بۆ ساڵی 2014.. تا ساڵ ده‌ڕوا ئێمه و ته‌مه‌نیشمان بچووكتر ده‌بینه‌وه
هه‌ر رۆژه و رۆژێكی تر ده‌خوا و هه‌ر مانگه مانگێكی تر ده‌نێژێ و هه‌ر ساڵه ساڵێكی تر ده‌سڕێته‌وه، ئێمه‌ش تادێ بچووكتر و بچووكتر ده‌بینه‌وه.
مه‌رج نییه هه‌میشه هاوكێشه نه‌ریتییه‌كه‌ی { تا زیاتر به ته‌مه‌ندا بچین عه‌قڵمان گه‌وره‌تر و ره‌فتارمان پێشكه‌وتوانه تر ده‌بێ} راست ده‌رچێت.
به ته‌مه‌نداچوون به بێ ئه‌زموونكردنی بوونی خۆمان چ وه‌ك (تاك) و چ وه‌ك (كۆ) به بێ دۆزینه‌وه‌ی مانا بۆ سات به ساتی ژیانمان ، به بێ ناسینی خودی خۆمان، وه‌ك هه‌ین، یه‌كسانه به به‌سه‌رچوونی زه‌مه‌ن به سه‌ر ته‌مه‌نی هه‌ر گیانله‌به‌رێكی دیكه جگه له مرۆڤ.
ته‌مه‌ن ته‌نها به مووه‌كانی جه‌سته‌مان و به لۆچ و خاڵه‌كانی پێستمان و به كوڕبوونهوهی له‌ش و لارمانهوه ده‌پێورێت، ئه‌مه له كاتێكدا تا به عه‌قڵ گه‌وره‌تر بین مانای ئه‌وه‌یه به‌هێزترین و هه‌میشه‌ش به‌هێزیی له نیشانه سه‌ره‌كییه‌كانی لاوێتی و گه‌نجییه.
به‌رێكردنی یه‌ك له دوا یه‌كی ساڵه‌كان له هزری چالاكی تاكێكدا كه هه‌ست ده‌كات خۆیه‌تی، بوونی خۆی ده‌ناسێ و له نێو خۆیه‌وه رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی بۆ ده‌ره‌وه ده‌كێشێ، هه‌میشه بینینێكی تازه و دیدگایه‌كی تازه بۆ ژیان ده‌كاته‌وه و به عه‌قڵێكی ده‌وڵه‌مه‌ندتر له دنیا ده‌ڕوانێ و تا دێ به هۆش و هزر نوێتر و گه‌نجتر ده‌بێته‌وه.
من هه‌میشه وتوومه عه‌قڵی ئێمه تا ئێستا وه‌ك ئوتوموبیلی كیلۆمه‌تر سفر وایه و تاكه هه‌نگاوێكی جیددی نه‌هاوێشتوه، تا ئه‌م ساته‌شی له‌گه‌ڵدا بێ پێناچێ ئه‌م عه‌قڵه بكه‌وێته رێ ،چوون له خۆیه‌وه ناجوولێ و له نێو خۆیه‌وه سه‌یری ده‌ره‌وه‌ی خۆی ناكا و له ناسینی خۆیه‌وه بۆ كه‌شفكردنی جیهان نابزوێ.
چه‌نده په‌رۆشم بۆ ئه‌و ساتانه‌ی له درێژه‌ی مێژووی ئێمه‌دا به ههدهرچوون و نه‌كرا به جووڵه‌ی خۆمان رایانگرین و ئێمه پێشیان كه‌وینه‌وه، هه‌روه‌ك باشلا‌ر ده‌ڵێ: زه‌مه‌نی ئێمه له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نی جیهان ناڕوات و له دواوه‌یه‌تی و هه‌ر بۆیه‌ش زه‌مه‌ن لامان به ئه‌به‌دی و نه‌مر بووه و ئێمه‌ش تا دێ ونتر و نیگه‌رانتر ده‌بین.
