Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
پاشا و توانای زاڵبون بەسەر جەماوەر

پاشا و توانای زاڵبون بەسەر جەماوەر

Closed
by January 20, 2014 گشتی

 

 

 

 

لە سەردەمی زودا ، پادشایەک هەبو هێرشی کردە سەر وڵاتێکی تر و داگیری کرد. ئەم پاشایە کەسێکی شەڕخواز و زرینگ بو. وەزیرێکی هەبو لەخۆی شەڕخوازتر و زرینگتر بو. فەرمانی  بە وەزیرەکەی کرد ڕێگاچارەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ خەڵکی ئەو وڵاتە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن و ناڕەزایی دەربڕن بێنێتە ژێر بار و بەسەر ڕۆح و گیانیاندا زاڵ بێ. وەزیر بیرێکی کردەوە و یاداشتێکی نوسی و دایە جاڕچییەکان تا بەسەرانسەری ئەو وڵاتەدا بگەڕێن و بە خەڵکی ڕابگەیەنن. ئەم وەزیرە یاسای نوێی دەرکرد و تیایدا باوەڕداربونی بە ئاینیی پێشو و خوێندن و فێربونی بە کارێکی نایاسایی ڕاگەیاند و ماڵیات و سەرانەی سێ بەرابەر زیاد کرد. بوک دەبوایا شەوی یەکەم لەخزمەت پاشادا بێت. نرخی گیانی هاوڵاتیان بەرابەر کرا بە نرخی گیانی چوارپێیەکانی وڵاتی دراوسێ – کە هاوزمان و هاونیشتیمانی پاشا بون. هەرچەشنە سەرپێچی و لاملییەک لەو یاسایانە ، سەرپەڕاندنی بەدواوە بو.  سەرەنجام بەپێی دواهەمین بڕگەکانی ئەم یاسا تازەیە تڕ و تسیش قەدەغە کرا.

پاشا گوتی: وەزیر ئەم هەموو گوشارە  وایان لێ دەکا ڕاپەڕن و لەدژی ئێمە دەس بدەنە شۆڕش و لێمان ڕاپەڕن! مەگەر پێم نەگوتی دەبێ کارێکی وا بکەین بەخۆیان نەزانن؟ 

وەزیر لە وەڵامدا گوتی: نیگەران مەبە  پایەبەرز، سەیری بەندی تایبەت بە تڕ و تسەکە بکە ، ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەموو وزە و توانای ناڕەزایەتییەکانیانی تێدا خاڵی بکەنەوە.

سەرەنجام وەزیر چی گوت هەموی هاتە دی.

ئیدی خەڵکەکە دەستیان کرد بە دەبڕینی ناڕەزایی و گلەیی و گازندە: (( ئەمە ستەمێکی ئاشکرایە. ڕاستە ئەوە شتێکی ئاسایی و سروشتییە پاشا بیەوێ خەڵک بێنێتە سەر ئاینی خۆی یان نەهێڵێ بخوێنن. هەروەها زیادکردنی ماڵیات لەسەر خەڵک هەمیشە خواست و ئارەزوی پاشاکان بوە و بردنی بوکیش لە شەوی یەکەمدا بۆ پاشا ، دابێکی لەمێژینەیە و لاریمان لێی نیە. هەروەها بێ بایەخیی گیانی ئێمەش لەبەرامبەر هاوڵاتیییەکانی وڵاتەکەی خۆیدا نیشانەی نیشتیمانپەروەریی پاشایە بەڵام لە هیچ سەردەمێکدا نەبوە و نەبیستراوە  تڕ و تس قەدەغە بکرێ! بەڕاستی ئەمە ستەمێکی گەورەیە. دامنا ئەو یاسایەشی بەتەواوی بەسەر خەڵکدا سەپاند ، خۆ ناکرێ پاسەوان لە هەمو کون و کەلەبەر و ئاودەستێکی ئەم وڵاتەدا دابنێ؟)).

 

ئەوانەی کە بڕێک لە خەڵکەکە زیرەکتر بون کردیانە هاتوهاوار: کاکە خاڵی کردنەوەی با لە ڕیخۆڵەکان بۆ تەندروستی مرۆڤ باشە و هیچ شەرمێکیشی تێدا نیە ، ئەمانە دەڵێێ بونەتە بەرد و لە مرۆڤایەتی شۆراونەتەوە ئەگینا چۆن سەر دەنێن بە بن پانتۆڵ و شەرواڵی خەڵکەوە. بەخۆشیی و بەوپەڕی کەیفەوە سەریان بادەدا لەو شرۆڤە و  لێکدانەوە زانستییەی خۆیان و خۆیان بە ڕۆشنبیر دەزانی. وە دەیانگوت ئیدی پاشاش ناچارە تڕ بەرنەدا. زۆر نوکتەی سەیر سەیریان لەو بارەیەوە ساز کرد و بە خۆشییەوە بۆ یەکتریان دەگێڕاوە و دەنوسی. وەک ئەوەی کە گوایا پاشا ئەوەندە خۆی ڕاگرتوە و تڕی بەرنەداوە ، تەقیوە. یان: بۆ ئەوەی تڕ بەرنەدا پڵیتەی لە قونی خۆی پەستاوە.  یان ئەم پاشایە وەک سەگ بۆن دەکا و سەر دەنێ بە قونی خەڵکەوە و تاقییان دەکاتەوە. وە زۆر لەم نوکتانەیان بە نامە بۆ یەکتردەنوسی و دەگێڕایەوە و دەتریقانەوە. 

پاسەوانەکانی حکومەت بە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاو بونەوە تا یاساکە بەسەر خەڵکدا بچەسپێنن. جار جار لەپڕ بەسەر ئاودەستەکانیان دا دەدا و تڕکەنەکانیان دەسگیر دەکرد و دەیانبردن. بەڵام خەڵک بەدزییەوە لە تڕبەردانی خۆیان نەکەوتن و ئەو دەنگە بۆندارەی ڕیخۆڵەکانی خۆیان بە نیشاندانی ناڕەزایەتییەکی گەورە دەزانی دژ بە حکومەت و داخی خۆیان بەوشێوەیە بە حکومەت دەڕشت. دەچونە دەشت و بیابانەکان و تڕیان بەردەدا. لە کوچە و کۆڵانەکانی شاردا سەیرێکی ئەملاو ئەولای خۆیان دەکرد و شەق ، تڕێکیان بەردەدا. بە دزییەوە میوانداری یەکتریان دەکرد و نۆک و لۆبیایان دەخوارد و دەستە و گروپی تڕیان دروست کرد. 

بەم شێوەیە دوای ماوەیەک ، هیچ کەس ئاینیی بەزۆر داسەپاو و بەرگرتن بە خوێندن و بەکەم زانینی خەڵک و بردنی بوک لەشەوی یەکەم بۆ پاشا و زیاد کردنی سێ بەرابەری باج و سەرانەی لەبیر نەما و  هەموان هەوڵیان دەدا بەرگری لەو دواهەمین مافە ڕەوایە زەوتکراوەی خۆیان بکەن. 

 

لەم سەین و بەینەدا پاشا و وەزیرەکەی لە نێو کۆشک دا قاقا پێدەکەنین کە چەندە زیرەکانە توانییان ئەو خەڵکە لەنێوهاڵاوی تڕ و تسی خۆیاندا غەرق بکەن و فێرەتڕیان بکەن.  

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.