بینه‌زیر بووتۆ، کچه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵات
نیوه‌ڕوانێکی پاییزی 2007، خۆم کرد به کتێبخانه‌که‌ی گه‌ره‌کی وودگرین(Woodgreen)ی شاری له‌نده‌ندا، بۆ ته‌ماشاکردنی ڕۆژنامه و کتێب و چوونه‌نێو ئینته‌رنێته‌وه. له‌نێو یه‌کێک له ڕه‌فه‌کانی کتێبه‌کاندا، کتێبێ”کچی ڕۆژهه‌ڵات – Daughter of the East “ی بینه‌زیر بووتۆ(Benazir Bhutto)م به‌رچاوکه‌وت. ده‌سبه‌جێ هه‌ڵمگرت و بڕیارمدا قه‌رزی که‌م. بووتۆ، پاش چه‌ندین ساڵ دوورکه‌وتنه‌وه له وڵات و ژیانی تاراوگه، ئه‌و پاییزه، تازه گه‌ڕابووه پاکستان و وه‌ک سه‌رکرده‌ی پارتی گه‌لی پاکستان، ده‌یویست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی وڵاته‌که‌ی بکات و سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ستبهێنێ و حیزبه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست و بۆ خۆیشی ببێته سه‌رۆکی وڵات. کتێبه‌که‌م هه‌ڵگرت و چوومه به‌رده‌م ئه‌و کارمه‌نده‌ی، که ده‌بوو ته‌ماشای کارتی کتێبخانه‌که‌م بکات و له کۆمپیووتهرهکهیدا ناوم تۆمار بکات و کاغه‌زێکم بداتێ، که تا چه‌ند ڕۆژان ده‌توانم ئه‌و کتێبه قه‌رز که‌م. له کاتی خه‌ریکبوونی به‌و کارانه‌یه‌وه، ئه‌و، که کتێبه‌که‌ی بینی، پرسیاری ئه‌وه‌ی لێکردم، که ئایا خانمی بووتۆ له هه‌ڵبژاردنی پاکستان‌دا ده‌یباته‌وه یا نا! هه‌روا ده‌یویست بزانێ من چۆن ده‌ڕوانمه ئه‌و پرسه. منیش له دڵی خۆمدا و له سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی، که خانمی بووتۆ، سیاسه‌تکارێکی کارامه و کاریگه‌ره و ژنه و سه‌رۆکی پارتییه‌کی گهلێره و کچی زولفه‌قار عه‌لی بووتۆیه، که سه‌رۆکی حوکوومه‌ت بووه له پاکستان و پیاوێکی گه‌لێر و خۆشه‌ویست بووه و له ئه‌نجامی کوودێتایه‌کی سه‌ربازیدا، له ده‌سه‌ڵات لابراوه و و له لایه‌ن دیکتاتۆرێکه‌وه هه‌ڵواسراوه، ئیدی بێ سێ‌ودوو لێکردن و زۆر به دڵنیاییه‌وه، له وه‌ڵامی ئه‌ودا، گوتم: به‌ڵی بێگومان گه‌لی پاکستان ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن و هه‌ڵده‌بژێردرێ و ده‌یباته‌وه و ده‌سه‌ڵاتیش ده‌گرێته ده‌ست! ئه‌و گوێی لێگرتم، لێ به قسه‌کانی من قایل نه‌بوو و گوتی: نه‌خێر، هه‌رگیز له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا نایباته‌وه، به‌ڵکه دهدۆڕی، چونکه ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه و خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ی بووتۆ، هه‌رگیز ڕێگه به ژنێک ناده‌ن، ببێته سه‌رکرده‌یان، ئه‌و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنه ده‌دۆڕێ. من هه‌ر سوور بووم له‌سه‌ر قسه‌که‌ی خۆم و پێموابوو، ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ێڵێ وانییه و وا نابێ. ئه‌و کارمه‌نده بۆ خۆی ئینگلیز و بریتانی بوو، لێ به ڕه‌گ و ڕه‌چه‌ڵه‌ک، خه‌ڵکی ئه‌فریقا بوو.
