
په‌یکه‌ری (ست رافۆن) وه‌كو دووا په‌یكه‌ری نیَو كۆنه باخچه‌كه‌ی فیكر
له‌م لیَكۆڵینهوهیهدا له چه‌ند گۆشه‌یه‌كی فیكرییه‌وه قسه له‌سه‌ر چیرۆكی (په‌یكه‌ری ست رافۆن)ی (كاروان كاكه‌سوور) ده‌كه‌م و له په‌نای چیرۆكه‌كه‌شدا ههندیَك دیدی فیكری خۆم ده‌خه‌مه ڕوو بۆ چه‌ند چه‌مك و بابه‌تیك :
1- دەرکنهکردن به گه‌وهه‌ر :
((ماوەیەک بەو گلێنە گەورانەی لێم ڕاما و بزەیەکی سەیری کرد، کە ئاسان نەبوو لەوە تێبگەم، ئاخۆ مانای ناڕەزایی دەگەیەنێت، یان وەڵامێکی دۆستانەی ئەو گاڵتەیەی منە… ڕاستییەکەی من هێندە پێم لەسەر ئەوە دادەگرت، کە دەمەوێت جارێک لەم شوێنەی خۆم ڕووتی بکەمەوە و بیشۆم، تاکو گەیشتە ئەوەی گومانم لێ بکات، بەڵام لەو سنوورە مایەوە و بڕیاری نەدا ئیتر نەیەتەوە لام…))
سه‌یره!!! ئه‌وانه‌ی له‌بارەی ده‌قی (کاروان کاکه‌سوور)ەوە نووسیویانه، ره‌چاوی ئه‌و هه‌ڵخزانه ده‌لالی و گه‌مه خودییهیان نه‌کردووه كه پێشتر له چیرۆکی کوردی‌دا نموونه‌ی نەبووە.
له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و گه‌مه‌یه مانا گه‌وره‌که‌ی چیرۆکی (کاروان) سنووردار ده‌کرێ، . ئه‌وا من باسی گه‌مه‌که ده‌که‌م :
ره‌نگ بێ (کاروانی خوێنه‌ر) خۆی هه‌ستی به‌و گه‌مه‌یه نه‌کردبێ که به وشه موتوربه کراوه، لێ به‌بێ شک (کاروانی نووسه‌ر) له ده‌رگا فراوانه‌که‌وه به چاوی وشه بینیویه‌تی و خۆی یاریکه‌ره سه‌ره‌کیه‌که‌یه.
(کاروانی سێهه‌م) کۆی دوو کاروانه‌که‌ی دیکه‌یه، وه‌کو بینه‌رێک ده‌رده‌که‌وێ به‌بێ بلیت هاتۆته نێو یاریگاکه که یاریگای وشه و ده‌لاله‌ت و مانا شاراوه و ئاشکراکانه.
ده‌قه‌که وه‌ستانه له بەرانبەر گوتاره پارادۆکسه‌کان له‌و فه‌زایه‌ی لهنیَوان (ست رافۆن) و (ست ریَزان)دا هه‌یه تا مه‌ودای نیَوان (ست رافۆن) و کاره‌کته‌ره‌کانی تر به خودی قسهکهریشهوه، گه‌مه‌کردنه لەگەڵ ئەو وشانه‌ی له ده‌می کارهکتهرکانەوە دیَنه ده‌ره‌وه، بۆ نموونه :
((کاتێکیش یەکێک بڵێت:
_ ئینجا خۆ ئەو قسە لەگەڵ کەس ناکات.
ئەم سەری با دەدات و دەڵێت:
_ وا نییە، دە ئاخر وا نییە، بەڵام ئێوە نازانن بیدوێنن.))
گهمهکردنیشه لەگەڵ ئەو وشانه‌ی هه‌یکه‌لیه‌تی ده‌قه‌که پیَک دههیَنن و زه‌مینه بۆ دیالۆگه‌کان خۆش ده‌که‌ن، که مه‌ڵبه‌ندی یه‌که‌می وشه یاریزانه‌کانن، وشه‌کان هه‌ر یه‌که‌یان نمره‌یه‌کی تایبه‌ت به خۆیانیان هه‌یه که جیایان ده‌کاته‌وه.
پیَگهی وشه‌کانیش بهشیَکی تری جیاکردنه‌وه‌که له خۆ ده‌گرن، وشه لیَکچووهکان یاریی جیاواز ده‌که‌ن به ئاستی جیاواز و نمره‌ی جیاواز و ئه‌نجامی جیاوازه‌وه .
ئاڕاسته‌کردنی خود وه‌کو کاره‌کته‌رێکی هزرمه‌ند بۆ نێو جیهانی فراوانی چیرۆکه‌کان، ته‌قینه‌وه‌ی خوده به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا.
نووسه‌ر ئه‌وانی تر ده‌گێڕێته‌وه تا له‌و رێگایه‌وه گێڕانه‌وه‌ی خۆی کامڵ بکا، خود دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر کاره‌کته‌رکان که خودێکی په‌رتبووه، کۆی کاره‌کته‌ره‌کان یه‌کسانن به تاقانه‌یه‌ک که خوده، به‌ڵام خود یه‌کسان نییه به ده‌رکه‌وته فه‌ردییه‌کانی کاره‌کته‌ره‌کان و کۆتایی خودیش راسته‌وانه ناگۆڕێ له‌گه‌ڵ کۆتایی چیرۆکدا، به‌یه‌کداکه‌وتنێکی ناخودی مانیفێست ده‌بێت له فه‌زای گێڕانه‌وه‌ی خوددا که فه‌زای ئه‌وانی تره .
(هیگل) پێویستییه‌کی لۆژیکی و واقیعی لای خود ده‌بینی پێی وایە ئه‌وکاته رۆڵی قاره‌مانه‌کان له ناو ده‌چێ که مێژوو کاری پێیان نامێنێ، چونکه مێژوو خۆی ئه‌وانی خوڵقاندووە. خود له چیرۆکدا دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له پێویستییه لۆژیکی و واقیعییه‌کان. که‌واته جۆرێکی تر له به‌یه‌کداکه‌وتنی خودی رووده‌دا له‌نێوان (خودی ناو ده‌ق) و (خودی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق)دا .
