Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
ئێرلەندە وڵاتی چیرۆک و سەرگوزشتە گالیکییەکان

ئێرلەندە وڵاتی چیرۆک و سەرگوزشتە گالیکییەکان

Closed
by January 11, 2014 شانۆ

 

 

 

 

لە هەشتاکاندا، کە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بووم، شانۆی ”ئابی” لە دبلن جێگای سەرنج و تێڕامانی من و هاوڕێ قوتابییەکانم بوو. بە وردی دەقە شانۆییەکانی نووسەرە ئێرلەندییەکانمان دەخوێندەوە و پێگەی سیاسیی ئەم شانۆیەمان بە شۆڕشە چەکدارییەکەی ئێرلەندەوە دەبەستەوە. شانۆی ئابی، وەکو شانۆیەکی نەتەوایەتی، یەکێکە لە دیاردە گرینگە شانۆییەکانی دبلن. 

 دبلن شوێن و زێدی لەدایکبوونی ”جێمس جۆیس” و کۆمەڵێ نووسەری تری بەناوبانگە، کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتیان وەرگرتووە، لەوانە: ”ولیەم باتڵەر یەیتس، جۆرج بێرناردشۆ، سامۆیێل بێکێت”… تاد. ئۆرگانی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان شاری ”دبلن” یان بە شاری ئەدەب-Dublin Unesco City of Literature ناوزەد کردووە، ئەمەیش لەبەر ئەوەی کە ژمارەی نووسەرە گەورەکان و ئەدەبەکەیان، دابونەریتێکی تایبەتییان بە دبلن بەخشیوە و لەسەر نەخشەی ئەدەبیی جیهانی جێگەی خۆی کردۆتەوە. دبلن کۆشکێکی گەورەیە لە وشە و وێنە و شیعر. ئێرلێندییەکان، خۆیان دەڵێن، کە دوو نووسەری تری دبلن دەبوایە پاداشتی نۆبلی ئەدەبیان وەربگرتایە: ئۆسکار وایلد، سالێک بەر لە بەخشینی یەکەم پاداشتی نۆبل کۆچی دوایی کردووە. دووەمیشیان جێمس جۆیس، کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا کۆچی دوایی دەکات و لەو کاتەدا و بەهۆی جەنگەوە پاداشتەکە ڕاگیرابوو.  

 لە هیچ شارێک و لە هیچ وڵاتێکدا، هێندەی شاری دبلن پەیکەری نووسەرانی تێدا نییە، هەموو شەقامەکان، باخچە و شوێنە گشتییەکان بە پەیکەری نووسەرەکانیان ڕازاوەتەوە، شەقام و پرد و شوێنە فەرمییەکانیان بە ناوی نووسەرەکانەوە دەنرێن. دبلن شارێکە،  شانازی بە نووسەرەکانییەوە دەکات.

 کە بەسەر شەقامەکانی دبلن – دا دەڕۆم، هەست دەکەم شاکارە گەورەکان بەسەر شەقامەکانەوەن و بە بەرچاومانەوە لە گێڕانەوەیەکی بەردەوام دان. لەسەر پرد و نزیک کەناری ڕووبارەکان و ناو مەیخانە و سەر سووچی شەقامەکان، بەش و بڕگەکانی ڕۆمانی (یولیسیس) ی  جێمس جۆیس نووسراوە (لیۆپۆڵد بلووم و ستیڤن دەدەڵاس) کە پاڵەوانە سەرەکییەکانی ئەم ڕومانەن، لە هەموو سووچێکی ئەم شارەدا دەژین. 

 چیرۆکەکانی تری جۆیس، وەکو (دبلنییەکان) بوونەتە بەشێکی گرینگ و جیانەکراوەی ژیانی ڕۆژانەی دبلن و دبلنییەکان. منیش لەم گەشتەدا “دبلنییەکان” دەخوێنمەوە، وێنە و ڕووداوەکانی لەسەر شەقامەکان دەبینم، چیرۆکەکان و خەڵکەکە و شەقام و گۆڕەپان و پارکەکان دەبن بە یەک ( کە بە هەتاوەکەدا ڕۆیشتم، وشەکانی ”کۆتەر” ی پیرەمێردم هاتەوە یاد و هەوڵی ئەوەم دەدا ئەوەم بێتەوە بیر،  کە خەوەکەم چۆن تەواو بوو. من ئەوەم هاتبووە یاد، کە چەندین پەردەی درێژم بینی بوو، جۆرە گڵۆپێکی کۆنی ئەنتیکەئاسایش بە ساپیتەکەوە هەڵواسرابوو. وامدەزانی لە شوێنێکی زۆر دوورەدەستم، لە وڵاتیکی تر و داب و نەریتێکی نامۆوە – لە وڵاتی فارسەکانم، وام دەزانی… بەڵام نەمتوانی کۆتایی خەونەکەم بێتەوە یاد.) “چیرۆکی (خوشکەکان) لە کۆمەڵەچیرۆکی دبلنییەکانەوە”. کتێبی دبلنییەکان دادەخەم و دەبم بە بەشێک لە قەرەباڵغییەکە و لە پەیکەرەکەی جۆیس، کە بە گۆچانەکەیەوە لە سەرەتای شەقامەکەدا بە سەرێکی بەرزەوە، ڕاوەستاوە، نزیک دەبمەوە.<١>


ئێرلەندە لە سەرەتا میتۆلۆژییەکاندا

هەر لە دێرزەمانەوە، لە سەرەتا بەراییەکانی شارستانییەتی ئێرلەندەوە، لەنێو هۆز و بنەماڵەکانی ئەم ناوچانەدا، باوباپیرانی ئێرلەندییەکان بەردەوام لەگەڵ یەکتری لە شەڕدا بوون و گەلێکی ناکۆک و پەرتەوازە بوون. ئەمەیش لە ئەدەبە دێرینەکەیان، کە بە زمانی گەلیکی کۆن نووسراوە، ڕەنگیداوەتەوە و داستان و میتۆلۆژیاکانیان سەرگوزشتەی ئەو شەڕ و پێکدادانەی نێوان خۆیان دەگێڕێتەوە. هەر ئەم ڕەوشەیش وایکردووە، کە داگیرکەرانی ئەم وڵاتە: چەتە دەریاییەکانی باکووری ئەوروپا و دواتریش ئینگلیزەکان بە ئاسانی کۆنترۆڵی ئەم دورگە سەوزە بکەن و سەرلەبەری ئەم وڵاتە بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە و داگیری بکەن.

 ئەفسانەکان دەگێڕنەوە، کە لەنێو پادشاکانی ئەم دوورگەیەدا، پادشایەکی قەشە لە ناوچەی (تارە) لەگەڵ شاژنی خواوەندەکان (مێدبی) ڕێک کەوتووە، مێدبیش لەگەڵ دایکی، کە هێماگەلی ئێرلەندە بووە، پێکداچوون و پێکەوە ئەم وڵاتەیان خوڵقاندووە.

لەم ئەفسانەیەدا تەنها پاڵەوانەکان توانیویانە ناونیشانی پادشایەتی وەربگرن و خواوەندەکانیش بڕیاریان داوە، کام پاڵەوانی قەشە، پیاوێکی ئازای ئایینی، هۆشمەند و زانا دەبێتە پادشا. دواتر لە ئاهەنگێکی ڕیتواڵی چەند شەو و ڕۆژییدا، بە ناوی ”ئاهەنگی تارە Tara feis tembra” پادشایەتی ڕادەگەیەنرێت، وشەی ئاهەنگیش-feis لەم ڕیتواڵەدا، دوو مانای گەیاندووە: ”ئاهەنگ” و ”جووت بوون”، ئەمەیش ئەو مانا هێماگەلییەیە، کە لەنێوان شاژنی خواوەند و دایکی، واتە ”خاکی ئێرلەندە” دا روودەدات. دوای ئەوە، پادشا هەڵبژێردراوەکە، بەسەر عەرەبانەیەکی گەورەی تایبەتییەوە بەرەو گردێکی بەرز براوە، لە ڕێگا تایەی عەرەبانەکە بەر ئەو (کێر) ە بەردینە مەزنە دەکەوێت، کە لە شوێنی ڕیتواڵەکەدا بەرزبۆتەوە، ئەمەیش هاوارێکی گەورەی لێوە دێت، کە کەس نەبووە گوێی لێ نەبووبێت. پادشا لەگەڵ ئەم هاوارە و بە هێزی ئەم هاوارە عەرەبانەکەی بەرەو دوو تاوەری بەردین ڕادەکێشێت، تاوەرەکانیش هێندە لە یەکترەوە نزیک بوون، تەنانەت دەستێک نەچووە بە نێوانیاندا، بەڵام کە پادشا لەم دوو تاوەرە نزیک دەبێتەوە، بە شێوەی دەروازەیەک ڕاستەوخۆ دەکرێتەوە تا پادشا بە عەرەبانەکەیەوە بتوانێت بە نێوانیاندا بڕوات. ئەمەیش خاڵی وەرچەرخان و بانگەشەی بە پادشابوون بووە، لە هەمانکاتدا ئاهەنگی جووتبوون دەستی پێ کردووە، بەمەیش پادشا لەگەڵ شاژنی خواوەند لە جەستەی پادشادا تواونەتەوە و بوون بە یەک. شاژنی خواوەند لەسەر تەختی دەسەڵاتی خواوەندی خۆیەوە، شەراب پێشکەش بەم پادشایە دەکات، بەم شێوەیە پادشا دەبێت لە خزمەتی دایکی شاژنی خواوەند، واتە ئێرلەندە بێت و لە هەموو دوژمن و مەترسییەک بیپارێزێت. ئەگەر ئێرلەندە پادشاکەی خۆی لە دەست بدات، ئەگەر ئەم وڵاتە ئازادی خۆی لە دەست بدات و لەشکری بێگانە پێ بنێتە خاکی ئێرلەندەوە، ئەوا شاژنی خواوەند پیر دەبێت و وەکو دارێکی وشکی لێ دێت و دەمرێت. دواتر لە جەستەی ئافرەتێکی پیر و پەککەوتەدا بە دوای پادشایەکی تر و ڕزگارکەرێکدا دەگەڕێت. هەر کاتێک ئەو کەسە ڕزگارکەرە ”پادشایە” ی دۆزییەوە، ئەوا خێرا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و لەو ئافرەتە پیرەوە دەبێتەوە بە جەستەیەکی گەنج و شۆخ و شەنگی بێ وێنە و خواوەندێکی بە بەروبووم.

 ئەم ئەفسانەیە بەم شێوەیە چیرۆکی ”نۆر نۆیگیەڵاچ” دەگێڕێتەوە:

 ”نۆر نۆیگیەڵاچ” لە ساڵانی ٤٥٠ کاندا دەبێتە پادشا هەرە گەورە و مەزنەکەی ”تارە”. لە کاتێکدا ئەم پادشایە لەگەڵ هەر چوار براکەی دەڕۆن بۆ ڕاووشکار، بەڵام لە یەکتر بزر دەبن و هەر یەکەیان بە جیا و بە تەنها لە شوێنێکی تردا ڕەشماڵی خۆی هەڵدەدات. دوای ئەوە هەریەکە و لەلای خۆیەوە بە دوای ئاودا دەگەڕێت، کە سەرچاوەیەکی ئاویش دەدۆزنەوە، ئافرەتێکی پیر و ناشرینی ڕەزاگرانیان لێ پەیدا دەبێت، کە وەک پاسەوانی ئەو سەرچاوە ئاوە خۆی پیشانیان دەدات. ئەم ئافرەتە پیرە، ئاوەکە بە ماچێک دەگۆڕێتەوە. سێ براکەی نۆر نۆیگیەڵاچ، هێندە ئەو ئافرەتە ناشرین و دزێو دەبینن، تینوێتی هەڵدەبژێرن و بێزیان نایەت ئەو دەمولێوە چرچ و بۆگەنە ماچ بکەن. کە ”نۆر نۆیگیەڵاچ” یش ئەم سەرچاوەی ئاوە سازگارە دەدۆزێتەوە، گوێ بە هیچ نادات و ماچێکی دوورودرێژی لێوەکانی پیرێژن دەکات، نەک هەر ئەوە، بەڵکو “نۆر نۆیگیەڵاچ” ئارەزووی ئەوەیش دەردەخات، کە دەیەوێت لە گەڵیدا بنوێ و کاتێکی خۆشی جووتبوونی لەگەڵ بەرێتە سەر. بەو شێوەیە، ئەو ئافرەتە پیرە ناشرینە دەم بۆگەنە، لە چاوتروکانێکدا گۆڕانکاری بە سەردا دێت، دەبێتە ئافرەتێکی گەنجی شۆخ، ئافرەتێک لە تیشکی خۆر جوانتر بێت. ئەم شەهێنە گەنجە جوانە، ڕۆح و جەستەی دەبەخشێتە ئەم پادشایە و بڕیاری ئەوە دەدات، کە “نۆر نۆیگیەڵاچ” تا هەتایە لە (تارە) ەوە حوکمڕانی وڵاتەکەی بکات.

 بە پێی سەرچاوە و ئەفسانە دێرینەکانی ئێرلەندە، کە بە زمانی گەلیی نووسراون، ئەم پادشایە لە ساڵەکانی ١١٠٠ پ. ز دا حوکمڕانی ئەم دوورگەیەی کردووە، لەم مێژووە بە دواوە ”نۆر نۆیگیەڵاچ” و دەسەڵاتەکەی، لەنێو شاخ و گابەرد و تەمومژی دوای باران و دارستانە چڕ و دەریا گەورەکاندا بزر بووە و هەرگیز نەگەڕاوەتەوە.

 

گەڕانەوەی داستان و میتۆلۆژیاکان

لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا، لە کاتێکدا ئێرلەندییەکان دژی دەسەڵاتی ئینگلیزی داگیرکەر شەڕیان دەکرد، سەرلەنوێ ئەم داستانە میتۆلۆژییە لە چەندین شاکاری ئەدەبییدا سەری هەڵداوەتەوە، بۆ نموونە ”جۆن کینگ کەیسی” لە ئەنتۆلۆژیایەکی چیرۆک و داستانەکاندا بە ناوی The Rising of the Moon کە لە ساڵی ١٨٦٩ دا بڵاوکراوەتەوە، لە چەندین شیعری داستانئامێزدا هانی گەلی ئێرلەندی دەدات، کە دژی ئینگلیزی داگیرکەر شەڕ بکەن و ڕێگا بۆ ئازادی گەلی ئێرلەندی بکەنەوە. کە ”ولیەم باتڵەر یەیتس” لە ساڵی ١٩٠٢ دا شانۆنامەی ”کاتلین نی هاولیهان” Cathleen ni Houlihan دەنووسێت، ڕووداوەکانی بە داستان و میتۆلۆژیای دێرینی (دایکی ئێرلەندە) وە دەبەستێتەوە، لەم میتۆلۆژیایەوە وزە وەردەگرێت و لە چەندین دیمەن و دیالۆگی بەهێزی ئەم شانۆنامەیەوە، بەرجەستەی خەباتی ڕزگاری و ئازادیخوازی وڵاتەکەی دەکات. بۆ نموونە، یەیتس ڕووداوەکانی شانۆنامەکەی خستۆتە ڕۆژگارەکانی ئەو ڕابوونە جەماوەرییە گەورەیەوە، کە لە ساڵی ١٧٩٨ دا ڕوویداوە: کوڕێکی گەنج کە ناوی ”میکاییل” ە، لەگەڵ دڵخوازەکەی ”دۆلیا” ی خۆشەویستی خەریکی زەماوەندە، لەپڕ ئافرەتێکی پیری دەموچاو چرچولۆچی هەژار و ناشرین، بێ ئەوەی بانگهێشت کرابێت، لە زەماوەندەکەدا دەردەکەوێت. زەماوەندگێڕان و بووک و زاوا بیر لەوە دەکەنەوە، ئاخۆ ئەمە کێ بێت و کێ بانگهێشتی کردبێت. پیرێژن بە چەند وشە و وتووێژێکی پڕ لە ڕاز و نهێنی، سەرنجی هەمووان بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت و باسی ژیانی پڕ لە سەرکەوتنی ڕابردووی خۆی و ئەو هەموو پیاوانەیش دەکات، کە لە پێناوی ئەودا و بۆ عەشقی ئەو خۆیان بە کوشت داوە. ئەم بارودۆخەی ئێستایشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە زۆر لە مێژە ماڵەکەی و وڵاتەکەی لەلایەن هێزێکی بیانییەوە لاقەکراوە، هەموو سەروەت و سامانەکەیشی تاڵان کراوە. دوای ئەوەی چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، ڕوودەکاتە زاوا و هەموو میوانەکانی تری زەماوەندەکە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە داگیرکەران بکرێنە دەرەوە و وڵاتەکەیان لە هێزی داگیرکەر پاک بکرێتەوە.

 هاوار و هیوای ئەو پیرێژنە هاوڕێکانی بەئاگا دێنێتەوە و دەکەونە خۆئامادەکردن، ئەوانەیشی، کە لەگەڵ ئەم پیرێژنە دەڕۆن، چارەنووسێکی نادیار چاوەڕوانیان دەکات. لەگەڵ هەموو ئەم بارودۆخە دژوارەیشدا، ئەو کەسانەی لەگەڵی دەڕۆن، پاداشتێکی گەورەیان پێ دەبەخشرێت: ئەو کەسانە هەرگیز لەبیر ناکرێن و هەتاهەتایە دەژین و بە زیندوویی دەمێننەوە. بەڵام تەنها میکاییلی زاوا لە وتە پڕ لە ڕاز و نیازەکانی پیرێژن تێدەگات. هەر لە زەماوەندەکەدا واز لە خۆشەویستەکەی دەهێنێت و شوێن ئەو پیرێژنە دەکەوێت و ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت، کە بەشداری ئەو شەڕە بکات.

