ئینتیماكردن بۆ سه‌رده‌می پێش مه‌رگی باوك له (حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم)
بۆ له‌سه‌ر (حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم)م ده‌نوسم؟
ئه‌و ده‌قه‌ی له مێژه ده‌مه‌وێت بیخوێنمه‌وه به‌ڵام نایخوێنمه‌وه نازانم بۆ! دواجار خوێندمه‌وه. خوێندمه‌وه و توشی حاڵه‌تێكی سه‌یر بووم! تێگه‌یشتم له‌به‌رده‌م نوسیراوێكی ئاسایی‌دا نیم و پێویستم به كات و بیرێكی زیاتر هه‌یه بۆ تێگه‌یشتن و هه‌زمكردنی، دوای یه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌م هه‌ستم كرد زۆر نزیكم له ئه‌تمۆسفێری گشتی ده‌قه‌كه و وێنه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كان ئاشنان پێم، بینیم ئه‌م حهسارهی شێرزاد حه‌سه‌ن زۆر نزیكه له‌و حهسارهی ماڵی خزمێكمهوه كه هه‌مان ئه‌و ساڵانه‌ی ئه‌م ده‌قه‌ی تێدا نوسراوه من هاتوچۆی ئه‌و حهسارهم ده‌كرد! یان ئه‌و حهسارهی نزیك گونده‌كه‌ی خۆمان كه له‌م ساڵانه‌ی كۆتاییدا هه‌مان سیناریۆی حهسارهكهی شێرزاد حه‌سه‌ن تێیدا دووباره بووه‌وه و نۆبه‌ری ماڵ باوكی خۆی دایه به‌ر ده‌سڕێژی گولله، ئه‌وكات توشی شۆكێكی كوشنده‌ی كردم و قورس بوو تا لێی تێبگه‌م كه بۆچی كوڕ باوك ده‌كوژێت! ئێستا دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه خه‌ریكه له نهێنی مه‌غزاكانی پشت ئه‌و كوشتنه تێده‌گه‌م و ده‌زانم كه ئه‌وه ویستی ئازادی و سه‌ربه‌ستی و هه‌ندێ حه‌زی زاتی تره كه مومكینه له پێناویان‌دا كه‌سی زۆر ئازیزتر له باوكی بۆ بكرێت به قوربانی و خۆدی خاوه‌ن ئه‌و ویستانه‌ش ببێت به فیگۆری بكوژه‌كه. ئه‌مه دووه‌م ده‌قی شێرزاد حه‌سه‌نه له دوای چیرۆكی (كهڵهكوڕان و ئاسكهكچان) بیخوێنمه‌وه و توشی وابه‌سته‌گییه‌كی توندم بكات به خۆیه‌وه كه به زه‌حمه‌ت بتوانم له ژێر كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ربچم. ویستم له‌سه‌ر چیرۆكی (كهڵهكوران و ئاسكهكچان) بنوسم به‌ڵام نه‌منوسی، باشتر كه ئه‌و نوسینه به‌رهه‌م نه‌هات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی كه له زهنی مندا كۆبونه‌ته‌وه ده‌رباره‌ی شێرزاد حه‌سه‌ن له‌م نوسینه‌دا بیخه‌مه‌ڕوو تا كامڵانهتر خۆی بنوێنێت.
ته‌كنیكی نوسینی ئه‌م رۆمانه ته‌واو ئهبسێردیه به‌وه‌ی كه ده‌سپێكی رۆمانه‌كه هه‌مان خاڵی كۆتاییه و كۆتاییه‌كه‌ش هه‌مان خاڵی سه‌ره‌تاییه، من گومانم له‌وه‌دا نیه كه خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی رووداوه‌كانی ئه‌م ده‌قه لێكدی جیابكاته‌وه و توشی سهرهگێژكه نه‌بێ پێویسته زیاتر له یه‌كجار رۆمانه‌كه به‌سه‌ریه‌كه‌وه بخوێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و ته‌كنیكه‌ی كه نوسه‌ر كاری له‌سه‌ر كردووه به‌وه‌ی كه زۆر به خێرایی رووداوه‌كان تێكه‌ڵ به یه‌كتر ده‌بنه‌وه و لێكتر جودا ده‌بنه‌وه و بیرێكی تیژی پێویسته تا ئاڕاستهكان تێكه‌ڵ نه‌كرێن و هاوته‌ریب به رووداوه‌كان برۆی، زه‌مه‌نی رووداوه‌كانی حه‌سار زه‌مه‌نێكی چڕ و پڕ و تێكه‌ڵه به‌وه‌ی كه له یه‌ك ڕسته‌دا زه‌مه‌نی ئیستا و ڕابردوو به‌یه‌كه‌وه حزوریان هه‌یه. ته‌كنیكی گێڕانه‌وه له (حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم) دا ته‌كنیكێكی ساده‌یه به‌وه‌ی كه كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه حیكایه‌تخوانه و له هه‌ندێ شوێندا خۆی ده‌بێته میحوه‌ری سه‌ره‌كی رووداوه‌كان و له هه‌ندێ شوێنی تردا ئه‌و ته‌نها حیكایه‌ت ده‌گێرێته‌وه و ده‌بێت به زاكیره‌ی گشتی حه‌سار و رووداوگه‌لێك ده‌گێرێته‌وه كه ئه‌و دوور و نزیك په‌یوه‌ندی پێیانه‌وه نیه، واته ته‌كنیكی گێڕانه‌وه له‌م ده‌قه‌دا ته‌نها یه‌ك حیكایه‌تخوان هه‌یه و هه‌ر ئه‌و رووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه ئیدی چ به حزوری خۆی بێت یان به زاكیره و ئاماده‌بوونی شاراوه‌یی خۆی له رووداوه‌كاندا.