لای (دیکارت)ی بنیاتنه‌ری (دوالیستی نوێ) و خاوه‌نی (میتافیزیکی دوالیستی) له فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا، (که‌رسته‌ی ماددی) شتێکی درێژکراوه‌یه و سیفه‌تی بنه‌ڕه‌تیی (بیرکردنه‌وه)یه، بوون ده‌که‌وێته نێوان دوالیسمی (بوونی درێژکراوه) و (بوونی ژیر)ەوە، به‌ڵام (دیکارت) پێوەندیی نێوان ئه‌و دووانه‌ی روون نه‌کردۆته‌وه، سه‌ره‌رای سه‌ربه‌خۆییان، بۆیه خود ده‌به‌سترێته‌وه به بوونه‌وه.
واته له ده‌ره‌وه‌ی بیرکردنه‌وه و بووندا خودێک بوونی نییه و دواجار (خودی نێو بوونه‌کان) و (خودی ئاماده‌ی گاڵته‌که‌ر به ئاماده‌گی و بوون) و (خودی بێئاگای هه‌بوو) و (خودی نه‌بوو) سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. خود لای (دیکارت) جۆری یه‌که‌می خوده که له‌نێو بوونه‌وه هه‌ڵهێنجراوه .
ده‌کرا (دیکارت) باسی خودی تازه‌ی کردبا که قابیلی گۆڕانه، له‌به‌ر نه‌بوونی ئه‌لته‌رناتیڤێکی خودی لای (دیکارت)ه بیر له پۆلێن‌کردنی خود ده‌که‌مه‌وه، پشت به‌ستن به‌و ئایدیایه‌ی (دیکارت) له بەرانبەر چیرۆکی (کاروان)دا تووشی نائومێدیی خودیمان ده‌کا، ئه‌گینا من له‌گه‌ڵ وه‌ها پۆلێنکردنێکدا نیم. فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ پێی وایە مرۆڤ له رێگه‌ی عه‌قڵه‌وه ده‌توانێ بگاته مه‌عریفه‌ت و ئیش له‌سه‌ر دیاریکردنی توانا هزرییه‌کان ده‌کا.
(ئیمپریستهکان) و (رهشنالیستهکان) بوونی (زانیاریی گشتی)یان به پێویستی داده‌نا، خودی مرۆڤ یه‌کسان ده‌کرا به عه‌قڵ و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و فه‌زایانه‌ی عه‌قڵ دروستیان ده‌کا، مرۆڤ (جانه‌وه‌رێکی گه‌وره) بوو، ئه‌مه‌ش دابه‌زاندنی ئه‌و خوده‌یه بۆ ئاستی شتێکی به‌رجه‌سته‌ی بێ‌گیان که ( مێشک)ه.
(فیخته) باوه‌ڕی به (خودی ره‌ها) و (عه‌قڵی ره‌ها)ش هه‌بوو که هه‌ر ئه‌و خودایه‌یه هاوکات کامڵه و سنووردار نییه و داماڵراوه له که‌سایه‌تی مرۆیی، لێره‌وه‌یه بیرۆدزی (فیخته) له‌مه‌ڕ خود به (ئایدیالیسمی ئه‌خلاقی) ناو ده‌برێ که له‌سه‌ر بنه‌مای (ئایدیالیستی ئه‌خلاقی) بوو :
” چونکه خود گشته، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خوده هیچ شتێک بوونی نییه”.
که‌واته بۆ یه‌که‌مینجار له چیرۆکی کوردی‌دا و له چیرۆکه‌کانی (کاروان کاکه‌سوور)دا، خود سنووره خودییه فه‌لسه‌فییه‌کان ده‌به‌زێنێ و خودێکی جیاواز به‌یان ده‌بێ که قابیلی گۆڕانه.
2- نزیکبوونه‌وه له ئه‌م له‌پێناوی گه‌یشتن به ئه‌و:
((ئەگەر بڵێم ڕۆژێک لە ڕۆژان ویستوومە شتێک لەبارەی (دیدار شێرکۆ)وە بزانم، ئەوا بێگومان ڕاست ناکەم، بەڵام هەمیشە ئەوەم لا ڕوون بووە تەنیا لە ڕێگای ئەو کوڕەوە دەتوانم بگەمە هەندێک لە نهێنییەکانی (ست ڕافیدە) و لە بەشێکی ئەو ژیانە سەیروسەمەرەیەی تێبگەم، کە لەو دەوروبەرەی خۆیان بە (ست ڕافۆن) ناسراوە… کەواتە با نەیشارمەوە من بۆیە هەوڵم داوە پێوەندی لەگەڵ ئەو کوڕە دابمەزرێنم، تاکو بە هۆی ئەمەوە لەو نزیک بکەومەوە…))
( نزیکبوونه‌وه) وه‌کو چه‌مک و کرده، ره‌نگدانه‌وه‌ی (دوورکه‌وتنه‌وه)یه. نزیکبوونه‌وه و بڕینی سنووره‌کانی دوورکه‌وتنه‌وه، کرداره‌که درێژ ده‌کاته‌وه تا سنووری نزیکبوونه‌وه لهنزیکبوونهوهیهکی تر (نزیکبوونه‌وه له که‌سی دووه‌م به ئامانجی نزیکبوونه‌وه و گه‌یشتن به که‌سی سێیه‌م)، نزیکبوونه‌وه‌که یه‌کێک له ده‌رنجامه‌کانی سه‌یره :
“له‌گه‌ڵ گه‌یشتن به که‌سی سێیه‌م، که‌سی دووه‌م په‌راوێز ده‌خرێ”
(که‌سی قسه‌که‌ر) له (دیدار شێرکۆ) نزیک دەبێتەوە، به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به (ست رافیده) که به (ست رافۆن) ناو ده‌بردرێ.
نزیکبوونه‌وه‌که ده‌ره‌نجامی کپبوون و دوورکه‌وتنه‌وه بووه له جه‌سته‌یه‌ک که دواجار شتی تریشه.
(کانت) پێی وایە نابێ مرۆڤ مرۆڤێکی تر بکاته په‌یژه بۆ گه‌یشتن به ئامانجی خود، چونکه بۆ مرۆڤ خودی مرۆ ئامانجه و پێویسته مرۆڤ پێڕەوی بنه‌ماکانی دادپه‌روه‌ری بکا و مافی بەرانبەری نه‌خوا. (کانت) مرۆڤی کردۆته سه‌نته‌ر و به‌ڵگه‌شی بۆ به‌سه‌نته‌ربوونی مرۆڤ نه‌هێناوه‌ته‌وه .