 

وڵاتێکی هەمیشە باران

بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئێرلەندە، لە دبلن دێینە خوارەوە. بارانێکی بە خوڕ دەبارێت و ئاسمان بە سیمایەکی مۆن و ڕەشەوە، چۆکی بەسەر زەمیندا داوە. ”مێدبی” شاژنی خواوەندەکان لە ”تارە” لەژێر بارانەکەدا وەستاوە، چاوەڕوانی ئەو پادشایە دەکات، کە وڵاتەکەی ڕزگار بکات. لە وڵاتی ”مێدبی” و ئێرلەندەی دایکی، هەمیشە بارانە، تەنانەت لەو کاتانەیشدا کە باران نابارێت، هەر بارانە و ئاسمان هەمیشە تەڕە. لە فڕۆکەخانەوە تا ناوجەرگەی دبلن، بەنێو تونێلێکی باراناویدا دەڕۆین، فڵچەی جامی پاسەکە، بەوپەڕی تواناوە کاردەکات، بەڵام فریای ئەوە ناکەوێت جامە تەڵخە باراناوییەکە بۆ شۆفێرەکەمان پاک بکاتەوە. ئێمەیش فریای ئەوە ناکەوین نە ”مێدبی” شاژنی خواوەندەکان و نە ”نۆر نۆیگیەڵاچ” ی پادشا ببینین، تەنها ئاسمانێکی ڕەش و ڕەنگێکی سەوزی تەڵخی باراناوی لە پشتی پەنجەرەکانەوە دیارن، دەنگی خوڕەی بارانەکەیش، کە لە هەموو لایەکەوە بەسەر پاسەکە و پەنجەرەکانیدا دێتە خوارەوە، ئاهەنگێکی مۆسیقی ترسناکی خوڵقاندووە. گرمەی هەور و بروسکەی تریشقە خێراکان، وێنەی ئەو پادشایەیان دەهێنایە بەر چاوم، کە بەسەر عەرەبانە مەزنەکەیەوە، بەژێر بارانێکی بەخوڕدا، بە گردەکاندا سەردەکەوێت، هەر کە بەر پەیکەری (کێرە) گەورەکان دەکەوێت، دەنگی هەورەکە پاسەکەمان دەلەرێنێتەوە، بریسکەی تریشقەکەیش بۆ تاوێک ئەو ڕۆژە باراناوییە تاریکەمان بۆ ڕووناک دەکاتەوە.

 دەگەینە ناوەڕاستی شار، بارانەکەیش خۆش دەکاتەوە و هەتاوێکی درۆزن، لە پشت هەورەکانەوە دەردەکەوێت.

 

شانۆی ئابی

دوانیوەڕۆیەکی باراناوی خۆم دەگەیەنمە شانۆی ئابی. هەر کە دەچمە ژوورەوە، وێنەیەکی گەورەی زەیتی ”ولیەم باتڵەر یەیتس” بەرامبەر دەروازە و لەنێوان هەردوو دەرگای چوونەژوورەوەی هۆڵەکەدا، بە بارستەی دیوارەکەوە هەڵواسراوە. یەیتس لەو وێنەیەدا بە دوو چاوی پڕ لە پرسیار و تێڕامانەوە، دەڕوانێتە هەر کەسێک کە دێتە ناو شانۆکەوە. بە دەستەچەپدا دەچمە سەرەوە، بە بەرزاییەکەوە بەرامبەر بە پێپلیکانەکان، وێنەیەکی گەورەی (لێدی گریگۆری) بە سیمایەکی تەلیسماویی و زەردەخەنەیەکی نهێنییئامێزەوە، بە چەشنی شاژنێک لێت دەڕوانێت. یەیتس و لیدی گریگۆری لە دامەزراندن و دروستبوونی شانۆی ئابی و درامای ئێرلەندییدا ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە.

 

گەڕانەوەیەکی مێژوویی

شانۆی ئابی لە ساڵی ١٨٩٨ دا لەلایەن شاعیری گەورەی ئێرلەندی ”ولیەم باتڵەر یەیتس” و ”لێدی گریگۆری” ییەوە دامەزراوە و یەکەم نەمایشی شانۆییشیان لە ساڵی ١٨٩٩ دا، هەر لە نووسینی (یەیتس) پێشکەش کراوە. یەیتس بەر لە دامەزراندنی ئەم شانۆیە، هەندێک شانۆنامەی نووسی بوو، کە زیاتر لە ئەفسانە و چیرۆکە میللییە دێرینەکانی ئێرلەندەوە وەری گرتبوو. لە یەکەمین ساڵەکانی تەمەنی ئەم شانۆیەدا، کە بە ڕووداوێکی نەتەوایەتی گەورە و شکۆمەند بۆ گەلی ئێرلەندە و بۆ مێژووی شانۆی ئابی دادەنرێت، جگە لە شانۆنامەکانی یەیتس، شانۆنامەکانی لێدی گریگۆری، سینگ و شۆن ئۆکیسی تێدا نەمایش کراوە. کە شانۆکەشیان دامەزراندووە، لەبەر نەبوونی دابونەریتێکی شانۆیی، نەبوونی ئەکتەری باش و بزووتنەوەیەکی شانۆیی ددانپێدانراو، لە لەندەنەوە ئەکتەریان بە کرێ گرتووە. بەڵام شانۆی ئابی هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنییەوە دەبێتە شانۆی نەتەوایەتی ئێرلەندی و بەشێکی گرینگ و جیانەکراوەی خەباتی چەکداری و سیاسی ئەم گەلە دژی ئینگلیزی داگیرکەر، هەر لە سەرەتایشەوە ئەم شانۆیە دەبێتە جێگای کۆبوونەوەی ئێرلەندییە ناسیونالیستەکان و لە هەمانکاتدا ناوەندێکی بەهێزی تەوژمە ڕادیکاڵەکان. هەر بۆیە لە دەروازەکانی ئەم شانۆیەوە، لە خودی نەمایشەکانییەوە خۆپیشاندانە گەورەکان دژی ئەم شانۆیە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە بۆ بەرگریکردن لەم شانۆیە بەرپا بووە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٢٦ دا، کە لە شانۆنامەی ”گاواسن و ئەستێرەکان” ی شۆن ئۆکیسی دا، ئاڵای ئازادیی ئێرلەندی لەسەر ئەو مەیخانەیەی، کە سۆزانییەکان کاری تێدا دەکەن، بەرزدەکرێتەوە، دەبێتە جێگای ناڕەزایەتی ناسیۆنالیستەکان و بە پەرچەکردارێکی توند و خۆپیشاندانێکی بەهێز، نەمایشەکە ڕادەگرن. بەڵام یەیتس نەیدەویست تەنها شانۆیەکی ئێرلەندی کە ڕەگ و ڕیشەکەی لە چیرۆکە میللییەکان و شۆڕشی ئێرلەندییەوە وەرگیرابوو، دروست بکات، بەڵکو ئەو دەیویست شانۆیەکی هونەری لەسەر بنەما نوێییەکان و دید و سترکتورە جیهانییەکانەوە دابمەزرێنێت. ئەم شاعیرە بەهۆی گەشتە بەردەوامەکانییەوە، بە تایبەتی بۆ پاریس، کەوتبووە ژێر کاریگەری هونەرمەندە سمبولیکەکان، ئەمە جگە لەوەی دیدە چڕە سمبولیکییەکەی شانۆنامەنووسی بەلچیکی (مۆریس مەتەرلینگ) بە تەواوی کاری تێ کردبوو. یەیتس، کە گەڕاوەتەوە بۆ ئێرلەندە، لەگەڵ دامەزراندنی شانۆی ئابیدا، دەیویست ستایلێکی تازەی هونەری شانۆ و نواندن بدۆزێتەوە و پەرە بە دیدە جوانکارییەکانی بواری سینۆگرافیا و میزانسینی تەختەی شانۆ بدات و بۆ بەرجەستە و خوڵقاندنی دیمەنە شانۆییەکانی، زیاتر بە دوای چارەسەرە هونەرییەکاندا دەگەڕا.

 دواتر شێوازە هونەرییە پوختەکەی گۆردن گریک، بە تایبەتی لە ڕووی سینۆگرافیا و بەکارهێنانی هونەری ڕووناکی و لایەنە وێنەییە کردەییەکانی هونەری شانۆ لە کارەکانیدا، لە دەقە شانۆییەکانی و تەنانەت لە بیرکردنەوەکانیشیدا ڕەنگیان داوەتەوە. هەر لەم ڕووەوە شانۆی ئابی لە ساڵەکانی ١٩١١ دا، لەسەر ئاستی ئەوروپا یەکێک بووە لەو شانۆیانەی، کە لە ڕووی پراکتیک و دیدە هونەرییەکەیەوە لە تێڕوانین و ڕەهەندە شانۆییەکەی گۆردن گریکەوە نزیک بووەتەوە. دوای ئەم ئەزموونانە و لە ساڵی ١٩١٥ – ١٩١٦ دا، یەیتس دیدە شانۆییەکەی لە شانۆی ( نوو ) ی ژاپۆنیدا دەدۆزێتەوە و لەژێر کاریگەرییەکانی ئەم ستایلە شانۆییەی ڕۆژهەڵاتدا، کۆمەڵێ شانۆنامەی یەک پەردەیی دەنووسێت. هەروەها بە یارمەتی شاعیری ئەمەریکی ”ئێزرا پۆند” کۆمەڵێ دەقی شانۆی (نوو) ی ژاپۆنی وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی. یەیتس هەر لەو ساڵانەدا و لە دەرەوەی شانۆی ئابی، لەسەر شانۆکانی لەندەن، نەمایشێکی ئەزموونگەری نزیک لە ئەتمۆسفێر و بنەماکانی شانۆی (نوو) ی ژاپۆنییەوە پێشکەش دەکات. ئەم نەمایشە پێکداچوونێکی شانۆ و سەما بووە، کارەکتەرە سەرەکییەکان دەمامکیان پۆشیوە و سەمازانێکی ژاپۆنی لە بەستنەوە و بەرجەستەکردنی دیمەنە شانۆییەکان بە سەماکەوە، ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە، لە هەمانکاتدا سەماکەیش بووەتە بەشێکی گرینگی دیدە ئەزموونگەرییەکانی یەیتس. شانۆی ئابی جگە لە تەقەلا ئەزموونگەرییەکانی یەیتس بە دەقە شانۆییە ئێرلەندییەکانی سەرەتاکانی ١٩٠٠ – ەکان، ئەو شانۆنامە ڕیالیزمییانەی، کە ئەدەبێکی شانۆیی نوێی ئێرلەندییەکان دروست کرد، لە هەمانکاتدا دەروازەیەکی بەهێزی بە ڕووی شانۆکانی ئەوروپادا کردەوە و کاریگەرییەکانی شانۆی ئابی هەر زوو گەییشتە لەندەن، پاریس و بەرلین. 


ژوورە سەوزەکە

لەناو شانۆی ئابیدا ژوورێکی بچووکی تایبەت بە ئەکتەرەکانی ئەم شانۆیە هەیە. ئەکتەرەکان لەم ژوورەدا، بەر لە چوونە سەر شانۆ، خۆیان ئامادەکردووە، پشوویان داوە و لەگەڵ ڕۆڵەکانیان کاریان کردووە. ئەم ژوورە هەر لە دەستپێکی کردنەوەی شانۆی ئابییدا پێگەیەکی گرینگ و بەهێزی هەبووە، جگە لە ئەکتەرەکان، هیچ کەسێک بۆی نەبووە بێتە ئەم ژوورەوە.

 یەیتس ئەم ژوورەی کردبووە پەرستگایەک بۆ ئەکتەرەکان، تا لەوێدا لەگەڵ خودی خۆیاندا و لەگەڵ ڕۆڵەکانیاندا لە گفتوگۆدا بن، هەر لێرەوە بچنە ئەتمۆسفێری شانۆییەکەوە و ژوورێک بۆ خۆیان لەناو خۆیاندا دروست بکەن. ئەم ژوورە هەر لە سەرەتاوە بە ژوورە سەوزەکە ناوزەد کراوە و وەکو ناوەندێکی بەهێزی شانۆی ئابی ئاماژەی بۆ کراوە. دواتر جگە لە ئەکتەرەکان، هەندێک لە شانۆنامەنووسەکان بۆیان هەبووە بێنە ژوورەوە تا لەگەڵ ئەکتەرەکان گفتوگۆ بکەن یان دەقەکانیان بۆ ئەکتەرەکان خوێندۆتەوە، ڕاڤەی ڕۆڵەکانیان کردووە و جگەرەیان کێشاوە.

 کە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، دوای سووتانی شانۆی ئابی، سەرلەنوێ ئەم شانۆیە دروست دەکەنەوە، ئەم ژوورە سەوزەیش لە جێگەکەی خۆیدا و بە هەمان شێوە، لە خانووبەرە تازەکەی ئابییدا دروست دەکەنەوە. ئێستا ئەو ژوورە بووەتە هێماگەلێکی ڕابردووی شانۆی ئابی و جۆرە مۆزەخانەیەکی بچووک لەناو شانۆکەدا.

 دەچمە ئەم ژوورە سەوزەوە، وێنەی یەیتس، لیدی گریگۆری و چەند ئەکتەرێکی دێرینی شانۆی ئابی هەڵواسراون، هەندێک لە کەلوپەل و کورسی دانیشتنەکانی ئەم ژوورە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی پەنجای سەدەی ڕابردوو و هەوڵیانداوە ژینگە و ستایلی ڕابردووی ئەم ژوورە وەکو خۆی بپارێزن.

 دەتوانین بڵێین هەموو مێژووی ئەم شانۆیە لەم ژوورەدا کۆدەبێتەوە، دیوارەکانی، کەلوپەل و ساپیتەکەی گەواهی ئەو مێژووەن، ئامادەیی ئەو گفتوگۆ چڕ و بەربڵاوەی لەنێوان ئەکتەر و ڕیژیسۆرەکان لە لایەک، ڕیژیسۆر، ئەکتەر و شانۆنامەنووسەکان لە لایەکی ترەوە کراون. مرۆڤ هەست بە جووڵەی ئەکتەرەکان، دەنگی یەیتس، دووکەڵی جگەرەی شانۆنامەنووسەکان و تارمایی ڕیژیسۆرەکان دەکات.

 هەندێک لە دەقە شانۆییەکان، بە تایبەتی چاپەکانی ساڵانی ١٩٢٠ ەکانی سەدەی ڕابردوو لەسەر مێزەکان بە کراوەیی دانراون، سکریپتی نەمایشەکان و نەخشەی سینۆگرافیای شانۆییە بەراییەکان، وەکو مۆدێل لەسەر مێز و ناو کتێبخانە و تاقی شووشەبەند، دانراون. ئەم ژوورە سەوزە چەندە مێژووە و بەشێکە لە ڕابردوو، هێندەیش لە ئەمڕۆدا ئامادەیی هەیە و ڕابردوو و ئایندەی پێکەوە بەستۆتەوە. جلوبەرگی ئەکتەرەکان، بە تایبەتی لە دوای پەنجاکانەوە لە سوچێکی تایبەتی ئەم ژوورەدا هەڵواسراون، هەروەها گرینگترین جلوبەرگی کارەکتەرەکانی ئەم شانۆیە؛ هەشتاکان، نەوەدەکان و تا دەگاتە دوو هەزارەکان، لێرە و لەوێ بە تێکەڵاویی لەگەڵ جلوبەرگە دێرینەکاندا ڕیزکراون.

 دەفتەری تۆمارکردنی بۆچوونەکانی ڕیژیسۆرەکانی ئەمڕۆ، بە قەڵەمەکانیانەوە، لەسەر مێزێکی بچووک و بە تەنیشت کورسی دانیشتنەکەوە، چاوەڕوانی ڕیژیسۆرەکەیەتی تا بگەڕێتەوە و لەگەڵ خۆی بیباتەوە بۆ هۆڵی پرۆڤە.

 یەکێک لە پەیامەکانی ئەم شانۆیە، لە زیندووکردنەوەی ئەم ژوورە سەوزە و بەستنەوەی بە چالاکی و ڕەوتەکەی ئەمڕۆوە، دووپاتکردنەوە و پێداگرتنە لەسەر ئەو دابونەریتە شانۆ ئێرلەندییەی یەیتس و لێدی گریگۆری دایانمەزراندووە.

 

گرفتی تاراوگە لە نەمایشی ” خانووەکە ” دا

ئێوارەی هەمان ڕۆژ دەگەڕێمەوە بۆ شانۆی ئابی تا شانۆنامەی ”خانووەکە”  The House ببینم. بەناو قەرەباڵغییەکەدا ڕێگای خۆم دەکەمەوە، ڕووپەڕەکانی پرۆگرامەکە هەڵدەدەمەوە و لە وێنەی ئەکتەرەکان دەڕوانم، جاروبار سەیرێکی جموجوڵی بینەران دەکەم، دوای ئەوە دەچمە ژوورەوە و لە جێگەکەی خۆم دادەنیشم.<٢>

 ” خانووەکە ” لە نووسینی نووسەری ئێرلەندی ” تۆم مۆرفی ” یە و لە ساڵی ٢٠٠٠ دا، ئەم دەقەی بە تایبەتی بۆ شانۆی ئابی نووسیوە. تۆم مۆرفی شانۆنامەنووسێکی بە سەلیقە و خاوەن ئەزموونە و لە ساڵی ١٩٦٨ ەوە لەگەڵ شانۆی ئابی کاردەکات و تا ئێستایش هەژدە دەقی شانۆیی بۆ ئەم شانۆیە نووسیوە، کە هەر هەمووشیان نەمایش کراون.

