Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
هه‌راسانی …  محه‌مه‌دی مشیر

هه‌راسانی … محه‌مه‌دی مشیر

Closed
by January 29, 2014 ئەدەب

 

 

 

هه‌راسانی كردووم ، هه‌راسانی

به‌ر  تاویش  سێبه‌رم  پێنابه‌خشێ‌

ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ سێبه‌ردا ده‌ڕۆن و له‌ تاو ده‌ترسن 

بۆ رۆشنایی سێبه‌ره‌كانمان ده‌دزن!

له‌ رۆشناییدا سێبه‌رو 

له‌ سێبه‌ریشدا رۆشنایمان مه‌دزن!

ئه‌وانه‌ی له‌ درزی سێبه‌ردا ته‌ونی هه‌راسانیمان بۆ ده‌هۆننه‌وه‌ زۆرن  زۆر!

ئه‌وانه‌ش له‌ درزی رۆشناییدا به‌سێبه‌ر دامان ده‌پۆشن زۆرن زۆر! 

ئاخ ئه‌ی هه‌راسانی 

تۆ ده‌زانی له‌ گه‌رمای تاوستانیش رقم له‌و جۆره‌ سێبه‌ره‌ ده‌بێته‌وه‌

تۆ ده‌زانی له‌ تاریكترین سه‌رده‌میشدا حه‌ز ناكه‌م 

ته‌نكه‌ سێبه‌رێكی له‌و چه‌شنه‌ ناخم داپۆشێ‌ 

ئاخ .. ئه‌تۆ ده‌زانی په‌پووله‌كانیش

 له‌ عه‌شقی رووناكی خۆردا به‌ وشك كراوه‌یی

 به‌ سینه‌ی تاریكی یاخه‌ی سێبه‌رێكدا هه‌ڵواسران

ئاخ ئه‌ی هه‌راسانی

یه‌كێ‌ له‌ سێبه‌ردا رۆشنایم ده‌دزێ‌ و

یه‌كێكیش له‌ رۆشناییدا سێبه‌رم 

من له‌و هه‌موو دزه‌، له‌و دزه‌ زڕئاوه‌زانه‌ چۆن رزگاربم

له‌ سه‌رده‌می نه‌مانی سنووری نێوان تاریكی و رووناكیدا 

هانا بۆ كام سنوور به‌رم

ئاخ ئه‌ی هه‌راسانی

ده‌ڵێن شاخێك  ژانی گرت مشكێك له‌ دایكبوو

مشكێك هه‌موو رووناكی شاخ و ئێستای ژیانی داگیركرد

داگیركه‌رێك له‌دامێنی شاخ له‌دایكبوو

سنووری نێوان تاریكی و رووناكی سڕیه‌وه‌

هیچ سه‌یر نییه‌ ئه‌مڕۆ مشكێك به‌ شاخ سكپڕبێت

كاتی ئێواره‌ی عاشقان و خواردنه‌وه‌ی شه‌راب به‌سه‌رچوو

سه‌رده‌می شاخێكی مشكاوییه‌

شاخاوییه‌كانیش له‌ مشك بێزاربوون

بێزاری نه‌وه‌یه‌كی دوور له‌ شاخ و شه‌رابی مه‌ستانه‌ به‌رهه‌م دێنێ‌

باران ، به‌فر له‌ هه‌ناوی ئاسمانی عاشقانه‌وه‌ به‌ر له‌مشك

به‌ر سینه‌ی شاخ ده‌كه‌ون

كه‌چی له‌م ناوچه‌ پڕشاخه‌ی مندا

مشكه‌كان به‌رسكی هه‌وره‌كان، به‌ر بارینی به‌فره‌كان

به‌ر به‌ دڵۆپه‌و ره‌هێڵه‌ی بارانه‌كانی دامێن پاكی و

 ئێوارانی شه‌راب ده‌گرن!!

له‌ سێبه‌ردا راوی رووناكیمان ده‌كه‌ن و

له‌ رووناكیشدا سێبه‌رمان!!

 

 

 نۆڤێمبه‌ری 2008

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.