Skip to Content

Sunday, June 16th, 2024
شەیدای نەوت، شەهیدانی بەڵای نەوت

شەیدای نەوت، شەهیدانی بەڵای نەوت

Closed
by December 27, 2013 گشتی

 

 

 

     كاتێك ئاشتی هەورامی بەسەری سپییەوە دەبینم بە دەست خۆم نییە بەفری چیاو، چیرۆكی بەر سۆپای داری لادێ‌‌و شەهیدانی بەڵای نەوت بەتایبەتیش (هێمن‌و چنار)(  )‌و سەرمای زستانی ساڵانی نەوەدەكانم بیردەكەوێتەوە، دەیانجار بە منداڵی گوێم لە خەڵكی سادەی گوندی بووە دەیانگووت: كە كوردستان ڕزگاری بوو، نەوت بوو بەهی خۆمان، لە چڕە دوكەڵی سوپای داریش ڕزگارمان دەبێت، كەچی ئەو كاتەی تەنها بەهۆی هەژاریمانەوە من‌و پەروینی تاقە خوشكم، دەبوو ناچاربین لەبەر گەرمای خەڵوزێكی گەشاوە دانیشین‌و خۆمان گەرم بكەینەوە، ئەوسا ئیتر منداڵ نەبووین‌و لەلادێش نەبووین، بەڵكو گەورە بووین لە شار تەنانەت داریش دەست نەدەكەوت بۆ سوتاندن ئیدی ئەوە حاڵی هاوڵاتیانی وڵاتی نەوت بوو، لەكاتێكدا هەرچی شەڕانگێزی دنیا هەیە لەسەر نەوتی ژێرزەوی ئەم وڵاتە بەناوی فریشتەی ئازادییەوە گەیشتبوونە ئێرە. هەڵبەتە سەرماو تەزینی ئەو سەروەختەمان هیچ سوچ‌و تاوانێكی ئاشتی هەورامی تێدا نەبوو، زستانێكی ساردوو، گەمارۆی ئابووری وڵاتە بەناو ڕزگاركەرەكان‌و گەمارۆی ئابووری بەغدای پایتەختی دكتاتۆریشمان لەسەر بوو، ڕاستە بەرگەمان گرت نە سەرماو نە ڕژێم چۆكی پێدانەداین. 

      ئێستا لەلای خۆمان كورد ڕزگاری بووەو نەوتی هەیەو ئاشتی هەورامی بووتە دەموچاوێك زیاتر نەوتی پێدەناسینەوە نەك سامانە سروشتیەكانی تر. كەچی سەرماو هەژاری بۆ زۆرینە هەر بەردەوامە، منداڵیمان ڕۆیشت‌و پیری هات، نەوت ڕۆیشت‌و سەرما هات، كەچی هێشتا كچ‌و كوڕەكەم لە قوتابخانەی ڕێبەری بنەرەتی لەناو جەرگەی پایتەختی ڕۆشنبیری، نەوتی هەرێمیان پێنەگەیشتووە، هەتا لەسەرمای زستان بیانپارێزێت، كەچی عەجایەب ! نەك وەزیری سامانە سروشتیەكان بەڵكو نەوتەكەش بەدوایەوە گەیشتووەتە وڵاتانی دراوسێ‌و لەوێشەوە بۆ دوا كونجی ئەم دنیایە! باشە ئەم نەوتە نیعمەتە یان نەعلەت؟ هەڵبەت ئەمە پرسیارێكی جدییەو دەشێت وەڵامەكەی بە هەردوو دیودا ڕاست بێت، چ بۆ ئەوانەی پێی مەستن، چ بۆئەوانەشی پێی پەستن، نیعمەتە بۆ یەكەمیان‌و نەعەلەتیشە بۆ دووهەمیان.  نیعمەتە بۆ ئەوانەی دەیفرۆشن‌و دەیكڕن‌و نەعەلەتیشە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی سەرچاوەی نەوتەوە دەوڵەت لێیان بێمنەتەو ئەوپەڕی دەیانكات بە پۆلیس بە هەموو واتاو شێوازەكانی كاری پۆلیسیەوە.

من بۆخۆم وای دەبینم هەموو نەوتی جیهان ناتوانێت شەرم‌و عەیبی ڕەقبوونەوەی (هێمن و چنار) لە ڕوخساری ستەمكارانی ناوخۆو جیهانی داتەكێنێت، ناتوانێ‌ چونكە من بێباكی‌و بێ‌ ئابڕویی نەوتكڕو نەوتفرۆشی نێودەوڵەتی لە پەیكەرەكەی ئەو دوو منداڵە خوێندكارەوە دەبینم، نەك لە درۆو دەلەسەكانی سەر شاشەی تیڤیەكان، یاران چاوو ڕوویەكی زۆری دەوێت هەموو ڕۆژێ‌ بەخوێن ساردی‌و بێباكیەوە دەیان تەنكەر نەوت بە بەردەمی پەیكەری ئەو دوو قوتابیە هەژارەدا ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم بكەیت؟ چ بێشەرمییەكە بۆری نەوت بەسەر تەرمی سەدان هەزار شەهید‌و بە پێشچاوی ملیۆنان هاوڵاتی مەینەتبارەوە هەناردە بكەیت‌و لە ژیان‌و بەختەوەریشیان بێمەنەت بیت!؟

چ عەیبەیەكی گەورەی دەوڵتداریە كە شانازی بكات بەوەی نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات، بەڵام سەرماو تەزین‌و سڕبوون لە یادەوەری هاوڵاتیانیدا نەسڕێتەوە، لە داهات‌و پارەی نەوت دیارییەك پێشكەشی دایكی (هێمن‌وچنار)‌و شەهیدانی بەڵای نەوت نەكات؟ ئەگەر داهاتی وڵات ئەوەندە هێزی نەبێت پەیكەرەكەی هێمن‌و چنار لە سەید سادقەوە بگوازێتەوە بۆ ناو یادەوەری كۆمەڵگاو دنیای پێ‌ سەرسام‌و شەرمەزار نەكات ئیدی چ سودێكی هەیە. 

ئەوەی بۆهاوڵاتیان پرسیارە، ئەوەیە بەچی دەچێت هەرێم نەوت بە بۆری هەناردەی دەرەوەی وڵات بكات، بەڵام هێششتا بە زەحمەت بگاتە ناو ماڵەكانیان، ئەمە ئەگەر نەڵێین ئیدی نابێت نەوت بسوتێنین بۆ خۆ گەرم كردنەوە، بەڵكو دەبێت لە پارەی نەوت هۆكارەكانی تری گەرمی جێگە بگرنەوەو بەئاسانی بگەنە ماڵەكانمان.

—————————-
  هێمن‌و چنارە خوشك‌و برایەك بوون لەخانەوادەیەكی گەرمیانین لەبنەرەتەوە خەڵكی گوندێكی قادركەرەم بوون ، باوكیان ئەنفالكراوەو هەر ئەنفالیش لەزێدی خۆیان هەلیكەندبوون‌ولە ئاوارەییە ملیونیەكەی ساڵی 1991 لە كەركوكەوە گەیشتبوونە سەید صادق‌و لەوێ‌ گیرسابوونەوە لە زستانێكی سەختدا لەرێگای قوتابخانە هەردووكیان پێكەوە لە سەرما رەقبوونەوەو گیانیان بەخشی .
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.