Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
ئاوابوون … ستار ئه‌حمه‌د

ئاوابوون … ستار ئه‌حمه‌د

Closed
by January 15, 2014 هۆنراوە

 

 

 

 

له‌خوێنی گێلاسێكا

به‌سووریی هه‌نار ده‌گه‌ی

له‌باده‌یه‌كی خوێنا

ئاوابوون هه‌ڵده‌گری

به‌شوێن بسكی ئه‌ستێره‌دا

رووناكی له‌مانگ وه‌رئه‌گری

به‌تیشك خۆت داده‌پۆشی

له‌شنه‌ی بادا

فێری سه‌ربڕینی دار

لاوانه‌وه‌ی قومری و

خوێندنه‌وه‌ی سێبه‌ره‌كان ده‌بی

به‌دووی شه‌هیدبوونی عه‌شق 

كۆكردنه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی

توانه‌وه‌ له‌په‌شیمانیدا

وه‌ك ده‌نكه‌ پشكۆو

شه‌فه‌قی ئه‌و دیو خاڵیبوون

به‌هه‌ناوی ئاگرا ده‌چزێی

له‌وه‌ته‌ی ده‌تناسم

له‌ترۆپكی داڕمان و

بازنه‌ی هیچدا

به‌دوای شه‌وه‌زه‌نگدا هه‌ڵدێی

تاوێ له‌ئه‌لبوومی پێكگه‌یشتن

چركه‌یه‌ك له‌بانێژه‌ی زامێكا

وشه‌یه‌كت له‌شیعرێكما نه‌دوان

له‌ودیو په‌یوه‌ستی ترسه‌وه‌

په‌نجه‌یه‌كت له‌خوێنی حه‌رفێك 

نیگایه‌كت له‌تیله‌ما نه‌توانه‌وه‌

ده‌بینیت له‌ده‌ركه‌وتنی به‌ژن و 

راچه‌نینی دیمانه‌ت

چۆن له‌ته‌یمانه‌ی عومرم دوورده‌كه‌ومه‌وه‌

له‌پرسه‌ی رۆچوون و 

نه‌مانی ژوانا

شه‌ماڵ ده‌ژمێرم

به‌خوێنی گێلاسێك 

سووریی هه‌نار

بۆ ئاوابوونى

سه‌مای مردنمان ده‌گێڕم

 

 

Previous
Next