 ئەم دەقە نوێیەیشی هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکانی ئەو ئێرلەندییانەی، کە لە تاراوگە و دیاسپۆرا دەژین. تاراوگە بەو مانایەی، مرۆڤ نەک هەر لە زێدی خۆی، بەڵکو لە خودی خۆیشی دادەبڕێنێت. بۆیە ژیانی مرۆڤ لە تاراوگەدا دەبێت بە دوو بەشەوە: یەکێکیان بەر لە تاراوگە و ئەوەی تریان لە تاراوگە، لە تاراوگە مرۆڤ لە دەرەوەی خودی خۆیدا دەژی و ناچار دەکرێت ژیانێکی تر بژیت. شانۆنامەی ”خانووەکە” لەم مەدارەدا دەسووڕێتەوە، کۆمەڵێک پرسیار دەربارەی تاراوگە و دیاسپۆرا، نامۆبوون و زەمەنێکی بەسەرچوو، کە ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە، دەوروژێنێت. 

 کارەکتەری سەرەکی ئەم دەقە ”کریستی”، دوای دابڕانێکی زۆر لە زێدی خۆی و هەڵبژاردنی ژیان لە تاراوگەی بەریتانیا، لە پشووی هاوینێکدا دەگەڕێتەوە بۆ دبلن. ”کریستی” یەکسەر سەردانی دراوسێ دێرینەکەیان دەکات، ئەو دراوسێیەی کە دایکێک و سێ کچەکەی لە دێرزەمانەوە، بەرلەوەی ”کریستی” دبلن بەجێ بهێڵێت، لەو خانووەدا دەژین. کریستی نەک تەنها پەیوەندییەکی تایبەتی بە هەر یەکێک لە کچەکانی ئەم ماڵەوە هەیە، بەڵکو خانووەکەیش بەشێک لە یادەوەرییەکانی پێکدەهێنێت. کریستی لەم سەردانەیدا، باسی هەندێک لەو کەسانە دەکات کە لەوەوبەر پەیوەندی پێیانەوە هەبووە، بەڵام ئێستا مردوون. لەوانەیش “تۆمی”. 

 بەشێکی زۆری دیالۆگەکانی دەقەکە، ڕەنگدانەوەی ژیانی ئەو ئێرلەندییانەیە، کە لە دیاسپۆرا دەژین و بە هاوین و لە کاتی بۆنەکاندا، وەک کەسێکی میوان و نامۆ سەردانی وڵات دەکەنەوە، لەگەڵ هەر گەڕانەوەیەکیاندا بۆیان دەردەکەوێت، کە کەسێکیان، هاوڕێیەکی دێرین یان ناسیاوێکیان مردووە و گۆڕانکاری بەسەر شوێنەکاندا هاتووە. 

 ئەگەرچی”تۆمی” کارەکتەرێکی مردووە و لەسەر شانۆ دەرناکەوێت، بەڵام ئامادەبوونێکی بەردەوام و بەهێزی هەیە، خاڵی چاوەڕواننەکراوی نەمایشەکە / دەقەکەیش ئەوەیە، لەپڕ بۆمان دەردەکەوێت ”تۆمی” نەمردووە و لە دەرەوەی وڵات، بە ویستی خۆی تاراوگەی هەڵبژاردووە و لە وڵاتی خۆی و لە ڕەگوڕیشەی باووباپیرانی، هەروەک ”کریستی” بە تەواوی دابڕاوە.

 ئەم دەقەی ”تۆم مۆرفی” دووپاتی ئەو گرفتەی ژیانی تاراوگە دەکاتەوە، کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەوانەی مردوون و ئەوانەی وڵاتیان بەجێ هێشتووە، ناکات. ژیان لە تاراوگە مردنێکی لەسەرەخۆ و پێشوەختە و تاراوگەیش سەرەتای دابڕانێکی ئەبەدییە، کە بە گەڕانەوەیش، ئەو دابڕانە، ئەو کەلێنە و ئەو نامۆبوونە ڕۆحییە چارەسەر ناکرێت.

 تۆم مۆرفی، تۆنێکی تراجیدی / کۆمیدی بە شانۆنامەکە بەخشیوە؛ بەرجەستەی تەنهایی و بێلانەیی مرۆڤ دەکات، لەهەمانکاتدا گەڕانێکی پڕ لە ئازاری بەردەوامە بەدوای خانوویەکدا، ئەو شوێنەی منداڵی و ژیانی هەرزەکاری و یادەوەرییەکانمانی تیا بەجێماوە. نووسەر ڕووداوەکانی شانۆنامەکەی خستۆتە ساڵەکانی ١٩٥٠ کانەوە و بەستوویەتییەوە بە کۆچی هەزارەها ئێرلەندییەوە بۆ دەرەوەی وڵات. ئێرلەندییەکان لەو ساڵانەدا بە کۆمەڵ وڵاتیان بەجێ دەهێشت و بەشێکی زۆریان لە ئەمەریکا دەگیرسانەوە. ڕیژیسۆری شانۆنامەکە، ڕووکاری دەرەوەی خانووەکە، باخچەکەی و دیوارەکانی دەرەوەیمان پیشان دەدات، کارەکتەرەکان لە باخچەکەوە، بە تایبەتی دایک و کچەکانی، یادەوەرییەکانیان لەگەڵ کریستی دەگێڕنەوە. هەر لێرەیشەوە ئەو ڕۆژانەی ڕابردوون، سەرلەنوێ دەگەڕێنەوە و وێنەیەکی دووراودوور لەگەڵ ژیانی ئێستای کارەکتەرەکان دروست دەکەن.

 بۆ چارەسەرکردنی دیمەنەکانیش، بنەمای شانۆکە لەسەر پانتاییەکی گەورەی بازنەیی بزۆز ڕۆنراوە، کە بە ئاسانی دەسوڕێتەوە، شوێن و کاتەکان دەگۆڕن، لەهەمانکاتدا تێکەڵاو دەبن. ڕووداوەکانیش لەنێوان باخچەکەی ئەم ماڵە و باڕەکانی شاردا ڕوودەدەن، تا لە دیمەنی کۆتاییدا دەچینە ناو خانووەکەوە و بە پرسەی یەکێک لە کچەکان کۆتایی بە شانۆنامەکە دێنین. بەم شێوەیەیش سووڕانەوەی ئەو بازنە بزۆزە، سەردانەکەی کریستی و ڕەوتی ڕووداوەکان کۆتاییان پێ دێت.

 نەمایشەکە بنەما و سترکتورێکی ڕیالیزمی هەیە، چ ڕیژیسۆر و چ نووسەر کاریان لەسەر وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، پەیوەندییە ڕیالیزمییەکان، بەکارهێنانی کەرەستە شانۆییەکان، خوڵقاندنی ئەتمۆسفێرە واقیعییەکان و تەکنیکێکی کۆنی گێڕانەوە کردووە. هەردووکیان، ڕیژیسۆر / نووسەر بە ئاگاییەوە، ئەم تەکنیکە و جۆری کارەکەیان هەڵبژاردووە. گەڕانەوە بۆ پەنجاکانی ژیانی ئێرلەندە و وروژاندنی پرسیارەکانی دیاسپۆرا و بەستنەوەی بە ستایلی ژیانی ئەمڕۆ، بەراوردکارییەکانی دوێنێ و بەستنەوەی بە پاشەڕۆژەوە، ڕەنگدانەوەی بینینێکی قووڵن بۆ ئایندە.

 

مۆزەخانەی نووسەرانی دبلن

هەورەکە تا دێت زیاتر بەرەو عەرزەکە شۆڕ دەبێتەوە، ڕەنگی ڕۆژەکە ڕەساسییەکی تۆخە، جارناجارێک دڵۆپە بارانێک بەر سەری لووتم، چاویلکەکەم یان کتێبەکەی دەستم دەکەوێت. من و لیسا دەگەڕێین بەدوای مۆزەخانەی نووسەراندا، لەم کۆڵانەوە بۆ ئەو کۆڵان و لەوێشەوە بۆ سەر شەقامەکان، دەمانەوێت بەرلەوەی بارانەکە دابکات، بگەینە شوێنی مەبەست. لەپڕ لە سووچی شەقامێکی لاوەکییدا، بەرامبەر پارکێکی بچووک، مۆزەخانەی نووسەران دەدۆزینەوە. 

 ئەم مۆزەخانەیە لە ساڵی ١٩٩١، لە خانووبەرەیەکی گەورەی سێ نهۆمیی، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٧٠٠ ەکان، کراوەتەوە. خانووبەرەکە سیما دێرینەکەی خۆی پاراستووە: تارمایی نووسەرەکان و کەلوپەلەکانیان و ئەو ئەتمۆسفێرە هێمنەی ئەم مۆزەخانەیەی گرتۆتەوە، گەردوونێکی تایبەتی بۆ نووسەرەکان خوڵقاندووە. کە دێیتە نێو دەرگاکەیەوە، بۆنی کتێب و وشە و شیعر دێت، پۆرترێتی نووسەرەکان لێت دەڕوانن و بە شانازییەوە پێشوازیت لێ دەکەن.

 لە کوێوە دەست پێ بکەم و سەرەتا سەیری چی بکەم، لە ژوورەکانی یەکەمەوە، لە پیشانگاکانەوە یان بچمە نهۆمی سەرەوە: لەهەر سوچێکەوە، لە هەر ژوور و ڕاڕەو و دەستپێکێکەوە بچیتە ئەم دونیای ئەدەبەوە، هەر سەرەتایە و ژوورەکان پێکەوە وێنەیەکی مێژووی ئەدەبیی ئەم وڵاتەت پێشکەش دەکەن: ولیەم باتڵەر یەیتس، جێمس جۆیس، ئۆسکار وایڵد، لیدی گریگۆری، جۆرج بێرنارد شۆ، شۆن ئۆکیسی، سامۆیل بێکێت، یوهان میللینتۆنگ سینگ، جۆرج مۆر، برێندان بێهان … هتد وەکو بوونەوەرێکی زیندوو ڕێنماییت دەکەن، بەرهەمەکانی خۆیانت پیشان دەدەن، بەشێک لە ڕۆمانەکانیان، دیمەنێک لە شانۆنامەکانیان، پارچە شیعرێکت بۆ دەخوێننەوە، دواتر کتێبەکەی دەستیان بە هێمنی دادەخەنەوە و کتوپڕ لەبەر چاو بزر دەبن. ئەمە خانوویەکی ئەفسووناوییە و ڕۆحی نووسەر و شاعیرەکانی بە زیندوویی پاراستووە. دەنگی شاعیر و نووسەرەکانی هەموو ئێرلەندە، لەم مۆزەخانەیەدا دەنگ دەداتەوە و بەرگێکی شیعرئامێزی بۆ جەستەی مرۆڤ چنیوە، بەرگێک نەک تەنها جەستە، بەڵکو ڕۆحی مرۆڤیش گەرم دەکاتەوە. مرۆڤ لەنێو ئەم دەنگانەدا، لەنێو سێبەری وشە و دونیای پڕ لە ئەندێشەی ئەدەبدا، هەست دەکات بە ڕاستی مرۆڤە.

 هەرچەندە من، ئەو کەسانەی لەو جیهانەدا دەجووڵێنەوە ناناسم، بەڵام بە باشی دەیانناسمەوە، هیچیانم ڕووبەروو نەدیووە، بەڵام ئاشناین بە یەک،  هیچ کەسێکیان بە زمانەکەی من نادوێن بەڵام لە هەموویان دەگەم، قسەیان لەگەڵ دەکەم و لێرە و لەوێ شیعرەکانیان، ڕۆمان و شانۆنامە و نۆڤێلت و کورتە چیرۆکەکانیان دەخوێنمەوە. ئەم مۆزەخانەیە، پێشانگایەکی هەمیشەیی ئەدەب و نووسەرانی ئێرلەندەی ئەم هەزار ساڵەی دوایی و نووسەرانی نیوەی دووەمی ساڵانی ١٩٠٠ ەکان لەخۆدەگرێت.

 لە ژوورەکانی ئەم مۆزەخانەیە و لەناو پێشانگاکەدا، تابلۆی نووسەرەکان، دەسنووسەکانیان، نامەکانیان، دیاری و کەلوپەلە تایبەتییەکانیان پارێزراوە. لە بەشێکی تایبەتییشدا چاپی یەکەمی کتێبەکانیان: دیوانی شیعر، ڕۆمان، شانۆنامە، لێکۆڵینەوە، ئەدەبی مناڵان … هتد، کە لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا چاپ کراون، تەنانەت چاپی یەکەمی بەرهەمی ئەو نووسەرانەیش، کە بەرهەمەکانیان لە دەرەوەی ئێرلەندە، لە لەندەن و پاریس و ئەمەریکا چاپ کراون، پارێزراوە.

 لەم مۆزەخانەیەدا بە بەردەوامیی سیمینار، کۆڕی شیعرخوێندنەوە و چالاکی تری ئەدەبیی بۆ نووسەرەکانی ئەمڕۆ و ئەم نەوە نوێیەی ئێرلەندە، سازدەکرێت، بەم شێوەیەیش ڕابردوو لە جووڵانەوەیەکی بەردەوامی ئەمڕۆدا بەرجەستە دەبێت و هێز و وزە لە یەکتری وەردەگرن و دەشیبەخشنە ئەمڕۆ.

شارێک لە ڕۆمانێکدا، ڕۆمانێک لە شارێکدا

جێمس جۆیس و دبلن

هیچ نووسەرێک هێندەی جۆیس لەنێو بەرهەمەکانیدا نەژیاوە، هیچ شارێکیش هێندەی دبلن لە بەرهەمەکانی جۆیس دا بەرجەستە نەبووە. هەرچەندە جۆیس لە ساڵی ١٨٨٢ دا لە دبلن لەدایک بووە، بەڵام زوربەی کاتەکانی ژیانی لە دەرەوەی ئێرلەندە؛ لە ئیتاڵیا، فەرەنسا و سویسرا بردۆتە سەر. ئەم نووسەرە هەر لە تەمەنی بیست ساڵییەوە وڵات بەجێ دەهێڵێت، سەرەتا لە پاریس دەگیرسێتەوە تا دەرمانسازی بخوێنێت، بەڵام هەر زوو واز لە خوێندن دەهێنێت و لەبری ئەوە دەست دەکات بە شیعر نووسین. لە هەمان کاتدا سترکتوری سیستەمێکی ئێستاتیکیی تایبەت بە خۆی، وەک ستایلی نووسین دادەڕێژێت و بە چڕی کاری لەسەر دەکات.

جۆیس لە پاییزی ساڵی ١٩٠٣ دا دەگەڕێتەوە بۆ دبلن، بۆ ئەوەی سەردانی دایکە نەخۆشەکەی بکات، هەر لەم سەفەرەشیدا خۆی وەک نووسەرێک دەناسێنێت و پەیوەندی بە کۆمەڵ و ناوەندە هونەرییەکانەوە دەکات. هاوینی ساڵی ١٩٠٤ ئافرەتێکی خەڵکی شاری ”گۆڵ وەیی” لە دبلن، کە لە هۆتێلێکدا کار دەکات، دەبینێت، عاشقی دەبێت و ئەو ئافرەتەیش کە ناوی ”نۆرە بارنەکڵ” بووە، دوای دوودڵییەکی کەم، واز لە کارەکەی دەهێنێت، دوای جۆیس دەکەوێت و خۆی ئەداتە دەست چارەنووسێکی نادیار. ئەو هوتێلە ئێستا نەماوە، بەڵام بە گەورەیی لەسەر دیواری دەرەوەی ئەو خانووبەرەیەی لە شوێنی ئەو هوتێلە ڕۆنراوە، وەک ڕێزلێنانێک و یادەوەرییەک ناوی هوتێلەکەیان نووسیوە: Finn’s Hotel .

 ئەو سەفەرەی جۆیس دوا سەفەری ئەو دەبێت و لە چەند سەفەرێکی زۆر کورت و خێرا نەبێت، ئیتر بۆ دبلن ناگەرێتەوە. بەڵام جۆیس دبلن وەک ژینگەیەک، شوێنێک، ئەتمۆسفێر و سترکتورێک بۆ زوربەی بەرهەمەکانی: دبلنییەکان، وێنەی هونەرمەند لە تافی لاویدا، یولیسیس و شیعرەکانی بەکاردەهێنێت. 

جۆیس دوای پاریس لە ئیتاڵیا لە ناوچەی (پۆلا) جێگیر دەبێت، ئەم ناوچەیە ئێستا کەوتۆتە ناو وڵاتی یۆگۆسلافیای جارانەوە، بەڵام دواتر دەگوێزنەوە بۆ (ترێستە). لە کاتی جەنگیی جیهانیی یەکەمدا دەگوێزنەوە بۆ سویسرا و تا ساڵی ١٩١٩ لەوێ دەمێننەوە. لەم قۆناغەی ژیانیدا ڕۆمانی (وێنەی هونەرمەند لە تافی لاوییدا) و شانۆنامەی (مەنفاکان) بڵاودەکاتەوە. دوای جەنگ سەرلەنوێ دەگەڕێنەوە بۆ پاریس، بەو هیوایەی بتوانێت ڕۆمانی (یولیسیس) یان وەک جۆیس خۆی لە سەرەتادا بە (مێژوویەکی بچووکی ڕۆژێک) ئاماژەی بۆ دەکات، کە ماوەی دە ساڵ کاری تێدا کردبوو، بڵاوبکاتەوە. دواتر (یولیسیس) لە ساڵی ١٩٢٢ دا و لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا بڵاودەکاتەوە، جۆیس بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانەیش، لە شەو و ڕۆژێکدا دەبێتە یەکێک لە نووسەرە هەرە دیار و بەناوبانگەکانی دونیا.

