Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024
شەرەف و شەرەفمەندی …. ئەرسەلان مەحمود

شەرەف و شەرەفمەندی …. ئەرسەلان مەحمود

Closed
by December 29, 2013 گشتی

 

 

 

 

شەرەف چییە؟، مرۆڤ بۆ دەبێ‌ بەردەوام بوونەوەرێكی تەواو شەرەفدار بێت؟، دەی باشە شەرەف ئەگەر لەهەر تاكێكدا هەبوونی ئەوەندە دەبێ‌ هەبێت، ماناو بەهاكەی لێرەوە تا ئەوێ‌، لەوێووە تا ئەولاو ئەمانە بۆ دەبێ‌ ئەوەندە خۆگۆڕو ئەوەندە ناجێگرو هەڵگری دەیەها ئەوەندەیش لەعیباراتی جیاوازی بێت؟..

 رەنگە وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، قسەی زۆرو جیاوازیش هەڵبگرێت، لێرەدا بەنۆرەی خۆم، هەوڵئەدەم، پوختەیەك لەدیدی خۆم بخەمە بەر دیدەتان، زۆریش هیوادارم نووسەران و شارەزایانی بواری جێندەرو توێژەرانی كۆمەڵایەتی، شرۆڤەو ڕۆشنایی بابەتیانەتری پەیوەست بەم باسە، پێشكەشبكەن.

 شەرەف لەدیدی مندا، وەك چەمك، وەك مانا، وەك بەها، لەناو كۆمەڵگە داخراوەكاندا، جگە لەوەی بیانووێكە بۆ چەوساندنەوەی رەگەزی، داپۆشینی كیماسییەكی دەرونی و ئاكاری خودیشە لەپیاودا، ئەگەر نا شەرەف هەردەم لەنێوان بەرژەوەندی و ئەركدارێتیدا، ئامادەیی بەرپێنەبڕاوی خۆی هەیە، ڕاستە هەمیشە ئەرك دەتوانێ‌ سنورەكانی بەرژەوەندی تێبپەڕێنێت، بەڵام وەها تێپەڕاندنێك مانای كاڵكردنەوەی ئەو پەیوەندییە ناگەیەنێت، چونكە هەر یەك لەئەرك و بەرژەوەندی پەیوەندییەك دەیانگەیەنێتەوە یەك و دواجاریش دەیانبەستێتەوە بەشەرەفەوە، بەنمونە:

  بهێنە پێشچاوی خۆت” مرۆڤێك ژیانی خۆی لەپێناو ڕزگاركردنی مرۆڤێكی دیكەدا، دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام دواجار لەبری ڕزگاركردنی، یانی لەبری ئەوەی ئامانجەكەی بپێكێت، ئەوی بەخنكاوی دەریهێناوەتە دەرەوە لەڕوبارەكەدا “..

 ئەوەی لەم نمونە ڕوداوەدا، بەها دەبەخشێتە قوربانیدەرەكە، بەر لەپێكانی ئامانجەكە، دروست خۆبەختكردنی قوربانیدەرەكەیە، وەها خۆبەختكردنێكیش، بەر لەهەر شتێك شانازییە، شانازیش، لەپوختەترین پێناسەدا، شەرەفە، وەها شەرەفێكیش، لەبنەمادا تێپەڕاندنی هزری خودپەسەندانەو، بەرژەوەندیگەراییە، چونكە ئەمە لەبنەمادا ئەرك نەبووە بۆی.

 شەرەف، وەك هەر شتێك لەشتە داهێنراوەكانی مرۆڤ، هەر چەند بەپێوەری پلەو پایەو پێگەی خۆی لەسەر ئاستە جیاكاندا دەزانێ‌ و بەكاری دەبات بۆ بەرز نرخاندن و بەرز ڕاگرتنی بەها لەدەرەوەو لەناوەوەی خۆیدا، بەڵام لەبەر هەبوونی جیاوازی لەڕوانگەو لەكولتورو لەفەرهەنگدا، لەواقیعدا جێگر نییەو هەر كۆمەڵگەیەك جۆرە پێوەرێكی تایبەت بەخۆی هەیە، ڕەنگە ئەوەی بەلای كۆمەڵگەی خۆرهەڵاتییەوە مایەی شەرفمەندی بێت، لەكۆمەڵگەی خۆرئاواییدا، بكەوێتە خانەی ئەوپەڕی بێشەرەفییەوە، هەروەك ئەوەی بەپێچەوانەیشەوە هەر هەمان تشتە، بەڵام دیسانەوە ئەوە مانای ئەوە نییە، چجۆرە تێگەیشتنێكی هاوبەش و سەرتاسەریش سەبارەت بەشەرەف و شەرفمەندی، لەئارادا نەبێت، بەنمونە:

 ئاڵا، لەوسەر بۆ هەتا ئەوسەری كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بەشەرەف ئەژمار دەكرێت، خۆ بەختكردن لەپێناوی نەتەوەو لەپێناو نیشتیماندا، پارێزگاریكردن لەئازادی و سەربەخۆیی وڵات و گەلدا، یان قوربانیدان لەپێناو هێنانە ئاراوەی ئازادی و سەربەخۆییدا، یان بەدەستهێنانی نمرەی بەرزو بڕوانامەی بەرز جا لەهەر بوارێكدا بێت، لەهەر وڵاتێكدا، لەپێوەرە هەرە بەرزەكانی شەرەفن.