دروستبوونی خودی ترسنۆك و داڕووخاو و ڕاهاتوو به زه‌لاله‌ت به‌ره‌نجامی ژیانێكی دوور و درێژی ته‌واوی مه‌خلوقه‌كانی حه‌ساره له‌ژێر سایه و مه‌رحه‌مه‌تی باوكه‌دا (ئاخر گه‌ر نه‌فره‌تی باوكه و زه‌لیلی نه‌بێ بولبول هه‌یه حه‌زنه‌كات بگه‌ڕێته‌وه دارستان؟..) یان (من هه‌ر لهههوهڵجارهوه له‌گه‌ڵتان نه‌بووم ..ئێوه كارێكی زۆر مناڵانه‌تان كرد كه حهیوانهكانتان به‌ره‌ڵا كرد)، ئه‌م ڕستانه پێمانده‌ڵێن كه باوكه له ڕێی ڕه‌فتاره توندهكانییهوه ناخی هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی تری ده‌قه‌كه‌ی تێكشكاندوه و وایكردووه كه هه‌مووان هه‌میشه هه‌ست به بوونی سێبه‌ری باوكه بكه‌ن به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه له هه‌موو شوێن و كاتێكی جیاوازدا. ئه‌م ترس و فۆبیایه درێژ ده‌بێته‌وه ته‌نانه‌ت بۆ دوای مه‌رگی باوكه‌ش ئه‌وه‌تا نۆبه‌ری ماڵ ئێستا له دوای مردنی باوكه و ناشتنی له قه‌برستان، له ترسی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ی كه به‌سه‌ری دێ له دوای مهرگیشیهوه كه هه‌رجاره‌و به چه‌شنێك و له ڕێگه‌یه‌كی جیاوازه‌وه خۆیان ده‌نوێنن، وا له قه‌برستان و له له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی باوكه گومه‌زێكی دروست كردووه و هه‌موو ژیانی له‌گه‌ڵ كه‌لاكی باوكه و هانكه هانكی سهگهكانیدا به‌سه‌ر ده‌بات و هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا ده‌خوات و ده‌خه‌وێت و ده‌خواته‌وه له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا سه‌گه‌كانی كه باوكه هه‌میشه ده‌یوت (ئه‌م سه‌گانه ڕۆحی منن) په‌لاماری بده‌ن و زیاتر ژیانی بشێوێنن و هێنده‌ی تر جۆگه‌له‌ی خوێن له جه‌سته و ڕۆحی دروست بكه‌ن. خه‌ڵوه‌تێكی ئه‌به‌دی بۆ لاشه نه‌مردوو نهزیندووهكهی باوكه ده‌گرێت.
( خودایه كه‌ی بێ و باوكم بكوژم تا بتوانم سه‌ربه‌ستانه ئافره‌تێك له باوه‌ش بگرم؟ كه‌ی بێ و بتوانم ده‌رگاكانی حه‌سار واڵا بكه‌م برا هه‌ڵه‌ته و وێڵ گهردهكانم به خوشك و براكانی نێو حه‌سار شادبنه‌وه، بێنه‌وه و بۆن به باوه‌شی دایكانیان بكه‌ن و بگرین و باس له غه‌ریبی شاران بكه‌ن…؟ ) له‌م مهنهلۆژهوه تێده‌گه‌ین كه ویستی كوشتنی باوك له لای نۆربهری حه‌سار ته‌نها حه‌زێكی ئۆدیبانه نیه وه‌ك ئه‌وه‌ی فرۆید لێكی داوه‌ته‌وه .. نا به‌ڵكو ویستی ئازاد بوونی زاته! ویستێكی مرۆڤدۆستانه‌یه كه پێی قبوڵ نیه خۆی له نێو حه‌سار و نزیك له دایكان و خوشك و براكان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بهدهردهسهریشهوه بێ بژی و به‌ڵام برا هه‌ڵه‌ته و یاخییه‌كانی، ئه‌و برایانه‌ی كه رۆژانێك وه‌ك ئه‌م بیریان له شۆڕش دژ به باوكه كردوه‌ته‌وه ئێستا ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره و ماڵ‌وێران له پشت شوراكانی حه‌ساره‌وه به كهسهروه ده‌ژین، نایه‌وێ چیتر له‌و دووره و چاو له حه‌سار به‌ماتی بژین به‌ڵكو ده‌یه‌وێ له ڕێگه‌ی كردارێكه‌وه كه وه‌ك نۆبه‌ره و كوری بنه‌ماڵه پێی هه‌ڵبستێ ئه‌و برایانه بگه‌ڕێنێته‌وه ئامێزی حه‌سار و دایكانی هه‌ناسه‌سارد، ده‌یه‌وێ چیرۆكی ده‌ره‌وه‌ی حه‌سار(غه‌ریبی)یان بۆ بگێڕنه‌وه، ئینجا له دوای ئه‌م ویستانه‌وه ویستێكی ئۆدیبیانه به‌رانبه‌ر به “ڕابی” زڕدایك ده‌بێته بیانوویه‌كی تر بۆ خۆ قانعكرد به ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌ی كوشتنه ( من گوتم ده‌یكوژم و ئیدی “ڕابی” له بری باوكم ده‌ست له ملی من ده‌كا) ئه‌م حه‌زه له‌و وهسفانهیدا به ڕوونی به‌رجه‌سته ده‌بێ كاتێ له درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كانیدا باسی “ڕابی” ده‌كات و له ڕێگه‌ی وه‌سفی ئه‌ندامه‌كانی له‌شییه‌وه حاڵه‌ته‌كه ڕوون ده‌كاته‌وه به‌ڵام گومانیشی تێدانیه نیازێكی شاراوه له پیشت هه‌موو باسكردنێكی “ڕابی”یه‌وه هه‌یه.(ئه‌و لێوانه‌ی كه ده‌بێ من له بری باوكم ماچیان بكه‌م و بیانمژم…).