جۆیس لەم ساڵانەدا لە بارێکی دەروونی خراپ و نالەباردا ژیاوە، چاوی بە تەواوی نابینا بووە، هەستی بە پەژارەیەکی ئێجگار گەورەیش کردووە، بەهۆی ئەوەی کچەکەی ”لویسا”،  کە هونەرمەندێکی بەهرەمەند و هەستناسک بووە و لە ڕۆحی جۆیسی باوکییەوە نزیک بووە، هاوسەنگی مێشک لەدەست دەدات و تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە نەخۆشخانەی دەروونی بەند دەکرێت.

 جەنگی دووەمی جیهانییش هەموو هێز و توانای لەبەر دەبڕێت، مانگی دێسەمبەری ساڵی ١٩٤٠ بەهەر شێوەیەک بێ، دەتوانێ مۆڵەتی ئەوە وەربگرێت تا لە فەڕەنسا بچێتە دەرەوە.

 جۆیس و نۆرە بارنەکڵی هاوسەری، خۆیان دەگەیەننە هوتێلێک لە سویسرا، دوای شەش هەفتە، لە ١٣ ی یانیوەری ساڵی ١٩٤١ دا کۆچی دوایی دەکات و هەر لە سویسرایش بە خاک دەسپێردرێت. جۆیس نووسینەکانی دەکاتە ئامرازێک بۆ ئەوەی بە هەست و هۆشی لە دبلن بژی، کارەکتەرەکانی، ڕووداوەکان و تەنانەت ناونیشانی کۆڵان، شەقام، باڕەکان، قاوەخانە، باغچە و ماڵەکان بەو شێوەیەی لە ڕاستیدا هەن، بەکاردەهێنێت. ئەم کارەکتەرانە نەک هەر تەنها پابەندن بە کۆڵان و شەقام و شوێنە گشتییەکانی ئەم شارەوە، بەڵکو دەبنە بنەما و سترکتوری نووسینەکانی و بەم شێوەیەیش لە ئێرلەندە و دبلن بەردەوامیی بە ژیانی خۆی دەدات. 

جۆیس، بۆ نموونە ژیانی خۆی لە (دبلنییەکان)دا کۆدەکاتەوە.  لە سەرەتادا ئەم  کۆمەڵە چیرۆکە دوازدە چیرۆکی لەخۆگرتووە: سێ چیرۆکی یەکەم (خوشکەکان، کۆبوونەوەیەک، عەرەبەکە) گوزارشت لە ژیانی منداڵیی خۆی، لە دبلن دەکات. دوای ئەوە سێ چیرۆکی تر دێن، کە ئەوانیش هەر دەربارەی ژیانی خۆیەتی، هەرزەکاریی و گەنجێتیی، سیانی تر سەبارەت بە دونیای گەورەبوون، لە کۆتاییشدا سێ چیرۆک سەبارەت بە ژیانێکی فەرمی خۆی لە دبلن. دوا چیرۆکی ئەم کتێبە کە ناوی (مردووەکان) ە، لە دەرەوەی ئەم نەخشەیەی کتێبەکە و ژیانی خۆیەوەن. دواتر جۆیس سێ چیرۆکی تر، کە ئەوانیش دەکەونە دەرەوەی بازنەکانی ژیانی تایبەتی خۆیەوە، دەنووسێت و لەگەڵ (دبلنییەکان) پێکەوە چاپیان دەکات، بەو شێوەیە ژمارەی چیرۆکەکانی ئەو کتێبە دەبنە پازدە چیرۆک.

ناوەندی جێمس جۆیس

هەرچەندە جۆیس لە ڕۆمانەکانیدا، لە چیرۆک و یادەوەرییەکانیدا ژیاوە و دبلن ناوەندێکی گرینگی ئەو ژیانەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ مۆزەخانەیەکی تایبەتمەند جگە لە ناوەندێکی بچووک زیاتر بەم نووسەرە لە دبلن نییە، بەڵام لەبری ئەوە شەقامەکان بە پەیکەرەکانی جۆیس ڕازاوەتەوە، تێکستی ڕۆمانەکانی، بە تایبەتییش ”یولیسیس” و ”دبلنییەکان” لە شەقام، پرد، کۆڵان، مەیخانە و باخچە گشتییەکاندا هەڵکۆڵراون. خەڵکی هەمیشە شوێنپێی ئەم نووسەرە دەکەون و ئەوەی بەم شوێنانەدا بڕوات، ئەوەیان دەهێنرێتەوە یاد، کە ئا لێرەدا ”لێۆپۆڵد بلووم و ستیڤن” و کارەکتەرەکانی تر ژیاون، پیاسەیان کردووە یان لەسەر پردەکانەوە، بە ڕامانەوە لە ڕووبارەکانیان ڕوانیوە. جۆیس لە ڕۆمانی (یولیسیس) دا وێنەیەکی دبلنی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە کێشاوە، وەک خۆی گووتویەتی:” وێنەیەکی تەواوی دبلن دەکێشم، گەر هاتوو لە پڕ ئەم شارە لەسەر گۆی زەوی نەما، ئەوا بتوانرێت بە هۆی کتێبەکەمەوە، سەرلەنوێ وەک خۆی ڕۆبنرێتەوە.”  ساڵانەیش لە ١٦ ی حوزەیراندا، دبلن دەبێتە ڕۆمانی ”یولیسیس” و هەموو دانیشتوانی ئەم شارەیش دەبنە جۆیس. ئەم یادەیش ڕۆژی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەیە، کە دەکەوێتە ١٦ی مانگی شەشی ساڵی ١٩٠٤؛ ئەم بەروارەیش بە پێی ڕۆژمێر هیچ ڕۆژێکی تایبەت نییە لە مێژووی ئێرلەندەدا، بەڵکو جۆیس لەم ڕۆژەدا(نۆرە بارنەکڵ) ژنی ناسیووە. لەم ڕۆژەدا، یولیسیس دەبێتە ڕۆمانێکی کراوە و کارەکتەرەکانی دەگەڕێنەوە و دێنە دەرەوە بۆ ناو ژیانی ڕۆژانە، بۆ ناو واقیعی دبلن و تێکەڵاوی خەڵکی دەبن. لەم ڕۆژەدا، کە بە ڕۆژی ”بلووم” ئاماژەی بۆ دەکرێت، خەڵکی بە ڕێنمایی کەسانی پسپۆڕ، بەو شوێنانەدا، بەو شەقام و کۆڵانانەدا، کە کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە، بە تایبەتییش ”لێۆپۆڵد بلووم” پیایدا ڕۆیشتووە، دەڕۆن.

 خەڵکی لەم ڕۆژەدا ئەو خواردنانە دەخۆن، کە کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە خواردوویانە، هەوڵ دەدەن هەمان جلوبەرگ لەبەربکەن و هەر وەک ئەوانیش، ڕەفتار بکەن. ئەوە جگە لەوەی بەشەکانی ڕۆمانەکە، لێرە و لەوێ لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاردا نەمایش دەکەن. ڕۆمانی ”یولیسیس” لە سێ بەش پێکهاتووە: بەشی یەکەم بە پیتی (س) و بەشی دووەم بە (م) و سێیەمیشیان بە (پ) دەست پێ دەکات، ئەوەیش وەک ئاماژەیەک بۆ کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە: ستیڤن، مۆڵی و پۆڵدی. ناوەندی جێمس جۆیس لە دبلن لەم ڕۆژەدا، ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت، رێپێوانی ڕۆمانی ”یولیسیس” ئامادە دەکات، گروپی هەوادارانی جۆیس، قوتابی زانکۆکان و ئەو گروپانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دێن، بەسەر چالاکییەکانی ئەم ڕۆژەدا دابەش دەکەن.

 ئەم ناوەندە دەکەوێتە ناوەڕاستی شارەوە، لەم ناوەندەدا پێشانگایەکی کولتووری هەیە، کە بیۆگرافیای پەنجا کارەکتەری یولیسیس لەخۆدەگرێت، ئەم بیۆگرافیایانەیش سەرچاوەیان لە ژیانی ڕاستی و واقیعی دبلن و دبلنییەکانەوە وەرگرتووە. بۆ نموونە کارەکتەری پرۆفیسۆر ”دێنیس یامەگەنی” قوتابخانەیەکی سەمای لە خودی ئەم خانووەدا هەبووە، لێپۆڵد بلووم و مۆلی بلووم، کە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانەن، لە نزیک ئەم ماڵەوە ژیاون. جۆیس لە ماوەی ئەو پانزە ساڵەدا، کە (یولیسیس)ی تیا نووسیوە، هەموو ڕۆژنامەکانی ١٦ی مانگی شەشی ساڵی ١٩٠٤ی لەگەڵ خۆی گێڕاوە، چیش لەم ڕۆژنامانەدا بڵاوکراونەتەوە، لە ڕۆمانەکەیدا بەکاری هێناوە. 

 

تاوەرێکی سەربازی و ژیانێکی ئەبەدی

لە دەرەوەی شاری دبلن، لە گوندێکی دوورەدەستی گوێ زەریایەک، تاوەرێک بەسەر بەرزاییەکەوە بەرز بۆتەوە، کە بە تاوەرەکەی جێمس جۆیس ناوزەد کراوە. ئەم تاوەرە سەربازییە، یەکێکە لەو پازدە تاوەرەی لە ساڵی ١٨٠٤ دا لەنێوان دبلن و ئەم ناوچانەدا دروست کراوە، وەک خاڵی بەرگری دژی هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی ناپلیۆن. سەد ساڵ دواتر، جۆیس بۆ ماوەی هەفتەیەک لەم تاوەرەدا، وەکو میوان لای شاعیرێک بە ناوی ”ئۆلیڤەر سانت گویرگی” ژیاوە. ئەم شاعیرە دەبێتە مۆدێلێک بۆ کارەکتەری ”باک مالیگان” لە ڕۆمانی ” یولیسیس ”دا. هەر لەم تاوەرەیشدا، جۆیس سەرەتا و دەسپێکی ڕۆمانی ”یولیسیس” دەنووسێت.<٣>

 ئەم تاوەرە دوازدە مەتر بەرزە، بەسەر گردێکەوە ڕۆنراوە، کە دەڕوانێت بەسەر کەنار و دەریایەکی گەورەدا. لەم تاوەرەدا مۆزەخانەیەکی بچووکیان بۆ ڕۆمانی ”یولیسیس” و جۆیس دروست کردووە. هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی، کە لەو ڕۆژگارەدا بەکاری هێناون، بە تایبەتی گیتارەکەی، پاکەتی جگەرە و گۆچانی پیاسەکردنەکەی، تێدا پارێزراون. ئەمە جگە لە هەندێک وێنەی فۆتۆگرافی کۆن، کە جۆیس لەم تاوەرە و لەم ناوچانەدا گرتوونی، هەندێک لە چاپی یەکەمی بەرهەمەکانی، لە ناویاندا چاپێکی ساڵی ١٩٣٥ ی ڕۆمانی ”یولیسیس” هەیە.

 بەیانی زوو، بۆ ئەوەی نەکەوینە بەر باران، لە دبلن دەچینە وێستگەی شەمەندەفەر، بلیتەکانمان دەبڕین و بەرەو گوندی ”ساندی کۆڤ” Sandy Cove دەکەوینە ڕێ. کە دەگەینە کەناری دەریاکە، تیشکی ڕۆژ، دڕ بە هەوری ئاسمان دەدات، بە سەرکێشییەکی گەورەوە دەردەکەوێت، دەریاکەیش وەک زیوێکی چڵکن دەبریسکێتەوە و خەڵکی لە هەموو سووچ و قوژبنێکەوە سەر دەردێنن. کەنار زەریا پڕ دەبێ لە خەڵک، ڕەشەبا بەهێزەکە کەس ناترسێنێ، هەتاویش تا دێت تینی بەهێزتر دەبێت.

 لە کەنار دەریاوە، بە توولەڕێیەکی بەردەڵانی باریکدا دەڕۆین تا دەگەینە شەقامێکی باریک و لەوێوە بۆ ناو تاوەرەکەی جۆیس، کە دەشگەینە بەردەمی تاوەرەکە، تیشکی ڕۆژ بە تەواوی خۆی پەخش کردووە و کەشتییە بچووکەکانیش، چارۆکەکانیان کردۆتەوە و بەسەر ئاوەکەوە باڵەفڕێیانە. مۆزەخانەکە بچووکە و شتەکانی ناوی بەوپەڕی سەلیقەوە، لە پشت دیوارێکی شووشەبەندەوە دانراون. تارمایی جۆیس، وەک ڕۆحێکی نائارام دێت و دەچێت، کتێبەکانی پەڕە پەڕە هەڵدەداتەوە. جارناجارێک بەشێک لە ”یولیسیس” مان بۆ دەخوێنێتەوە و هەندێک جاریش بە گیتارەکەی دەستی، کورتە ئاوازێکمان بۆ دەژەنێت. هەموو مۆزەخانەکە ئاماژەیە بۆ ئامادەییەکی بەهێزی ئەم نووسەرە، بۆ نەمری و ئەفسوونی وشە. ئەم پانتاییە بچووکە، لەم شوێنە دوورەدەستە و بەسەر ئەم بەرزاییەوە، دووپاتکردنەوەیەکی فراوانی مرۆڤایەتییە. لەم گەردوونەدا، لەم دونیا و تاوەرە بچووکەدا، کە ڕۆژێک لەڕۆژان بە مەرامی سەربازی ڕۆنراوە، جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤ، ڕەگەز، ڕەنگی پێست و نەژادی نەتەوایەتی بە تەواوی دەسڕدرێتەوە و بوونیان نامێنێت. ئەو ژینگە و ئەتمۆسفێرەی ئەم ژوورە بچووکە و بەم بەرزاییەوە دەیخوڵقێنێت، پانتاییەکە بۆ ئەفسوونی کتێب و ئەدەب، لەم شوێنەدا وشە، پەیڤ و هەستێکی قووڵی مرۆڤایەتی و مرۆڤبوون کۆمان دەکاتەوە. 

 

بەندیخانەیەک وەک دەروازەی سەربەستی وڵاتێک

ئێرلەندە یەکێکە لەو وڵاتانەی، کە بە خوێن ئازادی و سەربەخۆیی بەدەست هێناوە، بە توندی دژی ئینگلیزی داگیرکەر شەڕیان کردووە و لەو پێناوەدا نەوە لە دوای نەوە خوێنیان ڕژاوە. سوپا و دەسەڵاتی ئینگلیزیش بە هەموو شێوەیەک، بە هەموو هێزێک، بە هەموو چەکێک دژی هەر بزاڤێکی ئێرلەندی بوونەتەوە و بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوتیان کردوون.

 یەکێک لەو هێماگەل و یادەوەرییانەی، کە تا ئەمڕۆیش ماوە، بەندیخانەیەکی گەورەیە. ئێستا ئەم بەندیخانەیە کراوەتە مۆزەخانە و ساڵانە بە هەزارەها کەس لە هەموو جیهانەوە ڕووی تێدەکەن، هەموو خانووبەرەکە، ژووری زیندانییەکان و ناوچەکەیش مێژوویەکی زیندوون. ئەم مێژووە، ئەو شۆڕشگێڕانەی لەو بەندیخانەیەدا گوللەباران کراون، ئەوانەی ئەشکەنجە دراون و ئەوانەیشی تا دوا ڕۆژەکانی ژیانیان، ڕۆژی ڕووناکیان نەدیوە و بە زیندوویەتی نەهاتوونەتە دەرەوە، بوونەتە یادەوەری و بیرەوەرییەکی گرینگی ئەم گەلە.<٤>

 لەبەرئەوەی ئەم بەندیخانەیە ئێجگار گەورەیە و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە ئێرلەندییەکانی تێدا بەندکراون، بەرپرسە سەربازییەکان بەندیخانەکەیان بەسەر سێ بەشدا دابەش کردووە:

بێدەنگیی

چاودێری

جیاکردنەوە (بە مەبەستی ڕەگەزپەرستیی)

ئەم سێ وشەیەیش کە هێماگەلی بەندیخانەکە بووە، بە زمانی ئینگلیزی هەرسێکیان بە پیتی S دەست پێ دەکەن: Silence, Supervision, Segregation. ئینگلیزەکان زۆر جار بەندەییەکانیان بە پاپۆڕ و بە نهێنی ئاودیوی ئوستورالیا کردوون، بە شێوەیەک هەرگیز نەیانتوانیوە جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ئێرلەندە، هەروەها بەندییە سیاسییەکانیان تێکەڵاوی تاوانبارانی تر، وەک دز و پیاوکوژ و تاوانبارەکانی تری کۆمەڵگە کردوون. بەو شێوەیەش مەبەستیان بووە دووپاتی ئەوە بکەنەوە، کە بە هیچ شێوەیەک زیندانیی سیاسی لەو وڵاتەدا نەبووە. هەر زیندانییەکیش تەنها یەک مۆم و بەتانییەک و ئینجیلێکی وەرگرتووە، هەر ئەوەندەیش خواردنیان پێ دراوە، کە لە برسا نەمرن.

