داواکاریى … نەوزاد بەندى
Closed
خودایە ..
منداڵمکەرەوە ،
ئەمەوێ داواى لێبوردن لەو چۆلەکانە بکەم ،
کە زامدارم کردن ..
ئەمەوێ ئەو دارلاستیکانە بپچڕێنم …
ئەو قۆچەقانیانە ، بسووتێنم ،
کە فێرى بەرد هاویشتنیان کردم ..
ئەمەوێ داواى لێبوردن لە بەرد بکەم ،
کە لە خەوم هەڵئەستاند و
ئەمگرتە سەر سنگى ڕیشۆڵە غەریبەکان ..
ئەمەوێ داواى لێبوردن لە پەنجەرەکانى مەکتەب بکەم ،
کە لە داخى مامۆستایەکى دار بە دەست ،
ئەمانکردن بە خۆڵ ..
خودایە منداڵمکەرەوە ..
ئەمەوێ داواى لێبوردن لەو زەردەواڵانە بکەم،
کە ئەمکوشتن بۆ ئەوەى لە بەهەشتا ،
خورمایەکم دەستکەوێ ..
ئەمەوێ داواى لێبوردن لەو درەختانە بکەم ،
کە گەڵا و ..
کە گوڵ و ..
کە بەر و
کە چڵ و ..
کە لقیان زامدار بوون بە دەستم ..
ئەمەوێ بگاتە کۆڵانى مناڵیم ،
شنەیەک ..
دێراوێ ..
لە دەریاى هەڵبەستم ..