داپڵۆسین و تۆقین و ترس حاڵه‌تێكه له ناو هه‌موو كارهكتهكانی حه‌ساردا حزوری هه‌یه هه‌ر له باوكه و نۆبه‌ره‌وه تاكو كوره‌كان و كچه‌كان و ژنه‌كان وته‌نانه‌ت یه‌ك به یه‌كی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كانیش، ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێكه ره‌نگه ڕاست بێت كه به‌شێكی زۆری ترسه‌كه به‌رئه‌نجامی ژیانكردن و ره‌فتار و لێدان و جنێوه‌كانی باوكه‌یه، به‌ڵام من پێمووایه به‌شێكی زۆریشی به‌یوه‌ندی به خودی تێكشكاوی كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌یه كه زۆر جار هه‌ست ده‌كرێ ئه‌و ترس و تۆقینه بێبهمانایه و ته‌نها له‌سه‌ر پووچی و خۆراهێنان دروست بووه، به‌و مانایه‌ی كه زۆرجار ترسی دانیشتوانی حه‌سار ترسێكی وه‌همییه و به‌بێ ئه‌وه‌ی باوكه هه‌ست بكات كه ره‌عیه‌ته‌كه‌ی ئه‌وه‌نده لێیده‌ترسن مامه‌ڵه‌یه‌كی ئاسایی ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌و دیمه‌نه‌دا به‌ڕوونی دیاره كاتێ باوكه له یه‌كێك له شه‌وه‌كان چرایه‌كی به ده‌سته‌وه‌یه و به حه‌سار و ژووره‌كانی حه‌ساردا ده‌گه‌ڕێت و ده‌چێته ژووری كچه‌كانه‌وه و به چراكهوه به دیار سه‌رییانه‌وه ده‌وه‌ستێ و له پڕ یه‌كێك له كچه‌كان خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه به په‌شۆكاوی خۆی داده‌پۆشێته‌وه و سه‌ری سوڕ ده‌مێنێ به بینینی باوكه، ئه‌م ترسه تاكو ئێستا شتێكی ئاساییه چونكه كچێك له نیوه‌شه‌ودا له ناو شیرینی خه‌ودا چاو ده‌كاته‌وه یه‌كه‌م وێنه كه ده‌یبینێت روخساری باوكه دڕندهكهیهتی كه خۆی ووته‌نی ئه‌گه‌ر بۆ بكرێ مێشووله‌كانی حه‌ساریش ده‌خه‌سێنێ تاكو جگه له خۆی هیچ نێرێك له حه‌ساردا بوونی نه‌بێت، به‌ڵام كاتێ كه گوێمان له دیالۆگه‌كه‌ی باوكه ده‌بێت ئه‌وسا تێده‌گه‌ین كه ترسی كچه‌كه چه‌ند بێبنه‌ما و ناماقوڵ و پوچ بووه، ئه‌سڵه‌ن قسه‌كانی باوكه زۆر پێچه‌وانه‌ی ترسی كچه‌كه ده‌رده‌چێ (مه‌ترسن كچه‌كانم .. مه‌ترسن…شه‌وانه خه‌وم لێدهزڕێ و كه‌یفم له سوعبه‌ته…خۆ به‌ڕۆژ ئه‌وه‌نده ناتانبینم..پاڵ كه‌ونه‌وه كچه‌كانم … ده‌ی بنون)!. ترسی باوكه‌ش ترسێكه كه وه‌ك مۆته‌كه ساڵانێكی زۆره به‌سه‌ر سه‌رییه‌وه وه‌ستاوه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شه‌وێك لێی دوور بكه‌وێته‌وه و دڵی دانهخورپێنێ. ئه‌م ترسه‌ش دوای ئه‌وه دروست بوو كه ژنه قه‌ره‌جێك دوای ڕابواردن له‌گه‌ڵ باوكه‌دا به ڕووتی له باوه‌شیدا پێی ده‌ڵێ تۆ له ئامێزی یه‌كێك له ژنه هه‌ره ئازیزهكانتدا ده‌مریت (كه‌ر پیاو.. گه‌ركمه بڵێم له باوه‌شیدا دهكوژێی) له دوای بیستنی ئه‌و قسه‌یه‌وه باوكه هه‌ر شه‌وێك بیه‌وێ بێته لای یه‌كێك له ژنه‌كانی ته‌كنیكێكی فێڵبازانه به‌كاردێنێ كه هیچ كام له ژنه‌كانی سه‌ری لێدهرناكهن و ئه‌وه‌ش زیاتر ته‌كنیكێكی كۆنی سیاسیانه‌یه ( ئه‌مشه‌و دێمه پێخه‌فی تۆ خه‌جێ… كه‌چی ده‌چووه گژ به‌هێ) یان ( ئه‌مشه‌و خۆت ته‌نیاكه به‌سێ… كه‌چی ده‌چووه كن خازێ).
باوكه له حه‌ساردا وێڕای زه‌بر و توندوتیژیه‌كانی هه‌میشه له ڕێی قسه‌كانییه‌وه خۆی وه‌ك فریادڕه‌س و پاڕێزه‌ر و سێبه‌ری هه‌میشه‌یی حه‌سار ده‌رده‌خست و به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره قسانه‌وه رۆحی شۆرشگێڕی و هه‌ڵسانه‌وه و یاخی بوونی له ناو دانیشتوانی حه‌ساردا ده‌كوشت و دایدهمركاندهوه، له به‌رامبه‌ردا تۆوی كۆیلایه‌تی و بچوككردنه‌وه‌ی له ناخی حهسارنشیناندا ده‌چاند ( گه‌ر من نه‌بوومایه ئه‌م حه‌ساره هه‌ر زوو ڕووخابوو، ئێوه ماوتانه له دوونیا تێبگه‌ن، با گه‌وره‌تر بن ئه‌وسا ده‌زانن من چه‌نده‌م ئێوه‌م خۆشویستووه، هه‌موو تف و جنێوهكانم حیكمه‌تیان تێدایه، تا نه‌مرم قه‌درم نازانن……)، ( زۆر ئه‌سته‌مه پیاو به‌بێ قامچی بێته ناو ماڵ و مناڵی خۆی)، ( هه‌ر كێ ئه‌م حهسارهی به دڵ نیه با بڕوات)، ( لێره بم یان نا قه‌ت فریو مه‌خۆن، من بۆ هه‌ر كوێ بچم رۆحم وه‌ك سێبه‌ری هه‌ور وا به‌سه‌ر حه‌ساره‌وه….كه‌سیش وانه‌زانێ پیر بوویمه و به‌مزووانه ده‌مرم، خه‌ونم دیوه به قه‌د نوح پێغه‌مبه‌ر ده‌ژیم)، (حیكمه‌تی من نه‌بووایه ئه‌م حه‌ساره وێران ده‌بوو). هه‌موو ئه‌م ڕستانه ڕۆژانه ئه‌و حاڵه‌تی خۆبه‌كه‌م زانین و بچووكبوونهوهیه لای كوڕ و كچ و ئه‌ندامانی تری حه‌سار دووپات ده‌كاته‌وه و زیندووی ده‌كاته‌وه كه حه‌سار بێ باوكه كاولهئاشه و دیواره‌كانی ده‌ڕوخێن و ئه‌مان پیاوی به‌ڕێوه‌بردنی حه‌سار و بنه‌ماڵه نین و هتد… ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م قسانه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووبن بۆ ئه‌و نه‌هامه‌تی و پاشاگه‌ردانییه‌ی دوای كوشتنی باوكه توشی حه‌سار و حهسارنشینهكان هاتبیێت، چونكه له ڕووی ده‌روونیه ئه‌مان ئاماده‌كراون به‌وه‌ی كه له دوای مردنی باوكه توشی ده‌رده‌سه‌ری ده‌بن و به‌خته‌وه‌ر نابن، بۆیه هه‌ر هه‌وڵێكیان بۆ به‌خته‌وه‌ر بوونیان به بێهوده ده‌زانن.