 بەرلەوەی بچینە ژوورەوە، لە گۆڕەپانەکەی دەرەوە کۆدەبینەوە، باران بە خوڕ بە سەرماندا دەبارێت، من چەترێکی بچووکم بە دەستەوەیە، بەڵام هیچ سوودێکی نییە و باران بە لێزمە بە هەر چوار لادا دەبارێت. ئەو کچەی ڕێنوێنمانە، لە دەرگایەکی بچووکەوە دەمانباتە ژوورێ. دیوارەکان بە ڕتووبەت ڕەش بوون، گڵۆپە زەردە کزەکان تەنها بەرپێمان ڕووناک دەکەنەوە. هەندێک لە ژوورەکان کراوەن و دیوار و ساپیتەکان چیرۆکە نهێنییەکانمان بۆ دەگێڕنەوە، لە هەندێک شوێندا ئامێرەکانی ئەشکەنجە و هەڵواسین بە شوێنەکانی خۆیانەوە ماون. لەسەر دیواری ناوەوەی یەکێک لە ژوورەکان، وێنەیەکی ”مەریم” کێشراوە، ڕێنوێنەکەمان بە هەست و سۆزێکی زۆرەوە چیرۆکی ئەو وێنەیەمان بۆ دەگێڕێتەوە (لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩١٦ دا یەکێک لە زیندانییە سیاسییەکان لەم ژوورەدا بەند کراوە، ئەم بەندییە هەر لەم زیندانەدا هاوسەرگیریی کردووە و بۆ ڕۆژی دواتر لە سێدارە دراوە. ژنەکەی لە یادەوەرییەکانیدا، کە دواتر بڵاوکراونەتەوە، باسی ئەو زەماوەندەی کردووە، کە بەر لەسێدارەدان تەنها دە دەقیقەیان هەبووە بۆ یەکتر بینین. ئەوەیش بە چاودێرییەکی بێ بەزەییانەی پاسەوانەکانی زیندانەکە.  پاسەوانەکان دە دەقیقەکەیان ژماردووە، لەو دە دەقیقەیەدا لە تەماشاکردنی یەکتری زیاتر، فریای ئەوە نەکەوتوون هیچ شتێک بە یەکتری بڵێن.) هەر زیندانییەکەیش ئەو وێنەیەی لەسەر دیوارەکە کێشاوە. لە ڕابوونەکەی ساڵی ١٩١٦ دا بەشێکی زۆر لە ئێرلەندییەکان لەم زیندانە توند دەکرێن، هەر لەبەرئەوە لێپرسراوانی زیندانەکە ڕاڕەوێکی تایبەت تەرخان دەکەن بۆ شۆڕشگێڕەکانی ئەو ڕابوونە جەماوەرییە. 

 ئەو کچە گەنجە ئێرلەندییەی بەندیخانەکەمان پیشان دەدات، لە یەکێک لە دەرگا گەورەکانی ئەوسەری ڕاڕەوەکانەوە ئەمانباتە دەرەوە. گۆڕەپانێکی نیمچە بازنەیی و لە ناوەڕاستدا ئاڵای ئێرلەندە هەڵکراوە، مینیومێنتێکی بچووک بە دیوارەکەی بەرامبەر دەرگاکەوە بەرزبۆتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هەموو سوچێکی ئەم گۆڕەپانەدا، خاچێکی بچووکی ڕەشی لە تەختە دروستکراو بە زەوییەکەدا داکوتراوە. هەموو گۆڕەپانەکە لە دیمەنی شانۆنامە یان فیلمێکی سینەمایی دەچێت. بارانیش بەبێ وچان هەر دەبارێت و ئەرزە بە زیخ و چەو داپۆشراوەکەی ژێر پێمانی سپی کردۆتەوە.

 کچە ئێرلەندییەکە گوێ بە باران نادات و بە هەست و سۆزێکی قووڵەوە قسە دەکات: ئینگلیزەکان، ئا لەم گۆڕەپانەدا، ئێرلەندییەکانیان گوللەباران کردوون. زۆر جار وەک ئێستا باران باریوە و باران هەر زوو خوێنەکەی شتۆتەوە.

 ناوی هەندێک لەو ئێرلەندییانەی، کە لەم شوێنەدا گوللەباران کراون، لەسەر پانتایی مینیومێنتەکە هەڵکۆڵراون.

 هەست بە ناڕەحەتی دەکەم، هەرچەندە باران بە خوڕ دەبارێت، بەڵام شوێنەکە هەر بۆنی خوێنی لێ دێت، زیخ و چەوی ئەرزەکە، وەک دەستی لێدی ماکبێس خوێنەکەی لێ نابێتەوە. بەبێ ئاگایی زوو زوو سەیری بەرپێی خۆم دەکەم، نەوەک پێ بنێم بەو خوێنە وشکەوەبووەدا، کە زیاتر لە سەد ساڵە، بەسەر زەوییەکەوە وەک پەڵەیەکی ڕەش ماوەتەوە و بواردوویەتی.

 

شانۆی گەیت

لە دبلن جگە لە شانۆی ئابی چەندین شانۆی تر هەن، کە پێگەیەکی گرینگیان لە نەخشە و ڕیپۆرتواری شانۆی ئێرلەندی و شانۆی ئەوروپیدا هەیە. یەکێک لەو شانۆیانەیش شانۆی گەیت Gate Theatre  ە. خانووبەرە و بارەگای ئەم شانۆیە دەکەوێتە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی نزیک ناوجەرگەی شاری دبلنەوە. لە سەرەتادا ئەم شوێنە ساڵۆنی نانخواردن و ئاهەنگگێڕان بووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٨ بەولاوە دەبێتە شانۆی گەیت.

 ئەم شانۆیە، جگە لە شانۆی جیهانیی، ساڵانە بەشێکی گرینگی ڕیپۆرتوارەکانیان دەربارەی شانۆی کلاسیکی و مۆدێرنی ئێرلەندییە، بۆ نموونە: یەیتس، شۆن ئۆکیسی، ئۆسکار وایڵد، جۆزیف ئۆکۆنۆر، بێرنارد شۆ … هتد، هەروەها ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەشێکی زۆر لە شانۆنامەنووس و ناوە گەورەکانی شانۆی جیهانی، بۆ یەکەم جار لەسەر ئەم شانۆیە دەقەکانیان پێشکەش کراوە و لێرەوە، لە شانۆی گەیتەوە، ڕێگای خۆیان بۆ شانۆکانی تری ئەوروپا کردۆتەوە.

 

 

گلێنگاری و گلێن ڕۆوز

بەر لە یەک دوو ساڵ، لە شانۆی شاری ستۆکهۆڵم شانۆنامە بەناوبانگەکەی شانۆنامەنووسی ئەمەریکی ”دەیڤید مەمێت” (گلێنگاری گلێن ڕۆوز) م بینی بوو، هەروەها دەقەکەیشم خوێندۆتەوە و ئاگاداری هەندێک لە پێکهاتە و بارودۆخی ڕووداوەکانیشیم. ئەمە جگە لەوەی بە فیلمیش بینیومە. بە ڕێکەوت لەگەڵ ئەم سەردانەی ئێمەدا بۆ دبلن، شانۆی گەیت ئەم شانۆنامەیە پێشکەش دەکەن، لەبەرئەوە بە دەرفەتم زانی بچم و لێرەیش نەمایشەکە ببینم.

 بە پێپلیکانەی شانۆکەدا دەچمە سەرەوە، بینەرانی شانۆکە جلوبەرگی ڕێک و جوانیان پۆشیوە و هەروەک ئەوەی هاتبن بۆ ئاهەنگێکی زەماوەند. هەر لە دەرگای دەرەوە، مێژووی ئەم شانۆیە بەسەر دیوارەکانەوە دەخوێنیتەوە. هەموو ئەو شانۆنامانەی لەسەر شانۆی گەیت پێشکەش کراون، لە دیمەنی جوانی وێنەی فۆتۆگرافیدا و بەپێی ساڵی نەمایشکردنیان، بە دیوارەکاندا هەڵواسراون: چێخەف، ئیبسن، ستریندبێرگ، یەیتس، لیدی گریگۆری، بێرنارد شۆ، ئۆسکار وایڵد، مۆلییر، برێشت، ئارسەر میللەر، هارۆڵد پینتەر، سامۆئیل بێکێت، تێنسی ولیامز، شەکسپیر، شۆن ئۆکیسی، جۆن ئۆزبوورن، یۆژین ئۆنێل، ئێدوارد ئالبی … هتد. بینەران سەرقاڵی گفتوگۆ و قسەکردنن، دوو دوو یان بە گروپی بچووک، بە دانیشتنەوە یان بە پێوە و بە دەوری مێزەکانی کافتریاکەوە وەستاون و قسە دەکەن.  ڕۆژەکەیشی خۆشە و ئەمڕۆ هەر هیچ باران نەباریوە.

 کۆلایەک دەکڕم و لە وێنەکانی سەر دیوارەکان ورد دەبمەوە، جار بەجار سەیرێکی خەڵکەکە دەکەم و حەز دەکەم بزانم باسی چی دەکەن، بە زمانی جەستە و جۆری جلوبەرگ و تەمەنی خەڵکەکەدا، مرۆڤ دەزانێت، کە چ جۆرە پەیوەندییەکیان بە یەکەوە هەیە، هاوڕێ، ژن و مێرد، دۆست یان دڵدارن.

 دەچمە هۆڵی شانۆکەوە، بینەران لە دوو دەرگاوە، یەکێکیان لەلای ڕاستی خوارەوە و ئەویتریان لە ناوەڕاستی سەری سەرەوەی شانۆکەوە دێنە ژوورەوە. هۆڵێکی گەورە بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە بەربەستێک یان جیاوازی لە دابەشکردنی کورسییەکاندا کرابێت، بە چەشنی هۆڵی سینەما دابەشکراون.

 

 کڕین و فرۆشتن و گەمەی قایل کردن

دەیڤید مەمێت لە ساڵی ١٩٨٢ دا لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکانی ئابووری ئەمەریکا و کەوتنی نرخی خانووبەرە و سەرەتای تەنگژەی بانکەکاندا، شانۆنامەی ”گلێنگاری گلێن ڕۆوز” دەنووسێت. بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆیش ئەو مەسەلانە لەم دەقە شانۆییەدا دەخاتە ڕوو، کە تایبەتن بە کڕین و فرۆشتن ”هەموو شتێک دەکرێت بکڕێت وبفرۆشرێت، هەموو کەسێک دەکرێت کەی بتەوێت بیکڕیت.” دواتر مەمێت سەرکەوتنێکی گەورە بەم شانۆنامەیە بەدەست دەهێنێت و خەڵاتی ”پۆلتیزەر” یش وەردەگرێت. 

مەمێت، کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٧ ە، جگە لە شانۆنامە، چەندین فیلمی سینەمایی و زنجیرەی تەلەفزیۆنیشی نووسیوە، ئەم شانۆنامەیەیشی کراوەتە فیلمێکی سەرکەوتوو کە ئەکتەری جیهانی (ئەل پاچینۆ) ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت. هەروەها مەمێت سێ ڕۆمانی نووسیون و چەند کتێبێکی تیۆری و لێکۆڵینەوەی شانۆییشی بڵاوکردۆتەوە. یەکێک لە کتێبە گرینگە شانۆییەکانی سەبارەت بە ئەکتەر و تیۆرەکانی هونەری نواندنە.

 بینەران لەم شانۆنامەیەدا ڕووبەڕووی چەند کەسێک دەبنەوە، کە بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی ئەوەدان نەکەون. ئەم کەسانە ”پیاوانە” دەڵاڵی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و زەوین و هەموو ڕێگایەک بەکاردەهێنن تەنها بۆ ئەوەی کڕیارەکانیان قایل بکەن. ناونیشانی ئەم دەقەیش “گلێنگاری گلێن رۆوز”، کە هەندێک نهێنیئامێزە، مەمێت لە ناوی دوو ئۆفیسی کڕین و فرۆشتنەوە وەریگرتووە، ناوەکانی بەبێ دەستکاری پێکەوە نووساندووە و بەمەیش وشەیەکی تری لێ دروست کردووە. ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەوەیە، کە مەمێت خۆی بۆ ماوەیەک لە یەکێک لەو ئۆفیسی کڕین و فرۆشتنانەدا کاری کردووە.

 دەقەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باسی بازاڕ و ئەو گەمە سایکۆلۆژییە دەکات، کە کار دەکاتە سەر مەسەلەی کڕین و فرۆشتن یان ئەو گەمە سایکۆلۆژییەی خودی بازاڕەکەیە، بەڵام هەموو ڕووداوەکان و لەو دەروازە سایکۆلۆژییەوە بە دەوری ئەو کەسانەدا دەسووڕێتەوە، کە دەیانەوێت کڕیارەکانیان قایل بکەن و ئەوەی دەیانەوێت بیفرۆشن، بیفرۆشن. بۆ ئەم مەبەستەیش ئامادەن مشتەرییەکانیان: بە زمانی لووس، ڕێگای پێچ و پەنا، پەیمانی درۆ، دروستکردنی دنیایەکی پڕ لە خەیاڵ، فریودان، لە خشتەبردن و تەنانەت تەزویرکردنیش، هەڵخەڵەتێنن.

 مەمێت خۆی سەبارەت بە شانۆنامەکەی دەڵێت:”بابەتی دەقەکە درۆیە، درۆکردن بە هەموو شێوەکانییەوە، لە کۆتایی شانۆنامەکەیشدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی، کە ئەوەی سووکایەتی پێ دەکرێت، ئەوەی بە تەواوی بیردەچێتەوە و دوورەپەرێز دەکرێت، ڕاستییە.” بە مەرگی ڕاستییش شانۆنامەکە دەگاتە کۆتایی.

 ئەم شانۆنامەیە باسی گەمەی قایلکردن و لەخشتەبردن دەکات و شانە گرینگەکانی دەقەکە و خودی نەمایشەکەیش لە کۆمەڵێک تەکنیک و هونەری قایلکردنی بەرامبەرەکەت پێکهاتووە، ئەم گەمانەیش شتگەلی ئاسان نین و فرۆشیارەکان، هەموو ئامرازەکانیان بەکاردەهێنن تا بتوانن بەرامبەرەکانیان قایل بکەن.

 ئەکتەرەکانی ئەم نەمایشە لەم گەمە سایکۆلۆژییەدا، لە دروستکردنی دونیا خەیاڵاوییەکاندا بێ هاوتان و هەموو گەمەی نەمایشەکەیش دەبێتە کۆمیدیایەکی تاریک و ڕەش، کۆمیدیایەک لەسەر بنەماکانی ڕەهەندێکی تراجیدی ڕۆنراوە.

 کەسایەتییەکان، کە ڕۆڵی چەند دەڵاڵێک دەبینن، دەیانەوێت لە پشت ئەم گەمەی کڕین و فرۆشتنەوە پێگەی خۆیان بەهێز بکەن، شانسی زیاتر بۆ مانەوەی خۆیان بەدەست بهێنن و قازانجێکی ماددی گەورەیش بکەن. ئەم پیاوە چاکەت و پانتۆڵ لەبەرانە، وەکو چەند مشکێک وان، کە لە سووچی ژوورێکدا گیریان خواردبێ و توانای دەربازبوونیان نەبێت. لەبری ئەوە دەکەونە گیانی یەکتری و یەکتری دەخۆن. بۆ نموونە هەموویان ڕقیان لە بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەیانە، بەڵام هەموویشیان مامەحەمەیی بۆ دەکەن تا بەهۆی ئەوەوە زیاتریان دەست بکەوێت. هەروەها گەمەیەکی ترسناکیش لەنێوان خۆیاندا دەکەن، کامیان زیاتر بفرۆشێت، زیاتر قازانج بکات و سەرکەوتوو بێت. ئەم گەمەیەی نێوانیان هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان، هاوڕێیەتی و موراڵی نەهێشتووە و بە هەموو شێوەیەک پاشقوول لە یەکتری دەگرن و ترسی کەوتن، وەک تارماییەکی تۆقێنەر،  بەدوایانەوەیە. یەکێک لە کارەکتەرەکان دەڵێت:”پیاو چی فێر دەبێت؟ تۆ نابێت تەنها هەر ئوتومبێلێک بە کەسێک بفرۆشیت و بڕایەوە، ئەبێت وا بکەیت ئەو کەسە بگەڕێتەوە و پێنج ئۆتۆمۆبیل لە ماوەی پازدە ساڵدا بکڕێت.”

 یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم دەقە ئەوەیە، کە مەمێت دوو جۆر فرۆشیاری داناوە، ئەوانەی توانایەکی ئەفسووناوییان هەیە و دەتوانن هەموو کەسێک لە خشتە بەرن و هەموو شتێک بفرۆشن. ئەو فرۆشیارانەیشی، کە هەرچییەک دەکەن، بە چ شێوەیەک هەوڵ دەدەن و چ ئامرازێک بەکاردەهێنن، گرینگ نییە، هەروەها ئەوەی دەیفرۆشن چاک یان خراپ، بەڵام هەرگیز سەرکەوتوو نابن و هەمیشە زەرەرمەندن. لەم دەقەدا کەسایەتی ”لێڤینە” نموونەیەکە لەم جۆرەیان.

مەمێت بۆ ئەم کارەکتەرەیان سوودێکی زۆری لە کەسایەتی (ویلی لۆمان) ی ئارسەر میللەر لە شانۆنامەی ”مردنی دێوەرەیەک” دا وەرگرتووە. زوربەی ڕەخنەگرەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە ”لێڤینە” وێنەیەکی مۆدێرنی (ویلی لۆمان) ە و ئارسەر میللەرێکی تر و لە زەمەنێکی تردا نووسیویەتی.

