پۆرترێتی به‌كر ده‌روێش
چیرۆكنووس، توێژه‌ر، وه‌رگێڕ، رۆژنامه‌وان
كێشی: 79kg باڵای: 160cm
ساڵانێكی فره‌یه ئه‌ز و ئه‌و، ئاوه‌ڵ و دۆستی یه‌كدین. په‌یوه‌ندی مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو و له ڕێگه‌ی نووسینه‌وه چێ بوو. ماوه‌یه‌كی زۆر به‌نووسین دژایه‌تی یه‌كدیمان كرد. ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه و نڤیسینی زۆر توندیشمان هه‌مبه‌ر یه‌ك وه‌شاند، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كدیمان دی بێت، یاخود ئاشنای یه‌كدی بووبێتین. به‌بیرم دێت كاوێك له ڕه‌خنه‌یه‌كدا ئه‌وی نووسیبووی (حه‌مه‌سه‌عید زه‌نگنه له‌پاڵ دیوارێدا نووستووه، نیوه‌ی جه‌سته‌ی له سێبه‌ره و، نیوه‌كه‌ی دی خۆر لێی ده‌دا) منیش بۆم نووسی بوو (وریابه! ئالیكی به‌ر سێبه‌ر، له له‌وه‌ڕی به‌هارت نه‌كا) ئه‌مانه و، ده‌یه‌ها وش و ڕستی توندی دی، كه‌چی كه له كۆڕێك له گوڵشه‌نی سه‌ر كۆڕنیشی شاری كه‌ركووك یه‌كدیمان دیت و، ئامێزمان لێكدی نا، ئه‌و وێكگه‌یشتنه وا چه‌ندین ساڵی به‌ڕێ كرد، جارێ گوڕ توان و و تینی خۆی ماوه و، ئێمه له ڕێز و خۆشه‌ویستی زێتر له نێوانمان، لۆ ساتێك و بارته‌قای ڕووبه‌ری سه‌ره ده‌رزییه‌ك گرژی و ئاڵۆزی و ئاریشه ده میانه‌مان دروست نه‌بووه، له‌و مێژووه به پاشه‌وه‌ش هاموشۆ و سه‌ردانی یه‌كدیمان كردووه و، به‌رده‌وام سۆراخی یه‌كدیمان پرسیوه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و ده‌مانه‌ش وا له‌سه‌ر یه‌كدیمان ده‌نووسی بووغز و ڕك و كینه له نێوانمان چێ نه‌بوو، ڤێجا نه‌مانهێشتووه كه‌سێك كای كۆن وه‌با بكا و، درزێك له مابه‌ینماندا بهێنێته چێ بوون.
ئه‌وی زۆرتر له نۆزده ساڵان كاری پارێزه‌ری كردووه‌و، شه‌ش جارانیش بۆ دادوه‌ری داوای پێشكێش كردووه، دوو جاران له به‌غدا و چوار جارانیش له هه‌ولێر، لێ له هیچ كامێكیاندا به‌رسڤی پۆزه‌تیڤ و ئه‌رێنی وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه . سه‌ره‌ڕای پیشه‌ی پارێزه‌ری له چه‌ند ڕۆژنامه و كۆوارێكیشدا په‌یامنێرو ده‌سته‌ی نووسه‌ران بووه، له‌وانه: باسه‌ڕه و ئاوه‌سپی و نێوشه‌فه‌ق. ئێستاكانێش فه‌رمانبه‌ره له خورماتوو.
به‌كر ده‌روێش كه ناوی ته‌واوی به‌كر عوسمان ده‌روێشه، له پرسیارێكدا پێمگوت:
_ ئه‌دی لۆ عوسمانه‌كه په‌ڕیوه؟ گۆت:
_ هه‌رسێ نێوه‌كه عه‌ره‌بی بوون! وتم! ئه‌گه‌ره‌كو عوسمانه‌كه ده‌ربێنم وێچێ ده‌روێشه‌كه كه‌مۆكه‌یه‌ك به‌رامه‌ی كوردی بدات.