ئاوێزانبوونی دوالیزمه‌كانی خۆشی و ترس، شادی و تۆقین، پێكه‌نین و گریان، هه‌لهه‌له‌ی خۆشی و وه‌لوه‌له‌ی شین، سه‌ما و شینگێڕان له یه‌ككاتدا، حاڵه‌تێكه ته‌نانه‌ت خودی بونه‌وه‌ر و ئاژه‌ڵه‌كانی نێو حه‌ساریش ناتوانن له یه‌كتریان جوێ بكه‌نه‌وه و هه‌ستی ته‌واوه‌تی به هیچیان بكه‌ن، نهبهترس، نهبهخۆشی، نهبهگریان، نهبهپێكهنین (ئه‌و شه‌وه تا تخوبی گۆڕستانه‌كه قه‌یره خوشكه‌كانم تاوێ ده‌ستیان له ملم ده‌كرد و ماچ بارانیان ده‌كردم، تاوێكی دیكه تف و نه‌فره‌ت)، (ناشتمان و گه‌ڕاینه‌وه… شه‌كه‌ت و ماندوو… به ده‌م گریه و خه‌نینه‌وه گه‌ڕاینه‌وه……) ( برا و خوشكه شه‌رمن و ترسنۆك و وردیله‌كانم بینی كه قاقا پێده‌كه‌نین و به پشتی ده‌ستیش فرمێسكه‌كانیان ده‌سڕی) ( دایكی خۆم و گشت زڕدایكهكانم، هه‌ڵقه‌یه‌ك براكان و هه‌ڵقه‌یه‌ك خوشكانم… ماچیان كردم، تفیان لێ كردم، تاوێ سوپاس و تاوێ نه‌فره‌تیان لێ كردم..) ئه‌مه ئه‌و دۆخه‌یه كه یه‌كه‌م ساتی دوای ئازادییه و یه‌كه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنی حهسارنشینانی كۆیله‌یه له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌ستیدا كه هه‌رگیز نه‌یانتوانی به هیچ ده‌ربڕینێك گوزارشت له‌و هه‌سته‌یان بكه‌ن تا سه‌ره‌نجام هه‌موو خۆشییه‌كان شێوا و گۆڕا بۆ نه‌هامه‌تی و نه‌فرینی باوكه به‌سه‌ریاندا باری و هه‌موو هه‌وڵێكیان ده‌دات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی حه‌سار بۆ دۆخی به‌ر له مه‌رگی باوكه.
تامه‌زرۆبوون بۆ سهبهرستی داواكردنی ئه‌و مافه له‌لایه‌ن دانیشتوانی حه‌ساره‌وه هۆكارێك بوو بۆ شه‌رعییه‌تی كوشتنی باوكه، (بێ كوشتنی ئه‌و نه‌ده‌كرا ئازادیان بكه‌م..شووره زۆره‌كانی حه‌سار بڕمێنم) به مانایه‌كی تر ئه‌وه زه‌روره‌ت بوو كه یاخی بوون و كوشتنی باوكه‌ی هێنایه كایه‌وه واتا ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌ستی و ئازادی نه‌بونایه به خواستی گشتی حه‌سار و نۆبه‌ره‌ی حه‌ساریان ئیحراج نه‌كردایه و رۆژانه حهسارنشینان پلار و توانجیان له براگه‌وره نه‌دایه هه‌رگیز ئه‌و یاخیبوونه ڕووینه‌ده‌دا (براكانم پێیان ده‌گووتم: كاكه تۆ نۆبه‌ره‌ی .. ئاخر تاكه‌ی ملكه‌چی؟)، (مه‌ترسه…هه‌ر هه‌موو پشت و په‌نای تۆین..شه‌رمه تاكه‌ی بمانخهسێنێ؟…تاكه‌ی شه‌وانه به دزییه‌وه بچینه گژ ماكه‌ر و هێستره‌كان؟)، قسه‌كانی “رابی” زڕدایكیش هێنده‌ی تر ئاگری له ڕۆح و هه‌ناوی نۆبه‌ری بنه‌ماڵه به‌رده‌دا (سه‌یری چی ده‌كه‌ی خه‌سیوی نامه‌رد؟ درۆ ده‌كه‌ی.. ئه‌گه‌ر غیره‌ت له ده‌مارتا هه‌یه ئه‌مشه‌و وا له باوه‌شی من.. شه‌و نۆره‌مه)، (تف له‌و شه‌وانه‌ی له بڕی له باوه‌شی تۆدا بم له باوه‌شی باوكتا ده‌نوم)، (به‌ڵام هه‌قیشه وابێ.. گه‌ر كوڕان بێ ده‌مار و خه‌سیو بن… باوكان بۆ وانه‌كه‌ن…؟) دیاره ئه‌مه‌ش بۆخۆی حه‌ز و ویستی تری لێجودا بوه‌وه وه‌ك ئه‌و شه‌یدا بوونه‌ی نۆبه‌ره بۆ “ڕابی”زڕدایكی كه به بڕوای من ئه‌م ویسته ئۆدیبییهش هۆكارێكی سه‌ره‌كی و گرنگی شۆرشه‌كه بوو، بیانوویه‌كی به‌جێش بوو بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی خودی خۆی كه به‌و كاره هه‌ڵبسێ له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و زڕدایكهی كه هه‌میشه نۆبه‌ری ماڵ ئاواتی خواستووه ئه‌م له بری باوكی ببێته خاوه‌نی و لێوه‌كانی بمژێت (سه‌نگ و قورسایی هه‌ردوو مه‌مكی سوخمهكهیان دادڕی و باخه‌ڵی كراسه تهنكهكهیان بۆ خوارتر داخزاند و جۆگه‌له‌ی هه‌ردوو مه‌مكانی گێژی كردم)، ئه‌مه‌ش خواستنێكی ڕاسته‌وخۆ و ته‌واوه‌تییه له تیۆره‌كه‌ی فرۆید كه له‌سه‌ر خێزانێك كردویه‌تی له‌باره‌ی گرێی ئۆدیبه‌وه، كاتێ “هانز”ی بچكۆله ویستوویه‌تی باوكی بمرێ تاكو ڕێگه بۆ ئه‌و خۆشبێت به سه‌ربه‌ستی و به‌بێ ترس له باوكی له‌گه‌ڵ دایكی‌دا بخه‌وێ*، به‌ڵام كێشه سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه‌یه كه دوای مه‌رگی باوكه هه‌مووان سه‌رگه‌ردان ده‌بن و نازانن له‌گه‌ڵ ئازادی‌دا مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروست بكه‌ن و سه‌رگه‌ردانی ده‌شت و ده‌ر ده‌بن و ده‌گه‌نه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌وه ته‌نها باوكه بوو توانیبووی به جه‌به‌روتی خۆی هه‌موو شه‌رم و شكۆ و گه‌وره‌یی و بوون و كه‌رامه‌تی حه‌سار