ماڵه‌كه‌ی لاسیا … سیروان كه‌ریم
((به‌ره‌ڵام و بێ پلۆتم))
“ئه‌م وشانه پێش چیرۆكه‌كه كه‌وتن.”
ده‌یان جار ویستوومه خۆم بگێڕمه‌وه. فێستیفاڵه‌كه هه‌لێكی باشه، بێ پلۆت چیرۆكه‌كه‌م بگێڕمه‌وه. خۆم له ئه‌سڵدا به‌ره‌ڵام و بێ پلۆتم. مرۆیه‌كم بێمنه‌تانه مه‌نه‌لۆگانه ده‌ژیم. نووسینه‌كه‌یشم نه‌چێته ململانێوه، قه‌یدی نییه وه‌كو پیاوێك ده‌ینێمه بان خۆمه‌وه. پێتان خۆش نییه، زنجیری پانتۆڵه‌كانتان بكه‌نه‌وه و میزم پیاكه‌ن، كه‌یفخۆشم ده‌بم و حه‌ز به‌و گه‌مه‌یه ده‌كه‌م. یه‌عنی كچێكم، خۆشبه‌ختانه به‌شی هه‌مووتان ده‌كه‌م، به‌ڵام یه‌ك جار!… ته نها جارێك و ته‌واو.
ئه‌و ڕۆژانه‌ی ناچمه سه‌ركاره‌كه‌م، چرووت ده‌كێشم و دووكه‌ڵه‌كه‌ی به حه‌وادا ده‌كه‌م. له‌و كاتانه‌دا ده‌ماخم پڕ ده‌بێت له ژاوه‌ژاو. به ده‌نگێكی هێواش گۆرانی ده‌ڵێم. كه‌س گوێی له گۆرانێكه نابێ، خۆم نه‌بێ…
خۆشمه‌شره‌بم. كه‌سم پێناخه‌ڵه‌تێ، به خوێنه‌ری ئه‌م چیرۆكه‌شه‌وه، كه بێ گرێ ده‌ینووسمه‌وه. جه‌سته و ڕوخسارم، وه‌سیله‌یه‌كی باشن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو پشیله‌ی دوورگه‌كانی نیپاڵ ده‌سته‌مۆتان كه‌م. دووڕووم. سه‌رسامم به‌و كه‌سانه‌ی ماوه‌یه‌كی درێژ له‌گه‌ڵما ده‌مێننه‌وه، بی ئه‌وه‌ی ئاویان بڕژێ… واش نیم. گوناهم، شایانی به‌زه‌یی ئێوه‌م.
ده‌ژیم و گوێ ناده‌مه ئه‌و ئافره‌تانه‌ی ته‌نها له نوسیندا ڕووت و زمان سفورن…! ئاوهام. وتم: به‌ره‌ڵام و بێ پلۆتم. مه‌نه‌لۆگانه‌ش ده‌ژیم. زۆر شتم. له خۆمه‌وه به‌ربوومه‌وه سه‌ر ئه‌م شته عه‌نتیكه‌یه، زه‌وی.
له ماڵه‌وه‌م به ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌كه‌وه، دوودڵم له په‌نجه‌ره‌كه‌وه سه‌رم بهێنمه ده‌ره‌وه. له په‌نجه‌ره‌كه‌وه میوه‌فرۆش و سواڵكه‌ره‌كان و قومارچییه‌كان ده‌بینم…(لیم) و عه‌ره‌بانه‌كه‌یشی ده‌بینم.
له‌م بازاڕه قه‌ره‌باڵه‌غه‌دا… ته‌نیام.
ده‌نگه‌كه، نایه‌ڵێت زیاتر ته‌نیا بم. ده‌نگه‌كه كێیه؟
نازانم…
تلیاك ده‌كێشم.
” ببورن، ئه‌م وشانه‌پێش چیرۆكه‌كه كه‌وتم.”
((هیچ شتێك وه‌ك خۆی نابینم))
هه‌موو شاره‌كانی بریتانیا ده‌نگێكیان تیایه، جیاواز له شاره‌كانی دی، به تایبه‌ت شاری گڵۆستر(Gloucester)، كه پڕه له هه‌راوزه‌نا و ده‌نگی جۆراوجۆر… پێده‌چێت ده‌نگه‌كانی ناو ئه‌م شاره، هه‌مووی له‌م بازاڕه قه‌ره‌باڵه‌غه‌دا كۆ بووبێته‌وه. ده‌نگه‌كان به ئاسانی دیوار و په‌نجه‌ره و ده‌رگاكان ده‌بڕن و دێنه ماڵه‌كه‌م و ده‌چنه ده‌ماغمه‌وه.
ده‌نگێك دێته گوێمه‌وه، دڵنیا نیم ئه‌وه، یان نا، ئه‌گه‌ر ئه‌و بێت، پێده‌چێت نه‌توانم بانگی بكه‌م؟ “نه‌توانم بیگرم و په‌نجه‌كانی ماچ بكه‌م.” له‌ناكاو ده‌نگه‌كه نامێنێ و كه‌س تێپه‌ڕ نابێت. گوێ ده‌گرم و ده‌نگه‌كه دووباره نابێته‌وه. پێده‌چێت دایكم بێت و له بڵێت؟
نا، دایكم نییه. له حه‌وشه‌كه‌دا گۆرانی
پیاوه‌كه‌یه!
ئه‌و پیاوه‌ی، پێڵاوی چه‌رمی (ئیتاڵی) و جلی ماركه‌ی (دیزڵ) و بۆنی (پاریس) به خۆیه‌وه ده‌كات، به‌ڵام هیچ ڕۆژێك گۆره‌وی له پێ ناكات… ده‌نگی ئه‌و نییه. ئه‌و بێت، په‌نجه ده‌نێت به زه‌نگه‌كه‌دا…
كه‌س ئه‌م به‌یانییه، وه‌ك من به ته‌نیا گوێ ناگرێت و به دوای ئه‌و ده‌نگانه‌دا ناگه‌ڕێت. ده‌ترسم خۆیان به ماڵێكی دی‌دا بكه‌ن و ئاگایان له‌م چاوه‌ڕوانییه نه‌فره‌تییه‌م نه‌بێت. ئاوها! به دیار خۆم و ئه‌م كورسییه دارینه‌وه بیریان لێ ده‌كه‌مه‌وه.
دوودڵم سه‌رم له په‌نجه‌ره‌كه بهێنمه ده‌ره‌وه. خه‌م له‌وه ده‌خۆم، عه‌ره‌بانچییه قه‌مبوره‌كه‌ی ئه‌وبه‌ری ماڵه‌كه‌م بمبینێ و غایله‌ی خراپم لێ بكات. چه‌ند جارێك كیلۆنی په‌نجه‌ره‌كه ده‌جووڵێنم. به چاوه‌كانم له بازاڕه‌كه‌دا زۆر شت ده‌بینم، میوه‌فرۆشه‌كان، قورمارچییه‌كان، سواڵكه‌ره‌كان، یان ئه‌وانه‌ی، كه نازانن بۆ چ هاتوون بۆ بازاڕ. خه‌ڵكه‌كه به پیاده و له‌سه‌رخۆ بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ له من بده‌نه‌وه، ده‌ڕۆن… له نیگاما كاڵ به‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌دا هه‌نگاو ده‌نێن، به‌ڵام كه‌س وه‌ك من په‌له‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی نییه. ده‌نگه‌كان كه‌لله‌سه‌رم سڕ ده‌كه‌ن. له ئێستادا هه‌موو شته‌كان ده‌نگیان هه‌یه له ماڵه‌كه‌مدا، گڵۆپه‌كان، سێبه‌ره‌كان، تابلۆكان، جله‌كانم. هه‌موویان ده‌نگیان هه‌یه. بیر ده‌كه‌مه‌وه، بێده‌نگی خۆی ده‌نگه. ته‌نیایی خۆی ده‌نگه… ده‌نگه… ده‌نگه… ده‌نگه…
دایكم به ڕوخسارێكی ئاره‌قاوی و جلێكی قوڕاوییه‌وه، له چاڵه‌كه‌ی ناو حه‌وشه‌كه‌وه بانگ ده‌كات:”كچم ده‌نگی چی؟ شێت بوویت؟” له ترساندا گوێیه‌كانم توند ده‌گرم و له جێگه‌ی خۆم داده‌نیشم… پاش ئێستێك له باڵكۆنه‌كه‌وه ته‌ماشایه‌كی حه‌وشه ده‌كه‌م، هیچ هیچ نابینم، ته‌نها چه‌ند جۆرێك گوڵی پلاستیك نه‌بێت، وه‌ك مردوویه‌ك له‌سه‌ر خۆڵه‌كه، بێده‌نگ بێده‌نگ ڕاكشاون…
چه‌كوشه‌كه ده‌كێشێت به بنكی پێڵاوه‌كاندا و بزماره‌كان ڕێك ده‌چه‌قنه ده‌ماغم. پینه دۆزه‌كه به‌رده‌وام ده‌كێشێت به پێڵاوه‌كاندا، خۆیشی پێیه‌كانی بڕاونه‌ته‌وه. به‌یانیه‌كیان چوومه لای و گووتی:” ئه‌گه‌ر پێم هه‌بووایه، كچی خۆم، به‌و ئه‌ندازه‌یه خۆشه‌ویستیم بۆ پیڵاوه‌كان نه‌ده‌بوو. كچم، نانی پێڵاو، پاكترین جۆری نانه كه له بریتانیا په‌یدا ده‌كرێت. كچم ئاوهایه، مرۆڤ، كه چاوی نه‌بوو، ئینجا حه‌ز به چاویلكه ده‌كات كچی خۆم…” له‌م كاته‌دا ده‌كێشێت به بنكی پیڵاوێكدا، ژماره‌كه‌ی( 39)یه… پێڵاوه‌كانی خۆمه.
