باسێكی مهیدانی/ شیكاریی لهسهر كار و چالاكییهكانی یهكێتیی نووسهرانی كورد ..4
بهرگرینامه
بەشی چوارەم
پرسەگێڕان و چلە و ماتەمینی
بێگومان پرسەگێڕان و چلە و ماتەمینی بریتین لە كۆمەڵێك چالاكیی كۆمەڵایەتی و وەك ئەركێكی مرۆڤانە و ئایینییانە تەماشا دەكرێن، تەنانەت ئەم پرۆسانە چوونەتە خانەی نەریتی كۆمەڵایەتییەوە و لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی دیكە، كەموزۆر گۆڕانكارییان بە سەر دا دێت. پرسەگێڕان و چلە و ماتەمینی لە وڵاتی ئێمەدا، تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە كەش و ڕێوڕەسمی دیاریكراودا بە ڕێوە دەچن، ئەم چالاكییە كۆمەڵایەتییەیش چ وەك ئەركێكی ئەخلاقی و ئینسانی، یان وەك ئەركێكی ئایینی و چ وەك نەریتێكیش پێویست بە قسەلەسەركردن و هەڵسەنگاندن و ڕەخنەلێگرتن دەكات، ئەویش لە پێناو گۆڕانكاریی لە بەجێهێنانی دا و بە هێزكردنی ڕەهەندیی سەبووری و چاندنەوە و ژیاندنەوەی ڕۆحی چاكەكاری و ژیاندۆستیی كۆچكردوو لە جەستەی زیندواندا، ئەی دەبێت كێ، كاری قسەلەسەركردن و هەڵسەنگاندن و ڕەخنەگرتن لە ئەستۆ بگرێت، لەو چالاكییە كۆمەڵایەتییەی بە پرسەگێڕان و چلە و ماتەمینی ناسراوە؟ وەڵامەكە دیارە بە پلەی یەكەم ئەو بوونەوەرەیە كە پێی دەوترێت نووسەر. نووسەر، كە دەبێت ڕەخنە لە لایەنی بارگرانیی و تەقلیدیەت و ڕەهەندە خراپەكانی ئەم پرۆسەیە بگرێت و لە جیاتی چالاكییەكی ڕۆتینی و ئاسایی و وەڕسكەر، وا بكات پرۆسەكە جۆرێك لە هۆشیاریی مردن و ژیان بە مرۆڤ بدا و وزەی ڕۆحیی بۆ خۆشەویستی و بەتەنگەوەهاتن، لە نێوان مرۆڤدا گەرموگوڕ و چالاكتر بكاتەوە، سەبارەت بە نووسەرە كۆچكردوەكانیش هەوڵ بدات لە ڕێگەی پرۆسەكانی پرسەگێڕان و چلە و ماتەمینییەوە هەنگاو بنێت بۆ ژیاندنەوەی ئەو جیهانبینییەی لە ژیانی واقیعیی ئەو نووسەرەدا مردبوو، وا بكات بیركردنەوە و ڕۆڵی نووسەری كۆچكردوو، لە ناوەندی ڕۆشنبیریدا بە ڕاستی و بە پێگەیەكی كاریگەرەوە بژی، كەچی بە داخەوە ئەم كاری پرسەگێڕان و چلە و ماتەمینییەی یەكێتیی نووسەران و زۆر ناوەندی تر خستوویانەتە لیستی كار و چالاكییەكانیانەوە، هیچ یەك لەم ئامانجانە ناپێكێت و لە پرۆسەیەكی تەقلیدی و دووبارەكردنەوەی هەمان شتی ناو كۆمەڵگا زیاتر نیین. ئەوەی نووسەران دەبوو ڕەخنەی لێ بگرن و ئاراستە و كاریگەرییەكانی بجوڵێنن، كەچی نەك هەر نەیان كردوە، بگرە یەكێتیی نووسەران و هەندێ لایەن و ناوەندی ڕۆشنبیریی تر، ئەو پرۆسەیەیان بە هەمان ئەو خەوشانەی ناو كۆمەڵگاوە دووبارە كردۆتەوە و لە بری هۆشیاریی لەسەر ژیان و مردن، هەمان ڕەوتی ئایدیۆلۆژیی ئایینییان لەم پرۆسەیەدا ئامادە كردۆتەوە، لە بری گەرمكردنەوەی ڕۆحی خۆشەویستیی نێوان مرۆڤ و ژیاندۆستی، برەویان بە ڕۆحی ساردوسڕی نەریتخوازی و تەقلیدیەت داوە و بەو هۆیەیشەوە نووسەری كۆچكردوویان نەك هەر بە جەستە، بەڵكو بە تەواوی بیركردنەوە و داهێنان و جیهانبینییەكانییەوە بە گۆڕ سپاردوە.
كارا فاتیح