Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر بەیان سەلمان

گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر بەیان سەلمان

Closed
by December 27, 2013 ئەدەب

 


بەیان سەلمان:

مەرج نییە رۆماننووس وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە، کە لەنێو رۆمانەکەیدا دەیانخاتەڕوو

 

 

* ئەگەر سەرەتا لەسەر بیرۆکەی رۆمانی لە بەرزایی شوراکانەوە قسە بکەین..بیرۆکەی ئەم رۆمانە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

-بیرۆکەکە لەو جەدەلەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لەنێوان عەقڵ و شێتیدا لە کۆمەڵگەدا هەیە و مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ شێتدا دەکرێت. ئەم مامەڵەکردنە تێڕوانینێکی لای من دروست کرد، کە ئەوەی پێی دەوترێت شێت بیخەمەوە بەرامبەر بە عەقڵ. لێرەوە دیسان بچەمەوە بەم دوو چەمکەدا و تێبگەم لەوەى کاتێک ئێمە دەڵێین عەقڵ و خۆمان بە عاقڵ دادەنێین. هەروەها کاتێک دەڵێین شێت. شێت کێیە و عاقڵ کێیە؟ هەروەها وەکو رووئیایەکی فیکریی خودی شێتی بریتییە لە چی؟ هەروەها لە رووی کۆمەڵایەتییەوە چۆن چۆنی تەماشای شێت دەکرێت و بەتایبەتیش ئەگەر ئەو شێـتە ژن بێت. هاوکات دەستدرێژی کرابێتە سەر. واتە دوو مەسەلە روون دەبێـتەوە، کە مەسەلەی شێتی، کە کەسەکە بێ دەسەڵاتە. هەروەها مەسەلەی دەستدرێژیکردنە سەریشی. 

شێت لەنێو کۆمەڵدا کەمایەتییە لەنێو کەمایەتییەکانیشدا ژن کەمایەتی دووەمە. لەنێو کەمایەتییەکانیدا، کە شێتە و هاوکات به‌ کۆمه‌ڵ دەستدرێژی کراوەتە سەر ئەوە دەبێتە چوارجار. واتە چوار پلە بەندیت هەیە لەمەسەلەی  ئەو شێتیەی من لێی دواوم.. 

 

*واتە بیرۆکەی رۆمانەکە تەنها بۆ خستنەڕووی ئەم جەدەلە بووە و دانانەی عەقڵه‌ لە بەرامبەر شێتیدا؟

-بەڵێ بە زۆری ئیشەکە لەسەر ئەمە بووە. لەبەر ئەوەی بە درێژایی مێژوو شێـت شوێنی سەرنجڕاکێشان بووە. لە رۆمانی یەکەمیشمدا، کە بە عەرەبی بڵاوبۆتەوە بەناوی (بوراق) یەکێک لە کاراکتەرەکان شێتێەکە ناوی موزەفەرە و سەری دەخەنە بەر ئاو بۆ ئەوەی سەری ساردبکەنەوە. واتە شێت بۆمن جێگای تێڕامان و بیرکرنەوەیە. 

 

*ئەگەر ئێمە وێنای کۆمەڵگەیەک بکەین بەبێ شێت، ئایا ئەو کۆمەڵگایە نوقسانە، یان ئەگەر شێتی تێدا بێت نوقسانە، تۆ لە رۆمانەکەتدا خۆت لەم پرسیارە نەداوە؟  

-کۆمەڵگە دەسەڵاتی لەوەدا نییە، کە کەسێک شێـتە، یان شێت نییە. بۆیە لە شوێنێکدا باس لەوە دەکەم، کە ئێمە ناتوانین ڕقمان لەو کەسانە بێتەوە، کە دەستدرێژی لە شێتێک دەکەن، چونکو هۆی کۆمه‌ڵایتی و سه‌رکوتکردنی جنسی هه‌یه‌. بەڵام رەنگە خوێنەر رقی لێیان بێـتەوە لەوەی ئەو کەسانەی لەنێو کۆمەڵگەدا دەستدرێژی دەکەنە سەر شێت. بە درێژایی مێژوو شێت هەبووە. وەکو حاڵەتێکی پاتۆلۆژی، واتە نەخۆشی. شێت حاڵەتێکە و ناکرێت ئینکاری بکەین کە هەیە. بەوەی کە ژن لە ماڵەوە دەشاردرێتەوە کە شێتە، بەڵام ئەمە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر حاڵەتەکە نابێت، چونکە ژنی شێت و پیاوی شێت هەیە. بەڵام پیاوە شێـتەکان دەکرێت بەرەڵا بکرێن و ئەگەر دەستدرێژیان بکرێـتە سەر سکیان پڕ نابێت، بەڵام ژنی شێت سکی پڕ دەکرێت و منداڵ دێنێته‌ دونیاوه‌‌. 