 ڕەخنەگرە ئێرلەندییەکان دووپاتی ئەوەیان کردۆتەوە، کە یەکێک لە شتە چاوەڕواننەکراوەکانی ئەم دەقە ئەوەیە، کە تاکو ئێستایش هەر دووچاری سەرسوڕمان و خورپەمان دەکات. مەمێت دیالۆگ و گفتوگۆی کارەکتەرەکانی، بە شێوەیەکی چڕ ڕووبەڕووی یەکتری دەکاتەوە. هەموو دەقەکە وەک شەڕە بۆکسێنێکی خێرا، کە هەزارەها کەس لە هۆڵەکەدا بن و هانی یاریزانە بۆکسوەشێنەکان بدەن، وایە. یەکێک لە سیما گرینگەکانی دەقە شانۆییەکانی ئەم نووسەرە زمانە، زمانێکی ڕیتمئاسا، شیعری، ڕستەی کورت و هەندێک جار نزیک لە زمانی خەڵکی سەر شەقامەوە، درێژ، پیس و ناشرینەوە ڕۆنراوە، هەروەها بە ئاشکرا کاریگەرییەکانی بێکێت و هارۆڵد پێنتەریان بە سەرەوەیە. زمان لەلای مەمێت تەنها ئامرازێکی پەیوەندیکردن، بە کارهێنانی فۆرم و دیالۆگی نێوان کارەکتەرەکان نییە، بەڵکو زمان بابەتی شانۆنامەکانییەتی، ناوەڕۆکی دەقەکانییەتی و فۆرم و شێوە لە زمانێکی جیاوازدا کۆدەکاتەوە. زمانە بازاڕییە پیس و ناشرینەکە، لەگەڵ زمانە شیعریی و ریتمئاساکە، پێکەوە دەبنە فۆرم و ناوەڕۆک و زمانە گوزارشتئامێزەکەی ئەم نووسەرە پێک دەهێنن. 

 سەرەتای دیمەنی یەکەمی ئەم نەمایشە، لە چێشتخانەیەکی هەرزانبەهای ”چینی” دا دەست پێ دەکات: بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەڵاڵەکان بە هەستێکی ئەوپەڕی ساردوسڕییەوە لەگەڵ کارمەندەکانیدا لە گفتوگۆیەکی توندوتیژدایە. هەموو دیمەنەکە دەروازەیەکە بۆ نەمایشەکە و لەوێدا نەخشە و پلانەکانیان بۆ فرۆشتنی خانووبەرەکان، بە هەر شێوە و ئامرازێک بووە دادەڕێژن. دوای ئەوە دیمەنەکانی تر لە ئۆفیسی دەڵاڵەکاندا ڕوودەدات و ئەو دەڵاڵانە، کە دەیانەوێت زۆرترین پارە پەیدا بکەن، زۆرترین خانووبەرە بفرۆشن و بە هەموو شێوەیەک خەڵکی لە خشتە بەرن، بە هەمان شێوە بە زمانێکی خوێناوی لەگەڵ یەکتری دەدوێن و گەمەیەکی دەسەڵاتخوازیی بێ مۆراڵانە لەگەڵ یەکتری دەکەن.

 ڕیژیسۆری شانۆنامەکە ”دۆگ هیوز” ئەمەریکییە و بۆ ئەم کارە لە دبلنە، ئەتمۆسفێرێکی ”کافکایی” خوڵقاندووە، گەمە لەگەڵ ڕووناکی، سێبەر و تاریکیی دەکات و کارەکتەرەکان لەم سێ مۆتیڤەدا بە شێوەیەکی کۆریۆگرافی دەجوڵێنێت. ئەو جووڵە سەمائامێزەی کارەکتەرەکان کە ڕیژیسۆری شانۆنامەکە لە دەروازەکانی تاریکی و ڕووناکیدا کاری لەسەر کردوون، جوڵەی جەستە و پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکانی ڕێک خستووە. تۆنێکی کۆمیدی لە دەنگی ئەکتەرەکان و فۆرمی کۆمیدیایەکی ڕەش و گەمەی سێبەر و ڕووناکی، لە دیدێکی ”کافکا” ئاساوە، ئەتمۆسفێرێکی ترسناک دەخوڵقێنێت.

 ئەم ڕیژیسۆرە، کە زیاتر لەسەر شانۆکانی نیویۆرک کاردەکات، بە باشی هەموو نهێنییەکانی دەقەکەی مەمێت ئاشکرا دەکات، لە تەنگژە ئابوورییە قووڵەکەی ئەمەریکاوە کار دەکات و هێڵی هاوبەش، بۆ نموونە لەنێوان بانکەکانی ئەمەریکا و ئێرلەندە دەدۆزێتەوە و هێماگەلەکان دەبەستێتەوە بە ئابوورییە خراپ و ژێرخانە وێرانەکەی ئێرلەندەوە.

جگە لەمەیش، هەر لە پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکانەوە، لە مامەڵەی بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەوە، لە چۆنییەتی بەرجەستەکردنی ئەو پەیوەندییە دڕەی نێوان فرۆشیار و کڕیارەکاندایە، هەروەها چۆنییەتی دروستکردنی کۆنتراکتەکانەوە، گەندەڵیی ئەم دەزگایانە دەخاتە ڕوو. بەشێکی زۆری تەنگژە قووڵ و گەورەکەی دارایی ئەمەریکا و ئێرلەندەیش دەبەستێتەوە بە هۆکارەکانی گەندەڵییەوە.

 لەم نەمایشەدا، ئەکتەرەکان بە توانا بێ سنوورە گەورەکانیانەوە، ئەم ڕیژیسۆرە بە ئەزموونە ئەمەریکییە، بە قووڵبوونەوەی لە گەمە نێونەتەوەییەکان و ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکان و ئەفراندنی شانۆیەکی بەرز و گشتگیر، بازاڕێکی پڕ لە ئەندێشەی شانۆییان بۆ بینەران خوڵقاندووە.

 کە لە شانۆکە دێمە دەرەوە، ئاسمان شینێکی پاکە، هەوا خۆشە و باران نابارێت، بە پیاسە بە شەقامەکەدا بەرەو خوار دەبمەوە و بەرەو هۆتێلەکەمان دەڕۆم، کە هێندە لە شانۆی گەیتەوە دوور نییە. هەر لە دوورەوە، لە جامخانە گەورەکانی ڕووکاری دەرەوەی هۆتێلەکەوە، لیسا و دالیا لە هۆڵەکەی خوارەوەدا دەبینم، دەچمە ژوورەوە بۆ لایان، دالیا بەرەو ڕووم ڕادەکات، دەستی یەکتر دەگرین و دەڕۆینە دەرەوە. چەپڵەڕێزانی بینەران و سیمای پڕ لە خەندەی ئەکتەرەکان و وشە ڕەقەکانی “دەیڤید مەمێت” تێکەڵاوی ئەتمۆسفێرە خامۆشەکانی ئەو ئێوارەیەی دبلن دەبن.

 

زانکۆی ترینیتی

بە پاسێکی سووری دوو نهۆمیی لەناوجەرگەی دبلنەوە بەرەو زانکۆی ترینیتی دەکەوینە ڕێ. باران نابارێت، بەڵام هەواکەی ساردە و بەم هاوینە ملپێچم لە ملدایە و باش خۆم پێچاوەتەوە. شۆفێری پاسەکە بە زمانێکی هێمن باسی ئەو شوێنانەمان بۆ دەکات، کە بە لایاندا دەڕۆین. چەند فریا بکەوێت مێژووی شوێنەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە و ئێمەیش بە دەم قسەکانی ئەوەوە بە بەردەوامی سەیری ئەمبەر و ئەوبەری شەقامەکە دەکەین و چاو بۆ ئەو شوێنانە دەگێڕین، کە کاکی شۆفێر باسیان دەکات. کە دەگەینە بەردەمی زانکۆی ترینیتی، دەڵێت ( کە لە ساڵی ١٥٩٢ دا ئێلیزابیسی یەکەم ئەم زانکۆیە دەکاتەوە، سێ مەبەستی دەبێت: یەکەم، ئێرلەندییەکان ملکەچی ژێر دەسەڵاتی پادشایەتی خۆی بکات، دووەم، لە کاتۆلیکەوە بیانکاتە پرۆتستانت و سێیەمیش لە ڕێگای خوێندنەوە ناچاری فێربوونی دابونەریتەکانی بەریتانیایان بکات.) شۆفێرەکەمان کە لەم قسانەی دەبێتەوە، بە پێکەنینێکی گاڵتەئامێزەوە دەڵێت (وەک دەبینن ئینگلیزەکان لە هیچ کام لەو ئامانجانەیاندا سەرکەوتوو نەبوون.)

 زانکۆی ترینیتی لە بنەڕەتدا زانکۆیەکی پرۆتستانتی بووە و بە  هیچ شێوەیەک نە بۆ ئافرەت و نە بۆ کاتۆلیکەکان نەبووە لەم زانکۆیەدا بخوێنن، وەک شۆفێری پاسەکەیش ئاماژەی بۆ کرد، مەبەستی سەرەکی دامەزراندنی زانکۆکە ئەوە دەبێت کاتۆلیکە ئێرلەندییەکان بکات بە پرۆتستانت و لەم ڕێگەیەشەوە ملکەچی بەریتانیای مەزنیان بکات. ئەم زانکۆیە ڕۆڵێکی گەورە لە وریاکردنەوەی ئێرلەندییەکاندا دەبینێت و بەشێکی زۆری نووسەرە گەورەکان و سیاسەتمەدارەکان، بۆ نموونە: ئۆلیڤەر گوڵدسمیس، یوهان میلینگتۆن سینگ، سامۆئیل بێکێت و ئێدمۆند بورکێ … هتد، لەم زانکۆیەدا خوێندوویانە. هەروەها زانکۆی ترینیتی یەکێکە لە زانکۆ هەرە گرینگەکانی ئەوروپا و خاوەنی ترادیشون و پێگەیەکی زانستی و کولتووری خۆیەتی و لە هەموو جیهانەوە قوتابیان ڕووی تێدەکەن.

 کە دێمە ژوورەوە، لە گۆڕەپانە گەورە بازنەییەکەیدا گوێم لە دەنگی بێکێت و قریوەی قوتابییە کچەکان و دەنگی پێی مامۆستاکان دەبێت، هەست بە زەمەنێکی دوورودرێژی پڕ لە زانست و کولتوور و بەهای ڕۆڵی ئەم زانکۆیە دەکەم. لە هەموو لایەکەوە گەنج و پیر دێن و دەچن، لە دەرگا گەورەکانەوە دەچنە ژوورەوە و لەنێو ڕووناکی و تاریکی ڕاڕەوەکاندا بزر دەبن یان بە کۆمەڵ لە دەرگایەکی ترەوە دێنە دەرەوە و خەریکی کۆکردنەوەی کتێبەکانیانن. 

زانکۆی ترینیتی جگە لە خوێندکار و مامۆستایان، خەڵکانی تریش لە هەموو دونیاوە سەردانی دەکەن. ئەمە جگە لەوەی، کە ئەم زانکۆیە بووەتە شوێنێکی گرینگی بیرمەندان و لێکۆڵەرەوانی فەلسەفە، ئەدەب، مێژوو و هونەر و چەندین بەڵگەنامە و دۆکیومێنت و دەسنووسی گەورە و دانسقەی تێدایە.

 

 ژوورە درێژەکە / کتێبخانەی زانکۆی ترینیتی

کتێبخانە گەورەکەی ئەم زانکۆیە بووە بە یەکێک لە دیاردە و دەروازە گرینگەکان و خەڵکی بە تایبەتی سەردانی دەکەن. ئەم کتێبخانەیە یەکێکە لە بەناوبانگترین کتێبخانەکانی جیهان و گەورەترین ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئێرلەندی و هەر لەم کتێبخانەیەشدا بەشێک لە گرینگترین پەرتووک و دەستنووسە دێرینەکانی ئێرلەندە و بەشێک لە جیهان پارێزراون. 

لەم کتێبخانەیەدا زیاتر لە سێ ملیۆن کتێب و دۆکیومێنت و بەڵگەنامە و دەسنووسی گرینگ و بەنرخ کۆکراونەتەوە و پارێزراون. (زانکۆی ترینیتی)یش بایەخێکی بێهاوتای بەم کتێبخانەیە بەخشیوە، هەر لەبەر ئەوەیشە هەشت خانووبەرەی لەسەر ڕووبەرێکی گەورە بۆ تەرخان کردووە، بەشەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک دابەشکراون. کۆنترین بەشەکانی ئەم کتێبخانەیەیش، کە تا ئێستا وەک خۆی مابێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٧١٢.

 گرینگترین بەشی ئەم کتێبخانەیە  خانووبەرە دێرینەکەیەتی، کە بۆ خەڵکییش کراوەیە و یەکێک لە ژوورە سەرەکییەکانی ئەم بەشە دێرینە کە بە ژوورە درێژەکە ناوزەد کراوە، شەست و پێنج مەتر درێژە و نزیکەی دوو سەد هەزار کتێبی تێدایە، بە تایبەتییش کتێبە زۆر کۆن و ناوازەکان لەم بەشەدا پارێزراون. یەکێک لەو دۆکیومێنتە گرینگانەی لەم بەشەدا پارێزراوە، مانیفێستی ڕابوونی ساڵی ١٩١٦ ی ئێرلەندییەکانە دژی ئینگلیزی داگیرکەر. ئێرلەندییەکان کە لە ساڵی ١٩١٦ دا بە شۆڕشێکی جەماوەری گەورە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی ئینگلیز دەبنەوە، مانیفێستێکیش بڵاودەکەنەوە و خاڵەکانی بەرەو سەربەستی تۆمار دەکەن. لەو زەمەنەدا تەنها چەند دانەیەک لەو مانیفێستە چاپ کراوە. ئێستا جگە لەو دانەیەی لەم بەشەی کتێبخانەکەدا پارێزراوە، هیچ دانەیەکی تری نەماوە.

 کارمەندانی کتێبخانەکە لە ساڵی ١٨٠٠ ەکاندا، ناچاربوون ساپیتەی ئەم ژوورە بەرزبکەنەوە تا کتێبی زیاتر بگرێت، بەم شێوەیەش کتێبەکان لە دوو نهۆمی پێکەوەبەستراودا تا ساپیتەکە بە هەر چواردەوری ئەم ژوورە درێژەدا بەرزبوونەتەوە.

 کە دێمە ئەم بەشەی کتێبخانەکەوە، هەست بە ئەفسوونی کتێب، مێژووی کتێب، دەسەڵاتی کتێب، هێزی کتێب و پیرۆزیی کتێب دەکەم. لە هیچ شوێنێک لە جیهاندا، وەک ئەم ژوورە مرۆڤ ملکەچی وشە نییە، لە هیچ شوێنێک لە جیهاندا وەک ئەم ژوورە مرۆڤ هەست بە دەسەڵات و پێگەی کتێب ناکات.

 لەمسەری ژوورەکەوە دەچم بۆ ئەوسەری، لەسەر یەکێک لە کورسییەکانی سوچێک دادەنیشم و چاو دەبڕمە ڕەفەی کتێبەکان، دەکەومە گفتوگۆ لەگەڵ نووسەرەکان، پەیڤێکی بێدەنگ لە ناوەوەی خۆمدا دەمدوێنێت و نامەوێت بچمە دەرەوە. ئەم ژوورە پەرستگایەکی پیرۆزە، کەس بۆی نییە بە دەنگی بەرز قسە بکات، وێنە بگرێت یان پرسیار لە پاسەوانەکان بکات. هەموو شتێک لە بێ دەنگییەکی ڕەهاو هەتاهەتاییدا قەتیس بووە و تەنها وشە و کتێب باڵادەستن.

 لەبەردەم ڕەفەی کتێبەکاندا یان لە دەروازەی بەشەکان و ڕاڕەوە درێژەکەدا، چواردە پەیکەری گەورە و دێرینی فەیلەسوف و نووسەرە گەورەکانی دونیا، کە مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٧٣٤، دانراون. ئەم پەیکەرانە وەک کۆمەڵێک پاسەوانی ڕۆحی ئەم کتێبانە وەهان، بە سیمایەکی خەندەئامێزەوە دەڕواننە هەموو ئەو کەسانەی، کە دێنە ژوورەوە و دەیانەوێت ڕێنمایی خوێنەر و میوانەکان بکەن.

 جگە لەم پەیکەرانە، ئامێرێکی مۆسیقی”هارپا” ی دێرینیش لە ناوەڕاستی هۆڵی ئەم کتێبخانەیەدا دانراوە، وەک پەیوەندییەکی هەمیشەیی نێوان وشە و مۆسیقا. ئەم هارپایە هێمایەکی ڕۆحە دێرینەکەی ئێرلەندەیە و لە پەیوەندییەکی ئەبەدییدا بەستراوەتەوە بە ئەفسوونی کتێب و وشەی داستانە دێرینەکان و بوونی گەلی ئێرلەندەوە. ئەم هارپایە زۆر دێرینە و یەکێکە لەو چوار هارپایەی، کە لە ساڵەکانی ١٤٠٠ ەکاندا هێنراوەتە ئێرلەندە.


