گفتوگۆ لەگەڵ نعوم شومسكي
بۆچی ئەمەریکیەکان شتێک دەربارەی سیاستە کۆلۆنیالییەکانی وڵاتەکەیان نازانن؟
هەرچی لە واشنتۆنەوە قسەی لەسەر نەکرێت، لە ڕاگەیاندنەکانەوە قسەی لەسەر ناکرێت.
ئەمریکا دژی دیموکراتیەتە لە وڵاتانی عەرەبدا.
دۆستی ئەمەریکا، سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی عەرەبە، نەک گەلی عەرەب.
نعوم شومسكي
وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: حسام عابر
وەرگێرانی بۆ کوردی: جیهاد موحەمەد
• کاتێک، گوێت لەوە دەبێت کە ئێران گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی، پێویستە سێ پرسیار لە خۆت بکەیت. پرسیاری یەکەم/ کێ بڕوا بەوە دەکات کە ئێران گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی؟ پرسیاری دوەم/ کام هەڕەشە؟ پرسیاری سێیەم/ ئەگەر هەڕەشەیەکی وا هەیە، چیی پێویستە بیکەین بۆ بەرپەرچدانەوەی؟
• هەموو شتێک لە ڕۆژنامەکاندا دەخوێنرێتەوە، وەک تۆماس فریدمان نووسیوێتی کە قسە لەسەر ڕاگەیاندن دەکات: چەند نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئارەزوو دەکەن فشاربکەن لە پێناوی فەراهەمکردنی دیموکراتیەتدا، لە جیهانی عەرەبیدا.. بەڵام ڕەوشەکە بە تەواویی بە پێچەوانەوەیە، فشارکردن لە پێناوی فەرهامکردنی دیموکراتیەتدا بۆ سەرۆکەکانی ئامریکا مەسەلەیەکی ترسناکە.
لەو مەسەلانەوە دەستدەکەم بە قسەکردن کە پێوەندییان بە ڕاگەیاندنەوە هەیە. هەرچ شتێکی گرنگ هەبێت راگەیاندنی دەسەبژێری تایبەتی ئەمریکی دەیمرێنێت، ئەویش بۆ ئەوەی پارێزگاری بکات لە (بێلایەنی)!.
بێلایەنی، مانایەکی زۆر دیاریکراویی هەیە لە کولتووری ڕاگەیاندنی ئەمەریکاو سیاسەتەکەیدا، بە مانای جوینەوە(کاوێژکردن)دێت، هەرچ شتێک کە بە وردی لە واشنتۆندا قسەی لەسەر بوترێتو راگەیاندن بیەوێت بیورووژێنێت، پێیدەڵێن ئەوە جوینەوەی بابەتەکانە. ئەگەر ڕاگەیاندن چەند جار قسە لە سەربابەتێکی گرنگ بکات، ئەوە لە کولتووری ڕاگەیاندنی ئەمریکیدا، بە مانای دژایەتیکردن دێت، بە مانای لایەندارییکردنو نا بابەتییانە یان سۆزدارییو شتی تری لەم بابەتانە دێت.
کۆنسێپتێکی تر هەیە: ئەویش، واقیعیەتە، بە زۆری ئەوەی لای ڕاگەیاندنی ئەمریکی (بێلایەنییە)، لەگەڵ واقیعدا جێبەجێناکرێت، لە ڕاستییدا، بە زۆری بۆشاییەکی گەورە دەکەوێتە نێوانیانەوە.
ئێستا قسە لەسەر ئەو(بێلایەنییە)دەکەمو دواتر قسە لەسەر (واقیعیەت)و لە کۆتادا بە خێرایی قسە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکی دەکەم، هەندێک مەسەلە هەیە، لە نێوان ئەوەی لە واشتنتۆنەوە دەردەچێت، لەگەڵ ئەوەی لە راگەیاندنی ئەمریکیەوە ڕادەگەیەنرێت، وەک یەک وایە. راگەیاندنی ئەمریکی هیچ شتێکی گەوهەری زیاد ناکات بۆی، بەڵکو تەنیا ئەوەی کە پێیدەوترێت “بێلایەنیانە” ئەوە رادەگەیەنێت، واتا بە پلەی یەکەم ئەوەی ڕاگەیاندن دەیڵێتەوە، قسەکانی بەرپرسانی واشنتۆنە.
