رشته‌ی مرواری و مت و مۆری زمانی كوردی
سه‌ره‌تا:
عه‌لائه‌دینی سه‌جادی بۆ من ناوێكی گه‌وره‌یه ، سه‌ره‌ڕای تێبینیم له كاتی پیاچونه‌وه به‌كاره‌كانیدا به‌تایبه‌ت ” مێژوی ئه‌ده‌بی كوردی” ، به‌ڵام ئه‌و مامۆستا ئاینیه، رۆشنبیره هه‌مه كاره ده‌كرێت به فه‌رهه‌نگێكی پوخت و خاوێنی زوانی كوردی بزانرێت، فه‌رهه‌نگێك كه هه‌میشه چێژ‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه .
سه‌جادی له ژیانی خۆیدا گه‌لێك به‌رهه‌می ناوازه‌ی بۆ ئێمه به جێهێشتوه، كه له‌ناویاندا رشته‌ی مرواری یه‌كێك له ناسراوترین به‌رهه‌مه‌كانێتی ، ئه‌و په‌ڕاوه‌ی له ژیانی خۆیدا هه‌شت دانهبهرگی لێچاپ كرد، هه‌شت به‌رگی پڕ له قسه‌ی خۆش سهربوردهو نوكته‌و چیرۆكگه‌لی كوردهواری كه به زمانێكی زۆر كوردیانه نوسراون و خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌یان بێزار نابێت .
ئه‌و هه‌شت به‌رگه وه‌ك مت و مۆری كوردهواری وان و ره‌ونه‌ق و جوانی خۆیان هه‌یه ، له‌ناویاندا ده‌ست بۆ زۆر پرس‌و بابه‌ت براوه كه‌من ده‌مه‌وێت له‌م كورته باسه‌دا هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكه‌م ، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه ئه‌م مت و مۆریه كورده‌واریانه له‌لایه‌ن بابایهكهوه كۆكراوه‌ته‌وه كه مامۆستایه‌كی ئاینی ناسراو بوهولهیهكهم ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكاری ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی ساڵی 1974دا وه‌ك راگری گشتی كار‌و باری ئاینی ئه‌و ناوچه‌یه دیاری كراوه.
ههشتبهرگی رشته‌ی مرواری له‌دوای مه‌رگی مامۆستاوه چه‌ند جارێك پێكه‌وه چاپكراوهتهوهو كه‌وتوه‌ته بازاڕه‌وه، یه‌كه‌مین به‌رگی رشته له ساڵی 1953 نوسراوه،به‌ڵام له سه‌ره‌تای 1957 چاپكراوه ، له پێشه‌كی ئهویانهدا عه‌لادینی سه‌جادی ده‌ڵێت: ” هیچ ئامانجێكم نیه ته‌نیا پاراستنی زمانی كوردی نه‌بێت” ، پێشتریش نوسیویه‌تی ئه‌م كاره‌ی بۆ پاراستنی زمانی كوردی كردوه ، چونكه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه تا كۆتای سه‌ده‌ی بیست، زمانی كوردی له بیر بچێته‌وه‌و نه‌مێنێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مناڵی كورد غه‌یره كوردی ده‌خوێنن.
ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه كه بێپه‌رده‌ی نوسینه‌كانی ره‌نگه توشی گێچه‌ڵی بكه‌ن بۆیه ئه‌ڵێت “منیش هه‌قیان ئه‌ده‌مێ” چونكه سه‌ره‌تایه‌و دواتر سوچێك له ئه‌ده‌بی كوردی پڕده‌كاته‌وه.