 

*فیگۆری سەرەکی رۆمانەکە (زەکیە)یە، بەڵام رۆمانەکە بە کوشتنی ئەو دەست پێدەکات بۆچی ئەم دەستپێکەت بۆ رۆمانەکەت هەڵبژارد، کە رۆمانە پۆلیسیەکانمان بیر دەخاتەوە، بۆ لە کاتی دۆزینەوەی زەکییەوە دەستت بە گێڕانەوە نەکرد، کە میم خونچە دەیدۆزێتەوە؟

– لەبەر ئەوەی حاڵەتی کوشتنەکە زۆر مەبەستم بوو، کە زەق بکرێتەوە. ئەگەر تێبینیت کردبێـت لەسەرەتای رۆمانەوە تا کۆتایی زوو زوو باس دەکرێتەوە. هەروەها دەستپێکەکە بە هاتنی قەسابەکە و چەقۆ گەورەکەی دەست پێدەکات و لەگەڵ سەربڕینی یەکەم حەیواندا هەواڵی کوشتنی زەکیەش دێته‌پێشێ، واتە ویستوومە ئەمە بەیەکەوە گرێ بدەم. هەروەها ناکرێت ئێخەی قەسابێک بگرێن و بڵێن مادام خوێنی حەیوان دەڕێژێت ئەوا خوێنی زەکیەش هەر ئەو رشتویەتی. بۆیە مەسەلەکە بۆ ئەوەیە کە سەرنجی خوێنەر رابکێشم و بیخەمە نێو پرۆسەیەکی گەڕان لەنێو رووداوەکاندا و خوێنەر ببێتـە هاوسەفەری حیکایەتخوان، کە خۆی هەموو رووداوەکان دەگێڕتەوە و هەندێکجاریش دەسەڵاتی گێڕانەوە بە فیگۆرەکان دەبەخشێت، ئه‌گه‌رچی خۆشی به‌ بێبه‌ر له‌ کوشتنی زه‌کیه‌ دانانێت. واتە کۆی ئەمە بۆ ئەوەیە، کە خوێنەر بەشدار بێت لەنێو پرۆسەی گەڕان بەدوای بکوژی زەکیەدا، چونکو له‌ ژیانی ڕاستیدا شێت وون ده‌بێ، قه‌د هه‌واڵی مردنی سروشتی نابیستین، شته‌کانی له‌ ده‌ور و خولیدا په‌نهانین. 

 

* فیگۆری مامۆستا وەردی کە مامۆستای ماتماتیکە، یان دەتوانین بڵێین (لۆژیک)، بەڵام لە رۆمانەکەدا دەبێتە فرۆشیاری شێتی. چۆن کەسێکی خاوەن لۆژیک دەبێتە فرۆشیاری شێتی؟

– مامۆستا وەردی لە حاڵەتێکدا دەبێتە فرۆشیاری شێتی، کە تووشی بێئومێدی دەبێت لەوەی کە نەیتوانی به‌ڵێنه‌که‌ی به‌سه‌ر به‌رێت و زەکییە بپارێزێت، بۆیە دەیەوێت بکوژی زەکییە بدۆزێتەوە. مامۆستا وەردی بەتەنها ئەرکی پاراستنی زەکییەى لە ئەستۆ گرتبوو. بەڵام لەبەرامبەر ئەوانەی تردا نەیتوانی ئەو کارەبکات. بۆیە بۆ خۆی سزایەک دروست دەکات، کە ئەویش بڵاوکردنەوەی شێتییە. مامۆستا وەردی دەیەوێت ئەوە روون بکاتەوە، کە ئەگەر کەسێکی عاقڵ بچێتە شوێنی شێتێک چۆن مامەڵە دەکات.

