Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
بیست و چوار سەعات  … نەوزاد بەندى

بیست و چوار سەعات … نەوزاد بەندى

Closed
by January 25, 2014 چیرۆک

 

 

 

چومە ناو ئوتومبیلەکەم ، پێش  ئەوەى سلف بگێڕم ، بۆم دەرکەوت جزدانى بەرباخەڵەکەم لە چەکمەجەى مێزى دوکان، لە بیرچووە ..ویستم دابەزم و بڕۆمەوە بۆ دوکان ، بەڵام هەستێک پاڵى پێوە نام ، کە نەگەڕێمەوە ..چى ئەبێ ئەگەر چەند سەعاتێک بە بێ پارە بەسەر بەرم ..سەدان  و ڕەنگە هەزاران کەس هەبن بە ڕۆژ و هەفتەیش گیرفانەکانیان بەتاڵ بن ..دنیایش وێران نابێ و زەوى شەق نابێ ..زەنگى مۆبایلەکەم لێًى دا ، نوسینگەى وەزیر بو ، یەکسەر دایخستەوە ، بۆ ئەوەى من تەلەفۆنى بۆ بکەم ، چونکە من ئیشم بەوانە نەک ئەوان ئیشیان بە من بێ ..یەکسەر زەنگم بۆ کردن ، وەڵامى دایەوە و پەیوەندییەکەمان پچڕٍا ..نامەیەکم لە کۆمپانیاى مۆبایلەوە بۆ هات ، ئاگادارى کردمەوە کە باڵانسى حیسابەکەم دابەزیوە و ناتوانم لە گفتوگۆ بەردەوام بم ..لە نزیکترین فرۆشگا ، ( کارتێکى مۆبایلم بەرێ .. ) 

( پێنجى یان دەیى ؟؟ )

بیرم کەوتەوە جزدانى پارەم لە یاد چووە و پارەم پێ نییە ، ( ئا .. ببوورە .. ببوورە .. ) بە کەمێ شەرمەزارییەوە چوومە دەرەوە ، فرۆشیارەکە هەستى بە دەستم کرد کە بەدواى شتێکدا ئەگەڕا لە  گیرفانەکانما و .. تێگەیشت کە ڕەنگە جزدانم لە بیر چووبێ ، بە دوامدا هات و ..وتى : ( وەرە ..وەرە .. کاکە گیان ! خۆ سەرى دنیا بە پوش نەگیراوە ..وەرە ..کارتەکە ببە و دوایى پارەکەى بێنە ..ئەزانم ، جزدانت ون کردووە .. )

( نا .. نا .. گیانەکەم ..سوپاس ..تۆزێکى تر دێمەوە ..)

لە ژیانمدا نەمتوانیوە لە هەڵوێستێکى وادا ، خۆم ببوورم و شتێکى لەو جۆرە قبوڵ بکەم ، هەرچەند کابراى فرۆشگە وتى : ( وەرە ..برا .. ئەمڕۆ جزدانى تۆ ئەدزن ، سبەینێ هى ئێمە ئەدزن .. خۆ شارەکە جۆرەها باندى دز و درۆزنى تێ ڕژاوە … )

نەمتوانى لەوە  زیاتر کات بەفیڕۆ بدەم ، سەرنجم دا لەوبەرى شەقامەکەدا فەرهاد سێ بەچوارم بینى ..بەخوا ڕێکەوتێکى باش بوو ، ئێستا مۆبایلەکەى لێ وەرئەگرم و مەسەلەى نوسینگەى وەزیر ئەبڕێنمەوە ..فەرهاد سێ بەچوار تۆزێک حەزى لە  گەورەکردنى قسە و دیاردەکان بوو ، بۆ نمونە لەبەردەم سەمونخانەیەک ئەتبینى ، دواى دوو ڕۆژ ئەیوت : بە ڕاى تۆ ئەوو ڕۆژە چەند سەمونم کڕى ؟ .. ناچارى ئەکردی پێى بڵێَى : چەند ؟ ئەیوت : دووسەد سەمون …هەر وازى نەئەهێنا ، ئەیپرسى : ئەزانى بۆ ؟ ناچارى ئەکردیت بپرسى : بۆ  ؟ ئەیوت : چل و پێنج میوانم هەبوو ..