كه‌س وه‌ك من؟
“…………..، ………….!”
گڵاسه شه‌رابه‌كه هه‌ڵده‌قووڕێنم. پێناچێت ته‌مه‌نی زۆر بێت، به‌ڵام تامه‌كه‌ی نا، ڕه‌نگه‌كه‌ی له‌به‌ردڵانه. حه‌یف! كه‌س ناڵیت چاوه شه‌رابییه‌كانت بۆ هێنده خه‌مگینن! نا، چاوه‌كانم خه‌مگین نین، چاوه‌كانم ته‌نیان، ئه‌م به‌یانییه ته‌نیان.
مێزی ته‌والێته‌كه خاوێن ده‌كه‌مه‌وه، وێنه ڕه‌شوسپییه نیوه‌ڕووته‌كه‌ی سه‌ر مێزه‌كه‌م ده‌سڕمه‌وه. به‌شێك له میكیاجه كۆنه‌كان، بێ دوودڵی فڕێ ده‌ده‌مه ناو سه‌به‌ته‌ی خۆڵه‌كه‌وه. سه‌رم شۆڕشۆڕ ده‌كه‌مه‌وه و هێڵنج ده‌ده‌م. هیچ شتێك وه‌ك خۆی نابینم . بیرم ده‌كه‌وێته‌وه نانی ئه‌م بهیانییهم نه‌خواردووه. ده‌چمه مۆبه‌قه‌كه، بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌مه پشیله‌كه‌م، كانوو (Kanw) وه‌ستاوه و په‌نیرێكی ( كیری ) به ده‌مه‌وه گرتووه و زمانی پیا دێنێ. له‌سه‌رخۆ چه‌ند تیكه‌یه‌ك له هه‌نگوینه‌كه ده‌خۆم. ده‌رگای مۆبه‌قه‌كه به كراوه‌یی جێ ده‌هێڵم، به خاتری ئه‌وه‌ی ده‌نگی جیڕه‌ی نه‌یه‌ته گوێمه‌وه. قژه سووره‌كه‌م پشكاوه. هه‌وڵ ده‌ده‌م حیله بكه‌م، نه‌چمه به‌ر ئاوێنه‌كه. خۆ دڵنیام له‌وه‌ی كه‌س نایاته لام. له‌ناكاو ده‌ست به سكما دێنم و حه‌ز به منداڵێك ده‌كه‌م. شتێك له‌و كاته‌دا په‌شیمانم ده‌كاته‌وه. په‌شیمانییه‌كه ڕه‌نگه ئه‌وه بیت، منداڵه‌كه باوكه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی نه‌ناسێته‌وه… ڕه‌نگه دایكشی!
((بارانه‌كه به‌ر باڵه‌كانم ده‌كه‌وێت و له خۆمه‌وه پێده‌كه‌نم))
دڵم پڕه و له ڕوخسارما ئه‌مه نابینرێت. له‌سه‌رخۆ له‌سه‌ر پشت ڕاده‌كشێم، بالیفه مه‌خمه‌ڵێكه له‌ژێر پووزی قاچه‌كانما داده‌نێم، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م حاڵه‌ته كه‌مێك له‌ززه‌ت بكه‌م. قاچم به حه‌وادا ده‌كه‌م و ته‌زوویه‌كی تیژتێپه‌ڕ به گیانمدا ده‌ڕوات. شوێنی چه‌ند په‌ڵه‌یه‌كی مه‌یله‌ومۆر له‌سه‌ر لاڕانی چه‌پم ده‌بینم. له دڵی خۆمدا ده‌ڵێم ئه‌وه شوێنده‌می سواڵكه‌ره‌كه بوو، كه ده‌یگوت:”ده‌ترسم تۆ ئه‌و بییت.” هه‌ردوو مه‌مكمی ده‌گووشی و ده‌گریا، ده‌ستی به زۆر شوێنما هێنا، په‌نجه‌كانم ده‌خسته سه‌ر دڵی و ده‌مگوت: “تۆ چ ئاوه‌دانی كوڕه!” دوایی ئاوه لیقه‌كه‌ی ڕشته سه‌ر چه‌رچه‌فه‌كه و بێ ئه‌وه‌ی جله‌كانی ژێره‌وه بكاته‌وه به‌ری، ڕۆیشت… ئیدی نه‌مبینییه‌وه… له‌م كاته‌دا قاچه‌كانم داده‌گرم و چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌ڵده‌مژم. له‌و هه‌شت كتێبه‌ی سه‌ر مێزه دارینه‌كه، كتێبێكی (جاك له‌نده‌ن) ده‌گرمه ده‌ستمه‌وه. له په‌نجه‌ره‌كه‌وه بارانه‌كه ده‌بینم و كتێبه‌كه له شوێنی خۆی داده‌نێمه‌وه. ده‌ستم ده‌هێنمه ده‌ره‌وه، بارانه‌كه به‌ر باڵه‌كانم ده‌كه‌وێت و له خۆمه‌وه پێده‌كه‌نم. حه‌ز ناكه‌م كه‌س له ده‌ره‌وه ئه‌م دیمه‌نه ببینێ. خۆشه له منداڵیمه‌وه، تا بارینی ئه‌م بارانه‌ش چه‌ترم نییه. منداڵێك له‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه باوكی ئاگادار ده‌كاته‌وه. ته‌ماشام بكات. په‌نجه‌ره‌كه داده‌خه‌م، نازانم بینیمی، یان نا؟ هه‌ر له خۆمه‌وه ده‌ڵێم: ده‌بێت ئه‌و منداڵه ناوی چ بێت؟ ڕوخساری ئه‌و له‌گه‌ڵ ناوی كان (Kan)دا ده‌گونجێت، كۆنه دراوسێكه‌مان، ئه‌وه‌ی دووكانی پێسته‌خۆشكردنیان هه‌بوو، له شه‌قامی لیزا (Liza)، بیرمه له كاتی یاریكردن له‌گه‌ڵ سه‌گه‌كه‌یا، له به‌یانییه‌كی ته‌مدا، به كاره‌ساتی ئۆتۆمبێل مردن. باوكی له داخانا، پرسه‌ی بۆ دانه‌نا و ماوه‌یه‌ك دوای ئه‌و ڕووداوه شێت بوو. ئیدی نازانم چی لێ به‌سه‌ر هات. له‌سه‌رخۆ و به ده‌نگێكی هێواش ده‌ڵێم: مردن…
ئه‌و ژووره به‌جێ دێڵم. له‌سه‌ر قه‌نه‌فه دارگوێزه‌كه داده‌نیشم و بڕیار ده‌ده‌م نه‌چمه ده‌ره‌وه. ئه‌م به‌یانییه نه‌چمه بازاڕ، دوای چوار ساڵ، یه‌كه‌مجارمه میوه‌فرۆش و قاوه‌خانه و ورده‌واڵه فرۆشه‌كان نه‌بینم. ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانم ده‌ردێنم له دۆڵابه‌كه و له لاپه‌ڕه‌یه‌كدا ئه‌م ڕسته‌یه ده‌نووسم:
“من (لاسیا)، دوایی چوار ساڵ، ئه‌م به‌یانییه ناچمه ده‌ره‌وه.”