 

*لە لاپەڕە 76ى رۆمانەکەدا دەنووسیت: (کەسمان نەبوو زەکییە وەها تەماشا نەکات، کە هەرچی هێزی باڵایە لەناو لنگیدایە) پرسیار ئەوەیە ئایا ئافرەت لەنێو کۆمەڵگەی نەریتیدا هەرچەندە شێتیش بێت، هێزێکی باڵای هەیە کە سێکسە؟

– ته‌ماشاکردنی کۆمه‌ڵ وه‌هایه‌، ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی باسی لێده‌که‌م وه‌ها ته‌ماشای ژن ده‌کات، با شیتیش بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌زه‌ت به‌خشه‌، قسه‌ لێره‌ له‌سه‌ر مه‌یل و ئاره‌زووه‌ که‌ ئه‌و پیاوانه‌ بۆ شێتێکیان هه‌یه‌، ئه‌و سه‌رکوتکردنه‌ جنسییه‌ به‌و جۆره‌ ده‌خه‌نه‌ ”فیعل”ه‌وه. ئه‌م جۆره‌ کۆمه‌ڵه‌ی‌ باسی ده‌که‌م که‌ شێت به‌لایانه‌وه‌ هیچ نییه‌ که‌چی نکۆڵی له‌وه‌ ناکه‌ن با بنهێنیش بێت که‌ زه‌کیه‌ ئه‌و هێزه‌ی پێیه‌ ئه‌وان سوجده‌ی بۆ به‌رن.

 

*لە رۆمانەکەدا پێشنیاری چارەسەرکردنی شێتی بە شێتی دەکرێت و بەڵگەی ئەمەش شێتبوونی مامۆستا وەردییە، ئایا بۆ چارەسەرکردنی شێتی پێویستمان بە عەقڵە، یان شێتی؟

-کە لەنێو کۆمەڵگەیەکدا بیت و ژنێکی شێت هەبێت و دەستدرێژی کرابێتە سەر تاکە چارەسەر ئەوەیە کە سزای ئەو کۆمەڵگەیە بدەیت ئەویش بە شێتى. شێتی حاڵەتێکە و لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاوە و ئەو کەسانەشی دەستدرێژیان کردۆتە سەر زەکییە بە تەواوی عەقڵەوە کارەکەیان ئەنجامداوە. بەگشتی بیرۆکەکە ئەوەیە، کە شێتبوونی تر هەیە بەرامبەر ئەم شێتییەی زەکییە و کە رەنگە جیاواز بێت، چونکە مومکین نییە کەسێک عەقڵى هەبێت و دەستدرێژی بکاتە سەر شێتێک. فرۆشیاری شێتی کۆمەڵێک دەخولقێنێت، کە سزایان دەدات و بەو شێوەیە سزایان دەدات کە هەموویان بکات بە شێت لە پرۆسەیەکی شێتبووندا قسەی دڵی خۆیان بکەن، نهێنیه‌کانیان ئاشکرا بکه‌ن. واتە کێشەکە لەوەدا نییە، کە بە عەقڵ چارەسەری حاڵەتەکە بکەین، چونکە لە کۆمەڵگەیەکی نەریتیدا شتەکان بە لۆژیک چارەسەر ناکرێن. شێتیبوونی مامۆستا وه‌ردی فره‌ جیاوازه‌ له‌ شێتبوونی ئه‌وانی تر.

 

*کوشتنی زەکییە تاڕادەیەک وەکو ناهەقییەک هاتە بەرچاوم، چۆن رێگەتدا ئەم فیگۆرە بکوژرێت لە کاتێکدا هیچ فیگۆرێکی تری نێو رۆمانەکە لەو بەریئتر نییە، یان کە رێگەتدا بکوژرێت بۆ ناهەقییەکی ترت لێکرد کە بکوژەکەت ئاشکرا نەکرد.

