شانۆگەرییەکى یەک پەردە …. نەوزاد بەندی
( )
شانۆگەرییەکى یەک پەردە بوو ..
لە پێنج خولەکى سەرەتادا ،
پاڵەوانەکە کوژرا ..
بەهارێکى یەک چرکە بوو ،
لەگەڵ ئاگرى نەورۆزا ،
دەشت و دەر زەرد هەڵگەڕا ..
( ئیتر من و تۆ لێک ون بووین ..
وەک دوو زەنگیانە ..)
* * *
شیعر خرایە سجنەوە ..
بە کەلەپچەوە و سندمەوە ،
ڕەوانەى چاپخانە کرا ..
دەرکەوت وشە تیرۆریستە ،
بە بڕیارێکى سەرپێیى ،
پیت – پیت ، لە سێدارە درا ..
* * *
جەهل بڕوانامەى دکتۆراى پێ بەخشرا ،
بە پلەى ئەوپەڕى نایاب ..
( ئیتر زانکۆ ،
کێچ و ڕشک و ئەسپێ تێى دا )
* * *
ئەى دڵ ،
لە نیوەى ڕێ ڕانەوەستی ،
حەیام نەبەى ..
ئەى هەناسە ،
لە ناوەڕاستى شیعرێکا ،
کورت نەهێنى ،
حەیام نەبەى ..
* * *
هەتاکو زەوى وەستا بێ ،
لەسەر کورسى دانانیشم ..
چایخانەیەک شاعیران دیژى تیا هەڵدەن ،
چای تیا نەخۆم ..
دەستەى نوسەران ناناسم
سەرنووسەر ڕەفیقم نیە
بەڕێوبەرى نوسینیش ماڵمان نازانێ ..
( ئەوانە چ پەیوەندیەکیان ،
بە ڕێکەوت و
بە لێکەوت و
بە جێکەوتى ،
من و هۆنراوەوە هەیە ؟؟ )
* * *
هیچ دیکتاتۆرێکى مێژوو،
ئەوەندەى سەرنووسەرەکان ،
شیعرى منیان نەکوشتووە ..
( من بێ باکم ..
خۆ شیعر موڵکى من نیە ..
موڵکى گەلێکە کە دەستى ،
لە شیعر و ئەدەب شوشتووە )
* * *
ناوبانگ و
مەدالیا و
چاپ و
داهات و
پارە و
ڕێزلێنان ..بۆ خۆتان
نۆشى گیانتان بێ ..
(من بەر و بوومى هۆنراوەم لا حەرامە )