
كه‌ڵه‌ك، درزێك له ماڵه‌كه‌ی پارتی … عه‌زیز ڕه‌ئووف
هه‌میشه درزێك هه‌یه. بێده‌نگی توانای شاردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌لێنه‌ی نیه. كه‌س نه‌یده‌وت تونس شۆڕشی تیا ڕوو ده‌دات. دواجار شۆڕش ڕویدا و زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌شی گرته‌وه. بێده‌نگی نه‌وه‌یه‌ك له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكدا تاسه‌ر نابێت.
به‌دوبه‌یكردنی پایته‌خت كۆمه‌ك به ناوچه په‌راوێزخراوه‌كان ناكات. نه‌وه‌یه‌ك هه‌یه كۆشك و مۆڵ و ڤیستیڤاڵه‌كان خه‌ونه‌كانی تێر ناكات. نه‌وه‌یه‌ك هه‌یه بێئومێده له ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌قام، نه‌وه‌یه‌ك هیچی نیه بیدۆڕێنێت. به‌دوبه‌یكردنی هه‌ولێر كۆمه‌ك به گه‌نجانی ناحیه‌ی كه‌ڵه‌ك ناكات.
كه‌ناڵگه‌لێكمان هه‌یه مه‌رامیان ڕوونه. (ڕووداو) به‌خۆی و تڕو تفاقیه‌وه له سه‌ید سادق ئاماده‌یه كه‌چی له كه‌ڵه‌ك خواخوایه‌تی خۆپشاندانه‌كه ته‌واو بێت، ده‌ستی كه‌شه‌فه. (گه‌لی كوردستان) ڕاسته‌وخۆ له كه‌ڵه‌ك بوو، به‌ڵام له سه‌یدسادق ده‌گه‌ڕا بۆ هه‌ڵه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن تا پێیان بڵێت ده‌ستی له پشته‌وه‌یه. ئۆپۆزسیۆن وه‌ك جاران نایكاته هه‌ڵا، ئیشێكی به‌م ئیشه هه‌یه. دووڕوویه‌كه ئه‌وه‌نده ڕوونه منداڵیش هه‌ستی پێ ده‌كات.
پارتیه‌كان بۆ ئیدانه‌كردنی خوێنی كاوه گه‌رمیانی له سه‌فی پێشه‌وه ئاماده‌ن، بۆ سه‌رده‌شت عوسمان ده‌ستیان له گیرفانیان ناوه و به‌ناوه گوێیان له هیچ نیه. یه‌كێتیه‌كان نایه‌نه ڕیزه‌وه بۆ خوێنی كاوه گه‌رمیانی، كه‌چی له ناڕه‌زاییه‌كانی زۆنی زه‌رد ئاماده‌ن، بانێكه و دوو هه‌وایه.
پارله‌مانتارانی پارتی نوێنه‌ری گه‌لن له له سه‌ید سادق و ده‌نگیان دلێره، ئه‌ی بۆ ناحیه‌ی كه‌ڵه‌ك وان؟ بۆ نه‌چوون بۆ ناحیه‌ی كه‌ڵه‌ك له‌و نزیكه‌وه؟ به‌م دووڕوویه‌وه پارله‌مانتاری ده‌كرێت؟ نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل به‌م جۆره له مه‌خلوق بسپێریت گورگ ده‌یانخوات.
ئه‌وه‌ی له كه‌ڵه‌ك ڕووده‌دات هه‌مان خه‌ونی سه‌یدسادقیه‌كانه، هێزه‌كان به ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌م نه‌وه‌یه ناگه‌ن، ئه‌م نه‌وه‌یه هه‌موو هێزه‌كان ده‌ناسن. ئومێدیان به پارله‌مان نه‌ماوه، نیگه‌رانی ده‌گوازنه‌وه شوێنێكی تر، سه‌ر شه‌قام. ئه‌وه‌ی له كه‌ڵه‌ك ڕوو ده‌دات درزێكی گه‌وره‌یه له‌و دیواره‌ی پارتی دروستی كردووه و به‌ناوه دیوارێكی پته‌وه. به‌ڵام له هه‌ر چركه‌یه‌كدا شایه‌نی ڕووخان و درزتێبوونه. ئه‌و دیواره‌ی پارتی دروستی كردووه دیوارێكه كه‌لێنی زۆری تیایه. ئه‌م كه‌لێنانه تاسه‌ر مكیاج ناكرێت، ڕۆژێك ڕوخسار و شێوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌وه‌ی له كه‌ڵه‌ك و سه‌ید سادق ڕوو ده‌دات هه‌مان خه‌ونه، درزێك ده‌خاته نێو زۆنه‌كانه‌وه. ئه‌مه بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه و پێویستی به‌وه نیه باس له ده‌سته‌كانی پشتی بكرێت. ئه‌وه‌ی له پشت ئه‌م نه‌وه‌یه‌وه‌یه خۆیانن، ته‌نها خۆیان و به‌س.