Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
ئه‌ودیو سنور مه‌رگی كڵاشینكۆف

ئه‌ودیو سنور مه‌رگی كڵاشینكۆف

Closed
دواجار مخائیل كڵاشینكۆف داهێنه‌ری چه‌كی كڵاشینكۆف له‌ ته‌مه‌نی نه‌وه‌د و چوار ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. مردنی كڵاشینكۆف له‌ ڕوخساردا مردنی پیاوێكی ئاسایی بوو به‌ڵام مردنی ئه‌م داهێنه‌ره‌ جیهانیه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌كردنه‌.
بێگومان داهێنه‌ری كلاشینكۆف له‌ سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دایه‌، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی نه‌هامه‌تی گه‌وره‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا. ئه‌گه‌ر كاره‌ساته‌ سروشتیه‌كانی وه‌ك تاعون و برسێتی و بومه‌له‌رزه‌ و لافاوه‌كان مه‌رگی ده‌سته‌جه‌معیان بۆ مرۆڤایه‌تی خوڵقاندبێت، ئه‌وا له‌سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا و دروستكردنی جۆره‌ها چه‌كی جۆراوجۆر بۆ كوشتنی زۆرترین كه‌س، ده‌ستی ئینسانی تێدا بووه‌ و داهێنانی كڵاشینكۆفیش داهێنانی پارچه‌ ئاسنێكه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا. 
داهێنانی كڵاشینكۆف زۆر گه‌وره‌ نیه‌ و له‌ پێش ئه‌م جۆره‌ چه‌كه‌شه‌وه‌ چه‌كی تر هه‌بووه‌. ته‌نها ئه‌وه‌ی كڵاشینكۆف دایهێناوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانیت به‌ ئاسانترین شێوه‌ زۆرترین جه‌سته‌ سارد بكه‌یته‌وه‌. به‌مانایه‌كی تر دروستكردنی كڵاشینكۆف بریتیه‌ له‌ دروستكردنی چه‌كێك كه‌ بتوانێت كاتی خۆت له‌ میلهێنانه‌وه‌ و كوشتنی تاكتاكی مرۆڤه‌كان سه‌رف نه‌كه‌یت، به‌ڵكو به‌م چه‌كه‌ ده‌توانیت به‌ ئاسانترین و ته‌نها به‌ جوڵاندنی په‌نجه‌یه‌ك له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زۆرترین كه‌س گولله‌باران بكه‌یت.
من نازانم كێ شمشێری داهێنا، خه‌نجه‌ر بۆ یه‌كه‌مجار كێ بوو دایوه‌شاند؟ تیرو كه‌وان كێ بوو سه‌ره‌تا كردیه‌ شان؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانم كڵاشینكۆف له‌م چه‌كه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ گرنگتر نیه‌. تفه‌نگ به‌گشتی وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ره‌تایی داهێنراوێكه‌ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌ی جه‌سته‌یی ئه‌وی تر. واته‌ تفه‌نگ به‌ هه‌موو كه‌سه‌ته‌كانیه‌وه‌ داهێنراوی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رده‌می دڵره‌قییه‌. 
هه‌موو ئاینه‌كان  پێویستیان به‌ تفه‌نگ هه‌بوو، هه‌موو ئایدۆلۆژیاكان تفه‌نگ كۆمه‌كی ده‌ركردن. به‌ڵام دواجار مرۆڤایه‌تی زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی ئه‌م داهێنراوه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌. مرۆڤ چه‌كی دروست كرد بۆ به‌رگریكردن له‌خۆی، هه‌رخۆی چه‌كی دروستكرد بۆ كوشتنی هاوڕه‌گه‌زی خۆی. لێره‌وه‌ پارادۆكسێك ده‌بینرێت، هه‌م هێرشبه‌ر و هه‌م به‌رگریكه‌ر پێویستی به‌ تفه‌نگه‌. ئه‌مه‌ بۆ سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵادانی چه‌مكی ناسیۆنالیزیمیش هه‌ر ڕاسته‌. داگیركه‌رانی گه‌لان چه‌ك به‌كار ده‌هێنن و به‌رگریكاری گه‌لان و شۆڕشگێڕه‌كانیش پێویستیان به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كه‌ بۆ به‌رگری كه‌ له‌ تفه‌نگ زیاتر چیتر نیه‌.