و حهسارنشینان داپۆشێ، ئێستا به‌بێ بوونی سێبه‌ری باوكه به‌سه‌ریانه‌وه هه‌ریه‌كه‌وه به ده‌ردێكه‌وه ده‌ناڵێنێ، كوڕه گه‌وره‌ی ماڵ له‌سه‌ر قه‌بران بووه به زێوانی گۆڕستان و سارا و زوله‌یخا بوون به قوربانی زه‌بری شه‌هوه‌تی زێوانه شه‌له‌كه‌ی گۆڕستان و چه‌ند زڕدایكێك هه‌ڵه‌ته بوون و له حه‌سار یاخی بوون و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای مێرده كۆنه‌كانیان كه باوكه به زه‌بری هه‌ڕه‌شه و پاڕه و ماڵی دنیا داگیری كردبوون و حه‌سار بوو به كاوله ئاشێكی داڕوخاو و هه‌یبه‌تی جارانی له‌ده‌ستدا شوراكانی ڕووخان. ئه‌مه واقعی دوای یاخی بوون و شۆڕش و كوشتنی باوكه‌یه، نوسه‌ر له‌م ره‌هه‌نده‌وه ئه‌و دیده ده‌خاته‌ڕوو كه وابه‌سته‌گی و كۆیله‌بوونی ڕابردوو و ئینتیماكردن بۆ زه‌مه‌نی پێشوو و ده‌سبه‌ردارنه‌بوونی نۆستالۆژیا واده‌كات هیچ شۆرش و ههڵسانهوهیهك نه‌توانێ سه‌ربه‌ستی بهێنێته كایه‌وه، ئه‌شێ به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌وه هه‌بێ كه دانیشتوانی حه‌سار پێشتر خۆیان بۆ وه‌ها ڕووداوێكی مێژوویی ئاماده نه‌كردبوو، راسته به‌رده‌وام ئاواتی له ناوچوون و نه‌مانی سێبه‌ری باوكه‌یان كردووه ( هێشتا مێردمنداڵ بووین …دوعامان ده‌كرد خودایه: بۆچی یه‌كێك له ئه‌سپه شێته‌كانی به جووتهیهك كه‌لله‌ی سه‌ری ناپرژێنێ؟ جارێ له جاران ناگلێ و ملی ناشكێ؟) به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها خۆزگه‌یه‌كی كهبتكراو بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی بوێرن به ئاشكرا بیریشی لێبكه‌نه‌وه و خۆیان بۆ دوای نه‌مانی باوكه ئاماده بكه‌ن و به‌رنامه‌رێژی بۆ ئه‌و قۆناغه بكه‌ن، بۆیه توشی ئه‌و سهرلێشواویه هاتوون، به‌ڵام به‌شێكی گرنگیشی په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی ئیراده‌ی سه‌ربه‌ستییه‌وه هه‌یه له ناو خودی خهڵقهندهكانی حه‌سار و كارلێكنهكردنیانه له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه ئازادییه‌ی كه له دوای نه‌مانی مۆتهكهوه هاته ئاراوه. ده‌كرێ له ڕۆمانی (حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم)ه‌وه چاوێك به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی كۆتایی نیشتیمانی عه‌ره‌بیدا بگێرین و تێبگه‌ین كه شیرزاد حه‌سه‌ن له ساڵانی هه‌شتاوهه‌شت بۆ نهوهدوشهوش له رێگه‌ی ئه‌م رۆمانه‌یه‌وه پێشبینی دوای رووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاستی كردووه كه له دوای كه‌وتنی دیكتاتۆره‌كان كۆمه‌ڵگاكان تووشی چ شێواوی و شڵهقانێكی ریشه‌یی ده‌بن و چۆن سێنته‌ری كۆمه‌ڵگا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و كارێكی واده‌كات كه زۆربه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا خۆزگه و حه‌سره‌ت بۆ سیستمه‌كه‌ی پێشوو بخوازن و ئه‌و كۆیلایه‌تییه‌ی جارانیان پێ شهرافهتمهندتر بێ له‌و ئازادی و سه‌ربه‌ستییه‌ی شۆڕش هێنایه ئاراوه ئه‌مه‌ش به هۆی ئاماده‌نه‌بوونیان بۆ هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئازادی‌دا و وابهستهگییان به نۆستالۆژیا و ڕابردووه‌وه ( ئاخر ئه‌و پیاوانه‌ی ده‌هاتنه نێو خه‌ونه‌كانمان سه‌ده‌ها جار له‌م گامێشانه جوامێر و قۆزتر و كهڵگهتتر و بۆن خۆشتربوون) (گه‌ر بمزانیبا ئه‌وه‌یه چاره‌نوس… سه‌د جاران ڕاده‌مام بر له‌وه‌ی خه‌نجه‌ری یه‌كه‌م بوه‌شێنم) ئه‌م دۆخه‌ش به‌ڕوونی له ووڵاتێكی وه‌كو میسردا هه‌ست پێده‌كرێ به‌وه‌ی كه ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ی هاته ئاراوه ئه‌وه نه‌بوو كه گه‌ل ده‌یویست و خه‌ونی پێوه ده‌بینی! بگره زۆر خراپتر بوو له‌وه‌ی پێشوو، بۆیه ئێستا ناچار هه‌ست ده‌كه‌ن كه هه‌ڵه‌یان كرد له‌و كرداره فیزیكییهی كردیان و ناویان لێنا شۆڕش و چه‌ندین قوربانیان تێیدا به‌خشی. به مانایه‌كی تر ئه‌شێ شۆڕش و یاخی بوون به هێلكه‌یه‌كی پیس بشوبهێنین كه رووكاری ده‌روه‌ی جوان و پرشنگدار ده‌نوێنێ و له ناویشه‌وه بۆگه‌نی كردووه، بۆیه ئه‌گه‌ر ماتماتیكییانه ڕووداوه‌كانی پێش و پاش كوشتنی باوه‌كه لێكبده‌ینه‌وه و له سیاقی هاوكێشه‌یه‌كدا كورتییان بكه‌ینه‌وه له تێڕوانینی دانیشتوانی حه‌ساره‌وه بۆی بڕوانین به بڕوای من ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌رده‌چێت:.
