Skip to Content

Friday, April 19th, 2024

كوشتن بووەتە گەمەی منداران !

Closed
by January 1, 2014 گشتی

 

 

 

كاتێك كە دیمەنەكانی جەنگی نێوخۆیی عێراق [ڕژێم بەرامبەر بزاڤی چەكداری كوردان] و جەنگی دەرەكی عیراق- ئێران و جەنگی نێوخۆی ھەرێمی كوردستان بوونە بەشێك لە وتووێژی سەر خوان و نێو كۆڕی شەوان، زۆر جار گوێمان لەم گوتەیە دەبوو “كوشتن بووەتە گەمەی منداران …! ” .

پەیامی ئەم گوتەیە، ئەوە نەبوو، كە كوشتن گەمەی ڕەوای گەورانە و كارێكی پەسەندە، نا و نەخێر، مەبەست ئەوە بوو، كە كوشتن لە ژیانی ڕۆژانەماندا وەك ” گەمەی منداران ” ئاساییبووەتەوە و كەس ھەراسانناكات و خەممان لە ڕوودانی نییە !

ئەم گوتەیە لە كاتی خۆیدا بەھەندوەرنەگیرا، چونكە قسەكەرانی ئەو ڕۆژگارە خۆیان قەسابانی ئەو كوشتارگایانەبوون، كە كوشتنیان كردبووە گەمەی منداران و ھەر بە نیشاندانی دیمەنەكانی كوشتاری بەرەكانی جەنگ و پێداھەڵدان و پیرۆزكردنی كوشتن لە ڕادیۆكانی شاخەوە، خەریكی ڕەوایەتیدانبوون پێی؛ كوشتنی شۆڕشگێڕانە، كوشتن لەپێناو نیشتمان، كوشتن لەپێناو نەتەوە، كوشتن لەپێناو ھەموو ئەو شتانەی كە تاكی ژێردەست خاوەن و دارایاننەبوو، ھەر وەك ئەم ڕۆژە، كە چۆن دەڵاڵانی بازار و ڕیكلاگەران بۆ ئێمەی دیاریدەكەن، كامە گەمە و سەرگەرمی بۆ منداڵەكانمان بكڕین و كامە گەمەی مرۆڤكوژی توانا و داھێنان و كەسایەتی منداڵەكانمان باشتر پەروەردەدەكات !

بەڵام ھەنووكە پاش نزیكەی بیست ساڵێك، ئیدی ھیچ پێویست بە پێداھەڵدان و پیرۆزكردنی نەماوە، چونكە ھەر بەڕاستی بووەتە “گەمەی منداران” ! گەمەیەك كە ھەموومان بە شانازی و لەخۆبوردووییەوە دەیكڕین و پێشكەش بە ئازیزترین كەسەكانی خۆمانی دەكەین و فێری كوشتنی ئاژەڵ و مرۆڤ و شكان و بڕینەوەی درەختانیان دەكەین  !

ئیدی ھیچ پێویست بە فەرمانی دەوڵەت و كوتەكی “سەرۆكی قوماندە” و جادووی میدیا و بڵندگۆی كنسێت و كلیسا و مزگەوت ناگات، یا باوەڕمانپێبھێنن، كە كوشتن پیرۆزە، چونكە ھەموومان بووینەتە باشترین شاگردانی فێرگەی مرۆڤكوژی و بە شانازییەوە بە توانای منداڵەكانماندا ھەڵدەدەین، كە چۆن لە گەمەی گێمبۆی و ئیكس بۆكس و پلەیستەیشن و ئایپاد و تابلەیت و مۆبایل و كۆمپیوتەردا بوونەتە باشترن گەمەكەری بكوژی ئاژەڵ و مرۆڤ و ھەرچی ھەیە و نییە لە بوونەوەران  !

چیدی كوشتن كارێكی نامۆڕاڵی و نامرۆیی نییە، نا بە پێچەوانەوە، ئیدی بەشێكە لە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی بە واتای پێكەوەژیان و ھاریكاری و ھەرەوەزی و ھاوپشتی كۆمەڵایەتی نییە و نایێت، چونكە ساوا و زارۆكانمان بە كوشتنی خوشك و برا و ھاوەڵەكانی لە گەمە ھەردەمییەكاندا گۆشدەكەین و بە بینینی فیلمە جەنگییەكان سەرگەرمیاندەكەین؛ چیدی نە ئەوان منداڵن و نە ئێمەش ئاوەزدار، ھەموومان پێكڵڕا كڕیاری نادەربەست و بكوژین  !

ھەر بۆیە لە ھەرا و واوەیلای ھەموواندا دژی كوشتن، واقوڕماو پێكەنین و گریان لە قورگمدا پەنگدەخواتەوە؛ ھەمووان دژی كوشتنین و ھەموومان لە ماڵی خۆماندا خەریكی پەروەردەكردنی مرۆكوژ و ئاژەڵكوژ و ژینگەتێكدەرەكانی داھاتووین  !

ھەژێن

٣٠ی دێسەمبەری ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.