ئایینى کوردى و ئەدەبى کلاسیک … ژارگۆن 24
بە شێوەیەکى گشتى لە بارەى مێژوویى ئەدەبى نووسراوى کوردى دەتوانین بڵێین لە بەر ئەوەى کتێبى ئایینى زەردەشتییەکان (ئاڤێستا) بەر لە هاتنى ئیسلام و کتێبى ئایینى یارسانەکان (سەرەنجام) لە دواى ئیسلام بوونى کورد، هەمیشە دەست و پەنجەیان لەگەڵ شیعر نەرم بووە، بۆیە دەشێ سەرەتاى ئەدەبى نووسراوى کوردى بە ئایینى کوردییەوە گرێ بدەین، بەو مانایەش بە درێژایى مێژوو لە نێو کلتورى کوردیدا ئایین ئەرزشێکی زۆرى بە شیعر داوە، کەچى لە نێو کلتورى عەرەبیدا ئایینى ئیسلام لە ناخەوە شیعر رەتدەکاتەوە! دەشێ پارێزگاریکردنی ئایینى کوردى لە شیعر، جۆرێک بێ لە خۆ گونجاندن لەگەڵ مەعریفەى ئەدەبى زارەکى، بەڵام پارێزگاریکردنی ئایینى ئیسلام لە زمانى عەرەبى پارێزگاریکردن نییە، لە شیعر وەک نموونەیەکی ئەو زمانەى کە قورئانی پێهاتۆتە خوارەوە، بەڵکو جۆرێکە لە پاراستنی خودى زمانی قورئان! یەکەمیان راستەوخۆ چەمکى لاسایکردنەوەمان بیر دەخاتەوە، بەڵام دووەمیان لەسەر تەجاوزکردنى مەعریفەى پێش قورئان وەستاوە، چونکە ئایینى ئیسلام پارێزگارى لە شیعرى (پێش ئیسلام) نەکردووە! بە دیوەکەى دیکە ئەگەرچى ئایینى کوردى لەگەڵ ئەدەبى زارەکى کوردى گونجاو بێتە بەرچاو، بەڵام مەعریفە و هێزى ئەو ئایینە، تەنها لە چوارچێوەى دیالێکتێکى دیاریکراودا ماوەتەوە و نەیتوانیوە تەجاوزى دیالێکتەکانى دیکە بکات و زمانى خۆى وەک زمانێکى یەکگرتوو بسەپێنێ؟!
لێرەدا قسە لە ئیشکالیەتى نێوان شیعر و ئایین ناکەم، بەڵام هەمیشە شیعر لەسەر کرانەوەى دنیا گەشە دەکات، بەڵام ئایین راستییەکان لە خۆیدا کورت دەکاتەوە. کەواتە ئەوە خاڵى لاوازى نێوان (شیعر و ئایین)ى کوردییە، کەوا لە مێژوونووسێکى وەک دکتۆر مارف خەزنەدار دەکات، مێژووى ئەدەبى کوردى پارچە پارچە بکات و بە پێى دیالێکتەکان بیخەمڵێنێت، ئەوە خاڵى لاوازى نێوان (شیعر و ئایین)ى کوردییە، کە نەیتوانیوە زمانى پارچە پارچەکراوى کوردى رێک بخاتەوە، ئەوە خاڵى لاوازى نێوان (شیعر و ئایین)ى کوردییە، کە هیچ شاعیرێکى کلاسیک، لە نێو زمانى (ئاڤێستا) یان (سەرەنجام) نادۆزیتەوە، کە لە شێوەی تەعبیAرکردندا لە لوتکە دابێت و زمانێکى تایبەتى بە خۆى داهێنابێت! بەڵام ئایینى ئیسلام، توانى تەواوى شێوە زارەکانى زمانى عەرەبى لە زمانى قورئاندا یەک بخاتەوە.
