Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
پۆرتره‌یتی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

پۆرتره‌یتی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

Closed
by January 7, 2014 گشتی

 


نڤیسه‌ر، هۆزانڤان، ڕۆژنامه‌وان، توێژه‌ر

 

 

    وێچی كه‌م ڕۆژنامه‌نووس هه‌بێت! وێنه‌ی ئه‌م! له‌ شاشه‌ی تیڤییه‌كانه‌وه‌ ئاماده‌یی هه‌بێت و، لێدوان و ئێنته‌ڤوویه‌ یه‌ك له‌سه‌ر ئێكه‌كانی! ده‌ سه‌ر پرسی ڕۆژه‌ڤ بدا و سڵ له‌ هیچ نه‌كاته‌وه‌، ڕۆژنامه‌نووسێكه‌ بۆ هه‌موو پرسه‌كان قه‌سه‌و شرۆڤه‌ی خۆی هه‌ن و، زۆر جاریش بووه‌ له‌ پێگه‌یه‌كدا بووه‌، كه‌چی هه‌رمینا خودی خۆی لێدوانه‌كه‌ی داوه‌و پێگه‌كه‌ی خۆی به‌ كار نه‌هێناوه‌ بۆ پرسه‌كه‌و، بوێرانه‌و ئازایانه‌ بۆچوون و ڕه‌ئی خۆی ده‌ربڕیوه‌و هیچی وه‌رنه‌شاردووه‌ته‌وه‌. ده‌یگوت:  

_كۆمه‌ڵه‌ بوومه‌و، ڤێگاڤێش چه‌پێكی نه‌ته‌وه‌یی. گوتم:  

_چه‌پی نه‌ته‌وه‌یی چلۆن؟ گوتی:  

_وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ ده‌مێكی دی هه‌ڵده‌گرین. 

ئه‌و هه‌ر چه‌نده‌ له‌ نێوان دۆست و براده‌ره‌كانیدا به‌ له‌تیف بێباك ناسراوه‌، چه‌ندان نووسینیشی به‌م ناوه‌ و ناوی دیكه‌وه‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ناوی ته‌واوی (له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج)ه‌ و له‌ ئیزمیری باكووری كوردستانه‌وه‌ هاتوون و، له‌ ناوچه‌ی شوان جێگیر بوون. ساڵی (1970) له‌دایك بووه‌، سه‌ره‌تایی له‌ خه‌له‌كان و، قۆناخی ئاماده‌یی له‌ چه‌مچه‌ماڵ به‌كۆتا هێناوه‌. گوتم:  

_له‌ چه‌ند ساڵییه‌وه‌ كه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌ده‌ب و كتێبی ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌؟  واتی:

_ زۆر ئایل بووم! هه‌ر ده‌ دوانزه‌ ساڵانێك ده‌بووم، دواتر وتی:

_ ده‌زانی شیعره‌كانی قانع زۆر كاریگه‌رییان له‌سه‌رم بووه‌و، زۆربه‌ی هۆزانه‌كانی قانعم له‌به‌ر كردوون؟! گوتم:

_  ساڵی چه‌ند ده‌ستت وه‌ نووسین كرد؟ گۆت: 

_ ساڵی (1982) گوتم: 

_ چه‌ند كتێبت هه‌نه‌؟  گۆت:

_ (22) گوتم:  

_كه‌نگێ زه‌واجت كرد؟  گۆت:

_ (1988) . 

خێزانه‌كه‌ی ناوی (مه‌رجانه‌) و دا ناوه‌ندی خوێندووه‌ و به‌ خۆشه‌ویستیش نه‌یهێناوه‌و، چوار مناڵیان هه‌یه‌:  به‌ڕێز دووی ناوه‌ندی، ڕاز پێنجی سه‌ره‌تایی، نازیش یه‌كی به‌رایییه‌، ڕه‌واشیان ساوایه‌. ئه‌و هێنده‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆشگه‌ره‌كه‌،  ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌می وا! ماره‌ی كردو خواستی و بوون به‌ ژن و مێرد، هه‌ر مه‌رجان هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه‌. له‌ ماڵیشه‌وه‌ یارمه‌تی مه‌رجان ده‌دا، به‌ڵام گوتی:  

_نازانم چێشت لێ بنێم. 

حه‌زیشی به‌ ساوه‌ر و شله‌ی بامێیه‌.كوتم:

_به‌ر له‌وه‌ی مه‌رجان بخوازیت گیلفرێندو كه‌پڵ و خۆشه‌ویستت بووه‌؟ گۆت:

_به‌ر له‌وه‌ی هاوسه‌رگیری ئه‌نجام بده‌م، نایشێرمه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌كی به‌ربڵاو و گراوی و ده‌نكێكی زۆرم بوون؟!  به‌س له‌ یه‌ك گاڤدا دوو خۆشه‌ویستم نه‌بووه‌. 

به‌ڵام ئه‌مه‌ پاساو نییه‌، كه‌ له‌ یه‌ك تاودا دوو كه‌پڵی نه‌بووبن؟ ئه‌و گوتی: 

_له‌و ده‌مه‌شه‌وه‌ زه‌واجم كردووه‌. تا ئێستاكانێ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی خۆشه‌ویستیم نه‌بووه‌!

