Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
نووسەری کورد و نووسین بە زمانی عەرەبی

نووسەری کورد و نووسین بە زمانی عەرەبی

Closed

 

 

 

 

 

ئێمەی کورد، زۆرجاران نابەجێ وشەی پیرۆز دەخەینە ڕستەوە. لە گیرفانی خۆمانەوە واتای وەها سەیری دەدەینە پاڵ، کە وشەی پیرۆز لەخۆیدا هەڵینەگرتووە، وەک: ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە. شیرین جەژنت لێ پیرۆز بێت… بەدرێژایی هەزاران ساڵ بندەستی و تەپەسەری، زمانی کوردی قەوارەی ئێمەی وەک گەلێکی جیاواز پاراستووە. زمانی کوردی ئێمەی وەک گەلێک لەم سەر زەوییە هێشتووەتەوە. بۆیە یەک لەباری کورد، وشەی پیرۆز، ئەگەر بشێ لە سەرەتای سەدە نوێیەدا بەکار بهێنرێ، ئەوا لایق بە زمانی کوردییە.

زمان دەستەو تاقم و چینەکانی گەلێک یەکدەخات. کۆمەڵ دەکات بە جڤاکێکی پتەوی ئەوتۆ، تاکە ئاوەزێک بەڕێوەی ببات. زمان دەتوانێت قسەیان، ئاوات و ئیرادەیان یەکبخات. هەر گەلێک زمانی یەکگرتووی نەبێ خۆیشی یەکگرتوو نابێ. ئەو گەلەشی زمانی خۆی دۆڕان، ئەوا مرۆڤایەتیی خۆی دۆڕاندووە. هەر زمانیشە کار لە هزر دەکات. دەگونجێ بڵێین، ئێمە وەک گەلێک، ئەوەتاین لەناو زمانی کوردیدا. هەر گەلێکیش بە وشەگەلی زمانی خۆی وێنای سەردەم و دەوروبەری خۆی و جیهان دەکات. هەر دیاردەیەکی سیاسی، جڤاکی و ژینگەیی بگریت، هەر زمانە بە شێوازی خۆی گوزارشتیان لێدەکات و وێنایان دەکات. بەو واتایەی ئێمە بە کوردی دونیا دەبینین. چونکە بەکوردی بیردەکەینەوە. ئەو وشانەی ئێمە ڕۆژانە بەکاریان دەبەین، بەرهەمی داونەریت و خدەی گەلێکە، کە تۆ هەروا بە ئاسانی نازانی لە کۆنیدا بۆ کام چەرخ لە چەرخەیلی مێژوو دەگەڕێتەوە.

ئەو ئەدەبەی کە لە هەڕەتی هەژموونی زمانەیلی عەرەبی و تورکی فارسیدا، لە هەلومەرجی ناجۆری ژێردەستەییدا، بە زمانی دایک، واتە بە زمانی کوردی نووسرابێ، جیاوازە لەوەی کە ئێستا دەنووسرێ. ڕەنگە ئەو ئەدەبەی ئەوسا، کە سەرلەبەری ژانری شیعر بوو، زیاتر سۆزو هەستی جووڵاندبێ. ئێمەی نەوەی ئەمڕۆیش بە چاوی ڕێزەوە، وەک نەختینە، یان وەک ئەنتیک بۆی دەڕوانین. وەک ئەو سۆزە بێپایانەی کە ئێمەی نەوەی ئێستا بۆ مەم و زینی خانی و شیعرەکانی حاجی قادری کۆیی هەمانە. وێڕای ئەوەی، ڕەنگە ڕوانینی ئێمە بۆ ئەو ئەدەبە سۆزی نەتەوایەتیشی تێکەڵ بووبێ. وەکوتر، ئەگەر ئەوسا نووسەری کورد هیچ مالیجەیەکی نەبووبێ و لە بێدەرەتانیدا بە زمانەکانی عەرەبی، تورکی و فارسی نووسیبێتی و گوزارشتی کردبێ، ئەوا ئێستا، کە لانیکەم لە باشووری کوردستاندا زمانی کوردی تا ڕادەیەک ئازادە. بۆیە ئێمەی نەوەی ئێستا، بۆمان هەیە بپرسین، داخۆ ئێستا، نووسەرانی کورد لە باشوور، چ پاساوێکیان بۆ بە عەرەبی نووسین بەدەستەوەیە؟