بینه‌زیر بووتۆ، کچی ڕۆژهه‌ڵات بوو، لێ نه‌ک هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتێک، ئه‌و کچی وڵاتێک بوو، که هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری و جیاوازیی چینایه‌تیی و ڕۆڵی ئایین و نه‌ریتی هۆز و خێڵ، تێیدا زاڵ و سه‌رده‌سته. ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئه‌وی تێدا مه‌زن بووبوو، وه‌ک زۆرێک له جڤاکه ئیسلامییه‌کان و ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌کان، جیاوازییه‌کی زه‌ق و یه‌کجار مه‌زن، له‌نێوان نێر و مێدا ده‌کات. نێر، به هه‌موو ناته‌واوی و بوودهڵهییهکیهوه، هه‌میشه، له‌و جڤاکانه‌دا، له مێ، هه‌رچه‌نده، توانا و لێهاتوو و داهێنه‌ریش بێت، له پێشتره. نێر، هه‌میشه، قسه‌ڕۆیشتوو و زاڵ و خاوه‌ن بڕیار و پله یه‌که و مێ، گوێڕایه‌ڵ و پله دووه. سه‌ره‌داوی ئه‌و لهپێشبوونه و هۆکاره‌کانی، بنه‌مایه‌کی ئایینیی هه‌یه و له گوتاری ئیسلامی‌دا، به هه‌موو ڕێباز و باڵه‌کانییه‌وه، ده‌بیسرێ و ده‌بینرێ و زاڵه. ئایین، له‌و وڵاتانه‌دا، ئه‌گه‌ر بنه‌مای قانوون و به‌ڕێوه‌بردن و کارگێڕی و هزری، سه‌رخانی وڵاتیش نه‌بێت، بنه‌مای هزر و ڕێسا و نه‌ریت و بنگه‌ی قانوونهنهبینراوهکانی نێو جڤاکه‌کان و مرۆڤه‌کانه. مرۆڤ، له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا، ئێستاش، به کاریگه‌ری شێخێکی ته‌ریقه‌ت و مورشیدێکی ئایینی و بانگخوازێکی توندڕۆی قورمیشکراو، پێوه‌ندی خوێن و خزمایه‌تی و خێڵ و مه‌لایه‌کی نامه‌لا، هه‌رچی جوانییه ده‌کوژێ و کۆمه‌ڵگه‌ت بۆ سه‌روژێر ده‌کات. هه‌رچی کتێبێ فه‌لسه‌فه‌ی جیهانه، ناتوانێت، هێنده‌ی قسه‌یه‌کی بێ‌واتا و بێتام و دوور له ڕاستی و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ زانست و واقیع و ژیاندا، که له زاری شێخه‌که‌ی، ڕێبه‌ره ئایینییه‌که‌ی، سهرخێڵهکهی دێته ده‌رێ، کاری تێ بکات. فه‌توایه‌کی دژه‌مرۆڤی توندڕۆیهکی نێو بازنه‌ی ئایین و هۆز، تاریکستانێک ده‌ئافرێنێ و ڕه‌وتی ژیان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات و دۆزه‌خێک ده‌سازێنێ. هه‌رچه‌نده بزاڤی ماف و یه‌کسانیی ژنان، له هه‌ندێ جڤاک و وڵاتی ئیسلامی‌دا، پێشڤه‌چوونێکی بڕێک له‌به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه دیوه، لێ هێشتا له قۆناخی گاگۆڵکێدایه و نه‌یتوانیوه، له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێ و یه‌کسانی و چوونیه‌کیی وه‌ده‌ستبهێنێت. بێجگه له‌وه‌ی نه‌ریت و ئایین و کۆنه‌پارێزانی نێو ئه‌و جڤاکانه، وه‌ک ترسێک له، له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی پیاو و زاڵبوونی کۆمه‌ڵیک چه‌مکی نوێخوازی و تازه‌گه‌ری و دژه‌باو، دژایه‌تی هه‌موو ئازادییه‌کی ژنان ده‌که‌ن، ساڵانێکیشه، به هۆی دابه‌شکردنی جیهان، له لایه‌ن ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکاوه، به سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌کدا “ئێمه و ئه‌وان” و زاڵبوونی ڕه‌وتی توندڕۆی ئایینی، له وڵاتانی ئیسلامی‌دا، وه‌ک په‌رچه‌کردارێک بۆ ده‌ربڕینی دژایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی ڕۆژاوا، ده‌رفه‌تی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ژنان و ڕکابه‌رییان له‌گه‌ڵ پیاواندا، بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافی زیاتر و پایه‌ی زیاتر و باڵاتر، که‌متر و لاواز کردووه و ئه‌گه‌ر بڕێک پێشکه‌وتنی وه‌ده‌ستهێنابێ، ئه‌وا ئێستا. له‌و جڤاکانه‌دا، له پاشه‌کشه‌دایه. له هیندستان و به‌نگلادیش و سریلانکا و پاکستانیش، ژن له سه‌رده‌مێکدا بووه‌ته، خودان ده‌سه‌ڵات و پایه‌ی باڵای له ده‌سه‌ڵاتدا وه‌رگرتووه و هه‌ر خانمی بووتۆ بۆ خۆی، پێش هه‌ڵهاتنی له پاکستان، ده‌سه‌ڵاتدار بوو، لێ ئه‌و جڤاکانه، به‌و بنگه هزری و دیده داخراوه ئایینییه‌وه، هه‌رگیز نه جێی بڕوایه به ڕێگه‌پێدانی ژنان و نه ده‌شتوانێت، که‌سێکی وه‌ک بووتۆ، له‌نێو ئه‌و هه‌موو توندڕۆ و ئازادیتاسێن و دژهیهکسانیانهدا، به ڕێبه‌ری وڵات بناسێت. له‌وه‌ها جڤاکگهلێکدا، به کوردستانه‌که‌ی خۆمانیشه‌وه، هێشتا سووکایه‌تیکردن به ژن و کوشتنیان له‌سه‌ر ساکارترین هۆ و هاسانترین کێشه، له‌کن پیاوان، ئاسانترین کارێکه، که ڕۆژانه ئه‌نجام ده‌درێ. پیاوان، له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا، ته‌واوی ئه‌وه‌ی به ژنانی ڕه‌وا نابینن، به زیاده‌وه، بۆ خۆیانی وه‌ک مافێکی سروشتی، ڕه‌وا ده‌بینن و ئه‌گه‌ر ژنێکیش، به شێوه‌یه‌ک به موو له گوێڕایه‌ڵییان لایدا، ئیدی چاره‌نووسی، ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه و ئه‌وه پیاوه، که ئیدی بڕیاری به‌سه‌ردا ده‌دا و ڕه‌نگه بۆ هه‌میشه، نقی ببڕێ.
پاش نیوه‌ڕۆیه‌کی زستانێکی ساردی سوێد، ده‌وروبه‌ری سه‌عات سێ، له ژوورێکی ماڵه‌وه له ستۆکهۆڵم، ده‌رکه‌وتم و چوومه ژووری دانیشتنه‌وه، جووکهیهک له مۆبایله‌که‌مه‌وه هات. که سه‌یرم کرد، نامه‌یه‌ک بوو له “ناز”ی کچمه‌وه، که له‌و کاته‌دا له ده‌رێ بوو، ده‌ڵێ:”بابه، ده‌زانی بینه‌زیر بۆتۆ کوژرا! ته‌ماشای ته‌له‌ڤزیۆن بکه!”. ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌م پێ‌کرد و خستمه سه‌ر یه‌کێک له که‌ناڵه‌کان، هه‌واڵی کوشتنی بووتۆ، نوێترین و گه‌رمترین هه‌واڵ بوو، که په‌خش ده‌کرایه‌وه و شیکاریی بۆ ده‌کرا. ڕۆژی پێنجشه‌ممه 27ی دیسه‌مبه‌ری 2007، بینه‌زیر بووتۆی کچی ڕۆژهه‌ڵات، له‌نێو ئاپۆره‌ی هه‌وادارانیدا، کوژرا و کرایه قوربانی دواکه‌وتوویی و مێشکداخراویی و نهریتپاریزی و هزری کاتبه‌سه‌رچوو. سه‌رباری په‌ژاره و خه‌م و فرمێسک، به بیستن و دیتنی ئه‌و هه‌واڵه ناخۆشه، ده‌سبه‌جێ بیرم بۆ لای کارمه‌ندی کتێبخانه‌که‌ی له‌نده‌ن چوو و قسه‌کانی ئه‌وم هاتنه‌وه یاد و ئه‌وده‌می تێگه‌یشتم، که من چه‌نده هه‌ڵه‌بووم له بۆچوونه‌که‌مدا و چه‌نده ناشاره‌زا بووم له ناسینی کۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا و به تایبه‌ت جڤاکه ئیسلامییه‌کان و ئه‌و چه‌نده دروست بوو و چه‌نده قووڵبیر بوو و من چه‌نده تهنکبیر بووم.
دوای ماوه‌یه‌ک”ناز”ی کچم هاته‌وه ماڵێ و قسه‌کانی ئه‌و کارمهندهم بۆ گێڕایه‌وه و دوو قۆڵیی له‌گه‌ڵ”ناز”دا، ماوه‌یه‌ک مت بووین و دواتر که‌وتینه خهمگۆڕینهوه و بیزاریدهربڕین و ڕه‌خنه‌بارانکردنی ئه‌و جۆره جڤاکه پڕ له نادادی و سته‌مکارانه.
27 – 12 – 2013