Skip to Content

Saturday, January 29th, 2022

جەنگەڵ …. محەمەد فەریق حەسەن

Closed

 

 

 

تا ئەو ساتەوەختەیش، من لەپاڵ هەڵۆی برامدا هەستم بە دڵنیایی دەکرد، بەشداریی گفتوگۆم دەکردو پێدەکنیم، بەڵام کاتێک هاوڕێیانی هەڵۆ، بەسەرهاتی ڕەشیدی ڕێبەریان بە جامانە ڕەشەکانەوە گرێداو بەو جۆرە ناجۆرە گێڕایانەوە، ئیتر من پرینگامەوە. لە دیوی دەرەوەو ناوەوە، هەژانێک هەژام، تف لە گەرومدا وشک بوو. نائاگا، لەم گوێوە بۆ ئەو گوێ، پەنجەی ئاماژەم بە گەردنی خۆمدا هێناو هەنگاو بە هەنگاوی سەفەرەکەم، لەگەڵ ڕەشیدی ڕێبەدا هاتەوە پێش چاو.

بەگوێرەی تەسکی و بەرینی ئەو ڕێ پێچاوپێچە، هەوراز و نشێوە، من تاوێک بە شانیەوە تاوێکیش بە شوێنیەوە تەکانم دەداو مەبەستم بوو هەر ئەو ڕۆژە بمگەێنێتە مەنزڵی تاقە براکەم، کە لەمێژبوو لێی بێئاگابووین. لەم جۆرە سەفەرانەدا دەبێ ڕێبوار ئاگاداری خۆی بێت، چۆن پێی لەسەر بەردی تیژو چاڵوچۆڵی و خڕەبەرد دادەنێ. دایکم جووتە پێی لێ کردبوومە لنگێک کەوش، (ئەگەر بە وێنەیەکی خۆت و هەڵۆی براتەوە نەگەڕێیتەوە، ئەوا هەڵۆی کوڕم لەژیاندا نەماوە. بمایە هەڵبەت جارێک لە دایک و تاقە براکەی خۆی دەپرسییەوە!) من لە قسەی دایکمدا هەڵمنەدایە. (جەنگەڵ ناوی خۆی وا بە خۆیەوە، مرۆڤ چەند میهرەبانیش بێ لە جەنگەڵدا دڵی دەبێ بە سەنگ!) ئەو شەوە خاڵم ئاوا پاساوی بۆ بێدەنگی هەڵۆی برام هێنایەوە.

من ڕێم دەبڕی، کاتێک ژمارەیەک سەگی زەردو ڕەش و شڵ، بە زمانی سووری درێژەوە، لەبن دارەکانەوە دەرپەڕین و بەرەو لای ئێمە سەرەوخوار بوونەوە. من گوێم لە هەناسەی خێرایان بوو (سەگگەلن سەگگەل، ئەوە لێیان دەترسی؟) ڕەشیدی ڕێبەر هەڵوەستا، ئاوڕی لێ دامەوەو چاوە کاڵەکانی تێبڕیم و ئاوای وت. ((ئەگەر دانەیەک و دوان بوونایە ئێ، بەڵام زۆرن زۆر!) (لەنێوان ئاوەدانی و چۆڵەوانیدا خەریکە دەبن بە سەگی کێوی. ماوەیەکە لەم ناوەدا دێن و دەچن، نەمبیستووە وەزەنیان هەبووبێ، ئەگەر گەمارۆشیان داین، بێدەنگ لەجێی خۆت دانیشە، ئەوان ماوەیەک بەدەورماندا دەسووڕێنەوە و دەڕۆن!) ڕەشیدی ڕێبەر شانێکی بۆ هەڵتەکان و کەوتەوە ڕێ. منیش شوێنی کەوتمەوە.

