Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئیسماعیل حەمە ئەمین بە ڕۆمانێک چیرۆکەکانی مەنفا دەگێڕێتەوە

ئیسماعیل حەمە ئەمین بە ڕۆمانێک چیرۆکەکانی مەنفا دەگێڕێتەوە

Closed

 

 

 

 

 

هەر قۆناغێكی مێژووی گەلێک، خاوەنی سیما و تایبەتمەندی خۆیەتی. لە کوردستاندا قۆناغێک هەیە پێی دەڵێن قۆناغی دوای ڕاپەڕین، کەئەمەش یەکێکە لە قۆناغە گرینگەکەکانی مێژووی گەلەکەمان. لەم قۆناغەدا تراژیدیا بەسەر ژیانی کۆمەڵگادا زاڵبووبو. جەنگی ناوخۆ، برسێتی، نەخۆشی، کۆچی ئازیزان و دۆستە نزیکەکانمان، نەبوونی ئازادی سیاسی و فکری و نووسین و رادەربڕین،لەهەمووشی ترسناکتر، نەبوونی ئاسۆی هیوا لای گەنجەکانمان. هەربۆیە تاکە هیوا لای گەنجەکان ، کۆچکردن بوو بۆ ئەو دیو سنوورەکان. کام سنوور، کام وڵات، چۆن وە بە چ شێوەیەک؟ کەس نەیدەزانی ، لێ ئەوەی گرینگ بوو  دەبوایە ملی ڕێگای کۆچ بگرینە بەر و ئەم وڵاتەمان جبهێڵێن، چونکە ژیان لێرە دۆزەخێک بوو بۆ خۆی.

رۆمانی ” ئەو دیوو سنوور، باڵە فڕە بە نێو دارستانەکانی مانگدا”لە نووسینی ڕۆماننووس کاک ” ئیسمایل حەمە ئەمینە.”. ئەم رۆمانە سەنتەری بیرکردنەوەو ڕووداوەکانی خستۆتە ئەو قۆناغەی ” کەبە پاش ڕاپەرین ” ناودەبرێت. 

تراژیدیای پەناهەندەکانی ئەو دیو سنوور/

( مەنفا سوپایەکە لە دوژمنی نادیار و زنجیرەیەکە لەو وەحشەتخانەیەی کە نازانی کەی تۆ یان ئەوان لەگەڵدا بەشەر دێن ، کەی ئەوان خیانەتت لێدەکەن یاخود کەی تۆ ئەوان بە قنگەوە دەخەیتە چاڵەوە. ل ٧٦)

 

لێرەدا نووسەر هەوڵیداوە چیرۆکە تراژیدیاکانی ئەو دیوو  سنوری کوردستان باسبکات، چۆن لەگەڵ قەدەرێکی نادیاردا، گەنجەکانی ئەو کاتە لە شەرێکی دەستەویەخەدا بوون، ڕۆژانە خۆیان دەخستە بەر فیشەکی جەندرمەی تورکی و قورگی نەهەنگەکانی دەریا و دەستی قاچاخچییە خوێنساردەکانی  کاروانی کۆچ. 

(بیرم لەو چارەنووسە رەشە دەکردەوە کە ئێمەی لەوسەری دونیا و ماڵی گەرمەوە گەیاندۆتەوە ئەم دارستانە چەپەکەی کە دەکەوێتە قنگی دونیایەوە، چ ڕەشبینیەک نامرۆییە ئێمەی گەیاندۆتە ئەو پەڕی دونیا، چ بێزارییەکی درێژبۆوەی بۆگەنە  ئاوەهای لێکردووین  هەموو شتێک  لە دووی خۆمان بسڕینەوەو خۆمان بدەینە دەست قەدەرێکی ناماقوڵ کە بڕوا بە هەموو درۆزنێک بکەین ، مادامەکی دەتوانێت بمانگەیەنێتە ئەو دیو سنوور و زیاتر لە نیشتمان دوورمان بخاتەوە،ل ١٨٥.)