چی له رشته‌ی مرواریدا هه‌یه ؟
له‌رشته‌ی مرواریدا كه له خورجهی كوردهواری یان هه‌نبانه ده‌چێت هه‌موو شتێك هه‌یه ، لێ به مۆركی كوردهواری ، له‌و خورجهیهدا، كه هه‌ر به‌رگه به‌سه‌ر چه‌ندین ناونیشاندا دابه‌شكراوه سه‌دان په‌ندو ئامۆژگاری و روداوی خۆش و ناخۆش و قسه‌ی نه‌سته‌ق هه‌ن ، به‌رگه‌كان به‌م جۆره به‌سه‌ر ناونیشانه‌كاندا دابه‌شكراون:
به‌رگی یه‌كه‌م بریتیه له‌م ناونیشانانه:
یه‌كه‌م: قسه‌ی نه‌سته‌ق
دوه‌م : تافگه‌ی ئێلاخ
سێیه‌م: گه‌نجی دره‌خشان
چواره‌م: شه‌كراوی ده‌ماخ
پێنجه‌م : هه‌ندێك له داستانه‌كانی ژن
شه‌شه‌م : وه‌ڵامی بێ وه‌ڵام
به‌رگه‌كانی تریش چه‌ندین ناونیشانی جیاجیایان تیایه، كه‌هه‌ندێ جار ناونیشانه‌كان دووباره ده‌بنه‌وه بۆ نمومه ناونیشانه‌كانی ” شه‌كراوی ده‌ماخ ، تاڤگه‌ی ئێلاخ ” و هی تر نانیشانهكانی به‌رگه‌كانی “2، 3، 4″ بریتین له ” به‌رگی دوه‌م : له باخێ گوڵێك ، قسه‌ی به توێكڵ، شه‌كراوی ده‌ماخ، هه‌ندێك له قاره‌مانی ژن، قسه‌ی ته‌نك، به‌رگی سێ : كورد ئه‌ڵێ ، شه‌كراوی ده‌ماخ ، گه‌نجی دره‌خشان ، لافاوی سلێمانی ، رشته‌ی مرواری ، زۆر دوور، به‌رگی چواره‌م: تاڤگه‌ی ئێلاخ ، په‌ندی پیران ، قسه‌ی نه‌سته‌ق ، شه‌كراوی ده‌ماخ ، تاقیكراوه‌كانی كوردی”
ئه‌م هه‌شت به‌رگه‌ی رشته‌ی مرواری پڕن له زانیاری دانسقه‌و ناوی كه‌سایه‌تی و شوێن و وڵات و هۆزو بنه‌ماڵه‌ی كوردهواری بۆنمونه ته‌نیا له به‌شی قسه‌ی نه‌سته‌قی به‌رگی یه‌كه‌مدا ، ئه‌م زانیاریانه هه‌ن:
ناوی شوێن و شار : 11 جار ناویان هاتوه
ناوی كه‌سایه‌تی : 37 جار
ناوی نه‌ته‌وه‌ی جیا جیا : 6 جار
ناوی هۆزو عه‌شره‌ت : 11 جار
ناوی ناوچه‌و شاخ : 8 جار
ئه‌وه جگه له چه‌ندین روداوی دیرۆكی و زانیاری به‌سود كه شیوای خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنن.