پێش كوشتنی باوكه:
باوكه+حه‌سار=مه‌ینه‌تی و كۆیلایه‌تی و ته‌مه‌ننای مردنی باوكه
حه‌سار –باوكه =به‌خته‌وه‌ری و سه‌ربه‌ستی و ئاشنابوون به دنیای ده‌ره‌وه
پاش كوشتنی باوكه:
حه‌سار+باوكه=ئارامی و دڵنیایی و یه‌كێتی
حه‌سار-باوكه=شێواوی نه‌مانی شكۆی بنه‌ماڵه و ته‌مه‌ننای گه‌ڕانه‌وه‌ی سێبه‌ری باوكه
ئه‌م چه‌ند وتووێژه‌ی حهسارنشینانیش باشترین نمونه‌ی سه‌لماندنی ئه‌و هاو كێشه‌یه‌ن ( هۆ كاكی ناپاكمان.. ڕۆڵه‌ی جه‌ربه‌زه و هه‌لپه‌رست…تۆ چیت به ئێمه و به خۆت كرد؟ فریامان كه‌وه..فریای دایكان و خوشكانی هه‌میشه نه‌گبه‌تت.. هه‌میشه دۆڕاو.. ئێمه هه‌موو بیری ده‌كه‌ین، كوا چیت له باوكی عگید و چهلهنگمان كرد؟ كوا چیت له مێردی میرخاسمان كرد؟ له‌و پیاوه‌ی مناڵی ناو پێشكهیان پێ ده‌ترساند؟ ئه‌و پیاوه‌ی چاپوكترین سوار و چاترین حه‌یران بێژ بوو؟ نیشانهشكێنێ بزماری هه‌ڵده‌گرت…ئه‌وه‌تا حه‌سار بێ ئه‌و چۆڵ و خاڵییه، ئاشی ئاو لێبڕاوه.. به‌تاڵ له پشیله و سه‌گه نازداره‌كانی.. كوا حیله‌ی ئه‌سپ و چریكه‌ی بولبولهكانی؟… ته‌واو تۆ نا ئومێدت كردین. ئه‌وانه‌ی دێنه ناو پێخه‌فمان هه‌رگیزاو هه‌رگیز پیاو نین……چیمان لێده‌كه‌ی نۆبه‌ری حه‌سار؟ بۆ تۆی چۆڵ ده‌كه‌ین با ئه‌م میراته هه‌ر بۆ تۆ بێ.. حه‌سارێك كه عگید و كه‌ڵه مێردی وه‌ك باوكه‌ی تیا نه‌مێنێ سه‌دجاران چاتره ببێ به كاولهئاش و هێلانه‌ی شه‌مشه‌مه كوێره و كونه په‌پو…)…( هۆ باوكه سه‌گه‌كانت وا ده‌مخۆن..فریام كه‌وه..دهمخۆۆ..ۆۆ..ن)، ( هاوارم وه‌به‌ر تۆ له سه‌گه‌كانت قوتارم كه و بكه‌وه به كوڕی خۆت..جارێكی تر وا بكه هه‌وای پاك هه‌ڵمژم… ئازادم كه تا حهسارهكهت ئاوه‌دان كه‌مه‌وه… موعجیزه‌ی خۆتم نیشانده له گوناهم خۆش به.. ئێستا ئیتر هه‌موو دنیا زانی تۆ به مردوویش له هه‌مووان زیندوتری… روخسه‌تم به‌رێ بچمه‌وه حه‌سار..) ئیدی تێده‌گه‌ین كه ڕه‌نگه زۆرجار ئه‌و پێشبینیانه‌ی بۆ دوای روودانی وه‌ها ڕووداوێك ده‌یكه‌ین هه‌موو قڵپ ده‌بنه‌وه و هه‌رگیز ئه‌و خه‌ونه نابێ به ڕاستی كه له دوای گۆڕانكارییه‌كان و له قۆناغی نوێ‌دا چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ین پێمانووایه به‌هه‌شتمان بۆ ده‌خوڵقێت!! به مانایه‌كی تر قسه‌ی سه‌ر زاره‌كی و قسه‌ی نێو كتێبه‌كان و به‌ڵێن و خهونهكان زۆر جیاوازترن له‌و واقیعه‌ی كه دروست ده‌بێت و دێته ئاراوه.
كاركردن له‌سه‌ر بابه‌ته حه‌رام و نامۆكانی نێو كۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتی یه‌كێكه له ماتریاله‌كانی نوسینی شێرزاد حه‌سه‌ن ئه‌و بابهتانیش له (خه‌ته‌نه‌كردن، كه‌بتی سێكسی، نایه‌كسانی ره‌گه‌زی، شه‌رم و ئاسته‌نگه‌كانی ئایین) چڕ ده‌بنه‌وه كه له‌م رۆمانه‌دا نوسه‌ر به‌ڕوونی ئیشی له‌سه‌ر نایه‌كسانی ڕه‌گه‌زی و كه‌بتی سێكسی كردووه و خه‌ته‌نه‌كردنی كچانیش وه‌كو یه‌كێك له دیارده قێزه‌وون و باوه‌كان نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه ڕاگوزارانه له سیاقێكی هونه‌ری پوختدا خراوه‌ته‌ڕوو، (وه‌ی له‌و خوشكانهی من كه شه‌م له ناو قه‌ده‌وه دوو كه‌رتی كردبوون، حهیایهكی ئه‌به‌دی تێكی شكاندبوون)، (وه‌ك كارمامزێكی سه‌رومل شكاو به ده‌ست باوكمه‌وه هیلاك و شه‌مزا بوو.. بردی… بردی تاوه‌ك پاشماوه‌ی تاوانێك له ژێرزه‌مینه‌كه‌ی حه‌ساردا بیشارێته‌وه، گوێمان له زڕه‌ی زنجیر و ته‌قه‌ی سندم بوو كه له ده‌ست و پێیه‌كانی “زیبا”ی توند كرد، به‌ڵێنی له هه‌موومان وه‌رگرت كه مه‌مره و مه‌ژی خۆراكی بۆ فرێدهینه ژێرزه‌مینه‌كه‌وه…….)، (ژنێك سك نه‌كا وه‌ك دره‌ختی زڕ وایه گه‌ره‌كه زوو بیبڕیته‌وه)، (دایكه نه‌ده‌بوو ئه‌و كچه ساوایانه خه‌ته‌نه بكه‌ی….. ، ڕۆڵه تۆ نه له شه‌رع ده‌زانی نه له ئیشی ژنان، دوو ڕۆژی دیكه ئاوی ده‌ستی خوشكه‌كانت حه‌رام ده‌بوو…نانی ده‌ستیان.. ئیدی ده‌حه‌سێنه‌وه.. كه باڵقیش بن كه‌متر خه‌ون به حه‌رامه‌وه ده‌بینن) له‌م ڕستانه‌وه ئیشكردنی نوسه‌ر له‌سه‌ر بابه‌ته قێزه‌ون و بێزراوه‌كانی نێو گۆمه‌ڵگا به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌روه‌رها ئه‌م ئیشكردنه له چیرۆكی (كهڵهكوڕان و ئاسكهكچان)یشدا ڕوونتر به ده‌رده‌كه‌وێ و ئهلتهرناتیڤهكانیش دنیابینییه‌كانی شێرزاد حه‌سه‌ن ده‌خه‌نه‌ڕوو بۆ ئه‌و چه‌مكانه.