ئەمە تەواوی ئەم هزر و تێروانییە بوو، کە زاڵبوو بەسەر زۆربەی مێشكی  خەڵکیدا، بەتایبەتی گەنجەکان. لەو کاتەدا بێزاری و تاریکبینی و نەبوونی ئاسۆیەک ڕووناک بۆ ئەم دەڤەرە ، وای لەهەمووان کردبوو ، وەکو مێگەل دوای قەدەرێکی نادیار بکەوین و لە نیشتمان دووربکەوینەوە.

ئیسماعیل زۆر جوان توانیویەتی گوزارشت لەو عەقلیەتە بکات ، کە زاڵبوو بەسەر خەڵکیدا لە دوای ڕاپەڕین.

لەوکاتەدا دووڕێگا هەبوو بۆ دەرچوون لە دۆزەخی جەنگی ناوخۆ و بەجێهشتنی نیشتمان . یەکەمیان : ڕێگای یۆنان، دووەمیان : ڕێگای ئۆکرانیا و روسیا بوو. من خۆم لە ڕێگای یەکەمەوە واتە یۆنان دەرچووم، تا ڕادەیەکی زۆر ئاگام لە تراژیدیاکانی ئەو سنوورەیە، لێ هیچ ئاگادارییەکی وام لەبارەی ڕێگای دووەم نەبوو، کە بە ڕێگای رۆژهەڵاتی ئوروپا ، بەتایبەتی ئۆکرانیا دەگەیشتیتە رۆژئاوا. 

ئیسماعیل زۆر بە جوانی باسی چیرۆک و رووداوەکانی ئەو سنوورەی کردووە، چۆن ڕۆژانە خەڵکانێکی گەنج خۆیان بەو سنوورەدا دەکرد تاوەکو بگەنە بەهەشتی عەدەنی ڕۆژئاوا، ئەو بەهەشتە وەهمیەی کە تەنها لەناو مێشكی خۆماندا بوو. 

خۆتەسلیمکردنی قەدەرێکی نادیار هەروا کارێکی ئاسان نییە، بەڵکە زۆرجار تەواوی کەسایەتیت لێدەستێنێتەوە. ڕێك وەکو ئەوەی لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر گۆڕابیت. 

( سەخترین برینی مەنفا ئەوەیە هەڵبژاردنت لێدەستێنێتەوە، دەتکاتە بونەوەرێکی دەستەمۆکراو و ڕاهێنراو لەگەڵ “نا هەڵبژاردندا”، لەگەڵ ئەوانەی کەنەک خۆشت ناوێن بەڵکو ڕقیشت لێیانە، ئەو کارانە دەکەیت کەلە ژیاندا بیرت لەوە نەکردۆتەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەیکەیت، سەختریش لەوە خۆگونجانە لەگەڵ هەموو ئەو دزێویانەی بە رۆحت ناوازەن.ل٣٢٢) 

لەلایەکی ترەوە ئیسماعیل باسی حالەتێکی تر دەکات، کە ئەویش جیاوازی چینایەتی لەنێوان پەناهەندەکاندا . هەرلەوکاتەدا راستە هەموومان بە دوای نیشتمانێکی ئارامدا دەگەراین ،هەمووشمان دەچووینە بەرگی پەناهەندەکانی ئەم جیهانە بێ رەحمەوە، بەڵام لەناو پەناهەندەکانیشدا دوو جیهان، دوو چین هەبوون، لەوکاتەشدا پەناهەندەی دەوڵەمەند و هەژار هەبوون. هەژارەکان زیاتر دەمانەوەو دەکەوتنە بەر دەستی قاچاخچیە بێ بەزەییەکانەوە، بەڵام پەناهەندە دەوڵەمەندەکان زووتر دەردەچوون و دەگەشتنە بەهەشتەکانی رۆژئاوا.

