ژارگۆن 19 … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
بە دەریا بنگرم دەریا تو وینوم
بە سەحرا بنگرم سەحرا تو وینوم
بە هەر جا بنگرم کوه و دەر و دەشت
مەگەر ئان دەم کە زیبایى تو وینوم
“بابا تاهیر”
(4)
رێبازى کلاسیک هەر لە سەدەى دووەمى زایینى لەلایەک وەک رێبازى قوتابخانەیى، یان بنەڕەتى و باڵایى.. و لە لایەکى دیکە وەک ئەدەبێکى ئاڕاستەکراوى دەستە و تاقمێکى ئەرستۆکراتى و پایە بەرز.. خۆى لە رەوانبێژى زمان و هێزى تەعبیرکردن و روون و ئاشکرایى دەدۆزێتەوە، بەڵام لە سەردەمى رێنیسانسى ئەوروپى ئەدەبى کلاسیک بە هەموو ئەو ئەدەبە دەگوترا، کە خۆى لە بەها مرۆییەکان (خێر) و (راستى) و (جوانی)دا دەبینییەوە! هەمیشە بەها بەرزەکانى مرۆڤایەتیش دەکەونە دەرەوەى شوێن و کات و چینێکى دیاریکراوى کۆمەڵایەتییەوە. بەها مرۆییەکان لە خەسڵەتە سەرەکییەکانى ئەدەبى سەردەمى رێنیسانس دەژمێردرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەدەبى کلاسیک لە سەردەمى رێنیسانسدا بە هەمان شێوەى سەردەمى پێشوو، پارێزگارى لە شێواز و رەوانبێژى و هێزى تەعبیرکردن و بەرجەستەکردنى سۆز و پەیوەستبوون بە پرنسیبەکانى ئەخلاق و رێزگرتن لە نۆرمە کۆمەڵایەتییە باوەکان و بەکارهێنانى بۆ ئامانجى فێربوون.. دەکرد. دەمەوێ بڵێم ئەوەى ئەدەبى کلاسیک لە سەدەى دووەمى زایینى و سەردەمى رێنیسانس، جیا دەکاتەوە، جگە لە بەها مرۆییەکان، خۆى لە کەشفکردن و شیکردنەوەى دەروونى مرۆڤ و جەختکردنى شێواز و بابەتگەراییدا خۆى دەبینێتەوە، هەموو ئەوانەش پشت بە (رۆشنبیریى) و (پیشەیى بوون) دەبەستێت، ئامانجەکەشى لە چێژى هونەرییدا دەردەکەوێت. هەڵبەتە لە دووبارەکردنەوەى هەموو ئەوانەدا، پرسیارى من ئەوە نییە (ئەدەبى کلاسیزمى کوردى) دەکەوێتە کوێى ئەدەبى کلاسیکەوە؟ بەڵکو دەمەوێ بڵێم ئەگەر بە شێوەیەکى گشتى ریشەى ئەدەبى کلاسیک بە هەموو ژانرەکانییەوە بە دید و بۆچوون و تێڕوانینى بتپەرستى گریکییەوە بەند بێت و رۆمانییەکان کۆى ئەو بیروڕا و بەها ئەدەبیانەیان لەوانەوە وەرگرتبێت، ئایا دەتوانین دیدى بتپەرستى لە نێو (ئەدەبى کلاسیزمى کوردى) بەدى بکەین؟
هەڵبەتە کریستانییەکان لە سەردەمى خۆیان دژى بەهاى بتپەرستى بوونە و هەوڵیانداوە ئەدەبى کلاسیک مۆڕکى ئایینى مەسیحى وەربگرێت، بەڵام هۆى سەرنەکەوتنیان راستەوخۆ پەیوەندى بە هێزى سەرچاوە یۆنانیەکەوە هەبووە!! بەڵام لە بیرمان نەچێ لە سەدەکانى ناوەڕاست (پێش رینیسانس) دەسەڵاتى کلیساوە، پیاوانى ئایینى توانیان ئەدەب و هونەر بە گشتى بخەنە ژێر بیروڕایەک کە لەگەڵ کلیسەدا بگونجێ، ئەدەب و هونەرییان ئاڕاستە دەکرد و دەیانویست لە خزموتى ئایین و پیاوانى ئایینیدا بێت، هەر بۆیە فەیلەسوفانى ئیستێتیکا رایانوایە کە رێنیسانس قەڵەمبازێکە بە سەر سەدەکانى ناوەڕاست و بیروڕاى کلیسە. رینیسانس هەوڵدانێکى مەزن بوو بۆ رزگارکردن لەو کۆت و پێوەندانەى دەرەبەگایەتى بە سەر نووسەر و هونەرمەنداندا سەپاند بووى..