سلایگۆ، وڵاتی یەیتس

The Yeats Country

بەرەبەیان لەگەڵ کازیوەدا، بەو ماشێنەی بە کرێمان گرتووە، لە دبلنەوە بەرەو شاری سلایگۆ بەڕێ دەکەوین. بە چاوی خەواڵووەوە لە پەنجەرەکەی تەنیشتمەوە دەڕوانمە دەرەوە، ماشێنەکە بە خێرایی دەڕوات و دبلن لە دوای خۆمانەوە بەجێ دەهێڵین و خانووبەرە و شەقام و کۆڵانەکان، لە تەمومژە شیرییە چڕە خەستەکەدا بزر دەبن.

 شاعیر و شانۆنامەنووسی ئێرلەندی ” ولیەم باتڵەر یەیتس ” لەم شارە لە دایک بووە و ئێستایش ”سلایگۆ” و هەموو ناوچەکە بە ”وڵاتی یەیتس” ئاماژەی بۆ دەکرێت، هەروەک ئەوەی ئەم شاعیرە وڵاتێکی تری بە شیعرەکانی لەناو وڵاتەکەی خۆیدا دروست کردبێت. بێگومان بەشێکی زۆری شیعرەکانی ئەو شاعیرە باسی ئەم شارە، سروشتی ئەم شارە، ئەم وڵاتە و ئەم بەشەی ئێرلەندە دەکات. شیعرەکانی یەیتس هەر زمانێکی بەرز و نەخشەی سروشتێکی جوان نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی ئیگزیستینتێالیزمیشە. ئەم شاعیرە لە شیعرەکانیدا ڕووبەرووی یادەوەرییە تاڵەکانی خۆی دەبێتەوە و لە زمانەکەیدا و لە سروشتە جوانەکەی ئێرلەندەدا دەیانکات بە سەربەستی. سەربەستی لە نووسیندا، سەربەستی لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانیدا، سەربەستی لە بەرجەستەکردنی شیعرەکانیدا و سەربەستی لە تێزە بوونگەراییەکانیدا. 

 شتەکان لە پەنجەرەی ماشێنەکەوە زۆر بە خێرایی تێدەپەڕن. هەست دەکەم هەموو شتێک لە جووڵەیەکی بەهێزی ئەبەدییدایە: ئەو بارانەی، کە هەمیشە دەبارێت، هەوا، هەور، ڕەشەبا، درەخت، ئەو شارانەی کە پیایاندا تێدەپەڕین، گوندەکان، ئەو گۆڕستانانەی کە هەر لە دیمەنی فیلمەکان دەچن، مرۆڤ و هەموو ئەو شتانەیشی کە لە مێشکمدان، بەبێ سرەوتن لە جوڵەدان. 

 دارو درەختی ئەمبەر و ئەوبەری شەقامەکە، هێندە چڕە بوونەتە تونێلێکی درێژ و مرۆڤ لە سەوزایی زیاتر هیچی تر نابینێت. ئێرلەندە وڵاتێکی سەوزە و هەموو شتێک و هەموو شوێنێک، تەنانەت ئاسمانیش هەر سەوزە، سەوزی کاڵ، سەوزی تۆخ، سەوزی ڕەش، سەوزی زەرد، سەوزی سەوز. ڕەنگی سەوز بووەتە هێماگەلی ئەم وڵاتە و لە زوربەی زۆری ئەدەبەکەیشیاندا ڕەنگیداوەتەوە. ڕەنگی سەوز شیعرە، ئەو شیعرەی باران خوساندویەتییەوە، ئەو درەختە سەوزەی کە هەمیشە دڵۆپە ئاوی لێ دەتکێت، ئەو چیا سەوزەی لە کەناری دەریاکانەوە بۆ ئاسمانیکی سەوز بەرز بوونەتەوە و ئەو پێدەشت و دەریایانەی لە ڕەنگی سەوزدا بوون بە شیعرێک، کە هەمیشە دەخوێنرێنەوە.

 دوای نیوەڕۆیەکی درەنگ دەگەینە ئەو خانووە دوو نهۆمییەی، کە لە گوندێکی نزیک شاری سلایگۆ بە کرێمان گرتووە. خانووەکە بە بەرزاییەکەوە، نزیک لە دارستان و چیایەکی بەرز و بەرامبەر بە دەریایەکی گەورە ڕۆنراوە، لە پەنجەرەکانییەوە تەنها چیایەکی بەرز، هەورێکی سپی چڕ، مەڕ و ماڵاتێکی زۆر کە بە قەدپاڵی چیا و دەشتەکانەوە دەلەوەڕن، دار و درەخت و چەندەها گوڵی خۆڕسکی جوان دەبینین، ئەمە جگە لەوەی هەموو گوندەکە لە باوەشی بێ دەنگییەکی تەواودا خەوی لێ کەوتووە.

 ئاسمانی ئەم شارە، کە لە بەشێک لە شیعرەکانی یەیتس دا ڕەنگی داوەتەوە، بە بەردەوامی ڕەنگەکانی خۆی دەگۆڕێت؛ لە شینێکی کاڵەوە دەبێت بە شینێکی تۆخ، ڕەساسی، پرتەقاڵی، ڕەش و سپی، دەبریسکێتەوە، بەرزدەبێتەوە، نزم دەبێتەوە،  قووڵ و چڕ دەبێتەوە، هەندێک جار ڕەنگە سەوزەکەی سروشت وەردەگرێت و زۆر جاریش پرچی ئایشێ و فاتمە لە نێو تیشکی بەهێزی خۆرەکەی دوای باران بارینەوە، کەرنەڤاڵێکی ڕەنگەکان دروست دەکات و ئاسمان دەڕازێنێتەوە.

 سلایگۆ چەندە شارێکی تازەیە، هێندەیش لە مێژووەوە، لە زەمەنی چاخە بەردینەکانەوە و لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە نزیکە و هیچ شوێنێک لە ئێرلەندە، هێندەی سلایگۆ پاشماوەی دێرینی تێدا نییە. گۆڕی چاخە بەردینییەکان، کڵێسا و پەرستگای کۆن و تاوەرە بەرزەکان لە هەموو شوێنێکدا بەرچاو دەکەون و بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبوونەتەوە و سیمای شارەکەیان نەک هەر ڕازاندۆتەوە، بەڵکو هاوسەنگی شارەکەیان لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا، لە نێوان مێژوو و مۆدێرنیزمدا ڕاگرتووە. هەموو شتێک ڕابردوومان دێنێتەوە یاد، پاشماوە دێرینەکان بوونەتە پردێک لەنێوان زەمەنە مێژووییەکان و زەمەنە بەسەرچووەکان و ئەمڕۆدا، هەروەها لەنێوان کۆن و نوێدا.

 بۆ نموونە گۆڕە دێرینەکان بوون بە بەشێک لە هێماگەلە بەهێزەکانی ئەم شارە و هەموو هەرێمی سلایگۆ. ئەم گۆڕانە بە بەرد سنوورێکی بازنەییان دروست کردووە، لە ناوەڕاستدا و بە بەرزاییەکەوە چەند تاوێرە بەردێکی ئێجگار گەورە بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر بەسەر یەکەوە کەڵەکە کراون و مینیومێنتێکی ساکار، بەڵام لە هەمانکاتدا پڕ لە هێمایان خوڵقاندووە.

 

لە دیدەنی دونیای مردووەکاندا

لە دەروازەی یەکێک لەم گۆڕستانانەوە دەچمە ژوورەوە، بە ڕاڕەوێکی باریکدا دەڕۆم تا دەگەمە تونێلێک، لە تونێلەکەوە دەگەمە بەشێک لە گۆڕەکان کە لە پانتاییەکی بەرینی ژێرزەمینەکەدا دونیایەکی تریان بۆ مردووەکان و بۆ زەمەنێکی تر دروست کردووە. ئەم پانتاییەی ژێرزەمینەکە بە بەردی سپی دروست کراوە، لەو تاریکییەدا بەردەکان دەبریسکێنەوە و جێ پەنجەی ئەو کەسانەی، کە بەر لە هەزارەها ساڵ ئەم گۆڕانەیان ڕۆناوە، ڕووناک کردۆتەوە.

 لەو تاریکییەدا هەست بە هێزی بەرد و ڕۆحی بەرد و ئامادەگی بەرد دەکەم، بەرد هێماگەلی کۆمەڵگایەکی هەزار ساڵەی بەر لە زایینە و هەموو شوێنەکە هەر لە پەرستگایەک دەچێت، لە شانۆیەک بۆ ژیاندنەوەی مردووەکان و بۆ ڕامانێکی قووڵی زیندووەکان.

 لەوسەری تونێلەکەوە دەچمە دەرەوە، هەتاوەکە لە چاوم دەدات و تاریکییەک بۆ چەند ساتێک بەری چاوم دەگرێت. بە ڕێگا باریکەکەدا دێمە خوارەوە تا بگەڕێمەوە بۆ دەروازەکە و لەوێوە بچمە سەر شەقامە سەرەکییەکە. بە هەر چوار دەورمدا گرد و دۆڵە. لە هەموو لایەکیشەوە فۆرمی تاوێرە بەردەکان بەرزبوونەتەوە.  گۆڕی کۆمەڵگا دێرینەکان، لە زەمەنێکی تر و لە شوێنێکی تردا، بۆ کۆمەڵگایەکی تر و بۆ مرۆڤی سەردەمێکی تر، دەبنە بەردەوامیی ژیان. 

 دەگەمە سەر شەقامەکە، سەرێک هەڵدەبڕم و تەماشایەکی ئاسمان دەکەم. هەوا گەواڵە هەورەکان لەبەردەمی خۆیەوە ڕاودەنێت و ناچاریان دەکات، کە فۆرمی تر لەخۆبگرن، بە ئاراستەی تردا بڕۆن، کۆببنەوە و لە یەکتری جیاببنەوە. ئاسمان بووەتە نەمایشێک، کە گۆڕەکان فۆرمی بەردەکان و جۆرە ڕیتواڵێکی خواوەندی تێدا ڕەنگ دەداتەوە.

 

 

گەشتێک بە زێدی یەیتس – دا

” ولیەم باتڵەر یەیتس” ١٨٦٥ – ١٩٣٩ یەکێکە لە شاعیر و شانۆنامەنووسە گەورەکانی ئێرلەندە و دونیا، بە شانۆنامە و شیعرەکانی وێنەییەکی ئەفسوناوی ئێرلەندەی خوڵفاندووە. 

یەیتس لە ١٣ ی یونی ساڵی ١٨٦٥ لەدایک بووە، باوکی پارێزەر بووە، بەڵام واز لەو پیشەیە دەهێنێت و لەبری ئەوە، ژیانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوویی و هونەر و هونەری وێنەکێشان تەرخان دەکات. کە تەمەنی دوو ساڵان دەبێت، لەگەڵ خێزانەکەی دەگووێزنەوە بۆ لەندەن، بەڵام هاوینان لە سلایگۆ لە ئێرلەندە بەسەر دەبەن. یەیتس لە ساڵی ١٨٨٩ دا یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بە ناوی The Wanderings of Oisin and Other Poem بڵاودەکاتەوە. میتۆلۆژیا و مێژووی ئێرلەندە لەم دیوانە شیعرەی یەیتس دا ڕەنگ دەداتەوە. ئەو هێما و بابەت و وێنە شیعرییانەی لەم یەکەم دیوانەیدا ڕەنگی داوەتەوە، دواتر لە هەموو شیعرەکانی تریدا، لە هەموو قۆناخ و سەردەمەکاندا و لە هەموو ژیانی ئەدەبییدا، دەردەکەونەوە. یەیتس لە ساڵی ١٩١٩ دا شیعری ”لەدایکبوونێکی تر” بڵاودەکاتەوە، کە زوربەی ڕەخنەگر و پسپۆڕە ئەدەبییەکان دووپاتی ئەوەیان کردۆتەوە، ئەم شیعرە جۆرە هێمایەکە، وێنەی کەوتنی شارستانییەتی ئەوروپا و کۆتایی هاتنی سەردەمی مەسیحییەکان و لە هەمانکاتدا بانگەشەی لەدایکبوونی زەمەنێکی نوێ دەکات. ئەم شیعرە بە یەکێک لە شاکارە گەورەکانی ئەدەبی مۆدێرنی ئینگلیزییش دادەنرێت.

 یەیتس لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، بەرامبەر بە پرۆسەی دیموکراسی لە ئەوروپا، بە تەواوی نائومێد و ڕەشبین دەبێت. لەبەر ئەوە پروپاگەندە بۆ سیستمێکی تر، کە زیاتر پشت بە بنەما توتالیتارییەکان دەبەستێت، بۆ ئەوروپا دەکات.

یەیتس مەسەلە غەیبییەکان و ڕازونهێنی بنەما ئاینییەکانیش جێگای سەرنجی بوون و کاتێکی زۆری ژیانیشی بەم مەسەلانەوە خەریک کردووە، لەسەری نووسیون، لە شیعر و شانۆنامەکانیدا بەرجەستەی کردوون و بوونەتە ئەزمونێکی دەوڵەمەندی ژیانی. یەیتس لە ساڵی ١٩٢٣دا خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبییات وەردەگرێت و لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٩، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. 

 ئەم شاعیرە لە شیعرەکانیدا ژیاوە و شیعرەکانیشی لە سروشتی وڵاتەکەیدا. بەشێکی زۆری شیعرەکانی یەیتس، گوزارشت لە وڵاتەکەی، سلایگۆ و ئەو ناوچانە دەکەن، بە تایبەتی کە بە منداڵی لێیان ژیاوە. هەمیشە لە شیعرەکانیدا کازیوەیەک، بەرەبەیانییەک لەنێوان تاریکوڕووندا، دێت و دەچێت. لەو ساتانەدا دڵە کز و ماندووەکان بە دەم زەردەی بەیانەوە پێدەکەنێت و گوێی لە گڤەی با و خواوەندە یان لە سوچە تەنیا و بێدەنگەکاندا دەگری.

 

هەڵدەستم و بۆ زەریاچەی ئینیسفری دەچم

کوختێک ڕۆدەنێم لە گڵ و حەسیر

نۆ دێراو لۆبیا و پوورە هەنگێکم دەبێ

تەنیای تەنیا لەو ڕووتەنەی گیزەگیزی هەنگانەدا 

نیشتەجێ دەبم

 

دەخوازم هەندێک ئارامییم لەوێ هەبێ

ئارامیی دڵۆپ دڵۆپ دەبارێت

لە تارای شەونمی بەیانەوە دێت

تا ئەو کاتەی سیسرک شەرمنانە ستران دەچڕێ

لەوێ کە هەموو شتێک لە نیوەشەودا

پرشنگ دەدا و نیوەڕوانی پڕ ورشەی ئەرخەوانیی و 

ئێوارانیشی پڕن لە دەنگی باڵەفڕەی چۆلەکە ڕەنگینەیەکان

هەر ئێستا هەڵدەستم و دەڕۆم، چونکە شەو و ڕۆژ

گوێم لە هاژەی ئاوی زەریاچەکە دەبێ

کاتێ بە دەنگی نەرمی کەنار کڵافە دەبێ

کە بەسەر جادە و شۆستە غەمگینەکاندا ڕێ دەکەم

گوێم لەو دەنگەیە، لە قووڵایی خانەکانی دڵمدا، گوێم لەو دەنگەیە.<٥>

ئێستا هەر کەسێک بیەوێت، دەتوانێت لە گەشتێکی یەکڕۆژییدا، سەردانی نۆ ناوچەی جۆراوجۆر بکات، کە یەیتس تیایاندا ژیاوە، سەردانی کردوون، ئیلهامی لێیان وەرگرتووە یان بوونەتە بەشێک لە شیعرەکانی. ئەم گەشتە، کە بە ”گەشتێک بە وڵاتی یەیتس” دا ئاماژەی بۆ دەکرێت، لە ناوجەرگەی شاری سلایگۆ وە دەست پێ دەکات، لە شەقامە سەرەکییەکانەوە دەچێتە سەر کەناری دەریا، دۆڵی سەوز، ناوچەی بەردین، دارستانی چڕ، زەریاچە و ڕووباری گەورە.

 بەیانی زوو لە سلایگۆ سەردانی ناوەندی یەیتس دەکەین، نانی بەیانی لەوێ دەخۆین و دوای ئەوە سەردانی ئەو ماڵە دەکەین، کە “یەیتس” ی تێدا ژیاوە و ئێستا مۆزەخانەیە، ئەم مۆزەخانەیە و هەموو شیعر و ئەدەبی ئەم شاعیرە لە ژیانی ئاسایی و کولتووری ئەم شارەدا ڕەنگیان داوەتەوە.

 دوای ئەوە بەپێی ئەو نەخشەیەی پێمانە، لە سلایگۆوە دەڕۆین تا دەگەینە کەناری زەریاچەی ”ڕۆسیز پۆینت” Rosses Point. یەیتس و براکەی هەموو هاوینێک لەم ناوچەیە ژیاون، بە تایبەتی کاتێکی زۆریان لە کەناری ئەم زەریاچەیە بردۆتە سەر. برا بچووکەکەی یەیتس ”یاک باتڵەر یەیتس” کە پەیوەندییەکی گەرم و بەهێزیان پێکەوە هەبووە، وێنەکێش بووە. بەشێکی زۆری تابلۆکانی ”یاک” وێنەی ئەم زەریاچەیەیە. یاک وێنەی کێشاوە و یەیتس بیری کردۆتەوە و شیعری نووسیوە.

 هەورەکە لەپڕ دێتەوە یەک، ئاسمان ڕەش دادەگەڕێت، لە وێنەیەکی ئافسووناویدا، کە هەر لە تابلۆکانی ”یاک” و شیعرەکانی یەیتس دەچێت، ئاسمان و زەریاچەکە تێکەڵاو دەبن و دەبنە یەک و نمەنمە باران دادەکات.

