هایپەر تێکست …. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
هایپەر تێکست Hypertexte
دەشێ بەشێکى زۆرى سەدەى بیستەم کە بە سەدەى دەق ناو دەبرێت، لە ژێر چەمکێکى فرە لایەنتر بە ناوى “کارلێکردنى دەقى” یان “دەقئاوێزانى”دا کۆ بکەینەوە، بەڵام دواى کۆمەڵێک هەوڵى جیاواز لە بوارەکانى تەکنۆلۆژیا و سیبرنتیکا (Cybernetics) و فرە میدیایى (Multimédia) و ناوەندە چالاکەکانى دیکە (cmc) و داهێنانە خەیاڵى و فۆرمە بینراوەکانى دیکەى مرۆڤایەتى و تەئویلە جیاوازەکان.. چەمکێکى نوێ بە ناوى (هایپەر تێکست: النێ المترابگ) ، یان دەقى (دیجیتاڵى).. هاتە ناوەوە. هایپەر تێکست ئەو داهێنانە ئاوێتەیەیە، کە لە رێگاى کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتەوە فەزایەکى گەورە لە زانیارى و خەیاڵ و بینراو بەرجەستە دەکات.
ئەگەرچى (هایپەر تێکست) هەڵگرى بونیادێکى کلاسیکیانەیە، بەڵام بەدیوەکەى دیکە بونیادێکى ئیبداعى سیستماتیزەکراوە و زانیارییە جێگیرەکانى دەق لە ئاستێکى بەرزى ئەدەبى و ئیستێتیکى لە رێگاى پرۆگرامەکانى عەقڵى ئەلکترۆنییەوە ((software پێشکەش دەکات، بۆ ئەوەش دەشێ بڵێین (وێب-web) لە سەر ئاستى گەردوون (هایپەر تێکست)ە. بەڵام لە بەرانبەر تەئویلکردنى هایپەر تێکست دەبێ خوێنەر یان وەرگر خاوەنى میمێکسێکى (Memex) بەرفرەوان بێت، یان بە مانایەکى دیکە بۆ تێگەیشتن لە هایپەر تێکست لە لایەک پێویستە کراوە بین و لەلایەکى دیکە خاوەن میمۆرییەکى بەرفرەوان بین. کەواتە هایپەر تێکست داهێنانێکى بەرفرەوان و ئاوێتەخواز و کراوەیە، لە سەر ئاستى خەیاڵ هیچ سنوردانانێک بە رەوا نابینێ، وەک چۆن لە سەر ئاستى کەڵەکەکردنى زانیارى، دووچارى نێودژى و لەناوچوون نابێتەوە.
وەک دەزانین پێشتر پێکهاتەى تیۆرى دەق لە سەر سێ لایەن وەستا بوو: نوسەر، دەق، خوێنەر. بەڵام هایپەر تێکست فرە لایەنە و دەکەوێتە سەر: داهێنەر، هایپەر تێکست، کۆمپیوتەر، وەرگر. لە هایپەر تێکستدا کۆمپیوتەر ئامادەیەکى بنەڕەتى هەیە و شوێنگەیەکى جەوهەرى لە هاوسەنگکردنى بەرهەم و وەرگر وازى دەکات، تا ئەو سنورەى کە بەبێ ئەو مەحاڵە بتوانین قسە لە هایپەر تێکست بکەین، چونکە وەک چۆن ئامرازى بەرهەمهێنانە، لە هەمان کاتیش ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە خوێنەر. لێرەدا کۆمپیوتەر هەر تەنها دەرکەوتنى شێوازێکى نوێى ئیبداعى نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنى جۆرێکى نوێى پسپۆریشە کە بە هۆکارەکانى وەڵامدانەوە ناو دەبرێت.
دەمەوێ بڵێم ئامرازى کۆمپیوتەر دەقێکى دیجیتالى بەرهەمهێناوە، بەڵام دەقى دیحیتاڵى لەخۆوە دروست نابێت، بەڵکو بەرهەمى بەرەوپێشچوونى عەقڵى ئەلکترۆنى و فرە میدیاییە، بەو مانایەش بۆ گفتوگۆکردن لە دەقى دیجیتاڵى ناشێ بە مانا تەقلیدییکە قسە لە نوسەر بکەین، بەڵکو دەبێ لە چەمکى داهێنەر بگەین، یان لەو هێزە کراوەیە بگەین، کە لە رێگاى پرۆگرامەکانى عەقڵى ئەلکترۆنییەوە دەتوانێ سەرەڕاى زیادکردنى وێنە و ئایکۆن و هێلکارى، بە ئارەزووى خۆى دەستکارى دەق و پاش وپێشخستن و رەشکردنەوەى دەق بکات. لە دەرئەنجامى هەموو ئەوانەشەوە وەک گوتمان بە شێوەیەکى دیکەى پێکهاتەى دەق دەگەین، کە لە داهێنەر، کۆمپیوتەر، ئەدەبى ئاوێتەیى (interactional) پێکهاتووە. بەو مانایەش وەک چۆن دەق بەبێ خوێنەر بوونى نییە، قسەکردنیش لە هایپەر تێکست بەبێ بیرکردنەوە لە کۆمپیوتەر شکست دەهێنێ، واتە بەبێ بەرجەستە کردنى فۆرمەکانى تەعبیرکردن و فۆرمەکانى کۆمینیکەیشن (Communiction) هەرگیز بەیەکگەیشتن (continuity) دروست نابێت، کەواتە دەشێ کۆمپیوتەر بە ئامرازە ئینتەرئەکتیڤەکان (interactive) ناو بەرین.