بۆ ناچمه ده‌ره‌وه؟
((له مه‌مكه‌كانمه‌وه حه‌ز به‌وه ده‌كه‌م شیر بڕژێ))
ده‌چمه گه‌رماوه‌كه‌وه، جله‌كانی ژێره‌وه‌م ده‌گۆڕم و له ئاوێنه‌ی گه‌رماوه‌كه‌وه سه‌یری جه‌سته ڕووته‌كه‌م ده‌كه‌م. ده‌ست له شوێنه نه‌رمه‌كان ده‌ده‌م. ده‌سته‌كانم له شێوه‌ی زه‌ڕبا له‌سه‌ر مه‌مكه بچكۆله‌كانم داده‌نێم، له مه‌مكه‌كانمه‌وه‌حه‌ز به‌وه ده‌كه‌م شیر بڕژێ. ئاوه‌كه به گیانما ده‌ڕژێته خوارێ، هه‌ڵمه‌كه به ئاسمانی گه‌رماوه‌كه‌دا بۆ سه‌ره‌وه ده‌ڕوات. قژه ڕه‌شه‌كه‌م ئاوا به ته‌ڕیی جوانتره. بڕیار ده‌ده‌م ئاوێنه‌ی گه‌رماوه‌كه به‌رمه باڵكۆنه‌كه. بڕوا به‌وه دێنم، ئه‌م ئاوێنه‌یه جیاواز له ئاوێنه‌كانی دی نیشانم ده‌دا… (لاسیا)، لێره جوانتره. خاولییه‌كه‌م له خۆم ده‌ئاڵێنم. به ته‌نیشت په‌یكه‌ره‌كانی گه‌رماوه‌كه‌دا ده‌ڕۆم و له ژووی دانیشتنه‌كه‌م ده‌مه‌وێت كاسێتێكی مۆسیقیی كلاسیك بخه‌مه سه‌ر قه‌وانه‌كه. له په‌نجه بچوكه‌كه‌مه‌وه خوێن ده‌ڕژێت، خوێنی په‌نجه‌م ده‌تكێ و ئاوێنه‌كه‌ش له جێی خۆیه‌تی. ئاه! لێواری په‌یكه‌ره‌كه په‌نجه بچووكه‌كه‌ی بڕیم. ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه په‌یكه‌ره‌كه جووڵا بێت. ده‌گه‌ڕێمه‌وه لای په‌یكه‌ره‌كه و چه‌ند دڵۆپه خوێنیكی وردی پێوه‌یه. په‌یكه‌ره‌كه ده‌مترسێنێ. خوێنه‌كه ده‌سڕم، ڕه‌نگی خوێنه‌كه تۆختر بوو له خوێنی په‌رده‌ی كچێنێم! ئاوها ختوره‌یه‌ك به زیهنما دێت و نامێنێت.
په‌یكه‌ره‌كه نه‌جووڵاوه، ڕێك له جێی خۆیه‌تی…
كه‌س بیرم لێ ناكاته‌وه، دایكیشم…
گوێم ده‌زرنگێته‌وه. ده‌نگه‌كه ده‌بیستم.
به ڕووتی ده‌گریم و فرمێسكه‌كانم ناسڕم. حه‌ز به‌وه ده‌كه‌م ئاوها ساده بگریم. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر چێژ له ڕووتیم ببینم، له دوای ئه‌م مۆسیقایه، وه‌سێتنامه ده‌نگییه‌كه‌ی باوكم ده‌خه‌مه سه‌ر قه‌وانه‌كه. دوای چه‌ندین ساڵ له مردنی باوكم، جارێكی دی گوێم له ده‌نگی باوكم ده‌بێته‌وه. له‌م كاته‌دا توانای به‌رگه‌گرتنم نییه له فرمێسكه‌كانم.
باوكم… له گۆڕستانی ئه‌ریستۆكراتییه‌كان نێژراوه، ئه‌مه‌م پێخۆش نییه، مردووه هه‌ژاره‌كان دراوسێت بن باشتره. ئه‌و چه‌ند ساڵێك دوایی خانه‌نشینی، ئێواره‌یه‌ك له كه‌نیسه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ری ماڵه كۆنه‌كه‌ی خۆماندا له‌ناو ته‌قوایه‌كی ئیمانیدا ده‌مرێت. ئیدی نازانم پرسه‌كه‌ی چۆن بووه؟ كێ چووه بۆ ماڵمان؟ ئه‌و شه‌وه‌ی هه‌واڵی مردنه‌كه‌یم پێگه‌یی، خه‌ریكی كێشانی تلیاكی ڕه‌ش بووم، وابزانم كه‌مێك ده‌ستم شل بوو… باوكم پێشتر چه‌ندین شار و دوورگه و وڵات به دوامدا گه‌ڕابوو. له‌وه بێ‌ئاگا بوو كچه تاقانه‌كه‌ی سۆزانییه و نیوه‌ی پیاوه‌كانی دنیای ناوه‌ته بان خۆیه‌وه. ئه‌و ساڵێك به‌ر له مردنی، ئه‌م وه‌سێتنامه ده‌نگییه‌ی تۆمار كرد. (لاسیا)، دوای دوو ساڵ، ئینجا بۆ باوكی ده‌گری.
دایكم كاسێتكه‌ی دایه ده‌ستم و گوتی:”كچم، ته‌نها ئه‌مه میراته‌كه‌ی باوكته بۆ تۆ.”
دوودڵ بووم له وه‌رگرتنی كاسێته‌كه. ده‌ستم له‌رزی. قوڕم گیرا. دایكم توڕه بوو. دوایی ماچی كردم…
گریام.
جله‌كانم له به‌ر كرد و هه‌ڵاژام. هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له ئێستا دایكم شوێنه‌كه‌ی دۆزیمه‌وه. هاته ماڵه‌كه‌م و به‌سه‌رما گریا. ته‌واو پیر ببوو، له‌و ژنانه‌ی نه‌ده‌كرد له دوای مردنی پیاوه‌كانیان خیانه‌تیان كردبێت. دایكمم به گریان برده ژووری نووستنه‌كه‌مه‌وه. هه‌موو جه‌سته شه‌كه‌ته‌كه‌یم لێسایه‌وه. گۆی مه‌مكه‌كانیم مژیی. له دڵی خۆمدا وتم ده‌ڵێت كچم بۆ گۆی مه‌مكه‌كانم ده‌مژی؟ به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی نه‌كرد…
زمانم به ڕوخساریا هێنا. كه‌شفی جه‌سته‌ی كردم و گوتی:”لاسیا كچه‌كه‌م، بۆنی پیاوانت لێ دێت.” چاوی به ژووره‌كه‌مدا خشاند و ستیانه هه‌ڵواسراوه‌كانی گوشی به خۆیه‌وه:”ئه‌مه چ كارێكه لاسیا، تێناگه‌م له كوێدام، له ماڵی كێدام، له ماڵی قه‌شه‌یه‌كی ئه‌م دونیایه‌م؟ یان له ماڵی كچه سۆزانییه‌ك؟!” دایكم له نائاگایدا ئه‌م قسانه‌ی كرد. ده‌نووزایه‌وه… سه‌ری خۆی ده‌كێشا به هه‌موو شتێكا. له خه‌فه‌تانا نیوه‌ی ماڵه‌كه‌ی پشكاند و وێنه ڕووته‌كانمی دۆزییه‌وه، كه به‌سه‌ر جه‌سته‌ی پیاوانه‌وه گرتبوومیان. ویستی كتێبه‌كانی سه‌ر مێزه‌كه‌م فڕێ بدات، په‌شیمان بوویه‌وه. ئه‌و وێنانه‌م بینی، یه‌كه‌م پیاوم هاته‌وه یاد، كه له باڕێكی چه‌په‌كدا كچێنی بردم به بتڵێك ویسكی، دوایی نه بتڵه ویسكییه‌كه‌م خوارد و نه جارێكی دی چوومه‌وه بۆ ئه‌و باڕه. پێشتر هه‌رگیز بیرم له‌وه نه‌كردبۆوه، كه‌ی و له كوێیا بووم به ژن.