مخائیل كڵاشینكۆف له‌و به‌ره‌به‌یانه‌ی كه‌ ئه‌م چه‌كه‌ی داهێنا، دروست ده‌یویست قوتبی ڕۆژهه‌ڵات، به‌جۆرێكی تر به‌رگری له‌ خۆی بكات و ئه‌و به‌رگرییه‌ش به‌ داهێنراوێكی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بێت. بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین جه‌سته‌ی به‌رامبه‌ر سارد بكرێـته‌وه‌، پێویست به‌ جۆرێكی نوێ له‌ تفه‌نگ ده‌كات كه‌ به‌ ئیسراحه‌ت بتوانیت به‌ مرۆڤ به‌ جوڵه‌ی په‌لاپیتكه‌ و په‌نجه‌كان بمرێت.
مرۆڤ عه‌قڵ ته‌نها بۆ داهێنراوه‌ جوانه‌كان به‌كار ناهێنێت. ئه‌گه‌ر هه‌موو كۆك بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تاكه‌ ئاژه‌ڵێكی عاقڵ كه‌ سه‌رزه‌وی توشی نه‌هامه‌تی گه‌وره‌ كردووه‌ مرۆڤه‌، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین داهێنانی چه‌ك له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ له‌و داهێنانه‌ خراپانه‌یه‌ به‌ڵای گه‌وره‌ی بۆ مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌. داهێنانی چه‌ك سه‌رباری ئه‌وه‌ی بۆ زۆرێك له‌ گه‌لانی دنیا و بۆ زۆرێك له‌ تاكه‌كانی سه‌ر زه‌وی ئامێرێك بووه‌ بۆ به‌رگری، سه‌رباری ئه‌وه‌ش زۆرینه‌ی نه‌یار، زلهێزه‌كان و داگیركه‌رانی سه‌ده‌كانی ڕابردوو به‌ ئاسانترین شێوه‌ وه‌ده‌ستیان كه‌وتووه‌ و زۆرترین مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانیان پێ ڕه‌شه‌كوژ و جینۆساید كردووه‌. سه‌ده‌ی بیست سه‌ده‌یه‌كه‌ مرۆڤایه‌تی زۆرترین و ڕووداوی شه‌رمهێنی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان كاره‌ساتی سروشتی نه‌بوون به‌ڵكو بریتی بوون له‌ جه‌نگه‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك شه‌ڕی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی و شه‌ڕی ڤێتنام و شه‌ڕه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ له‌ دنیای عه‌ره‌ب و جیهاندا و كیمیاباران و ئه‌نفالی كورد و ده‌یانی تر، پێمان ده‌ڵێت تفه‌نگ نه‌هامه‌تی گه‌وره‌ی بۆ مرۆڤایه‌تی هێناوه‌ و له‌ سه‌رده‌مێكه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مێك و له‌ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكێكه‌وه‌ بۆ موماره‌سه‌كردنی ئه‌و چه‌مكه‌ پێویست به‌ كوشتنی زۆرترین مرۆڤ كراوه‌.
كڵاشینكۆف له‌م سه‌رده‌مه‌ ئاڵۆزه‌دا داهێنانێك به‌ناوی خۆیه‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌. داهێنانێكی ناشرین كه‌ له‌ ئێستادا كڵاشینكۆف به‌ربڵاوترین و دیارترین جۆری چه‌كه‌ كه‌ جه‌نگی زۆر گه‌وره‌ی بینیبێـت و جه‌سته‌ی زۆرینه‌ی ئینسانه‌كانی سارد كردبێته‌وه‌.
كڵاشینكۆف داهێنانی كرد به‌ڵام چۆن داهێنانێك؟ له‌ ئێستادا گوێبستی ده‌نگێك ده‌بین، هه‌واڵی كوشتنێك بێت، كڵاشینكۆفمان بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌. كڵاشینكۆف ئه‌و داهێنه‌ره‌ی له‌ شه‌ڕدا بیرمان ده‌كه‌وێته‌وه‌.
عه‌زیز ڕه‌ئووف
Previous
Next