كه‌ی هاوكێشهكهی باشلا‌ر پێچه‌وانه بووه‌وه و زه‌مه‌نی من خێراتر له زه‌مه‌نی جیهان جووڵا، ئه‌وا ژیان به‌راستی به رووماندا پێده‌كه‌نێ و هه‌میشه‌ش هه‌ست به راحه‌تی و فه‌ره‌حنایی ده‌كه‌ین.
من هه‌رگیز ره‌شبین نه‌بووم ئه‌وه‌ی وایكرد به‌م چاوه سه‌یری خۆمان و دنیای خۆمان و ژیانمان بكه‌م تا دێ بچووكتر بوونه‌وه‌ی عه‌قڵی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و كولتووریی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه و هیچ یه‌ك له بكه‌رانی نێو ئه‌م فه‌زایانه خۆیان به به‌رپرسی دۆزینه‌وه‌ی روانگه‌یه‌كی تر بۆ ژیان نازانن و بیر له دۆزینه‌وه‌ی دیدگایه‌كی دیكه بۆ به یه‌كه‌وه هه‌ڵكردن ناكه‌نه‌وه.
له سیاسه‌تدا تا ئێستا به‌ش بهشێنێی حزب و گروپه‌كانه و ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردن وه‌ك كرده‌یه‌كی دیموكراسی كه خه‌ڵكه ساویلكهكهمان به شووره‌وه ئه‌نجامی دا له فه‌رهه‌نگی سیاسیاندا خه‌ریكه مانایه‌كی نامێنێ و هه‌ن ده‌یانه‌وێ كورده‌واریانه له سوڵحی عه‌شایه‌ریدا!! مانه‌وه‌ی خۆیان بسه‌لمێننه‌وه!!.
له هزری كۆمهڵایهتیشماندا تا دێ ئایدزی له‌گه‌ڵ رۆیشتن و لاساییكردنه‌وه و به فیڕۆدان جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ماندووتر ده‌كا و له ئاسۆدا هیچ ته‌رزه داهێنانێكی كوردانه بۆ سه‌ر له‌نوێ خۆ نمایشكردنهوهمان به دی ناكرێت.
له رووی ئاینیشه‌وه له جیاتی كاركردن بۆ تادێ خۆ گونجاندان له‌گه‌ڵ پێشهات و ده‌ركه‌وته‌كان و بووژاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه رۆحیهكانمان و بوون له ئاستی ئاین به مانا وجودیهكهی، بینینی ئاینیمان به ئاراسته‌ی دیكه‌دا چوون و له وێشه‌وه خۆلهبهرگرتن و لهبهرداهێنان بووه‌ته پێوه‌ری دینداری و وه‌ڵامدانه‌وه بۆ ئاسمان.
له رووی كولتووری و جووله‌ی فه‌رهه‌نگیشه‌وه ئه‌وه نه سه‌ری دیاره و نه بن و فه‌رهه‌نگستانی وڵاته‌كه‌مان بووه‌ته { یادی ئه‌وه‌نده ساڵه‌ی له دایكبوون و مردن و چله‌ی ماته‌مینی فڵان و فڵان و كۆنسێرتی فڵان ده‌نگبێژ و رێزلێنان له فیسار گۆرانیبێژ و فیسار هونه‌رمه‌ند و ناوه‌ناوه‌ش چاپكردنی حیكایه‌ت و شیعرۆكه و ….تاد}
هه‌میشه فیكتۆر فرانكل ئه‌وه‌ی فێركردووم كه له چڕترین نائومێدیدا ترووسكاییه‌ك بۆ ئومێد بهێڵمه‌وه چوون له‌وانه‌یه له ساته‌وه‌ختێكدا ده‌ركه‌وێت، خۆ ئه‌و له نێو مردن و سرووتی مرداندندا بڕیاریدا بژی و سه‌ره‌نجام ژیا و ئه‌ڵمانیا بووه‌وه به‌و زه‌به‌لاحه‌ی ئێستا به به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه دیاره.
ئومێده‌وارم له ناكاو هۆشمان بێته‌وه به‌ر و بۆ ژیان پێبكه‌نین و بۆ رابردووشمان ناوه ناوه بگرین. ساڵی تازه‌ی 2014 ش له هه‌موو كوردستان و مرۆڤستان پیرۆز.