ده‌كرێ له رشته‌ی مرواریدا له‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌ت بوه‌ستین و قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ین ، ئه‌م به‌رگانه وه‌ك عادات و رسومهتنامهی كوردی باسی زۆر له هه‌ست و كه‌وت و داب و نه‌ریتی ناوچه جیاجیاكانی كوردهواری ده‌كات ، عادات و رسوماتنامهی كوری مه‌لا مه‌حمودی بایه‌زیدی ، من بۆ خۆم له‌سه‌ر ئه‌م چه‌ند خاڵه ده‌وه‌ستم :
یه‌كه‌م: رشته‌ی مرواری و بیر‌و بیركردنه‌وه‌ی كوردی
دوه‌م : رشته‌ی مرواری و كه‌سێتی كورد
سێیه‌م : رشته‌ی مرواری و زمانی كوردی
سه‌باره‌ت بیری كوردی و بیركردنه‌وه‌ی كوردزۆر نمونه‌و بابه‌ت هه‌ن ، كورد چۆن سه‌یری دیارده‌و شته‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌كات خوێندنه‌وه‌ی چیه بۆیان ، چۆن ده‌ڕوانێته عیشق ، چۆن ده‌ڕوانێته جنس هه‌موو ئه‌مانه ده‌كرێت له نوكته یان روداوێكی كورت یان قسه‌یه‌كی نه‌سته‌قدا بدۆزینه‌وه، له رشته‌ی مرواریدا مرۆڤ به ئاسانی ده‌توانێت بیر‌و بیركردنه‌وه‌ی كوردی بخوێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌ربڕینانه‌وه كه هه‌ن ، سه‌باره‌ت به خودا ، به ئاین ، به سروشت به ژن ، به خوێنه‌واری و تا دوای ده‌یان نمونه هه‌ن ئه‌مه‌مان بۆ رونده‌كه‌نه‌وه، بۆ نمونه سه‌باره‌ت به خوێنه‌واری ، كاتێك بابایه‌كی نه‌خوێنه‌وار ده‌ڵێت ” كتێبه‌كان هه‌موو ده‌ڵێن خاس بكه‌و خه‌راپه مه‌كه”
له به‌رگی سێیه‌مدا و له به‌شی ” كورد ئه‌ڵێ” ده‌یان نمونه‌ی له‌سه‌ر بیر‌و بۆچونی كورد هێناوه‌ته‌وه، كه هه‌ندێكیان راسته ره‌نگه به ئه‌زمون تاقیكرابنهوه به‌ڵام له نوكته ده‌چن بۆ نمونه” ئه‌ڵێن مناڵ به كۆرپه‌ی نینۆكی بكرێت ، دز ده‌رئه‌چێت، یان ئه‌ڵێن به شه‌و گه‌سك دان خه‌راپه، یاخود ئه‌ڵێن كراسی سور كچ زوو گه‌وره ئه‌كات” نمونه‌گه‌لی له‌م بابه‌ته زۆرن كه‌من نه‌مویست درێژه‌یان پێبده‌م .
سه‌باره‌ت كه‌سێتی كوردیش وه‌ك هه‌ست و كه‌وت ، مامه‌ڵه له گه‌ڵ ئافره‌ت ، ئازایه‌تی و ترسنۆكی ، راستگۆیی و درۆزنی ، ده‌سپاكی و ده‌ستپیسی ، میواندۆستی ، عیزه‌تی نه‌فس و رووپارمایی هتد زۆر نمونه‌و وێنه‌ی جیاجیامان نیشان ده‌دات .
له باری زمانیشدا رشته‌ی مرواری وه‌ك فه‌رهه‌نگی كوردی ده‌چێت لیپه له وشه‌و زاراوه‌ی كوردی كۆن و نوێ هه‌رئه‌و شێوه زمان و داڕشتنه جوانه مرۆڤ ناچاری خوێندنه‌وه‌ی ده‌كات ئه‌و هه‌ندێ جار له زاری خه‌ڵكه‌وه وشه‌ی زۆر جوانیش دروست ده‌كات بۆ نمونه بۆ فه‌یله‌سوف ده‌نوسێ ” فره زان ” له زاری گه‌نجێكه‌وه.