( ئێمە وەکو ئەوانی تر نەبووین ، نە ژمارەی تەلەفۆنی قاچاخچیمان پێبوو، نەگیرفانیشمان ئەوەندە پڕ بووکە بتوانین بە دەنگێکی نێر بدوێین، پێدەچوو ئەوانی دیکە وەکو ئێمە نەبن، بەتایبەت ، ئەوان جۆرێک لە هەیبەت و خانەدانی گیرفان پڕیان پێوە دیاربوو ، ژنەکان بە حورمەت تر دەردەکەوتن و  کەم دوو تر بوون، پیاوەکان دەمو چاو مۆن و بڕوا بە خۆتر بوون ، من و نیازیش هەستمان بەو تەڵەیە کرد کە تێیکەوتبووین ، تەڵەی پارە لێبران ،ل٤٤)

لەلایەکی ترەوە ئەو عەقڵیەتیەی کە بەسەر پەناهەندەکاندا زاڵبوو، سیمایەکی خۆپەرستی ترسناکی پێوە دیاربوو، کەئەمەش زیاتر ئەو جۆرە عەقڵیەتەیە کە لەهەناوی جەنگی ناوخۆدا لەدایکبوو. 

( وەهمی گەیشتنی خۆم بەتەنێ بۆ ئەو دیوو سنورەکان، وەهمی ئەوەی تەنها من دەگەم  و ئەوەی بەجێدەمێنێت  بەجەهەنەم. وەهمی ئەوەی هەموو ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی ناوخۆ ، گەمارۆ و هیلاکی سنوورەکان کۆتایی پێدێت.ل ١٩٨.)

 

وەسفی قۆناغی پاش ڕاپەڕین/

 ئیسماعیل لە چەند شوێنێکدا زۆرباش توانیویەتی گوزارشت لەو ڕەوشە خراپە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی دوای ڕاپەڕین بکات . 

( داڵەکەرخۆرەکانی بیرۆکراتی میلشیا جەستەی مردووی دەپچری و هەڵمی زەردی بۆگەنی پاشووەکانیان مێژوومان ، خودبەندیمان ، لەدایکبوونمان و منداڵی و ژیانمانیان بۆ ئەبەد گەنیوو دەکرد. .ل١٧….. گرنگ ئەوەیە  زەویەک هەبێت خوێنی لەسەر نەڕژێت، جەستەی تێیدا پارچە پارچە نەبێت، بێحورمەتی نەکرێت بە سوتاندیان، بە ورگهەڵدرینان ، بە شآردنەوەیان لەبن کەڵەک و سەرقەبرانە چەپەکان. ل٣٥……)

دواتر رەخنە لە توێژی نووسەر و ڕۆشنبیران دەگرێت، بەشێکی زۆری ئەو رەوشە خراپەیان دەخاتە ئەستۆ. ( ئێمەی ڕۆشنبیرانی نێو دەرەوەی پارتە ساسیەکان ، ئەو بیرۆکراتیە  کوردیەمان پێکهێنا. کەس نەیدەزانی  ئێمە  تاوانباری  ڕاستەقینەین ، نەک سەرکردەی میلیشیاکان، بێدەنگی ئێمە ئەوانی دروستکرد..ل ٢٤١. ٢٤٢)

لەبارەی شەری ناوخۆە دەلێت : ( شەڕی ناوخۆ هەزارەها گەنج بەهۆیەوە گیانیان بۆ شەرێک لەدەستدا کە هۆکار و ئامانجەکانی راستەقینە نەبوون ، کۆمەڵک کێشە بوون لە جیاتی گفتوگۆ لەسەرکردن ، بۆڵە بۆڵی لەسەرکرا. ل١١٠) 

 

کوچە عەرەب کاروانسەرای پەناهەندە کوردەکان/

ئەوەی لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا، ویستبێتی بەرەو ئەو دیو سنوورەکان تێپەڕێت، بەناچاری سەردانی ” کوچە عەرەب” ی لە تاران کردووە. ئەم شوێنە کاروانسەرایەک بووە بۆ پەناهەندە کوردەکانی عێراق، تاوەکو لەوێوە دوعایەکی خێریان دەستبکەوێت بگەنە بەهەشتە نادیارەکانی مەنفا. 

