئەوم لەناو ئوتومبیلە کەشخەکەیدا گرت، کاتێک ئەو ڕووەو خەڵک دەستی سڵاوی بەرزبوو. وتار دەدا، وتار نادا. لادەدا، لانادا. دەچێتە بارەگای حزب، ناچێتە… سەری گۆڕستانی شەهیدان دەدا، سەر نادا. کاتێک ئەو، گەیشتە بن ئەو تاقە بەشکۆیەی کە بە لقی داربەڕوو، دارگوێزو دارهەنار بۆیان لێدابوو، من خێرا مەڕی خۆم گەیاندە نزیک پێچکەی ئوتومبیلەکەی و چەقۆم بە ملیدا هێنا. قارەمان، بەژێر گوڵباران و بژی بژیی ئەو خەڵکەدا، کە هەتا هێزیان تێدابوو دەیانقیڕان ڕێی دەبڕی و بەدەم بزەی ویقارەوە دەستی سڵاوی دەجووڵان. ئەو نە لە بارەگای حزبەکەی خۆی لایدا، نە لە گۆڕستانی شەهیدان، نە وتاریشی بۆ خەڵک دا. دەیان چەکداری ناوچاوان گرژیش لەدەوری دەسووڕانەوە، کاتێک کەژاوەی ئوتومبیلەکانی گەیشتە پێش مەزنە کۆشکێک. لەوێ سەیوان بەگی ئەنفال، لەناو دەستوپێوەنی خۆیدا، لەپێش دەروازەی کۆشکەکەی چاوەڕوانی بوو. ئەو سەیوان بەگەی کە زۆرترین کەسوکاری ئێمەی ئەنفال کرد. سەیوان بەگ، بە دەستی خۆی داواکارییەکانی جەماوەی وەرگرت، تاکو بیانگەیەنێتە قارەمانی گەل. من ئاوا ڕێوڕەسمی پێشوازیم بۆ باوکم گێڕایەوە، ئەویش بەدەم هەناسەی ساردەوە وتی: ((من خەمی ئەو مەڕەمە کە تۆ لەبەر پێیدا سەرت بڕی و نەمدا بە ئایشێی خوشکت!))

کۆبنهاون

٢١|١٠|٢٠١٣

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.