گێڕانه‌وه‌ی كۆڵاژكراو … ئارام سدیق
سه‌ره‌تا
ئه‌گه‌رچی من له‌و كه‌سانه نیم، كه ئه‌ده‌بی كوردییم زۆر پێ گه‌وره بێت، به‌ڵام له‌و كه‌سانه‌ش نیم، كه ئاستی ئه‌ده‌بی كوردی نزم ببینم، بۆیه لای من رۆمانی كوردی خاوه‌نی پێگه‌و مه‌وقیعی خۆیه‌تی، به‌و تێبینیانه‌ی ره‌نگه من له‌سه‌ر زۆرێك له تێكسته‌كان هه‌مبێت، به‌ڵام كه له كۆدا سه‌یری به‌شێك له رۆمانه چاپكراوه‌كان (به‌تایبه‌ت) پاش راپه‌ڕین ده‌كه‌ین، ده‌بینین له ڕووی ناوهڕۆك و ته‌كنیكه‌وه رۆمانی كوردی گه‌شه‌ی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه و ژماره‌ی رۆمانه‌كانیش زۆر زیاتر بوون، كه له‌نێو ئه‌و ژماره زۆره‌دا چه‌ندین رۆمانی جوان و سه‌رنجڕاكێشی تێدایه، كه شایسته‌ی خوێندنه‌وه‌و له‌سه‌ر وه‌ستانن.
رۆمانی كوردی پاش راپه‌ڕین خاوه‌نی ئه‌زموونگه‌لی جیاواز بوون و زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی كه رۆمانیان نووسیووه خاوه‌نی كاركردن و رێچكه‌ی تایبه‌تی خۆیان بوون. بۆ نموونه ئه‌زموونی رۆمانووسینی به‌ختیار عه‌لی ئه‌زموونێكی تایبه‌ت و جیاوازه له ئه‌زموونی رۆمانووسینی عه‌تا محه‌مه‌د. هاوكات ئه‌زموونی رۆمانووسینی عه‌تا محه‌مه‌د جیاوازه له كاروان كاكه سوور و ئه‌ویش جیاوازه له ماردین ئیبراهیم و هاوكات ئه‌زموونی رۆمانووسینی نه‌جات نوری و جه‌بار جه‌مال غه‌ریب و سه‌لاح عومه‌ر ته‌واو جیاوازن له‌و هه‌وڵه تاقانانه‌ی گۆران بابا عه‌لی و رزگار حه‌مه ره‌شید. هاوكات ئه‌زموونی رۆمانووسینی به‌یان سه‌لمانیش ته‌واو جیاوازه له‌و رۆمانووسانهی له پێشووتر ناومان بردن. بۆیه به گشتی رۆمانی كوردی هه‌نگاوی باشی هاویشتووه و ره‌نگه له داهاتووشدا به‌ر ئه‌زموونی جیاوازتر و جوانتر بكه‌وین.
له‌م نووسینه‌دا له‌سه‌ر یه‌كێك له ئه‌زموونه نوێكانی رۆمانی كوردی ده‌وه‌ستم، كه ئه‌ویش رۆمانی (زه‌ریای تابووته سپییه‌كان)ی رزگار حه‌مه ره‌شیده و لێره‌وه ده‌خوازم خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورت و هه‌مه‌لایه‌ن بۆ چه‌ند ره‌هه‌ندێكی ئه‌م رۆمانه بكه‌م.
له‌باره‌ی ناونیشانه‌وه
ره‌نگه گرنگی ناونیشان له تێكستێكه‌وه بۆ تێكستێكی تر بگۆڕێت و پێده‌چێت هه‌ندێك تێكست به‌شێك له بونیادی شاراوه‌ی نێو تێكسته‌كه له ناونیشانه‌كه‌یدا حه‌شار بدات. به پێچه‌وانه‌شه‌وه ره‌نگه ناونیشان له هه‌ندێك تێكستی تردا هیچ بایه‌خێكی ئه‌وتۆی نه‌بێت. بۆ نموونه ناونیشانی رۆمانی (دارستانی نه‌رویجی) هارۆكی مۆراكامی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه‌وه نییه، به‌ڵام ئه‌و ناونیشانه ناونیشانی پارچه مۆزیكێكه و دوو فیگۆری سه‌ره‌كی رۆمانه چه‌ند جارێك گوێی لێده‌گرن. واته ده‌مه‌وێت بڵێم، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆمانه هه‌ر ناونیشانی تری له خۆ بگرتایه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاڕاسته‌كردنی خوێنه‌ر نه‌ده‌بوو. هاوكات به‌پێچه‌وانه‌وه نیكۆس كازانتزاكیس له رۆمانی (زۆربا)دا ناونیشانی رۆمانه ناوی فیگۆری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه و هه‌موو پانتایی رۆمانه‌كه داگیركردووه و هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌وه كازانتزاكیس خوێنه‌ر ئاراسته ده‌كات به‌ره‌وه ئه‌وه‌ی كه قورسایی تێكسته‌كه له‌سه‌ر فیگۆری زۆربایه.
لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم له دیدی (د. ناسر یه‌عقوب) له‌باره‌ی ناونیشانه‌وه پێناسه‌یه‌ك بخه‌مه‌ڕوو كه ده‌ڵێت: “ده‌رگای تێكسته‌كان به كلیلی ناونیشان ده‌كرێته‌وه و ئه‌وه‌ی له ساتی یه‌كه‌مه‌وه پێشوازی له خوێنه‌ر ده‌كات ناونیشانه. هه‌میشه ئه‌و تێكستانه (به‌تایبه‌ت له رۆمان و چیرۆكدا) كه ناونیشانه‌كه‌یان ناوی كه‌سایه‌تییه‌كی نێو ده‌قه‌كه بێت به‌شێك له سیحره‌كه‌ی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه به‌و پێیه‌ی ئه‌وه بۆ خوێنه‌ر كه‌شف ده‌بێت، كه هه‌موو رووداوه‌كان گرێدراوی ئه‌و شهخسیهتهن. به‌ڵام له رۆمانی تردا، كه ناونیشانه‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه نه‌بێت ئه‌مه به‌و شێوه‌یه نییه”.
ناونیشانی رۆمانی (زه‌ریای تابووته سپییه‌كان) له‌و ناونیشانه سهرنجرشاكێشانهیه، كه خوێنه‌ر به‌ره‌و خۆی به‌كێش ده‌كات و به‌ره‌و نێو جیهانی تێكسته‌كه ده‌یبات. ناونیشانه‌كه له سێ وشه‌ی شیعری پێكهاتووه، كه زۆر به ئاسانی خوێنه‌ر كه‌مه‌ندكێش ده‌كه‌ن. به‌و پێیه‌ی له رووی بوونیاده‌وه ناونیشانه‌كه له سێ وشه پێكهاتووه و تاڕاده‌یه‌ك له درێژی خۆی پاراستووه. هاوكات ئه‌و واتایه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنێت و ئه‌و وێنه‌یه‌ی له هزری خوێنه‌ردا دروستی ده‌كه‌ن ته‌واو وێنه‌یه‌كی سوریالییه. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ناونیشان له كۆی تێكسته‌كه دابڕاو نییه، به‌ڵكو وه‌كو ته‌واوكه‌رێكی كۆی تێكسته‌كه ده‌رده‌كه‌وێت. به‌م پێیه هه‌ر ناونیشانێكی تر بۆ ئه‌م تێكسته ره‌نگه به جۆرێك له جۆره‌كان ببێته لاسه‌نگی بۆ كۆی تێكسته‌كه. هه‌ر بۆیه (به مه‌به‌ست، یان بێ مه‌به‌ست) نووسه‌ر به‌ته‌واوی ئه‌م ناونیشانه‌ی به كۆی تێكسته‌كه‌وه گرێداوه، گرێدانێك، كه وه‌كو نیوه‌ی تێكسته‌كه بێته ئه‌ژمار، یان وه‌كو ئه‌و پێناسه‌یه‌ی (د. ناسر) كه له‌سه‌ره‌وه خستمانه‌ڕوو وه‌كو كلیلیی ده‌رگای تێكسته‌كه وایه.
