Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
وشکە ساڵیى شیعر … نەوزاد بەندى

وشکە ساڵیى شیعر … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

ڕەنگە هەندێکتان بپرسن ،

بۆ شیعرى تازەت دیار نییە ؟

(ئەى نازانن ،

کە خوێنى قەڵەمێ ڕژا ،

ئیتر وشکە ساڵیى شیعرە و

بارانى سرووش داناکا ..؟

ئیتر قات و قڕیى شیعرە و

کەس مۆڵەتى قومێ وشە ،

بۆ گەواڵە هەورى ئیلهام ، 

ئیمزا ناکا .. ؟) 

* * * 

( ئەى نازانن ،

کە نوسەرێ لە دار ئەدرێ ،

مەنعەتەجەولى هۆنراوەیە و

شەقامەکانى خەوبینین ،

پڕ ئەبن لە ئینزیبات و

ئیڤا و

کێبڵ ..

ئیتر حەملەى پاککردنەوەى هۆنراوەیە و

هەرچى چامە و

کۆپلە هەیە ،

ئەخرێنە گڵ ..

ئیتر کۆترى وەزن و قافیە ،

ئەخرێنە سەر برنجى

یانزە بیست و یەکى

چەکدارەکان ..

ئیتر قەڵەم بە بڕیارى چوارى تیرۆر ،

بە دادگایەکى سەربازى حوکم ئەدرێ و

بە قۆناغە تفەنگ ،

ئەخریتە بەر سێدارەکان …

* * * 

ئەى نازانن ،

من شەرم لە شیعر ئەکەم و

شیعریش لە من ..

ئەو لەبەردەرگاى ماڵى خۆیان دانیشتوە و

منیش لە حەوشەى پشتەوەى ماڵى خۆمان ..

من ئەڕۆم بۆ بنکەى تەندوستى و،

ئەویش ئەڕوا بۆ هەرزان بازاڕى لەنگە ..

ئەو لە ناسینى من نائومێدە و

منیش لە نوسینەوەى ئەو …

Previous
Next