 ئیسماعیل ، بە شێوەی فلاش باگ لە ڕێگای ” جەنگیز پۆلۆنی ” دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغ هەشتاکانی سەدەی پێشوو، باس لە مەنفایەکی تر دەکات کە ئەویش تارانە. چۆن کوردە ئاوارەکانی ئەوێندەر ژیانیان بەسەر دەبرد. چیرۆکەکانی پەناهەندەی کورد و کوچە عەرەبی تاران  لەو زەمەنە چۆن بووە. 

تراژیدیای مێژووی کورد/

ئیسماعیل لەم رۆمانەدا تەنها قسە لە سەر چیرۆکەکانی پەناهەندەکان ناکات ، بەڵکە لەڕێگای بەردانەوەی دەزووی خەیاڵی پاڵەوانەکانیەوە، بەئاسمانی مێژوودا، هەوری تراژیدیاکانی گەلی کورد دەگێڕێتەوە.

ئەو لەڕێگای چیرۆکەکانی ” ئەدۆنیس و ئەدۆنیس کوڕ،” باس لە قۆناغی شەستەکان و سەردەمی تۆقێنەرانەی بەعسیەکان دەکات . هەروەها لە ڕێگای چیرۆکی ژیانی ” هەڵکەوت و پاڵەوانی سەرەکییەوە” باس لە قۆناغی پارتیزانی و  ساڵانی هەشتا دەکات. 

سێکس و خۆشەویستی/

دوو تەوەرەی سەرەکی لەم رۆمانەدا بە شێوەیەکی بەردەوام، تارماییان بەسەر تەواوی لاپەرەکانی ئەم رۆمانەوە هەیە، ئەویش مەسەلەی سێکس و خۆشەویستی. ئەویش لەڕێگای چیرۆکە سەیرو سەمەرەکانی پاڵەوانی رۆمانەکە  لەگەڵ ” نیگاری خێزانی” پاشان دۆستە خۆشەویستە کوردو ئۆکرانیەکانی ” هیران ، ئەکسانا، لودا” ەو، بە شێوەیەکی باش توانیویەتی گوزارشت لەو هەسەتە مرۆیانە بکات. 

 

قاچاخچی/

 

هەموو پەناهەندەیەک ناچارە نێچێر ئاسا خۆی تەسلیمی کەڵبەی قاچاخچییە گورگەکان بکات . هەموو پەناهەندەیەک ناچارە  لەڕێگای ئەوانە بگاتە ئەو دیو سنوورە وەهمییەکانی مێشكی خۆی.

( عوسمان سەفەوی ئەفسانە کردە دەکرا بە وێنەکانی مرۆڤێک نەک تەنها قاچاخچی نییە ، بەڵكو سەربازێکی وونبوی کوردیەو لەم ئۆقیانەنووسە ڕەشەدا، پەناهەندەکان بەرەو دوورگە ڕۆشنەکان قوتار دەکات .) 

( قاچاخچیەکان لە نێوان سنووری جیاکەرەوەی فریشتە و شەیتاندا سەما دەکەن، گەر نەتزانی لەگەڵیدا یاری بکەیت ئەوا چارەنووسیشت نادیار دەبێت. ل ٦٧)

پاشتر کەسایەتی قاچاخچی و سیاسیەکان لەیەکترییەوە نزیک دەکاتەوەو دەڵێت : 