به‌ده‌ر له‌مانه‌ش نووسه‌ر هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌وه خوێنه‌ر ئاماده ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر رووداوی سوریالی بكه‌وێت، كه كۆی بونیادی گێڕانه‌وه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و سوریالییهته و ئاوێزانكردنی چه‌شنه ئه‌ده‌بییه‌كان وه‌ستاوه. به نموونه سوودوه‌رگرتن له ته‌كینیكی (شانۆ و دراما) و ئاوێزانكردنی ئه‌م دوو چه‌شنه ئه‌ده‌بییه له‌نێو رۆمانه‌كه‌دا، كه دیسان بۆته هۆی ئه‌وه‌ی فۆرمێكی تر بونیاد بنرێت، كه جیاوازه له‌وه‌ی پێشووتر خوێنه‌ر به‌ریكه‌وتووه. به كورتی نووسه‌ر هه‌ر له ناونیشانه‌وه گه‌مه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا ده‌ستپێده‌كات و ئه‌و گه‌مه‌یه درێژده‌كاته‌وه تا دوا رسته‌كانی رۆمانه‌كه.
گێڕانه‌وه‌ی كۆڵاژكراو
ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌نها یه‌ك روئیامان هه‌بێت بۆ گێڕانه‌وه، یان ته‌نها چه‌ند شێوازێكی گێڕانه‌وه‌مان قبوڵ بێت ره‌نگه له‌گه‌ڵ زۆر تێكستدا بكه‌وینه ئیشكالیاتهوه، به‌و پێیه‌ی پێده‌چێت هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌و تێكسته گێڕانهوهییانهی نووسراوه ئه‌وه‌نده‌ش شێوازی گێڕانه‌وه هه‌بن، ره‌نگه هه‌ندێك خاڵی هاوبه‌ش له‌نێو زۆربه‌یاندا هه‌بێت، به‌ڵام هه‌میشه به‌ده‌ریش نین له خاڵی جیاواز ئه‌گه‌ر له پنتی بچووكیشدا بێت. هه‌ر لێره‌وه كاتێك به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره باو و دیارانه‌ی هه‌یه ئه‌م رۆمانه‌ی رزگار حه‌مه ره‌شید ده‌پێوین ده‌بینین له‌گه‌ڵ زۆرێكیاندا ناكۆكه، راسته خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه، به‌ڵام خاڵه ناكۆكه‌كانی زیاتره له خاڵه هاوبه‌شه‌كانی، چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه نووسه‌ر ده‌یه‌وێت له‌و خاڵه‌وه ده‌ستپێبكات، كه ده‌یه‌وێت جۆرێكی تر له گێڕانه‌وه بخولقێنێت، كه من به (گێڕانه‌وه‌ی كۆلاژكراو) ناوی ده‌به‌م. ئه‌م جۆره له گێڕانه‌وه‌یه بریتییه له كۆلاژكردنی شانۆ، دراما، راپۆرتی رۆژنامه‌وانی ئه‌وسا گێڕانه‌وه‌ی حیكائی و به‌ستنه‌وه‌ی كۆی ئه‌م ژانرانه به‌یه‌كترییه‌وه له‌رێی هێڵێكی درامی باریكه‌وه، كه ره‌نگه بۆ هه‌ندێك خوێنه‌ر ئه‌م هێڵه روون نه‌بێت.
به‌شێك له‌م كۆلاژكردنه له هه‌ندێك له رۆمانه‌كانی (عه‌لی به‌در) رۆمانووسی عیراقی‌دا ده‌بینرێته‌وه به‌تایبه‌ت ده‌توانی نموونه‌ی رۆمانی (توتنهوانهكه) و (با با سارته‌ر) بهێنینه‌وه كه به‌در سوودی له ته‌كنیكی نووسینی راپۆرتی رۆژنامه‌وانی وه‌رگرتووه. ئه‌مه‌ی به‌در له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆلاژكردنهی لای رزگار هه‌یه خاڵی جیاوازیشیان زۆره و ئه‌وه‌ی لای رزگار ده‌بینرێت و كاری له‌سه‌ر كراوه خولقاندنی جۆرێكی تری گێڕانه‌وه و چنین به‌شێوه‌یه‌ك، تهكینیك به‌ته‌واوی له خزمه‌تی فه‌زای گشتی رۆمانه‌كه‌دا بێت، كه فه‌زایه‌كی تاڕاده‌یه‌ك سوریالییه و هاوكات فیگۆره‌كان سه‌ربه‌ستانه له‌نێو فه‌زای رۆمانه‌كه‌دا خولقێنراون و له قاڵب نه‌دراون. مه‌به‌ست له سه‌ربه‌ستی فیگۆره‌كان ئه‌و فه‌زا گشتیه‌یه، كه رۆمانه‌كه بۆ ژیانی فیگۆره‌كان و ئه‌ركیان له‌نێو تێكسته‌كه‌دا له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه خولقێنراوه.