هه‌میشه هه‌ست به تارمایی ئاین و كاره‌كته‌ره‌كانی ئاین ده‌كه‌ین له ناو ره‌فتار و گوفتاره‌كانی باوكه‌دا بۆ شه‌رعیه‌تدان به جه‌به‌روت و توندوتیژییه‌كانی خۆی، كاریگه‌رییه‌كانی ئایینش به‌ڕوونی به‌سه‌ر حه‌ساره‌وه ده‌بینرێت بۆ نمونه باوكه زیاد له جارێك نمونه‌ی پیغه‌مبه‌ران بۆ مناڵه‌كانی ده‌هێنێته‌وه و ده‌یه‌وێت ئه‌میش وه‌ك ئه‌وان بێت (هه‌ر مناڵێك قامچی منی به‌رنه‌كه‌وتبێ نه قه‌ڵه‌و ده‌بێ، نه ته‌مه‌نی درێژ ده‌بێ، خۆ به خۆڕایی نه‌بووه “سمایل” گه‌ردنی خۆی خستۆته به‌ر كێردی “برایم” پیغه‌مبه‌ری باوكی…ها…؟) ( بۆ نه‌یهێنم..؟ عومره هه‌مه..هێشتا له‌سه‌ر شه‌نگ و تاقه‌تی خۆمم..حهسارهكه گه‌وره‌یه و سه‌دی دیكه‌شم پێبهخێو ده‌كرێ… نه‌فامینه ده‌زانن زوڕیه‌ت نانه‌وه چه‌نده خێره؟ ده‌زانن سلێمان پێغه‌مبه‌ر.. ئیبراهیم چه‌ند ژنیان هه‌بووه..؟) (ڕۆَڵه تۆ نه له شه‌رع ده‌زانی نه له ئیشی ژنان.. دوو ڕۆژی دیكه ئاوی ده‌ستی خوشكه‌كانت حه‌رام ده‌بوو…..) ( وازم لێبێنن له‌سه‌ر شه‌رعی خوا و پێغه‌مبه‌ران هه‌ر هه‌مووتان له خۆم ماره ده‌كه‌م) ( به‌نده بۆی نیه له خودای خۆی بپرسێ بۆچی برسی و تینوی ده‌كا..؟ بۆ لافاو و گركان و زریان وڕهشهبای بۆ ده‌نێرێ..؟ بۆ لێره سه‌رما و له‌وێ گه‌رمایه..؟ منداڵیش هه‌روا بۆی نیه فه‌رمانه‌كانی باوك بشكێنێ.. كوڕ و كچی من ئه‌وسا له‌به‌ر دڵ شیرین ده‌بن كه گوێڕایه‌ڵی فه‌رمایشته‌كانی من بن.. كتێبه پیرۆزه‌كانیش هه‌روا ده‌فه‌رموون…..) ( كه‌س به له‌شی پیسه‌وه نزیكی ئه‌و حه‌مامه نه‌كه‌وێ، غوسل ده‌ركه‌ن، بابهر غه‌زه‌بی ئه‌و نوره پاكه نه‌كه‌ون) (خه‌ونم دیوه به قه‌د نوح پێغه‌مبه‌ر ده‌ژیم) له‌م نمونانه‌وه تێده‌گه‌ین كه ئایین چ ئامرازێكه بۆ تۆقاندن و تێكشكاندنی خود و باوكه‌ش چۆن توانیویه‌تی سود له‌و ئامرازه وه‌ربگرێ له پێناو مانه‌وه‌ی خۆی و درێژه‌دان به سهركوتكردنهكانی.
په‌یوه‌ندی نێوان ئاژه‌ڵ و مرۆڤ له‌م تێكسته‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌به‌دی و به‌تینه و هیچ كام له‌م دووانه به‌بێ ئه‌وی تریان هه‌ڵناكات و ته‌واو نابێ. په‌یوه‌ندییه‌كه ریشه‌ی كۆنی هه‌یه و هێندێ جار به‌ڕاده‌یه‌ك قووڵ ده‌بێته‌وه ده‌بێته پویوه‌ندی نێوان دوو خه‌ڵقه‌نده‌ی یه‌ك سنف به‌وه‌ی كه ئه‌سپه عارهبییهكهی باوه‌كه چه‌ندین شه‌و رۆڵی “پیاو”ی بۆ كچان و دایكانی حه‌سار بینیوه و وێكڕا له پرۆسه‌یه‌كی سێكسی‌دا كۆبونه‌ته‌وه (ژنینه لۆمه‌م مه‌كه‌ن.. واملێهاتووه و بچمه گژ ئه‌سپه‌كانی) ئه‌م په‌یوه‌ندییه ویستێكی زایه‌ندی ژنان و دایكانی حه‌سار له غیابی پیاوه‌وه دروستی كردووه. یاخود له لایه‌كی تره‌وه ژیانكردنی براگه‌وره‌ی حه‌سار له‌گه‌ڵ سه‌گه‌كاندا له دوای مردنی باوكه‌وه له ناو یه‌ك خانۆچكهی بچو‌وكدا ئه‌و په‌یوه‌ندییه دووپات ده‌كاته‌وه (ئاه.. عومرێكه.. عومرێكی ئه‌به‌دی كه جگه له تروسكایی پرته پرتكهری مۆمێك هیچی دیكه تارمایی من له تارمایی سه‌گه نه‌گریسه‌كانی باوكم جوێ ناكاته‌وه)، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌شیان ترس و مه‌حكوم بوون به ترس له ڕابردوو دروستی كردووه و وایكردووه نۆبه‌ری ماڵ به‌بێ ویستی خۆی مه‌حكوم بێت به ژیانێكی ئه‌به‌دی له‌گه‌ڵ سه‌گه به وهفاكانی باوكه‌دا. گه‌ڕانه‌وه و وابه‌سته‌بوونی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان بۆ حه‌سار له دوای مه‌رگی باوكه‌وه سهلمێنهرێكی دیكه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یه له نێوان ئاژه‌ڵ و مرۆڤه‌كانی نێو حه‌سار. هه‌ر له ئه‌نجامی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌وه یه‌كێك له خوشكانی حه‌سار ده‌بێته قوربانی و له دوای چوونه گژ ئه‌سپه عارهبییهكهی باوكه زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێ (باوكه “زوهرا”ی دیبوو ده‌ستی له ملی ئه‌سپه‌كه كردبوو، ئه‌سپی له‌عنه‌تیش لمۆزی لیكنی خستبووه نێو هه‌ردوو مه‌مكانی، بێ‌ئاگا له باوكم، له حه‌سار، له دونیا، “زوهرا” ختوكه‌ی ده‌هاتێ و ده‌خه‌نیه‌وه، هه‌ر ئه‌وشه‌وه بێده‌نگ كوشتی و هه‌ر له حه‌وشه‌ی حهسارهكهشدا زینده‌به‌چاڵی و كرد….) ( ئه‌وانه كۆمه‌ڵێ سه‌گ و تانجی و توله نین… به‌ڵكو ڕۆحی منن… ڕه‌نگه ئیوه سپڵهبن… وه‌لێ سهگهكانم… هه‌رگیز).