له رشته‌ی مرواریدا هه‌ر نوكته‌و قسه‌ی خۆش و نه‌سته‌ق و چیرۆك و ئه‌وانه نیه هه‌ندێ جار راپۆرته هه‌واڵ و هه‌واڵیش هه‌ن ، بۆنمونه له لاپه‌ڕه 313 به دورو درێژی راپۆرته هه‌واڵێكی تا بڵێی پڕ وانیاری له باره‌ی لافاوه‌كه‌ی سلێمانیه‌وه نوسراوه، بۆوێنه ده‌نوسێت ” رۆژ رۆژی هه‌ینی و 18 ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 1957 و 28ی سه‌رماوه‌زی 2657 ی كوردی بوو، سه‌رله‌به‌یانی هه‌تاو رۆژێكی خۆش بوو، ئومێدی له خۆشی به‌ولاوه هیچ شتێكی تر نه‌ئه‌كرا، هه‌تا كه‌وته پاش نیوه‌ڕۆ و پاش عه‌سر ، سه‌عات بووبه پێنجی پاش نیوه‌ڕۆ، له لای شیمال و شیمالی رۆژئاواوه هه‌وره چڵكێك په‌یدا بوو ، زۆر به‌تیژی به‌ره‌و ئاسمانی ناوشاره‌كه‌و بناری شاخی گۆیژهوهدایكردو كردی به ره‌هێڵه”ته‌نیا له‌م بهشهكورتهی راپۆرته هه‌واڵه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك زانیاری وردمان ئه‌داتێ ، كه من جگه له‌م به‌ته‌نێ لام وایه له‌لای مێژوو نوس عه‌بدولره‌زاق حه‌سنی ئه‌وه‌م بینیوه، له‌م به‌شه‌دا رۆژو مانگ و ساڵ بار‌و دۆخی سه‌رله‌به‌یانی سه‌عاتی ده‌ستپێكردنی ره‌هێڵه‌ی بارانه‌كه شوێنی هاتنی په‌ڵه هه‌وره‌كه هه‌مووی به‌وردی نوسیوه، كۆی ره‌گه‌زه كانی هه‌واڵی تیایه ، “كه‌ی ، چۆن ، له‌كوێ ، بۆ ، به‌چی ” باسی ئه‌وه ده‌كات كه بارانه‌كه 45 خوله‌كی خایاندوه، ده‌ڵێت هه‌ر چوار تنۆك باران پیاڵه‌یه‌كی چایان پڕ ده‌كرد ، ده‌نوسێ ته‌رزه له هێلكه كه‌وێكه‌وه تا هێلكه‌ی مریشكێك گه‌وره بوو.
باسی وردی كاره‌ساته‌كه ده‌كات ده‌نوسێ كه باران ته‌واو بوو ” لافاو وه‌ك شێری برسی په‌لاماری ناو شاری دا”ئیدی گه‌ڕه‌ك به‌گه‌ڕه‌ك باسی شاڵاوی لافاوه‌كه ده‌كات له مهڵكهنیهوه بۆ سه‌راو ناوبازاڕو له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌سحابه سپی و بۆ قه‌یسه‌ری نه‌قیب و قه‌یسه‌ری وه‌سمان پاشا‌و بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی سه‌رشه‌قام و شێخه‌باس و هتد.
باسی زۆری و بێ‌ژماری ته‌رزه‌كه ئه‌كات باسی ئه‌وه ئه‌كات دوای چل و دوو رۆژ ته‌رزه له هه‌ندێ شوێن دۆزراوه‌ته‌وه، باسی ناسۆری كاره‌ساته‌كه ده‌كات و ده‌ڵێت” ده‌سته ده‌سته خه‌ڵك ئه‌چون بۆ ناشتنی مردووی ئه‌م كاره‌ساته له گردی سه‌یوان، گۆڕ هه‌ڵكه‌نه‌كان فریای ئه‌وه نه ئه‌كه‌وتن بێنه‌وه بۆ ناو شار” دواتر زانیاری ترمان ئه‌داتێ بۆ نمونه لافاو 35 كه‌س ئه‌كاته قوربانی كه‌زۆربه‌یان مناڵن، 47 خان‌و ئه‌ڕوخێنێ ، 76 خانوی تر وا تێك و پێك ئه‌دا كه ناچار به روخاندن بكرێن، ته‌نانه‌ت به پاره‌ش زه‌ره‌رو زیانه‌كان ده‌خه‌مڵێنێ ، باسی هاوكاری و هیمه‌ت و هاوخه‌می ناوه‌وه‌ی وڵات و ده‌ره‌وه‌و ده‌رو دراوسێ ده‌كات .