 بەرلەوەی باران بە تەواوی داکات، ڕادەکەینە نێو ماشێنەکەمانەوە و بەرەو ناوچەی ”درەم کلیف” Drum Cliff دەکەوینە ڕێ. هەرچەندە هەموو ڕێگاکە بە تابلۆی تایبەتی، کە لەسەری نووسراوە ”بەرەو وڵاتی یەیتس” و هێمایەکی قەڵەم و شووشەیەک مەرەکەبی لەسەرە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی هەموو کەسێک ئەم وێستگانە بدۆزێتەوە، بەڵام ئێمە بە ڕێگایەکی هەڵەدا دەڕۆین و درەنگتر لەوکاتەی، کە دەبوایە بگەییشتینایە، دەگەینە ”درەم کلیف”.

 ئەم شوێنەیان گۆڕستانێکی گەورەیە، لە باوەشی پاشماوە دێرینەکانی پەرستگەیەکی چاخەکانی ناوەڕاستدا ڕۆنراوە و بووە بە شوێنێکی مێژوویی و لە هەمانکاتدا دڵگیر و جوان.

 هەرچەندە یەیتس لە ساڵی ١٩٣٩ لە فەڕەنسا کۆچی دوایی دەکات، بەڵام لەدوای جەنگی جیهانی دووەم و لە ساڵی ١٩٤٨ دا، لەسەر داوای خۆی، تەرمەکەی لە فەڕەنساوە دەگوێزرێتەوە و لەم گۆڕستانەدا بە خاک دەسپێردرێت.

 دالیا لە ماشێنەکەدا خەوی لێ کەوتووە، هەور ڕەویوەتەوە و هەتاوێکی گەرم تینی سەندووە. بە تەنها لە ماشێنەکە دادەبەزم و لیسا بە دیار دالیاوە دەمێنێتەوە.

 دەچمە گۆڕستانەکەوە، لە دیمەنی شانۆنامە یان فیلمێکی سینەمایی دەچێت، هەندێک لە گۆڕەکان هەر زۆر دێرینن، کێلەکان بەرزن، فۆرمی جیاوازیان لەخۆ گرتووە و هەندێکیان لەنێو درەختەکاندا دیارنەماون. هەتاو لەنێو درەختەکانەوە، بە هێڵێکی ئاسۆیی، وەک هونەری ڕووناکی سەر شانۆکان، گۆڕێک لێرە و کێلێکی بەرزی لەوێ ڕووناک کردۆتەوە.

 کڵێسایەکی کۆن، کە دیوارەکانی ئاماژەی چەندین سەدەیان پێوەیە، لە ناوەڕاستی گۆڕستانەکەدا قوت بۆتەوە. زەنگێکی ئاسنینی گەورە بە قوولەی کڵێساکەوەیە، کە زەنگێک لێ دەدات، هێندەی تر ئەتمۆسفێرێکی ئەفسووناوی و پڕ لە ڕازونیاز بەم گۆڕستانە دەبەخشێت.

 گۆڕەکەی یەیتس ڕێک بەرامبەر دەرگا گەورەکەی کڵێساکەیە و هەمیشە چەپکێک گوڵی ڕازاوە و تازەی لەسەر دانراوە، لەسەر کێلەکەیشی ئەم دوو دێڕە شیعرەی خۆی، هەڵکۆڵراوە:

             بێ باک لە ژیان و لە مردن بنۆڕە

                 سوارەکان بەسەر دەچن                

  دوای ئەوە بەرەو کۆشکی ”لیسەدێل هاوز” Lissadell House دەکەوینە ڕێ. خاوەنی ئەم کۆشکە دوو خوشک بوون بە ناوی ” گۆ بووث” Gore – Booth، یەیتس هاوڕێی هەردووکیان بووە، لەبەرئەوە ئەم دوو خوشکە ژوورێکیان بۆ یەیتس لەم کۆشکەدا ئامادە کردووە، کە هەموو جارێک سەردانی کردوون، لەو ژوورەدا شەوی ڕۆژ کردۆتەوە.

 ئێستا ئەم ژوورە لەم کۆشکەدا کراوەتە مۆزەخانەیەکی بچووک و هەندێک لە شتە تایبەتییەکانی یەیتس، بە تایبەتی ئەو کتێبانەی لەم ناوچانە و لەم کۆشکەدا خوێندوونییەتەوە، لەگەڵ هەندێک لە دیوانەکانی پارێزراون. هەر لێرەوە بە ماوەیەکی کەم دەگەینە ”بێن بوڵبین” Ben Bulben کە گردێکی گەورەیە، بە شێوەیەکی نیوە بازنەیی بەرزبۆتەوە و لەنێو ڕەنگە سەوزە جیاوازەکاندا بووەتە باخچەیەکی هەڵواسراو. 

 کات بەرەو عەسرێکی درەنگ دەڕوات، هێشتا بازنەی ئەم گەشتە یەیتسییەمان تەواو نەکردووە، دالیا هەندێک ماندووە و کەوتۆتە گیزەگیز و بیانوومان پێ دەگرێت، پشوویەک دەدەین و دوای ئەوە بەرەو ناوچەی ”گلێنکا لۆک” Glencar Lough دەڕۆین. لەپڕ سەدەها مەڕوماڵات دەڕژێنە سەر شەقامەکە و ڕێگاکە بە تەواوی دەگرن. مەڕەکان ڕادەکەن و باعەباعیان دێت، شوانەکەیان بە دارەکەی دەستییەوە و بە یارمەتی ئەو گورگەی لەگەڵیاندایە، هەوڵ دەدەن مەڕەکان کۆبکەنەوە و لەسەر ڕێگاکەیان لابدەن. دالیا دیمەنەکەی زۆر پێ خۆشە، من و لیسا دادەبەزین بۆ ئەوەی چەند وێنەیەکی ئەم دیمەنە کۆمیدییە بگرین، بەڵام ماشێنە ئێرلەندییەکان پەلەیانە، دەکەونە هۆڕن لێدان و بۆڵەبۆڵ، ڕیزەکەی دواشمانەوە هەر درێژتر دەبێتەوە. تووڕەبوون و هۆڕن لێدان هیچ سوودێکی نییە، کاکی شوان هەر ئاوڕیش ناداتەوە و ساتەوەختێکی باشی دەوێت تا مەڕەکان بە باعەباع لادەدەن و بە پێدەشتەکەی دەستە ڕاستی شەقامەکەوە ڕادەکەنە خوارەوە.<٦> دەگەینە شوێنەکە، کە تاڤگە و قەڵبەزەیەکی ئاوە و یەیتس لە شیعرەکانیدا، وەک خۆشەویستەکەی باسی دەکات، ئاسمان ڕەش دەبێت و باران بە تەواوی دادەکات.

 بە تولەڕێگایەکدا دەڕۆمە ناو دارستانەکەوە، لەوێوە بە پێپلیکانەیەکی داریندا، کە بە تایبەتی دروست کراوە، دەچمە سەرەوە و لەوێوە گوێم لە هاژەی ئاوەکە، کە لەناو دارەکاندا، لەو بێدەنگییەدا دەنگ دەداتەوە، دەبێت و بەرەو قەڵبەزەکە دەڕۆم.

 قەڵبەزەکە زۆر بەرزە و ئاوەکە بە هوروژم دێتە خوارەوە، شاخەکەیش لەنێو دارەکان و ڕەنگی سەوزی گەڵای درەختەکاندا دیارنەماوە. بەرلەوەی دونیا تاریک بێت، خێرا دەکەوینە ڕێ و لە وێستگەی حەوتەمەوە، دەریایەکی گەورە لەبەردەم کێڵگە و کۆشکێکی کۆنی ساڵەکانی ١٦٠٠ ەکاندا بەرزبۆتەوە. لە دوورەوە چەند کەشتییەک لە دەریا گەورەکەوە بە چەند ئاڕاستەیەکی جۆراوجۆردا دەڕۆن. کەشتییەکان لەو مەودا دوورەوە، لە چەقی دەریاکەوە، هەروەک ئەوە وان لەنێوان دەریا و ئاسماندا پێکەوە چنرابن، بووبن بە یەک و لە تابلۆیەکی هەتاهەتاییدا نەخشێن درابن.

 کە بە شەقامە باریکەکەدا دێینە خوارەوە، ئاسمان ڕەنگێکی پرتەقاڵی تۆخی گرتووە، درەختەکان لە ڕەنگێکی سەوزی تۆخدا، بە هێمنی و بەبێ جووڵە بەپێوە وەستاون، دونیا لە بێدەنگییەکی ڕەهادا لەگەڵ دالیای کچمدا باوێشک دەدات.

 هەندێک مانگا و گامێش بەسەر گرد و تەپۆڵکەکانەوە ملیان بەسەر ڕێگاکاندا شۆڕکردۆتەوە، وەک ئەوەی لە چاوەڕوانی کەسێکدا بن، ئێمەیش لە هەمانکاتدا دەگەینە ”ئایڵ ئۆڤ ئینیسفری” Isle of Innisfree  کە دوورگەیەکی ڕۆمانتیکییە و دڵۆپ دڵۆپ شیعری پیا دێتە خوارەوە. تا چاو بڕکات سەوزاییە، شاخێک لە دوورەوە بە پێوە وەستاوە و سەری بە ڕووی دەریایەکدا بەرزکردۆتەوە، هەندێک گرد و تەپۆڵکەی تر لە بەری ئەوبەرەوە، لەنێو دار و درەختێکی چڕدا بزربوون و مەڕ و ماڵات، مانگا و گوێرەکە و ئەسپ، لەسەرەخۆ بەرەو شوێنەکانی خۆیان بە ڕیز دەڕۆن. کات وەستاوە یان شوێن لە دەرەوەی کاتدایە و وێنەیەکی ڕۆمانتیکی سەردەمێکی دێرین، بەر لە مێژوو یان مێژوویەکی بەر لە مێژوویان دروست کردووە. ئەمە سیحری سروشتە، ئەمە شیعرە و یەیتس خواوەندی وشە و وێنە شیعرییەکانە و لە زەریا و دوورگە و دارستان و چیاکاندا، لە سروشتدا دەژی. هەر بۆیە، یەیتس چەندین شیعری جوان و بەناوبانگی بۆ ئەم دورگەیە نووسیوە. کە بە دارستانە چڕەکەی ”دونی ڕۆک” Dooney Rock دا دەڕۆین، دەگەینە سەر زەریاچەیەکی تر و لەوێوە بۆ سەر شەقامە سەرەکییەکە، بەم شێوەیەیش گەشتە بازنەییەکەمان بە دەوری وڵاتی یەیتس دا تەواو دەبێت و بەرەو شاری سلایگۆ، لەوێشەوە بۆ گوندەکەی خۆمان دەگەڕێینەوە.

 دونیا بە تەواوی تاریک بووە، تیشکی خۆرە پرتەقاڵییەکە لە ڕەنگێکی ڕەشی تۆخدا تواوەتەوە، بەم شێوەیە ئەم ڕۆژەشمان لە تاریکی شەودا تێپەڕاند، شەویش لە تاریکییدا دەبێتە بەردێکی بێ جووڵە و دواتر بە پەڵەیەکی شینی کازیوە. گەردوون لێرە و لەم کاتەدا، بە تەواوی کشوماتە.

 دالیا لەسەر جێگاکەی خەوی لێ کەوتووە، شەوەکەی کزەیەکی ساردی هەیە: ئەم شەوە لەو جۆرە شەوانەیە، کە ژیان قووڵە، درێژە، گەورەیە، شەوێک کە وەک خەونێک یان یادەوەرییەک وایە هەر ئێستا و لەم کاتەدا، لە دەرەوە و لەبەرچاوماندا ڕوو دەدات.

 

ڕۆژی دوایی

هێشتا لە شیعرەکانی “یەیتس” دا دەژیم و بۆنی باران دێت. ڕەنگی تیشکی ڕۆژ و سروشت و شیعر و دونیایەکی سەرەتایی و جیاواز تێکەڵاوبوون. دونیایەکی سپی لە دەرەوەی کات و شوێنەوە، زیاتر لە وێنەیەکی شیعریدا، لە ساتەوەختێکی ڕۆمانتیکیدا و لە زیندەخەونێکی بەرەبەیاندا دەسوڕێتەوە. لەم ئەتمۆسفێرەدا و بەدەم شیعرەکانی “یەیتس” ەوە بە تولە ڕێگایەکی باریکدا دەڕۆینە پێدەشتێکی گەورەوە. گردێکی بەرز، کە بووە بە نیمچە چیایەکی سەوز و کێڵگەیەکی بەرینی لەوەڕگای مەڕوماڵات بە ڕووماندا کراوەتەوە. ئاوێکی سازگار، بەخوڕ لەوسەری گردەکەوە دێتە خوارەوە. دەریایەکی گەورەیش لەوبەرمانەوە، ئامێزی بۆ تیشکی ڕۆژەکە کردۆتەوە. زەوی دوای بارانێکی بەردەوام، هەمیشە تەڕە و گۆمی بچووک بچووکی لە نێو دەشت و بەردەڵان و سەر ڕێگاکاندا دروست کردووە. مەڕەکان بە تاک و بە کۆمەڵ دەلەوەڕن، دالیا بە دوایاندا ڕادەکات و گەمەیان لەگەڵ دەکات، کە مەڕەکان ئاوڕێکیش ئەدەنەوە، ئەوە دالیا هەڵوێستەیەک دەکات و هەنگاوێک دێتە دواوە. لەم شوێنەدا لە دەنگی باعەباعی مەڕ و گڤەی با و خوڕەی ئاو و جریووەی باڵندە زیاتر گوێمان لە هیچ شتێکی تر نییە. 

هێدی هێدی بە چیاکەدا سەردەکەوم، هەندێک جار پێڵاوەکانم دەکەوێتە گۆمێکی بچووکەوە، بە ناو گژوگیاکاندا دەڕۆم و دالیا و لیسا، لە ساتەوەختێکی پڕ لە ژیانەوە لە دوای خۆمەوە بەجێ دەهێڵم.  

 

پەراوێزەکان

١.شاری دبلن بۆ یەکەم جار لە ساڵەکانی ٨٠٠ ەکاندا لەلایەن چەتە دەریاییەکانی باکووری ئەوروپاوە ئاوەدان کراوەتەوە، ئەو چەتە دەریاییانە لە ناوچەکانی ”دبلن” ی ئێستادا، یەکەم شارەکانی خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکانی سکەندناڤیادا ڕۆناوە. بەڵام پاشماوە دێرینەکان و ئەرکیۆلۆژەکان چەندین بەڵگە و دۆکیومێنتیان دۆزیونەتەوە ئاماژەی ئەوە دەکەن، کە ناوچەکانی دەوروبەری شاری دبلن بەر لە ساڵەکانی ٧٥٠٠ ی پ. ز خەڵکی تێدا ژیاوە.

٢.شانۆی ئابی دوو سەکۆی شانۆیی هەیە، شانۆ گەورەکە کە بریتییە لە شانۆی ئابی، شانۆیەکی بچووکتر بە ناوی ”شانۆی پیکۆک” ەوە کە زیاتر تایبەتە بە هەوڵە ئەزموونگەرییەکان. لە کاتی سەردانەکەی ئێمەدا، گروپێکی شانۆی ئەمەریکی لەسەر شانۆی پیکۆک شانۆنامەی ”ئۆرشەلیم” Jerusalem یان پێشکەش دەکرد. ئەو هەلەم بۆ هەڵکەوت کە ئەم نەمایشەیش ببینم، ڕیژیسۆری کارەکە لە ڕووی دید و بونیادی هونەرییەوە، بە شێوەیەکی وردەکاریی و چڕ کاریان لەسەر واقیعییەتی ئەفسوونی کردبوو، ئەوەی کە بینەرانیشی بە شێوەیەکی بەهێز دەبەستەوە بە نەمایشەکەوە، وزە و توانای گەورەی نواندن بوو.

٣.جێمس جۆیس لەم تاوەرەدا دەستی کردووە بە نووسینی ڕۆمانی ”یولیسیس” بەڵام دواتر لە ساڵانی ١٩١٤ – ١٩٢١ دا لە ئیتاڵیا، لە ناوچەی Trieste، لە سویسرا و لە پاریس تەواوی کردووە. ئەم ڕۆمانە بە یەکێک لە ڕۆمانە گەورەکانی تاراوگە ئاماژەی بۆ دەکرێت و هەر لە تاراوگەیش خوێنراوەتەوە. هەروەها ئەم ڕۆمانە دادەنرێت بە یەکێک لە گەورەترین شاکارە ئەدەبییەکانی دونیا و وەرگێڕدراوەتەوە سەر زوربەی زمانە زیندووەکانی جیهان.

٤.ئەم بەندیخانەیە لە ساڵی ١٧٩٦ دا کراوەتەوە، بۆ ئەو کاتەیش بەندیخانەیەکی مۆدێرن بووە.

٥.ئەم شیعرەی ”یەیتس” بە سوپاسەوە، هاوڕێی ئازیزم دلاوەر قەرەداغی لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردی و لەگەڵ دەقە ئینگلیزییەکەیشدا بەراوردی کردووە.

٦.زۆر جار لە ناو گوندەکەیشدا، بە تابلۆیەکی گەورە کە لە سەری نووسراوە ”ڕاوەستە مانگاکان دەپەڕنەوە” شەقامەکان بۆ ماوەیەک دەگرن، تا کاروانی مانگاکان بە شەقامەکاندا بپەڕنەوە.

ساڵی ٢٠١٢

 

                دانا ڕەئوف          

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.