
چەند ساتێ پێش کۆتایی … نەوزاد بەندى
Closed
کە ئەستێرە خانەنشین ئەکرێ ،
ئەکشێ ..
کە فرمێسک پەیمانگاى گریان تەواو ئەکا ،
ئەڕژێ ..
* * *
پێش ئەوەى بتبینم ،
کۆتاییت هات …
تەمى بەیانییەکى زستان بووى ،
کەس نەیزانى چیت بەسەر هات …
( لە لاپەڕەى یەکەمینى چیرۆکێکا ،
ڕێکەوتم کردى و ..
دیار نەماى ..
منیش پیاوێکى دڵڕەق بووم ..
هەنگاوێکم بەسەردا ناى ..)
* * *
ڕەنگە بڵێم ،
دواى تێپەڕ بوونى ساڵەها ،
ئاوڕێکم بۆ دایتەوە ..
( ئەیشمزانى تۆ نەماوى ..
بە عەقڵى پوتى ئەو کاتە ،
وامئەزانى ،
لە دیار کۆپلە شیعرێکم ، مۆمیا کراوى .. )
* * *
نەمزانى وا زوو پیر ئەبم ،
ئەگینا کۆمەڵێ ساتى تۆم ،
ئەخستە بەفر گرەوە ..
* * *
کە گەڵا خانەنشین ئەبێ ،
کراسێکى زەرد ئەپۆشێ و
بە هێواشیى دێتە خوارێ ..
کە بەفر خانەنشین ئەبێ ،
ئەبێ بە کانى و قەڵبەزە و
ئەڕواتە کۆشى بەهارێ