بەڵگە نەویستە هەر گەلێک کە بندەست بێت، زمانەکەیشی بندەست دەبێت. پاشەکشە دەکات و وەک پێویست پێی نانووسرێ. زمانیش بە زەبری نووسین هەڵدەکشێ و گەشە دەکات. لە عیراقدا، عەرەبی زمانی زۆرینەو زمانی فەرمیی دەوڵەت و زمانی ئاینیش بووە. واتە پێشنۆرە بۆ زمانی عەرەبی بووە. تەواوی چاپخانە کانی وڵات، عەرەبی بوونە. بۆیە هەر کارێکی ئەدەبی، ئەگەر بە کوردی نووسرابێت، بواری زۆر کەمی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە لەبەردەستدا بووە. ئێستاش دۆخێکی نوێ لەئارادایە. زمانیش ئەوێتییە ( شوناس). زمانی کوردی بڕبڕەی پشتی ئەوێتیی گەلی کوردە. زمان و خاك، دوانەی ئەوێتیی کوردەواری پێکدەهێنن. بۆیە هەر نووسینێک ئەگەر بە زمانی عەرەبی نووسرا، دەشێ بڵێین، ئەوێتی یان شوناسی عەرەبیی لەخۆیدا هەڵگرتووە. واتە ئەو ئەدەبەی کە نووسەرێکی کورد بە زمانی عەرەبی دەینووسێ، لە ڕووی شوناسەوە ناتەواوە. بۆیە ناکری لەسەر ئەدەبی کوردی و دواجار لەسەر گەلی کورد بکرێت بە ماڵ.

ئەگەر خەڵک هەبن نەتوانن ئەو هزرەی کە لە مێشکی خۆیاندا هەڵیانگرتووە، بخەنە چوارچێوەی زمانی کوردییەوەو بە کوردی دایبڕێژن. ئەوە گوناهی زمانەکە نییە، بەڵکو ئەوە کەمتەرخەمی تاکەکان خۆیانە، کە نەیانتوانیوە و لێنەبڕاون گەشە بە زمانەکەی خۆیان بدەن، تاکو بتوانێ جێ بۆ هەر هزرو هەر زانستێک بکاتەوە. ناکارایی هەر زمانیک لە سۆنگەی ناکارایی تاکەکان خۆیانەوەیە. ئۆباڵی لە ئەستۆی خۆیانە، کە نەیانتوانیوە وەک پێویست خزمەتی زمانەکەیان بکەن و پەرەی پێبدەن. زمان بەرپرسیار نییە. بەوەدا کە ئەو هەموو شیعرو چیرۆک و ڕۆمانە بە زمانی کوردی نووسراون، بۆمان دەردەکەوێ، کە بەکارهێنانی زمان، کەوتووەتە سەر ئاست و توانای تاکەکان خۆیان. ئەوە تاکەکانن کە توانای زمانیی خۆیان سەردەخەن.

لە لایەکی ترەوە، خۆ زمان هەر بەتەنیا ژمارەیەک وشەو پیتی بێ ڕەگ و ڕیشە نییە. بەڵکو زمان پێوەندییەکی ڕەوانی و میژوویی بە تاکەکانی ئەو گەلێکەوە هەیە. ئەو کوردەی کە بە زمانی بیانی بنووسێ، واتە ئەفەرۆزی ئەو پێوەندی و سۆزبەندییە ڕەوانی و مێژوویییە دەکات، کە لە بابەلبابەوە بۆ نەوەی ئێستا هاتووەو ئێمەی لە بن چەتری خۆیدا کۆکردووەتەوە، کردووینی بە کەسی یەک. جێی وتنە بەعسییەکان بڕوایان وابوو، ئەوەی بتوانێ بە عەرەبی بدوێ، بە عەرەب حیسابە. ئەوەشی لە سەر نیشتمانی عەرەب بژی، بەعەرەب حیسابە. 

