کوردستان و نیشتمان لە شیعرەکانی لەتیف هەڵمەت دا .. بۆ منداڵان
نیشتمان پیرۆزترین و خۆشترین شوێنە ، هیچ شتێک نییە لە نیشتمان شیرینتر بێت ، هیچ سۆز خۆشەویستییەک نییە بگاتە خۆشەویستیی نیشتمان ، نیشتمان تێکەڵی خوێن و هەست و سۆز و بیر و هۆشمان بووە ، تایبەترین شوێنی لە دڵماندا هەیە .. نیشتمان ناسنامەمانە ، ئابڕوومانە ، شانازیمانە ، ژیانمانە ، بەبێ نیشتمانمان ژیانمان مەحاڵە .. نیشتمانیش تەنها ناوێک نییە کە لەسەر زارمان بێت ، نیشتمان خاکە ، دار و دەون و گوڵزارە ، بەردە و خۆڵە ، ئاو و هەوایە ، دەشت و دۆڵ و گرد و چیایە ، ماڵ و گوند و شارە ، خزم و کەس و کارە ، … هتد .
راستە خوینمان ، گیانمان ، ژیانمان ، بەنرخن ، بەڵام لەمانە زۆر بەنرختر و شیرینتر نیشتمانە .. گەورەترین و نەمرترین بەرخودانیش ، خۆبەختکردنە لە پێناوی نیشتماندا .
بایرۆن دەڵێت : ” ئەوەی نیشتمانی خۆش نەوێت ، هیچی خۆش ناوێت ”
ئۆلیڤەر وندل هۆڵمز دەڵێت : ” نیشتمان ئەو شوێنەیە کە خۆشمان دەوێت ، ئەو شوێنەیە دەشێ پێیەکانمان بە جێی بهێڵن ، بەڵام دڵمان هەر لایەتی .. ”
مستەفا کامیل دەڵێت : ” نیشتمان پەروەری هەستێکە ، تا ئازارەکانی نیشتمان گەورەتر بن و ، نەهامەتییەکانی زیاتر بن ، ئەویش زیاتر کوڵ دەسێنێت .. ”
بومارشە دەڵێت : ” جوانە مرۆڤ لە پێناوی نیشتمانەکەیدا بمرێت ، بەڵام لەوە جوانتر ئەوەیە کە لە پێناوی ئەم نیشتمانەدا بژێت .. ”
دانێل ویستەر دەڵێت : ” دەبا ئامانجی هەموومان هەر نیشتمان بێت ، لەنیشتمان زیاتر هیچی تر نەبێت ”
لەتیف هەڵمەت یش دەڵێت :
” ئەگەر نەخشەی هەموو جیهان تێکدەنەوە
ئەگەر زەوی وەک لۆکە شیکەنەوە
کە سنووریان کێشایەوە دووبارە
هەر دێمەوە بۆ ئەم شارە
هەر کوردستان دەکەمەوە بە نیشتمان “
بێگومان سۆز و خرۆش و خۆشەویستی بۆ کوردستانی پیرۆزمان ، کە نیشتمانی شیرینانە ، پانتاییەکی زۆری لە شیعرەکانی شاعیرانی کورد و کوردستان پەروەرمان گرتۆتەوە .. ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو ستەم و ناڕەوایی و دڕندەییەیە کە داگیرکەرانی کوردستان لە گەلی کوردمانی دەکەن .. چونکە شیعر چەکێکی بەهێزە بۆ بەرگری کردن و ، بۆ هاندانی رۆڵەکانی گەلەکەمان بۆ خەبات کردن و راپەڕین و شۆڕشکردن ، بۆ داواکردنی ئازادی و ، بۆ رزگارکردنی کوردستان لە داگیرکەران .