ساڵی (1967) له ئاوایی گه‌رمك له‌دایك ده‌بێت و، هه‌ر له‌و گونده‌ش له قوتابخانه‌ی (شروق) ده‌خرێته به‌ر خوێندن، تا سێی به‌رایی كۆتا ده‌كا، ئه‌وان هه‌ر له‌و دێیه‌ی خۆیان ده‌بن. پاشتر ساڵی (1977) به ماڵه‌وه بۆ شارۆكه‌ی خورماتوو ده‌گوێزنه‌وه و، له‌وێنده‌ر سێ قۆناغه‌كه‌ی خوێندن واته: سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی به‌كۆتا دێنێ و، له كۆلێژی یاسا له شاری به‌غدا وه‌رده‌گیرێ، ساڵانی 1991 – 1992 ته‌واوی ده‌كا. له پرسیارێكمدا كه ئه‌وی له چ ساڵێكدا ئاشنای خوێندنه‌وه‌و، نووسین ده‌بێت؟! ده‌روێش ده‌وه‌شێ:
_ شه‌شی به‌رایی بووم! ساڵانی 1981 – 1982 مه‌راق و حه‌زی خوێندنه‌وه له‌كه‌له‌ی دام و خوو و وه‌لفه‌تم پێوه گرت، دوای چوار ساڵانیش ده‌ستم به هۆنراوه نووسین كرد، لێ شیعرم هه‌ر لۆخۆم ده‌نووسی و، هزرم له بڵاوكردنه‌وه‌ی ناكرده‌وه، تا ساڵی (1993) نووسینێكم به‌عه‌ره‌بی په‌خشكرده‌وه، دواتر له ساڵی (1994) چیرۆكێكم به‌ناوی خوازراوی (ڕه‌وف یاسین) له ڕۆژنامه‌ی عێراق هاته وه‌شاندن! ڕۆژێك چیرۆكنووس (ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل)م بینی و له چیرۆكه‌كه‌م ئاگه‌دار كرده‌وه‌و، ئه‌ویش زۆر ئامۆژگاری كردم و، دنه‌ی دام كه زیاتر بخوێنمه‌وه، كه چیرۆكێكیش ده‌نووسم با به‌ناوی خۆمه‌وه بڵاوی بكه‌مه‌وه، منیش له‌و ده‌مه‌وه كه‌وتمه چیرۆكنووسین و تا نووكه (9) كتێبم هه‌ن، دوویان عه‌ره‌بین و حه‌وتیان به كوردین، كوردییه‌ل پێنجی كۆچیرۆكن و، یه‌كێكی چه‌ند تێكستێكی ئه‌ده‌بین. ئه‌وی دییان توێژینه‌وه‌یه و، عه‌ره‌بییه‌كانیش یه‌كێكیان كۆچیرۆكه‌و ئه‌وی دییان، دیوانه شیعرێكی دڵشاد عه‌بدوڵڵایه.
ساڵی (1999) وێڕای كچه‌ك به‌نێوی (هێرۆ)، كه دووی ناوه‌ندی ته‌واو كردووه هاوسه‌رگیری ده‌كاو، زه‌واجه‌كه‌شیان له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی خۆشه‌ویستییه‌وه سه‌رده‌گرێ. به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ش كوڕێك و سێ كه‌نیشكن. سه‌راب له‌دایكبووی (2000) و شه‌شی به‌رایی، هێڤی (2002) پێنجی سه‌ره‌تایی، هه‌ناسه (2008) جارێ ئایله‌و، (دیار) یش! یه‌شتان ساوایه.گوتم:
_ هه‌ڵبه‌ستت بۆ هێرۆ نووسیوه؟ گوتی:
_ زۆریش! به‌ڵام نوای زه‌واج. گوتم:
_ هۆزانت لۆ دوێته‌یه‌كی تر نووسیوه؟ گۆت:
_ به‌دی! كوتم:
_ پێش ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیریی بكه‌یت خۆشه‌ویستیت كردووه؟ گۆت:
_ ئه‌رێ. كوتم:
_ دوای زه‌واج په‌یوه‌ندی سۆزداریت بووه؟ واتی:
_ نه‌خێر. گوتم:
_ ئه‌گه‌ره‌كو كیژه‌ك داوای په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیت لێ بكات ئاماده‌ی؟ پێكه‌نی و واتش:
_ مرۆ به‌بێ خۆشه‌ویستی هه‌ڵناكا. گوتم:
_ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه بۆ ئه‌و ده‌می! هێرۆت تیا خواست، ئایا جارێكی تر هێرۆ ده‌خوازیته‌وه؟ وت:
_ نا! كوتم:
_ لۆ؟ وت:
_ پێویسته مرۆڤ چون هه‌ڵۆ ئازاد بێ، به‌دووی گوته‌كه‌یدا نه‌چووم! تا له مه‌به‌ستی بگه‌م. كوتم:
_ ئه‌گه‌ر ژنه‌كه‌ت بمرێ، به‌ر له‌وه‌ی گوته‌كه‌م ته‌واو بكه‌م وات:
_ نا هه‌رگیز خێزان چێ ناكه‌مه‌وه. گوتم:
_ بۆ؟ وات:
_ له‌م وڵاته‌دا بڕوام به هاوسه‌رگیری نه‌ماوه، چونكه نا كاریی مافی خۆی بده‌یتێ.