جارێکیان وتمان حاجیەکان بەرماڵى دوو نەفەرییان هێناوەتەوە ..ئەو لچێکى هەڵقورچاند و ..وتى : بەرماڵەکەى ماڵەوەم چەند بە چەند بێ ؟ ..وتمان : چەند بە چەند ؟ وتى : سێ بە چوار ..

لەو ڕۆژەوە بوو بە فەرهاد سێ بە چوار ..

کە فەرهاد سێ بە چوارم بینى ، ئاهێکم پیا هاتەوە ، هاوارم لێکرد ، ڕاوەستا .. ئاوڕى دایەوە ، وتى : ماڵت ئاوا بێ ! وامئەزانى لە وەکالەتى موخابەراتى ناوەندى ئەمەریکاوە ئیعازم پێدراوە ..

وتم : ئەو مۆبایلەتم بەرێ … وتى : کامەیان ؟ ئایفۆنەکە یان گالاکسییەکە ؟ سۆنى ئەرێکسۆنەکە یان گڕلاکسى نۆتەکە ؟ ئەتەوێ بە خەتى ئاسیا قسە بکەى یان کۆڕەک یان زەین یان عێراقونا ؟

وتم : بە ئارەزووى خۆت ..

لە ڕێگا ، زەنگێکم بۆ هات ، کوڕە بچکۆلەکەم بوو ، 

( بابە ..دەفتەرێکى ڕەسم و دەستەیەک ماجیک ..)

( بەسەر چاو .. )

لەبەردەم نزیکترین پەڕاوگەدا ، ئوتومبیلەکەم پارک کرد ..کە فرۆشیارەکە دەفتەرى وێنەکێشان و ماجیکى بۆ پێچامەوە ، جا بیرم کەوتەوە کە موفلیسم ..ئەوسا بە دواى بەهانەیەکا گەڕام بۆ ئەوەى شتەکانى لێ نەکڕم ..

( ئەم دەفتەرى ڕەسمە لەوە ئەچێ لاپەڕەکانى باش نەبن .. ) 

( باشترین جۆرێتى ..ئەشیاکانى ئێمە هەمووى مارکەن )

( بڕوا ناکەم .. ! )

( ئارەزووى خۆتە ) فرۆشیار ڕووى گرژ کرد ( بە زۆر پێت نافرۆشم .. )

( ببوورە .. ) 

بە پەنجە گەورەم چەناگەم خوراند و بە جوڵەیەکى میکانیکیى چومە دەرەوە ..

کوڕە ناوەنجییەکەم قەت داواى هیچى لێ نەکردووم ..هیوادار بووم ڕۆژێکیان داواى شتێکم لێ بکات و بۆى جێ بە جێ بکەم ، لە دوا ترافیک لایتا ، زەنگێکم بۆ هات ، تەماشا ئەکەم کوڕە ناوەنجییەکەمە ..

( بابە )

( بەڵێ )

( زۆر حەزم لە پیتزایەکە لەگەڵ کۆکا کۆلایەکى سعودى ..)

( باش ) 

گەڕامەوە بۆ ناوەندى شار .. پیتزایەکى بەناوبانگ هەبوو ، خەڵکێکى زۆرى تێ وروکا بوو .. چەند سەیرە ئەو خەڵکە خواردنى دەرەوە بە پێشکەوتن و ڕۆشنبیریى ئەزانن.. ڕۆژى دواتر لەسەر کار ، باس لە ڕیستۆرانتێک ئەکەن کە نەفەرێک بە بیست دۆلار نان ئەخوات و بوفیەکەى کراوەیە .. ئینجا بە شانازییەوە ئەڵێ : تەبعەن ، براتان تەنها گۆشتى بە ڕووتى خواردووە .،تەنها گۆشت .. ئاخر تاوان نییە لە بوفیەى کراوەدا خۆت بە برنج و قۆڕیاتەوە سەرقاڵ بکەى ؟

ڕوخساریان سوور هەڵگەڕاوە و .. چەوریى خوێنیان بەرز ئەبێتەوە ..ئیتر کلینیک و قاوشەکانى بوژانەوەى دڵ پڕ ئەبن لەو مرۆڤە پێشکەوتووانە ..لەو مرۆڤە ڕۆشنبیرانە ..