ئەو شاعیرانەشمان کە بواری نووسینی شیعریان بۆ منداڵان هەڵبژاردووە .. بڕوایان بەوە هەیە ، کە کوریلەکانمان بەشێکن لە ئەمڕۆ و هەموو داهاتووشن .. گۆش کردن و پەروەردەکردنیان بە سۆز و خۆشەویستی بۆ کورد و کوردستان ، بە ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی دەزانن .. شیعری منداڵانیش بەشێکە لە شیعر ، بەڵام تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویستی بە کۆمەڵێک بنەما و مەرجی سەرکەوتن هەیە .. بەر لە هەموو شتێ پێویستە شاعیری منداڵان ، ئەوە بزانێت کە شیعرەکانی بۆ منداڵان دەنووسێت .. مەرجێکی پێویستیشە کە نابێت لایەنی نیشتمان پەروەری و سۆزی نەتەوەیی و ، دڵسۆزی و ئینتیمابوون بۆ کوردستان فەرامۆش بکات .. شاعیرانی منداڵان گەر لە ئاستی خواست و ئارەزووەکان و ، زمانی شیرینی منداڵاندا نەبن .. ناتوانن لە جیهانی وەنەوشەیی سەیر و سەمەرە و ، لە هیوا و لە خەونە سەوزەکانی منداڵان بگەن . شاعیر هونەرمەندە و ، شیعریش هۆنەرە و ، منداڵانیش هونەرخوازن .. شیعری سەرکەوتووی نیشتمانی کاریگەری و ڕەنگدانەوەیەکی باشی لەسەر ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵانی گەلەکەمان دەبێت .. لە رێی ئەوشیعرە مەبەستدارە نیشتمانییانەوە ، سۆز و خۆشەویستی و ئینتیمابوون بۆ کورد و کوردستان لە دڵە قنجەکانی منداڵانی کوردمان شیرین دەکەن و دەڕوێنن .
لە شیعری شاعیرانی کورد دا ، نیشتمان و کوردستان دوو وشەی هاوتا و هاومەبەستن .. دەڵێین : نیشتمانی ئێمە کوردستانە .. یا .. کوردستان نیشتیمانی ئێمەیە .
یەکێک لەو کەڵە شاعیرە کوردانەمان ، کە شوێن پەنجەی دیارە و وەرچەرخانێکی گەورەی لە شیعر و چیرۆکی منداڵانی کورد دا کرد و ، ریچکەی شکاند و خاوەنی رێبازێکی تازەیە ، ئەویش شاعیری نوێخوازی گەلەکەمان کاک ( لەتیف هەڵمەت ) ه ، من هەڵمەت بە رابەری شۆڕشێکی نوێ لە ئەدەبی منداڵانی کورد دا دەزانم .. هەڵمەت شاعیرێکی کورد و کوردستان پەروەری ناسراوە .. خۆشەویستی و پەرۆش و پێشبینی و گەشبینیی بۆ داهاتوویەکی شیاوتر و ڕووناکتر بۆ کوردستان .. بەسەرکردنەوەی مێژووی پڕ لە خەبات و سەروەریی گەلەکەمان .. بوونەتە ئیلهام و هەوێنی زۆربەی شیعرەکانی بۆ گەورە بۆ منداڵا ن .
لەتیف هەڵمەت شاعیرێکی هەست ناسک و ، شیرین زمان و ، راستگۆ و ، بلێمەت و شارەزای پەروەردە و رێنمایی و ئاراستە کردنی بواری ئەدەبی منداڵانە .. هەموو ئەو شیعرانەی کە بۆ منداڵانی نووسیوون ، بە شێوەیەکی زۆر ساکار و سادە دایڕشتوون ، وشەکانیان ناسک ئاسانن ، رستەکانیان سووک و کورت و شیرین و رەوانن ، كێش و سەرواکانیان ئاوازدارن ، بێ گرێ و گۆڵن .. پڕ بە زمان و خواستی منداڵانن .. بۆیە کراون بە سروود و گۆرانی و ، بوونەتە ویردی سەر زمانی منداڵانی کوردمان .
لەتیف هەڵمەت لە ڕێی شیعر و چیرۆکەکانییەوە ، بە تایبەتیش شیعرە نیشتمانییەکانی بۆ منداڵان .. دەیەوێت سۆز و خۆشەویستی بۆ کوردستان بخاتە دڵی کوردیلەکانمانەوە .. لە ناخی دڵییەوە گوزارشت لە کوردستانپەروەریی خۆی دەکات و ، دەیەوێت ئەوەی لە ناخیدایە ، بیانخاتە ناخی منداڵانی کوردەوە ، ئەو پێیان دەڵێت ، کە کوردستان پيرۆزترین و جوانترین و خۆشترین شوێنە لە جیهاندا .. تێکۆشان وداکۆکی کردن و خۆبەختکردن لە پێناوی رزگارکردنی کوردستانی نیشتمانمان لە داگیرکەرانی دڕندە ، ئەرکێکی پێویست و پیرۆزە .. ئەم جۆرە پەروەردە و ئاراستەکردنە مەبەستدارە ، کاریگەری ورەنگدانەوەیەکی باشی لە ئەمڕۆ و لە داهاتووی منداڵانی کوردمان دەبێت .. لە داهاتوودا تاکی بڕوادار و دروستیان لێ دروست دەدبێت و ، ئینتیمایەکی بەهێزشیان بۆ کوردستان دەبێت و ، دەبنە کۆڵەکەی کۆمەڵگایەکی بەختەوەری کوردی .
