Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
ئاوازه‌كانی خۆكوشتن   ….  گۆران ڕه‌ئوف

ئاوازه‌كانی خۆكوشتن …. گۆران ڕه‌ئوف

Closed
by January 29, 2014 ئەدەب

 

 

 

زۆر كات بیرم له‌ خۆكوشتن كردۆته‌وه‌!

هه‌ندێ‌ جار، هه‌ندێ‌ میوزیك 

هه‌ستێكی له‌و جۆره‌م بۆ دروستده‌كات!

یان كۆتایی فیلمگه‌لێك و

ڕاڤه‌كردنی تێكسته‌ سه‌یره‌كان!

 

ده‌زانم ئه‌وكاتانه‌شی

له‌پڕ حاڵم تێكه‌ده‌چێت

شتێك خه‌یاڵه‌كانم ده‌باته‌وه‌ سه‌ر 

ڕێگایه‌كی زۆر ڕوناكی خۆكوشتن!

 

بڕێك له‌ شه‌وه‌كان،

كه‌ تێیدا نیگه‌رانم و نازانم بۆ؟!

تاریكییه‌كی پشت هیواكانم 

وه‌ك ته‌می سه‌ر شاخه‌كان

ده‌ڕژێنه‌ پێده‌شته‌كانی ته‌نیایم و

ته‌نها بۆنی خۆكوشتنیان لێدێ‌!

 

من كه‌سێكی ساده‌م،

هه‌ستناكه‌م دونیام ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆزبێت!

به‌ڵام سروشتیانه‌ ئاگام له‌ وه‌سوه‌سه‌ی 

خۆكوشتن هه‌یه‌!

 

شه‌یدا نیم به‌ژیان،

سه‌رسامی هیچ كام له‌ چیرۆكه‌كانی نیم!

غه‌مگینی من بۆئه‌وه‌یه‌

حاڵم له‌ حاڵی كه‌س ناچێت!

ئاره‌زوومه‌ ڕۆژێك له‌ پڕ ژیان بگۆڕێت!

باوه‌ڕم به‌وه‌نییه‌ وه‌ك ده‌رونناسه‌كان

هه‌وڵبه‌م بۆ باشبونی دۆخم!

من پێویستیم به‌ موعجیزه‌یه‌!

 

هاوڕێكانم مرۆ گه‌لێكی جۆراوجۆرن

هه‌ڵبه‌ت شتێكی سه‌یرم نه‌وتوه‌!

به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆمن باش نییه‌ و

به‌رده‌وام بیری خۆكوشتنم ده‌خه‌نه‌وه‌!

 

ژیان باش ده‌ڕوات!

خه‌ڵكی سه‌رقاڵ نین به‌خۆیانه‌وه‌!

بیر له‌ودیوی قه‌ده‌ره‌كانی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌!

هه‌میشه‌ جه‌نجاڵییه‌كی جوانیان تێدایه‌ و

من نیمه‌!

هه‌سته‌كه‌م هه‌ر ئه‌و جه‌نجاڵییه‌ یه‌ 

ده‌مباته‌وه‌ بۆ ژوری خۆكوشتن!

 

دراوسێكانم نامناسن،

وابزانم ئه‌مه‌ش هه‌واڵێكی سه‌یرنییه‌!

هه‌ڵبه‌ت من خه‌ریك نیم 

به‌نوسینه‌وه‌ی شته‌ سه‌یره‌كان!

ئه‌وان ته‌نها ده‌زانن له‌ گه‌ڕه‌گه‌ماندا

كه‌سێك هه‌یه‌ ڕۆژانه‌ دوجار ده‌بینرێت..

جارێك كاتێ ئێواره‌ دێت، ئه‌و ده‌ڕوا!

جارێكی تریش له‌ نیوه‌ی شه‌واندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌!

ئه‌مه‌ بۆئه‌وان مایه‌ی گومانه‌..

پرسیاری گه‌وره‌ گه‌وره‌ش له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن!

 

 

ڕۆژگارێكه‌،

یان باشتره‌ بڵێم له‌ ڕۆژگارێكداین..

هه‌رئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤین زۆر كێشه‌یه‌!

ئێستای مرۆڤبون، 

هه‌نوكه‌یه‌كی ئاڵۆزه‌ بۆ دروستبونی 

وێنا سه‌یره‌كانی مرۆڤی نوێ‌!

سه‌یرنییه‌ گه‌ر بڵێم سه‌رده‌می 

ئاڕاسته‌كردنی یه‌ك گولله‌یه‌ 

بۆ قوڵاییه‌كانی ناو ده‌م!