لێ به‌ڵگه‌ هه‌س! موساره‌حه‌ی ئافره‌تی كردووه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ كاتێكی تری هه‌ڵده‌گرم. گوتم: 

_ئه‌گه‌ر كچێك داوای په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی لێكردی وه‌ڵامت چی ده‌بێ؟  واتی: 

_دڵی ناشكێنم !

 به‌ڵام پێشتر ده‌یه‌گوت (له‌دوای زه‌واجه‌وه‌ په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیم نه‌بووه‌!) ئه‌مه‌یان بۆ مه‌رجان خانی هاوسه‌ری!  پێناسه‌ی عیشق به‌لای وییه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی قوڵه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی مرۆ، عیشقیش مه‌جازی و حه‌قیقییه‌. به‌ڵام ده‌رباره‌ی ماچ جوانی گوت: 

_هه‌موو ئه‌و ماچانه‌ی به‌ترسه‌وه‌ ده‌كرێن هه‌زار ماچی ئاسایی دێنن.  

زۆربه‌ی ڕۆژه‌كانی ساڵ جلكی كوردی ده‌پۆشی و ته‌زبیحی ئه‌بڵه‌قی (200) ده‌نكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ئه‌و ئێژێ: 

_ته‌زبیح به‌شێكه‌ له‌ كولتووری كوردی. 

بڕوای به‌ پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ركووك و، په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی گوشاد و به‌رفراوانی هه‌یه‌، ئه‌وه‌شی گوت:  

_گڕوگه‌رمییه‌كه‌ی كه‌ركووكم له‌ كه‌ش و هه‌وای ئه‌وروپا پێ خۆشترن. 

خه‌ون و هیڤی ئه‌وه‌یه‌ پاركێكی مه‌زن له‌ كه‌ركووك بێته‌ دروست كردن و، په‌یكه‌ری هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی كه‌ركووكی تێدا بێت. جوانترین كه‌سایه‌تی به‌لای ئه‌وه‌وه‌ جیڤارایه‌ و، وه‌رزش ناكا، سه‌رسامه‌ به‌ یاریزان میسی و، هانده‌ری یانه‌ی ڕیال مه‌دریده‌ و، ئاواتی ئه‌وه‌یه‌ پێنجینه‌یه‌ك له‌سه‌ر كه‌ركووك بنووسێ و هێڵه‌ سه‌ره‌تایییه‌كانی كێشاوه‌و،  له‌ پێنج به‌رگدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌و، ده‌یه‌كوت:

_هه‌ر به‌رگه‌ی (200) ڕووپه‌ڕه‌. 

حه‌زی به‌ دارو ده‌خت و سه‌وزایی هه‌یه‌و، واتش:

_ سه‌ره‌ڕای جوانی و، خه‌مڵاندنی سروشت،  ژینگه‌ پاكژده‌كاته‌وه‌.

وازی به‌ باڵنده‌و فڕنده‌و په‌له‌وه‌ر مه‌لیچك نییه‌و، له‌ ماله‌وه‌ش ڕاگیریان ناكات. چاو له‌ دراما توركی و كوورییه‌كان ناكاو، لێ به‌رده‌وام سه‌یری فیلم ده‌كا، ده‌نگی ناسازه‌و، زایه‌ڵه‌ی له‌یلای فه‌ریقی پێخۆشه‌، ئیتالیا و به‌ریتانیا و توركیا و ئێران و ئوردن گه‌ڕاوه‌، پشكداری فیستیڤال و كۆنفرانسه‌ نیوده‌وله‌تییه‌كان بووه‌و، له‌ سه‌ر پرسی ئه‌نفال كاری چاكی پێشكێش كردووه‌. گوتم:  

_ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ تافی لاوی، واتی:

– كاری ڕۆژنامه‌نووسی ناكه‌م، به‌ ته‌نێ هه‌ر مژوولی ئه‌ده‌ب ده‌بم. 

مه‌ی نۆشه‌و، قێز و بێزی له‌ سیگار كێشان ده‌بێته‌وه‌. بورجه‌كه‌ی كه‌وانه‌ و، جار جاره‌ش چاوی لێده‌كا، به‌ڵام بڕوای پێ نییه‌. ڕه‌نگه‌كانی هه‌موو لا شه‌نگن و، شه‌و و ڕۆژ بخوێنێته‌وه‌ بێزار نابێت. ئێستێ سكرتێری لقی كه‌ركووكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌. زمانه‌یلی كوردی و عه‌ره‌بی به‌خۆندنه‌وه‌و نووسین ده‌زانێت و پیچه‌كیش فارسی و ئینگلیزی قسان ده‌كا. فه‌یسبووكی هه‌یه‌و به‌رده‌وام بابه‌ته‌كانی خۆی تییدا به‌خش ده‌كات. شۆفیری كه‌مۆكه‌یه‌ك ده‌زانێ و ده‌یه‌كوت: 

_ده‌ترسم و نازانم به‌باشی بئاژووم! 

ره‌وشی دارایی نۆرماڵه‌. 

پیاوێكی به‌ژن مامناوه‌ندی و هه‌موارو قسه‌ خۆشه‌، چه‌ندێ ده‌گه‌ڵی ڕۆنیشی واده‌زانی نوێ دانیشتووی. 2012

ئا: حه‌مه‌سه‌عید زه‌نگنه‌
Previous
Next