-من حوکمم بە سەردا نەداوە، کە زەکیە شێتە. چونکە شێتی حاڵەتێکە و لەنێو کۆمەڵدا هەیە. ئەوە نووسەر نییە کە بڕیاری کوشتنی زەکییەی داوە، بەڵکو ئەمە کۆمەڵگەیەکی نەریتییە ئەم بڕیارەی داوە. بۆیە ئەوە کۆمەڵگەیە، کە ژنێکی شێت، کە دەستدرێژی کراوەتە سەر دەکوژێت. میم خونچە و مامۆستا وەردی کە دوو فیگۆری تری سەرەکین چەندجارێک ئەوە دووبارە دەکەنەوە، کە ویستویانە زەکییە بکوژن، بەڵام نەیانتوانیوە. میم خونچە دەڵێت: دەمخواست سەرینێک بخەمە سەر دەمی و بیکوژم. ئەم کوشتنە لەپێناو ئەوەدا نییە، کە رقی لە زەکیەیە، بەڵکو ئەمە بۆ رزگارکردنی زەکییەیە لەو ناهەقیانەی لە کۆمەڵگەی نەریتیدا بەرامبەری دەکرێت. مامۆستا وه‌ردیش له‌ جێیه‌کدا هه‌مان شت ده‌ڵێ، له‌ بێهوایی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ناتوانێت بیپارێزێ ‌ ئه‌ویش ئه‌و خواسته‌ی هه‌یه.

لە کۆمەڵگەی نەریتیدا چارەنووسی شێت نادیارە، بۆیە لە رۆمانەکەی منیشدا هەر بە نادیاری ماوەتەوە، بکوژی شێت هەرگیزاو هەرگیز نادۆزرێتەوە. بۆیە مەرج نییە رۆماننووس وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە، کە لەنێو رۆمانەکەیدا دەیانخاتەڕوو، چونکە هەندێک پرسیار هەر وەڵام نادرێتەوە، بۆیە بە کراوەیی دەمێنێتەوە. 

 

* دوو فیگری مامۆستا هەیە، مامۆستا وەردی ومامۆستا ئەوس مامۆستای هونەره‌، بەڵام دوو فیگۆری دژ بەیەک، یەکەمیان پارێزەری زەکیەیە و دووەمیان دەستدرێژیکەرە، مەبەستت بوو ئەوە بخەیتەڕوو، کە لەنێو سیستمی پەروەردەی کۆمەڵگەی نەریتیدا کەسانی دەستدرێژیکار بوونیان هەیە؟

– زەکییە بەتەنها لەلایەن کەسانی نێو بازاڕ و شەقامەکانەوە دەستدرێژی نەکراوەتەسەر، بەڵکو یەکێک لەوانە مامۆستای هونەرە. کە هونەر خۆی لە خۆیدا شتێکی باڵایە، که‌ له‌ جوانی و ئیستاتییک ده‌دوێ، که‌چی مامۆستای هونەر بەشداری دەستدرێژییەکان دەکات و پانتایی خوێندنگە و نێو پۆل دەبێتە شوێنی دەستدرێژیی. ئەمەش لە کاتێکدا کە بە تەباشیری رەنگاو رەنگ زەکییە هەڵدەخەڵەتێنێت بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکاتەسەر. ئەگەر بازرگانەکان و فرۆشیارەکان بە نوقڵ و چوکلێت زەکییە هەڵدەخەڵەتێنن، ئەوا مامۆستای هونەر بە تەباشیری رەنگاورەنگ، کە کەرەستەی فێربوونی زانستە. بۆیە لە کۆمەڵگەی نەریتیدا زۆرێک لە لۆژیکەکان ئاوەژوو دەبنەوە و لە زۆرجێگادا عەقڵەکان سفر دەبنەوە. 

 

*ئەگەر باس لە چاوی سێیەمی زەکییە بکەین، کە یەکێک لە فیگۆرەکان دەڵێت: لە کاتی دەستدرێژیەکاندا هەرچەند چاویشیم دادەپۆشی، بەڵام هەستم دەکرد زەکییە بە چاوی سێیەم ئاگای لە هەموو شێتکە. چۆن شێتێک چاوی سێیەمی هەیە؟

-زەکییە خۆی نییە، کە باس لە چاوی سێیەم دەکات، واتە ئەوە خۆی نییه‌، نه‌ حیکایەتخوان نییە کە ئەو تێڕوانینەی هەبێت، بەڵکو ئەوە ئەو کەسانەن کە دەستدریژیان کردووەسەر و ئەوانە ئەو هەستەیان هەیە، کە لەگەڵ داپۆشینی چاویشیدا هێشتا ئەو هەستەیان هەیە کە ئاگای لەوانە و چاوێکی ناوەوەی هەیە. هەر لە نێو رۆمانەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە زەکییە بۆ ژنەکانیان فریشتەیە و ژنەکانی ئەو کەسانەی دەستدرێژی لە زەکییە دەکەن زۆرجار پێشبینییەکانی بە هەند وەردەگرن. بەڵام بۆ پیاوەکان مایەی پڕکردنەوەی بۆشایی سێکس بووە و بۆ منداڵەکان مایەی گەمە بووە. 