تازە ملمان بە هەورازێکی کووڕەوە نابوو، لە تەوقەنەی هەورازەکەوە دوو گیانداری کەللە بۆری گوێ قوت پێکەوە سەریان کێشاو لە ئێمەیان دەڕوانی. (ئەو دەعبایانە چین؟) (جووتە گورگن!) وەک ناوی جووتێک کۆتری هێنابێ، ترسم بە دەنگ و هەنگاوییەوە هەست پێنەکرد. من هەڵوەستام، سێ جاران گۆچانەکەم ڕووەو گورگەکان ڕاوەشان. (جووتێک گورگ هەروا بەو ئاسانییە!) من واموت و ئەو دەستەسڕەکەی بە ناوچاوانە ڕەش داگەڕاوەکەیدا هێناو نایەوە باخەڵی. (جووتە گورگ بەبێ نێچیر ناگەڕێنەوە! بەڵام نا، لێیان مەترسە! ئەگەر زانیت هەڵمەتت بۆ دێنن، خۆت بگەیەنە نزیکترین درەخت و پێیدا هەڵزنێ. بەڵام بڕوا بەو ڕازە کۆنە مەکە، کە دەڵێ، پەنجەیەکی خۆت ببڕە، چەند دڵۆپێک خوێن بدڵۆپێنە سەر یەکێکیان، ئیتر بە هەموویان تێیبەردەبن. گورگ بۆ یەک دڵسۆزترن هەتا بەرەی مرۆڤ!) ڕێبەرەکەم ناوبەناو هەناسەی سوار دەبوو، کەمێک دەوەستا، چەند کۆکەیەکی دەکردو دەکەوتەوە ڕێ. (کانییەک لە پێشمانەوەیە، لەوێ تاوێک لادەدەین. خۆمان فێنگ دەکەینەوە، پشوویەکیش دەدەین.) بەڵام من پرسیم: (چاوت لەو دەعبایەیە؟) (ئەی چۆن!) یەکسەر وەڵامی دامەوە. گیاندارێکی کەللە زلی کەتەی ئاماڵ قاوەیی بەڵەک، لەسەر تاشە بەردێک چەمۆڵەی دادابوو، سەرنجی دەداین. ڕەشید لەسەری ڕۆی (پڵنگە پڵنگ!) من لەجێی خۆم وشک وەستام، بە دەموپلی تێکەڵەوە پرسیم، (پڵنگ؟ جا چارمان چییە؟) من هێشتا وەک بزمار لەجێی خۆم چەقیبووم، کە ئەو ئاوڕی لێ دامەوەوە وتی: (بێ بەڕێوەو هیچ خۆت تێکمەدە!) بە ئامباڵایدا ڕوانیم، ترسم تێدا نەخوێندەوە، کەچی من بە ترسە ترس شوێنیکەوتم، چاوێکیشم هەر لەسەر پڵنگەکەبوو. من لە بنچک و بەردی سەر ڕێ هەڵدەنووتام. پڵنگیش زمانی بەملاو بەولادا دەردەهێناو سەرنجی دەداین. (پڵنگە، چۆن خۆم تێکنەدەم؟) من وام وت، ئەویش وتی: (ڕەنگە بەو سەرەوە ئەشکەوتێکی کردبێ بە لانەی خۆی. هەتا دووسەد مەترێک لە لانەکەی نزیک نەبینەوە، ئەو پەلامار نادات!) (ئەی ئەگەر پەلاماری داین؟) (ئەگەر فریاکەوتم تفەنگەکەم سوار بکەم، ئەوا بەو نیازەی دڵی بپێکم، نیشانە لە سینگی دەگرمەوە!) من پرسیم: (ئەگەر فریانەکەوتی؟) (خۆ ئەوە مرۆڤ نییە، پڵنگنە، پڵنگیش لەبرسانا پەلامار دەدات، ڕقی لە نێچیری خۆی نییە، بازرگانیش بە جەستەی نێچیرەوە ناکات! ئێمە بە ڕێی خۆمانەوە، ئەو بە ڕێی خۆیەوە. تفەنگەکە وا بە شانمەوە، خۆ بە دەستمەوە نییە!) من بە ئەژنۆی شل و هەنگاوی کورت و سینەی توندەوە بە هەورازەکەدا سەردەکەوتم. جووتە گورگەکە کەوتنە نەدیوی، پڵنگەکەشمان جێهێشت. (کانییەکە لەم دۆڵەدایە!) ڕەشید وای وت. لەودەمەدا ئێمە گەیشتینە پێچێک، لەوێدا کۆتەرەی درەختەکان قنج و ڕەش، زەویش ئاماڵ خۆڵەمێشی دەینوان. بیابانێکی سامهێن، لە کوێستانێکی بە چڕە درەختدا. (ئەو درەختانە ئیتر سەوز نابنەوە!) من بەداخەوە وام وت. (ئەم دارستانە گورگ و پڵنگ نەیانسووتانووە. ئەوە کاری مرۆڤە، جامانە ڕەشەکان گڕیان تێبەردا، کاتێک شەڕ کەوتە ئەم لاپاڵە!) جامانە ڕەش، وەک دەعبایەکی زلەی چوارپەل تووکنی شۆقداری کەڵبە زەرد لە زەینی مندا شکلگیر بوو. ئێمە بە پێچاوپێچی پیادەڕێیەکەدا دادەگەڕاین. زەوییە سوتماکەکەمان تێپەڕان و دارستانەکەیش وردە وردە چیڕتر دەبوو.