(نیتشه) له مه‌سیحیه‌ت نزیک ده‌که‌وێته‌وه تا تێی بگا و دواجار بۆ ئه‌به‌د لێی دوور بکه‌وێته‌وه :
(نزیکبوونه‌وه‌ی نیتشه) له مه‌سیحیه‌ت، نزیکبوونه‌وه‌ی تر به دوای خۆیدا ناهێنێت، ئه‌مه‌ش (نیتشه)ی رووبه‌ڕووی نه‌ناسین و نه‌دۆزینه‌وه‌ی (مه‌سیح) کردۆته‌وه که رۆڵی (که‌سی دووه‌م) ده‌بینێ.
نزیکبوونه‌وه‌ی (کاره‌کته‌ری قسه‌که‌ر) له (ست رافۆن) گۆڕانی نزیکبوونهوهکهیه بۆ ئاستێکی باڵا که گه‌یشتنه به سه‌نته‌ری کێشه‌کان. لای ( نیتشه) تاقه که‌سێک که مه‌سیحی بووبێت ( مه‌سیح) خۆیه‌تی و له‌گه‌ڵ له‌خاچدانی ( مه‌سیح)دا مه‌سیحیه‌تیش له خاچ درا. به بۆچونی (نیتشه)، (پۆڵس)ی په‌یامبه‌ر مه‌سیحیه‌تی داهێناوه و خودی (مه‌سیح) که‌سێکی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو بووه. ئه‌وه‌تا له کۆتاییه دووره‌که‌دا هه‌ست ده‌کا فریو دراوه. وته‌کانی (مه‌سیح) له وته‌کانی (دۆن کیشۆت) نزیک ده‌کاته‌وه، که له سه‌ر جێگای مردن‌دا کردبوونی، (مه‌سیح) له ئینجیل‌دا ده‌ڵێ :
” ئه‌ی خودا، ئه‌ی خودا، بۆچی گوێم پێ ناده‌ی؟”
نزیکبوونه‌وه‌که‌ی (نیتشه) به مه‌رگی (که‌سی دووه‌م) کۆتایی دێت به بێ نزیکبوونه‌وه له په‌یام و ئایدیا و ته‌ئویلاتی سێیه‌م که رۆڵی (که‌سی سێیه‌م) ده‌بینن. بۆنموونه :
(له قورئاندا مه‌سیح له خاچ نه‌دراوه و به‌رزکراوه‌ته‌وه بۆ ئاسمان، که‌سێکی له خودا رازی بووه، پێغه‌مبه‌ر بووه کوڕی خودا نه‌بووه، هه‌ستی بهههڵخهڵهتاندن نه‌کردووه، خودا رۆحێکی فریوده‌ر نیه، به‌ڵکو تاقانه‌یه و کوڕی نییه).
دونیابینیی (نیتشه) له‌مه‌ڕ (مه‌سیح) ده‌که‌وێته نێو بازنه‌ی گومان و پرسیارکردنه‌وه، بێئاگایی و نزیکنه‌که‌وتنه‌وه له (شتی سێیه‌م) که په‌یامه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی مه‌سیحیه‌تن، فاکته‌ری دوورکه‌وتنه‌وه‌ی (نیتشه) بوو له (مه‌سیح).
لاوازبوونی میزاج لای (ڤۆڵتێر) ده‌گاته ئاستێک دوور ده‌که‌وێته‌وه له‌و چێشتانه‌ی (فریدریک) بۆی ئاماده ده‌کرد و سوپێکی له هاڕاوی په‌تاته و هێلکه‌ی ده‌خوارد و داوای له هاوڕێکانیشی ده‌کرد له‌و خواردنه نزیک ببنه‌وه.
دوالیزمی (نزیکبوونه‌وه – دوورکه‌وتنه‌وه) دەرکی پێ ده‌کرێ، که من به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌سه‌ری ناوه‌ستم و راسته‌وخۆ ده‌په‌ڕمه‌وه بۆ کۆتایی دوالیزمهکه که سه‌ره‌تای دیوه راسته‌قینه‌که‌ی هه‌مان دوالیزمه که په‌یوه‌ندیی ئه‌ده‌بی به چیرۆکه‌که‌مانه‌وه :
زانا و فه‌یله‌سوفه ئه‌ڵمانی و فه‌ڕه‌نسییه‌کان به سه‌رپه‌رشتی (ڤۆڵتێر) کۆبوونه‌وه‌یان ساز ده‌دا له‌سه‌ر ( فریدریک)، به‌ڵام قسه‌ی ره‌قی (ڤۆڵتێر) له‌وێدا هۆکاری تێکچونی نێوانی (ڤۆڵتێر) و (فریدریک) بوو تا سه‌ره‌نجام (ڤۆڵتێر) له (دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌به‌دی) نزیک ده‌بێته‌وه.
لای (ڤۆڵتێر) دوالیزمێک به‌دی کرا که دوو رووی هه‌بوو، (رووێکی رووکه‌ش) و (رووێکی راسته‌قینه)، دووه‌میان به‌ستراوه به ئه‌ده‌به‌وه که شیعره‌کانی (فریدریک)ه، به‌ڵام لای (کاروان) هه‌ردوو رووه‌که پێوه‌ستن به ئه‌ده‌به‌وه و چه‌قی چیرۆکه‌که‌ن.
3- پیاسه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ( فاوست) و (ست رافۆن) له دوا باخچه‌ی (گۆته) و شه‌قامی یه‌که‌می (کاروان کاکه‌سوور)دا
به بۆچوونی من (گۆته) فه‌یله‌سوف نه‌بوو، ئه‌و له هیچ زانکۆیه‌کدا کاری وانه‌بێژیی نه‌کردووه و قوتابخانه‌ی فکریی سه‌ربه‌خۆی نه‌بووه، ئه‌گه‌رچی هزره‌کانی کاریگه‌رییان هه‌بوو له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه، به تایبه‌تی هزری (گۆته) له هۆنراوه دراماتییهکانی نێو (فاوست)دا که به فه‌لسه‌فه‌ی ژیان ناو ده‌بران.
جووڵه ماددی و مه‌عنه‌وییه‌کانی به شێوه‌یه‌کی غه‌ریزه‌یی به‌ره‌و رووناکی ده‌چوون و کریستیانی و بێ‌دین بوو له یه‌ک کاتدا (ئه‌مه‌ش دژه له‌گه‌ڵ ئه‌و میتۆده‌ی فه‌یله‌سوفان ئیشیان له‌سه‌ر کردووه).