دوای ئەوەیش نووسین هەر بەتەنیا ڕیزکردنی مشتێک وشە نییە، بەڵکو سیستمێکی مێنتالی و هزرییشە. ئەو نووسەرەی بەکوردی بنووسێ، دیارە کە ئەو بەزمانی کوردیش بیردەکاتەوە. هەروەک ئەو نووسەرەی بە زمانی عەرەبی بنووسێ، ئەوا بە عەرەبی بیردەکاتەوە. عەرەبی و کوردی دوو زمانن، مێژوو، ڕێزمان و پاشخان و گۆکردنیشیان جایاوازە. هەر بۆ نموونە نووسین بە زمانی عەرەبی، نووسەرەکەی دەباتەوە بۆ لای بیابان، بۆ لای گەلێک کە ڕچەڵەکێکی تری هەیەو سەر بە هەرێمەکەی ئێمە نییە. هەروەک زمانی کوردی نووسەر دەباتەوە بۆ جوگرافیایەکی دیکەی شاخاویی ئاویژە و کەش و هەوایەکی تری جیاواز. وێڕای ئەوەی، کە رێزمانی ئەم دوو زمانە زۆر لە یەکەوە دوورن.

لەلایەکی ترەوە زۆر سەختە غەیرە عەرەبێک بتوانێ، بەئاسانی، ژمارەیەک لە پیتە عەرەبییەکانی وەک: (ط،، ص ، ظ،، ض،) وەک خۆیان گۆ بکات. بەتایبەتی ئەم دوو پیتەی دوایییان عەرەب خۆیان نەبن، ئاسان نییە ئەوانی تر بەدروستی گۆیبکەن، یان بە دورستی لە یەکیان جیابکەنەوە. ئەوەی بیەوێ ئەو پیاتنە بەدروستی گۆبکات، دەبێ هەوڵێکی زۆر بدات تاکو سیستمی بیرکردنەوە و جووڵەی ژێیەکانی دەنگ و لێوو زمانی، وەک ئەوان لێبکات. هەروەک چۆن عەرەب ناتوانن، یان زۆر بەزەحمەت دەتوانن پیتەکانی (پ، ژ، ڤ) گۆبکەن.

ڕاستت دەوێ، لە مێژووی نوێی ئێمەدا نووسین بە زمانی کوردی، لەخۆیدا پێداگرتن بووە لەسەر پرسی ئەوێتی. بە زیندو هێشتنەوەی زمانەکەمان بووە. چونکە هەموو زمانێک بە نووسین گەشە دەکات. خۆ ئەگەر پێی نەنووسرا، ئەوا لەبەرەوە دەپووکێتەوە و کوێردەبێتەوە.

لێرەدا دەبێ ئەوەشمان لەیاد بێت، کە نووسەر هەن و زۆریشن، کە بە زمانی کوردی نووسیویانە، بەڵام ژەهریان بەناو خەڵکدا بڵاوکردووەتەوە. چونکە ئەوانە بۆ بەرژەوەندیی داگیرکەر نووسیویانە. دەشێ بڵێین ئەوانە بە چەکی خۆمان، جەنگیان لەگەڵ ئێمەدا کردووە.