یەک نموونە لەسەر ئەمە دەخەمە ڕوو، ئەویش ئەو کەمپینە بوو کە سەرۆک ئۆباما درووستیکرد بۆ تیرۆرکردن، واتا مەبەستم ئەو کەمپینە بوو کە بە فڕۆکەی بێ فرۆکەوان کردیان بۆ تیرۆرکردن. ئەوەی کە لەمەدا شایانی تێبینیو هەڵوەستەکردن بێت، ئەوەیە، چەندین دەوڵەت هەن کە کەمپینی وایان کردوە بۆ تیرۆرکردن، وەک سەرۆکی تشیلی بینوشیە، خواروی ئەفەریقاش ئەم کەمپینەی بە خۆیەوە بینی، خومەینی، لە ئێراندا بە هەمان شێوە، هەروەها ئیسرائیل، سڵانە ئەمە دەکات، بەڵام لە نێوان ئەمانەو کەمپینەکەی ئۆبامادا، بۆ تیرۆرکردن، بەو شێوەیەیی کە گەورەکراو فراوانکراو لە ڕووی تەکنیکییەوە گەشەی پێدرا، بەراورد ناکرێت، لەگەڵ ئەوانەی کە ئاماژەمان پێدا.
زۆرمان لە باریەوە خوێندەوەو، ئەوەی لە سەری نووسرا زۆر سەرنجڕاکیشو وروژێن بوو. وەک دەزاننو، منیش دڵنیام، کە ئەو بڕیارانە لە کۆشکی سپیەوە دراوە، لە لایەن سەرۆک خۆیەوە، دوای خوێندنەوەی دەقەکانی قەشە ئوگستینو ڕاوێژکارەکەی .. پێویست ناکات بناغەکەیتان پێبڵێم، ئێوە خۆتان دەیزانن، دواجاریش هەرکەسێکیان بوێت دەیکوژن، لە هەرچ شوێنێک بێت.
لە ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکاوە، زرۆ بە کەمی وتووێژو گرنگی دەدرێت بە ڕاستینەی ئەو هاوڵاتیانەی ئەمەریکا خۆیان کە تیرۆردەکرێن، ئەگەر فەرمانبەرێکی ئەمەریکی لە یەمەن بکوژن، هەندێک قسەی کەمی لەسەر دەکرێت، وەک عەولقی، کە هەندێک قسەی لەسەر کرا. نەک هەر خۆیان تیرۆرکرد، بەڵکو یاوەرەکەشی کە ئەمەریکی بوو، لەگەڵ ئەمدا لە هەمان ماشێندا تیرۆریانکرد. دوای دوو حەفتە کوڕەکەشیان تیرۆرکرد، کە تەمەنی ١٦ ساڵان بوو، دیسان ئەمیش ئەمەریکی بوو. ئەگەر ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا هەندێکی کەم بەمە بێتاقەت بووبنو قسەیەکی کەمیان لەسەر کردبێت، بەڵام تیرۆری هەرکەسێکی تر لە لایەن ئەمەریکاوە گوێی پێنادرێتو قسەی لەسەر ناکرێت. ئەو پرسیارەی لێەرەدا پیویستەو خۆی قوتدەکاتەوە: چەند جار تۆ پێویستە ئەمە بکەیت؟
بابەتێکی ورووژێنەرو سەیر لە ڕۆژنامەی تایمز دا هەیە، ڕەنگە خوێندبێتانەوە، ئەو بابەتە، بابەتی رۆژنامەنووس”سکوت شین”ە، یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە چیرۆکی کۆشکی سپی نمایشکردوە، لەسەر چۆنیەتی ڕوودانی هەموو ئەمانە بە شانازیەکی گەورەی دادەنێت، ئەم رۆژنامەنووسە دەڵێت: “بەڵێ هەندێک مەسەلەی مۆراڵی هەیە” بەڵام لە دوا دێری بابەتەکەیدا، دەڵێت: تەماشاکەن، ئەوەی ئێمە کردمان باشتربوو لەوەی کە لە درزدن”دا کرا….(درزدن، ناوی ئەو شارەیە کە ئەڵەمانیەکان بۆردوومانیانکرد زۆر بە چڕی، لە جەنگی جیهانی دوەمدا).