له‌م ده‌قه‌دا چه‌مكی حه‌سار ئاماژه‌یه‌كی روون و نزیكه بۆ چه‌مكی نیشتیمان و حهسارنیشنانیش ئه‌و هاونیشتیمانییه عاجز و سهركزانهن كه نازانن له نێوان دووڕیانی هه‌ڵبژاردنی حه‌سار و مانه‌وه به كۆیلایه‌تی تێیدا یان جێهێشتنی حه‌سار و به‌رگه‌گرتنی غوربه‌ت و حه‌سره‌تی دووری ئازیزان هه‌ڵبژێرن! دواجار دابه‌ش ده‌بن بۆ سه‌ر دوو پۆل، كۆمه‌ڵێكیان یاخی ده‌بن و حه‌سار بۆ باوكه چۆڵ ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك ده‌رباره‌ی دوای جێهێشتنی حه‌سار بزانن و هیچ ئومێدێكیان به ئاسۆ هه‌بێ، به‌ڵام دواتر دوای مردنی باوكه و گه‌ڕانه‌وه‌یان دیسان ده‌كه‌وینه به‌رده‌م دووڕییانێكی تر كاتێ ده‌بینن كوڕه ئاواره و سه‌رگه‌ردانه‌كانی حه‌سار گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له‌مدیو شوراكانه‌وه هه‌ریه‌كه‌و به زمانێكی جیاواز ده‌دوێن و شه‌ڕ و هه‌رایانه ڕوون نیه ئاخۆ له‌سه‌ر چی شه‌ڕیانه؟ دیار نیه ئاخۆ بۆچی گه‌ڕاونه‌ته‌وه؟ ئایا ئه‌وه ئینتیمای خۆشهیستنی حه‌سار و به‌ڕێوه‌بردنیه‌تی له دوای باوكه وایلێكردوون بگه‌ڕێنه‌وه؟ یان حه‌ز و خولیای میرات و ده‌سبه‌راگرتنی خه‌زێنه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی باوكه؟! پۆلێكی تریشان ئه‌و كوڕ و كچ و دایكه سهركزانهن كه له حه‌سار و له ژێر ره‌حمه‌تی قامیچی و گۆچانه‌كه‌ی باوكه‌دا ماونه‌ته‌وه، ئه‌ی ئاخۆ ئه‌مان بۆ ئه‌و ژیانه چهرمهسهرییهیان قبوڵ كردووه و له‌م حه‌ساره ئاشوبهێنهرهدا ماونه‌ته‌وه؟ ئایا له‌پێناو حه‌ساردا خۆیان كردووه به قوربانی به‌وه‌ی كه نه‌یانویستووه حه‌سار به جارێك چۆڵ بكه‌ن و شكۆی حه‌سار نه‌شكێنن؟ یاخود نه‌یانویستووه گۆڕه‌پانه‌كه به ته‌نها بۆ باوكه بهجێبهێڵن و ئومێدی باشبوونی باوكه یان دورخستنه‌وه‌ی باوكه‌یان هه‌بوو له ده‌سه‌ڵات و حه‌سار به‌ڕێوه‌بردن؟ یان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌وه ئه‌سڵه‌ن خودی سه‌ركه‌شی و موغامر له ناو ئه‌م كاره‌كته‌رانه‌ی حه‌ساردا چه‌پێنراوه و به هیچ جۆرێك بیریان بۆ جێهێشتنی حه‌سار نه‌چووه. یان ئینتیمایه‌كی توندی ده‌روێشانه به حه‌ساری به‌ستونه‌ته‌وه نه‌یانتوانیوه به‌رگه‌ی دووری حه‌سار بگرن؟! یاخود له شوێنێكدا نۆبه‌ره‌ی حه‌سار به‌ڕوونی پێمانده‌ڵێ ( منی نۆبه‌ره نه‌ده‌كرا دایكان و برا و خوشكانم له‌به‌رده‌ستی دڕه‌نده‌یه‌كی وا به‌جێبهێڵم) ئه‌مانه هه‌مووی پرسیاری جدین و له (حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم)دا خراونه‌ته‌ڕوو، پێمووایه ده‌قێكی ئاسایی تونای دروست كردنی وه‌ها پرسیارگه‌لێكی نیه مه‌گه‌ر شاكار بێت و سنوره‌كانی لۆكاڵیهتی بڕیبێت و گه‌یشتبێته زه‌وییه‌كانی سه‌رمه‌دی و داهێنان.
من پێمووایه مه‌زنی (حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم) له‌وه‌دایه كه پابه‌ند نیه به یه‌كه‌كانی شوێن و كاته‌وه ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه به‌رهه‌مه‌كه ببێته شاكار و ببێته ئه‌ده‌بی هه‌موو سه‌رده‌م و گه‌لێك، به‌و مانایه‌ی كه ئه‌گه‌ر ئه‌م رۆمانه وه‌ربگێردرێته سه‌ر هه‌ر زمانێك و هه‌ر خوێنه‌رێك بیخوێنێته‌وه ئینتیمای بۆ ده‌كات و له سوچێكی یه‌كێك له ڕووداوه‌كانیدا خۆی ده‌بینێته‌وه.
* لاپه‌ره پهرشهكان، چه‌ند ووتار و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی فكری و ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه، ئازاد به‌رزنجی وه‌ریگێڕاوه.