باسی هه‌شت لیژنه ده‌كات كه بۆ به تهنگهوهچونی ئه‌و كاره‌ساته دروستكرابوون، جگه له زانیاری وردی تر دواتر باس له مه‌ینه‌تیه كانی سلێمانی ده‌كات له رۆژی دروستبونیه‌وه تا لافاوه‌كه،
رشته‌ی مرواری نه‌ك هه‌ر زانیای و وته‌ی به‌نرخی زۆر تیایه بابه‌تێكی دیكه كه زۆر جار ره‌نگه توێژه‌رو ئه‌كادیمست و خوێندكارانی زانكۆ سودی لێببینن، ناسینی كهسایهتیهكانه له‌رێگه‌ی قسه‌كانیانه‌وه، بۆ نمونه ده‌توانی ده‌یان قسه‌و وته‌ی شێخ ره‌زای شاعیر لێره بدۆزیته‌وه جا خۆی كردویه‌تی یان به‌ناوی ئه‌وه‌وه كراوه، یاخود قسه دیده‌كانی سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قا و تا دوای .
رشته‌ی مرواری كه‌من وه‌ك مت و مۆری كوردهواری ناوم بردوه رۆڵێكی گه‌وره له شیرین كردنی زمانی كوردی لای خوێنه‌ری كورد ده‌گێڕێت، چونكه بابهتهكان كورت و به چێژن و هه‌موو كه‌س زه‌وقیان لێده‌بینێ ئه‌وه جگه له‌وه‌ی به زمانی گشته خه‌ڵك نوسراون ، یان لانی كه‌م زۆربه‌ی شێوه زاره‌كانی كوردهواری تیا كۆكراوه‌ته‌وه، هه‌ندێ جاریش مه‌لاكان بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌واری خۆیان نیشانی خه‌ڵكی هه‌ژاری كوردهواری بده‌ن ، به زمانی عه‌ره‌بی قسه‌یان كردوه جا عه‌ره‌بیه‌كه باشه یان خه‌راپ ، ئه‌گه‌ر چی هه‌موو جار واده‌رده‌كه‌وێت سه‌جادی تانه‌ی له‌و بابه‌ته دابێت ، بۆیه له بنه‌ڕه‌تا رشته‌ی مرواری بۆ به‌رز راگرتنی زمانی كوردی نوسیوه، هه‌ر ئه‌و كورتی و پوختیهش وای كردوه به‌رگ دوای به‌رگ پێشوازی گه‌وره‌ی لێبكرێت ، گه‌رچی ئه‌و له سه‌ره‌تاوه به ترسه‌وه ده‌ستی داوه‌ته چاپكردنی به‌رگی یه‌كه‌م، ئه‌وه‌تا له پێشه‌كی به‌رگی یه‌كه‌مدا ده‌نوسێ ” ئه‌زانم سه‌ره‌تا له‌وانه‌یه زۆر كه‌سم لێ بكه‌وێته ته‌قه‌وه” بۆ خۆیشی بۆ ئه‌وه ئه‌ڵێت ” منیش هه‌قیان ئه‌ده‌مێ ” ئه‌مه هه‌م ترسه‌و هه‌م پاكانه بۆ خۆكردن ، چونكه زانیویه‌تی ره‌نگه كۆلكه مه‌لاو خه‌ڵكی دیكه په‌لاماری خۆی و نوسینه‌كه‌ی بده‌ن ، لێ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه روویداوه .