هاوكات یه‌كێك له سیما تایبه‌ته‌كانی ئه‌م رۆمانه په‌رتپه‌رتی گێڕانه‌وه‌یه. ئه‌م پهرتپهرتییه به‌شێوه‌یه‌كه ده‌كرێت بڵێین تێكسته‌كه ناتوانرێت به پێی تایبه‌تمه‌ندییه كلاسیكییه‌كانی رۆمان بپێورێت. بۆیه له كاتی پێوانه‌كردنی به‌و پێوه‌ره كلاسیكیانه تووشی ئیشكالیات ده‌بین. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی له هه‌ندێك شوێندا هه‌ناسه‌ی شیعریی به ته‌واوی گێڕانه‌وه‌كه داگیر ده‌كات. بۆیه گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه‌دا خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تی و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاسانه، به‌و پێیه‌ی نووسه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له هه‌وڵی تێكشكاندنی رێسا باوه‌كانی گێڕانه‌وه‌دایه ئه‌وه‌نده خۆی به‌وه‌وه سهرقاڵنهكردووه، كه گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاسۆیی بگێڕێته‌وه.
وه‌ك له پێشه‌كی ئه‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌م بۆ كرد یه‌كێك له خاڵه تایبه‌تمه‌ند و دیاره‌كانی رۆمانی پاش راپه‌ڕین ئه‌وه‌یه، كه هه‌ر نووسه‌ره و خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تی. رۆمانی زه‌ریای تابووته سپییه‌كان، له‌و رۆمانانه‌یه، كه له هه‌وڵی پێشكه‌شكردنی جۆرێكی تری گێڕانه‌وه و خولقاندنی فه‌زای تره بۆ كاراكته‌ره‌كان.
به كورتی ده‌توانین بڵێین گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه‌دا پێكهاتووه له كۆلاژكردنی ده‌یان و سه‌دان وێنه‌ی سوریالی بۆ دروستكردنی وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌تر، یان پیشاندانی وێنه‌یه‌ك له وشه، كه بۆ وێنه‌كێشانی جینۆسایده به شێوه فره ڕه‌هه‌نده‌كه‌ی، نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نێو دنیای كوردییدا ته‌نها له (ئه‌نفال)دا كورت بكرێته‌وه. بۆیه له‌رێی گێڕانه‌وه‌وه نوسه‌ر ده‌یه‌وێت په‌ڕینه‌وه‌یه‌ك له تێمای گشتی رۆمانه‌كه‌وه بخولقێنێت له وێنه‌یه‌كی لۆكاڵی جینۆسایده‌وه بۆ وێنه‌یه‌كی جیهانیی جینۆسایید. واته ئه‌وه‌ی ئه‌م نووسه‌ره له رێی كۆلاژكردنی رووداو و وێنه‌كان و فیگۆره‌كانی ئه‌م رۆمانه‌وه ده‌یخاته‌ڕوو و ده‌یه‌وێت لێی بدوێت ته‌نها بۆ پیشاندانی وێنه‌ی جینۆسایدی گه‌لێك نییه، كه ناوی كورده، به‌ڵكو ئه‌و له‌رێی ئه‌م وێنه بچووكه‌ی جینۆسایده‌وه ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌تر پیشان بدات، كه وێنه‌ی جینۆسایدكردنی ته‌واوی مرۆڤایه‌تیه له لایه‌ن دیكتاتۆره‌كانه‌وه.
