ژنێك دەكەم بە دایكی خۆم ….. محەمەد كوردۆ
راستە شێوەم زۆر گۆڕاوە
بەڵام من ئێستاش هەست دەكەم
هەر منداڵەكەی جارانم
دایكم تاقەتی نەماوە
من هەست دەكەم
دایكم چیتر توانای نییە
وەك جاران نازم بكێشێ
كە نەخۆش بووم
بمبا دەرزیم لێ بدات و
دوای دەرزییەكە
لە میهری خۆیم هەڵكێشێ
بۆیە ئیتر بڕیار دەدەم
ژنێك بكەم بە دایكی خۆم
یەك سەعات لێی دووركەومەوە
دڵتەنگ بێ بۆم
بڕیار دەدەم
ژنێك بكەم بە دایكی خۆم
كەس وەكو ئەو ئازیز نەبێ
ژنێك بێ زۆر پشوودرێژ
لە خۆیەوە لێم زیز نەبێ
بڕیار دەدەم
بەو دایكە تازەیەم بڵێم
با هەموو كراسەكانت
ئۆیەدار بن
من زۆر حەز لە ئۆیە دەكەم..
بڕیار دەدەم
پێشی بڵێم:
خۆم ڕەنگی بۆیاخەكانت هەڵدەبژێرم
خۆیشم پەنجەت بۆیە دەكەم..
هەستم بە گەرمی پێم دەڵێت:
دایكی تازەت
كە هێشتا نازانی كێیە،
ژنێكی زۆر بێوێنەیە..
هەستێكی شیرین و خۆشە
بەڵام نازانم ڕاستییە
یان خەونە، یان وڕێنەیە؟!
ئەدەب و هونەر- ی كوردستانی نوێ، ژمارە (6249) 5/12/2013