مۆتیڤی جه‌سته وه‌کوو دالێکی سیمۆلۆژی
هه‌موو به‌رهه‌مێکی شیعریی به بڕوای من ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی یه‌ک مۆتیڤی سه‌ره‌کیی و یه‌ک فه‌زای سه‌ره‌کییدا کاری کرد، شیعرگه‌لێکی هونه‌ریی ده‌رده‌چن. به‌هۆی ئه‌مه‌وه شاعیر ده‌توانێت شێوه فه‌زایه‌کی شیعریی بخولقێنێ و له‌گه‌ڵیشدا ورده فه‌زا و مۆتیڤی دیکه‌ی پێوه‌ست به‌و مۆتیڤ و فه‌زا سه‌ره‌کییه کاریان له‌باره‌وه بکات. ناکرێ ئه‌مه وه‌کوو ڕێسایه‌ک بۆ نووسینی شیعر ته‌ماشا بکرێت، به‌ڵام به بڕوای من ئه‌گه‌ر له شیعردا به‌و شێوه‌یه کارکرا، کاره‌که وێنه‌ی شیعریی و شیعریتر ده‌رده‌که‌وێت. جه‌سته وه‌کوو مۆتیڤێک، که‌م شاعیر هه‌یه بۆ شیعر سوودی لێوه‌رنه‌گرتبێ. له شیعری کوردی‌دا زیاتر شاعیره پیاوه‌کان هه‌ر له کلاسیکه‌وه تاکوو ئێستا ئه‌م مۆتیڤه‌یان له شیعردا مه‌زراندووه. قلقله شاعیری ژن وه‌کوو مۆتیڤێکی ئیرۆتیکی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ جه‌سته له شیعردا کردووه.
جه‌سته وه‌کوو چه‌مکێک، هه‌موو کایه‌کانی مه‌عریفه قسه‌یان له‌باره‌یه‌وه هه‌بووه. فکر، ئایین، ده‌روونناسی، سۆسیۆلۆژیا…تاد. ململانێی نێوان فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیاڵ و مه‌تڕیاڵ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر چه‌مکی جه‌سته‌وه هه‌بووه. بۆ نموونه سوکرات، ئه‌فلاتوون ئه‌مانه فه‌یله‌سووفانێکی ئایدیاڵیین، ئه‌مانه زێتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جیهانی مێتافیزیک ده‌که‌ن. ڕووحیش چه‌مکێکه سه‌ر به‌و جیهانه. هه‌رچی ئه‌رستۆیه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جیهانێکی ماتڕیاڵ ده‌کات. جه‌سته وه‌کوو چه‌مکێک ده‌چێته ئه‌و خانه‌یه‌وه. ده‌موێ بڵێم چۆن له فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌م دوو جیهانه‌مان هه‌س، بوونی مرۆڤیش بۆ ئه‌م دوو جیهانه دابه‌شکراوه. جیهانی ڕووحی (ئایدیاڵ)، جیهانی جه‌سته(ماتڕیاڵ).
جه‌سته وه‌کوو هه‌موو چته‌کانی دیکه، نه‌سه‌قێکه له‌نێو نه‌سه‌قه‌کان. واتا و دالێکه ده‌کرێ ئێمه ڕاڤه‌ی جودامان له‌باره‌یه‌وه هه‌بێت. بۆیه‌یش جه‌سته وه‌کوو دالێکی ته‌واو (کامل) به‌رهه‌مهێنه‌ری زنجیره‌یه‌کی بێ کۆتایی له ده‌لاله‌ته. هه‌موو جووڵه‌یه‌ک له‌ڕێی جه‌سته‌وه ده‌کرێت، که‌واته ئه‌م جووڵانه دالێکن. هه‌روه‌ها جه‌سته وه‌کوو فه‌زایه‌ک له زیهنی هه‌ر تاکێک واتایه‌ک به ده‌سته‌وه ده‌دات. هه‌موو پێکهاته‌کانی جه‌سته ( چ نێر، چ مێ) دالن و واتایه‌ک له مێشکی خوێنه‌ر دروست ده‌که‌ن. ڕوانین له جه‌سته وه‌کوو دالێک و مه‌زراندنی له‌نێو ده‌قدا، دوو شێوه بیرکردنه‌وه‌مان ده‌داتێ، یان وه‌کوو ئه‌زموونێکی هاوبه‌ش ده‌رده‌که‌وێت وه‌کوو ئه‌وه‌ی: ده‌خوا، ده‌ڕوات…تاد ئه‌مانه جووڵه سرووشتییه‌کانی جه‌سته‌ن، یان ئه‌وه‌تا به‌رهه‌مهێنه‌ری دالێکی ڕۆشنبیرییه. به واتای له چوارچێوه‌ی پێوه‌ره دیاریکراوه‌کان بۆ جووڵه‌ی زانستی جه‌سته ده‌رده‌چێت.
کتێبی شیعری ( ده‌نووسم یووسف)ی ( هێرۆ کورده)، ده‌کرێ ناوی بنێم کتێبی جه‌سته. کتێبێکه شیعره‌کانی مامه‌ڵه‌ی ته‌واو له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا ده‌که‌ن. (هێرۆ کورده) یێک له‌و کچه شاعیرانه‌یه مامه‌ڵه‌یه‌کی هونه‌ریانه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی مێ وه‌کوو دالێک له شیعره‌کانیدا ده‌کات. به‌ڵام جه‌سته له‌م شیعرانه‌دا به شێوه‌یه‌کی پۆڕنۆیی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌کراوه، به‌ڵکوو زێتر ئیرۆتیکیانه‌یه، هه‌رچه‌نده له هێندێک شوێن وێنه‌یه‌کی پۆڕنۆیی له زیهنی منی خوێنه‌ردا دروست ده‌بێت، به‌ڵام له چوارچێوه‌یه‌کی ئێرۆتیکیانه‌دا.
به درێژایی مێژووی فه‌لسه‌فه، فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیاڵ و ماتڕیاڵ جێی قسه له‌باره‌وه کردن و گفتوگۆکردن بوون. له دیالۆگه‌کانی ئه‌فلاتوون ڕووح و نه‌مری ڕووح ته‌واو ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. ئه‌فلاتوون له ((دیالۆگی فایدۆن ،كه دیالۆگێکی ناسراوی هه‌مان ئه‌و قۆناغه‌یه كه دیالۆگی میوانداری و دیالۆگی پرۆتاگۆراس و دیالۆگی گۆرگیاسی تیا نوسراوه، باس له نه‌مری ڕۆح ده‌كات به تێمایه‌کی بنه‌ڕه‌تی بۆخۆی و ئه‌مه‌ش پاش مه‌رگی سوكرات ئه‌م سێركردنه لای ئه‌فلاتوون له دایكده‌بێت . بۆیه نه‌مری ڕۆح له دیالۆگی میوانداریشا مانای خۆی هه‌یه و ڕۆلی له گێڕانی گفتووگۆكان هه‌یه.))1 که‌واته ئه‌وه‌ی له‌کن ئه‌فلاتوون گرینگه ڕووحه، نه‌ک جه‌سته. ڕووحیش پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به به‌رهه‌مهێنانی خۆشه‌ویستییه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئایا ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی ئه‌فلاتوون مه‌به‌ستیه‌تی، خۆشه‌ویستی زه‌مینییه(مه‌جازی)، یان ئاسمانی (حه‌قیقی)؟ بێگومان ئه‌فلاتوون مه‌به‌ستی له ئاسمانییه‌که‌یه، چونکوو جه‌سته له‌لای ئه‌فلاتوون وه‌کوو زیندانێکه بۆ ڕووح. ڕووح له ڕێی خۆشه‌ویستیه‌وه ده‌توانێت خۆی له‌م زیندانه ڕزگار بکات. یه‌کێک له ڕێیه‌کانی ڕزگاربوون، نه‌چوونه ژێر باری حه‌زه‌کانی جه‌سته‌یه. کوشتنی جه‌سته ( له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به جیهانی ماتڕیاڵه) ئامانجی ئه‌فلاتوونه، چونکوو جه‌سته ده‌بێته هۆی به‌رهه‌مهێنانی سێکس، ئه‌و خۆشه‌ویستیه ده‌کوژێت، که خۆشه‌ویستی ئاسمانییه. ده‌بینین له دوای ئیسلامه‌وه هه‌مان ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ی ئه‌فلاتوون، سۆفی و زاهیده‌کانی ئیسلام بۆ گه‌یشتن به مه‌قام و یه‌کێتیی بوون پێڕه‌وی لێ ده‌که‌ن. که‌واته ئه‌فلاتوون جه‌سته ڕه‌تده‌کاته‌وه، چونکوو جه‌سته داواکاریی زیانبه‌خشی هه‌یه، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جه‌سته‌یش خۆشه‌ویستی بۆ تێرکردنی ڕووح به کار ده‌هێنێت. بۆیه‌یش ڕووح هه‌میشه هه‌وڵی ڕاکردن له جه‌سته ده‌دات. (( ڕووح هه‌میشه به شێوه‌یه‌کی نزم سه‌یری جه‌سته ده‌کات، لێی هه‌ڵدێ و هه‌وڵی جیابوونه‌وه‌ی ده‌دات.))2 ئیش‌کردنی شاعیر له‌م کتێبه‌دا بۆ جه‌سته، ئیشکردنێکی ماتڕیاڵانه‌یه. واتا مۆتیڤی جه‌سته سه‌نته‌ره، نه‌ک ڕووح. هه‌موو ژیان له جه‌سته‌دا ده‌بینێته‌وه. ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ی ئه‌فلاتوونه، شاعیر خۆشه‌ویستی له‌ڕێی جه‌سته‌وه ده‌کات. جه‌سته سه‌نته‌ری خۆشه‌ویستیه. چێژی ژیان، ته‌نانه‌ت بوون له جه‌سته‌دا کۆ ده‌کاته‌وه.
له دێڕه‌کانمدا
جه‌سته‌م فه‌رامۆش بکه
له‌سه‌ر به‌رزاییم ده‌ستت دانێ و
گه‌راکانت
له‌م زێیه‌دا
سه‌وڵ لێ بده و له‌مندا هه‌موو گڕێک بناسه
هه‌موو گوناحه‌کانم خۆش ده‌وێن
ئه‌م زه‌وییه نشێوه به ئاگر داده‌مرکێت 3
شاعیر شێوه‌یه‌کی ماتڕیاڵی به جه‌سته‌ی ده‌به‌خشێت. هه‌وڵده‌دا ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی له نێو دێڕه‌کاندا هه‌یه، فه‌رامۆش بکرێت، چونکوو ئه‌و جه‌سته‌یه، جه‌سته‌یه‌کی ئایدیاڵییه، جه‌سته‌یه‌که ناتوانێت واتا به بوونی ببه‌خشێت. ده‌یوێ مامه‌ڵه‌یه‌کی ماتڕیاڵانه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا بکرێت. جه‌سته وه‌کوو زه‌وییه‌که، زۆر نهێنی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه. پێویستی به گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و کۆد و نهێنیانه‌یه. وشه‌ی (سه‌وڵ لێدان) ده‌لاله‌ته بۆ گه‌ڕان، گه‌ڕانێک بۆ کردنه‌وه‌ی کۆده‌کانی چێژ، چونکوو دواتر به‌ر وشه‌ی (گڕ، ئاگر) ده‌که‌وین. ئه‌مانه‌یش نیشانه‌ن بۆ گه‌رمی و چێژ. ئه‌م دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م چێژانه له‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه ده‌بێت. شاعیر بۆ دروستکردنی وێنه‌یه‌ک دوو وشه‌ی هێناوه‌ته‌وه. وشه‌کانی (به‌رزایی، نشێو)، دیاره سه‌وڵ لێ دان له به‌رزییه‌وه بۆ نشێو ده‌بێت. ئه‌م وشه‌یه له‌گه‌ڵ چه‌ند وشه‌یه‌کی دیکه، ده‌لاله‌تی ئێرۆتیکیان له پشته. بۆ نموونه وشه‌کانی (به‌رزایی= مه‌مه‌ک، گه‌را= سپێرم، زێ= ئه‌ندامی زاوزێی مێینه، گڕ= پله‌ی چێژ، نشێو= ڕان). هه‌ریه‌ک له‌م وشانه ده‌لاله‌تی سیمۆلۆژیانه‌یان له پشته. که‌واته شاعیر مامه‌ڵیه‌کی ماتڕیاڵانه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا کردووه. ته‌نانه‌ت نه‌مری به جه‌سته ده‌به‌خشێت، چونکوو ژیان له جه‌سته‌دا کورت ده‌کاته‌وه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌فلاتوون، که نه‌مری له ڕووح‌دا ده‌بینێته‌وه.
له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م گۆشه‌یه‌ی لێی دانیشتووم
یه‌ک یه‌ک
جله‌کانی سه‌ره‌وه و ژێره‌وه‌م
داده‌که‌نم
خه‌یاله‌کانی ده‌پۆشم
ڕووتتر ده‌بمه‌وه
له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م به‌رگه ڕوونه
وه‌ک درۆ ده‌بریسکێمه‌وه
له پشتی ئه‌م دوو دێڕه‌وه
به ڕووتی ده‌چمه
ده‌ره‌وه
ده‌ره‌وه‌ی ماڵ نا
ده‌ره‌وه‌ی خۆم4
ئایا فه‌لسه‌فه‌ی ڕووتی جه‌سته چییه؟ ده‌لاله‌تی ئه‌م ڕووتیه له چیدایه؟ بێگومان لێره‌دا ڕووتی وه‌کوو میتافۆڕ هاتووه، جه‌سته ده‌لاله‌ته له بوونێک، ئه‌م بوونه به کۆمه‌ڵێک دابونه‌ریت و ئایدیۆلۆژیا داپۆشراوه، بۆ خۆ ئازادکردن له‌م کۆیله‌یه‌تیه و داگیرکردنه ڕووتی باشترین چاره‌سه‌ره. ده‌بینین لێره‌دا جه‌سته ڕۆڵێکی ڕۆشنبیرانه ده‌گێڕێت. هه‌موو جووڵه‌یه‌کی جه‌سته له واقیعدا گوتارێکی له پشته. ڕووتبوونه‌وه‌ی جه‌سته‌یش گوتارێکی ڕۆشنبیریی له پشته. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌م ده‌فته‌ره شیعرییه بکه‌ین، فه‌زای سپێیه‌تی له نێوان دێڕه‌کان و وشه‌کاندا زۆره. زۆرجار ڕسته‌کان واتایان له دێڕه‌کانی دیکه‌یدا ده‌دۆزینه‌وه. ته‌نانه‌ت له‌نێو ئه‌م ده‌قه‌یدا جووڵه هه‌یه. بۆ نموونه ( یه‌ک یه‌ک، جله‌کانی سه‌ره‌وه و ژێره‌وه‌م داده‌که‌نم) له‌م دێڕه‌دا جووڵه هه‌یه، ئه‌نجامی ئه‌و جووڵه‌یه ڕووتبوونه‌وه‌یه. ده‌بینین ئه‌مه یه‌کێکه له جووڵه‌کان. جه‌سته بوونی هه‌یه، بێگومان ئه‌گه‌ر زیندوو بێ ده‌بێ جووڵه‌ی تێدا بێت. به هه‌موو جووڵه‌کان ده‌قێکی ته‌واو(کامڵ) دروست ده‌که‌ن. ته‌واوکه‌ری ئه‌م جووڵه‌ی سه‌ره‌وه له‌م دێره‌دایه، ( به ڕووتی ده‌چمه ده‌ره‌وه، ده‌ره‌وه‌ی ماڵ نا، ده‌ره‌وه‌ی خۆم.) لێره‌دا جووڵه‌که کۆتایی د‌ێت، ئه‌م جووڵانه ره‌هه‌ندێکی ڕۆشنبیرییان له پشته. که‌واته ئه‌م ده‌قه ده‌بێته ده‌قێک، هه‌ڵگری جۆرێک له ڕه‌هه‌ندی ڕۆشنبیرییه.
ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته، ئه‌وانیش ده‌لاله‌ت و واتای تایبه‌ت له ده‌قدا وه‌رده‌گرن. هه‌ر ئه‌ندامێکی جه‌سته له ژیانی ڕۆژانه ئه‌رکێکی هه‌یه، جووڵه‌یه‌ک ده‌کات، به کۆی جووڵه‌ی ئه‌ندامه‌کان جه‌سته‌یه‌کی ته‌واومان ده‌بێت، به‌ڵام که‌مئه‌ندامێک جه‌سته‌یه‌کی ته‌واوی نییه، چونکوو نوقسانییه‌ک له جه‌سته‌یدا هه‌یه. له ده‌قدا هه‌ریه‌ک له‌م ئه‌ندامانه ڕه‌هه‌ندی سیمۆلۆژی جوایه‌زیان هه‌یه. جووڵه‌ی هه‌ر یه‌کێکیان ده‌لاله‌تێک به ده‌سته‌وه ده‌دات.
له که‌نار زه‌ریا گه‌رمه‌که‌دا
وه‌ستام
پاژنه‌کانم که‌نارتیان ماچ کرد
کراسه‌که‌م تا ئه‌ژنۆکانم هه‌ڵکێشا
به یه‌ک شه‌پۆل
یه‌ک مرواریت هه‌ڵدایه منه‌وه 5
دوو ئه‌ندامی جه‌سته ئاماژه‌یان بۆ کراوه. ( پاژنه، ئه‌ژنۆ). هه‌ریه‌ک له‌مانه ده‌لاله‌تێکی ئیرۆتیکیان له پشته‌وه. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه پاژنه و ئه‌ژنۆی کچه. هه‌ڵکردنی کراس جووڵه‌یه‌که، ئاماژه‌یه‌که بۆ جووڵه‌یه‌کی سێکسی. له‌گه‌ڵ هه‌ڵکردنی کراسدا چه‌ند ئه‌ندامێکی پێوه‌ست به یه‌کتره‌وه ده‌رده‌که‌ون، ( پێ، لاق، ئه‌ژنۆ). ده‌بینین جووڵه‌که تا ئه‌ژنۆیه له‌وێدا ده‌وه‌ستێت، ئه‌مه‌یش واتای ئه‌وه‌یه جووڵه‌یه‌کی ئیرۆتیکیانه‌یه، نه‌ک پۆڕنۆیی. ئه‌م ئه‌ندامانه‌ی جه‌سته ده‌که‌ونه خانه‌ی ئه‌ندامه نیمچه سێکسییه‌کانه‌وه، چونکوو ئه‌ندامی سێکسیی، که بریتین له مه‌مک، ڕان، ئه‌ندامی زاوزێ. (( کلۆد بریمۆن له توێژینه‌وه‌یه‌کدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات، وێنه‌ی جووڵه‌ی ده‌ست و لاق له هه‌موو ئه‌ندامێکی دیکه زێتر له ده‌قدا هاتووه، چونکوو ئه‌م ئه‌ندامانه هه‌ڵگری زۆرتر‌ین ئاماژه و جووڵه‌ن.))6 به پله‌ی یه‌که‌م ئه‌م جووڵانه‌یش ڕه‌وتێکی گێڕانه‌وه‌یی به ده‌ق ده‌به‌خشن. هه‌روه‌ها وشه‌ی (زه‌ریا) هاتووه، ئه‌ویش وه‌کوو دالێک زۆرجار واتای توڕه‌یی ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌ماشای فه‌زای ئه‌م کۆپله شیعره بکه‌ین، له‌وێدا زه‌ریا دالێکی ئیستاتیکیانه‌یه، دالێکه هه‌ڵگری مروارییه. هه‌رچه‌نده ( شه‌پۆل) هاتووه، ئه‌ویش جووڵه‌یه‌کی تێدایه، به‌ڵام چونکوو وێنه‌یه‌کی شیعریی ئیرۆتیکی هه‌یه، ئه‌م شپۆله نه‌رم و له‌سه‌رخۆیه. دالی ( مرواری) له پارچه‌ی دووه‌می سیحره‌که‌دا زێتر ڕوون ده‌بێته‌وه.
ده‌ستێک ڕایه‌ڵ بکه
له مندا گه‌شه ده‌که‌یت
دوای کوژانه‌وه‌ی گلۆپه‌که
ده‌بین به سێ7
ڕسته‌ی (دوای کوژانه‌وه‌ی گلۆپه‌که)، ئاماژه‌یه‌کی سێکسییه، چونکوو له‌نێو کورده‌وارییدا به‌هۆی ژیانی هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان له‌نێو یه‌ک، یان دوو ژووردا. هه‌روه‌ها نووستنیان به‌یه‌که‌وه له‌نێو هه‌مان ژووردا، بۆیه‌یش کرداری سێکسکردن له‌نێوان ژنومێرد له تاریکیدا ئه‌نجام ده‌درا. به‌رهه‌می ئه‌م پرۆسێسه‌یه‌یش له دوای گه‌شه‌کردنی ده‌سته‌وه د‌ێت، ئه‌ویش زیادبوونی بوونێکی دیکه‌یه. لێره‌یشدا ئه‌ندامی جه‌سته هاتووه (ده‌ست)، له‌هه‌مان کاتدا جووڵه‌یه‌کیش له ئارادایه. (ده‌ست) دالێکه بۆ زۆر چت، وه‌کوو به‌کارهێنانی بۆ هه‌ڕه‌شه، بۆ یارمه‌تی دان، بۆ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی…تاد. ده‌بینین به کار هێنانی دالێک خوێنه‌ر ده‌توانێت چه‌ند ڕاڤه‌ی بۆ بکات. لێره‌وه ده‌زانین جه‌سته زمانه، جگه له‌وه‌ی به جووڵه‌ی ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته شێوه‌یه‌که له په‌یڤین، به‌تایبه‌ت بۆ که‌مئه‌ندامانی که‌ڕ و لاڵ. هه‌ر جووڵه‌یه‌ک دالێکه ده‌کرێت کۆمه‌ڵێک ڕاڤه‌یان بۆ بکه‌ین. جه‌سته کۆگای ده‌لاله‌ته‌کانه، چ له ساتی جووڵه‌دا، چ له ساتی وه‌ستاویدا.
جه‌سته له باری وه‌ستاویدا وه‌کوو دالێک، به واتای چاوه‌نۆڕی د‌ێت. چاوه‌نۆڕی واتا و ناواتا، جووڵه‌ی عه‌قڵانی و ناعه‌قڵانی، چاوه‌نۆڕی مردن و ژیان.
که له ژووره‌که‌می
له‌سه‌ر جێم و
له‌سه‌ر جه‌سته‌م
قووڵتر هه‌ست به ته‌نیایی ده‌که‌م8
له‌م شیعره‌دا وه‌ستانێکی جه‌سته هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و وه‌ستانه کۆمه‌لێک ده‌لاله‌ت له خۆیدا کۆده‌کاته‌وه. له ساتی وه‌ستاویدا کۆمه‌لێک گوتنمان پێده‌ڵێت. ئاماژه بۆ جه‌سته‌یه‌ک له ته‌نیشت خۆی ده‌کات، به‌ڵام جه‌سته‌یه‌ک توانای جووڵه‌ی نییه، توانای گوتنی بۆ جه‌سته‌ی ئه‌و نییه. ئه‌و ڕۆڵه‌ی جه‌سته هه‌یه‌تی لێره لێی سه‌ندراوه‌ته‌وه، چونکوو ( له‌سه‌ر جێم و له‌سه‌ر جه‌سته‌م)، جووڵه‌یه‌ک بوونی نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی هه‌یه دوورییه، ئه‌م دوورییه بۆشاییه‌ک دروست ده‌کات. کاره‌کته‌ر جه‌سته‌یه‌کی پڕ له جووڵه‌ی ده‌وێت، جه‌سته‌یه‌ک ڕووحێکی سه‌رکه‌شانه‌ی هه‌بێت. ئه‌رستۆ جه‌سته و ڕووح له یه‌کتری جودا ناکاته‌وه، به‌ڵکوو به ته‌واوکه‌ری یه‌کتریان داده‌نێ. هه‌ردووکیان به جه‌وهه‌ری مرۆڤ داده‌نێت. لێکۆڵینه‌وه له چییه‌تی و بوونی مرۆڤ به‌بێ ئه‌وانه، یان به ته‌نێ له یه‌کیان، لێکۆڵینه‌وه‌ی پڕ کێماسی ده‌رده‌چێت. ئه‌رستۆ زێتر ماتڕیالانه بیر ده‌کاته‌وه. وه‌کوو ئه‌فلاتوون نییه، ته‌نێ بایه‌خ به ڕووح بدات و جه‌سته فه‌رامۆش بکات. له‌م ساتی وه‌ستاوییه‌دا جه‌سته ئاره‌زووه‌کانی خۆی به‌یان ده‌کات. ئه‌م وه‌ستاوییه جه‌سته‌یه‌کی مردوومان پێ ده‌دات، به‌ڵام شاعیر ئه‌رستۆییانه ده‌دوێت، جه‌سته‌یه‌کی ده‌وێت پڕ له جووڵه بێت، ئاره‌زووه‌کان بجووڵێنێ.
شێوه‌کانی جه‌سته ئه‌ویش ده‌لاله‌تی خۆی هه‌یه. به درێژایی مێژوو شێوه‌کانی جه‌سته جێی قسه له‌باره‌وه کردن بوونه. مه‌به‌ست له شێوه‌کانی جه‌سته: جه‌سته‌ی ڕووت، جه‌سته‌ی داپۆشراو (حیجاب، یان هه‌ر جلێکی دیکه)، جه‌سته‌ی نیوه‌ڕووت…تاد. لێره‌وه ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌ماشای جه‌سته‌ی ده‌ق بکه‌ین، ئه‌ویش هه‌مان شێوه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئێمه سیمۆلۆژیانه‌یه و قسه‌کردنه له‌باره‌ی مۆتیڤی جه‌سته‌وه، ده‌کارێ هه‌ر له‌م ڕێیه‌وه قسه‌یه‌کیش له‌باره‌ی جه‌سته‌ی ده‌قه‌وه بکه‌ین، چونکوو ده‌ق وه‌کوو جه‌سته‌یه‌ک ئه‌ویش بۆشاییه‌کانی نێوان دێڕه‌کان، کورتی و درێژی دێڕ، خاڵبه‌ندی، شێوه‌ی تۆبۆگرافیانه‌ی ده‌ق…تاد ئه‌مانه هه‌موو دالن و ده‌لاله‌تی خۆیان هه‌یه. دوو شێوه‌ی جه‌سته‌مان هه‌یه، شێوه‌یه‌کی داپۆشراو به جلوبه‌رگ و شێوه‌یه‌کی ڕووت.
له شێوه‌ی یه‌که‌مدا ( به جلوبه‌رگ داپۆشراو)، بارێکی ڕۆشنبیریی نیشان ده‌دات. دۆخێکه پڕ له گوتن و چیرۆکئامێزه، چونکوو له‌ڕێی ئه‌م جلانه‌وه ئه‌م جه‌سته‌یه گوزارشت له خۆی ده‌کات. جله‌کان گوزارشت له‌و کلتووره ده‌که‌ن، که ئه‌و شێوه جلوبه‌رگه‌یان داهێناوه. له‌باره‌ی هه‌موو به‌شێکی ژیان ده‌په‌یڤێت. ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌رگدرووه‌ی ئه‌م شێوه جلانه‌ی درووه، ته‌نانه‌ت ئه‌و بۆنه‌ی له‌م جلانه‌وه د‌ێت. خوێنه‌ر به‌هۆی ئه‌م جلانه‌وه کات (الزمن)ی ئه‌و جلانه ده‌زانێت، که هی چ سه‌رده‌مێکن، یان فه‌زای ئه‌و جلانه، به‌وه‌ی خاوه‌نی کێیه؟ سه‌ر به چ نه‌ته‌وه‌یه‌که؟ ئه‌مانه هه‌موو له ڕێی سیمۆلۆژیاوه ده‌دۆزرێنه‌وه. ده‌بینین جه‌سته هه‌ڵگری چ چیرۆکگه‌لێکه، خوێنه‌ر له‌ڕێیه‌وه ده‌توانێت گه‌لێک زانیاری ده‌ست بخات.
جه‌سته‌ی ڕووت خاڵییه له‌م شتانه‌ی سه‌ره‌وه. دۆخێکه ئه‌م جه‌سته‌یه ده‌یوێت بۆ ئاره‌زووه‌کانی بگه‌ڕێته‌وه. دالێکه مه‌به‌ست لێی مردن، یان تازه له دایکبوونه‌وه‌یه. سرووشت چۆن ڕووته، ئه‌ویش هه‌وڵده‌دا ئه‌و ڕووتیه نیشان بدات. که‌واته ئاماژه‌یه بۆ چیرۆکه‌کانی گه‌ردوون.