دایكم به هاتنی له شاری ورسته‌ر (Worcester)ه‌وه زۆر شتی بیر خستمه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی یادگه شكاوه‌كه‌م. یه‌كه‌م بووكه‌شووشه‌ی هێنایه‌وه یادم، كه باوكم كاتی خۆی له دووكانێكی توحفه‌فرۆش بۆی كڕیبووم، له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئێكسسوارات و شتی دی، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌گمه‌ن بوون. پاش كه‌مێك هاواركردن، دایكم له ناكاو كه‌ڤێكی سپی كه‌وته لاده‌مییه‌وه. ڕه‌نگی گۆڕا و له به‌رده‌ممدا بێهۆش كه‌وت. هه‌ناسه‌ی له‌به‌ر بڕا. جه‌سته ماندووه‌كه‌ی زه‌رد داكه‌وت. ئیدی پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه دایكم. له ماڵه‌كه‌ی مندا مرد. ئه‌وه یه‌كه‌مجار بوو، له به‌رده‌م مردوویه‌كدا به چۆكدا بێم. ئه‌و ڕۆژه به ڕووتی له‌سه‌ر سیسه‌می نوێنه‌كه دامنا. بۆ شه‌وه‌كه‌ی تا به‌ره‌به‌یان له حه‌وشه‌كه‌ی ماڵی خۆمدا، له خه‌وفێكی گه‌وره‌دا، چاڵێكم بۆ كرد و شاردمه‌وه. بۆ به‌یانییه‌كه‌ی چوومه بازاڕ و چه‌ند جۆرێ گوڵی پلاستیكیم بۆ كڕی و له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی دامنا. بۆ گوڵی پلاستیك؟ نازانم! ئه‌وده‌م باران ده‌باری، دایكم له ژێرخۆڵه‌كه‌وه، به دوو چاوی خۆڵه‌مێشییه‌وه ته‌ماشای ده‌كردم، چه‌ند ڕۆژێكه ئه‌و مردووه. مرۆڤ نه‌مرێت چه‌ند خۆشه (لاسیا)!
حه‌وشه‌كه‌م، مردویه‌كیشی تیا ده‌ژی و (لاسیا) هه‌ر ته‌نیایه… باران ده‌بارێ و (لاسیا) هه‌ر ته‌نیایه… گوێم له‌و هه‌موو ده‌نگه‌ی ناوخۆم ده‌بێت و (لاسیا) هه‌ر ته‌نیایه… ته‌نیاییه‌كی سه‌خته…
شپرزه‌م به‌وه‌ی ده‌نگێك هه‌یه و نایدۆزمه‌وه؟ تۆ بڵێی؟
نا، ئه‌و نییه، ئه‌و ئێستا لای مێزه‌كه‌وه دانیشتووه و ته‌ورات ده‌خوێنێته‌وه، یان له قه‌حپه‌خانه‌یه‌كدایه و ناوگه‌ڵی سۆزانیه‌ك ده‌خورێنێ… له‌پاڵتۆكه‌یدا به‌رده‌وام بوتڵه شه‌رابه‌كان ده‌ردێنێت و به یه‌ك بین ده‌یخواته‌وه…
((بیرم نایه‌ت پیاوێكم دووباره كردبێته‌وه))
سكم كه‌مێك هاوارێتی، برسیشم نییه. ته‌ریق ده‌بمه‌وه گه‌ر بهاتبا و سكم له شوێنێكی تردا ئه‌م هاواره‌ی لێوه بهاتبایه. ئه‌و ڕۆژه له‌گه‌ڵ نانه‌واچییه‌كه‌دا كه‌مێك خواردمانه‌وه، سكم هاوارێكی لێوه هات، هاواری ناو باڕهكه ده‌نگه‌كه‌ی شارده‌وه و ئه‌مه خۆشحاڵی كردم. شه‌رابی باڕهكه تامی خۆش نه‌بوو:”ده‌مێكه شه‌رابه‌كان تامیان نه‌ماوه.” ئه‌م ڕسته‌یه‌م به چرپه‌وه به گارسۆنه‌كه گوت. ئه‌و نیگایه‌كی كرد و ملێكی له‌قاند. به نانه‌واچییه‌كه‌م گوت: جارێكی دی نایه‌مه‌وه ئه‌م باڕه، تف له خواردنه‌وه‌ی وا، له پاڵ خواردنی ئه‌م گڵاسه نه‌فره‌تیانه‌دا بیری هیچ ناكه‌یت، خه‌ڵكی كه‌مئه‌قڵ له شوێنێكی وادا ده‌خۆنه‌وه، ئیدی ده‌چم بۆ باڕه‌كه‌ی ساند (Sand)، نه بۆنی دێ و نه خه‌ڵكی ئیزعاج بۆی ده‌چن. نانه‌واچییه‌كه:”حه‌زه‌كه‌م شه‌وێكی دی پێكه‌وه بین، جه‌سته‌ت شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، له‌ززه‌تكردن له (لاسیا) له‌ززه‌تكردنه له زۆر شت، ته‌نها شه‌وێكی دی، به‌ڵكه ته‌مه‌نم كه‌مێكی تر بۆ گونكبڕین زیاد بكات.” هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گوت و قسه‌كانم پێ بڕی. خه‌ریك بوو هه‌ستم و باڕهكه به‌جێ بهێڵم، زانیم ده‌عوه‌تی ئه‌وم، كه‌مێك هێور بوومه‌وه. جووڵه‌یه‌كم به له‌شم كرد. گۆنام چاڵكرد و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ته‌نكی درۆزنانه‌م خسته سه‌ر لێوه‌كانم، جگه له زه‌رده‌خه‌نه، هیچم نه‌بوو… با، شته عه‌نتیكه‌كه‌ی تریشم. له جانتاكه مۆبایله‌كه‌م ده‌رهێنا و بێ دوودڵی تێلم بۆ ژماره‌یه‌كی نه‌ناسراو كرد:”بمبووره، ئه‌مه دووكانی خومچییه‌كه‌یه؟” به بێ ئه‌وه‌ی قسه‌م له‌گه‌ڵ بكرێت، ته‌له‌فۆنه‌كه‌م به‌سه‌ردا داخرا. نانه‌واچییه‌كه هه‌ستی به شتێك كرد…
ببووره (لاسیا) یه‌كجار له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا ده‌خه‌وێت. بیرم نایه‌ت پیاوێكم دووباره كردبێته‌وه. پیاوان یه‌كجار توانایی له‌مسی جه‌سته‌ییان هه‌یه، كه جارێكی دی دێنه‌وه، مرۆڤێكی زۆر دووباره‌ن، ده‌ست له هه‌مان شوێنه‌كانی یه‌كه‌مجار ده‌ده‌نه‌وه، زۆر شوێنیان بیر ده‌چێت پێیدا تێپه‌ڕ ببن. هاتنه‌وه‌ی تۆ بۆ لام، بێتاقه‌تم ده‌كات. له ئێستادا گرتنی جه‌سته‌م بۆ تۆ، وه‌ك گرتنی گونكه هه‌ویرێك وایه و هیچی تر… (لاسیا) جیاوازه له‌و سۆزانیانه‌ی ناتوانن ناوگه‌ڵیان پاك ڕاگرن. ئه‌وانه ناوگه‌ڵیان ئه‌ژنۆیه‌ك ده‌خوات. میكیاجه‌كانیان تۆخه و قێزیان لێ ده‌كه‌مه‌وه. نیوه‌یان هێشتا فێر نه‌بوونه به جلی ژێره‌وه‌یان سیحر له پیاوان بكه‌ن. بۆنی ده‌میان مرۆڤ ڕاو ده‌نێت. به سیگارێك هه‌موو شتێك بۆ پیاو ده‌كه‌ن. مه‌عمه‌له‌یان وه‌ك بازرگانیی تلیاك وایه، نایه‌ڵن ده‌قه‌یه‌ك زیاتر له ژێره‌وه بن، ئه‌گه‌ر نا، باكیان نییه به ڕووتی فڕێت بده‌نه ده‌ره‌وه. سه‌نتێكیان كه‌م بێت، ئه‌م شاره ده‌ڕژێننه سه‌رت و حه‌یات پێوه نایه‌ڵن. ئه‌مه به من ناكرێت. خۆ (لاسیا) نین، خۆی بانگی پیاوان بكات، پاره‌یان لێ وه‌رنه‌گرێت و نازیان بكێشێت. ئه‌مه‌وێ له‌وان نه‌چم. سه‌نتێكی جه‌سته‌م به من حه‌رام بێت. من نانی جه‌سته‌م ناخۆم. ئه‌و كاته‌ی كچێنیم دانا، بیرم كرده‌وه سۆزانییه‌ك بم، له پێناو له‌ززه‌تدا بژیم، له ده‌ره‌وه‌ی دونیاكه‌ی جه‌سته‌ی ئه‌وانه‌وه بم… پیاوێك، كه پێم هه‌ڵئه‌شاخێت و هه‌ناسه‌ی سوار ده‌بێت و هه‌ندێك وشه له خۆیه‌وه ده‌ڵێت، (لاسیا) ئه‌و له‌ززه‌ته‌ی ده‌وێ…
نانه‌واچییه‌كه هیچ ناڵێت و باڕهكه جێ ده‌هێڵێت. پاش ئێستێك به شه‌قامی بریستۆڵ ڕۆدا (Bristol road) و به كۆڵانی بارتۆندا (Barton ) ده‌گه‌ڕێمه‌وه.