من ویستم… و (سێ زەلامن!) ڕێبەرەکەم وەهای وت، تفەنگەکەی لە شانی داگرت، سواری کردو بە دوو قەڵەمباز لاڕێی گرت و خۆی تەپاندە ناو چاڵێکەوە. من لەجێی خۆم وشک بووم. ئەو بە دەست ئاماژەی دامێ، حەپەسان بەریدام بە کووڕە کووڕ دامە لاڕێ و خۆم کوتایە هەمان چاڵەوە. ئەو پەنجەی ئاماژەی بە لچ و لێوی خۆیەوە نا، منیش وەک بەرد چرکەم لە خۆم بڕێ. لەو دەمەدا، ژمارەیەک مرۆڤی پیادە بەشوێن یەکدا سەردەکەوتن. لوولەی چەکی یەکێکیان لەبەر سووری هەتاو دەبریسکایەوە. ژمارەیەک دەوەن لە نێوان ئێمەو ڕێگەکەدا بوو. (ئاگادار بە نەوەکا لەپڕ بپژمی یان بکۆکی، ئەژدیها پێوەی دای دەنگ نەکەی!) ئەم قسانەی کە ڕەشیدی ڕێبەر چپاندییە گوێم، بە ڕادەیەکی ئەوتۆ تێکیدام، گوێم لە دڵەکوتێی خۆم بوو. ڕەشید ڕووەو ڕێیەکە، لوولەی چەکەکەی لەسەر لێواری چاڵەکە دانا. من وەک تووشی مۆتەکە هاتبم و لەو خەونە ئالۆزەدا بوونەوەرێکی خورافی هەردوو چۆکی لەسەر سینگم دادابێ، نەهێڵێ هەناسە بدەم، لەوەدابوو لەجێدا بتاسێم. گوێشم لە قرچە قرچی وردوخاشبوونی چیلکە و قالۆر بوو، لەژێر پێڵاوەکانیاندا. من لەو کاتەدا تارمایی زیندان دەهاتە پێش چاوم، خۆم لە ژووری تەنەگەبەری ئینفیرادیدا دەبینی، بەجلکی سوورەوە، چاوەڕوانی هەڵواسین بووم و دابوومە باریک و بنێسی. مشە مشم پێکەتبوو بێ ئەوەی بۆن بکەم.