 

*واتە دەکرێت بڵێن ئەو چاوی سێیەمە ویژدانی بەئاگاهاتووی ئەو کەسانە بووە، کە دەستدرێژی دەکەن؟

-بەڵێ، بەڵام من تەنها ئەو کەسانە مەحکوم ناکەم، کە بەرامبەر زەکییە تاوانبارن، بەڵکو کۆمەڵ هەمووی تاوانبارە، ئێمە بەشێکین لە هەموو کۆیەکان کەواتە تاک لەنێو کۆدا ئیشکردنەکە بەم شێوەیەیە: کۆمەڵگەیەک هەیە خەڵک دەکوژن و مەسەلە نەریتییەکان تێیدا باوە و سێکس بەشێوەیەکی ئاسایی تێیدا روو نادات و بۆ ئەوەی سێکس روو بدات پێویستە پیاو ژن بهێنێت و لە حاڵەتی خۆشەویستیدا سێکس نییە. واتە هیچ شتێک بە شێوەیەکی سروشتی ئینسانەکان بەیەکەوە نابەسترێنەوە.  

 

 *زەکییە ژنە، شێتە دەستدرێژی کراوەتە سەر، ئەم هەموو کەمایەسیە بۆ لەم فۆگۆرەدا کۆکراوەتەوە؟

-لەبەر ئەوەی ئەم کەساییەتییە گرنگترین و سەرەکیترین کەسایەتی نێو رۆمانەکەیە. بۆیە زۆرترین قورسایی خراوەتەسەر. لەبەرامبەر زەکیەدا مامۆستا وەردی هەیە، کە فیگۆرێکی عاقڵە، بەڵام دواجار ئەویش شێت دەبێت. لەم شێوەی شێتبوونەدا، زەکییە دەبێتە کەمایەتی کەمایەتی کەمایەتی لەبەر ئەوەی یەکەم ژنە، لەبەر ئەوەی دەستدرێژیکردنە سەر ژن قورستترە لە پیاو. دووەم شێتە.

*کێ بکوژی زەکییەیە، هەرچەندە وەڵامی ئەمە لە رۆمانەکەدا نەدراوەتەوە، بەڵام وەکو بۆچوونی خۆت وەکو خوێنەرێک، کۆمەڵگەیە یان تاکێکی دیاریکراو؟

-لای من کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگەیەکی نەریتی هەیە، کە بەشدار بووە لەو کوشتنەدا. لە شوێنێکدا، کە پرسیار لەسەر بکوژەکەی زەکییە دەخرێتەڕوو، لە وەڵامەکەدا دەڵێم ”هەموومان”. واتە کۆمەڵگە. دوو جۆر کوشتن هەیە یەکەمیان رەمزییە و ئەویتریان فیعلییە. واتە کە وەکو شێت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت هەر لەسەرەتاوە کوشتنێکی رەمزی زەکییە کوژراوە، بەڵام دواجاریش کۆمەڵگە به‌ ڕاستی دەیکوژێت.

 

* لەلاپەڕە 203دا دەنوسیت، کە (عەقڵ نەبوو جەستەش نییە)، بەڵام زەکییە شێتە، کەچی جەستەیەکی بەپیتی بۆ پیاوان هەیە، ئایا ئەمە دژە بۆچوون نییە؟

– مه‌به‌ستم له‌و وته‌ییه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ”العقل السلیم فی الجسم السلیم”، به‌م واتایه‌ زه‌کیه‌ حاڵتێکی جیاوازە.‌ کەسێکه‌ له‌ ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵ‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌قڵه‌ که‌چی جەستەی بۆ کۆمەڵێک خەڵک سه‌لیمه‌ کێشه‌ی نییه‌. زەکییە کە شێتە، واتە سەری لێبۆتەوە، بەڵام دەستدرێژیکارەکان ئیشیان بە جەستەیەتی. لەم جەستەیەدا شتێکی بە پیتی تێدا دۆزراوەتەوە. لە شوێنێکدا دەڵێم یەکێک لە پیاوەکان بۆیە لەگەل زەکییە جووت دەبێت تا پیاوەتی خۆی تاقیبکاتەوە. ئەمە ترسی ئەم پیاوەیە لە کۆمەڵگە و لە ترسی نەبوونی به‌ پیاو  ئەوە دەکات، بۆیە جەستەی زەکییە پانتایی تاقیکردنەوەیە. بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێت فەزای رۆمانەکە باس لە ساڵی شەستەکان و حەفتاکان دەکات و ئەوەش روونە  لە دوای هەشتاکانەوە بایی ئه‌وه‌نده‌ گۆڕانکاری روویداوە. 