دیدی نوێ و رۆمانی نوێ
ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا له‌سه‌ر زاراوه‌ی (رۆمانی نوێ) بوه‌ستین ده‌بینین بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌م زاراوه‌یه له فه‌ره‌نسا و له‌ساڵی 1939 و له‌سه‌ر ده‌ستی (ناتالی ساروت)ه‌وه له كتێبی (هه‌ڵچوونه‌كان) خرایه‌ڕوو، به‌ڵام ئه‌م زاراوه‌یه بۆ ئه‌ده‌بی كوردی نوێیه به‌و پێیه‌ی تا ئێستا (وه‌ك هه‌ندێ له لێكۆڵه‌ران رایانوایه) رۆمانی كوردی نه‌یتوانوه شكڵی خۆی وه‌ربگرێت، كه من به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا نیم. شكڵوهرگرتنی رۆمانی كوردی به زۆری ژماره‌ی رۆمان نییه، به‌ڵكو به بوونی تێكستی جوان و گێڕانه‌وه‌ی سه‌رسامكه‌ره، كه ئێمه له پاش راپه‌ڕین ده‌توانین نموونه‌ی (به‌ختیار عه‌لی، عه‌تا محه‌مه‌د، جه‌بار جه‌مال غه‌ریب، عه‌تای نه‌هایی، كاروان كاكه سوور، ماردین ئیبراهیم و سه‌ڵاح عومه‌ر) چه‌ند نووسه‌رێكی تر بهێنینه‌وه.
ناتالی سارووت له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌سه‌ر رۆمانی نوێ ده‌ڵێت: له رۆمانی نوێ‌دا بابه‌ته‌كه خۆی له خۆیدا گرنگ نییه، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و شێوه‌و فۆرمه‌یه، كه ژیان به بابه‌ته‌كه ده‌به‌خشێت تا بگاته خوێنه‌ر. ئه‌گه‌ر له‌م قسه‌یه‌ی سارووتهوه سه‌یری رۆمانی زه‌ریای تابووته سپییه‌كان بكه‌ین ده‌بینین شێوه‌و فۆرمه‌كه ژیانی به تێما سه‌ره‌كییه‌كه كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك له‌رێی خولقاندنی وێنه سوریالیهكانهوه بگاته خوێنه‌ر هه‌ر بۆیه یه‌كێك له ئیشكایاتهكانی ئه‌م رۆمانه ئه‌وه‌یه، كه به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی نه‌گێڕدراوه‌ته‌وه، به‌ڵكو وه‌ك له به‌شی پێشووتردا ئاماژه‌م بۆكرد گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه‌دا چه‌ند بۆ چنین و دروستكردنی وێنه‌یه‌كی گشتگیره، هاوكات بۆ تێكشكاندنی وێنه‌یه‌كی ئاسۆیی گێڕانه‌وه‌یه، كه پێشتر له دنیای كوردییدا كاری له‌سه‌ر كراوه، یان كه خوێنه‌ر به‌رامبه‌ر جۆرێك ده‌ق هه‌یبووه، كه ناوی (رۆمان)ه. بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌یه‌وێت رۆمان بنووسێت. هاوكات خه‌ونی ئه‌وه‌شی هه‌یه ئه‌و رێسایانه تێكبشكێنێت، كه ده‌بنه هۆی دروستبوونی رۆمان و ده‌یه‌وێت به كه‌ره‌سته‌ی خۆی رۆمان دروست بكات. به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و دێت و سوود له ته‌كنیكه‌كانی شانۆ و دراما وه‌رده‌گرێت. هه‌ر بۆیه ئه‌مه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌زبه‌ركردنی ئه‌م كاره ره‌نگه له‌لایه‌ن به‌شێك له خوێنه‌رانه‌وه قورس بێت، به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی ئه‌م تێكسته لای خوێنه‌ر ده‌هێڵێته‌وه ئه‌و دیدگا و روئیایهیه بۆ بینینی ده‌قی نوێ، واته تا دیدێكی نوێمان بۆ خوێندنه‌وه‌ی تێكست نه‌بێت ره‌نگه قورس بێت ئه‌م تێكسته وه‌كو رۆمان ئه‌زبه‌ر بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر ئێستا پرسیار له‌وه بكه‌ین نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا گرنگی به‌چی داوه، كامه‌یه ئه‌و به گرنگییه‌وه خستوویه‌تییه به‌ر زوومی گێڕانه‌وه‌كه‌ی؟ ئایا ئه‌وه ته‌نها مرۆڤی كورده، كه بۆ رزگار گرنگه، یان ناساندنی كاره‌ساتێكه، كه مرۆڤی كوردی تێدا قڕكراوه. به‌ر له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه به قسه‌یه‌كی (ئالان رۆب گرێ) بكه‌م له‌باره‌ی رۆمانی نوێوه و ئه‌و شتانه له‌نێویدا گرنگن. ئه‌و ده‌ڵێت: “رۆمانی نوێ ته‌نها گرنگی به مرۆڤ و شوێنی له جیهاندا ده‌دات”. له‌م قسه‌یه‌ی “رۆب گرێ”وه ره‌نگه زیاتر ئه‌وه روون بێته‌وه، كه رزگاریش به‌هه‌مان تێڕوانینه‌وه بونیادی رۆمانه‌كه رۆناوه و ئه‌وه‌ی ئه‌م نووسه‌ره زیاتر ده‌كات به رۆمانووسێكی هیومانیستی ئه‌وه‌یه، كه به ته‌نها مرۆڤی كوردی بۆ گرنگ نییه، به‌ڵكو ئه‌و مرۆڤی كورد وه‌كو بوویه‌كی گه‌ردوونی ده‌بینێت له‌نێو جیهانێكی جه‌نجاڵدا، كه دواجار كرده‌ی جینۆسایدیش به‌رهه‌می ئه‌و جیهانه نوێیه‌یه.