ده‌نگه‌كه كوا؟
ده‌نگه‌كه ئه‌وه، ئیبلیس، بیریت ده‌كه‌م…
ئه‌و شه‌وه‌ی براكه‌م به شێرپه‌نجه‌ی خوێن مرد، له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كه بووم، له قه‌ره‌باڵه‌غێكه ترسام. دایكم زۆر به هێمنی ده‌گریا و باوكم به ده‌م گریانه‌وه بانگی كردم. چوومه خواره‌وه و له باوه‌شی گرتم. دوایی به ئۆتۆمبێله‌كان ڕۆیشتین بۆ گۆڕستانه‌كه. چاڵێكی بچووكم بینی هه‌ڵكه‌نرابوو. براكه‌میان خسته ناوێوه و خۆڵ كرایه سه‌ریا. به ده‌نگی دایكم گریام بۆ براكه‌م. بیرم كرده‌وه له ماڵه‌وه یارییه‌كانی بۆ من ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام به ته‌نها ده‌بم؟ سیسه‌مه‌كه‌ی لاس (Las) ڕه‌نگی سوور بوو. هه‌رچه‌ند حه‌زی به سیسه‌م نه‌بوو. سێ ڕۆژ دوایی مردنه‌كه‌ی وتم: “باوه، ده‌توانین له‌گۆڕستانه‌كه له‌گه‌ڵ لاس (Las) قسه بكه‌ین؟!” باوكم گریا. گه‌وره بووم. ئینجا زانیم پرسیاره‌كه‌م…
هیچ كاتژمێرێك له ماڵه‌كه‌مدا نییه. به سێبه‌ری داركاژه‌كه‌ی حه‌وشه‌كه‌ما ده‌زانم كاتژمێر چه‌نده. بارانه و سێبه‌ری داره‌كه دیار نییه. غایله‌ی ئه‌وه ده‌كه‌م كاته‌كه به‌ره‌و نیوه‌ڕۆ بڕوا. له‌وه‌ته‌ی ماڵه‌وه‌م به‌جێ هێشتووه، له سه‌عاته‌كان ده‌ترسم. كورسییه‌كه ده‌سڕمه‌وه و په‌نجه‌ره‌كه جارێكی دی ده‌كه‌مه‌وه. دوو باڵنده به ئاسماندا ده‌ڕۆن، هیچ سرنجم نابه‌ن. كتێبه‌كانی سه‌ر مێزه‌كه هه‌ڵده‌گرم و ده‌یخه‌مه‌وه ناو دۆڵابه‌كه. ئه‌و چه‌ند ڕۆمانه‌ی نه‌مخوێندووه‌ته‌وه، به جیا له شوێنێكی دی دایان ده‌نێم. ناونیشانه‌كانیان ده‌خوێنمه‌وه و پێده‌كه‌نم. ده‌ست به قژما ده‌هێنم، شێی ته‌ڕیی هه‌یه…”هه‌ر گوێم له ده‌نگی ئه‌و نه‌بوو!” ئه‌م ڕسته‌یه به ده‌ماخما دێت و داده‌نیشم. نازانم ئه‌م شاره، ئه‌و ده‌نگه‌ی له كوێدا شاردۆته‌وه؟ له‌ماڵه‌كه‌مدا؟ له بازاڕه‌كه‌دا؟ یان… هه‌ركات ده‌نگه‌كه‌م دۆزیه‌وه، ده‌ڕۆم، زۆر دوور ده‌ڕۆم. نا، ئه‌مه نه‌خۆشی ماخۆلیایه، ده‌نگی چی؟!
ئه‌و ڕۆژه، كه له خۆمه‌وه ویستم ماڵه‌وه به‌جێ بهێڵم، له‌گه‌ڵ شاری ورسته‌ردا (Worcester)، ئه‌وكات سه‌رسنگم به‌رز ببۆوه، شتێك له ناوه‌وه ختووكه‌ی به جه‌سته بچووكه‌كه‌مدا ده‌هێنا. دایكوباوكم له ده‌ره‌وه‌ی شار بوون. ده‌فته‌ر و كتێبه‌كانم له نهۆمی دووه‌می ماڵه‌كه‌مانه‌وه فڕێ دایه خواره‌وه. ته‌نیا كاغه‌زێكی دوانزه دێڕیم بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌و ماڵه‌دا جێ هێشت. پێشتر نه‌مزانیبوو كچێكی میزاجی ئاوا دڵڕه‌قم. ته‌مه‌نم چوارده ساڵان بوو. دوو ڕۆژی دی جه‌ژنی له‌دایكبوونم بوو. دایكوباوكم خۆیان ئاماده كردبوو ئاهه‌نگ بۆ كچه تاقانه‌كه‌یان بگێڕن. ئیدی جانتاكه‌م هه‌ڵگرت و هاتمه شاری گڵۆستر (Gloucester)، له‌م ماڵه‌دا به ته‌نیا ژیام. دوای ژنبوونم، نه‌مزانی بۆ حه‌ز ده‌كه‌م، كوڕان و پیاوانی پیر و قومارچی و گه‌واده‌كان ده‌كه‌مه پیاوی خۆم؟! هه‌ندێك له كوڕه‌كان، كه سێكسیان له‌گه‌ڵ كردم، دڵخۆشانه هاواریان بۆ زۆر شت كرد و قه‌پیان له شوێنه نه‌رمه‌كانم ده‌گرت. په‌نجه‌یان ده‌مژیم، ده‌ستیان به قژما ده‌هێنا و لێم ده‌خشان. یه‌كێك له‌و كوڕانه قژێكی نه‌رمی پڕی هه‌بوو:”تۆ بڵێی كه‌مێكی دی نه‌مرم؟” هه‌ر زوو كوڕان وپیاوانی ئه‌م شاره‌م له خۆم گرد كرده‌وه و هه‌ر زوویش له بیریانم كرد!
چ حه‌رامزاده‌یه‌كم! جه‌سته‌م له‌ززه‌تی شارێكه.
((گه‌مژه ئه‌وانه‌ن، كه من نه‌بوون!))