 

*ونبوونی شەهاب و دەرکەوتنی خەیام، بۆچی شەهاب ون دەبێت، هەروەها وەزیفەی دەرکەوتنی خەیام چییە؟

-ئەمە زیاتر کارکردنێک بووە لەسەر ئیستاتیکا و مەبەستم بووە کارێک لەسەر چەمکی قارەمان بکەم. لە کۆمەڵگەی نەریتی ساڵانی شەستەکانە و حەفتاکاندا. کەسێک دێت، کە لە هیچ کەسێک ناترسێت، له‌ پیاوانی رژێمش ناترسێت. شەهاب فیگۆرێکی رزگارکەری خەڵکە لەدەست دەسەڵاتدارانی رژێم و دژی ئەوان رادەوەستێت و فیگۆری جوانییە لەنێو کۆمەڵگەیەکی نەریتیدا. ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ هه‌موان به‌ دوای وێنه‌که‌یدا وێڵن.

 

*واتە دەکرێت بڵێت فیگری شەهاب باڵانسی نێوان عەقڵ و شێتییە؟

-بەڵێ دەتوانین وا بڵێین. بۆیە کاتێک شەهاب دەکوژرێت کۆمەڵ پێویستی بەوەیە جارێکی تر فیگۆرێکی لەو شێوەیەی هەبێت. هەروەها فیگۆری خەیامیش فیگۆرێکی تری جوانییە، کە عاشقە و دەگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگە.

 

*چەمکی دەستدرێژی لای تۆ لە رۆمانی بەسەرهاتەکانی خەزنە مەملووک و لە بەرزایی شوراکانیشدا دووبارە دەبێتەوە، ئەمە جەختکردنەوەیە لەسەر دەستدرێژی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە کۆمەڵگەی نەریتیدا دەستدرێژی هەر بەردەوامە و هەر دوو رەگەزەکەش دەگرێتەوە؟

– دەستدرێژیکردن لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا هەیە و هیچ کۆمەڵگەیەک بەدەر نییە لە دەستدرێژی، به‌ڵام له‌ وڵاتانی رۆژئاوا یاسا هه‌یه‌، دیموکراسی هه‌یه‌ و مافی مرۆڤی لاواز و که‌مئه‌ندام پارێزراوه‌ و به‌ که‌شفبوونی ده‌ستدرێژیی که‌سه‌کان سزای توند ده‌درێن. 

ئه‌گه‌ر ڕێم پێ بده‌ی کاک ئارام، ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رچاو.‌ له‌ شیکاری ده‌روونیشدا چۆن ته‌ماشای ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ کراوه‌: سێ حاڵه‌تی دیاریکراو هه‌یه‌ له‌ ده‌ستدرێژی سێکسیدا: یه‌که‌م پێی ده‌وترێ(شکستی Effraction). له‌م قۆناغه‌دا خه‌رقێک هه‌یه‌، به‌ مانای چوونه‌ ناوه‌وه‌ی موڵکییه‌تێکی تایبه‌تی که‌سێک، واته‌ دۆخی چوونه‌ ناوه‌وه‌ی مولکییه‌تی له‌شی زه‌کیه‌. له‌ قۆناغی دووهه‌مدا (گرتن  Captation). لێره‌ به‌ کڕینی باوه‌ڕی که‌سه‌که‌ی ده‌یگرن و لێره‌دا زه‌کیه‌ جۆره‌‌ بارمته‌یه‌که‌ له‌ ژێر ده‌ستیاندایه‌، ئه‌و باوه‌ڕه‌(لێره‌دا زه‌کیه‌ به‌ شیرینی باوه‌ڕی کڕدراوه، یان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێندراوه‌‌). له‌ قۆناغی سێهه‌مدا (به‌رنامه‌دارشتن La programmation ). لێره‌دا به‌ نێوه‌ندی چالاک کردنی بیره‌وه‌ریی، یان زه‌ینی که‌سه‌که‌ له‌ ساتێکی دیاریکراودا کرده‌وه‌یه‌ک دووباره‌ ده‌کرێته‌وه‌. واته‌ ساتی دستدرێژییه‌کان به‌رنامه‌ی مه‌سه‌ساسه‌ پێدان له‌ زه‌ینی زه‌کیه‌ چالاکده‌کرێته‌وه‌. 

ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ کۆنتێکستنی خەزنە مەملووک دەبینین خەزنە کوڕێکی مەملووکی غەریبە بووە لە سەردەمێکی کۆندا، کە فرۆشراوە و ژن و پیاویش دەستدرێژیان کردۆتە سەر. لە رۆمانى بەسەرهاتەکانی خەزنە مەملووک ژنان بەستراونەتەوە لەنێو ماڵدا، پیاوان لەگەڵ غولام و جارییەکاندا دەخەون و ژنەکانیش دەیانەوێت دژی پیاوان له‌ پشتیانه‌وه‌ هه‌مان کار بکه‌ن. ئه‌مه‌ جۆرێکه‌ له‌ سزادانی پیاوان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌، وه‌لێ به‌ ناڕه‌وایی هه‌قی خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌، چونکو ته‌عدا ده‌که‌نه‌ سه‌ر که‌سێکی ژێر ده‌سته‌. هەروەها لە رۆمانی لە بەرزایی شوراکانیشدا ژنێک هەیە، کە ناوی زەکییەیە و پیاوان دەستدرێژی دەکەنەسه‌ر، کە هەردوولا بەهۆی لێکەوتەکانی کۆمەڵگەی نەریتییەوەیە کاری ناڕه‌وا ده‌که‌ن. هه‌ر نووسه‌رێک ڕوانگه‌یه‌کی بۆ ڕووداوه‌کان هه‌یه‌، منیش له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ موعاله‌جه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌م کردوه‌.


*بەلای منەوە خەزنە و زەکییە هەردووکیان لە یەکدەچن هەرچەند لە دوو رەگەزی جیان، چونکە هیچیان لە کاتی دەستدرێژییەکاندا چێژ لە سێکس وەرناگرن، ئەم لێکچوونەی ئەم دوو فیگۆرە جیایە رێکەوتە یان نا؟

– من ئیشم لەسەر ئەوە نەکردووە، چونکە جارێک خەزنە لەگەڵ ژنێێکی جارییه‌ بەناوی تاوس سێکس دەکات و چێژ وەردەگرێت. بەڵام زەکییە بەهۆی ئەوەی شێتە هیچ چێژ وەرناگرێت. ڕوونیشه‌ که‌ ده‌ستدرێژی ده‌کرێته‌ سه‌ر که‌سێک پیاو بێت یان ژن چێژ نابینێت له‌و په‌یوه‌ندییه‌. گرنگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بکه‌ین که‌ له‌ ڕووی شیکاری ده‌روونییه‌وه‌ کردار  یان خۆشی قوربانیی دۆخێکه‌، یاخود دڕنده‌یه‌ و ڕقی له‌ بکه‌ره‌که‌یه‌. له‌م دوو ڕۆمانه‌مدا ئێمه‌ له‌ ناو دۆخێکی ئاڵۆزداین، له‌به‌رده‌م حاڵه‌تێکی زۆره‌ملێیت و که‌سێکی وه‌ک خه‌زنه‌ مه‌یلی نییه‌ له‌و کرداره‌ و ملکچی باره‌که‌یه‌ چونکو له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌وانی تره‌، ئه‌وجا وه‌ره‌ که‌سه‌که‌ شێتیش بێت. ئه‌م به‌ ڕه‌هایی ده‌سه‌ڵاتی نییه، وه‌لێ خه‌زنه‌ که‌ ئازاد ده‌کرێت، هه‌ر له‌ ترسی ئه‌و دۆخه‌ی که‌ تێدا بوو و بۆ چاککردنه‌وه‌ی بڕیار ده‌دات ئه‌ویش ببێته‌ بازرگان.  

 

Previous
Next