ره‌نگه زیاده‌ڕه‌وی نه‌بێت، كه ئه‌م كاركردنه‌ی رزگار له رۆمانی زه‌ریای تابووته سپییه‌كاندا به ئه‌زموونێكی نوێی رۆمانی كوردی پاش راپه‌ڕین دابنێین، به‌ڵام ئه‌زموونێك، كه هێشتا پێویستی به كامڵبوون و كاركردنی زیاتره. به جۆرێك ناتوانرێت له‌م تاكه رۆمانه‌وه مژده‌ی ئه‌وه بده‌ین، كه شێوه‌یه‌كی تر له گێڕانه‌وه و فۆڕمێكی تری رۆمان ده‌ستی پێكردووه. بۆیه هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی ئه‌م نووسه‌ره له بواری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا ئه‌م بۆچوونه‌مان لا روون ده‌كاته‌وه. به‌ڵام هه‌ر ئاماده‌یی ئه‌م دیدی نوێیه سه‌ره‌تایه‌كی باشه بۆ هاتنه كایه‌ی ئه‌زموونێكی نوێی رۆمانی كوردی.
ئه‌نجام
له كتێبی (هونه‌ری رۆمان)دا میلان كۆندێرا ده‌ڵێت: “رۆحی رۆمان، رۆحی درێژه پێدانه”. له‌م رسته‌یه‌وه ده‌توانین بچین بۆ ئه‌وه‌ی كه گه‌شه‌كردنی به‌رده‌وامی رۆمان له جیهاندا بۆ ئه‌و رۆحی به‌رده‌وامییه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به جۆرێك له پاش دۆنكیشۆتهوه، به ده‌یان و جۆری تری گێڕانه‌وه په‌یدا بوون و به‌رده‌وامیش گه‌شه‌ی سه‌ند و هاوكات لای فرانتز كافكا گێڕانه‌وه‌ی فه‌نتازی گه‌یشته ترۆپ و لای گابریل گاریسیا ماركیز ریالیزمی جادوویی به باڵاترین ئاست گه‌یشت. هه‌ر بۆیه رۆحی به‌رده‌وامییه كه رۆمانی كوردی له پاش راپه‌ڕین هه‌م ئه‌زموونی نوێی ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی به‌رهه‌م هێنا و هه‌م رۆمانی نوێیشی پێناساندین و ئه‌م رۆمانه‌ی رزگار حه‌مه ره‌شید نموونه‌ی ئه‌زموونێكی نوێی رۆمانه.
لێره‌دا به‌ر له‌وه‌ی دوا خاڵێك بۆ ئه‌م نوویسنه دابنێم ده‌مه‌وێت چه‌ند خاڵێكی گشتی وه‌كو دوا ده‌رئه‌نجام له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه بخه‌مه‌ڕوو:
1- گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه‌دا گێڕانه‌وه‌یه‌كی په‌رت په‌رت كراوه و له‌سه‌ر یه‌ك ریتمی ئاسایی ناڕوات به جۆرێك، كه نووسه‌ر له‌و وێنه پچڕپچڕانه توانیویه‌تی وێنه‌یه‌كی نوێی گه‌وره دروست بكات، كه ئه‌وه‌ش به هێزی ئه‌و هێڵه حیكائیه كراوه، كه له پشت گێڕانه‌وه پچڕ پچڕهكهوه ئاماده‌یی هه‌یه.