كه‌یفی به دار و دره‌خت و شینایییه‌و، دڵی پێده‌كرێته‌وه. وازی به فڕنده و مه‌ل و په‌له‌وه‌ره، زۆرتر ئاره‌زوو و هیوایه‌تی كۆتره و ده‌یگوت:
_ له‌م ڕۆژانه‌دا مژوولی ته‌لبه‌ندێكی زۆر مه‌زنم بۆ كه‌مۆتر.
هه‌می ڕه‌نگه‌كان به‌لای وییه‌وه چون یه‌كن و، ڕه‌نگێكی تایبه‌ت نینه، زۆرتر له‌وانی دی سه‌رنجی ڕاكێشێ! تا هه‌نووكه نازانێ بورجه‌كه‌ی چییه‌و، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ری لێ ده‌رناچێت! هه‌ر بڕواشی پێ نییه. چاو له زنجیره دراما توركی و كۆرییه‌كان ناكاو، ته‌نیا له ته‌له‌فزیۆنه‌كان سه‌یرو گوێ له هه‌واڵه‌كان ده‌گرێ. به‌ڵام بۆ پرسی فیلم گوتی:
_ له ڕاستیدا زۆرم حه‌ز به فیلمی شه‌ڕ و ڕۆمانسییه!
وه‌رزش ده‌كا، لێ دنه‌ده‌ری هیچ یانه‌یه‌ك و، به هیچ یاریچییه‌ك سه‌رسام نییه. ده‌نگی ناسازه، لێ حه‌زی به ده‌نگی حوسێن عه‌لی و سه‌ڵاح داوده و حه‌سه‌ن زیره‌ك و له‌مانه‌ش زیاتر سترانی هه‌ڵپه‌ڕكێیه! وه‌كو: عه‌زیز وه‌یسی و له‌و فۆرمه، ده‌شیگوت:
_ به‌رده‌وام چه‌ند كاسێتێكی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ ده‌نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌مدایه!
جلكی كوردی ده‌پۆشێ و، ده‌یه‌گوت:
_ له خورماتوو هه‌میشه به به‌رگی كوردییه‌وه‌م و، شه‌ش حه‌وت ده‌سته جلكی كوردیم هه‌س.
ئه‌وی ئه‌ز بزانم! پێشان بیروباوه‌ڕێكی چه‌پی بووه‌و، هه‌نووكه مرۆیه‌كی نه‌ته‌وه‌یییه‌و، به ئالی وییه‌وه پۆشاك بایه‌خ وگرنگی خۆی هه‌ن و ده‌یه‌گوت:
_ گوزارشت له كه‌سێتی مه‌ردم ده‌كا.
یارمه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌ی له كاره‌كانی نێو ماڵدا ده‌كا، به‌لانه‌كینێ ئه‌وه‌شی گوت:
_ ته‌نیا ده‌زانم هێلكه و ڕۆن چێ بكه‌م.
خۆشترین خواردنیش به‌لایه‌وه ترخێنه و برنجه:
_زۆر جاران دایكم له ماڵه‌وه چێشتی ترخێنه لێده‌نێ گازم ده‌كات.
دووكه‌ڵكێش نییه، مه‌ی له بۆنه‌كاندا ده‌خواته‌وه كتێبدانی هه‌یه و پتر له (500) كتێبی هه‌ن. حه‌زی به گه‌شت و گوزار هه‌یه و، سه‌فه‌ری میسر و ئۆردن و توركیای كردووه‌و، زمانه‌یلی: كوردی و عه‌ره‌بی به خوێندنه‌وه و نووسین به‌ڵه‌ده‌و، پیچه‌كیش توركمانی و ئینگلیزی ده‌ئاخڤێ. فه‌یسبووكی هه‌یه‌و زۆر جاران بابه‌ته ڕۆژنامه‌وانی وكورته چیرۆكه‌كانی تێدا ده‌وه‌شێنی. شۆفێری ده‌زانێ و باری دارایی نۆرماڵه. فورمێكی هه‌موار و ته‌كووز و دوو چاوی كه‌سكی هه‌ن، تاڵ تاڵ له پرچ و ڕدێنی چه‌رمگ بووه و، شه‌نگه له ئاكار و ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتدا! شیرینه له قسه و ئاخاوتن و گفتوگۆدا. 2012