ئەم رۆژنامەنووسە ئەمەریکیە دەڵێت، خۆ ئەوە ڕاستە، کە لە تواناماندا هەیە لەوە خراپتریش بکەین، ئەمەیە، بێلایەنی ڕاگەیاندنی ئەمەریکی، کە بەو جۆرە مەسەلەیەک دەخاتە روو، قسەی لەسەر دەکات، ئایا دەبێت ئەوەی لە دردزن دا کرا ئێمەش بیکەین؟!، یان پێویستە لەسەرمان هەستین بە تیرۆرکردنی ئەوانەی کە دەمانەوێت لە چوارچێوەی دنیادا؟!
• رێگەپێدانی بریکاریی بۆ بەرگری نیشتیمانی
• لە واقیعدا، هەمان جیاوازیی دەردەکەوێت لە مەسەلەی رێگەپێدانی بریکاریی بۆ بەرگری نیشتیمانی
، ئێوە دەزانن، کە من نوێنەری سکاڵاکە بووم تیایدا، بەڵام هەستم بە نیگەرانی کرد لەسەری(چومسکی و چەند کەسێکی تر لە گروپێکی سکاڵاکردندا لە مەسەلەیەکدا کە بەرزیانکردبووەوە لەسەر ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا(ئۆباما)١…مترجم). مۆڵەتی بریکاریی، فوکوسیکردوە لەسەر ئەو راستینەیەیی کە ئەو یاسایەی ئۆباما واژۆیکردوەو تێیپەڕاندوە، ئێستا گەیشتوەتە دادگای باڵا بۆ جێبەجێکردنی، بە پێی ئەم یاسایە، حکومەت رێگەپێدراوە بۆ گرتنو ڕاودونانی خۆپارێزی بە بێ ئەوەی بڕیاری دادگاو دادوەری لەسەر درابێت، تا کاتێکی دیارینەکراو، تەنانەت بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکیش هەر بەو جۆرە جێبەجێدەکرێت.
ئەمە پێشێلکاریەکە بۆ ئەو پرنسیپانەی کە دەگەڕێتەوە بۆ بەڵگەنامەی”ماجنا کارتا”کە لە ساڵی ١٢١٥ دەرچووەو، کە مۆڵەت نادات بە لێسەندنەوەی مافی هیچ کەسێک، بە بێ ئەوەی خرابێتە بەردەم یاساو دادگا، کە لە لایەن دادوەرێکی پاکو شەریفەوە لێیبکوڵرێتەوە، ئەمەش لە دەستوری ئەمەریکیدا هاتووەو تۆمارکراوە بە پێی ماددەی پێنجو شەش. چۆن دەبێت ئەمە قبوڵبکەین؟ چۆن دەبێت هەوڵی بۆ بدەین کە خۆی هەیە لە دەستوردا؟ ئەم پێشێلکاریانە هەموویان نابن بە مەسەلەی گفتوگۆی نێو مێدیاکان، بۆیە قسەکردنی مێدیاکان دەبێت بە “بێلایەنی” ! بمێنێتەوە.
شتێکی تر کە پێوەندی بە مەسەلەیەکی ترەوە هەیە، نازانم بە دواداچوونتان بۆ کردوە، یان نا، بەڵام پێویستە بیزانن و چاوی بۆ بکەنەوە. یەكێک لەو بەرفروانییە جددیانە بۆ دەوڵاتانی تایبەتی کە سەرۆک(ئۆباما) هەڵدەستێت بە بونیادنانی، ئەوە دیسبوسیشن ماترکس ـ ه (ئەو تۆڕەی دەیەوێت لێی رزگاربن)ئەوە فکرێکی زۆر وروژێنەرو سەرنجڕاکێشە.