له كافییه‌كی دوو نهۆمیدا گارسۆنم. شیك، ڕێكپۆش و به ویقارم. له‌وێ سۆزانی نیم! ئێواران، كه به ڕێگادا ده‌ڕۆم، كێم ویست له بازاڕه‌كه‌دا ده‌یهێنمه‌وه ماڵ، دڵم هه‌ر جاره‌ی به كه‌سێكه‌وه ده‌نووسێ، نا، دڵم نییه؟ جه‌سته‌مه‌كه پیاوه تووكنه‌كانی خۆش ده‌وێت، به تایبه‌ت ئه‌و پیاوانه‌ی له ڕوخساریاندا بێده‌نگییان تیا ده‌بینم، زۆرجار بۆچوونه‌كانم پێچه‌وانه ده‌بن. چه‌قاوه‌سوه‌كانن، یان ئه‌و به‌ره‌ڵایانه‌ن، كه له‌ژێر عه‌ره‌بانه‌ی ناو بازاڕه‌كاندا ده‌نوون. جاری وا هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا، به ده‌م گریانه‌وه ده‌نوین و سێكس ناكه‌ین. ئه‌و شه‌وانه تاوانبارم!
بۆ ئه‌و هه‌موو جووتبوونه‌م. ته‌نیا یه‌ك دیاریم وه‌رگرت، ئه‌ویش وێنه‌كێشێكی چاویلكه له چاو، پۆترێتێكی ڕۆماننووسێكی ئه‌مریكای لاتینی به خزمه‌تكاره‌كه‌یدا بۆ ناردم، دیارییه‌كم وه‌رگرت و به خزمه‌تكاره‌كه‌م گوت:”به‌و ژه‌نه‌ڕاڵه بڵێ، جارێكی دی نایبینمه‌وه!”.
یاریزانێكی سێرك، دوای دوو ساڵ هاته‌وه بۆ سێكس، زۆر به ڕێزه‌وه له ماڵه‌كه‌م كردمه ده‌ره‌وه “وی! ئه‌مه چ جۆره بوونه‌وه‌رێكه.” ئه‌و وای گوت، تفێكی لێ كردم و ده‌رگای ژووره‌كه‌ی به تووڕه‌یی پێوه دا و ڕۆیشت. ئه‌وكات باران ده‌باری. ئیدی نه‌مبینییه‌وه… دوایی ڕووت چوومه ژێر بارانه‌كه…بیرم كرده‌وه له ژێر بارانه‌كه… پێكه‌نیم له ژێر بارانه‌كه. دڵم پڕ پڕ بوو له ژێر بارانه‌كه…
نووسه‌ره‌كان وخوێنهره باشه‌كان، ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی گاڵته‌یان به زۆر ده‌قدا دێت و گوو به زۆر شتا ده‌كه‌ن، ده‌هاتنه لام. جارێكیان یه‌كێك له‌و ڕخنه‌گرانه گووتی:”كه‌مێك بچووكتر بووایه باشتر بوو!” “بچووكتر بووایه ده‌نكه گێلاسێكی نه‌ده‌خوارد” وام گووت به پێكه‌نینه‌وه. له ته‌له‌فونه‌كه‌وه به كچێكی گوت:”چیرۆكه‌كه‌ت گرێی تیا نییه. ته‌كنیكی شه‌پۆلی هۆش و بونیادی درامی له چیرۆكه‌كه‌تا سه‌قه‌ته. كارئه‌كته‌ر لاوازانه ده‌دوێ. په‌خشان ده‌نووسن و ناوی ده‌نێن چیرۆك و شتی وا، ئه‌مه هه‌موو شتێكه و چیرۆك نییه.” ده‌ستی به چۆكه ڕه‌قه‌كه‌یه‌وه بوو، گوتی:”میز به‌م جۆره نوسینانه‌دا ده‌كه‌م.” له دڵی خۆمدا گوتم:”چ بنووسیت، ئه‌مانه میزه‌كه‌یان حازره.” بیف له هه‌موویان، نازانن لێت بخشێن. یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه شه‌وێكیان به سه‌رخۆشی گوتی:”كتێب گرانتره له سێكس” به‌ر له ڕۆشتن گوتی:”كتێبه‌كانی (پاولۆكۆیلۆ)ت خوێندۆته‌وه؟” گوتم:”به‌ڵێ، گه‌مژه‌یه، نازانێ باسی سێكس بكات، سێكس شتێكی تره.”
درۆ ده‌كه‌م. به‌رده‌وام درۆ ده‌كه‌م، هیچ ده‌نگێك نایه‌ته ئه‌م ماڵه‌وه؟
تیڤییه‌كه هه‌ڵده‌كه‌م. فیلمی (خۆشه‌ویستی له سه‌رده‌می كۆلێرا) دێته خه‌یاڵم. ئۆو! خۆشه‌ویستییه‌كی گه‌وره‌یه، ئه‌مه‌م نه‌كردووه، ده‌بێت تامی خۆشه‌ویستی چۆن بێت؟ یانی كچێكی وه‌ك من گه‌مژه، قه‌د خۆشه‌ویستی نه‌بووه؟ نا، (لاسیا) گه‌مژه نییه، گه‌مژه ئه‌وانه‌ن، كه من نه‌بوون. پشیله‌كه‌م ده‌نگێكی لێوه دێت. سه‌ر به موبه‌قه‌كه‌یا ده‌كه‌م. پشیله‌كه‌م بێتاقه‌ته. ده‌نگه‌كه‌یه؟
ئه‌لبوومه‌كه‌م ده‌ردێنم و چوار له وێنه‌ی ئه‌و پیاوانه ده‌دڕێنم، كه له قه‌راغ ده‌ریا له‌گه‌ڵما بوون، شه‌وێكی درێژمان به‌سه‌ر برد. خۆیان له لمه‌كه هه‌ڵده‌سوو و پێچه‌وانه‌یی شه‌پۆله‌كان ده‌ڕۆیشتن. گۆرانییه‌كی كۆن كۆنیان ده‌وته‌وه. له ئاوه‌كه ده‌هاتنه ده‌ره‌وه و شه‌رابی سووریا‌ن ده‌خوارده‌وه، پایپیان ده‌كێشا. گاڵته‌یان به یه‌كدی ده‌كرد و به ده‌نگێكی غه‌ریب ده‌تریقانه‌وه، دانه شاشه‌كانیانم ده‌دی… ئه‌وكات ئه‌و دیمه‌نه له‌به‌ردڵان بوو. ئه‌لبوومه‌كه داده‌نێم و پاشماوه‌ی وێنه دڕاوه‌كان ده‌خه‌مه ناو ته‌نه‌كه‌ی زبڵه‌كه. بێتاقه‌تم. ماچێكی پشیله‌كه‌م ده‌كه‌م و جارێكی دی له خۆمه‌وه ده‌ڵێم:
“……………………”
((خه‌وم لێ ناكه‌وێت))