بەڵام هەبوونی دیموكراسییەت و هەبوونی سیستەمێكی خۆشگونجاو، پێڕۆكردنی یاساو دەستەبەر بوونی ئازادییەكانی تاك، وەك ئەوەی بەلای خۆرئاواییەكانەوە شەرەفە، شەرت نییە بەلای خۆرهەڵاتی یا تەواوی گەلانی تری دنیاوە شەرەف بێت، بەنمونە:

لەوڵاتانی پێشكەوتوودا، رێزگرتن لەكارێكی داهێنەرانە، جا لەهەر بوارێكدابێ‌ و ئیزافەیەك بخاتە سەر هەبوونی بوون لەو وڵاتەدا، یا رێزگرتن لەهەر شاكارێكی مەزن جا لەهەر بوارێكدابێ‌ و سودی هەبێت، ئەوە مەخلوقە داهێنەرەكە لەهەر ڕەگەزێك بێت، لەهەر ڕەنگێك بێت، بەهەر زمانێك بدوێ‌ و بەهەر زمانێك بنووسێت، داهێنانەكەی بەپلەی بەرزی شەرەف دەنرخێنرێت و خەڵاتیش دەكرێت.

بەڵام ئەمە لەوڵاتانی تەنانەت تازە پێشكەوتووشدا، وانییە، شەرەف لەكۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا، بەجۆرێكی دی تەحریف و تەعریف دەكرێت، یانی شەرفمەندی تەنانەت لەڕەگەزێكەوە بۆ ڕەگەزێكی دی، لەخێزانەوە بۆ جومگەیەكی كۆمەڵایەتی دی، گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەوەی پیاوێك شەرەفمەند دەكات، شەرت نییە، هەمان ئەو تشتە ژنێك شەرفمەند بكات، ئەوەی لەخێزانێكدا بەشەرەفمەندی ئەژمار دەكرێت، مەرجنییە لەجومگەیەكی تری كۆمەڵایەتیدا، وەها ئەژمار بكرێت، لەهەندێ‌ كۆمەڵگەدا پیاو شەرەفی ڕەگەزی بەرامبەریش بەموڵك و ماڵە نەبڕاوەكەی خۆی دەزانێت، جگە لەوەیش، ڕەگەزی مێینە، تەنانەت چەندە بێدەنگ و چەندە ملكەچ و چەندەیش لەشداپۆشراو بێت هەر ئەوەندە شەرفمەندەو هەر ئەوەندەیش شەرەفی پارێزراوە، بەڵام لەبنەمادا، وەها ڕوانگەیەك، پێچەوانە بەپێوەرە بنچینییەكانی شەرەفە، چونكە شەرەف، بەخشراوێك نییە ئەزەلیبێت، بەڵكوو ئەوە كۆشش و هەوڵەكانی مرۆڤە، شەرەف بەمانا دەكات لەخۆیدا، شەرەفمەندی شتێك نییە بەبڕیارو ڕاسپاردەی ئەم و ئەوێكی باوك یا خاوەنشكۆو ڕێسا لۆكاڵییەكان بپێورێت و بگۆڕدرێت، هەروەك ئەوەی چۆن كۆیلایەتی ناتوانێ‌ ببێتە جێگرەوەی ئازادی، درۆ وێژی ناتوانێ‌ ببێتە جێگرەوەی ڕاست بێژی، یا چۆن جەهالەت ناتوانی ببێتە ئەلتەرناتیڤی زانست و زانیاری، ئا ئاوهایش بەشەرەفی ڕەگەزێك ناتوانێ‌ ببێتە مایەی ڕاستكردنەوەو هاوسەنگكردنەوەی بێشەرەفی ڕەگەزەكەی دی.

لێرەدا، نامەوێ‌ زۆر دوربكەومەوە لەباس، بەڵام وابزانم دەرفەتێكە گونجاو تا تیایدا پرسیار بكەم،” پیاوێك تەواوی ئەندامەكانی مێینە بەشەرەفی خۆی بزانێ‌ شەرەفمەندییە؟، یان لەبەرامبەر هەر شتێكدا مێینەیەك وەك هاوسەر یان شتیتر بكڕێ‌ و بفرۆشێت؟ “، ئەمە لەدنیایی ئێستادا، جێگەی خەنینەوەیەو مایەی گاڵتەپێكردنە، ئەوەندەی زانیاریم هەبێ‌ ئێستا پەردە دورینەوەی مێینە لەكۆمەڵگە جیاوازەكاندا، یانی بەكۆمەڵگە داخراوەكانیشەوە، بووە بەشتێكی ئاسایی، یانی سەرەڕایی دورینەوەی لەلایەن پزیشكانەوە، لەوەیش بەولاوە وڵاتانی خاوەن پیشەسازی ئێستا كارێكیانكردووە تەنانەت بەبێ‌ پزیشكیش دەتواندرێت پەردەی مێینە دابندرێتەوە، بەشەرەفتان شەرەفێك بەمانای شەرفمەندی شەرەف بێت، پێنەو پەڕۆكردنی دەشێت؟، وڵامەكەی ئەگەر بەئەرێ‌ بێت، دڵنیابن ئەمڕۆش نەبێ‌، سبەی هەر دەچێت ..

دەی گریمان وەك ئەوەی لەوڵاتانی دواكەوتودا باوە، ژن شەرەفە، ئەی كوشتنەكەی لەسەر بێ‌ شەەفی چییەو دەچێتە چخانەو مانایەكەوە؟، ئایا ئەمە پینەو پەڕۆ دورینەوەی شەرەفی بكوژو خانەوەدەی قوربانیكراوەكەوەیە، یان ڕاگەیاندنی ئەوپەڕی بێ‌ شەرەفی بكوژو خانەوادەی قوربانیكراوەكە؟، لەڕاستیدا وەها كاردانەوەیەك خودایش ڕازیناكات، خودا مرۆڤەكانی سەربەست و سەر پشككردوەو، بەبێ‌ ویستی خۆیان نایانباتە بەهەشت دۆزەخەكەی خۆیەوە.

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.