Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
ڕۆڵی خه‌یاڵ له‌ فیكری مرۆڤدا

ڕۆڵی خه‌یاڵ له‌ فیكری مرۆڤدا

Closed
by January 13, 2014 گشتی

 

 

 

خه‌یاڵ ڕۆلێكی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌ زۆربه‌ی كایه‌كانی ژیانی مرۆڤدا،هه‌روه‌ك موماره‌سه‌ی ڕۆلێكی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ ده‌گێڕێت له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ ،ته‌نانه‌ت له‌بواری په‌روه‌رده‌و فێركردن و سیاسه‌ت و گشت ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌ كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م ،خه‌یاڵه‌ وه‌ك فیكر وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ دواجار په‌یوه‌ندی نێوانیان . ماركیۆز پێی وایه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌تین له‌نێوان فه‌لسه‌فه‌و خه‌یاڵدا هه‌یه‌ ،چونكه‌ خه‌یاڵ توانای خوڵقاندنی شێوه‌یه‌كی تازه‌ی مه‌عریفه‌و ده‌رك كردن  هه‌یه‌ ،هه‌روه‌ها ده‌ڵی خه‌یاڵ به‌هره‌یه‌كی عه‌قلیه‌ ،چێژ له‌سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌رده‌گرێ ، خه‌یاڵكردن لای ماركیۆز گێڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له‌ده‌ستچووی  نێوان مه‌نتیقی زاڵبون و مه‌نتیقی تێركردنه‌ یا نێوان ڵوگۆس و ئیرۆسه‌ واته‌ خۆشه‌ویستی و ژیان .خه‌یاڵ كردن هه‌میشه‌ قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر پڕه‌نسیپی به‌خته‌وه‌ری ،زمانی ئازادیه‌ به‌رامبه‌ر سه‌ركوتكردن ،هه‌روه‌ها ماركێوز پێی وایه‌ كه‌ خه‌یاڵ وه‌ك پڕۆسه‌یه‌كی ئه‌قلی سه‌ربه‌خۆ چێژ له‌توانایه‌كی به‌رز ده‌بینێت بۆ به‌دیهێنانی جۆرێك له‌هارمۆنیه‌ت و ئاوێزانبون یا سازان ،خه‌یاڵكردن ئامانجی دووباره‌ گێڕانه‌وه‌ی گونجاندنه‌ له‌نێوان تاك و كۆمه‌ڵدا ،هه‌روه‌ك له‌نێوان به‌دیهێنانی ئاره‌زوه‌كانی مرۆڤ ونێوان به‌خته‌وه‌ری و ئه‌قل . هه‌روه‌ها ماركۆز سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ،كه‌ خه‌یاڵ بچێته‌ نێو كایه‌ی سیاسیه‌وه‌ وه‌ك گوتاری هونه‌ری و جوانی مامه‌له‌َی له‌گه‌ڵ بكرێ ،ماركۆز  له‌ كاتی یاخی بوونی بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاراندا ده‌لێ   ئێستا نرخ و ڕاستی خه‌یاڵ بۆته‌ خواستێك له‌ خواسته‌كانی كرده‌ی سیاسی له‌نێو یاخی بونی گه‌نجان و ڕۆشنبیراندا . ئه‌رستَۆ جیاوازی كرد له‌نێوان دوو جۆر خه‌یاڵ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جۆرێكه‌ له‌ خه‌یاڵی هه‌ستی پاك به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوه‌م جۆرێكه‌ له‌خه‌یاڵی ئه‌قلی .ئه‌رستۆ پێی وایه‌ جۆری یه‌كه‌م لای مرۆڤ و ئاژه‌ڵ بونی هه‌یه‌ ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوهه‌میان تایبه‌ته‌ به‌خودی مرۆڤ ئه‌رستۆ درێژه‌ به‌باسه‌كه‌ی ده‌دات و ده‌ڵی ،وه‌ختێ ئاژه‌ڵ ئاره‌زوی كردنی شتێكی هه‌یه‌ ئه‌وا جوڵه‌ده‌كات ،ئاژه‌ڵ له‌میانه‌ی وێنه‌وه‌ ئاره‌زوی هه‌یه‌ ،به‌ڵام خه‌یاڵ توانای هه‌یه‌ گوزارشت له‌خۆی بكات به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ستی یاعه‌قلی ،لێره‌وه‌ ئه‌رستۆ پێی وایه‌ ئاژه‌ڵ له‌گه‌ڵ مرۆڤ  به‌شداری ده‌كات  له‌جۆرێكی تایبه‌تی گوزارشتكردن له‌ هه‌ستدا ، كه‌ ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ خه‌یاڵ پڵاوی نزیك ده‌بێته‌وه‌  ،له‌كاتێكدا مرۆڤ ده‌ناسرێته‌وه‌ یاجیاده‌كرێته‌وه‌ به‌جۆره‌ ئه‌قڵیه‌كه‌ی . بۆیه‌ خه‌یاڵ لای ئه‌رستۆ هه‌م بۆته‌ بابه‌تێكی سایكۆلۆژی هه‌م بۆته‌ بابه‌تێكی فه‌لسه‌فی چونكه‌ ده‌بێته‌ ئامرازێكی كارا بۆ تێگه‌یشتن له‌ حه‌قیقه‌ت .هه‌موو بیرمه‌ندان گرنگیان به‌خه‌یاڵكردن داوه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و كه‌لێنه‌ی كه‌له‌نێوان واقیعی ئێستاو واقیعی عه‌قلانیدا هه‌یه‌ ،بۆیه‌ به‌بێ خه‌یاڵ گشت مه‌عریفه‌یه‌كی فیكری ئیش له‌سه‌ر  زاڵبونی ئێستاو ڕابردوو ده‌كات ،په‌یوه‌ندی به‌ ئاینده‌ ده‌پچڕێنێت ،كه‌ تاكه‌ پێوه‌ندیه‌ له‌نێوان فه‌لسه‌فه‌و مێژوی حه‌قیقی جۆری مرۆڤه‌كان.