شه‌وان جاری وا هه‌یه، له ماڵه‌كه‌مدا خه‌وم لێ ناكه‌وێت. حه‌بێكی هێوركه‌ره‌وه قووت ده‌ده‌م. بێتاقه‌ت و ماندوو و شه‌كه‌ت ده‌چمه باڵكۆنه‌كه و ژووری نووستنه‌كه و مووبه‌قه‌كه، ده‌سوڕێمه‌وه، ده‌سوڕێمه‌وه، ئیتر ده‌سوڕێمه‌وه، هه‌ر خه‌وم لێ ناكه‌وێت… له گه‌رماوه‌كه جله‌كانم ده‌گۆڕم، ڕووت له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه ڕاده‌كشێم، نه‌با نه‌خه‌وتنه‌كه‌م په‌یوه‌ندیی به جله‌كانه‌وه بێت، هه‌ر خه‌وم لێ ناكه‌وێت… حه‌بێكی دی قووت ده‌ده‌م، پێم به یه‌كدا دێت و شل به زه‌وێكه‌دا ده‌چه‌قێت، هه‌ر خه‌وم لێ ناكه‌وێت… وه‌ك چیرۆكی بێخه‌وییه‌كه‌ی (ڤیرخیلیو پیمه ڤییه‌را) خه‌وم لێ ناكه‌وێت “ئه‌و سه‌عات شه‌شی به‌یانی ده‌مانچه‌كه‌ی پڕ ده‌كات و مێشكی خۆی ده‌ته‌قێنێ و مردووه، هه‌ر خه‌وی لێ ناكه‌ێت…” گڵۆپه‌كانی ماڵه‌كه‌م ده‌كوژێنمه‌وه، له په‌نجه‌ره‌كه‌وه ته‌ماشایه‌كی ده‌ره‌وه ده‌كه‌م، عه‌ره‌بانه‌كان، ده‌ڕابه‌ی دووكانه‌كان، ئاژه‌ڵه برسێكان و مرۆڤه‌كان، خه‌وتوون و هه‌ر خه‌وم لێ ناكه‌وێت… ناچار بۆ سه‌ره قورسه‌كه‌م، كه‌مێك له‌و تلیاكه ڕه‌شه تێكه‌ڵی تووتنه‌كه ده‌كه‌م و ده‌یكێشم، خۆم سڕ سڕ ده‌كه‌م، هه‌ر خه‌وم لێ ناكه‌وێت…چاوم ده‌به‌ستم و له نهۆمی دووه‌می ماڵه‌كه‌مه‌وه ده‌مه‌وێت خۆم فڕێده‌م وخوێن له لووت و كه‌لله‌سه‌رمه‌وه فیچقه بكات، وه‌ك لاشه‌یه‌كی بۆگه‌نی بێ‌گیان، له شه‌قامه‌كه‌دا بكه‌وم، به‌ڵام ئه‌مه ناكه‌م، ده‌زانم (لاسیا) هه‌ر خه‌وی لێ ناكه‌وێت…
بازاڕه قهرهباڵغهكهی ئه‌وبه‌ری ماڵه‌كه‌م جمه‌ی دێت، عه‌ره‌بانچییه‌كه له‌گه‌ڵ دوو له كڕیاره‌كانی له ئاخاوتندایه، پێده‌چێ به دڵی ئه‌و نه‌بن. ئه‌و شه‌وه‌ی هاته لام گوتی:”شانزه ساڵه له‌م بازاڕه‌دام، قه‌د بیرم له كه‌سابه‌تێكی قۆڕی دی نه‌كردۆته‌وه. تووحفه گرانبه‌هاكانم زۆر خۆش ده‌وێت، ئه‌مه كه‌سابه‌تێكی باشه بۆ من. شه‌وان ده‌یبینم، دره‌نگانێك ویسكی ده‌خواته‌وه و ئینجا له‌سه‌رخۆ له‌ناو چوارچێوه بچووكه‌كه‌ی عه‌ره‌بانه‌كه‌یا، له‌گه‌ڵ سه‌گه تیسكدرێژه‌كه‌یدا بێده‌نگ ده‌خه‌وێت، به‌یانی زوو شته‌كانی ڕێك ده‌خات بۆ كڕیاره‌كانی. لیم (Lem) ئه‌و جاره گوتی:”چه‌ند له یه‌ك ده‌چین! (لاسیا) تۆ پشیله‌یه‌كت هه‌یه و من سه‌گێك، ئه‌مه بۆ ته‌نیایی شه‌وانه‌مان باشه، سه‌گه‌كه‌م نایه‌ڵێت ته‌نیا بم، ئه‌ی تۆ؟” هیچم نه‌گوت…به ڕووتی ماچێكی كردم. جله‌كانی كرده‌وه به‌ری و ڕۆشت. سه‌گه‌كه‌ش به دوایا. ته‌پ، ته‌پ، ته‌پ، ته، ت… ده‌نگی پێڵاوه‌كانی له‌سه‌ر پلیكانه‌كان نه‌ما…
گریام.
وای! لیم (Lem) چه‌ند عه‌ره‌بانه‌كه‌ی خۆش ده‌وێت… ده‌بێت چه‌ند عه‌ره‌بانه‌ی وا هه‌بن له دنیادا؟!
وێنه‌یه‌كی براكه‌م له ماڵی پوورێكم بوو، نازانم ئێستا چی لێ به سه‌ر هاتووه. ئێواره‌یه‌كیان له‌سه‌ر دارپرته‌قاڵه‌كه‌ی حه‌وشه‌كه‌مانه‌وه بانگی كردم، كه گه‌یشتمه لای داره‌كه، ئه‌و به‌ربووبووه‌وه. خوێنه‌كه‌یم بینی، حه‌په‌سام، چه‌ند پرته‌قاڵێكی كه‌م به ته‌نیشتییه‌وه كه‌وتبوون، هه‌ندێك له پرته‌قاڵه‌كان دڵۆپه خوێنیان پێوه بوو. پاش كه‌مێك له به‌رده‌م ماڵه‌كه‌مانه‌وه ده‌نگی ئامبولانسه‌كه هات. دوای بارانه‌كه دایكرد، پرته‌قاڵه‌كان خوێنه‌كانیان پێوه نه‌مابوو. دوو له‌و پرته‌قاڵانه‌م هه‌ڵگرت و دامنایه‌وه. سه‌گه‌كه‌ی لاس (Las) زمانی به پرته‌قاڵه‌كانا ده‌هێنا و ده‌یلێسانه‌وه. دوایی پرته‌قاڵه‌كانم جێ هێشت و ڕۆشتم…
ڕێك له‌م كاته‌دا، ده‌نگه‌كه ده‌مترسێنێت.
ده‌كێشێت به بنكی پیڵاوه‌كاندا و جارێكی دی بزماره‌كان ده‌چه‌قنه‌وه ده‌ماغم… له مێزه‌كه‌یدا به بچووكی نووسیویه‌تی (پێڵاوێك له پێ مه‌كه، چه‌رمه‌كه‌ی ئینگلیزی نه‌بێت) نه‌ته‌وه‌په‌رستێكه ده‌ڵێت:” چه‌كوش به پێڵاوی بیانی‌دا ناكێشم.” پێڵاوه‌كانم به ته‌نیشت ئینجانه‌كه‌وه‌یه.
ئیبلیس، هه‌ركات بێتاقه‌ت بێت، په‌نجه ده‌نێت به زه‌نگه‌كه‌یا! به تیشێرتێكی شین و جووتێك پێڵاوی چه‌رمی ئیتاڵیه‌وه، خۆی ده‌كا به ماڵما. ئه‌و ساڵێك به‌ر له ئێستا، سێكسی له‌گه‌ڵ كردم. له بازاڕ هه‌ركات ده‌مبینێت ده‌ڵێت:”لاسیا! تۆ له پشتی منه‌وه هاتوویت.” ئه‌وه‌ی دڵخۆشم ده‌كات، ئه‌وه‌یه، ئیبلیسه‌كه خوێنه‌رێكی باشی كتێبه‌كانی ته‌ورات و شانۆیه. هه‌ر جاره‌ی به شتێكه‌وه مه‌شغوڵه، ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا بازرگانی تلیاك بوو… ساڵی پار له كه‌نیسه‌یه‌كدا بینیم، كچه مه‌مكبچووكه‌كانی ئه‌دوان. حه‌زی به عه‌تری (پاریس) و جلی ماركه‌ی (دیزڵ)ـه، له گیرفانی پاڵتۆكه‌یا، به‌رده‌وام شووشه‌یه‌ك شه‌رابی مه‌كسیكی پێیه و به یه‌ك بین ده‌یخواته‌وه…ده‌چێته سه‌یر یاری گۆڵف و فیلمه سینه‌ماییه‌كان. سه‌رسامه به فیلمی (عه‌تر). شه‌وێكیان گوتی:”ده‌بووایه (گرینۆ) من بوومایه.” به پێكه‌نینه‌وه شووشه شه‌رابه‌كه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه دانا و گوتی:”وه‌ك (لاوره ڕیچی) ده‌مكردیته عه‌تر.” ماچێكم كرد و گوتم :”كه هه‌زه‌لییت و له‌به‌ردڵانی.”