هەروەک دەکرێ ئێمە بچینە بنج و بناوانی و بپرسین، ئایا ئەو بەرهەمانەی، کە بە زمانی عەرەبی لەلایەن نووسەرانی کوردەوە نووسراون، بە چ نیازو مەبەستێک نووسراون؟ خۆ ئەگەر بۆ ئەوە نووسرابن لە هەژموونی داگیرکەر ڕزگارمان ببێت و داوای سەرفرازییان بۆ گەلی کورد کردبێت، ئەوا ناکرێ ئێمە گلەییان لێبکەین، چونکە ئەوان هاتوون بە زمانی عەرەبی، تورکی و فارسی بەرگرییان لە ئەوێتیی (هویة) گەلێکی داگیرکراوی کەرتکراو کردووە. دەبێ ئێمە ئەوەیش بزانین، کە زمان وەک خەرمانێک لە وشە، هچ نیازێکی خراپەکاری و داگیرکاریی لە هەناوی خۆیدا هەڵنەگرتووە، بەڵکو ئەوە ناوەرۆکی شیعرو چیرۆک و وتارەکانە، کە بەقین، یان بەسوۆز بارگاوی کراون و بڕیاریش لەسەر نیازی هەر نووسینێک دەدەن، داخۆ ئەو نووسینە نیازی داگیرکاری، یان بەپێچەوانەوە نیازی نیشتمانی و بەرگریی لەخۆیدا هەڵگرتووە؟ به‌ زیندو مانه‌وی زمان، یان گوڕوتینی زمان، له‌سه‌ر ئه‌وه ‌به‌نده‌، تۆی به‌کاربه‌ری زمان، هەتا چه‌ند چلاکیی پێ ده‌به‌خشیت، هەتا چه‌ند تواناکانی ده‌خه‌یه ‌کارو واتا به‌ وشه‌کانی ده‌به‌خشی.

هەر زمانێک بگریت، بەشی خۆی جیڕیی تێدایەو توانای زاوزێی لەخۆیدا هەڵگرتووە، واتە دکارێ وشەی نوێ و زاراوەی نوێ بەرەهمبهێنی. وەک چۆن شاعیر ڕۆژانە وێنەی نوێ بەرهەمدێنێ و چکیش ناکات. خۆ زمان بەگشتی، دەقی قورئان و تەوارات نییە، تاکو لە سۆنگەی پیرۆزییەوە، بڤەبێت دەستکاریی بکرێ و گۆڕانی بەسەردا بهێنرێ. بەڵکو زمان زیندووەو لە جووڵەی بێ پساندایە. تۆ ئەگەر نووسراوی ساڵانی شەست لەگەڵ نووسراوی ساڵانی حەفتادا بەروارد بکەیت، ئەوجا دەزانی، کە لەو ماوەیەدا، بە هەزاران وشەو زاراوەی نوێ، لە بوارەکانی زانستدا لەدایکبوونە و ڕۆژانە مامەڵەیان پێدەکرێ. ئەوسا تێدەگەی کە زمان ڕووبارێكە چک ناکات و خۆی نوێدەکاتەوە. لەگەڵ ڕەوتی گۆڕان و گەشەی کۆمەڵدا، لەگەڵ پێشڤەچوونی زانست و مەعریفەدا زاراوەی نوێش دێنە ژیانەوە.

زۆرن ئەو نووسەرە ناودارانەی کە، سەربە گەڵیکی زیندووی خاوەن کیان بوون و بە زمانێکی تر نووسیویانە، هەر بۆ نموونە:

‌فرانس کافکا خۆی چیکییە، بە ئەڵمانی نووسیوێتی

ساموئیل بیکیت، خۆی ئیرلەندییە (ئیگلیزه)‌، به‌ فرانسی نووسیوێتی

جۆزیف کۆنراد، خۆی پۆڵه‌ندییه، به‌ ئینگلیزی نووسیوێتی

الطاهر إبن جلون، خۆی عه‌ره‌به‌، به ‌فرانسی ده‌نووسێت. بەڵام هەر یەکێک لە کافکاو ساموئیل بیکیت و جۆزیف کۆنڕاد و الطاهر بن جلون سەربە گەلانێکن، خاوەنی کیانی خۆیانن و سەربەخۆن، کەچی ئەو نووسەرە کوردانەی کە بە زمانی بەعەرەبی دەنووسن و دیارترینیان سەلیم بەرەکاتە، سەر بەگەلێکە هێشتا خاوەنی کیانی سەربەخۆ نییە، بۆیە زۆر بەئاسانی ئەوەی سەلیم بەرەکات نووسیوێتی دەدرێتە پاڵ ئەدەبی عەرەبی.

هایدگەر لەم ڕووەوە وتوویەتی: زمان ماڵی مرۆڤە، زمان ئەو شوێنەیە کە مرۆڤی لێ نیشتەجێیە.

 

 

محەمەد فەریق حەسەن

Previous
Next