سیستەمێکی چاودێری زەبەلاح بە دەوری جیهاندا، هەڵدەسێت بە کۆکردنەوەی قەوارەی گەورە گەورە لە زانیاری لەسەر هەرکەسێک کە حکومەت بڕوای وابێت کە رۆژێک لە ڕۆژان شتێک دەکات کە لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکادا نەگونجێت، زۆربەی ئەو زانیاریانەش شایانی پێکەنینیش نیین، هەرچیەکیش بێت ئەو زانیاریانە، کاتێک دەچێتە نێو سیستەمێکی کۆمپیوتەریی سەرکیەوە، دەبێت بە زانیارییەکی گەورە، بە هەرچ رێگەیەک بێت گرێدراوە ـ بە ڕیگاگەلێک کە تا ئێستا شیکاریی بۆ نەکراوە ـ بە سیستەمێکی کۆمپیوتەریی ترەوە، کە هەموو زانیارییە گەورەکان کۆدەکاتەوە لەسەر ئەمەریکیەکانو، لەو زانایریانەش پێویستە بدرێت بە حکومەت، لە سەر هەرکەسێکی ئەمەریکی کە دەیەوێت خۆی لێرزگاربکات. ئەمەیە دیسبوسیشن ماترکس. ئەمە زووتر پێشینەی نەبووە، بەڵکو چەند قسەیەکی لە بارەوە کراوە، تەنیا وەک قسە، با مانایەکی تر دەبێت ڕاگەیاندن خۆی لەم مەسەلانە هەڵنەقورتێنێت لەبەر ئەوەی گوایە ڕاگەیاندن “بێلایەنە”، واتا ڕاگەیاندن پیویستە پەیوەست بێت بەوەی لە ئەمەریکادا دەوترێت.
لەبەر ئەوەی من قسە لەسەر سیاسەتی دەرەوە دەکەم. ڕێگەیەکی ئاسان هەیە بۆ پێدانی بایەخی راستینە بەو مەسەلانەی کە پێوەندییان هەیە بە کاروباری نێودەوڵەتییەوە، بە نموونە، دەتوانیت ڕووبەڕووبوونەوەی سەرۆکایەتیەکانی زووتر ببینیت ـ ئەگەر تۆ خۆت بتەوێت ـ. دوو وشە هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە سەرۆکایەتیەکاندا، وشەی یەکەم، ئیسرائیلە، وشەی دوەم ئێرانە.
دەربارەی ئیسرائیل، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لەسەر هەموو کاندیدێک، یان سەرۆکێکە کە ڕێزێکی زۆر بۆ ئیسرائیلو هەموو ئەوەی کە دەیکات دابنێت، بۆ ئۆباما ئەمە هەرگیز شتێکی نوێ نەبووە. لەسەر هەڵوێستی ئۆباما لە سەر ئیسرائیل لە ماڵپەرە ئەلکترۆنیە ئابروبەرەکەیدا نووسیومە، لە پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٨دا، ئەوەی کە بینیم، شۆک بوو بۆم، ئەم جارەیان بەسەر ڕکەبەرەکانیدا سەرکەوتبوو، شایستەی ڕێزو سەرسامی بوو لای ئیسرائیل. ئەگەر ئەمە پێوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە، بڵام بۆ ئێران چیی؟
ئێرانیش بە دوو هۆ: یەکەم لەبەر ئەوەی ئێران بە پێی قسەی ئەمان(ئەمەریکا) بە هەرشە دادەنرێت لەسەر ئیسرائیل، دواجاریش بە هەرشە دادەنرێت لەسەر هەموو جیهان. چەندین جار ئەمەیان دووبارە کردوەتەوە.