( مامۆستا چۆن خزمەتت کەم ؟ ) شاگردێکى پیتزاکە لەبەردەمما ڕاوەستا بوو ..

( نا .. هیچم ناوێ ..) بیرم کەوتەوە جزدانم لە بیر چووە ( تەنها ڕۆژنامەنووسێکم و ئەمەوێ ڕاپۆرتێک ئامادە کەم ..سەبارەت .. سەبارەت .. )

شاگردەکە بە پڕتاو ڕایکرد بۆ لاى وەستاکانى ..بە چرپە هەندێک قسەى لەگەڵدا کردن و ئاماژەى بۆ من کرد .. چەند وەستایەکى پیتزا بەرەو ڕووم هاتن ..یەکێکیان دەم بە خەندە بوو ..ئەوەى تریان ڕووى گرژ بوو ..سێیەمیان زۆر ئاسایى بوو ..

( کاکە گیان ..ئێرە جێگاى ڕاپۆرت  و ماپۆرت نییە ) وەستا ڕووگرژەکە واى وت ..

( ئەگەر پرسیارێک یان ڕوونکردنەوەیەکت ئەوێ ، ئامادەین یارمەتیت بدەین ، لە خۆتەوە ڕمڵ لێ مەدە .. ) وەستا زۆر ئاساییەکە واى وت ..

( ئەم پیتزایەى ئێمە وەکو جگەرە وایە ، یەک پارووى بخۆى ، ئاڵوودەى ئەبى …وەرە یەک پارووى لێ بخۆ ..) وەستا دەم بە خەندەکە واى وت ..

( پیتزاى ئێمە ستاندەرە .. مواسەفاتى ئیتاڵیە و .،هەموویشمان سنورداشى ئیتاڵیاین ) وەستا زۆر ئاساییەکە واى وت ..

( ئێمە ڕۆژنامە تەنها بۆ نانخواردن بەکاردێنین ، چونکە سفرەى نایلۆن باش نیە ) وەستا ڕوو گرژەکە واى وت ..

(  لە ماڵەوە چەند کەسن ، با ئەوەندە پیتزات بۆ بپێچینەوە تەنها بۆ تەجروبە .. ) وەستا دەم بە پێکەنینەکە واى وت ..

( ئەگەر پارەت پێ نییە ، تێرت ئەکەین ، واز لە فێڵى ڕۆژنامە و شتى زل بێنە .. ) وەستا زۆر ئاساییەکە واى وت ..