( قاچاخچی و سیاسەتبازەکان ناتوانن خەوبینەر بن ، خەونبینان مانای لەناوچوونێکی رۆحێتی و جەستەییە، تەنها شٶرشگێڕەکان دەتوانن خەوبینەر بن، ئەوانەش پەرتەوازەترین  مرۆڤی سەر ئەم زەمینەن، وەکو هەموو ئەو شاعیر و نووسەرانە وەهان کە نەگەبەتی وەکو چارەنوسێکی ئەبەدی پێوەیان نوساوە. ل ١٦٣)

چەند سەرنجێک/

دیارە نووسەر هەروەک چۆن لە چەند خاڵێکدا توانیویەتی بگاتە لوتکەی سەرکەوتن، بەهەمانشێوە لە چەند خاڵ و شوێنێکدا، ئەم رۆمانە گەیشتۆتە لێواری شکست و مەرگ. لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێکی کورت خۆم لەمەڕ ئەم رۆمانەوە دەرببڕم ، کەمەبەست لێی چاککردنەوەیە نەک تێکدان.

تەکنیکی رۆمان /

ئەم رۆمانە لە ڕووی میتۆدی رۆمانووسینەوە کێشەی زۆرە. دیارە یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی کەلەم رۆمانەو رۆمانەکانی تری کوردیدا بۆم دەرکەوتووە، مەسەلەی ” زاڵبوونی زمانی پەخشان” بەسەر رۆماندا. 

بە بروای من ئەمە کێشەی زۆربەی ڕۆمانووسە کوردەکانە، هۆکاری ئەمەش بە بروای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر شیعری کوردی زاڵبووە بەسەر تەواوی ژانری ئەدەبی کوریدا. ماوەی پەنچا ساڵە تارمایی شیعر بەسەر ئەدەبی کوردی زاڵە و کارێکی ئەستەمیشە ڕزگاربوون لێی. هەروەها  بەهۆی ئەوەی کە ژانری رۆمان مێژوویەکی هێندە دێرنی نییە. بە بڕوا من پێوستیمان بە پەنچا ساڵی تر هەیە ، هەتاوەکو رۆمان لە زمانی شیعری  پاکبکاتەوە. 

ڕاستە زمانی پەخشان و شیعرئامێز یەکێکە لە ماددە بنەڕەتییەکانی رۆمان، لێ ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت ، کە ئەم زمانە بەسەر تەواوی رۆمانەکەدا زاڵبێت و ماددە بنەڕەتیەکانی تری رۆمان لەبیربکەیت.

لەم رۆمانەدا زمانی پەخشان وایکردووە هەموو ڕەگەزەکانی تر بشارێتەوە، نووسەر کەمتر توانیویەتی رەگەزەکانی تر وەکو ” دیالۆگ، کتوپڕی، مۆنۆلۆگ، گرێ، چیرۆک” بەکاربهێنێت. 

لەکاتی نووسینی رۆماندا پێویستە نووسەر ڕێز لە ” مەزاج و کات” ی خوێنەر بگرێت، دەنا خوێنەر هەر زوو رۆمانەکە بەجێدەهێڵێت و نایخوێنێتەوە. ئیسماعیل بە بێ گوێدانە خوێنەر ، تەزووی کۆلارەی خەیاڵی خۆی بەرداوەتەوەو سەدان لاپەرە بە ووشەو  ڕستەو دەستەواژەی ” شیعری” پڕ دەکاتەوە. کە ئەمەش وایکردووە زۆرجار خوێنەر تووشی بێ تاقەتی بێت.

 

زمان /

هایدگەر پێی وایە قسەکرد چەند مانایەک دەبەخشێت. ، یەکەم  واتە ، ( گوزارشتکردن ، تەعبیر) ، واتە قسەکردن مانای دەرکردنی ئەوەی ناخمانە بۆ دەرەوە. دووەمیان، مانای  کردارێکی مرۆیی دەگەیەنێت ، چونکە ئەوە مرۆڤە  قسە دەکات.  سێهەمیان، گوزارشت کردن کە مانای کارێکی مرۆیی دەگەیەنێت ، ئەو شتانە  دەڵێت کە واقعی و ناواقعین . 