كه‌چی له سه‌ره‌تای به‌رگی دوه‌مدا ده‌نوسێ ” ره‌نگبێ تا ئێسته كه‌م كتێبی كوردی به‌و جۆره له‌به‌ر ده‌ستی خوێنه‌وارو خێزانی ماڵا په‌ڕه په‌ڕه كرابێتهوهبۆ خوێندنه‌وه، هه‌ر ئه‌م باوه‌ش گرتنه‌ی ئه‌وان بوو كه بوو به هۆی هانههان دانی من بۆ ئه‌وه به زووترین وه‌خت به‌رگی دووهه‌میش له ژێر چاپ بێته ده‌ره‌وه”
رشته‌ی مرواری به‌رگی هه‌شته‌می له كۆتای ساڵی 1982 پێشه‌كی بۆ نوسراوه ، سه‌جادی له‌وێدا به‌كورتی ده‌ڵێت داخوا له‌و كاته‌وه چه‌ندین دۆست و هاوڕێ جێیان هێشتبین .
له رشته‌ی مرواریدا زۆر بابه‌ت سه‌رنجت راده‌كێشن و كه‌مه‌ند كێشت ده‌كه‌ن بۆ خۆیان من له زۆر شوێن هه‌ڵوه‌سته‌م كردوه ئه‌وه‌ش وای كردوه كه ته‌نانه‌ت نوسینه‌كه‌ی منیش وه‌ك چێشتی مجێوری لێبێت و وه‌ك خوێندنه‌وه یان توێژینه‌وه‌یه‌كی بابه‌تی ده‌رنه‌كه‌وێت ، ره‌نگه بۆ خۆیشم هه‌ر ئه‌وه‌م مه‌به‌ست بووبێت ، هیوادارم به‌دوای ئه‌م ده‌رگا كردنه‌وه‌یه‌ی مندا ده‌رگای لێكۆڵینه‌وه له‌م كتێبه دانسقه‌یه بخرێته سه‌ر گازی پشت، وه‌ك وتم له رشته‌دا له سه‌ر بیری كورد ، كه‌سێتی كورد ، زمانی كوردی ده‌كرێت هه‌ڵوه‌سته بكرێت ، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كه زۆر بابه‌ت و هه‌واڵی سه‌رنج راكێش و ده‌گمه‌نیش ده‌بینین، هه‌واڵێك كه موچوڕكهی به له‌شی مندا هێناو تاس بردمیه‌وه له كاتی خوێندنه‌وه‌یدا ، دوا بینینی نێوان سه‌جادی و مه‌لیكی كوردستانه، كه به‌م جۆره‌ی خواره‌وه باسی كردوه:
” ساڵی 1958 رۆژی 10ی 8 ی ئه‌و ساڵه بوو، من له مزگه‌وته شڕه‌كه‌م بووم له به‌غدا ، ده‌مه‌ده‌می نیوه‌ڕۆ بوو، ده‌وره‌ی مزگه‌وته‌كه پڕ بوو له خه‌ڵك، ئه‌وه‌نده‌م زانی شێخ مه‌حمودی حه‌فید به پێپیلكهكانا سه‌ركه‌وت سه‌ری كرده ژووره‌كه‌ی منا ، ئه‌و شێخ مه‌حموده كه وه‌ختی خۆی ئه‌ت ووت شێره ، لاواز‌و باریك بووبوو، هه‌ر ئه‌و نه‌خۆشیه‌ی بوو كه له‌و ساڵه‌دا به‌هۆیه‌وه كۆچی دوای كرد.
هه‌ر من و ئه‌و بووین له ژوره‌كه‌دا، حه‌وشه‌و ده‌وری مزگه‌وت پڕ بوبوو له خه‌ڵك، چونكه شێخ مه‌حمود هاتوه‌ته ئه‌وێ و ئه‌یانه‌وێ چاویان پێبكه‌وێ.