پێشەنگەکەیان لەنێوان گەڵاکانەوە دەرکەوت، ئەو قەمەی لە کەمەری بەستبوو. لقێک داربەڕووی بەدەستەوە بوو، بەهەر بنچێك، دەوەنێک دەگەیی شووڵکێکی پێدا دەکێشا، تۆزی لێ بڵند دەکرد. ئەو تفەنگەکەی لە شانداو ڕووی لوولەکەی لە زەوی بوو. ئەبرۆ ڕەشەکانی تێکپەڕیبوون. دووەمیان زەمزەمییەک بەقەدەوە، لوولەی چەکەکەی چەند پەنجەیەک سەر شانی کەوتوبوو، ئاسەواری کۆنە زامێک بە لاڕوومەتیەوە دیاربوو. سێیەمیان وێڕای چەکەکەی دەستی، کۆڵە پشتەکەی بڕێک پشتی چەماندبوو. ڕووی لە ئارەقەدا دەبریسکایەوە. هەرسێکیان جامەدانیی ڕەشیان لەملدا بوو. ئەوان بەشوێن یەکدا ڕەتبوون، کەچی ڕێبەرەکەم هێشتا هەر پەنجەی لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگەکەی بوو. ددانەکانی لەسەر لێوی دانان و ئاماژەی دامێ نەجووڵێم. خۆیشی بە کووڕە کووڕ جووڵا و لەولاتر لەپەنا بەردێکدا خۆی دایە پەنا. منیش لەناو چاڵەکدا زرتەی چاوم دەهات. دوای کەمێک ڕەشیدی ڕێبەر گەڕایەوە لام. من وتم: (ڕۆیشتن، دەبا ئێمەیش پێ هەڵگرین.) کەچی ئەو وتی: (پەلەت نەبێ، لەوانەیە بگەڕێینەوە سەرمان. ئەوانە فەندو فێڵیان زۆرە، کێ دەڵێ نەیانبینیوین؟) هەتا ئەوان لە هەورازەکە ئەودیو نەبوون ئێمە نەکەوتینەوە ڕێ. من نەمدەتوانی سەرنجم لەسەر جێیەک چڕبکەم. وەک یەکێک ڕێی هەڵەکردبێ و چەن هەوڵ بدات بۆی نەدۆزرێتەوە، گلێنەی چاوەکانم بێ ئۆقرە دەجووڵان. بە گومانەوە گوێم لە خشەی قۆڕی و کیسەڵ و گیانداری خشۆکی دەم ڕێ دەگرت، کە لە گوێی مندا، لە دەنگی ڕاستینەی خۆیان بەرزتر بوون…

(لە گەڕانەوەدا گۆشاوگۆش سەریان بڕیوە، سەرەکەیان لە توورەکەیەک ناوەو لەگەڵ خۆیاندا بڕدوویانە!) هێشتا هەواڵەکە لە کاسەی سەرمدا دەنگیدەدایەوە. کاکم کە بە حاڵی بێحاڵی منی زانیبوو، جامولکەیەک ئاوی ساردی بۆ درێژکردم، وتی: ( خەمت نەبێت، من لەو ڕێیەوە ناتنێرمەوە، کە لێوەی هاتی!) لەودەمەدا، سەری بڕاوی بێ کڵاوو جامانەی ڕەشیدی ڕێبەرم دەهاتە پێش چاو. بە خوێنی وشکهەڵاتوو، چاوی کاڵی زەق و زاری کراوەوە، مێش تێیداوە، لەسەر مێزی ئەفسەرێک دانراوە. لە بەرانبەرەوە، سێ جامانە ڕەش، لاق لەسەر لاق، لەسەر قەنەفەی چەرم دانیشتوون، بەدەم حیلکە حیلکەوە، گەڵا گەڵا دەستخۆشانەی سەری بڕاوی ڕەشیدی ڕێبەر دەژمێرن.

کۆبنهاون

٢٧|١٠|٢٠١٣  

 

Previous
Next