ئەگەر سەیری ڕاگەیاندنی ئەمەریکا بکەیت، بە راستی” بێلایەنە”!، هەر دوای قسەکانی ئەمەریکا، دەستبەجێ ڕاگەیاندنی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت کە ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی جیهان..ئەمەش گواستنەوەی هەواڵەکانە بە ناوی بێلایەنییەوە! ئەمە بەردەوام دەبێت، بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ.
ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان، لاپەڕەیەکی تەواو لە نیۆرک تایمزدا تەرخانکرابوو بۆ دوو بابەت، بابەتی یەکەم/ کە بەشی سەرەوەی لاپەڕەکە دەریدەکات لەسەر ئەو دیالۆگەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیلدا لە پێش دوو ساڵ کراوە، واتا لە ساڵی ١٩١٠دا، دیالۆگەکەش لەسەر ئەوە بووە، ئایا هەڵسین بە بۆردومانی ئێران یان چاوەڕوان بکەین؟ ئەم وتووێژە کرا، تا ئەو ئاستەی کە گەیشتنە مەسەلەیەکی پراگماتیی، ئایا دەتوانییت ئیدارەی ئەوە بدەیت؟ ئایا دەتوانیت لە ئەنجامی ئەو مەسەلەیە خۆت رزگاربکەیت؟ ئایا دەتوانرێت بەنزینی گەڕانەوە بدرێت بە فرۆکە جەنگیەکان؟ لە کۆتادا گەیشتنە ئەوەی کە ئیستا کاتەکە گونجاو نییە. میتۆدی وتووێژەکە زۆر سەرنجڕاکێشە، کۆمەڵێک دیالۆگی تری لەم چەشنە هەیە کە ماوەی زەمەنیەکەیان دوور نییە لەم ئەمرۆوە، کە تیایدا شالیاری بەرگری لیئون بانیتا پرسیاری لە بۆردمانی ئێران کردوە لە لایان ئیسرائیلەوە، وتویەتی: ” باشە، ئێمە بروامان وانییە کە بیرکردنەوەیەکی باشبێت، بەڵام دەوڵەتێکی پێگە گەورە، ئەمەیان دەوێت، ئەگەر ئەوان خۆیان دەیکەن ئێمە هیچ شتێکمان نییە لەو ڕووەوە”.
ئەوەی پێویستە لەسەر هەر کەسێک لە خوێندنەوەی ئەمەدا، ئەوەیە کە بە پێچەوانەوە ڕەفتاربکات، ئەزموونێکی فکریی وەربگرە، وای دانێ کە راپۆرتێک هەیە لەسەر کۆبوونەوەیەکی ئێرانی، پلانڕێژی دەکات بۆ بۆردومانی ئیسرائیل، لەم کۆبوونەوەیدا بڕیار وەردەگرن لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەم کارە بکەن، لە ئەنجامەکەی رزگاریان دەبێت، ئەگەر سەرکەوتن بەدەستنەهێنن چیی دەبێتو چەند شتێکیتر، ئایا هەمان پەرچەکردارمان دەبوو، ئەگەر ئەم حاڵەتی پێچەوانەیە وابوایە؟ لە واقیعدا، ئێوە دەتوانن بزانن پەرچەکردارەکە چیی دەبوو.
با وایدابنێین، ئەوەی دەوترێت لەسەر ئەحمەدی نەژاد، کە لە پێش چەند ساڵێکەوە، ئەمە دووبارە دەکرێتەوە، کە وتویەتی نیازی وایە، یان دەیەوێت ئیسرائیل بسڕێتەوە لەسەر خەریتەی سیاسی. بۆیە پیویستە خۆیان رزگارکەن لەدەست ئەم هەرەشەیە. گرنگ نییە ئەمە ڕاستبێت، یان درۆو هەڵبەستراوبێت، بەڵام نوێکردنەوەی ئەم مەسەلەیە، کە بەکاری دەهێنینەوە، مەبەستمان ئەوەیە کە، ئەم تاوانابارییە ڕاستنییە، کەسیش نازانێت لە کوێوە هاتووە، تا ئێستاش بەشێکی بنەڕەتییە لە راگەیاندن دژی ئێران، وای دابنێ شتێک ڕووئەدات، وەک ئەوەی لە ئەنجوومەنی ئیسرایلدا ڕووییدا، باشە، من ئەمە بۆ بیرکردنەوەی ئێوە بەجێدەهێڵم.