 نووسەر لە چەند شوێنێکدا لە کاتی بەکارهێنانی زماندا ، دەبێت زۆر بە شارەزاییەوە گوزارشت لە ” شوێن و کەسایەتیی و رووداوەکان ” بکات. ئەوە زمانە کە دەبێتە تاکە پردی بەستنەوەی نووسەر بە جیهانی دەرەکیەوەو بە خوێنەر دەیبەستێتەوە.

ئیسماعیل دەڵێت : ( کاتێک هیلاک دەبووم لە گەڕان بە دوای کیلۆیەک شەکر لە بازاڕی بن پردەکە هاورێیەکی شاعیرم بە دزیەوە بۆی پەیدا دەکردم.ل١٦) . لە تەواوی سلێمانی و کوردستاندا ، بازاڕکمان نییە ناوی بازاری ” بن پردەکە ” بێت، بەڵکە ئەوەی کە هەیە ” بازاری ژێر پردەکە” یە لە سلێمانی. 

یان دەڵێت : ( حونجەتی ئیسلام ئایەتووڵا موفسیدی) ، ئەم ووشەیە لە چەند شوێنێک دووبارە دەکاتەوە. لەراستیدا شتێک نییە ناوی ” حونجەتی ئیسلام ” بێت، بەڵکە ئەوەی هەیە ” حوجەتی ئیسلام” ، کە نازناو و پایەیەکی ئایینی و سیاسییە لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە خەڵکانێکی تایبەت دەبەخشرێت. 

 

زاڵبوونی یەک دەنگ و یەک ڕەنگ /

نووسەرو رەخنەگری مەزنی رووسی ” باخیتن” هۆکاری سەرەکی سەرکەوتونی رۆمانەکان دۆستۆیسڤسی گەڕاندۆتەوە بۆ بوونی رەگەزی ” ڤرە دەنگی” لە رۆمانەکەنیدا. 

بەڵام لەم رۆمانەدا تەنها یەک دەنگ و یەک رەنگ دەبینێت. ئەویش دەنگی ئیسماعیل خۆیەتی، ئەو لەکاتی باسکردنی کوردستان و ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتدا، تەنها بە یەک دیدگاوە دەڕوانێتە ئەم مەسەلانە. لەم رۆمانەدا کوردستان” عەلادینە ژەنگاویەکەیە، وڵاتی جەنگی ناوخۆ و برسێتییە” ئۆکرانیاش بەهەمانشێوە. وڵاتێکی کۆن و دواکەوتوو. 

ئێمە دەزانین نووسەر ئازاری لەم شوێنانەدا کێشاوەو برینداربووە، بەڵام من لەو باوەرەدام کە ولاتی ئۆکرانیا هێندە وڵاتێکی ناشرین نییە ، کە تەنها بە ڕستەیەکش باسی جوانییەکانی ئەم ولاتە نەکەیت. یان کوردستان وکورد تەنها خاڵە نێگەتیفەکانی بکەیتە تەوەری سەرەکی رۆمانەکەت ، هیچ خاڵێکی جوان لە خەڵكی کوردستان نەبینیتەوە. 

( هەموو وەکو کوردێک توندوتیژی لە رۆحماندایە..،،ل٣٢٩شۆرشی کوردی درێژبوونەوەی دیاردەی بەعسییە بەڵام لەبەرگی شاخدا.ل٣٣١ . من هەستم دەکرد قووتاربووم لە قەدەری خۆم ، قەدەری بە کوردبوون ، قەدەری رۆژهەڵاتییەکی غەمبار،،ل ٢٢١خێزانی کوردی درێژبوونەوەی مژوویەکە لە قەرەباڵخی و بۆڵە بۆڵەکردن.لل١٠٩ فەرامۆشی کوردی و قبوڵکردنی  ستەم کە بۆتە کلتورێک لە رۆحماندا. ل ٢٢. بوغز بۆتە بەشێک لە کەسایەتی کوردی..)

