Skip to Content

Sunday, November 3rd, 2024
ده‌ستووری تونس، رووی سپیی هێزێكی ئیسلامی

ده‌ستووری تونس، رووی سپیی هێزێكی ئیسلامی

Closed

 

 

 

 

 

تونس ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینه‌كانی دنیای عه‌ره‌بییه‌، ئه‌وه‌ی به‌به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌ناسرێت. ئه‌م وڵاته‌ یه‌كه‌م وڵاتی دنیای عه‌ره‌بییه‌ كه‌ شۆڕش به‌خۆسوتاندنی گه‌نجێك ده‌ست پێده‌كات‌و دواجار به‌ڕژانی كه‌مترین خوێن، به‌كه‌مترین قوربانی دیكتاتۆر هه‌ڵدێت. مۆدێلی تونس جیابوو له‌مۆدێله‌كانی تری ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له‌دنیای عه‌ره‌بیدا. له‌میسر خوێنی زۆر رژا، لیبیا قوربانی زۆریدا، سوریا بوو به‌جه‌هه‌نه‌م بۆ شۆڕشگێره‌كان‌و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی. ده‌نگی ته‌قه‌كان له‌یه‌مه‌ن زۆر به‌رزبوون. 

ئه‌گه‌ر مۆدێلی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات‌و ئێستای ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته‌ كه‌ خۆی له‌ده‌نگدان به‌به‌ڵێ بۆ ده‌ستوورێكی عه‌لمانی ببینین، ئه‌وا سه‌ره‌تاكه‌ی ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ریشه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی هێزی سێكولار له‌و وڵاته‌، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هێزه‌ ئاینییه‌ میانڕه‌و و سه‌ركرده‌ ئیسلامییه‌ كراوه‌و دیموكراتیخوازه‌كانی ئه‌و وڵاته‌. سه‌ركرده‌یه‌كی عاقڵی وه‌ك راشد غه‌نوشی‌و هێزێكه‌ ئیسلامی میانڕه‌وی وه‌ك نه‌هزه‌ی ئیسلامی تونس، ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو له‌مانه‌وه‌ی تونس به‌ئارامی دوای جێهێشتنی دیكتاتۆر.

لانیكه‌م ئه‌م هێزه‌ ئاینییه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی هه‌یه‌ له‌تونس بڕوای به‌جیهاد نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌هابییه‌كان‌و ئیخوانه‌كان له‌ناوچه‌كانی تری دنیای عه‌ره‌بیدا بڕوایان پێیه‌تی. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ هێزێكی ئاینی له‌جیاتی خوێن‌و قوربانی، ململانێی سیاسی ته‌ندروست بكات‌و له‌وه‌ها ساتێكیشدا ئه‌وه‌ی تێیدا مۆفه‌ق ده‌بێت گه‌لی تونسه‌.

له‌هه‌وڵێكی كه‌موێنه‌دا كه‌ دنیای سیاسی‌و مه‌یدانی ململانێ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌خۆوه‌ی نه‌بینێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مانی تونس به‌ڵێی بۆ ده‌ستوورێك كرد كه‌ به‌ته‌واوی ده‌ستوورێكی عه‌لمانییه‌، له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ئیسلامییه‌كانن. 

ده‌ستووری تونس به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی سه‌پاندنی شه‌ریعه‌ت ناكات‌و ئه‌وه‌ی تێیدا غائیبه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ئایینیكردنی ژیانی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌یه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی كرانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاری ئیسلامی تونسی ده‌رده‌خات به‌جیاواز له‌وڵاتانی تری دنیای عه‌ره‌بی‌و ته‌نانه‌ت هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ له‌سه‌ر وشه‌یه‌كی ناو سروودێكی نیشتمانی ده‌نگ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌. 

ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستووری تونسدا جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ بریتییه‌ له‌ (ئازادی ویژانی) واته‌ مرۆڤ ویژدانی ئازاده‌ به‌وه‌ی چ ئاینێك هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ به‌ڕێكردنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی. به‌مانایه‌كی تر ئه‌م چه‌مكه‌ به‌مانای ئازادی هه‌بوون یان نه‌بوونی ئایین ده‌گه‌یه‌نێت. تۆ ئازادی بڕوات به‌ئایین هه‌یه‌ یان نا. له‌هه‌مان كاتدا له‌ده‌ستووری تونسدا هاتووه‌ كه‌ مرۆڤ ئازاده‌ ئاینی خۆی بگۆڕێت بێئه‌وه‌ی ئه‌م گۆڕینه‌ی ده‌م‌و چاوی هێزه‌ ئاینییه‌كان یان ده‌وڵه‌ت یان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵكه‌ گرژ بكات. خاڵێكی تر بریتییه‌ له‌جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌یه‌كسانی ره‌گه‌زی‌و ئازادی نێوان تاكه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئازادییه‌ ببێته‌ تانه‌ لای هێزه‌ ئاینییه‌كان كه‌ ئێستا زۆرینه‌ی زۆری كورسییه‌كانی په‌رله‌مانیان داگیركردووه‌.

له‌هه‌مووی دڵخۆشكه‌رتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزێكی گه‌وره‌ی وه‌ك نه‌هزه‌ی ئیسلامی كه‌ زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌ستووره‌ی قبووڵه‌‌و نه‌یكرده‌ ده‌نگه‌ده‌نگ كه‌ ئه‌مجۆره‌ له‌كرانه‌وه‌یه‌ دژ به‌پڕه‌نسیپه‌كانی ئاینی ئیسلامه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان‌و زۆرێك له‌وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ده‌یبینین.

به‌بۆچوونی من، ئه‌م مۆدێله‌ ده‌بێت ببێته‌ مۆدێلێك بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ هێزه‌ ئاینییه‌كان تێیدا باڵاده‌ستن. ده‌بێت مۆدێلی به‌سێكولاركردنی ده‌ستوور له‌تونس ببێته‌ مۆدێلێك‌و بگوازرێته‌وه‌ بۆ وڵاتانی تری عه‌ره‌بی‌و ناوچه‌كه‌ به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌. ئه‌م مۆدێله‌ روخساری ئیسلامییه‌كان جوانتر ده‌كات به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له‌هێزه‌ ئاینییه‌كانی ناوچه‌كه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی پێیانه‌ بریتییه‌ له‌ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌ویترو جیهادو ئاژاوه‌و ته‌قینه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر. ئه‌م مۆدێله‌ له‌تونس ده‌بێت وانه‌یه‌ك بێت بۆ سه‌رجه‌م هێزه‌ ئاینییه‌كان به‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ك هه‌م به‌ئایین‌و هه‌م به‌سیاسه‌ت ده‌كات بریتییه‌ له‌كرانه‌وه‌و قبووڵكردنی ئه‌وی ترو ئارامی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر هه‌وڵێك بۆ سڕینه‌وه‌و جیهادو گرووپی چه‌كداری توندڕه‌و جگه‌ له‌نائارامی هیچی تر به‌دوای خۆیدا ناهێنێت.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.