که‌واته من دەرکم به‌و جیاوازییه کردووه که له‌نێوان ( حه‌زی ئه‌دیب) و ( حه‌زی فه‌یله‌سوف)دا هه‌یه، لێره‌وه‌یه حه‌زی ( گۆته ی ئه‌دیب) به (کاروانی ئه‌دیب) به‌راورد ده‌که‌م، که دیوێکی شاراوه‌ی له (کاره‌کته‌ری قسه‌که‌ر)دا چڕ بۆته‌وه، ئه‌گه‌ر حهزێکیش هه‌بێت به‌نێوی حه‌زی (گۆته‌ی فه‌یله‌سوف) و حه‌زی (کاروانی بیرمه‌ند)، ئه‌وا من له‌و سیاقه‌ی ئیشی تیا ده‌که‌م خۆم له قه‌یره‌ی ناده‌م به مه‌به‌ستی پاراستن و دوورنهکهتنهوه له‌و تروسکاییه‌ی له (حه‌زی ئه‌دیب)دا به دی ده‌کرێ :
(گۆته) له قۆناغێکدا حه‌زی له خۆکوشتن ده‌کرد، کاتێکیش له‌و حه‌زه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه که بیر له قۆناغی دوای مردن ده‌کاته‌وه :
“ئه‌گه‌ر بمرم دوای ئه‌وه چی رووده‌دا ؟ ئه‌و چییه‌ی هه‌نووکه هه‌یه ئامانج نییه”
دواتر هه‌موو شتێک له (گۆته)دا ده‌گۆڕێ، پارێزگاری له هه‌ژاران ده‌کرد و پاره‌ی خۆی له‌گه‌ڵ به‌ش ده‌کردن. ئه‌و ده‌یگوت :
“ره‌نگه له دیدی خوادا هه‌ژاره‌کان به‌ڕێزتر بن “
ئه‌وکاته‌شی (کارل ئۆگست) داوای لێ ده‌کا هۆنراوه‌ی حه‌ماسی بنووسێ تاوه‌کو چه‌کێک له شه‌ڕدا دژی فه‌ڕه‌نسییه‌کان به کاری بهێنێ، ئه‌و ره‌تی ده‌کاته‌وه. دوا وته‌ی له نێو جێگای مردنه‌که‌یدا ره‌نگدانه‌وه‌ی ئومێد بوو:
“خودایه رووناکیی زیاترم پێ ببه‌خشه”
ئه‌و گۆڕانه‌ی (گۆته) دواتر له (فاوست)دا ره‌نگی دایه‌وه، (فاوست) له ئاسماندا ئه‌و منداڵانه‌ی له ته‌مه‌نێکی زوودا ژیانیان به جێ هێشتبوو فێره وانه‌ی ژیان ده‌کرد. (گۆته) هاوشێوه‌ی (فاوست) خۆی ته‌رخان کردبوو بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ژیان و ئازاره‌کانی ژیان زۆری بۆ هێنابوون و فێره چێژی ژیانی ده‌کردن و ئه‌وانه‌ی دوای شکستخواردن سه‌رله‌نوێ ده‌ستیان پێ ده‌کرده‌وه، لای (گۆته) پایه‌ی تایبه‌تیان هه‌بوو. ئایدیای خۆی له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌سه‌رهاتی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ دامه‌زراند و تێز و حه‌زه‌کانی له (فاوست)دا چڕ کرده‌وه. (کاروان) جوانتر له (گۆته) کرده‌ی چڕکردنه‌وه‌ی حه‌زی ئه‌نجام داوه، به‌سه‌رهاتی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ به ته‌نها له (ست رافۆن) دا کورت ناکاته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی (گۆته) له (فاوست) دا کورتی کردۆته‌وه، به‌ڵکو به‌سه‌ر کۆی کاره‌کته‌رکانی دابه‌ش ده‌کا.
((بۆت دەرکەوت جیاوازیی نێوانیان ئەوەیە (ست ڕافیدە) حەز دەکات بەردەوام قسە بکات، هەتا ئەگەر بزانێت نە گوتەکانی ما‌نایان هەیە و نە کەس گوێی لێ دەگرێت، بەڵام دایکت دوای خواردنەوە دەچێتە خەوی قووڵەوە، بە ڕادەیەک وەک مردووی لێ دێت…))
(فاوست) حه‌زی له تاقیکردنه‌وه‌ی ژیانه جۆراوجۆره‌کان ده‌کرد له رێگه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی زۆر و قسه‌کردنی که‌مەوە، ( ست رافۆن)یش جۆرێک له حه‌زی تاقیکردنه‌وه‌ی ژیانی جیاوازی تێدایه، به‌ڵام به رێگایه‌کی جیاواز که زۆرگوتن و بیرکردنه‌وه‌ی که‌مه ( ئه‌مه‌ش جیاوازییه گه‌وره‌که‌ی نێوان فاوست و ست رافۆنه)، که حه‌زی یه‌که‌میان هه‌مان حه‌زی نووسه‌ره‌که‌یه‌تی و حه‌زی دووه‌میان دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له حه‌زی نووسه‌ر و ئه‌و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ش بۆ حه‌زی خودی نووسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه (ئه‌مه‌ش جیاوازییه گه‌وره‌که‌ی نێوان کاروان و گۆته‌یه). (گۆته) له‌نێوان ژیانی ئه‌ده‌بیات و ژیانی وێنه‌کێشاندا داده‌مێنێ، ئایه ببێته ئه‌دیب و نووسه‌ر و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وشه بکا یان وێنه‌کێشی هه‌ڵبژێرێ و ببێته هاوڕێی ره‌نگه‌کان؟.
(گۆته) دیمه‌نێکی جوانی سرووشت کاری لێ ده‌کا، که حه‌ز ده‌کا وێنه‌ی بکێشێ یانیش به وشه گوزارشت له جوانییه‌که‌ی بکا.
قهڵهمتاشهکهی فڕێ ده‌داته نێو رووبار تا ئه‌گه‌ر گه‌یشته بنی رووبار ژیانی بۆ وێنه‌کێشان ته‌رخان بکا، وه‌لێ ئه‌گه‌ر له‌نێو ده‌وه‌نه‌کان ون بوو، کاری نووسین هه‌ڵبژێرێ.