 

هه‌میشه‌ توڕه‌م له‌و ڕستانه‌ی 

له‌مه‌ڕ (ڕق)ی ئینسانه‌وه‌ ده‌وترێن..

ئه‌و دێڕانه‌م مه‌به‌سته‌: 

كه‌ (مرۆڤی گه‌وره‌ دوره‌ له‌ ڕقه‌وه‌!)…

به‌ڵام گه‌ر بونی (ڕق) له‌مندا هۆكاربێت بۆ بچوكیم 

ئه‌وا هه‌ر قبوڵمه‌..

من ناتوانم ڕقی خۆم بشارمه‌وه‌ 

له‌به‌رانبه‌ر كه‌پیتالیزمدا!

ناتوانم ڕقم له‌ مامۆستا گێژه‌ڵه‌كانی 

سه‌رده‌می خوێندن نه‌بێت!

ناتوانم ڕقم له‌و خزمه‌ سه‌قه‌تانه‌م نه‌بێت 

كه‌به‌س ده‌توانن پێبكه‌نن!

ناتوانم ڕقم له‌و كیژانه‌ نه‌بێت،

كه‌ ده‌رگای خه‌یاڵه‌كانیان بۆ ئه‌به‌د داخراوه‌!

ڕقم له‌و شارانه‌ نه‌بێت 

كه‌ مرۆڤه‌كانی به‌رده‌وام له‌ناویه‌كدا ده‌خولێنه‌وه‌!

باوه‌ڕموایه‌ بونی ڕق له‌ مرۆڤدا 

خه‌سڵه‌تێكی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤبونه‌!

 

پێشنیارم بۆ ئه‌و هاوڕێیانه‌ی

ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گرن،

كه‌ باس له‌ دنیایه‌كی زۆر ڕه‌ش ده‌كه‌م و

هاوكات خۆشم به‌شێكم له‌ مرۆڤی نوێ‌!

كێشه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ تێناگه‌ن كه‌من ناژیم!

تێناگه‌ن جیاوازی من و ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌..

به‌واتاكانی ژیان من نه‌ژیاوم و

ئه‌وان به‌رده‌وام له‌ پرۆسه‌یه‌كدان ناوی ژیانه‌!

دیوێكی تر جیاوازییه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌..

من به‌هیوانیم، ڕۆژێك بژیم و ئیدی له‌ بۆڵه‌ بۆڵ بكه‌وم،

به‌ڵام ئه‌وان واتێده‌گه‌ن…

من له‌ بێهوده‌ییه‌كی ئه‌به‌دییه‌وه‌ ده‌بۆڵێنم!

 

ئه‌و سه‌ركردانه‌ی 

له‌باره‌ی مژده‌ی به‌هه‌شتییانه‌وه‌ ده‌په‌یڤن

من پڕ به‌دڵ خۆشمده‌وێن!

ئه‌و مرۆڤانه‌ی 

دڵیان به‌ مژده‌ به‌هه‌شتییه‌كانی سه‌ركرده‌كان خۆشه‌!

من له‌ناخی دڵمه‌وه‌ عاشقیانم!

دژایه‌تی من بۆ مرۆڤبون له‌وێوه‌ دروستبووه‌

خۆفریودانێكی قوڵ ده‌بینم له‌ سه‌یمای شاعیره‌كاندا!

ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌ڵێم له‌ كه‌پتی سێكسیدا بونه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستڤانی گه‌ل!

ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌ڵێم له‌ هه‌مو جێیه‌كدان و 

له‌هه‌مو جه‌نجاڵییه‌كانی ژیاندان! 

ته‌نیا له‌ نێو خودی خۆیاندا نین!

 

گه‌ر باوه‌ڕ به‌و لۆژیكه‌ی خۆم بهێنم

” كه‌ زه‌وی جێگه‌ی شیكارێكی لۆژیكی نییه‌”!

ئه‌وا پێویسته‌ بڵێم:

له‌ هۆكاری تێكچونی ژیان بگه‌ڕێن و

به‌دوای شیكاریشدا مه‌گه‌ڕێن..

بۆ بنه‌ڕبڕكردنی گه‌وادییه‌كانی ژیان 

پێویستیمان به‌ خۆكوشتنی جه‌ماعی هه‌یه‌!

 

 

ئه‌م شیعره‌ له‌ ژماره‌ (3)ی گۆڤاری (نوێ‌) بڵاوبۆته‌وه‌

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.