شیعر و چیرۆکەکانی لەتیف هەڵمەت بۆ منداڵان ، شایانی ئەوەن کە لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر بکرێت و ، چەندین نامەی ماستەر و دکتۆرایان لێ وەربگیرێت .
لەتیف هەڵمەت تا ئێستا دوانزە کتێبی چیرۆک و شیعری بۆ منداڵان چاپکردوون .. کە ئەمانەن ( جوانترین دێ ـ دەنگخۆشترین مەل ـ هێلانەیەکی تر ـ کاتژمێر ـ گوڵی ناو ئینجانەکە ـ چۆلەکەی سەر دارەکە ـ گوێدرێژ و پاشا ـ مناڵ و باران ـ مناڵ و بووکە شووشە ـ مناڵ و چۆلەکە ـ پرسیار لە منداڵ ) .. زۆریەی شیعر و چیرۆکەکانی بۆ منداڵان ، لە دوو بەرگدا بە ناوی ( دیوانی منداڵان ـ بەرگی یەکەم ) و ( دیوانی منداڵان ـ بەرگی دووەم ) کۆکردنوونەتەوە .
لەتیف هەڵمەت ، لە زیاتر لە ( ٧٥ ) شیعریدا بۆ منداڵان ، ناوی کوردستان و نیشتمانی هێناوە .. کە هەموویان دەچنە خانەی ( شیعری نیشتمانی کوردی بۆ منداڵان ) .
ئێمە تەنها بۆ ئاماژەکردن ، چەند نموونەیەک لەو شیعرانەی هەڵمەت دەخەینەڕوو ، کە ناوی کوردستان و نیشتمانیان تێدایە .. حەزیش دەکەین خوێنەرانی دڵسۆزمان ، ئەوە بزانن ، ئێمە لە زۆربەی ئەو شیعرانەی وەرمان گرتوون ، دوو یا سێ یا چوار دێڕ یا زیاترمان لێ وەرگرتوون .. ئەگەر ئارەزووی خوێندنەوەی تەواوی شیعرەکانی لەتیف هەڵمەت بۆ منداڵانتان دەکەن .. دەتوانن ئەو دوانزە کتێبەی سەرەوە یا هەردوو بەرگی کتێبی ( دیوانی منداڵان ) بخوێننەوە . بۆ زانین ، لە نێوان دوو کەوانەدا ، لە کۆتاییدا نموونەکاندا ، ناوی ئەو کتێبانەمان هێناوە کە ئەم نموونانەمان لێوە وەرگرتوون :
(*) نووسین :
دەنووســـم لەسەر ئــــــاوێنە
نیشتــــــــمانمە ئەم شــــوێنە
دەنووسم لەسەر گوڵی جوان
خۆشــــــم دەوێ نیشتـــــمان
دەنووســم لەسەر بــــەرانان
جوانترین شوێنە کوردسـتان
( چۆلەکەی سەر دارەکە )
(*) نیشتمان :
وەک چون باڵدار
لانەی هەیە لەسەر دار
وەک چۆن پەپوولەی جوان جوان
لانە دەکەن لە ناو گوڵان
وەک چۆن مانگی تابان
ماڵی هەیە لە ئاسمان
وەکو چۆن ماسی و حەزیا
ماڵیان هەیە لە ناو دەریا
منیش نیشتمانم هەیە نیشتمان نیشتمانم کوردستانە کوردستان
( چۆلەکەی سەر دارەکە )
(*) ناونیشانی مناڵانی کوردستان :
ئێمە مناڵانی کوردستانین
کوردستان وڵاتێکە زۆر جوان
ئەی مناڵانی جیهان
هاوڕێیانی میهرەبان
گەر نامەتان نارد بۆمان
هەر بنووسن کوردستان
ئیتر دەگاتە دەستمان
( گوڵی ناو ئینجانەکە )
(*) کوردستان :
پیرەمێردی
چووە قوتابخانەی گوندێ