نیوەی خوارەوەی لاپەرەکە، لەسەر ئیسرائیلە. لێرەدا قسەیەک لەسەر عەباس دەکریت، کە بە سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین دادەنرێت، بەڵام لە واقیعدا سەرۆکێکی فعلی نییە.
عەباس لێدوانی داو وتیی: دەیەوێت سەردانی ئەو شارە بکات کە تیا لە دایک بووە، بەڵام نایەوێت لەوێ بمێنێتەوەو بژی، هۆکاری ئەمەش ئەو ژاوەژاوەیە کە لەم شارەدا دەگوزەرێ: ” لە کۆتادا بۆ ئیسرائیل و نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەردەکەوێت کە عەباس هاوبەشیانە لە ئاشتیدا، کە چەندین ساڵە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ئەم شەریکە دەدەن، بەڵام فەلەستینو عەرەب بە گشتی هاوزەمان، زۆر ڕقیان لەم جۆرە ئاشتیە بووە، بۆیە هیچ کات هاوبەشێکی وایان دەستنەکەوتووە بۆ ئاشتی، لەبەرئەوە، ئەمە دەرفەتە بۆ ئەمەریکاو ئیسرائیل کە ئەمە بقۆزنەوە.
پرسیاری یەکەم: کێ بروا بەمە دەکات؟
لێگەرێن با قسەیەک بکەم لەسەر بێلایەنی لەسەر هەموو ئەم مەسەلانە، یەکەمجاریش لە ئێرانەوە دەستپێدەکەم. پێیویستە سێ پرسیار بە مێشکتا بێت، لەکاتی خوێندنەوەی ئەوەی، کە ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ ئاشتی جیهان، یەکەم پرسیار: کێ بروا بەمە دەکات؟ پرسیاری دوەم: هەڕەشەکە چییە؟ پرسیاری سێیەم: ئەگەر هەڕەشەیەک هەیە پێویستە لەسەرمان چییبکەین بەرامبەری؟
لێگەڕێن، با تەماشای ئەم پرسیارانە بکەین، وەڵامەکە زۆر ئاسانە، ئەوە گومانو ڕاڕایی ڕۆژئاوایە. زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بڕوایان بەم هەرشەیە نییە. بزووتنەوەی دەوڵەتە بێلایەنەکان، کە گەورەترین ژمارەی دەوڵەتان پێکدەهێنن، هەروا گەورەترین ژمارەش لە دانیشتواندا پێکدەهێنن، لەم دواییانەدا لە یەکێک لە کۆبوونەوە ئاساییەکانیاندا، ئەو کۆبوونەوەیەش لە تاران بوو، جارێکیترو بە تووندی جەختیانکردەوە لەسەر ئەوەی کە ئێران حەقێتی بۆ پیتاندنی یورانیوم، زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو سزایانەییان کرد کە دراوە لەسەر ئێران، داوای ئەوەشیانکرد کە ناوچەکە لە چەکی نەوەویی بپارێزرێت. بروا ناکەم یەک وشە لەمانە وترابێتو نووسرابێت لە ڕاگەیاندنی ئەمەریکادا، چوونکە قسەکردن لەسەر ئەم مەسەلانە بە لایەندارێتی دادەنرێت. لەبەر ئەوەی لە واشنتۆندا هیچی لەسەر ناوترێت، ڕاگەیاندنەکانیش هیچی لەسەر ناڵێن.
