نابوتكردنی سیاسه‌ت … عه‌زیز ڕه‌ئووف
هه‌موو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك جۆرێكه له نزیكبوونه‌وه و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی. هه‌موو دانیشتنێك له‌سه‌ر ئاستی باڵای هه‌ر هێزێكی سیاسی له‌گه‌ڵ هێزێكی تردا هه‌زاران جار باشتره له شه‌ڕو ته‌شه‌نوجی سیاسی و شه‌ڕی ئیعلامی. به‌ڵام ئه‌م دانیشتنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و مه‌سعود بارزانی هه‌ڵگری قسه‌ی جدیه و پێویسته هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین:
یه‌كه‌م: له‌سه‌ر ئاستی ئیعلامی ئه‌م دوو هێزه له هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێشتریش هیچیان تێدا نه‌هێشته‌وه. كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه ڕاگه‌یاندنی گۆڕان بارزانی به دیكتاتۆر و ڕاگه‌یاندنی پارتی نه‌وشیروان مسته‌فا به پیاوكوژ وه‌سف بكات كه ده‌بێت بچێته به‌رده‌م دادگا. ئه‌م دانیشتنه و ئاسایبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو هێزه پێمان ده‌ڵێت به‌راستی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك غه‌دری گه‌وره‌یان لێ ده‌كرێت. ئه‌م به‌رز و نزمیه له سیاسه‌ت، ئه‌م ساردبوونه‌وه‌یه و حه‌ماسه‌تگرتنه به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك، ئه‌م هه‌موو قسه ناشرینه له میدیاكانه‌وه به‌رامبه‌ر به‌وی تر و ئه‌م دانیشتنه دۆستانه‌یه پێمان ده‌ڵێت ئه‌م دوو هێزه وه‌ك مه‌خلوقگه‌لێكی بێ زمان ته‌ماشای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه چۆنیان بوێت ئاوا ئاراسته‌یان ده‌كه‌ن. ده‌بێت نوسه‌رێكی پارتی كه دژ به نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ینوسی ئێستا چ ئه‌حساسێكی هه‌بێت؟ شرۆڤه‌كارێكی سیاسی گۆڕان كه بارزانی به دیكتاتۆر وه‌سف ده‌كرد ئێستا چۆن بیر بكاته‌وه؟ ئه‌م دۆخه ناله‌باره، ئه‌م گۆڕانه له دیدی ئه‌م دوو هێزه بۆ یه‌كتری هیچمان پێناڵێت جگه له سیاسه‌تكردن به مانایه‌كی زۆر ناعه‌قڵانی و نابه‌رپرسیاری.
دووه‌م: كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی و دوور له چاوی كامێرا‌كان و دواتر شاردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان له خه‌ڵك، دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان میتیۆدی كاری سیاسییه كه له بیست ساڵی ڕابردوودا له كوردستان موماره‌سه ده‌كرێت. شاردنه‌وه‌ی زانیاری له خه‌ڵك و له میدیاكان هیچمان پێ ناڵێت ئه‌وه نه‌بێت كه ئه‌م هێزه نوێیه‌ش وه‌ك هێزه‌كانی تر سیاسه‌ت موماره‌سه ده‌كات و ڕاستیه‌كان ده‌شارێته‌وه و پلانی سیاسی و ڕه‌فتاری سیاسی و ڕێكه‌وتنه‌كان له‌ودیو دیواره‌كان ئه‌نجام ده‌دات، به جۆرێك له كوردستان موماره‌سه‌ی سیاسه‌ت ده‌كات كه جنێو له‌سه‌ر شاشه ده‌دات و هه‌موو خه‌ڵك گوێی لێیه به‌ڵام كۆبوونه‌وه و گفتوگۆی نه‌رم و نیان و مجامه‌له كه‌س نایبیستێت و له‌ودیو دیواره‌كان و له ژووره داخراوه‌كاندا ئه‌نجام ده‌دات. وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵك قابیلی ئه‌وه بێت جنێوه‌كان ببیستێت به‌ڵام ڕێكه‌وتنه سیاسییه‌كان بشاردرێته‌وه.
سێیه‌م: دوای دروست بوونی هێزه نوێیه‌كه(گۆڕان) هێشتا حیكمه‌تی سه‌ركرده زاڵه. ئه‌وه سه‌ركرده‌یه ئێستاش ده‌توانێت شه‌ڕ بكات و ده‌ستی ئاشتیش درێژ بكات. گه‌ڕانه‌وه بۆ حیكمه‌تی سه‌ركرده و ئاسایبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان به دانیشتنی دوو سه‌ركرده، پێمان ده‌ڵێت ڕای گشتی و بۆچونی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت دانیشتنی گروپه‌كان خۆشیان بایه‌خیان نیه به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه حیكمه‌تی سه‌ركرده‌كانه. ئه‌م دانیشتنه‌ی ئه‌مڕۆی بارزانی و نه‌وشیروان به‌و نهێنیه و دوور له چاوی كامێرا ئه‌گه‌ر له‌نێوان بارزانی و تاڵه‌بانیدابوایه ئه‌وا ئێستا هه‌ڵایه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ئاستی ئیعلامی دروست ده‌بوو. به‌ڵام به‌ڕاستی ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان دوو هێز كه كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی یه‌ك له هێزه‌كان چه‌كدار بۆسه‌ر مه‌كۆی ئه‌ویتر بنێرێت، به دانیشتنێكی چه‌ند ده‌قیقه‌یی هه‌ڵگری ئیشكاڵی گه‌وره‌یه و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ حیكمه‌تی سه‌ركرده و دووركه‌وتنه‌وه له هه‌ر هه‌وڵێك بۆ به‌سیسته‌مكردنی هێزه‌كان دوور له حیكمه‌تی تاك سه‌ركرده‌یی له حزبدا.
بۆیه ئه‌م سه‌ردانه ده‌بێت ببێته هۆكارێك بۆ گۆڕینی دیدی ئێمه له‌سه‌ر هێزه‌كان. ئه‌م سه‌ردانه و دانیشتنی دوو سه‌ركرده كه وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌كیان نه‌بووبێت و پێكه‌نینی به‌رده‌م كامێرا، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌یه‌كی ماوه‌به‌سه‌رچوودا ( وه‌ك ڕاگه‌یاندنی گۆڕان ده‌یوت) مرۆڤ تووشی سه‌رهێشه ده‌كات. ئینسان به‌م جۆره له سیاسه‌ت پێویسته هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكات و بپرسێت به‌ڕاستی ئه‌وه چییه ئێستا ڕوو ده‌دات و ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ده‌نگه ده‌نگ و جنێوه چی بوو له ڕاگه‌یاندنه‌كانی هه‌ردوولادا ڕوویده‌دا؟ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه ده‌بێت پرسیارێك لای خه‌ڵك دروست بكات كه ئێمه هه‌موو جنێوه‌كانی ئێوه‌مان گوێ لێ بوو له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك ده‌تان كرد، ئێستاش پێویسته ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش ببیستین كه له‌ودیو دیواره‌كانه‌وه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.