هەموو ئەم قسانە حوکمێکی گشتگیری نووسەرە بەسەر گەل و نیشتمانەکەی خۆیدا. لە رۆماندا نابێت بە هیچ شێوەیەک یەک دەنگ و یەک قسە بەسەر تەواوی ڕۆمانەکدا زاڵبێت. پێویستە بۆ ئەوەی ڕۆمانەکە سەرکەوتووبێت، جۆرە ڤرە دەنگی و ڤرە ڕەنگیەکی فکری و سیاسی تێیدا زاڵبت.

 

 

ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا/

لەم ڕۆمانەدا پرسی ” ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا” زۆر بە زەقی دیارە، بەڵام بە داخەوە بە بەرگێکی زۆر ناشرینەوە، چونکە  نووسەر تەنها بە یەک شێوە باسی هەردووکیان دەکات . ” جوانی، ئازادی، رزگاربوون، خۆشی و بەهەشتێکی بەرین” وێنەی رۆژئاوان، لە بەرامبەردا، رۆژهەڵات هەتا بڵێیت وێنەیەکی ناشرینی وەرگرتووە. 

” نیگار دیسانەوە دەبووە ئەو ژنە ڕۆژهەڵاتییەی لە لۆجیک تێناگات.ل٢٤٠

ڕۆژهەڵات بۆ من جەهەنەمێکە لێی هەڵاتووم،،،کەلە تورکیا پەڕیمەوە بۆ ئەوبەری رووسیا، لەسەر پاپۆرە ژەنگاویەکە پڕ بە سیەکانم هەوام هەڵمژی و گووتم : قووتار بووم لەم شێتخانە خوێناوییە..ل٢٢٣.. قووتاربووم لە عەلادین و گۆرەوییە بۆگەنەکانی ڕۆژهەڵات..ل١٣٢”

ئەڵمانەکان وشەیەک بۆ ئەم جۆرە کەسانە بەکاردەهێنن ” westorientierung ڤێست ئۆریەنتیروون”  ئەمە  بەمانا کوردیەکەی دەتوانین ” رۆژئاوا پەرست، هۆگرانی ڕۆژئاوا” دابنێین، ئەوانەی کە  بە شێوەیەکی خەیاڵی ، هەموو جوانی و زانست و کلتوورێک لە رۆژئاوادا دەبیننەوەو، دەیانەوێت بەرگێکی خۆرئاوایی لەبەر خۆیان و نیشتمانەکەیان بکەن. لای ئەم جۆرە کەسانە رۆژهەڵات مانای ” دواکەوتوویی، ناشرینی لەهەموو بوارێکدا، توندوتیژی،،هتد” وە رۆژهەڵات هیچ جۆرە سیمایەکی جوانی نییە.

ئێمە بمانەوێت نەمانەوێت، کوڕی رۆژهەڵاتین وە هیچ کاتێکیش نابینە رۆژئاوایی، من خۆم دوای شانزە ساڵ گەراومەتەوە کوردستان، ئیسماعیلیش بەهەمانشێوە، واتە ئێمە نەمانتوانیوە لەو کۆمەڵگا رۆژئاواییەدا بژین ، کە ئیسماعیل وێنەی بەهەشتێکی بەرینی بۆ کردووە. ئیمە بە قەولی هایدگەر ” فڕێدراوینەتە کلتورێکەوە کە ناوی کلتووری  رۆژهەڵاتە” واتە بە ویستی خۆمان نەبووە، بەڵام دەبێت قبووڵی بکەین.