(گۆته) نه‌یبینی قهڵهمتاشهکه بکه‌وێته نێو ئاوه‌که، ئه‌وه نه‌بێ گوێی له ده‌نگی که‌وتنی شتێک بوو، لێره‌وه بڕیاری دا هه‌م وێنه بکێشیێ و هه‌م بشنووسێ. (گۆته) ئه‌زموونی خۆی دایە دەست تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک، که به چانسه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه (ئه‌مه‌ش جیاوازییه گه‌وره‌که‌ی نێوان گۆته و فاوسته که دووه‌میان هه‌میشه بڕیاره‌کانی خودی بوون و خۆی راده‌ستی چانس نه‌ده‌کرد)
به بۆچونی من (گۆته) له نووسینی (فاوست)دا که پانزه ساڵ درێژه‌ی کێشا، سوودی له چیرۆکی (ئاده‌م و حه‌وا) وه‌رگرتووه، که له کتێبه ئاسمانییه‌کاندا هاتووه. له (فاوست) دا شه‌یتان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کا که ژیان هه‌رچی بێت ئه‌وه ناهێنێت هه‌بێت، بۆیه وه‌کو تێکده‌ری ژیان ده‌رده‌که‌وێ و خودا‌ش ئه‌فرێنه‌ره. خودا له شه‌یتان ده‌پرسێ :
-رات چییه سه‌باره‌ت به فاوست؟
+ ئه‌ویش مرۆڤێکه وه‌کو هه‌موو مرۆڤه‌کان لێگه‌ڕێ فریوی بده‌م……
خودا به‌هۆی باوه‌ڕی زۆری به فاوست، رێگا به شه‌یتان ده‌دا کاری خۆی بکا.
(کاروان) له‌م چیرۆکه‌ی و زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی دیکەیدا سوودی له ئاوێته‌کان وه‌رگرتووه، سوودی له فه‌لسه‌فه و ئایین وه‌رگرتووه له یه‌ک کاتدا، سوودی له حیکایه‌تی کوردی و رووداوی مێژوویی و شارستانیه‌تی ئه‌ورووپی و رۆژهه‌لاتیی کۆن و مۆدێرن به یه‌که‌وه وه‌رگرتووه.
له (فاوست)دا به‌سه‌رهاتی ئه‌ڤینی (فاوست) له‌گه‌ڵ (هێلین) که ئه‌و جاره (فاوست) خودی (گۆته)یه، هاتووه.
(فاوست) به یارمه‌تیی رۆحی (هێلین) گه‌ره‌کیه‌تی هێمای ژیان له تێکه‌ڵکردنی ژیانی رۆمانتیک و جوانیی کلاسیکی کۆن و نائارامیی سه‌رده‌می خۆی بدۆزێته‌وه. لێره‌وه (هێلین) و (فاوست) بۆ نێو هه‌وره‌کان هه‌ڵده‌کشێن تا له‌وێدا گوێبیستی وه‌ڵامێک بن بۆ پرسیاره‌که‌ی خۆیان، به‌ڵام بارودۆخه‌که ده‌گۆڕێ و ( فاوست) له‌نێو هه‌وره‌کاندا (هێلین) ون ده‌کا، ته‌نها باڵاپۆشه‌که‌ی جێ ده‌مێنێ.
به بۆچونی من چیرۆکی (په‌یکه‌ری ست رافۆن) یه‌ک په‌یامی پێیه بۆ خوێنه‌ر له‌مه‌ڕ عه‌شقه‌که‌ی :
” عه‌شقی من ناگێڕدرێته‌وه و قسه‌ی له‌بارەیەوە ناکرێ”
4- په‌یکه‌ره‌کانی نێو ئایدیالیستی ئه‌ڵمانی (هیگل، فیخته و کانت)
(هیگل) هه‌وڵی ئاوێته‌کردنی دژه‌کانی ده‌دا که به درێژایی مێژووی فه‌لسه‌فه له ململانێ دابوون (دژه‌کان جیان له ئاوێته‌کان که له سه‌ره‌وه باسمانک رد، دژه‌کان ئاوێته ده‌بن به‌ڵام مه‌رج نییه ئاوێته‌کان دژ بن).
(هیگل) فه‌لسه‌فه دژه‌کانی کۆ ده‌کرده‌وه و مه‌ودای نێوانیانی کاڵ ده‌کرده‌وه بۆ پێکهێنانی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ئاوێته. (کاروان) هیگڵئاسا دژه‌کان کۆ ده‌کاته‌وه به‌ڵام ئاوێتهکردنهکهی (هیگل) له‌پێناوی (به‌رهه‌مێکی جوانتر)ه که فه‌لسه‌فه‌که‌ی (هیگل) خۆیه‌تی. ده‌ره‌نجامی ئاوێتهکردنهکهی (هیگل) ئه‌وه بوو، هاوکات خواناس و ئایدیالیست و ماددهگهرهکان سوودیان لێ بینی.
(هیگل) فه‌لسه‌فه‌که‌ی له‌سه‌ر هه‌مان پایه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی (فیخته) و (شڵینگ) مانیفێست ده‌کا، قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی به باوه‌ڕی مه‌زهه‌بی جێگیره و به‌پێی نێوه‌ندی ره‌هایی ده‌خولێته‌وه، به پێچه‌وانه‌ی (شۆپنهاوه‌ر)ی گه‌وره دوژمنی که ره‌شبینی رووی تێ کردبوو. (کاروان) دژه‌کان کۆ ده‌کاته‌وه تا ( مانایه‌کی جوانتر) بخاته روو، گه‌ره‌کی نییه له رێگه‌ی ئاوێتهکردنهکهوە به‌رهه‌مێکی تری ده‌ست بکه‌وێ یان دژه‌کان له‌ناو یه‌کتردا بتوێنێته‌وه (وه‌ک ئه‌وه‌ی هیگل گه‌ره‌کی بوو)، (کاروان) دژه‌کان تێکه‌ڵ ده‌کا، به‌ڵام ره‌چاوی پاراستنی سیفه‌تی ئه‌و دژانه ده‌کا، دژه‌کان سه‌ره‌رای ئاوێته‌بوونیان هه‌ر دژن و پێویستی سه‌رهه‌ڵدانی مانای جوان وای کردووه بیر له کرده‌یه‌کی وەها بکرێته‌وه.
له‌پاڵ بوونی بۆچونی تایبه‌ت به خۆی، (هیگل) گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ بۆچونی ئه‌وانی تریش، باوه‌ڕی وا بوو (ئه‌رستۆ) هه‌ڵه نه‌بووه که هه‌بوونی ره‌های به گرنگترین ئامانج داده‌نا، له‌گه‌ڵ (ئه‌فلاتون) کۆک بوو له‌و شوێنه‌ی (ئه‌فلاتون) بوون به (حه‌قیقه‌تێکی عه‌قڵانی) له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
ئه‌و سوود وه‌رگرتنه لای (کانت)یش روونه، میتافیزیکای (کانت) سوودی له (ئایدیالیسمی برکلی) که مادده ره‌ت ده‌کاته‌وه و (مهتریالیسمی هیوم) که هزر ره‌تده‌کاته‌وه و (رهشنالیسمی ڤۆڵتێر) و بیرۆکه‌ی (ژان ژ‌ک رۆسۆ) بینی . له فه‌لسه‌فه‌ی (کانت)دا ئایدیالیسم و دژه‌که‌ی، خواپه‌رست و خوانه‌ناسی هه‌ن. (کاروان)یش هاوشێوه بۆ نووسینی ده‌قه‌که‌ی تا دووا پله‌ی گه‌ڕانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مێکی دوور و مرۆڤی دوور و دونیای دووری خه‌یاڵئامێز .
(هیگل) روو له گشتاندنی ره‌گه‌زی دینامیسم ده‌کا و رایده‌گه‌یه‌نێ که ئه‌و ره‌گه‌زه سه‌ره‌رای کاریگه‌رییه زۆره‌که‌ی له‌سه‌ر رێڕه‌وی سرووشتی هه‌ر ئۆرگانیزمێک، هونه‌ر و ئایدۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه له‌ژێر گوشاری (تێز) و (ئه‌نتی تێز) و (سن تێز)دان و هونه‌ر پێویسته فۆڕمه‌کانی (سیمبولیک) و (رۆمانتیک) و (کلاسیک) له خۆ بگرێ و فه‌لسه‌فه سێ سه‌رده‌می (فکری خۆرهه‌ڵاتی) و (فکری یۆنانی) و (فکری ئه‌ڵمانی) بگرێته‌وه، دواجار مه‌زهه‌ب و هونه‌ر و فه‌لسه‌فه، سێ به‌رهه‌مه سه‌یره‌که‌ی چالاکیی رۆحین. چالاکیی رۆحی (په‌یکه‌ری ست رافۆن) سێ به‌رهه‌می لێ ده‌که‌وێته‌وه، به‌ڵام سێ به‌رهه‌مه‌که سه‌یر نین به‌و مانایه، هەر لە بنەڕەتەوە کۆی ده‌قه‌که نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی چه‌مکه‌کانی (سه‌رسوڕمان و ئاسایبوون و تۆقین)ه، سێ به‌رهه‌مه‌که‌ش ئه‌مانه‌ن :
1-میهره‌بانی تا سنووری نامیهره‌بانی… نامیهره‌بانی تا شادبوون به حه‌قیقه‌تی بوونی وههم و چوواندنی حه‌قیقه‌تیش به وههم له هه‌ندێ سووچدا.
2-رابردوو، وه‌کو شوێنێک بۆ گه‌ڕانه‌وه که مرۆڤ ده‌توانێ تێیدا پیاسه بکا وه‌ک چۆن له پارکه‌کاندا پیاسه ده‌کا، ده‌توانێ تێیدا په‌نهانه‌کان ئاشکرا بکا وه‌ک چۆن په‌رده له‌سه‌ر په‌یکه‌ری نێو پارکه‌کان لا ده‌دا.
3-نه‌بوونێک که بیر له بوونێکی ساده که خه‌ریکی راونانی بوونی کوشنده و دڕنده‌یه، ده‌کاته‌وه.
پۆلێن‌کردن ره‌گه‌زێکی فکرییه بۆ رۆشنکردنه‌وه‌ی بابه‌تگه‌ل به کار ده‌بردرێ. پێم وایە دوو جۆر له پۆلێنکردنمان هه‌ن، که پێوەستن به چیرۆکه‌وه :
1-پۆلێن‌کردنی ده‌قه‌کان و ئه‌و وشانه‌ی پێوەستن به ده‌قه‌که‌وه.
2-پۆلێن‌کردنی ئایدیاکان و ئه‌و چه‌مکانه‌ی به‌ستراونه‌ته‌وه به‌و ئایدیایه‌وه.
(په‌یکه‌ری ست رافۆن) هاوشێوه‌ی (مناره‌ی ئاوه‌دانی) پۆلێن‌کردنی چیرۆکه بۆ دوو لقی :
1-چیرۆکی په‌رپوت
2-چیرۆکی داهێنه‌رانه.
خوێنه‌ر له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌که‌دا هه‌ست ده‌کا مه‌ودایه‌ک له‌نێوان (په‌یکه‌ری ست رافۆن) و ئه‌و چیرۆکه کوردییانه‌ی پێشتر خوێندویه‌تیه‌وه، هه‌یه، که ناکرێ چیتر بیانخانته نێو یه‌ک بازنه و هه‌ست به‌و مه‌ودایه‌ی نێوانیان نه‌کا، ئه‌مه خانهبهندکردنی چیرۆک نییه.
چیرۆکه‌که پێمان ده‌ڵێ پێویسته مرۆ له‌سه‌ر چاکه‌کاری چالاکی بکا و که‌رسته نه‌بێت، ویژدان بجووڵێنێ و زانست کۆ بکاته‌وه، چونکه ئه‌وه زانسته ویژدان ده‌جووڵێنێ. ئه‌و مرۆڤه (چاکه‌خواز)ه به دڵێکی روونه‌وه چاکسازی ده‌کا و چاوه‌ڕێی ده‌ستکه‌وت نییه، دینداری راسته‌قینه‌ش ئه‌و دیندارهیه له‌به‌ر چاکه خۆی چاکسازی ئه‌نجام ده‌دا (هه‌ڵبه‌ت من وه‌کو نووسه‌ری ده‌ق باوه‌ڕم به دینداری راسته‌قینه و دینداری رووکه‌ش نییه وه‌ک ئه‌وه‌ی لای فیخته ده‌بینرێ).
چیرۆکه‌که بۆ چاره‌سه‌ری گرفتی میتافیزیک هه‌وڵ بۆ دۆزینه‌وه‌ی بیردۆزی راست و دروست ده‌دا و فه‌لسه‌فه دوای بهئهدهبیکردن به هۆکاری ئاشکراکردنی نهێنییه تیۆری و پراکتیکییه‌کان داده‌نێ.