ورده ورده ده‌ستی كرد به قسه‌كردن و به ده‌رده دڵ كردن، فرمێسك به‌سه‌ر گۆناكانیا هاته خواره‌وه وتی: زابتهكان و زۆر تر له‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵما بوون ، هه‌موو خیانه‌تیان له گه‌ڵ كردم، فرمێسكیش به‌سه‌ر گۆنایا هه‌ر دێته خواره‌وه، له گه‌رمه‌ی ئه‌و قسه كردنهیا ئه‌وه‌نده‌م زانی له گه‌ڵ ئه‌و بێهێزیهشیا هه‌ستاو ناوچه‌وانی ماچ كردم و ووتی : رۆڵه هومێدم به كه‌س نه‌ماوه به تۆ نه‌بێ ، وتم: یا شێخ ! ئه‌وه چی ئه‌فه‌رمووی ؟ من چیم ، چ كه‌سم ، چ پشت و عهشرهتێكم هه‌یه؟ وتی : رۆڵه تۆ قه‌ڵه‌مت به ده‌سته‌وه‌یه، قه‌ڵه‌م له شیر به بڕشت تره، ئه‌مه‌ی وت و هه‌ستا ، وتم : یاشێخ وه‌ختی نوێژ هاتوه نوێژ ناكه‌ی لێره ؟ وتی : به‌رێ وه‌ڵڵا ، ئیتر چوینه خواره‌وه نوێژمان كرد‌و ئه‌و رۆیشت، به‌ڵام له‌به‌ر زۆری خه‌ڵك كه بۆ چاو پێكهووتنی شێخ مه‌حموو هاتبوون، زۆر به زه‌حمه‌ت ده‌رباز بوو.”
له‌م بابه‌ته‌دا كه له شێوه‌ی هه‌واڵ دایڕشتوه، چه‌ند زانیاریه‌كی وردمان بۆ باس ده‌كات ، له‌وانه:
یه‌كه‌م: ئه‌و ئه‌فسه‌رو پله داره كوردانه‌ی به ڵێنیان به مه‌لیكی كوردستان داوه هاوكاری بكه‌ن درۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و پشتی تێده‌كه‌ن.
دووه‌م: له‌و كۆتای ته‌مه‌نه‌شدا كه خه‌ڵك ده‌زانن مه‌لیكی كوردستان له به‌غدایه و له مزگه‌وته‌كه‌ی سه‌جادیه هه‌موو ده‌چن بۆ بینینی ، به راده‌یه‌ك كاتی ده‌وێت تا له ده‌ستیان رزگاری بێت.
سێیه‌م : كاریگه‌ری نه‌خۆشیه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود له‌سه‌ری و لاواز بوونی ، ئه‌گه‌ر چی له‌وه‌شدا هێشتا باس له ده‌ست و بردی شێخ مه‌حمود ده‌كات.
چواره‌م: بڕوای شێخ مه‌حمود به خوێنه‌واری و نوسین و رۆشنبیری ، به‌وه‌ی به سه‌جادی ده‌ڵێت ئه‌توو قه‌ڵه‌مت هه‌یه، حاجی قادری كۆی ده‌ڵێت :
به شیر‌و خامه ده‌وڵه‌ت پایه داره
ئه‌من خامه‌م هه‌یه‌و شیر نادیاره
كه‌واته ئه‌وه‌ی كه عه‌لادینی سه‌جادی له‌و چه‌ند دێڕه‌دا بۆی باس كردوین هه‌ر هه‌واڵی چونی شێخ مه‌حمود نیه بۆ مزگه‌وته‌كه‌ی ئه‌وو هیچی تر، ئه‌وه دیسان هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سێتی كورده كه له‌و دیداره كه‌مه‌شدا مه‌لیك گله‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌كات كه پشتیان تێكردوه‌و راستیان له‌گه‌ڵ نه‌وتوه.
بڕیار بوو ئه‌م بابه‌ته بدرێته یاده‌كه‌ی سه‌جادی كه نوسه‌رانی سلێمانی سازیان كرد ، به‌ڵام به هۆیه‌كی نادیار له بیر كرا ، له‌وێ
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج