بۆ/شێرزاد حەسەن نامەى (شیعر)
عەبدولوەهاب شوانى……..
برادەر گیان ئەمشەو دواى دانووستانێكى درێژ لە نێوان من و خۆمدا
بڕیارمدا وەك (متەنەبى) منیش لە سەر یەك دێڕشیعر
خۆم بە كوشت بدەم
پەیمانم داوە چیتر باسى ئەو پیاوەت بۆ نەكەم
لە بەیانى تا نیوەڕۆ مرۆڤە و لە نیوەڕۆ بە دواوە دەبێتە بەراز
لەمەو دوا قسەم لە سەر دوو مارەكەى سەر شانى زوحاك نییە
ئیتر باسى بە ژن سىَ ڕدێن و چل كەزیتان بۆ ناكەم
من هەیشە وەك قوتابیەكەى (كاسف بارۆڤ)
یاریم لە مامۆستاكانى خۆم بردۆتەوە
دكتۆر نەبەز كە زۆرێك لە شیعرەكانمى لە بەرە ئەمشەو پێى گوتم:
تۆ زۆر مەدحى خۆت دەكەى
گوتم: لە سوهراب فێربوومە
من وەك (كلیمانیس) ى شاعیر تا دەمرم منداڵانە دەژیم
چیم لاباش بىَ ئەوە دەكەم
گەر بانگم بكەن خۆم دەخەمە باوەشتان
دڵیشم بشكێنن تا ئێوارە لە سووچێك دەگرێم
من هەمیشە منداڵێك لە ناو جەستەم دەجولىَ
تۆ نازانى تا ئێستاش جىَ شەقامەكانى منداڵى
بە سەر ڕوومەتمەوە دیارە
تۆ بڵىَ: جگە لە ساتە پاكەكانى منداڵى
من چیم هەیە شانازى پێوە بكەم.