(عه‌قڵی په‌تی کرده‌یی) له چیرۆکه‌که‌دا عه‌قڵێکه مرۆڤ له‌سه‌ر کرداری چاکه جێگیر ده‌کا به شێوه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی، کرداری چاکیش بنه‌ماکه‌ی چاکه‌خوازییه، وه‌ک چۆن (فیخته) پێی وابوو نابێت بوغز و به‌رژه‌وه‌ندی بوونیان هه‌بێت و (چاکه‌ی ئه‌خلاقی) له‌پێناوی چاکه خۆیدایه.
(کانت) هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی بنه‌مای میتافیزیکی بۆ ئه‌خلاق ده‌دا و که پێویسته کوێرانه پێڕەوهی بکه‌ین له رێگه‌ی فرمانی ره‌هاوه که (کانت) ئاڕاسته‌ی کردووه. (کانت) به‌جێهێنانه ئه‌خلاقییه‌کانی بە سه‌ر دوو جومگه دابەش کردووه: ئهخلاقێکیان ده‌ره‌کییه که له ده‌ره‌وه یاسا و حوکوومه‌ت و پۆلیس ده‌یسه‌پێنن به‌سه‌ر مرۆڤ و ویستی تاکه‌که‌ی له‌سه‌ر نییه، ئه‌خلاقێکی ناوهکییش که مرۆڤ خۆی ده‌بێته یاسا و پۆلیس و حوکوومه‌ت به‌سه‌ر خۆیه‌وه.
ئه‌وه‌ی له چیرۆکه‌که دا ده‌بێته سه‌نته‌ر، خوێنه‌ره نه‌ک نووسه‌ر، به‌ڵام فه‌لسه‌فه نووسه‌ر ده‌کاته سه‌نته‌ر و خوێنه‌ر رۆڵی گوێگر ده‌بینێ (وه‌ک ئه‌وه‌ی لای هیگل هه‌یه).
(هیگل) به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێنه‌ر، زانست پۆلێن ده‌کا بۆ دوو جۆر له زانست که له بوای جیادا توێژینه‌وه ده‌که‌ن:
یه‌که‌میان: ئیش له‌سه‌ر (مه‌عریفه‌ی په‌تی) ده‌کا که زانستی دیارده‌ناسییه (phenomenology of the mind)، دووه‌میان: به‌ستراوه‌ته‌وه به بابه‌تی مه‌عریفه جیاوازه‌کان.
(هیگل) زانستی لۆژیکی به‌و زانسته داده‌نا که له پێکهاته‌کانی زانستی په‌تی ده‌دوێت، قسه‌کردن له‌سه‌ر دیالیکتیک واتای قسه‌کردنه له‌بارەی لۆژیکەوە (له‌رووی شێوازه‌وه)، به‌و مانایه‌ی سه‌ره‌تای وێنا گشتی و تایبه‌تییه‌کانه که بریتین له (بوونی چۆنییه‌ک)، دواتر بڵند ده‌بێته‌وه تا گه‌یشتن به بیری (ره‌ها – absolute ) که مانا جه‌وهه‌رییه‌که‌یه، خودی لۆژیکیش دوو لقی لێ ده‌که‌وێته‌وه :
1-فه‌لسه‌فه‌ی سرووشت (philosophy of nature)
2-فه‌لسه‌فه‌ی بیر (philosophy of mind)
توڕه‌بوون ده‌ره‌نجامی چه‌پاندنێکی نامهنتیقیی رووداوه‌کانه. مرۆڤی توڕه ئاسته‌کانی توڕه‌یی له ناواخنی خۆیدا حه‌شار نه‌داوه تا بتوانێ پارێزگاری‌یان لێ بکا، توڕه‌یی کرده‌یه‌کی خودئاگایانه و لۆژیکی نییه، پێوەندی به رادده‌ی توڕه‌یی و ژیی دهوروبهرەوە هەیە.
چیتر نیشتیمان بریتی نییه له خاکی ژێر پێیه‌کان، نیشتیمان خاکی نێو فه‌زای گشتییه، که مرۆڤ تێیدا هه‌ست به پارێزراوی و ئازادی بکا. (پۆپه‌ر) له قۆناغی یه‌که‌مدا جیاکاری (contrast) له‌نێوان ئه‌و تیۆریانه‌ی زانستین (scientific) له‌گه‌ڵ ئەوانەی نازانستیندا دەکات.
لای (پۆپه‌ر) تیۆری ده‌روونشیکاری و ئه‌فسوونگه‌ری پێشبینیی ورد ناکه‌ن، تیۆری زانستی ده‌بێت چه‌ندین پێشبینی (insight) بکا.
وه‌کو رۆشنکهرهوهیهک میکانیکی نیۆتۆن به نموونه ده‌هێنینه‌وه له هه‌ردوو یاسای (بزاڤ و گرانشی گشتی).
بۆ یه‌که‌میان وزه یه‌کسانه به ئه‌نجامی لێکدانی (m) و (I) .
به پێی دووه‌میان هێزی کێشکردنی نێوان دوو شت راسته‌وانه ده‌گۆڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی (m) و پێچه‌وانه له‌گه‌ڵ چوارگۆشه‌ی مه‌ودای نێوانیان.
بۆ ده‌بێ به‌بێ ره‌چاوکردنی تیۆری زانستی بۆچونێکی وه‌ها ره‌ت بکه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر بشزانین هه‌ڵه‌یه ؟.
(لاکان) ده‌یویست وه‌کو که‌سێکی شاره‌زا له بواری ماتماتیک خۆی بناسێنێ به نهشارهزایهکان، به‌ڵام له دیدی شاره‌زاکاندا خۆی نه‌شاره‌زا بوو و هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ پێوەندیی نێوان ماتماتیک و ده‌رونشیکاری نادا به ده‌سته‌وه. (لاکان) وه‌کو نموونه‌یه‌ک بۆ تیۆری نازانستی باسی لێوه کرا.
له چیرۆکه‌که‌دا بێزارییه‌کی گه‌وره‌ی په‌نهانی ئه‌ده‌بی به دی ده‌کرێ له داب و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه باوه‌کان و هه‌ست به‌و ته‌مه ده‌کرێ نیشتیمانێکی داگیر کردووه نووسه‌ر باسی ده‌کا، ته‌می نیشتیمان مرۆڤگه‌لێکی داپۆشیوه که نیشته‌جێی ئه‌و نیشتیمانه‌ن (ئه‌مه‌ش ناکۆکییه گهوهکهی نێوان فکری هیگل و کاروان)ه.