کە لە فرۆشگاى پیتزا چوومە دەرەوە ، مۆبایلەکەم ئۆف کرد .. بۆ ئەوەى  ئیتر پێشوازى لە هیچ پەیوەندییەک نەکەم .. چونکە مرۆڤ بە بێ جزدانەى بەر باخەڵ ، بەکارى هیچ شتێک نایەت ، خۆ ئەگەر هەوڵیش بدات ئەرکێک جێ بە جێ بکات ، ئەبێتە گاڵتەجاڕ ..ئەبێ چەند کەس لەم شارەدا بەردەوام جزدانەکانیان بەتاڵ بێ ، بە جۆرێ نەتوانن بچوکترین پێداویستى مناڵەکانیان جێ بە جێ بکەن ..چەند بن ئەوانەى کە بە ئاخ و داخەوە بە بەردەم دوکانى پیتزا و پەڕاوگەکاندا ڕەت ئەبن و مۆبایلەکانیان ئۆف ئەکەن .. ناتوانن ماجیک و دەفتەرى ڕەسم و پیتزا ببەنەوە بۆ ماڵەوە ، لە دەرگا دەدات ، مناڵەکان نایەن بە پیریەوە .. ئەزانن هیچ شتێکى بۆ نەکڕیون .. ڕوخسارێکى سارد و سڕ و مردوو ئەبینن ، کە هەموو نیشانەکانى پەشیمانی لە ڕوخساریدا هەڵکۆڵراون ..ئەکرێ بوترێ مرۆڤ بە بێ جزدانەى بەر باخەڵ ، ناتوانێ وەک پێویست لە دەرگاکان بدات .. لە دەرگاکانیش بدات ، پەشیمانیى یەخەى ئەگرێ ..مۆبایلەکەیشى وەک چەکوشێ وایە ، بەردەوام سەرى ئەکوتێتەوە ، لەگەڵ هەر  زەنگێکدا ، ئەم لایەکى وشک ئەبێ ..

                   ( باشە .. بۆچى پەیکەرێ بۆ جزدانەى بەر باخەڵ دروست ناکەن ؟ بۆ ئەوەى حوکمەت بیبینێ ..وەزیرەکان .. پەرلەمانتارەکان .. دەوڵەمەندەکان و ..دەست ڕۆیشتووەکان ، بیبینن ..ئەوانەى کە بە ماوەیەکى کورت ، باڵەخانە و تاوەر و ساختمان و ڤیللا دروست ئەکەن ..پێویستە هەموو ئەو کەسە ڕۆشنبیر و پێشکەوتووانە ئەو پەیکەرە ببینن ، ئەوانەى بەردەوام لە چێشتخانەى پێنج ئەستێرە خەریکى بوفیەى کراوەن ..ئەوانەى کە تەنها گۆشت ئەخۆن .. کە پێیان جۆرێکە لە جۆرەکانى کەرێتیى ، ئەگەر بێجگە لە گۆشت ، شتێکى تر بخۆن ..ئەوانەى کە بەردەوام داد و بێ دادیانە لە بەرز بوونەوەى ڕێژەى هیمۆگڵۆبین لەناو خڕۆکە سوورەکانیاندا .. پێویستە هەموو ئەوانەى کە کەل و پەل و ئوتومبیلى مارکە ئەکڕن ، ئەو پەیکەرە ببینن .. بۆ ئەوەى بۆیان دەربکەوێ  ، کە جزدانى بەرباخەڵ ئەوانى کردووە بەو کەسە .. ئەگەر لێیان ون بێ ..یان لێیان بدزرێ ..یاخود لێیان بسەنرێتەوە ، ئەبێ توشى چ نەهامەتییەک بن .. )

( پێویستە ماددەیەکى تازە بخرێتە ناو دەستوورەوە ، بە پێى ئەو ماددەیە ، هەموو مانگێک ، بیست و چوار سەعات ، جزدان لە  سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و پەرلەمانتاران و پیاو ماقوڵان و ڕۆشنبیرە گۆشتخۆرەکان بسەنرێتەوە .. بۆ ئەوەى بزانن لەو وڵاتەدا ، سەدان و هەزاران کەس هەن هێشتا نەگەیشتونەتە قۆناغى هەڵگرتنى جزدان .. هێشتا جزدانەیان نییە ..چەندن ئەو مناڵانەى کە هێشتا پیتزایان نەخواردووە ..چەندن ئەو مناڵانەى هێشتا نەبوونەتە خاوەنى ماجیکى ڕەنگاو ڕەنگ ..)

( باوکە … ئەوە بۆ ئەگریت ؟؟ )

 گەیشتبوومە ماڵەوە ..

( هیچ نییە ..مێشوولەیەک خۆى کرد بە چاوما .. )

ئیتر پێکەنینێکى دەسکردم نیشان دان ، کە لە هەموو شتێک ئەچوو ، لە پێکەنین نەبێ …

 

 

Previous
Next