ئێمەش ماوەیەک  زۆر بەتوندی رەخنەمان لەم ئەزمونە سیاسی و ئیداریییەی کوردستان گرتووە، بەڵام کاری ڕۆشنبیر و نووسەران نابێت تەنها لە ڕەخنەگرتن و زۆرجاریش جنێودان بە دەسەڵاتی سیاسی قەتیس بێتەوە، بەڵکو دەبێت هەوڵی گۆڕینی خاڵە دزێو ناشرینەکانی ئەم ئەزموونە بدات و ، خاڵە جوانەکانیش پێشتر بخات.  

خاڵێکی تر کە جێگەی هەڵوەستەکردنە ، ئەویش تێکەڵکردن و باسکردنی کۆمەڵێک چیرۆک کە پەیوەندی بە قۆناغەکانی پێشتر هەیە. قۆناغی ” هاتنی بەعسییەکان لە ساڵانی شەستەکان، شۆرشی ئەیلول، شۆرشی نوێ” . باشتربوو ئیسماعیل تەنها باسی چیرۆکەکانی کۆچ و پەناهەندەی دوای ڕاپەڕینی بکردایەو بە شێوەیەکی جددی کاری لەسەر ئەمە بکردایە، چونکە گەڕانەوە بۆ ئەو قۆناغە مێژووییە، پێویستی بە چەندین رۆمان هەیە. تێکەڵاوکردنی ئەو قۆناغانە بەیەکتری،  ڕۆمانەکەی ئاڵۆزتر کردووە. 

دەکرا بۆ هەر قۆناغە و رۆمانێک بنووسێت، نەک هەموو چیرۆکە تراژیدیاکان تێکەڵی یەکتری بکات. بە بروای من چیرۆکی ” ئەدۆنیسی باوک و کوڕ” دوو چیرۆکی جوانن، دەکرا لە رۆمانێکی تردا باسیبکات. بەڵام ئیسماعیل ویستوویەتی هەموو ئەوەی کە دەیزانێت بیخاتە ناو ئەم رۆمانەوە. 

بە بڕوای من گەر نووسەر تەنها کاری لەسەر کۆچبەرانی کورد لە  ئۆکرانیا بکردایە و چەند چرۆکێکی تری پەناهەندەکانی باسبکردایە، زۆرباشتر بوو. هەموو کۆچبەرێکی کورد لەو ڕێگایەدا خاوەنی چیرۆکی خۆیەتی، دەکرێت کاری لەسەربکرێت و لە ڕۆمانێکدا تەوزیف بکرێت.

 

پێش کۆتایی/

لەگەڵ هەموو ئەو سەرنجانەی کەلە سەرەوە باسمکرد، بەڵام ئەم رۆمانە یەکێکە لەو رۆمانە جوانانەی کە گوزارشت لە ژیانی ئەودیو سنورەکانی کوردستان دەکات، ئازار و تراژیدیاکانی ئاوارەی کورد و گەیشتنە ئوروپا دەکات، کەلە پاش ڕاپەرینەوە ببووە سیمای سەرەکی ئەم ولاتە. 

خوێندنەوەی ئەم رۆمانە بەتایبەتی لەلایەن نەوەی نوێوە، ئەو نەوەیەی کە خۆشبەختانە کە ئازاری ” جەنگی ناوخۆ ، تراژیای کۆچ و پەناهەندەگی ” نەبیینوە، ئەم رۆمانە ئاشنایان دەکات بە قۆناغێکی گرینگی گەلەکەکمان، لەهەمانکاتیشدا ئاگاداری ئەزموون نەوەی پێشخۆشیان دەبن.

 

سەرچاوە:

ئیسماعیل حەمە ئەمین. ئەودیو سنوور ، باڵەفرە بەنێو دارستانەکانی مانگدا. چاپی یەکەم ، لە بڵاوکراوەکانی سولی ترافیک. ٢٠١١

( مارتن هیدجر. المنادی انشاد، قراءة فی شعر و تراکل. تلخیص و ترجمة : بسام حجار . المرز الثقافی العرب. الطبعة الاولی. ١٩٩٤. بیروت . ص. ٩  

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.