هه‌ر به ڕووتی
له تۆڕا
دێمه ژووره‌وه
ئه‌ز و تۆ
هیچمان بۆ گوتن نییه هه‌ڵاتن نه‌بێت
هیچمان بۆ پۆشین نییه ڕووتبوونه‌وه نه‌بێت 9
لێره‌دا ده‌بینین یه‌ک کات و فه‌زامان هه‌یه. کات گوزارشت له کاتێکی مێژوویی ناکات، به‌ڵکوو ئاماژه‌یه بۆ کاتی ڕووتبوونه‌وه. فه‌زایش ئاماژه‌یه بۆ یه‌ک فه‌زا، ئه‌ویش فه‌زای جه‌سته‌یه‌کی ڕووته. ئه‌م ڕووتی جه‌سته‌یه هه‌وڵده‌دا هه‌موو ئاره‌زووه‌کانی دیکه‌ی واقیع له‌نێو ببات، ته‌نێ ئاره‌زووه‌کانی خۆی نه‌بێت، ئاره‌زوویه‌ک گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ساتی له دایکبوونه‌وه له ڕێی چێژه‌وه. ئه‌و جه‌سته ڕووته بارگاوی به ئایدیۆلۆژیا، کلتوور، دابونه‌ریت نییه، به‌ڵکوو خاڵییه له‌وانه. ئه‌م ڕووتیه‌ش ئاماژه نییه بۆ ساتی مردن، به‌ڵکوو ئاماژه‌یه بۆ ساتی له دایکبوونه‌وه، چونکوو پێداگری له‌سه‌ر ڕووتبوونه‌وه ده‌کات (هیچمان بۆ پۆشین نییه.) ئه‌مه هه‌ڵاتنه له هه‌موو کلتوورێک، له ڕووتبوونه‌وه‌دا چته‌کان وه‌کوو خۆیان ده‌رده‌که‌ون، هیچ ماسک و په‌رده‌یه‌ک نییه تاکوو مرۆڤ خۆی له پشتییه‌وه بشارێته‌وه.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه بلێم جه‌سته وه‌کوو مۆتیڤێک، واقیعێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌و واتایه‌ی دالێکه، ئه‌م داله‌یش بابه‌تێکه وه‌کوو قه‌باره‌یه‌کی مرۆڤی. لێره‌دا جه‌سته ده‌بێته نیشانه‌یه‌ک، نیشانه‌کانیش ته‌نێ له ساتی به کار هێنانیان واتایان ده‌بێت. به کار هێنانی ئه‌و نیشانانه‌یش ده‌بێته نه‌سه‌قێک، ئه‌و نه‌سه‌قه‌یش ده‌لاله‌تێک نیشان ده‌دات. له‌م ده‌فته‌ره شیعرییه‌تی (هێرۆ کورده)دا هه‌میشه جه‌سته به شێوه‌یه‌کی ڕووت پێداگری له‌سه‌ر کراوه‌ته‌وه. هه‌میشه مۆتیڤی جه‌سته خاڵی له کلتوور، ئایدیۆلۆژیا، کراوه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ناتوانین له‌و واقیعه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی داببڕین که تێیدایه، به‌ڵام له‌وێدا ده‌توانێت واتایه‌کی دیکه‌ی پێ ببه‌خشین.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان:
1. خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونی، ئازادحه‌مه، سایتی هاووڵاتی:
خۆشه‌ویستی ئه‌فلاتوونیhttp://www.hawlati.co
2. الجسد بين الشرق والغرب نماذج وتصورات، العلوي هشام، منشورات الزمن العدد 44، 2004، ص 46.
3. ده‌نووسم یووسف، هێرۆ کورده، چاپخانه‌ی کارۆ، 2013 ، ل89- 90.
4. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل39 – 40.
5. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل49.
6. تجلیات الجسد، تجلیات الانسان، خالد مراکشی، مجله ابداع، العدد9، دیسمبر 1997، ص4.
7. ده‌نووسم یووسف، ل50.
8. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل32.
9. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل40.