(هیگل) به پێچه‌وانه‌ی (کاروان) به‌رگریی له فه‌رمانڕه‌واکان ده‌کرد و (ناپلیۆن)ی به رۆحی جیهانیان داده‌نا و له‌سه‌ر پره‌نسیپی حه‌قیقه‌تی شکستخواردوو به‌رگری لێ ده‌کرد، له کاتێکدا هه‌رخۆی پێشتر گوتبووی: ( گه‌لی فه‌ره‌نسا پێکهاته‌یه‌ک که هزری مرۆڤه رهتکراوهکانیهوه هه‌یبوو، به‌رپه‌چی داوه‌ته‌وه وه‌کو که‌وشی سه‌رده‌می منداڵی فڕێی داوه).
له نێو حکومه‌تدا که‌سێکی ناسراو بوو دواتریش وه‌کو ( فه‌یله‌سوفی ره‌سمی) زمانحاڵی ده‌ستکه‌وته‌کانی ده‌وڵه‌تی (پروسیا) ناسرا. راگری زانکۆی (به‌رلین) بوو. له ساڵی 1817 کورسییه‌که‌ی (فیخته) درا به ئه‌و :
به‌شێک له قوتابییه‌کانی (فیخته) ده‌ستیان کرد به خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌که‌ی (کانت) و (فیخته)یان ناچارکرد زانیاریی زیاتر له‌مه‌ڕ (کانت)ەوە کۆ بکاته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌ش (فیخته)ی خسته ژێر کاریگه‌ریی (کانت) و زۆری نه‌برد کردی به رێبه‌ری ئایدیالیسمی ئه‌ڵمانی. جیاوازییه‌کان له‌نێوان ئه‌و و زانکۆ‌دا ده‌رده‌که‌ون، سه‌ره‌نجام (فیخته) واز له زانکۆ ده‌هێنێ (هیگل کورسییه‌که‌ی وه‌رده‌گرێ).
(فیخته)ی نزیک له (کاروان) و دوور له (هیگل)، هانی خه‌ڵکی ئه‌ڵمانیای دا دژی (ناپلیۆن) شۆڕش بکه‌ن. ئه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه فکرییه‌ی (هیگل) له یه‌که‌مین وتاریهوه ده‌ست پێ ده‌کا که تێیدا هێرش ده‌کاته سه‌ر یه‌هودییه‌کان و مه‌سیحیه‌ت پیرۆز ده‌کا، (ئینسکلۆپیدیای فه‌لسه‌فی) له سێ به‌شدا ئاماده ده‌کا، له‌وێدا پێوەندیی (لۆژیک) و (سرووشت) و ( رۆح) شێوازی روونکردنه‌وه‌که‌یان (دیالیکتیکی)یه. (هیگل) ده‌یویست ببێته (ئه‌رستۆ)ی سه‌رده‌مه‌که‌ی و زانستی مرۆیی به وردبوونه‌وه له رێڕه‌وی مێژوو به شێوه‌ی ده‌زگایه‌کی فه‌لسه‌فی رێک بخا.
نووسینی : بڵند باجه‌لان
سه‌رچاوه‌كان :
1- سه‌رچاوه کوردی و عه‌ره‌بییه‌کان :
1-کاروان کاکه‌سوور، په‌یکه‌ری ست رافۆن، گۆڤاری گهلاویَزی نویَ ژماره (58) ، 2012
2- جیل دولوز/ فلیكس غتاری ماهی الفلسفه، ترجمه مگاع صفدی، مركز الإنماو القومی بیروت 1997
3-الفلسفه الحدیپه، نصوص مختاره، ترجمه: د. محمد سبیلا
4- البیر کامو، الانسان المتمرد، ترجمه أنیس زکی حسن، بیروت
5-هیجل، العقل فی التاریخ، ترجمه :د.امام عبدالفتاح امام، بیروت، بدون سنه النشر
6-هیجل، مبادی فلسفه الحق، ترجمه : تیسیر شیخ العرب، دمشق،
1974
7-هیجل، موسوعه العلوم الفلسفیه، ترجمه : د. امام عبدالفتاح امام، بیروت،
1983
8- کاروان کاکه‌سوور، مناره‌ی ئاوه‌دانی، گۆڤاری ئایینده، ژماره 91
9- بڵند باجه‌لان، مناره‌ی داهێنان: خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ چیرۆکی مناره‌ی ئاوه‌دانیی کاروان کاکه‌سوور، گۆڤاری گهلاویَزی نویَ ژماره (58) ، 2012
10 – سۆران ئازاد، گوزارشتی خود، چه‌ند لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی هزری و هونه‌رییه، چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2012
2- سه‌رچاوه فارسییه‌کان :
1- لشک کولاکوفسکی : درسهای کوچک در باب مقولاتی بزرگ، ت: د. روشنک وزیری، تهران، 2003
2-توماس هابز، لویاتان، م.حسین بشیریه، تهران، دفتر پژوهش و نشر سهروردی، 2001
3-قدیس اوگستین، أعترافات، م.ساییه میپمی، تهران، 2001
4- ژولی سادا-ژاندرون، تساهل در اندیشه غرب، ت:عباس باقری ” تهران” 2003
5- مدرنیته و اندیشهی انتقادی… بابک احمدی… چاپ چهارم اسفند، 1380
3- سه‌رچاوه ئیتالییه‌کان :
1- Lo sono cosi cosi / carmelo caizzone/ Italia/ 1988
2- Narciso e Boccadoro / Herman Hesse / traduzione di Cristina Baseggio/direttore responsabile : pietro boroli / mondadori daeagostine /Milano/ 1998
3- patrica cornwell / postmortem /traduzione di Marco Amate / direttore responsabile : pietro boroli/Milano/ 1998
4- La fatorria degli animali / George orowell / traduzione di Bruno Tasso // direttore responsabile : pietro boroli/Milano/ 1998
بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر له‌مه‌ڕ تیۆری نازانستیی (لاکان) و پێوەندیی ئه‌و تیۆرییه به ماتماتیکەوە، ئه‌م سه‌رچاوه ئیتاڵییه زۆر به که‌ڵکه :
( per favore,un biglietto /Beatrica oliva /Roma/ 1976)
کێشه‌کانی خود له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی خود له‌م کتێبه‌دا باسیان کراوه :
Mid dia un libro / rachele formica / Italia/1990))
سه‌ره‌نج : ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له دووا ژماره‌ی گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ ) بڵاوكراوه‌ته‌وه .