ئه‌وه‌ی بێتاقه‌تم ده‌كات ئه‌وه‌یه، ئیبلیسكه‌م گۆره‌وی له پێ ناكات… ئێواره‌یه‌كیان له قاوه‌خانه‌كه‌ی بێڵ (Bil)دا گوتی:”ستیان و شۆرت و فانیله‌ی عه‌لاگه و گۆره‌وی زیاده‌ن، گوو به‌و كارگانه‌ی دروستی ده‌كه‌ن، كارگه‌كان جل بۆ هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن. كۆندۆم… ئه‌و به‌سته‌زمانه كاتێك كۆندۆمێك به زۆر ده‌كه‌یته به‌ری، ته‌ریق ده‌بێته‌وه، گوناحه، ئه‌و كۆندۆمه نه‌فره‌تییه سێكسكوژه، وه‌كو ئه‌وه وایه بیكه‌یت به كوونه دیواردا. سه‌خیفی ئه‌م ڕۆژه ئه‌وه‌یه، هه‌موو شته نه‌فره‌تێكان، جلیان هه‌یه، ئه‌وه‌تا كونی قوونی زۆربه‌مان حه‌فازه‌ی پێوه‌یه، ده‌ستكێش و كلێته و عه‌ینه‌ك و كڵاو و ده‌مامكی لووت، سه‌رزه‌ویان تێك داوه، شته عه‌نتیكه‌كه‌ی تۆش، شتێكی عه‌نتیكه ده‌كه‌نه به‌ری (لاسیا). پێكه‌نیم و له لووتمه‌وه قاوه هاته ده‌رێ و گوتم:”ده‌مێكه ئه‌وه‌ی من جلی هه‌یه.”
له ناو ئه‌و هه‌موو ئینگلیزه‌دا گوێ له گۆرانیی فارسه‌كان ده‌گرێت، قومێكی دی دا له قاوه‌كه و گوتی:”ئه‌و باوه‌حیزخێوه (موحسین چاوشی)، به ده‌نگه گڕه‌كه‌ی، ترێی (ئه‌هواز)ت بۆ ده‌كات به شه‌راب.” شه‌رابی ناو پاڵتۆكه‌ی ده‌ردێنێت و وه‌ك جاره‌كانی تر، به یه‌ك بین ده‌یخواته‌وه…
ده‌تبینمه‌وه له ماڵه‌كه‌ی خۆت”ماڵه‌كه‌ی (لاسیا)”
ته‌ڵخ ته‌ڵخ، به‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌دا ڕۆشت. له كۆڵانێكدا پێچی كرده‌وه…
له‌و كاته‌وه‌ی دایكم مردووه، نایبینم. ئه‌دره‌سیی ماڵه‌كه‌یم لایه.
سبه‌ی ده‌چم.
ده‌نگه‌كه ده‌دۆزمه‌وه!
((تف له‌م ئیسراحه‌ته))
ئه‌م به‌یانییه له ده‌ره‌وه بوومایه، كۆڵانی لای ڕاستی ماڵه‌كه‌مم ده‌بڕی و چه‌ند هه‌نگاوێك ئه‌ولاتر، ترافیكه سه‌وزه‌كه هه‌ڵده‌بوو. له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌و خه‌ڵكه‌دا ده‌په‌ڕیمه‌وه ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه، ڕێك له كافییه‌كه‌ی لیمۆن (Limon) لام ده‌دا و قاوه‌یه‌كی گه‌رم گه‌رمم ده‌خواده‌وه. بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه، نانی نیوه‌ڕۆ به ته‌نیایی ناخورێ. نه‌ده‌هاتمه ماڵه‌وه، ده‌چوومه چێشتخانه‌ی پیاوه ئیسپانییه‌كه، دوایی گه‌ڕانه‌وه بۆ لای باڕه‌كه‌ی ساند (Sand) و خواردنه‌وه‌ی قاپێك شه‌راب…یاریی وه‌ره‌قه… ترافیكه‌كه سه‌وزه داده‌گیرسێت، منداڵێك سه‌گێكی هه‌ڵگرتووه و سه‌رخۆشێك شووشه‌یه‌كی به ده‌سته‌وه‌یه. كچیك چاویلكه‌یه‌كی له چاودایه، گڵۆپی ترافیكه‌كه سوور ده‌بێت، ئه‌وان په‌ڕیونه‌ته‌وه. (لاسیا) له باڵكۆنه‌كه‌یه. له كافییه‌كه‌ی لیمۆن (Limon) كوڕێك له نائاگایدا، قاوه‌كه‌ی به‌رده‌می سارد سارد بووه‌ته‌وه، ناچار فنجانی قاوه‌كه داده‌نێ و ده‌ڕوات… (لاسیا) له ژووری نووستنه‌كه‌یه. چێشتخانه‌ی پیاوه ئیسپانییه‌كه داخراوه، له باڕه‌كه‌ی ساند (Sand) یه‌كێك به ده‌م گۆرانی وتنه‌وه، وه‌ره‌قه‌كان ده‌كات به حه‌وادا و ده‌كێشێت به مێزه‌كاندا، كه‌سه‌كه من نیم. ڕه‌نگه نانه‌واچییه‌كه بێت، هه‌ر كه‌سێك بێت… له چێشتخانه‌كه‌م… نیوه‌ڕۆیه‌كی سه‌یره.
له زه‌نگی ده‌رگا ده‌درێت.
كه وا بێت ئه‌وه، باشه به‌م نیوه‌ڕۆیه؟!
ده‌رگاكه ده‌كه‌مه‌وه، هیچ كه‌سێك نابینم. هاوار ده‌كه‌م …كوایت؟
كه‌س په‌نجه‌ی به‌ر زه‌نگه‌كه نه‌كه‌وتووه…
ده‌گه‌ڕێمه‌وه…
چرووتێك به لێومه‌وه‌یه، مژێك له‌و تامه له‌سه‌رخۆ هه‌ڵده‌مژم، كه‌مترین دووكه‌ڵ له لووتمه‌وه دێته ده‌رێ، له خۆمه‌وه ڕاده‌چه‌ڵكێم. هه‌ست ده‌كه‌م ده‌ماخم ته‌واو ماندووه. ده‌ستم له‌سه‌ر ده‌ماخمه. تلیاك… تلیاكه‌كه ناكێشم. پانتۆڵه كاوبۆكه و تیشێرته سپییه‌كه له به‌ر ده‌كه‌م و میكیاجێكی ته‌نك ده‌كه‌م، هه‌وڵ ده‌ده‌م جیاواز له ڕۆژه‌كانی تر خۆم نیشانی ئاوێنه‌كه بده‌م، كه‌مێكی دی له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌كه ده‌مێنمه‌وه. به پلیكانه‌كانا دێمه خوارێ، ده‌نگی پاپووچه‌كانم ئاوازێكی ناخۆشیان هه‌یه. ده‌نگێك له حه‌وشه‌كه‌وه با‌نگم ده‌كات، هه‌مان ئه‌و ده‌نگه‌یه، كه چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌م! ده‌نگه‌كه له‌گه‌ڵ ده‌نگی دایكما تێكه‌ڵ ده‌بێت. ڕۆشتنه‌كه‌م خێرا ده‌كه‌م، ده‌بینم دایكم به دوو چاوی زه‌قه‌وه، له گۆڕی ناو حه‌وشه‌كه هاتووه‌ته ده‌ره‌وه و ده‌ڵێت:”لاسیا، بمگوازه‌وه بۆ شوێنێكی دی، له‌م بازاڕه قه‌ره‌باڵغه‌دا خه‌وم لێ ناكه‌وێت، ئه‌مه چ جۆره مردنێكه، حه‌وت ڕۆژ بێت نه‌خه‌وتبێتی؟ تف له‌م ئیسراحه‌ته.” ماچێكی گۆنا قوپاوه‌كانی ده‌كه‌م و به ترسێكی گه‌وره‌وه له گۆڕه‌كه‌یا دایده‌نێمه‌وه. شپرزه‌م. ده‌ڕۆمه ده‌ره‌وه، هیچ نابینم، هیچ. دایكم با‌نگم ده‌كا و ده‌گه‌ڕێمه‌وه، له خۆم ده‌پرسم، ئه‌و ده‌نگه له‌سه‌ر چ سه‌رزه‌مینێكه‌وه دێت؟
ده‌نگه‌كه، نه دایكمه‌وه نه هیچ كه‌سێك.
له‌ناكاو بیرم ده‌كه‌وێته‌وه.
ده‌نگه‌كه خۆمم، لاسیا!
ئاه! لاسیا!
ماندووم…