هۆبز خه‌یاڵی به‌سته‌وه‌ به‌  به‌رده‌وامی جوڵه‌ی جه‌سته‌ ،كه‌ هیچ شتێ نایوه‌ستێنێ وه‌ك شه‌پۆلی ڕوبارو ده‌ریا وایه‌ كه‌ بایه‌كه‌ی تیایدا جوڵه‌ ده‌كات به‌ به‌رده‌وامی تا وه‌ستانی بایه‌كه‌ مرۆڤیش له‌ جوڵه‌دایه‌ .خه‌یاڵ لای كانت ڕۆلێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌ پێكهێنانی بابه‌تی ئه‌زمون ،كه‌له‌رێگای هه‌سته‌كانه‌وه‌ دێت له‌میانه‌ی ئه‌و ڕۆله‌َدا ده‌شێ خه‌یاڵ خزمه‌تی تێگه‌یشتن بكات .

لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕونده‌بێته‌وه‌ كه‌ خه‌یاڵ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤ ده‌ژیت مرۆڤ به‌بێ بونی خه‌یاڵ ناژیت ئه‌گه‌رچی زۆرجار ئه‌و خه‌یاڵه‌ نابێته‌ واقیع به‌ڵام وه‌ك ئاره‌زویه‌ك وه‌ك حه‌زێك له‌مرۆڤ دورناكه‌وێته‌وه‌ .ڕۆمان نوس هه‌رگیز به‌بێ خه‌یاڵ ناتوانێت ده‌قێكی ئه‌ده‌بی له‌شێوه‌ی چیرۆك و  ڕۆمان بنوسێ به‌هه‌مانشێوه‌ له‌نێو كایه‌كانی دیكه‌دا هه‌مان بۆچون ڕاسته‌، چونكه‌ خه‌یاڵ بوونی به‌رچاوی هه‌یه‌ .واته‌ له‌نێو پانتایی كایه‌ ڕۆشنبیروی و مه‌عریفیه‌كاندا ، خه‌یاڵ به‌سه‌رچاوه‌ی داهێنان و هونه‌ری نوسین و بیركردنه‌وه‌ داده‌نرێت .

 

Previous
Next