شاعیر و رەخنەگرەى ئینگلیزى (جۆن میلتۆن 1608-1674) یەکێک بوو لەوانەى کە ئایین و کتێبى پیرۆز (ئینجیل)ى بە سەرچاوەى سروش دادەنا و وەک ناوەڕۆکى کارەکانى سوودى زۆرى لێوەردەگرتن. بە دیوەکەى دیکەش میلتۆن یەکێک بوو لەو رەخنەگرانەى، کە پێیوابوو ئەدەب بە هەموو ژانرەکانییەوە ئامرازێکە بۆ دنەدان و دنەدانى فیکرەیەکى دیاریکراو، وەک چۆن جەختى لەسەر وەزیفەى سیاسى شیعر دەکردەوە، گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکانیشى بە هەند هەڵدەگرت، بەڵام هەمیشە مەسەلەى چێژى بە نیازێکى ئەخلاقى و جوانیى دەبەستەوە، نەک بە تاقم و چینێکى دیاریکراوەوە.. من دەپرسم ئایا ئەوە هێزى (ئایینى ئیسلام)ە وا دەکات ئەدەبى کلاسیزمى کوردى لە (حوجرە و مزگەوت)ەکانەوە سەر هەڵبدات، یان پەیوەندى بە بێهێزى (ئەدەبى زارەکى کوردیى) و بە بێ ئاگایى و دەرک نەکردنى (چەمکى لاساییکردنەوەى ئەرستۆیى و عەقڵ وەک بنەمایەک بۆ فەلسەفەى جوانى ئەدەب)ەوە هەیە، کە بە بنەما سەرەکییەکانى ئەدەبى کلاسیک دەژمێردرێن؟
بێگومان سەرەتاى بەرەوپێشچوونى ئەدەبى کلاسیک لە ئیتاڵیا، لە سەدەى سێزدەمى زایینى دواى پەیبردن بە ئەرستۆ و بنەما گریکییەکان، بە تایبەتى لەسەر دەستى شاعیرانى سەردەمى رێنیسانس و دواتر لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و لەسەر دەستى پێشەنگى قوتابخانەى ئینگلیزى (شکسپیر 1564-616ز) گەیشتە ترۆپک. بەڵام لە سەدەى شانزە و حەڤدەى زایینى ئەوە رەخنەگران و رەخنەگرانى فەرەنسى بوون، توانیان لە رێگاى کۆمەڵێک تیۆر و پرەنسیبەوە، هێزێکى نوێ بە ئەدەبى کلاسیک ببەخشن! ئەگەرچى وازیان لە چەمکى (لاساییکردنەوە)ى ئەرستۆیى نەهێنا، بەڵام بایەخێکى زۆریان بە عەقڵگەرایى و فیکرەى تاکگەرایى دەدا و توانیان جۆرێک لە هاوگونجان لە نێوان بابەتگەرایى بنبەستى کلاسیکى کۆن و خودگەرایى پەڕگیرى رۆمانسیى دروست بکەن. یەکێک لەو رەخنەگرانە، رەخنەگرى فەرەنسى (نیکۆلا بوالۆ 1636-1711) بوو، کە توانى جەخت لە یەکێتى (بابەت) و (شوێن) و (کات) بکاتەوە و بنەغەکانى ئەدەبى کلاسیک نوێ بکاتەوە. هەر لەوێشەوە قوتابخانەیەکى جیاواز لە زۆر رووەوە بە ناوى نیوکلاسیک (Neo classical) هاتە ئاراوە.