لە حەوشەکەدا راوەستا
دەوریان لێدا مامۆستا
ها خاڵە گیان
چیت گەرەکە ها خاڵە گیان
پیرەمێردی بەستەزمان
کە لاواز بوو وەک گۆچان
وتی توخوا مامۆستا گیان
فێرم ناکەی چۆن بنووسم کوردستان
( مناڵ و بووکە شووشە )
(*) جوانترین نیشتمان :
شالا وێنەی ئاڵایەکی دروست کرد
وتی لەسەر لوتکەکاندا
ببە بە هێمای بەرزی کورد
ئەژین وێنەی کوردستانی نەخشان
وتی بۆ خۆت پێبکەنە
ئەی جوانترین نیشتمان
( گوڵی ناو ئینجانەکە )
(*) دەنگ :
دەنووسم لەسەر دیوار
لەسەر گوڵ و گەڵای دار
لەسەر دەرگای ماڵمان
بژی ئازادی کوردستان
( کاتژمێر )
(*) پۆستی کوردستان :
ئەی پۆستەچی
ئەی پۆستەچی
لە کوێوە دێی بۆ کوێ دەچی
بۆچی نامەی براکەمم
بۆ ناهێنی لە قامیشلی ..؟
ئەی پۆستەچی ئەی پۆستەچی
تکایە بۆ کوێ دەچی
هاوار …. فریاد
بۆچی نامەکەم نابەی
بۆ خوشکەکەم لە مهاباد …؟
ئەی پۆستەچی … ئەی پۆستەچی
هاوارە بۆ کوێ دەچی
چەند ساڵی تر
نامەکەی من دەگەیەنی
بە مامم لە دیاربەکر .. ؟
هاوارە پۆستەچی
بۆ ئەوەندە دڵڕەقی
نامەی منداڵێکی بچووک
نابەی بۆ باوکی لە کەرکووک ..؟
( چۆلەکەی سەر دارەکە )
(*) تۆپەکەم :
من مناڵێکی بەهێزم
تۆپی خۆم دەپارێزم
گەورەش بووم پاسەوانم
بۆ گەل و نیشتمانم
( دەنگخۆشترین مەل )
(*) بەردە قارەمان :
منم بەردە قارەمان
شانازیم بۆ کوردستان
بەردێکی گەورە و دیارم
لە مێژوودا ناودارم
شێخ مەحمودی پاڵەوان
گەورە پیاوی نیشتمان
لە دەوروبەری مندا
وەستا لە رووی دوژمندا
دەنگیم هەر لە گوێ دایە
دەیگوت ناپاک نەبوایە
چیای بازیان سەر تا خوار
دەبوو بە گۆڕی زۆردار
هەرچی کەسێ ناپاکی
بکات لەگەڵ گەل و خاکی
لە ئابڕوو بێ بەشە
لە مێژوودا روو رەشە
منم بەردە قارەمان
شانازیم بۆ کوردستان
( هێلانەیەکی تر )
(*) راپەڕین :
شانازیە بۆ گشتمان
بۆ هەموو چەوساوەی جیهان
لە راپەڕیندا مناڵان
مناڵانی کوردستان
لە رووی دوژمندا وەستان
تانگ و زریپۆشیان شکان
بژی مناڵانی کوردستان
لەشکری دوژمنیان تۆقان
( چۆلەکەی سەر دارەکە )
(*) گیـــان :
نیشتمان
دەمانداتێ خۆشی و نان
دەمانداتێ زنج و خانوو
لە ناویاندا دەدەین پشوو
دەمانداتێ هەتاوی جوان
ئەستێرەی گەش و ئاسمان
ئێمەش گیانمان
دەبەخشینە کوردستان
( مناڵ و بووکە شووشە )
(*) گـوڵ :
ئەی باران
ئەی باران
گوڵی جوان
ببەخشە بە خاکی نیشتمان
گوڵی سوور .. وەک خۆری بەرە بەیان
گوڵی گەش وەک خەندەی مناڵان
گوڵی جوان ببەخشە گوڵی جوان
بە گڵکۆی شەهیدان
ئەی باران ئەی باران
( گوڵی ناو ئینجانەکە )