2- به دیكردنی گێڕانه‌وه‌ی كۆڵاژكراو، كه جۆرێك له گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو، كه به‌شێوه‌ی كۆلاژی چه‌ند شتومه‌كێكی جیا ده‌چێت، بۆ نموونه له بونیادی ئه‌م رۆمانه‌دا سوود له ته‌كنیكی دراما و شانۆ و چیرۆك بینراوه، ئه‌مه بێجگه له‌و زمانه شیعرییه‌ی به‌سه‌ر به‌شێك له فه‌زای رۆمانه‌كه‌دا زاڵه.
3- خاڵی جه‌وهه‌ری له‌م رۆمانه‌دا قسه‌كردنه له‌سه‌ر جینۆساید له فۆرمێكی نوێ و گه‌ردوونیدا، نه‌ك به شێوه‌یه‌كی لۆكاڵی، كه ئه‌مه به‌لای منه‌وه خاڵێكی دره‌وشاوه‌یه له‌م رۆمانه‌دا.
4- كورتبڕی له ده‌ربڕین و پیشاندانی وێنه‌كاندا به جۆرێك، كه له هه‌ندێك شوێندا خوێنه‌ر ده‌بوو خۆی ئه‌و وێنه‌یه ته‌واو بكات، یان خۆی به‌دوای كامڵكردنی رسته‌كاندا بچێت. میلان كۆندێرا له شوێنێكدا ده‌ڵێت: ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به كورتكردنه‌وه ره‌نگدانه‌وه‌ی راستگۆییانهی ئه‌م سه‌رده‌مه نوێیه‌یه. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كۆندێرا باسی ده‌كات بۆ كورتكردنه‌وه و هه‌نگاونان به‌ره‌و روانگه‌یه‌كی مینیمالیزمی هه‌نگاوێكی دروسته له‌م سه‌رده‌مه جه‌نجاڵه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر به كورتترین وێنه و كه‌مترین وشه په‌یامه‌كه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌م رۆمانه‌دا ئه‌م كورتكردنه‌وه له راده‌به‌رده‌ر له زۆر شوێندا به زیانی كۆی تێكسته‌كه شكاوه‌ته‌وه.
5- رۆمانی زه‌ریای تابووته سپییه‌كان، له‌و رۆمانانه‌یه، كه زمانه‌كه‌ی به‌هۆی بوونی ئه‌و شیعریه‌ته تێیدا خوێنه‌ر بێزار ناكات و دوای چه‌ندینجار خوێندنه‌وه خوێنه‌ر هه‌ست به ماندووبوونی خۆی ناكات، كه من ئه‌مه به خاڵێكی جه‌وهه‌ری ئه‌م رۆمانه ده‌زانم.
6- بوونی فره ته‌كنیكی له گێڕانه‌وه‌و گه‌یاندنی په‌یامه‌كاندا ئه‌مه یه‌كێكه له خاڵه دره‌وشاوه‌كان و پیشاندانی چه‌ند رسته‌یه‌كی پچڕ پچڕ له كه‌رته ئاوێنه شكاوه‌كاندا ئه‌مه یه‌كێك بوو له ته‌كنیكه جوانه‌كانی ئه‌م رۆمانه، كه پێشتر ته‌نها لای عه‌تا محه‌مه‌د له رۆمانی گه‌شته تیوارهكانی میر به ته‌نیاییدا كاری له‌سه‌ر كراوه. به جۆرێك كه عه‌تا پارچه‌یه‌ك نووسینی به ئاوه‌ژوویی داناوه و خوێنه‌ر ته‌نها ده‌توانێت له‌به‌ر ئاوێنه‌دا دروستهكهب بخوێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای رزگار به‌دی ده‌كرا كه‌رته رسته‌كان بوون له‌نێو ئاوێنه شكاوه‌كاندا، كه ئه‌مه‌ش ده‌توانین دیسان وه‌كو گوزارشتێكی تری گێڕانه‌وه‌ی پچڕ پچڕ لێك بده‌ینه‌وه.