ئەگەر، بزووتنەوەی دەوڵەتانی بێ لایەن بڕوایان وا نەبێت کە ئێران هەرشەیە بۆ سەر ئاشتی لە جیهاندا. ئەی دەبێت جیهانی عەرەبی چۆن بن؟ ئەم مەسەلەیەش زۆر جێگەی سەرنجە، چەندین جار لە لایەن دەزگای تایبەتی ڕای ئەمەریکیەوە، لێکۆڵینەوەیان کردوە لە ڕای گشتی وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئەم مەسەلانە، ئەنجامەکەی زۆر سەرنجڕاکێش بووە، ئەوان، بە زۆری ئیسرائیلو ئەمەریکایان بە گەورەترین هەڕەشە زانیوە، ئەوان ئیرانیان خۆشناوێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن، بەڵام ئێران بە سەرچاوەی هەرشە نازان، ژمارەیەکی کەم نەبێت ئێران بە هەرشەی گەورە نازانێت، لە واقیعدا بەرەی ناڕەزایەتی بۆ ئەمەریکا زۆر بەهێزە، بە جۆرێک، کە زۆربە ڕایان وایە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەوە ناوچەکە زۆر ئارامو ئاسایش بە خۆوە دەبینێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەی کە نایانەوێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام لە پێناوی هاوسەنگی هێزدا لەگەڵ ئەمەریکاو ئیسرائیلدا، ئەمەیان دەوێت.
جارێکیتر جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە، ئەم مەسەلانە، هیچیان لە ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکادا باسی لیوە ناکرێت، چوونکە لە واشنتۆنەوە باسی لێوە ناکرێت، ئەبێت زۆر هەوڵ بدەیت، تا دوو وشەت دەستدەکەوێت لەسەر ئەم مەسەلانە لە رۆژنامە سەرەکیەکاندا، ئەو دوو وشەیەش ئەوەیە کە عەرەبەکان پشتیوانیمان دەکەن لە دژایەتییمان بۆ ئێران.
لە واقیعدا، هەندێک شت لە ویکیلیکس وە دەردەچێت، کە ویکیلیکس رەنگە سەر بە سی ئای ئەی بێت، کە بە خۆرایی ئەم هەواڵانە وەردەگرێت، بەڵام گرنگە بزانی کە ئەو قسانەی ئەمەریکاو راگەیاندنەکانیان مەبەستیان لە پشتیوانی دیکتاتۆرەکانی دەوڵەتانی عەرەبە کە پشتیوانیی لە سیاسەتی ئەمەریکا دەکەن، ئەگەر پشتیوانی دیکتاتۆرەکانمان کردو دژی گەلانی عەرەب وەستاینەوە، ئایا ئەمە بە مانای پشتیوانی عەرەب دێت بۆ سیاسەتی ئەمەریکا؟! کام عەرەب؟! لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمەریکاو سیاسەتەکەی چەند رقیان لە دیموکراتیەتە بۆ گەلی عەرەبی، چوونکە هەموو دیموکراتیەتێک مەسەلەیەکی ترسناکە بۆ سەرۆکە دیکتاتۆرە عەرەبەکان. چوونکە لە کولتووری دیموکراتیەتدا زۆر مەسەلەی راستیی دەردەکەون، وە حکوم دەبێت بە حوکم گەل، نەک حکومی سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی کە پشتیوانی لە سیاسەتی ئەمەریکا دەکەن. ئایا ئەمەریکا دەیەوێت سیاسەتی وڵاتانی عەرەب بە جۆرێک بێت کە ئەمەریکاو ئیسرائیل بە هەرشەی گەوەرە بزانن، نەک ئێران، کە ئەمە ڕاستییە؟ ئایا ئەمەریکا دەیەوێت بیرکردنەوەی زۆربەی عەرەب سەرکەوتن بەدەستبێنێت لەوەی کە دەڵێن، ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆم بەرهەمبهێنێت ئەوە بە هۆکاری هاوسەنگی هێزە کە لە ئەنجامییدا، ئارامیو ئاسایش بەرقەرار دەبێت لە ناوچەکەدا؟ مادام ئەمەریکا دژی خواستەکانی گەلانی عەرەبە، کەواتە ئەمەریکا دژی دیموکراتیەتە.
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=391203