خوێندنەوەى من بۆ مێژووى ئەدەبى کلاسیزمى کوردى پەیوەندى بەوەوە نییە، بۆرەکەیى (بۆرابۆژ 330 پ.ز) یان (زەردەشت 660-583 پ.ز) بە یەکەمین شاعیرى کوردى دیارى دەکات.. دکتۆر مارف خەزنەدار بابا تاهیرى هەمەدانى (937ز-1010ز).. هتد. بەڵکو پەیوەندى بە دەرئەنجامى شیعریى و ئەو خەسڵەت و بیروڕایانەوە هەیە، کە وەک بنەماى ئەدەبى کلاسیزمى کوردى تەماشا دەکرێن، هەوڵدەدەم هەموو ئەوانەش لە دوو سەرچاوەدا کورت بکەمەوە! لەوێشەوە دەمەوێ کلاسیزمى کوردى لە چۆنێتى تەعبیرکردن و بۆچوونى بۆ دنیا و بەهاى شیعرى راست بکەمەوە، بەو مانایەى کە ئەدەبى کلاسیک کۆمەڵێک خەسڵەتە، شیعرێکى پآ وەسف دەکرێت. ئەو شێوەیەش لە قسەکردن هەرگیز پەیوەندى بە راستى و ناڕاستى ئەو بیروباوەڕانەوە نییە، کە مێژوونووسانى کۆن و نوێ لە بارەى مێژووى ئەدەبى نووسراوى کوردى جەختى لێدەکەنەوە، بە قەد ئەوەى پەیوەندى بە دیاریکردنى دەستەواژەى (راستەوخۆ) هەیە، کە لە لاسایى کردنەوەى (فیکرى رەسەنى کوردى)ەوە دێتە بەرهەم و دەستەواژەى (ناڕاستەوخۆ) کە لە رێگاى تەجاوزکردنەوە (فیکرى گەشە کرد و بەربڵاوى کوردى) لێ دێتە ئاراوە؟! بنەماکانى ئەو دوو سەرچاوەیەش بە شێوەیەکى گشتى زێتر بەلاى بیروڕاکەى (سەدیق بۆرەکەیى) و دکتۆر (عیزەدین مستەفا رەسول)دا دەڕوا، وەک چۆن بە بایەخەوە دیاریکردنى شێوە زارى (گۆران- هەورامى) وەک کۆنترین شیعرى سەدەکانى ناوەڕاست لە لایەن مارف خەزنەدارەوە هەڵدەسەنگێنێ، بەو مانایەش دەمەوێ بڵێم ئەو دوو سەرچاوەیەى کە من دەمەوێ قسەیان لە بارەوە بکەم، یەکێکیان لە رێگاى پەیڕەوکردنى کێشى خۆماڵى (پەنجە، کەرت، بڕگە، سیلاب- هیجایى) راستەوخۆ بەرەو (ئەدەبى زارەکى) کوردى و بیروباوەڕى (ئایینى میترایى و زەردەشتى و یارسان و یەزیدى) و لەوێشەوە بەرەو شێوەیەک لە (رەوانى) کێشمان دەکات، هەموومان دەزانین بەشێکى زۆرى چەمکى (رەوانى) پەیوەندى بە بیرکردنەوەى باو و رێکخستن و رێککەوتنى گشتى و (هەستى ناسیونالى) و رەسەنایەتییەوە هەیە! بەڵام دووەمیان لە رێگاى گەشە و بەربڵاوى و بەرەوپێشچوونەوە، بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ لە ئەدەبى زارەکییەوە دوور دەکەوێتەوە و بەرەو شارستانیەتى خۆرهەڵات و بیروباوەڕى ئەویدیکە و هەژموونى ئیسلامیمان دەکاتەوە و لەوێشەوە (سەرسامى) بەرهەم دەهێنێ، هەڵبەتە بەشێکى زۆرى سەرسامى، بە گۆڕان و بیرکردنەوەى جیاواز و (چێژى جوانییەوە) بەندە.